چۆنییەتی بەرنگاربوونەوە و کۆتاییهێنان بە تیرۆر لە کوردستان.. نادر عەبدولحەمید
ترۆری هونەرمەندی لاو (خواناس وریا) لە چەمچەماڵ لە ئێوارەی (٢١-٦-٢٠٢٣)، باسگەلێکی گەرمی بەدوای خۆیدا هێنا بەتایبەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک فەیسبوک و میدیای ئینتەرنێتی جۆراوجۆر.
بەو پێیەی کە بکوژ دوای دەستگیرکردنی ڕایگەیاندبوو کە ئەو کارەی بۆیە ئەنجامداوە چونکە جیاوازی بیروڕایان هەبووە لەسەر ئایین و ئیسلام، لێرەوە لە لایەن کەسانی سەربە ئیسلامی سیاسی و کۆنەپەرست و دژە ئازادی بیروڕا، ئەم تاوانە جێگەی دەستخۆشانە و لە لایەن کەسانی ئازادیخواز و ئاتەئیست و کۆمۆنیست و سێکیولار و ئینساندۆستەوە جێگەی نەفرەت و سەرکۆنەکردن بووە.
یەکەمین پەرچەکردارێک، کە بینرا بریتی بوو لە ڕیسواکاری ئەم تاوانە و لایەنگرانی تاوانەکە، و ئەو فکر و جیهانبینیی و ئەو بانگەوازخوازە ئایینیانەی کە بزوێنەر و هاندەری بکوژ بوون بۆ ئەنجامدانی.
ئەم هەڵمەتە فکری و فەرهەنگی و میدیایی و سیاسییە بەجیا لە ڕوانگە جۆراوجۆرەکانی، بۆ سەرکۆنەکردن و پاشەکشەپێکردنی بەرەی کۆنەپەرستی و دژە ئازادی و ئیسلامی سیاسی، نەک هەر کارێکی پێویست بوو، بەڵكو بەردەوامبوونیشی هەر پێویستە، بەڵام ئەم چوونە جەنگی فکری و میدیایی و فەرهەنگیـیە، کە بەزۆری ئاتەئیست و سێکیولارەکان پێی هەڵدەستن، بەتەنها کافی نیـیە.
دیارە زۆرێکیش چوونەتەسەر بواری یاسا، نەک هەر بۆ سزادانی ئەم تاوانکارە، بەڵکو بۆ بەرگریکردن لە ئازادی بیروڕا لەسەر ئاستی کۆمەڵگە لە ڕێگەی جێبەجێکردنی ئەو یاسایانەی کە ئازادی بیروڕا دەربڕینیان دەستەبەر کردووە، لەگەڵ دانانی یاسای پێشڕەوتر کە هەم ئازادییەکی بەرفراوانتر بگرێتەخۆی بۆ هاوڵاتیان، وە هەم سنورداری دەستدرێژیـیەکانی بانگەوازخوازان و ئیسلامی سیاسیش بکات.
ئەمەش سەری کێشاوە بۆ ڕەخنە لە حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتدارانی هەردوو زۆنی زەرد و سەوزی هەرێمەکە، کە بۆچی ئەو یاسایانە تەنها مەرەکەبی سەر کاغەزن؟ بۆچی بەپێی هەمان ئەو یاسانەی کە لە ئارادان، سنورێک بۆ دەستدرێژییەکانی ئەم بەرە کۆنەپەرستیـیەی ئیسلامی سیاسی و بانگەوازخوازانی ئایینی دانانرێت، کە ڕۆژانە و بە ئاشکرا جگە لە سوکایەتی بە کەرامەتی ژنان و ئازادیخوازان و ئەوانەی پێچەوانەی ئەوان بیردەکەنەوە، بانگەوازی توندوتیژی و کوشتوبڕیش دەکەن بەدژیان؟
لێرەوە هاوبەرژەوەندی حکومەت و دەسەڵاتدارانی هەرێمەکە، بەم بەرە کۆنەپەرستیـیەوە خراوەتەڕوو، وە ئومێد بە حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتداران خراوەتەلاوە بۆ سنوردارکردنەوە و کۆتاییهێنان بە دەستدرێژی بۆسەر ئازادیـیەکان و تیرۆری ئازادیخوازان و دژبەرانی ئیسلامی سیاسی، و ئەو ئاکامگیریـیە هاتۆتەپێش کە ئەوە ڕێکخراو بوون و یەکگرتنە، بە هێنانەدی بەرەیەکی بەرگریکاری جەماوەریی، لە کەسانی ئازادیخواز و ڕێکخراوە سیاسی و جەماوەریی و پیشەییەکان کە دەتوانێ بەڕووی ئەم بەرە کۆنەپەرستییەدا بووەستێتەوە، و دەستکۆتای بکات لە دەستدرێژی و ئەنجامدانی تیرۆر، وە حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتدارانی هەردوو زۆنەکەش ناچار بە پەیڕەوی کردن لە یاسا بکات.
بابزانین لە ڕوانگەیەکی ماتریالیستییەوە ڕێگا چارەی کۆتاییهێنان بە تیرۆر، چییە؟
ئەنجامدانی تیرۆری جەستەیی وەیا مەعنەوی لە کۆمەڵگەدا، هەم دەتوانرێت لە ڕێگەی ڕێکخراوە سیاسیـیەکان و دامودەزگای سیخوڕی و ئاسایشی سەربە دەسەڵاتێکەوە ئەنجام بدرێت، وە هەم لە ڕێگەی تاکە کەسێکەوە کە سەربە هیچ حزب و ڕێکخراوێک نەبێت، و بۆ هیچ دەزگا و حزب و دەسەڵاتێکیش ئەم کارەی ئەنجام نەدابێت، بەڵکو لای وابێت کە ئەم کردەیە وەفاداربوونە بە بەها و بیروباوەکانی خۆی، وەک لەم تیرۆرەی چەمچەماڵدا وا دەردەکەوێت.
ئەمەش بەو مانایە نییە کە ئەمە کردەیەکی تاکە کەسیی دابڕاوە، بەڵکو لەم حاڵەتەشەدا هەر کردەیەکی کۆمەڵایەتی سیاسییە و لە ڕێگەی ئەم تاکە کەسەوە جێبەجێ کراوە، تاکە کەس لێرەدا نوێنەرایەتی شتێکی ماددی و بابەتی کۆمەڵایەتیـیانە دەکات، بێ ئەوەی خۆی هۆشیار بێت بەم نوێنەرایەتییە، یان لە دەرەوەی ئیرادەی خۆی کراوە بەنوێنەر، ئەمە ئەو شتەیە کە پاڵنەر و بزوێنەریەتی بۆ ئەنجامدانی ئەم کردەیە، کە تاوانە و خۆشی تیایدا دەبێتە قوربانی.
پەیوەستکردنەوەی ئەم دیاردەیە و سنوردارکردنی تەنها بە لێکدانەوەی کێشەی دەرونی و شەخسیـیەتی، یان پەروەردەیی ژینگەیەکی بەرتەسکی وەک خانەوادە و گەڕانەوە بۆ گرێوگۆڵەکانی تافی مناڵی و لاوێتیی تاکە کەس، ناتوانێت جەوهەری ئەم دیاردەیە بە تەواوی دەرخات، گەرچی دەشێ ئەمانەش بەشێک بن، بەڵام کرۆک و ناوەڕۆکی دیاردەکە پێک ناهێنن.
تیرۆر بەرهەمی دیدگا و جیهان بینیـیەکە کە زاڵە بەسەر کۆمەڵگەدا، جا چ جیهانبینیـیەکی فەلسەفی، نەتەوەیی وەیا ئایینی بێت، کە ئینسان لە منداڵیـیەوە تا گەورە و باڵغ دەبێت پێی هۆقن دەکرێت، و دەکرێتە بەها و پیرۆزیـیەکانی، کە دەبێ خۆی و کەسانی تریش لە پێناویدا بکاتە قوربانی.
تیرۆر هەڵقوڵاوی ڕێبازێکی فکری و سیاسییە، وەک چۆن جەنگ بەردوامی سیاسەتە بەشێوەیەکی توندوتیژ، تیرۆریش بەهەمانشێوە بەردەوامی سیاسەت و ڕێبازێکی سیاسیـیە، شێوازێکی عەمەلیـیە تا ئەو جۆرە لە فکر و سیاسەت باڵادەست و زاڵ بێت بەسەر کۆمەڵگەدا، یان ئەگەر زاڵبوونەکەی لە ژێر مەترسیدا بێت، بەم کردە تیرۆریـیە هەوڵبدرێت باڵادەستیـیەکەی وەلانەخرێت.
منداڵێک کە لە سێ دەیەی ڕابردووی کۆمەڵگەی کوردستاندا چاوی بەجیهان هەڵێناوە، لە بارودۆخێکدا گەورە بووە کە ڕۆژانە نەک هەر لە ماڵەوە دەمکوتکردن و سەرکوتکردنی بینیوە، بەڵکو لەدەرەوەی چواردیواری ماڵەوەش بینیویەتی توندوتیژی و دەستبردن بۆ چەک بۆ یەکلاکردنەوەی هەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی، تیرۆری سیاسی و کوشتنی دیلەکانی شەڕ لە جەنگی ناوخۆدا، … نەریتێکی ئاسایی و بەربڵاوی حزبەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی و بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسی بووە، هەروەها بەردوامیش گوێبستی وتاری نوێژی جومعە و بانگەوازخوازان بووە کە چۆن دنەی موسوڵمانانیان داوە کە نابێت هیچ ڕەخنە و قسەیەک لەسەر ئیسلام قبوڵ بکرێت و دەبێ زۆر بەتوندی دژایەتی بکەن و ڕێی لێبگرن و نەهێڵن دووبارە ببێتەوە، ئیتر ئەو کەسە بەبێ ئەوەی بەخۆی بزانێت، دەبێتە هەڵگری هەمان ئەو نەریتە ڕیشەدارە، کەسانی تر دەکاتە قوربانی و خۆشی دەبێتە یەکێک لە قوربانیانی.
بەڵام بۆچی وەک زۆر نەریتی ڕیشەدارتر کە ئێستا لە ئارادا نەماون، ئەم نەریتە کۆن و بێ کەڵک نابێ و ناپوکێتەوە؟ لەسەرەوە ئاماژەمان بەوە داوە کە چۆن بەرژەوەندی حکومەت و دەسەڵاتدارانی هەرێمەکە لەگەڵ بەرەی کۆنەپەرستی و سەرکوتی ئازادی و دەمکوتکردنی هەر دەنگێکی ناڕازیدایە، نەک هەر ئەوەش، بەڵکو خۆی دامودەزگایەکی ڕێکخراوە لە ئاسایش و میلیشیای پێشمەرگەیی و دەزگای سیخوڕی، بۆ توندوتیژی نواندن بەدژی جەماوەری ئازادیخواز و زەحمەتکێشی هەرێمەکە.
سەیرکەن، نەک هەر، هەردوو حزبی دەسەڵاتدار، کێبڕکێیانە لەسەر کێشکردنی فڵان سەلەفی و بانگەوازخواز و شێخ و خاوەن تەکیە و مەلای مزگەوت، و هاوپەیمانی لەگەڵ ئەم و ئەو حزبی ئیسلامی، بەڵکو حزبی ئۆپۆزیسیۆنی لیبڕاڵ قەومیی (نەوەی نوێ)ش لەم مەیدانەدا، زۆر لەو حزبانەی دەسەڵاتدار جددیتر خەریکی ئەم کێبڕکێیەیە و کەناڵی ئاسمانیشی بۆ کردوونەتەوە! ئەمەش لە دوا ئەنجامدا گەشە پێدەری ئەو ژینگە کۆنەپەرستیـیەیە کە سوکایەتی کردن بە کەرامەتی ئازادیخوازان و ژنان و فتوای توندوتیژی بەدژیان لە مینبەر و میدیاکانیانەوە پەرە پێدەدات و ڕەشەکوژی ژنان و دەستبردن بۆ تیرۆری ئازادیخوازان و دژبەرانی فکری و سیاسی لەناو کۆمەڵگەدا دەکاتە کارێکی ئاسایی.
لێرەدا پرسیارێکی تریش دێتە ئاراوە کە بۆچی ئەو حزبانە، بە دەسەڵاتدار و بە ئۆپۆزیسیۆنیانەوە، ئەم ڕێگەیان گرتۆتەبەر و نایانەوێت ڕێگەی لایەنگری لە بەرەی ئازادیخواز و جەماوەری زەحمەتکێش بگرنەبەر دژی ئەو بەرە کۆنەپەرستیـیەی کە ئێستا هاوبەرژەوەند و هاوپەیمانیانن؟ دەوترێ کە بەرپرسانی حزبی و حکومی، عەقڵیـیەتێکی دواکەوتووی شاخ و عەشایەری و بنەماڵەیی و ئایینیان هەیە.
ئەمە ئەگەر بە ڕواڵەت بۆ حزبەکانی دەسەڵات مەعقول بێتە پێش چاو، بەڵام ناتوانێت لێکدانەوەیەک بێت بۆ ئۆپۆزیسیۆنێکی ناسیوناڵ لیبڕاڵ، کە مێژووی شاخ و عەشایەر و بنەماڵەی نیـیە، کەچی ناشیەوێت وەک ئۆپۆزیسیۆنێک ئەمە بکاتە خاڵێکی لاوازی دەسەڵات لە دژایەتی کردنیدا بۆی، بەپێچەوانەوە، وەک ئاماژەمان پێداوە کێبڕکێش دەکات بۆ کێشکردنی ئەم بەرە کۆنەپەرستیـیە ئیسلامیـیە بۆلای خۆی.
بۆیە ئەمە سیاسەت و ڕێبازێکی ئاگاهانە و هەڵقوڵاوی بەرژەوەندی چینایەتی؛ ئابووری و سیاسی واقعیـیە، کە لە لایەن حزبەکانی دەسەڵاتەوە هەم بە دامودەزگای داپڵۆسێنەر و سەرکوتگەر بەرگری لێ دەکەن، هەم بە هاوپەیمانەتی و سازشکاریان لەگەڵ بەرەی کۆنەپەرستی ئیسلامی، و هەم بە “عەقڵیەتی شاخ” و هێزی حزبی و بنەماڵەیی و عەشایەرییش، وە لە لایەن ئۆپۆزیسیۆنی لیبراڵییشەوە بە عەقڵیەتی مۆدێرنی بورژوازیانەی شاری.
ئەم واقعیەتە کاتێک بەڕوونی دەردەکەوێت کە سەرنج بدەینە کۆمەڵگەی کوردستان، دەبینین دوو کەرت بووە. لایەکی ئەم کۆمەڵگەیە کەمینەیەکی دەسەڵاتداری خاوەن حکومەتی هەرێم و خاوەن پشک لە حکومەتی ناوەندیـیە، خاوەن ملیشیا و دادگا و ئاسایش و دەزگای سیخوڕی و میدیایەکی زەبەلاح و مۆنۆپۆلکەری بازرگانی و زەویوزار و پڕۆژە ئابووریـیەکان و خاوەن ملیار و ملیۆنەها دۆلارە، خاوەن هاوبەرژەوەندیـیە لەگەڵ دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە و وڵاتانی ئیمپریالیستی ڕۆژئاوا و ئەمریکا.
لایەکیش زوربەی هەرە زۆری جەماوەری خەڵکی کوردستانی عێڕاقە، کە بێکاری و هەژاری داسەپاوە بەسەریاندا و بەدەست کەمی خزمەتگوزاریـیە سەرەتایـیەکانی ژیانی وەک ئاو و کارەبا، داودەرمان و خەستەخانە، خوێندن و خوێندنگا و خراپی ڕێگاوبانەکانەوە دەناڵێنن، و نەک موچە کلکوگوێ بڕاوەکانیان دوادەکەوێت و ساڵانە چەند موچەیەکیان لێ دەبڕدرێت، بەڵکو مناڵەکانیشیان دەبێ خۆیان ئامادە بکەن تا ئەو (٣٢) ملیار دۆلارەی کە حکومەتی هەرێم قەرزدارە، وەک باجی سەر ژیان و ئایندەیان تەحەمولی بکەن، کە ساڵ بە ساڵیش قەرزەکە بە سود و فایدە و زیاتر و زیاتر دەبێت.
لەبەرامبەر ئەم بارودۆخەشدا وەنەبێ خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و ئازادیخوازان بێدەنگ و دەستەوستان بووبن، بەڵکو هەمیشە لە ناڕەزایەتی دەربڕین و مانگرتن و خۆپێشاندان و ڕاپەڕیندا بوون، و نەک هەر وەڵامی خواستەکانیشیان نەدراوەتەوە، بەڵکو بە ئاگر و ئاسنیش ناڕەزایەتیـیەکانیان سەرکوتکراوە، هەڵسوڕاوان و چالاکوانیشیان لێ دەسگیرکراوە، بە ڕۆژنامەنوسان و نوسەرانی ئازادیخوازیشەوە.
لێرەوە بەرتەسککردنەوەی ئازادی ڕۆژنامەگەری و دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنوسان و میدیاکاران بەشێکی ئەم کێشمەکێشە چینایەتیـیەیە کە دەسەڵاتی بورژوا قەومی فەرمانڕەوا لە ڕێگەیەوە دەیەوێت لە قاڵبی بدات و بە سەرکوتکراوی ڕایبگرێت و نەهێڵێ بتەقێتەوە بەڕوویدا وەک ڕاپەڕین و شۆڕش.
نەک هەر ئەمەش بەڵکو کێشمەکێشی حزبەکانی ڕەوتی ئیسلامی سیاسی و ئۆپۆزیسیۆنی ناسیوناڵی لیبڕاڵ بەڕوویاندا، لە لایەنێکیدا لەسەر چۆنیـیەتی بەهرەبەرداری و دەستبەسەراگرتنی ناڕەزایەتیـیە کۆمەڵایەتیـیەکان و شەپۆلی خۆپێشاندان و ڕاپەڕینی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و لاوانی کچ و کوڕی بێکار و بێ ئایندەکراوە، تا بەجۆرێک ئاڕاستەبکرێت کە لایەک دوور بخرێتەوە لەوەی گشت ئەم سیستمە ئابووری – کۆمەڵایەتیـیە و دامەزراوە سیاسییەکەی لە پەرلەمان و حکومەتی هەرێم بپارێزێت لە لافاوی نەفرەتی جەماوەری ڕاپەڕیوو، وە لە لایەکی تریشەوە لە ڕێگەی سواربوونی شەپۆلی ناڕەزایەتییەکانەوە بتوانن نەک هەر وەک “بزووتنەوەی گۆڕان” پشکێشیان بەرکەوێت لە دەسەڵاتدا، بەڵکو بەنیازن تەواوی دامودەزگای سەروو ئیرادەی ئەم جەماوەرە، لە پەرلەمان و حکومەت بگرنە دەست خۆیان.
بەڵێ پایەی مادی و کۆمەڵایەتی ئەم داسەپاویـیەی کۆنەپەرستی و سەرکوتگەریـیە بەسەر ئەم هەرێمەدا، ئەم کەرتبوون و ناکۆکییە چینایەتییەیە. مانەوەی فکر و ئایدیا و نەریتی دواکەوتوانەی سەدەکانی ڕابڕدوو، پایەێکی مادی کۆمەڵایەتی؛ دەرەبەگایەتی و کۆیلایەتی و عەشایەری ئەوتۆی نەماوە کە لەسەری بوەستێت و دووبارە بەرهەمی بهێنێتەوە، ئەمانە بۆیە ماونەتەوە، چونکە بەرژەوەندی چینی دارای کوردستان، مانەوەی دەسەڵاتە بورژوا قەومییە ئیسلامییەکەی لەم هەرێمە، و هاوئاهەنگییەکەشی لەگەڵ ستڕاتیژی بورژوا ئیمپیریالی جیهانی و دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە، پێویستی پێیانە کە بەردەوام دووبارە بەرهەم بهێندرێنەوە.
بەم پێیە ئەو ژینگەیەی کە تیرۆر دەتوانێت تیایدا درێژە بەخۆی بدات ئەم واقعە چینایەتیـیە سیاسیـیەیە لە کوردستان، بۆیە لە ڕوانگەی مارکسیزم و بەرژەوەندی چینی کرێکارەوە، خەبات بۆ سنوردارکردن و کۆتاییهێنان بە تیرۆر و توندوتیژی، وەک پرێنسیپ و ستڕاتیژ، بەستراوەتەوە بە نەهێشتنی ئەو ژینگەیە کە سەرمایەداری و دەسەڵاتی بورژوا قەومیـیە.
واتا گرێیخواردووە بە سەروساماندان بە خەباتی چینی کرێکار و زەحمەتکێش دژ بە چینی بورژوازی و دەسەڵاتەکەی، گرێیخواردووە بە ئاسۆدارکردنی ئەم خەباتە بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات و دامەزراندنی حکومەتی کرێکاری، کە ئەمەش بە دەوری خۆی وەڕێخستن، بەهێزکردن و ڕێکخراوکردنی بزووتنەوەیەکی سۆشیالیستی بەهێز دەخوازێت لە دەرونی ئەم کۆمەڵگە سەرمایەداریـیەی کوردستان، کە لێکهەڵپێکراو بێت بە چینی کرێکار و ڕێکخراوە و سەندیکا و یەکێتیـیە کرێکاریـیەکان و ڕێکخراوەی فێمێنیستی ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش و لاوان و گەنجانی سۆشیالیست و یەکانگیریش بێتەوە لەگەڵ هەمان بزووتنەوە لە سەراسەری عێڕاقدا.
گرتنەبەری ئەم ستڕاتیژە کۆمۆنیستیـیەیە، کە دەبێتە پاشەکشەکردن بە نفوز و هەژموونی فکری و سیاسی و عەملی بزووتنەوە جۆراوجۆرەکانی بورژوازی؛ چ ئیسلامی سیاسی کۆنەپەرست و تیرۆریزمەکەی، چ ناسیونالیزمی دەسەڵاتدار و سەرکوتگەرییەکەی، چ لیبرالیزمی قەومی ئۆپۆزیسیۆن و ڕیفۆڕمە پوچەکەی. وە بەگشتی بارودۆخێک لە کۆمەڵگەدا دێتە ئاراوە کە ئەو بزووتنەوە بورژوازیانە و حکومەت و دەسەڵات و حزب و گروپ و دەستەجاتەکانیان پەلبەستوو دەکات، تا نەتوانن دەستدرێژی بکەنەسەر ماف و کەرامەتی خەڵک و تیرۆر ئەنجام بدەن.
کۆتایی حوزەیرانی ٢٠٢٣