میدیای كوردی و كێشه‌كانی دونیا.. نه‌ژاد عزیز سورمێ
له‌وه‌ته‌ی هه‌یه ، به گه‌لێك هۆ و ئه‌گه‌ر ، له پێشه‌وه‌یان ئه‌و زوڵم و سته‌مه‌ی به‌درێژایی مێژوو له‌سه‌ر خاكی خۆی له كورد كراوه ، ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردی هاوڕێی لایه‌نه‌كانی دی هه‌میشه كه‌وتووه‌ته سه‌نگه‌ری به‌رگری و به‌ره‌نگاربوونه‌وه ، بۆیه به‌و چه‌شنه هه‌رگیز بۆی نه‌ڕه‌خساوه له‌و ئاسته‌دا بێ یا بووبێت به‌و سه‌رچاوه و ئاوهه‌ڵدێره‌ی ڕووبار و جۆگه‌ی لێ بووبێته‌وه و خوێنه‌ر ، پاشانیش گوێگر و له دوایشدا بینه‌ری تێركردبێ و پێویستی باخه‌ربوونی له پێشهاته‌كانی دونیای بۆ فه‌راهه‌م كردبێ ، به‌و ڕاده‌یه‌ی ناچاری چاو له‌ده‌ری نه‌كردبێ و له گه‌ڕان به دوای ڕاستیدا له ده‌رگای تری نه‌خواستبێ… ئه‌م حاڵه‌ته‌یش تا پێش ڕاپه‌ڕین و ده‌ستپێكردنی ئه‌زموونی ئه‌م به‌شه‌ی كوردستان ( له‌گه‌ڵ ڕه‌هه‌نده پاشڤه‌بڕه‌كانیشی) ڕه‌نگه پاساوێكی هه‌بووبێ ، به‌ڵام دوای تێپه‌ڕینی هه‌موو ئه‌و ساڵانه كه خۆی له سێ ده‌یه ده‌دا ، هیچ پاساوێك دیاره به‌ده‌رد ناخوا ، به‌تایبه‌تیش له‌كاتێكدا هۆیه‌كانی گه‌یاندن و پێكڕاگه‌یشتن به‌ڕاده‌یێك پێشكه‌وتوون و له په‌ره‌سه‌ندندان دونیایان كردووه‌ته‌وه گونده ده‌پازده ماڵیه‌كه‌ی جاران…
ئێستا ڕۆژنامه‌نووسانی كورد و میدیای كوردی هیچ پاساوێكیان نه‌ماوه ، له‌وه‌ی به‌هه‌ندگرتنی شایان و به‌ڕوانین و جیهانبینی كوردی و كوردستانی له پێشهات و ڕووداوه‌كانی دونیا بڕوانن…
مه‌به‌ستیش لێره‌دا ئه‌وه‌یه ؛ ڕۆژنامه‌نووسی كورد ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ ڕه‌وته‌كه‌دا بن و گۆشه‌گیر نه‌مێننه‌وه و له ڕاست كێشه و پێشهاته‌كانی دونیا ، به‌تایبه‌تی كێشه هه‌ڵایساوه هه‌نووكه‌ییه‌كان قسه‌ی خۆیان هه‌بێ كه جگه له باخه‌به‌ركردنی وه‌رگری كوردی له‌و كێشانه ، ڕوئیایه‌كی كوردیش له‌م نێوانه‌دا پێك دێنێ كه له نێوه‌نده‌كانی میدیای دیاری جیهان حسابی بۆ بكرێ ببێ به سه‌رچاوه بۆ میدیای باوه‌ڕپێكراو به‌تایبه‌تیش له‌و هۆیانه‌ی ڕۆژانه به‌و (به‌رامبه‌ر)ـه‌وه په‌یوه‌ستن ، به‌نموونه كێشه‌یه‌كی وه‌ك كێشه‌ی سۆدان ، یان ململانێی ژێراوژێری ئه‌ورووپا و ئه‌مریكا ، یاخود مه‌سه‌له‌ی پێكهاتنی ، یا دمگۆی پێكهێنانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی فراوان ، یاكێشه ئابوورییه جۆراوجۆره‌كان یا ئه‌وانه‌ی په‌یوه‌ندییان به‌ژینگه‌وه هه‌یه (كه زۆر گرینگه و میدیای ئێمه له سه‌ره‌قه‌ڵه‌م زیاتری پێدا نه‌هێناوه) له كاتێكدا به پێی هه‌ندێ ڕاپۆرت و لێكۆڵینه‌وه‌ی سه‌نته‌ری باوه‌ڕپێكراوی دونیا ئه‌وه‌نده‌ی مه‌ترسی له‌سه‌ر جوگرافیای ژیانی ئێمه هه‌یه ڕه‌نگه زیاتر بێت له شوێنی دیكه …
یاخود مه‌سه‌لا نموونه‌ی ئه‌زموون و تاقیكردنه‌وه‌كانی وڵاتێكی وه‌كو ژاپۆن و له ڕووی هه‌ستانه‌وه و په‌ره‌سه‌ندن و كێبه‌ركێی پیشه‌سازی و ئابووری له‌سه‌ر ئاستی دونیادا… یا تاقیكردنه‌وه‌ی چین و هه‌ندێ وڵاتی باشووری ڕۆژهه‌ڵاتی ئاسیا و تاد .. كه ڕۆژانه و وه‌كات كه‌ناڵه‌كانی دونیا بایه‌خی پێ ده‌ده‌ن و بووه به به‌شێك له‌و ڕێڕوونییه‌ی بۆ خوێنه‌ر و گوێگر و بینه‌رانی فه‌راهه‌م ده‌كه‌ن .
هه‌موو ئه‌و كێشه و مه‌سه‌له و پێشهاتانه و زۆری دیكه‌ش كه له دونیادا ڕووده‌ده‌ن یا پێشبینی ده‌كرێن ڕوو بده‌ن ، چاو ده‌ده‌ینێ میدیای كوردی نه‌ك نه‌یداونه‌ته‌به‌ر ڕوناهی به‌ڵكو وه‌ك پێویست به هه‌ندیشی نه‌گرتوون كه ڕێگه ڕوونتر بكاته‌وه و كه‌سی كورد له ئاگاداربوونی له ڕووداوه‌كانی دونیا به‌رپێی خۆی باشتر ببینێ…
میدیای كوردی ، بۆ نه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ كه زۆربه‌یان زمانی دیكه نازانن ( به‌تایبه‌تی لێره له خوارووی كوردستان) ، پرسی دروستكردنی هاوسه‌نگی نێوان مه‌سه‌له ناوخۆیی و كێشه‌كانی ده‌ره‌وه له به‌رامبه‌ر داده‌نرێ… سه‌رده‌می گۆشه‌گیری به‌سه‌رچوو… ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ نه‌وه‌ی تازه به‌ڕاستی به‌بیری هه‌ستانه‌وه و ئه‌وه‌ی به ئینتیما ناوی دێ و هه‌روه‌ها بنیاتنانه‌وه ته‌یار بكه‌ین.
له‌هه‌موو دونیا ئه‌مڕۆ ئه‌وپه‌ڕگیری له هیچ بوارێكدا هیچی لێ هه‌ڵناكڕێ و ئه‌و كاردانه‌وه‌یشی نه‌ماوه كه جاران به‌چه‌شنه هه‌ڵوێست وه‌رگرتنێك ته‌ماشا ده‌كرا…
سه‌رده‌می ئه‌مڕۆ ، سه‌رده‌می به‌شداری و هاوبه‌شیكردن و ڕوانینه…
له په‌راوێزگرتنی كێشه‌كانی دونیا و له‌سه‌ر ڕانه‌وه‌ستان و بایه‌خ پێنه‌دانی بۆشاییه‌كی هه‌ستپێكراوی له میدیای كوردی دروست كردووه ، به جۆرێك مۆڕكی ناوخۆییایه‌تی به‌كه‌ناڵه ئاسمانییكانیشه‌وه پێ بزر نه‌كراوه.
چونكه میدیا ، هه‌ر میدیایه‌ك به ئاماده‌یی په‌یامنێر یا كامێرای ده‌ره‌وه جوگرافیاوه به‌و ئاسانییه ناتوانێ خوێنه‌ر و بینه‌ر بخاته سه‌ر ڕاسته‌شه‌قامی باوه‌ڕ پێ كردن و جێی متمانه ئه‌گه‌ر لانی كه‌می ڕاستی ڕووداوه‌كانی تێدا نه‌بێ ..
هه‌قه ڕووناكبیر و ڕۆژنامه‌نووسان له ڕوانین و جیهانبینیاندا به زۆر هۆ كه له مووقه‌ڵێشان ون نییه به‌و ئاراسته و ئامانجه له‌پێش خه‌ڵكی دیكه‌دا بن…