
له نێوان ستایلی شیعریی وئه‌زموونی شیعرییدا.. سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی
له باره‌ی ئه‌زموونی سه‌باح ڕه‌نجده‌ره‌وه
سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی
هه‌موو شوناسێك و هه‌موو نه‌وه‌یه‌كی شیعری، به‌رمه‌بنای قۆناغێكی دیاریكراوی ژیاری و ئه‌ده‌بی و كۆمه‌ڵایه‌تی و شیعرییه، نه‌ك مێژوو بیۆگرافیای كه‌سی نه‌وه‌كه. به‌و مانایه‌ی ئه‌و شوناسه ئه‌ده‌بییه له په‌راوێزی ئه‌زموونه شیعرییه‌كه‌وه ده‌ناسرێته‌وه و مانایه‌كی شیعری ده‌گه‌یه‌نێت. بێگومان هیچ ئه‌زموونێكی شیعریش نییه، به‌رمه‌بنای چركه‌ساتێكی دیاریكراو بێت. ئه‌زموون له هه‌ر بوارێكه‌وه بێت، ده‌ره‌نجامی كه‌َله‌كه‌بوونێكی زۆر و كاركردنێكی به‌رده‌وامه له پانتایی ده‌قدا. ئه‌زموونی شیعری، ده‌ره‌نجامی كاركردنێكی به‌رده‌وامه له نێو فه‌زای شیعردا، تاكو دواجار شاعیرێك ماكه‌كانی ئه‌و ئه‌زموونه بونیاد ده‌نێت. ئه‌گه‌ر سه‌رنج له ئه‌زموونی شیعری شاعیران بده‌ین، ده‌بینین هیچ كام له‌م شاعیرانه، شوناسه شیعریه‌كانییان به‌رهه‌می زه‌مه‌نێكی دیاریكراو نییه، به‌ڵكو ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌زموون و قۆناغێكی درێژكراوه‌ی شیعرییه. ئه‌زموونی شێركۆ بێكه‌س له تریفه‌ی هه‌ڵبه‌ستدا، وه‌ك خاچ و مار نییه.
ئه‌زموونی گۆران له سه‌ره‌تاكانی شیعریدا، وه‌ك ئه‌و قۆناغه نییه كه چه‌ند ساڵێك به‌ر له مردنی شیعری تێدا نووسیوه. بۆیه هیچ نه‌وه‌یه‌ك ناتوانێت له چركه‌ساتێكی دیاریكراودا، ئه‌زموونێك بخوڵقێنێت ئه‌گه‌ر ئه‌و په‌ڕی توانا و داهێنانی خۆشی بخاته گه‌ڕ. چونكه ئه‌زموون، چه‌مكێكه خۆی له خۆیدا پێناسه و شوناسی دیاره، كه به مانای تاقیكردنه‌وه و كاركردنی به‌رده‌وام دێت. ئه‌زموونی شیعری، به‌شێكه له كۆی ئه‌و ڕه‌گه‌زه هونه‌رییانه‌ی بونیادی ده‌قی شیعری شاعیرێك له‌سه‌ر ئاستی زمان و دنیابینی و گوتار‌و فۆڕمه‌وه پێكدێنێت. هیچ ئه‌زموونێكی شیعری جیاواز ناكه‌وێته‌وه، ئه‌گه‌ر به كۆی بنه‌ما هونه‌رییه‌كانه‌وه له ئاستی ئه‌زموونێكی دیكه‌دا جیاواز نه‌كه‌وێته‌وه. به ته‌نها زمان و دنیابینی، ناوه‌ڕۆك و گوتاری شیعری، ئاماژه‌یه‌ك نین بۆ جیاواز كه‌وتنه‌وه، به‌ڵكو فۆڕم و ستایلی نووسینی شیعریش، به‌شێكی سه‌ره‌كی جیاكردنه‌وه‌ی ده‌قن، كه له په‌راوێزییه‌وه ده‌بنه خاسیه‌تێكی جیاكه‌ره‌وه‌ی هونه‌ری بۆ ناسینه‌وه‌ی شیعری شاعیرێك. بۆیه جیاواز كه‌وتنه‌وه و ئه‌زموونی جیاوازی شیعری، به‌ره‌نجامی یه‌ك ڕه‌گه‌زی شیعری نییه، به‌ڵكو كۆی ڕه‌گه‌زه‌كان به سه‌ر یه‌كه‌وه، ده‌لاله‌ت له‌و ئه‌زموونه ده‌كه‌ن.
به گشتی له ئه‌زموونی شیعری كوردیدا، هاونزیكییه‌كی زۆر له سه‌ر ئاستی فۆڕم و دنیابینی شاعیران به‌دی ده‌كرێت، تا ئه‌و ئاسته‌ی ئه‌زموون و شوناسه شیعرییه‌كه‌یان، به ئه‌ندازه‌یه‌ك هارمۆنی ده‌بێت، ناسینه‌وه‌یان ئه‌سته‌م ده‌بێت. ته‌نانه‌ت زۆر جار وا هه‌ست ده‌كه‌ین شیعری شاعیرێكه به ته‌نها. بۆ نموونه:
له ئه‌زموونی سالم ونالیدا، هه‌ندێك ده‌ق و غه‌زه‌لی شیعری هه‌ن، به جۆرێك له یه‌كتری ده‌چن، كه خوێنه‌ر وا هه‌ست ده‌كات، هه‌موویان شیعری شاعیرێكن، ئه‌مه له شیعری كلاسیك و له ئه‌زموونی شیعری شاعیرانی كلاسیك‌دا باوه. دنیابینی شاعیرانی نیوه‌ی دووه‌می هه‌فتاكان، واتا قۆناغی دوای هه‌ڕه‌سی شۆڕش، به جۆرێك هاوشێوه‌یه، كه هه‌ندێك جار بچووكترین ڕایه‌ڵه‌ی جیاواز كه‌وتنه‌وه‌ی شیعری له نێوانیاندا نه‌مێنێت. بۆیه ناتوانین له‌و قۆناغه‌دا، به دیاریكراوی شوناسێكی تایبه‌تی و ئه‌زموونێكی شیعری تایبه‌ت ببینین و بیناسینه‌وه. ڕه‌نگه شاعیرانێك ( بۆ نموونه وه‌ك له‌تیف هه‌ڵمه‌ت) بانگه‌شه‌ی ئه‌وه بكه‌ن، كه ئه‌وان ئه‌زموونی جیاوازی نیوه‌ی دووه‌می هه‌فتاكانی شیعرین، به‌ڵام كاتێ له سه‌ر ده‌قه‌كانی ئه‌و شاعیره له‌و قۆناغه ودواتریش ده‌وه‌ستین، هه‌ست به جیاوازییه‌كی ئه‌وتۆ ناكه‌ین له‌گه‌ڵ گوتاری شیعری سه‌رده‌مه‌كه‌ی خۆی به گشتی. چونكه هه‌موو ئه‌زموونێكی نوێی شیعری، بێگومان له به‌ر كه‌وتن دا ئه‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌زموونی باودا. ئه‌مه له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی دیكه‌وه، ئه‌زموونێكی شیعری نوێ نییه به ناوی نوێ، ئه‌گه‌ر زمان و فۆڕم و دنیابینی نوێی شیعری بوونی نه‌بێت. چونكه ئه‌وه‌ی دواجار ئه‌زموونه نوێیه‌كه بونیاد ده‌نێت ئه‌و ڕه‌گه‌زانه‌ن. شیعر ناتوانێت جیاواز بكه‌وێته‌وه، ئه‌گه‌ر ڕه‌گه‌زه هونه‌رییه‌كانی جیاواز نه‌بن. بۆچی به (گۆران) ده‌گوترێت داهێنه‌ر و نوێكه‌ره‌وه‌ی شیعری كوردی؟ چونكه زمان و فۆڕمێكی جیاوازی له ئه‌زموونی شیعری كلاسیك هێنا ئاراوه. بۆیه هیچ ئه‌زموونێكی جیاواز بوونی نییه، ئه‌گه‌ر شاعیری جیاواز و دنیابینی جیاواز بوونی نه‌بێت.
بێگومان ده‌شێ شاعیرێك له كۆی ئه‌زموونی شیعری خۆیدا، به ستایلی جیاواز شیعر بنووسێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی دواجار ناگۆڕدرێت، كۆی ئه‌زموونه شیعریه‌كه‌یه. چونكه ستایلی شیعری، به‌شێكه له كۆی ئه‌زموونه شیعرییه‌كه، ئه‌وه‌ی شوناسی ناسینه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌زموونه‌ش پێك ده‌هێنێت، له ڕاستیدا كۆی ئه‌زموونه‌كه‌یه به سه‌ر یه‌كه‌وه، وه‌ك یه‌كه‌یه‌كی گرێدراوی بابه‌تی و شیعری. لێره‌وه‌ش ئه‌زموونی شاعیرێك جیا ده‌كرێته‌وه له ئه‌زموونی شاعیرێكی دیكه. به بڕوای من له شیعری كوردیدا، ستایل و ئه‌زموون به ئه‌ندازه‌یه‌ك هارمۆنی بوون، كه جیاكردنه‌وه‌یان ئه‌سته‌مه. بۆیه كاتێ شاعیرێك به ستایلێكی جیاواز ده‌نووسێت، ئه‌زموونه شیعرییه‌كه‌شی ده‌گۆڕدرێت. ئه‌م گۆڕانه له گوتار و دنیابینی، گه‌لێك جار هه‌ستێك لای خوێنه‌ری دروست ده‌كات، كه وا بزانێت له به‌رده‌م ئه‌زموونێكی دیكه‌ی شاعیر دایه. لێره‌وه ده‌كرێ نموونه‌یه‌كی به‌رجه‌سته بێنینه‌وه. به درێژایی ئه‌زموونی شێركۆ بێكه‌س، له ڕووبه‌ری شیعری ئه‌و شاعیره‌دا، ڕوحێكی نه‌ته‌وه‌ییانه و به‌رگریكارانه و شۆڕشگێڕییانه بوونی هه‌بووه، كه به‌رگری له شوناسی نه‌ته‌وه ده‌كات و مێژووی نه‌ته‌وه له شیعردا هه‌ڵده‌گرێت. گوتاری شیعری ئه‌م شاعیره، گوتاری تراژیدیا و گوازرشته له ڕوحێكی زامداری نه‌ته‌وه‌یی، كه به‌رده‌وام له‌لایه‌ن دوژمنه‌كانییه‌وه هه‌وڵی له نێوبردن و سڕینه‌وه‌ی دراوه.
بۆیه گه‌لێك جار به‌م شاعیره ده‌گوترێت، شاعیری نه‌ته‌وه و نیشتمان. ئه‌م گوتاره له شیعری ئه‌م شاعیره‌دا، ئاماده‌یه‌كی قووڵ و هه‌میشه‌یی هه‌یه. به‌ڵام كاتێ هه‌ردوو ده‌قی (كورسی و ئێستا كچێك نیشتمانه) ده‌خوێنینه‌وه، هه‌ست ده‌كه‌ین دنیابینی و ئه‌زموونی ئه‌م شاعیره، ته‌واو جیاوازه له ئه‌زموونی پێشووی. ته‌نانه‌ت له ئێستا كچێك نیشتمانه، ڕوانگه‌ی ئه‌م شاعیره له دوا ساته‌كانی ته‌مه‌نیدا بۆ نیشتمان، گۆڕانی بنه‌ڕه‌تی به سه‌ردادێت.
هه‌رخودی ناونیشانی كۆمه‌ڵه شیعره‌كه، گوزارشتێكی بنچینه‌ییه بۆ ئه‌و گۆڕانه. ده‌كرێ بڵێین لێره‌دا له به‌رده‌م ئه‌زموونی شاعیرێك داین، كه له‌گه‌ڵ ستایلی شیعری، ئه‌زموونه‌كه‌ش له ئاستی دنیابینی و گوتاردا، تا ڕاده‌ی جیاواز كه‌وتنه‌وه‌یه‌كی زۆر ده‌گۆڕێت. واتا له‌گه‌ڵ ستایله شیعرییه نوێیه‌كه، ئه‌زموونه شیعریه‌كه‌ش ده‌گۆڕێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی له به‌رده‌م دوو ئه‌زموون و دوو دنیابینی جیاوازی شیعری دابین. به‌ڵام ئه‌مه له ئه‌زموونی شیعری سه‌باح ڕه‌نجده‌ردا، وه‌ك ئه‌زموونێكی تایبه‌تی و جیاواز له ئه‌زموونی شیعری شاعیرانی تر به گشتی جیاوازه. له شیعری ئه‌م شاعیره‌دا، ستایل ده‌گۆڕێت، به‌ڵام ئه‌زموونه شیعرییه‌كه وه‌كو خۆی ده‌مێنێته‌وه.
تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی كه خوێنه‌ر به‌ریده‌كه‌وێت (به تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی كۆنتاكییان له‌گه‌ڵ شیعری ئه‌و شاعیره هه‌یه) ده‌زانێت ئه‌مه ئه‌زموونی ڕه‌نجده‌ره وه‌ك شاعیرێك. هه‌رسێ ده‌قی (گۆڕپان بێ ناونیشانی جه‌نگه‌كان) و( خاڵبه‌ندی) و(ده‌ستنووسێكی تازه دۆزراوی بابه‌تاهیری هه‌مه‌دانی) ، سێ ده‌قی تازه‌ی ئه‌و شاعیره‌ن، كه ستایلێكی جیاوازه له ئه‌زموونی شیعری ئه‌ودا. به تایبه‌تیش ده‌قی خاڵبه‌ندی، كه ئه‌وه‌نده‌ی ئاگاییم له باره‌ی مێژووی شیعری كوردییه‌وه هه‌بێت، یه‌كه‌م شیعره له باره‌ی خاڵبه‌ندییه‌وه ده‌نووسرێت. كه تیایدا شاعیر، خاڵبه‌ندی وه‌ك ڕێسایه‌كی زمانه‌وانی و ڕێزمانی، ده‌كاته تیمه‌یه‌كی شیعریی.
به‌ڵام پێویسته لێره‌دا ئه‌وه بگوترێت، خاڵبه‌ندی له پاڵ مانای زمانه‌وانی خۆی، ڕه‌هه‌ندێكی دیكه‌ی واتاییشی هه‌یه، كه به‌شێكه له مانای شیعری. به‌و ده‌ربڕینه‌ی كاتێ شاعیر باسی (یه‌ك خاڵ و دووخاڵ و سێ خاڵ) ده‌كات، ئه‌مانه هه‌ر ته‌نها ئاماژه‌یه‌ك نین بۆ ناسینه‌وه‌ی ڕێسای ڕێزمانی، به‌ڵكو ده‌لاله‌تی دیكه‌شیان هه‌یه.
یه‌ك خاڵ ئاماژه‌یه‌كه بۆ ئه‌وه‌ی كه وشه هه‌یه له زمانی كوردیدا، یه‌ك خاڵی هه‌یه. وه‌ك:( خاڵ/ خاك) (خه‌و/ خه‌م) (خۆر/خوێ) وشه هه‌یه دووخاڵی هه‌یه وه‌ك:( شیرین/تاڵ) (گریان/ پێكه‌نین) وشه‌ش هه‌یه سێ خاڵی هه‌یه وه‌ك:_( دژوار، ڤاڵا، تۆپ، شه‌و) بێگومان نموونه‌ی دیكه‌ی له‌و شێوه‌یه‌ش زۆرن. ئه‌گه‌ر سه‌رنج له‌م وشانه بده‌ین، ده‌بینین له پاڵ ئه‌وه‌ی خاڵ نیشانه‌یه‌كه بۆ ناسینه‌وه و لێك جیاكردنه‌وه‌ی وشه‌كان له ڕووی ڕێزمانییه‌وه، هاوكات ئاماژه‌یه‌كیشه بۆ گۆڕینی واتای بنه‌ڕه‌تی وشه، به ئاراسته‌ی مانای جیاواز. به‌و ده‌ربڕینه‌ی یه‌ك خاڵ ده‌توانێت، كۆی واتای وشه‌یه‌ك بگۆڕێت و به گۆڕینی واتاش مانا ده‌گۆڕێت. له شیعری ده‌ستنووسێكی تازه دۆزاره‌وه‌ی بابه‌تاهیردا، كه له شێوه‌ی چوارینه نووسراوه، تۆپۆگرافیای ده‌ق له شێوه‌یه‌كی ستوونییه‌وه ده‌بێته ئاسۆیی. واتا ئه‌م شیعره پێچه‌وانه‌ی شیعره‌كانی دیكه‌ی ڕه‌نجده‌ر، ڕووبه‌ری ده‌ق ئاسۆیی و به ئاراسته‌ی هاو سه‌روا و هاوسه‌نگی وشه‌یه.
ئه‌م شیعره، ئه‌گه‌رچی هاوشێوه‌ی ده‌قێكی چوارینه‌یه، به‌ڵام كاتێ به وردی سه‌رنج له ده‌قه‌كه ده‌ده‌ین، ده‌بینین گوتاری شیعره‌كه به ئاراسته‌ی شیعری ئازاده، نه‌ك فۆڕمی جێگیری چوارینه وه‌ك ئه‌وه‌ی له شیعری كلاسیك‌دا ده‌بینرێت. ئه‌مه له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی دیكه‌وه، له ئاستی زمان، وشه و ده‌ربڕین، هه‌مان زمان و گوتاری ئه‌و ئه‌زموونه‌یه كه شیعری ڕه‌نجده‌ری پێ ده‌ناسرێته‌وه. ئه‌م سێ ستایله جیاوازه له شیعردا، له فۆڕمێكی جێگیردا یه‌كده‌گرنه‌وه. به بڕوای من، له‌هه‌شتاكانه‌وه تاكو ئێستا، ئه‌زموونی هیچ شاعیرێك وه‌ك ئه‌زموونی سه‌باح ڕه‌نجده‌ر، له ڕێگه‌ی فۆڕم و زمانی شیعرییه‌وه ناناسرێته‌وه. بگره كاتێ كه‌سانێك هه‌وڵی نووسین به‌و فۆڕم و گوتاره ده‌ده‌ن وه‌ك (ژیار ئه‌سوه‌د و سروشت نه‌وزاد) ، ئیدی خوێنه‌ر به ئاسانی كاریگه‌ریه‌تی ئه‌زموونی سه‌باح ڕه‌نجده‌ر، به سه‌ر ئه‌زموونی شیعری ئه‌وانیتر ده‌ناسێته‌وه. به‌ڵام لێره‌دا، ده‌بێ ئه‌و ڕاستییه بزانین، هیچ ده‌قێك نابێته ده‌قێكی جیاواز و تازه، ئه‌گه‌ر سنووره‌كانی كاریگه‌ریه‌تی و هه‌ناسه‌ی شیعری شاعیرێك تێ نه‌په‌ڕێنێت. لاساییكردنه‌وه‌ی ئه‌زموونی شیعری، هه‌ر ته‌نها ئه‌وه نییه كت و مت وشه و ده‌ربڕین و په‌ڕه‌گرافی شیعری كۆپی بكه‌یته‌وه.
به‌ڵكو نووسین به‌و فۆڕم وستایله‌ش، به هه‌مان دنیابینی، جۆرێكه له‌لاساییكردنه‌وه و كاریگه‌ریه‌تی. به تایبه‌تی كاتێ شاعیرێك شوناسێكی جیاواز و تایبه‌تی به ئه‌زموونی شیعری خۆی ده‌دات، ئیدی ناسینه‌وه‌ی ئه‌و شوناسه له نێو شوناسی باوی شیعردا، پرۆسه‌یه‌كی ئاسانه. لێره‌وه‌ش بۆ من وه‌ك خوێنه‌رێك، زۆر به ئاسانی شوناسی شیعری سه‌باح ڕه‌نجده‌ر و هه‌موو ئه‌و ده‌نگه نوێیانه‌ش ده‌ناسمه‌وه، كه لاسایی ئه‌و شاعیره ده‌كه‌نه‌وه، یاخود هه‌وڵده‌ده‌ن وه‌ك ئه‌و بنووسن. چونكه وه‌ك ئاماژه‌مان پێكرد، زمان و دنیابینی و فۆڕمی شیعری سه‌باح ڕه‌نجده‌ر، تایبه‌ت و جیاوازه. ناسینه‌وه‌ی ستایلی شیعری، ده‌كرێ بچیوێنین به ناسینه‌وه‌ی گۆرانی له ڕێگه‌ی ده‌نگه‌وه. بۆ نموونه: ده‌نگی (سه‌ید عه‌لی ئه‌سغه‌ڕی) له مێژووی هونه‌ری كوردیدا تایبه‌ته. له هه‌ر شوێنێك گوێبیستی ئه‌و ده‌نگه بین، ده‌زانین ئه‌وه ده‌نگی ئه‌سغه‌ڕییه. ته‌نانه‌ت ئێستا یه‌كێك له نه‌وه‌كانی ده‌نگێكی هه‌یه، نزیك له ده‌نگی ئه‌و. كاتێ حه‌سه‌ن حه‌یران، حه‌یران ده‌ڵێت، ناسینه‌وه‌ی ده‌نگی ئه‌م حه‌یران بێژه، له نێو سه‌دان حه‌یران بێژی دیكه‌دا، ئاسانه. ئه‌م په‌یوه‌ندی به ستایلی تایبه‌تی خودی هونه‌رمه‌نده‌كه‌وه هه‌یه. كاتێ شاعیرێكیش شوناسێكی تایبه‌تی شیعری وه‌رده‌گرێت، ئیدی ستایله‌كانی نووسین گه‌ر جیاوازیش بن، دواجار له‌و كۆنسێپته‌دا یه‌ك ده‌گرنه‌وه، كه شوناس و ئه‌زموونه‌كه‌یه. بۆیه ئه‌م سێ ده‌قه‌ی سه‌باح ڕه‌نجده‌ر، ئه‌گه‌رچی به سێ ستایلی جیاوازی شیعرییه‌وه نووسراون، به‌ڵام دواجار، یه‌ك گوتار، یه‌ك شوناس و دنیابینییان هه‌یه، ئه‌ویش شوناسی شیعری ئه‌زموونی سه‌باح ڕه‌نجده‌ر خۆیه‌تی.
• ئه‌م بابه‌ته له هه‌فته‌نامه‌ی ڕێگای كوردستان، ژماره(1240) ی ڕۆژی 6/ 4/ 2021 بڵاوكراوه‌ته‌وه.