Skip to Content

دافۆس دەبێتە رزگاركەری سستەمی سەرمایەداری؟.. عەلی مەحمود

دافۆس دەبێتە رزگاركەری سستەمی سەرمایەداری؟.. عەلی مەحمود

Closed
by كانونی دووه‌م 31, 2024 General, Opinion

كۆڕبەندی ئەمساڵی دافۆس 2024, وەك رابردوو لە چیاكانی ئەڵپ لە شارۆچكەی دافۆسی بەرشیچوە چوو, ئەمساڵ كۆنگرەكە لە ژێر ناونیشانی بنیاتنانەوەی متمانە بوو‌, لە راستیدا هەوڵدانە بۆ گەڕاندنەوەی متمانە بە سستەمی كەپیتاڵستی, كە متمانەی لەدەستداوە, ئەمساڵ كۆڕبەندەكە بە بەشداری زیاتر لە 2800 كەسایەتی لە سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران و نوێنەرانی كۆمپانیا زەبلاحە‌كانی جیهان لە نێویاندا نزیك 100 كەسیان ملیاردێرن, وە زیاتر لە 2000 كەسایەتی سیاسی و سەرمایەداری گەورە و داهێنەرە ناسراوەكانی ئەمڕۆی جیهان لە بواری زیرەكی دەستكرد و تەكنەلۆژیا , لەوانە نزیك 1000یان بەڕێوەبەری راپەڕاندنی كۆمپانیا زەبلاحە قۆرخكارەكانی جیهان بوون.
دافۆس تەنها كۆبونە‌وەی ملیاردێر و سەرمایەدارە گەورەكانی جیهانە, كۆبونەوەی پاراستنی سەرمایەدارانی لیستی فۆربیسە, ئەوانەی سیاسەت و ئابووری و دارایی جیهان ئەمڕۆ بەڕێوە دەبەن.
سەرمایەداری جیهانی لە رێگای چەندین تۆڕەوە خۆیان رێك خستووە, یەكیان كۆڕبەندی دافۆسە.
جەنگی ئۆكرانیاو روسیا، جەنگی ئیسرائیل-غەزە، هێرشی سەربازی ئەمریكا و بەریتانیا بۆ سەر حوسیەكانی یەمەن, گرتنی دەروازی باب المندەب لە دەریای سور, تەنگژەی دەریای باشووری چین و تایوان, شەڕی چیپ لە نێوان هاوپەیمانی پیچنج قۆڵی ئەمەریكا, تایوان, كۆریای باشوور, ژاپۆن, هۆڵەندا بەرامبەر چین لە گرنگترین بابەتە سیاسییە گەرمەكانی كۆڕبەندەكە بوون.
لە كاتێكدا ئەمەریكا بۆ خۆی گەورەترین قەتڵگاكانی لە ماوەی 54 ساڵی رابردوو بەسەر جیهاندا سەپاند, هەڵگیرسێنەری زیاتر لە 80%ی جەنگە ماڵویرانكارییەكانی جیهان بوو, كەچی كۆڕبەندی دافۆس نیو سەدەیە لە ئاستیاندا لاڵ بووە.
كێشەی زیرەكی دەستكرد, نەبوونی یاساو رێسایەكی جیهانی گشتگیر بۆ سود وەرگرتن لێی مەترسییەكانی كاریگەرییەكانی لەسەر ژیانی مرۆڤ و داهاتووی مرۆڤایەتی, وە كاریگەری لەسەر ئایندە بە سەربازی و ئابووری و سیاسییەوە بابەتی گەرمی كۆڕبەندەكە بوو, پرسیارێك هەمووانی شۆك كرد ئەویش ئایا زیرەكی دەستكرد دەبێتە مامانی لە دایك بوونی شۆڕشی پێنجەمی پیشەسازی؟؟ .
وەك رابردوو پیسكەرانی ژینگە, بێكاركەرانی بێكاران, برسیكەرانی جیهان, قۆرخكەرانی داودەرمان, باسی ژینگەو بێكاری و هەژاری و مەترسی پەتای داهاتوویان كرد؟.
لە كاتێكدا خۆیان سودمەندی یەكەمن لە پیسكردنی ژینگە, قۆرخكردنی خۆراك. قۆرخكردنی داودەرمان لە ژێر بەهانەی مافی داهێنان, بێكاركردنی كرێكاران لە كاتێكدا كۆمپانیاكانیان قازانجیان چۆتە سەر, لە دوا پەیامیشیدا سەرۆكی تێسلا ئیلۆم ماسك كە سەرمایەكەی خۆشبەختانە بۆ 198 ملیار دۆلار دابەزی داوای لە كرێكارانی تێسلا كرد لە پاڵ ماكینەكانی كاركردنەكەیان بخەون.
گەڕان بە دوای مرۆڤایەتی بوون لە سستەمی سەرمایەداریدا محاڵە, لێ لێرە لەم دافوسە 54 ساڵە ئۆلیگارشیەكانی جیهان بە شێوازی خۆیان كە دەیانەوێت چیاكانی ئەڵپ بە دوای مرۆڤایەتی بووندا تەی دەكەن, وەلێ نەگەیشتن پێی نە دۆزیشانەوە, وەك جیهانی دیلمۆن و بەهەشتی عەدەن, هەر ناشی دۆزنەوە. كەچی كۆنگرە دوای كۆنگرە هەر خودی ئەمانە نا یەكسانی زیاتر دەكەن ژینگە پیستر دەكەن و شەڕ بەرفراوانترو گەورەتر دەكەن و چەكەكانیان وێرانكەرتر دەبێت, سستەمیش مەترسیدارتر, دەوڵەتی قوڵ قولتر دەبێت, دەپرسین ئایا دافۆس ئەم شارۆچكە 10732 كەسییە بهەشتییە نوسخەیەكی باشتری سەرمایەداری پێیە بۆ مرۆڤایەتی؟, ئەم گەڕانەی سەرمایەداری بە دوای مرۆڤایەتیدا لە دافۆس شانۆگەرییەكەو لە ناچارییەوەیە, چونكە ئۆلیگارشیەكان هەست بەوە دەكەن بەهۆی خولقاندنی نایەكسانییەكەیانەوە ئابلوقە دراون لە جیهان, ئەمڕۆ راپرسییەكانی دەزگاكانی راگەیاندنی خۆیان دەریدەخەن نایەكسانی و پیسكردنی ژینگە و جەنگە یەك لە دوای یەكەكانیان بۆتە دێوەزمە, ناڕەزایەتییەكان لە دژیان رۆژو ساڵ لە دوای ساڵ رێكخراوترو رادیكاڵترو فراوانتر دەبن, ئەوانیش چارەسەریان تا ئێستا بۆ ئەم نەخۆشیە كوشندەیە نەدۆزیوەتەوە, تاكو ئەوانیش بەڕێوەبەری جیهان بن ناشی دۆزنەوە چونكە ڤایرۆسەكە خۆیانن, نەخۆشییەكە لە گیرفانەكانی ئەواندایە.
كۆڕبەندی دەوڵەمەندانی جیهان, رێكخەرانی ئەم سێركە گەورەیەی سەرمایەداری جیهانی, لەم نمایشە گاڵتە جاڕییەیاندا كە دەستەبژێری سەرمایەداری جیهانی بەشدارن تیایدا لەم خولەدا ژمارەیان 2800 كەسە, لە 200 كۆبونەوەدا قسەو باس لەسەر داهاتووی ئەستێرەكەمان كرد, گفتوگۆ لەسەر چاككردنی سستەمی سەرمایەداری و درێژەدان بەو سستەمە دەكەن, قسە لەسەر سفرەی بەردەست و جێگای خەوتن و هەوای ناو سییەكانمان دەكەن, باسی مۆبایلی گیرفان و فڕۆكە جەنگییەكانی ئاسمانەكانمان دەكەن, باسی درۆنەكان و فاكسینەكان و نرخی دۆلار و عەرش و قورش دەكەن.
دافوس شوێنی یەكتر بینینی ئەوانەی هۆكاری كێشەكانی نایەكسانی و پیسی ژینگەو شەڕن. لەم پەنجا و چوار ساڵەدا ژمارەی دانیشتوانی زەوی لە 3,7 ملیاردەوە بۆ زیاتر لە 8 ملیارد زیادی كرد. لەو ماوەیەدا ژمارەی ملیاردێرەكان سەدان جار زیادی كرد, بۆ یەكەمجار لە مێژوودا 12 ملیاردێری خاوەند زیاتر لە سەت ملیار دۆلار هەیە لە جیهان, ئێستا ئیلۆن ماسك خاوەند زیاتر لە 198 ملیارد دۆلارە , غەزە تەخت بوو, بەفری گرینلاند توایەوە, گەرمای هیندستان تینی سەند, خۆڵبارینی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سییەكانی لەكار خست , كەچی ئەمان هێشتا حەكایەتەكانی رابردوو دوبارە دەكەنەوە, باسی ژینگەو ئاشتی و یەكسانی دەكەن, تەنانەت بەخششەكانی گیتس و بافێت و 200 لە هەرە دەوڵەمەندەكانی ئەمەریكا هیچی لە دەردو بەڵاكانی سەرمایەداری وەك زەكاتەكەی لە مەڕ خۆمان چارەسەر نەكرد, بگرە قەیرانەكان توندتر بونەوە. گیتس وێڕای بەخششەكانی لە دەیەی رابردو گەیشتە 45 ملیار دۆلار, كەچی 91 ملیار دۆلار قازانجی كردووە سەرمایەكەی بووە بە 144 ملیار دۆلار. وارن یافتیش بەخششترین سەرمایەداری جیهانە سەرمایەكەی تەنها لە 14 ساڵی رابردوو 38 ملیار دۆلار زیادی كردوە بووە بە 128 ملیار دۆلار, هەرچەندە لەو ماوەیەدا 27,54 ملیار دۆلار بەخششی كردووە.
پەنجاو چوار ساڵە ساڵە ئۆلیگارشییەكان جیهان لەم دافوسە كۆدەبنەوە, باسی دیموكراسیمان بۆ دەكەن, كەچی سەرۆكەكان بە دەستیانەوە بوونەتە سەربازی شەترەنج, رۆژ بە رۆژ دەسەڵاتی سیاسییان زیاتر دەبێت, لە سستەمەكەیان روكەشدا مام نازم بە عارەبانەكەیەوە و ئەحمەد ئیسماعیلەكەی لە مەرَ خۆمان هەردوكیان خاوەند یەك دەنگن؟.
لە كۆڕبەندەكەیان گفتوگۆی چارەسەركردنی كێشەكانی مرۆڤایەتی دەكەن, كەچی ساڵ لە دوای ساڵ بە سەرمایەی زیاترەوە دێنەوە بۆ هەمان شوێن, لە نێوان كۆنگرەی 2019 بۆ ئەم كۆنگرەی 2022 سەرمایەی ملیاردێرەكانی جیهان 4و7 ترلیۆن دۆلار زیادی كردووە, ژمارەشیان 573 كەس چووە سەر, هەژارانیش 260 ملیۆن زیادیان كرد, لەو لاوە نایەكسانی قولترو ژینگە پیستر و شەڕەكان ماڵوێرانكەرتر دەبن.
ئەوان ناوێرن و نایانەوێ پەنجە بخەنە سەر سەرچاوەی كێشەكان و گوێ لە بیستنی چارەسەرە راستەقینەكان بگرن, كە هەموو دەردوو بەڵاكان سستەمەكەی ئەوانە, چارەسەریش تەنها سستەمێكە لەسەر بنچینەی هەر كەس بە پێی كارو بەرهەمەكەی … موچەی بنەڕەتی بۆ هەمووان, ئاشتی و دادپەروەری دامەزرابێت.
ئەوان كار ناكەن چۆركەكە گەورەتر بكەن بەشی هەموو مرۆڤایەتی بكات, ئەوان دەیانەوێت چۆركەكە بە بچووكی بمێنێتەوە هەر بۆ خۆیان بێت.

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress