له به‌نده‌ری به‌رمۆداوه بۆ زمانی باڵنده‌م ده‌زانی داكشانی شیعریی لای كه‌ژاڵ ئه‌حمه‌د
سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی
ئه‌زموونی شیعریی،ئه‌زموونێكه له گۆڕاندایه. كاتێ شاعیرێكیش هیچی نوێی پێ نامێنێ بۆ وتن، یاخود ئه‌زموونه شیعرییه‌كه‌ی له جێی خۆی وه‌ستا، ئه‌وا جاری مه‌رگی خۆی ده‌دات. خولانه‌وه له بازنه‌ی شیعر‌و زمانێكی دیاریكراودا، ناتوانێت گوتارێكی دیكه‌ی شیعری جیاواز بێنێته ئاراوه. یه‌كێك له‌و ڕه‌گه‌زه شیعرییانه‌ی وایكرد نیو سه‌ده زیاتر شێركۆ بێكه‌س له نێو ئه‌زموونی نووسینی شیعردا بژیت زمانه‌كه‌یه‌تی. شێركۆ به بڕوای من هه‌ر ته‌نها شاعیرنه‌بوو، به‌ڵكو فه‌رهه‌نگێكیش بوو له زمانی تازه و وشه‌ی تازه. ئه‌گینا هاوشێوه‌ی گه‌لێك شاعیری تر، ده‌مێك بوو ده‌كه‌وته په‌راوێزی مێژووه‌وه.
كه زمانی شیعر جیاواز كه‌وته‌وه، ئه‌وا وێنه و ماناش جیاواز ده‌كه‌ونه‌وه. چونكه شیعر زمانه. كاتێ سه‌یری شیعره‌كانی(ئێستا كچێك نیشتمانه)ده‌كه‌ین، ئاخۆ به‌ر هه‌مان ئه‌و چه‌مكی نیشتمانه ده‌كه‌وین، كه بۆ ساڵانێكی دوور‌و درێژبوو لای شێركۆ بێكه‌س ڕه‌هه‌ندێكی سیاسی هه‌بوو؟ یان به‌رگوتارێكی دیكه‌ی جیاواز ده‌كه‌وین؟ ئه‌و گۆڕانكارییه به‌رمه‌بنای دنیابینییه‌كی نوێ و زمانێكی نوێی شیعرییه.زمانێك كه شیعری ئه‌و شاعیره به‌ره و ئاراسته‌یه‌كی جیاوازتر له پێشووده‌بات. كاتێ شاعیرهه‌ست ده‌كات ناتوانێت ئه‌و زمانه تێپه‌ڕێنێت، بێگومان ئه‌و كات به‌ر ئه‌زموونێكی جیاوازتر‌و نوێترناكه‌وین.
له‌و ڕوانگه‌یه‌وه، كاتێ سه‌رنج له زمانی شیعری كه‌ژاڵ ئه‌حمه‌د له كۆمه‌ڵه شیعری (زمانی باڵنده‌م ده‌زانی) ده‌ده‌ین، هه‌ست ده‌كه‌ین نه‌ك هه‌ر به‌رزمانێكی تازه‌ی شیعری ناكه‌وین، به‌ڵكو د‌رك به داكشانێكی گه‌وره‌ی شیعریش ده‌كه‌ین لای ئه‌و خاتوونه شاعیره.شیعره‌كانی ئه‌و دیوانه، ئه‌گه‌ر به‌راورد بكه‌ین به(به‌نده‌ری به‌رمۆدا) باشتر ئه‌و جیاوازییه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت.كۆمه‌ڵه شیعری(زمانی باڵنده‌م ده‌زانی) نوێترین و دواترین كۆمه‌ڵه شیعری كه‌ژاڵ ئه‌حمه‌ده.ئه‌گه‌ر به وردی سه‌رنج له‌و شیعرانه بده‌ین،ده‌بینین تا ڕاده‌یه‌كی زۆر جۆرێك له ساده‌بوونه‌وه و پاشه‌كشه‌ی شیعریی، به ئه‌زموونی ئه‌و خاتوونه‌وه دیاره. به تایبه‌تیش ئه‌وانه‌ی له ماوه‌ی ده ساڵی جێهێشتنی نیشتمان له نێوان ساڵانی 2008 بۆ 2018 نووسیونی.له نێوان به‌نده‌ری به‌رمۆدا، كه یه‌كه‌م كۆمه‌ڵه شیعری ئه‌وه و بیست ساڵ له‌مه‌و به‌ر چاپكراوه، له‌گه‌ڵ زمانی باڵنده‌م ده‌زانی كه نوێترین شیعره‌كانی ئه‌ون، جیاوازییه‌كی گه‌وره له ڕووی زمان و دنیابینی و گوتاری شیعره‌كانه‌وه هه‌یه. ئه‌و شیعرانه‌ی له به‌نده‌ری به‌رمۆدا هه‌ن، له ئاستی وێنه‌ی شیعری، چێژ‌و شیعرییه‌ت، زۆر له شیعره‌كانی ئێستای جوانتر‌و سه‌رنج ڕاكێشترن، ئه‌گه‌ر چی دوو ده‌یه‌ش به سه‌ر نووسینیاندا تێپه‌ڕیوه.
ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌رده‌خات كه داكشانێكی گه‌وره‌ی شیعری لای ئه‌و شاعیره هاتۆته ئاراوه و ئه‌سته‌مه به‌و شیعره سادانه،جارێكی تر بتوانێت سنووری به‌رمۆدا ببه‌زێنێته‌وه. له ڕاستیدا، بیست ساڵ زه‌مه‌نێكی كه‌م نییه بۆ نوێبوونه‌وه و گۆڕانكاری له ئه‌زموونی شیعری شاعیرێكدا.ته‌نانه‌ت ئه‌و گۆڕانكارییه ده‌بێ به جۆرێك بێت، خوێنه‌ر هه‌ست به دیدگای نوێتر‌و شیعری جوانتر‌و هونه‌ریتر بكات، نه‌ك به ئه‌زموونێكی شیعری ساده‌وه، جارێكی تر هه‌وڵبده‌ی خۆت بناسێنیته‌وه.له به‌نده‌ری به‌رمۆدا دا، ئێمه ده‌نگی ژنه شاعیرێكی یاخی، تووڕه، هاتییه‌وه به گژهه‌موو جۆره بیر كردنه‌وه و ترادیسیۆنێكی كۆمه‌ڵایه‌تی دواكه‌وتوو ده‌بینین. له‌و شیعرانه‌دا، به‌رده‌نگی ژنێك ده‌كه‌وین كه نه‌ك هه‌ر ژنبوونی به‌لاوه شووڕه‌یی نییه، به‌ڵكو شانازییه‌كی گه‌وره‌ش به ناسنامه‌كه‌یه‌وه ده‌كات.ده‌نگێك كه زایه‌ڵه‌كه‌ی هه‌موو دنیا ده‌گرێته‌وه. ده‌نگێك تا ئه‌و په‌ڕی سنوور، شه‌ڕی ناسنامه،ژن‌بوون،بوون و ژیان ده‌كات، به بێ ئه‌وه‌ی سڵ له هیچ شتێك بكاته‌وه. له به‌نده‌ری به‌رمۆدا، كه‌ژاڵ ئه‌حمه‌د له شیعرێكدا ده‌ڵێت:_
ئاواتی من گه‌وره‌تره له وه‌ی به ته‌نیا ئافره‌ت بم.
خه‌ونه‌كانم باڵاترن.
له وسنوورو نه‌ریتانه‌ی.
له‌م دنیادا بۆم دانراون..
(به‌نده‌ری به‌رمۆدا ڵا12)
ئێمه لێره‌دا، له به‌رده‌م ناسنامه‌ی ژنێكین، كه یاخی و تووڕه، به گژ هه‌موو ترادیسیۆنێكی دواكه‌وتوو دادێته‌وه. ئه‌و شاعیره سنووره باوه‌كان ده‌بڕێت خه‌ونی مه‌زن و گه‌وره‌ی هه‌یه. خه‌ونێك كه نه‌ك هه‌ر له‌م دنیایه‌دا جێگه‌ی نابێته‌وه، به‌ڵكو به دوای دنیایێكی دیكه‌شدا ده‌گه‌ڕێت.له‌و كۆپڵه شیعرییه‌دا، ناسنامه‌ی ژنێك ده‌بینین، كه مرۆڤبوونی له پێشه‌وه‌ی ژنبوونیه‌تی.ئه‌م شاعیره داكۆكی له ناسنامه‌ی خۆی ده‌كات و ده‌یه‌وێت ئه‌و بڕوایه لای هه‌مووان دروست بكات كه ئه‌و به‌ر له ژنبوونی مرۆڤه.ئاواته‌كانی ئه‌و، خه‌ون و خۆزگه‌كانی گه‌وره‌ترن له هه‌موو ئه‌و خه‌ونه ڕۆمانسییانه‌ی كه ژنان هه‌یانه. به تووندی به‌گژ ئه‌و نه‌ریتانه دێته‌وه كه ڕه‌نگڕێژی ژیانی ژن ده‌كه‌ن و بوونه‌ته به‌شێك له كولتووری میللییانه‌ی كۆمه‌لگا. ده‌نگی ئه‌و شاعیره له‌و شیعره‌یدا، ده‌نگی مرۆڤێكی یاخی وڕامنه‌كراوه، ده‌نگێكه كه ئاراسته‌ی هه‌مووان ده‌كرێت به‌وه‌ی كه ژن ته‌نها وه‌ك كاڵایه‌ك له خزمه‌تی پیاو نه‌بینن،كه‌ژاڵ ده‌یه‌وێت ئه‌و دیدگایه تێكبشكێنێت، كه ژن له شه‌ڕه‌فدا ده‌بینێت و شه‌ڕه‌فیش له دڵۆپه خوێنێكی ژن، بۆیه ئه‌و نه‌ك هه‌ر دژی ئه‌و ڕوانینه‌یه، بگره ڕه‌تیشی ده‌كاته‌وه، گه‌مه به ئه‌قڵی ئه‌وانه‌ش ده‌كات كه ژن وه‌ك هێمای شه‌ڕه‌ف ده‌بینن.بۆیه بیست ساڵ له مه‌وبه‌ر ده‌ڵێت:_
ئه‌وه‌تانێ كابرایه‌كی ڕۆژهه‌ڵاتی..
له‌سه‌ر كورسی حه‌یاو ئابڕوم دانیشتووه..
قاچی خستۆته سه‌رقاچی..له پێ یه‌كدا..
سه‌د جار ده‌ڵێ به‌شه‌ڕه‌فم..
ئای له شه‌ڕه‌فی ڕزیوی كابرایه‌كی ڕۆژهه‌ڵاتی..
بێگومان ڕۆژهه‌ڵات لێره‌دا، هه‌رته‌نها ده‌لاله‌تێكی جوگرافی نییه، به‌ڵكو كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگیشی هه‌یه. چونكه پیاوی ڕۆژهه‌ڵاتی، وه‌ك ئاماژه‌مان پێكرد شه‌ڕه‌ف له جه‌سته‌ی ژن ده‌بینێته‌وه، به‌ڵام شه‌ڕی شاعیر لێره‌دا، شه‌ڕی ئه‌و دنیابینیه‌یه كه ده‌یه‌وێت ناسنامه‌یه‌ك له شه‌ڕه‌ف و ئابڕوو بۆ ژن بتاشێت. به ده‌ربڕینێكی تر، شاعیر دژی ئه‌و تێڕوانینه میللییه ده‌وه‌ستێته‌وه كه ژن وه‌ك هێمای شه‌ڕه‌فی پیاو ده‌بینێت. چونكه خاوه‌نداریه‌تییه‌كه لێره بۆ پیاو ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه ئه‌مه‌ش به‌شێكه له ئه‌قڵی ده‌ره‌به‌گایه‌تی. شاعیر دژی ئه‌و پاشكۆبوونه ده‌وه‌ستێته‌وه و ناسنامه‌ی خۆی گه‌وره‌ترله‌وه ده‌بینێت كه به ته‌نها ژنێك بێت. به پێچه‌وانه‌وه ئه‌ویش وه‌ك ڕه‌گه‌زه‌كه‌ی تر، خاوه‌ن شوناسی خۆیه‌تی.به تێگه‌یشتنی ئه‌و, وه‌ك چۆن شه‌ڕه‌فی پیاو هی ژن نییه، بۆچی شه‌ڕه‌فی ژنیش هی پیاو بێت؟ كه‌لای ئه‌و ڕزیو و بۆگه‌نه و دیاریشه ڕزیو مانای ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه‌كه‌ڵكی هیچی نییه.دوای بیست ساڵ له‌و ده‌نگه یاخییه، له‌و شیعره تووڕه و جوانانه، بابزانین له زمانی باڵنده‌دا ئه‌و شاعیره‌چی ده‌ڵێت؟.شاعیر دوای دوو ده‌یه، نه‌ك هه‌ر شه‌ڕه‌فی ڕزیوی پیاوی ڕۆژهه‌ڵاتی ڕه‌تنه‌كرده‌وه، به‌ڵكو لاوازانه‌ش له به‌رامبه‌ری ده‌وه‌ستێت.شاعیر پیاو وه‌ك هێمای ده‌سه‌ڵات و تووڕه‌یی و هێز پیشان ده‌دات و ژنیش وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی لاواز.ئه‌و له زمانی باڵنده‌دا ده‌ڵێت:_
ئه‌گه‌ر ده‌ستی تۆم به‌ركه‌وێت. ڕوح ده‌كه‌یت به به‌رما..
ده‌مكه‌یته‌وه به كچێك گه‌زۆی نازی لێ بڕژێت..
(زمانی باڵنده‌م ده‌زانی ڵا26)
بۆ من وه‌ك خوێنه‌رێك، جێگه‌ی سه‌رنجه ژنه شاعیرێك، كه سه‌رده‌مانێك شیعری وه‌ك هێمای یاخیبوون و هاتنه‌وه به گژ ئه‌قڵی پیاو سالاریی ده‌بینی، كه‌چی دوای بیست ساڵ هێنده لاواز‌و ده‌سته‌مۆ له ژیاندا خۆی ده‌ربخات. ئه‌وه گرنگ نییه، ئه‌و ده‌سته‌ی ڕوح ده‌كاته‌وه به‌ری شاعیر، ده‌ستی هاوڕێ، یار، یاخود نیشتمانه، پرسیار ئه‌وه‌یه كه‌سێك له چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌بێت یه‌كێكی تر بیكاته‌وه به‌كچه‌كه‌ی جاران و خۆی ئه‌و وزه و یاخیبوونه‌ی تێدا نه‌مابێت، ده‌توانێت شیعر بكاته په‌یامی ڕزگاربوون بۆ ژنانی تر؟ مه‌گه‌ر ئه‌و شاعیره دوو ده‌یه له‌مه‌وبه‌ر ناسنامه‌ی خۆی، خه‌ونه‌كانی، له ژنبوونی گه‌وره‌ترنه‌ده‌بینی؟جیاوازتر له‌وانیتر بیری نه‌ده‌كرده‌وه؟ كوا ئه‌و خه‌ونانه؟ بۆچی ئێستا هێنده‌لاواز، غه‌ریب و ده‌سته‌مۆ خۆی ده‌رده‌خات. مه‌گه‌ر ئه‌وه پاشه‌كشه‌یه‌كی دیاری گوتار‌و دنیابینی ئه‌و شاعیره نییه. تا ئه‌وا ڕاده‌یه‌ی بڵێت:_
نه‌خێر ناتوانم ڕێگایه‌ك بدۆزمه‌وه.
له‌م شه‌وه ڕووناكه كوێره‌دا..
مه‌حاڵه پێكه‌نین.
(زمانی باڵنده‌م ده‌زانی ڵا16)
شاعیر، ڕه‌هایانه ئه‌وه بۆ هه‌مووان به‌یان ده‌كات، كه ئیدی ناتوانێت ڕێگایه‌ك بدۆزێته‌وه. ته‌نانه‌ت هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه، به نه‌خێر ده‌دوێت. واته هه‌موو هه‌وڵدان و گه‌ڕانێك له پێناو دۆزینه‌وه‌ی ڕێگه‌یه‌كی تر،ئه‌نجامی نابێت و ده‌بێ ڕازی بێت به‌و قه‌ده‌ره‌ی بۆی داندراوه. بێگومان نه‌دۆزینه‌وه‌ی ڕێگای تازه‌ش،واتا به ڕێگادا ڕۆیشتنی ڕێگای هه‌موو ئه‌وانیتر، به‌مه‌ش هیچ جیاوازییه‌ك ناكه‌وێته‌وه له نێوان خۆی و ئه‌وانیتردا، له كاتێكدا بیست ساڵ له‌مه‌و به‌ر،خه‌ونه‌كانی گه‌وره‌تر بوون له‌وه‌ی به ته‌نها ژنێك بێت.كه‌چی دوای بیست ساڵ، ئه‌وشاعیره به شێوه‌یه‌ك پاشه‌كشه‌ده‌كات،كه مه‌حاڵه توانای پێكه‌نینیشی هه‌بێت.
دۆشدامانی شاعیر له‌دوای بیست ساڵ به دیار ژیانه‌وه كه له سه‌ره‌تاوه ڕه‌تیده‌كرده‌وه،ئاماژه‌یه‌كی ڕوونه بۆ پاشه‌كشه‌ی شیعری ئه‌و، هاوكات نه‌دۆزینه‌وه‌ی دنیایێكی دیكه‌شه. بێگومان تا له سه‌ر شیعره‌كانیش بوه‌ستین،باشترئه‌ودنیابینیه‌مان بۆده‌رده‌كه‌وێت.له په‌راوێزی ڕوانینمان بۆ به‌شێكی زۆری ئه‌و شیعرانه‌ی له كۆمه‌ڵه شیعری زمانی باڵنده‌م ده‌زانی هاتوون، ده‌گه‌ینه ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ی كه كه‌ژاڵ، بیست ساڵ له مه‌وبه‌ر زۆر داهێنه‌رترو به‌تواناتربووه له‌نووسینی شیعر.
له‌كاتێكدا هه‌رشاعیرێك له ئه‌زموونی شیعری خۆیدا، ئه‌گه‌ر نه‌یتوانی گوتار‌و دنیابینی نوێ دابهێنێت وڕابردوو تێپه‌ربكات،باشتروایه نه‌نووسێت.چونكه خولانه‌وه به‌ده‌وری شیعردا،هیچ داهێنانێكی لێ ناكه‌وێته‌وه. له‌و ڕوانگه‌یه‌شه‌وه كاتێ وه‌ك خوێنه‌رێك شیعره‌كانی به‌نده‌ری به‌رمۆدام خوێندنه‌وه و به‌راورد به شیعره‌كانی ئێستای ئه‌و شاعیره‌م كردن،هه‌ستم كرد ئه‌وشاعیره له ماوه‌ی ده ساڵی جێهێشتنی نیشتماندا، جگه له چه‌ند شیعرێك كه زمانێكی ساده و ئاسایی، بێ په‌یام و ناوه‌ڕۆك، بێ یاخیبوون و شه‌ڕی ژن‌بوون، هیچی تری نه‌نووسیوه. ده‌كرێ خوێنه‌رانیش بۆ دروستی ئه‌و بۆچوونه‌ی من، به‌راوردی هه‌ردوو به‌رهه‌مه شیعرییه‌كه بكه‌ن.ئه‌و جیاوازییانه به ئاراسته‌ی پاشه‌كشێی شیعری به‌جۆرێكن،كه هیچ خوێنه‌رێك ناتوانێت هه‌ستی پێ نه‌كات.وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێمه له به‌رده‌م دووشاعیری جیای دووقۆناغ ودووسه‌رده‌می جیاوازبین.كه‌ژاڵ بیست ساڵ له مه‌وبه‌رو له به‌نده‌ری به‌رمۆدا دا ده‌ڵێت:_
من ماڵێكم هه‌یه له سه‌ر مانگ…
گۆڕێكم هه‌یه له سه‌ر ڕێی كاكێشان..
(به‌نده‌ری به‌رمۆدا ڵا114)
ماڵێكم هه‌یه له سه‌رمانگ،ده‌لاله‌تێكه بۆ جیاوازكه‌وتنه‌وه و خۆدابڕین له هه‌موو ماڵه كلاسیكییه‌كانی سه‌ر زه‌وی. بێگومان ماڵ، گوزارشتێكی كۆمه‌ڵایه‌تی، په‌روه‌رده‌یی و خێزانی، په‌تریاكی و میللی ده‌گه‌یه‌نێت. هه‌میشه له كۆمه‌لگای ئێمه‌دا، ماڵ لای زۆربه‌ی ژنان وه‌ك زیندانێكه. شوناسی ژن له‌و چوارچێوه‌یه دایه. ماڵ و ژن، زۆرجار ده‌بنه دووانه‌یه‌ك كه له‌یه‌كتری جیانابنه‌وه، ته‌نانه‌ت تێڕوانینێكی خێڵه‌كی له نێو ئێمه‌دا باوه كه ده‌ڵێن:( ژنێك بینه باببیه ماڵ). وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌ركی ژن، ته‌نها له‌و ئۆڕگانه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌دایه كه ناوی ماڵه. ماڵێك كه تیایدا سنوور بۆ هه‌موو خه‌ون و سه‌ربه‌ستی و ئازادییه‌كی ژن ده‌كێشێت. شوێنی ئه‌و ته‌نها ماڵه، له ده‌ره‌وه‌ی ماڵ، ئیدی شوناسی ئه‌و هه‌میشه له به‌رده‌م سڕینه‌وه و ڕوشاندایه.بۆیه كاتی ئه‌و شاعیره بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كات كه ماڵێكی له سه‌رمانگ هه‌یه،ناڕاسته‌وخۆ ئه‌وپه‌یامه ده‌گه‌یه‌نێت كه ماڵی من له ماڵی هه‌مووتان جیاوازه.
من وه‌ك ئێوه نیم و وه‌ك ئێوه‌ش ڕازی نابم به ماڵێك له سه‌ر زه‌وی كه بۆم دروست ده‌كرێت.به‌ڵكو ماڵی من له سه‌ر مانگه، كه به ئه‌ندازه‌یه‌ك دووره، ده‌ستی هیچ كه‌سێكی نه‌گاتێ.ئه‌و ماڵه، هاوشێوه‌ی هه‌موو ئه‌و ماڵانه نییه كه له سه‌ر زه‌وی هه‌ن.ماڵێكه له‌سه‌ر مانگ كه سه‌دان هه‌زار میل له زه‌وییه‌وه دووره.ئه‌م جیاوازكه‌وتنه‌وه‌یه،به‌رهه‌می ئه‌ودیدگا شیعرییه پڕجۆش و خڕۆش وداهێنانه بوو،كه بۆ ساڵانێكی درێژشیعری كه‌ژاڵی پێ ده‌ناسرایه‌وه.شیعرێك كه هه‌میشه وه‌ك ڕیفۆڕمێكی كۆمه‌ڵایه‌تی به گژ داب و نه‌ریته‌كان، ئه‌و قه‌ده‌غه‌كراوانه ده‌چووه‌وه، كه ژنیان وه‌ك ڕه‌گه‌زێكی لاواز، پاشكۆی پیاو، بێ ناسنامه ده‌دیت. وه‌لێ دوای بیست ساڵ، با بزانین ئه‌و ماڵه‌ی شاعیر بانگه‌شه‌ی بۆده‌كرد كه له سه‌ر مانگه چی لێهات؟ توانی بینای بكات؟ له دوای بیست ساڵ و له كۆمه‌ڵه شیعری زمانی باڵنده‌م ده‌زانی، ئه‌و ماڵه نه‌ك هه‌ر بوونی نامێنێت و ده‌سڕێته‌وه، بگره شاعیرهێنده ده‌سته‌وه‌ستان و لاواز ده‌بێت،كه توانای ئه‌وه‌ی نییه نه‌ك له سه‌رمانگ،بگره زه‌ویش ماڵێك بونیاد بنێت!!.واتا له‌و ژنانه‌ش لاوازتر‌و بێ ئیڕاده‌تره،كه هه‌موو ژیانیان له نێوماڵدا ده‌بینن و به سه‌ربه‌خۆبوونی ماڵیان،واهه‌ست ده‌كه‌ن كۆتایی خه‌ونه‌كانیانه.له دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه شاعیر ده‌ڵێت:
ئێستا كوانێ..كوا ماڵی هه‌یه ژیانم؟
وه‌ك چۆڵه‌كه به ته‌نها فڕین ده‌زانم..
(زمانی باڵنده‌م ده‌زانی ڵا21)
واتا شاعیرله‌سه‌ر زه‌ویش هه‌ست ناكات ماڵی هه‌یه،ئه‌گه‌رچی بیست ساڵ له مه‌وبه‌ر له‌سه‌ر مانگ ماڵی هه‌بوو، بگره گۆڕه‌كه‌شی له كاكێشان بوو نه‌ك گۆڕستانی هه‌مووان. ئه‌مه‌ش ده‌ریده‌خات، كه دوای بیست ساڵ ئه‌زموونی ئه‌و شاعیره،داكشانێكی گه‌وره‌ی شیعری به‌خۆوه بینیوه له ڕووی فۆڕم و زمان و په‌یامی شیعرییه‌وه به به‌راورد له‌گه‌ڵ ڕابردوودا. چونكه نه‌ك ته‌نها له ڕووی گوتاری شیعره‌كانه‌وه، ئه‌گه‌ر له ڕووی زمانی ده‌ربڕین و وێنه‌ی هونه‌ریش له شیعره‌كانی شاعیر بڕوانین،د‌رك به‌وه ده‌كه‌ین كه زمانی شیعری كه‌ژاڵ،بیست ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له زمانی شیعری ئێستای جوانتر‌و سه‌رنجڕاكێشتر بووه.بۆنموونه: له به‌نده‌ری به‌رمۆدادا، له شیعرێكدا ده‌ڵێت:_
له‌م كۆڵانه عه‌تری یاده‌وه‌ری هه‌یه..
به‌ڵام بۆن كۆناكرێته‌وه..
ده‌نا شووشه به‌تاڵه‌كانی عاتیفه‌م لێوان ده‌كرد..
(به‌نده‌ری به‌رمۆدا ڵا78)
ئه‌وشاعیره،به‌زمانێكی ساده،چ وێنه‌یه‌كی هونه‌ری شیعری به‌رجه‌سته كردووه.عه‌تری یاده‌وه‌ری و شووشه به‌تاڵه‌كانی عاتیفه،چه‌ند وێنه و ده‌سته‌واژه‌ی شیعری جوانن كه سه‌رنجی خوێنه‌ر ڕاده‌كێشن.كه‌چی له دوای ئه‌و هه‌مووجوانییه له زماندا، تازه ئه‌و شاعیره له زمانی باڵنده‌دا ده‌ڵێت:_
پیاو كه په‌ست بوو هاوار ده‌كات..
ده‌رو دراوسێش ده‌زانن..چی ده‌ڵێت و چی ده‌كات
(زمانی باڵنده‌م ده‌زانی ڵا 63)
ده‌كرێ خوێنه‌ران، به‌راوردی هه‌ردووكۆپڵه شیعرییه‌كه بكه‌ن، ئه‌و كات ده‌رده‌كه‌وێت كه وێنه‌ی شیعری و زمانی ئه‌و شاعیره، بیست ساڵ له‌مه‌وبه‌ر چۆن بووه‌وه ئێستاچۆنه؟دواجارئه‌گه‌ر بمه‌وێت وه‌ك خوێنه‌رێكی شیعر له باره‌ی دوا دیوانی كه‌ژاڵ ئه‌حمه‌د ڕایه‌ك بڵێم، ئه‌وا بێ دوو دڵی و به‌وپه‌ڕی ڕاشكاوییه‌وه، بڕوام وایه خۆری شیعری ئه‌و شاعیره ئاوابووه.بۆیه ده‌بێ هه‌رشیعره كۆنه‌كانی بخوێنینه‌وه، تاكو شوناسی شیعری و ئه‌زموونی شیعری، له بیری خوێنه‌راندا به نه‌مری بمێنێته‌وه!!!…
—————————
په‌راوێز:_
1_به‌نده‌ری به‌رمۆدا/ شیعری كه‌ژاڵ ئه‌حمه‌د/ ساڵی چاپ 1999…
2_ زمانی باڵنده‌م ده‌زانی/ شیعری كه‌ژاڵ ئه‌حمه‌د/ ساڵی چاپ 2019.
*ئه‌م بابه‌ته له(ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كوردستانی نوێ)ژماره(1114) ڕۆژی پێنچشه‌ممه ڕێكه‌وتی 5/12/2019بڵاوكراوه‌ته‌وه…