حه‌میده‌فه‌ندی، شیعر و شۆڕش.. یاسین برایم
(65) ساڵ به‌ر له ئه‌مڕۆ، شیعرێك له گۆڤاری هه‌تاو، له ژێرناوی (میرم با به‌س بێ1)، به قه‌ڵه‌می گه‌نجێكی برادۆستی به ناوی (حه‌مید حوسێن مه‌لا سیده‌كانی2) بڵاوكراوه‌ته‌وه. شیعره‌كه (16) دێڕه. ڕه‌نگه ئه‌م شیعره له خه‌یاڵ و زمانی كه‌سمان نه‌بێت و شیعرێكه و له‌نێو گۆڤارێكی كوردی به تاقانه‌یی ماوه‌ته‌وه. به كوردییكی جوان و ڕه‌وان نووسراوه، ساده وه‌ك دڵی ئه‌و مرۆڤه. لهنێونیشانی شیعره‌كه ئه‌مه دیاره، ئاڕاسته‌ی میر (پاشا و گه‌وره‌ی وڵات) كراوه. وه‌ك نزایێكه و داواكاریێكه له شێوه‌ی شیره‌ت، تێیدا باس له زوڵم و گرتن و كوشتن و تاوان و چه‌وساندنه‌وه‌ی میلله‌تی كوردی هه‌ژار ده‌كات. له ڕێگه‌ی په‌یڤه‌وه، دیوێكی ناشیرینی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و سه‌رده‌مه ده‌خاته ڕوو. شیعره‌كه چه‌ند هه‌فته‌یێك پاش ڕووخانی ڕژێمی پاشاییه‌تی نووسراوه. به‌شی زۆری شاعیرانی ئه‌وكات شیعریان بۆ ئه‌و ڕۆژه نووسیوه و هه‌ستی خۆیان ده‌ربڕیووه. به نه‌مانی ڕژیمی پاشایه‌تی و هه‌ڵهاتنی خۆری ئازادیی (عه‌بدولكه‌ریم قاسم)یان له قه‌ڵه‌م داوه. ئه‌و شیعره‌ش ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و ڕووداوه ڕه‌شه‌یه، كه تێیدا كۆتایی به ڕژێمی پاشایاتی دێت. بیری زۆربه‌یان وابوو ئیدی له‌مه‌ودوا، وڵات به‌ره‌و خۆشی و ئازادی و ئارامی و یه‌كسانی و كهشوههوایێكی سیاسی و كاتی به‌ده‌ست ده‌هێت و خه‌ڵكی عێراق ده‌حه‌سێته‌وه؛ وه‌لێ ده‌سه‌ڵاتی دوای ئه‌ویش، له‌سه‌ر هه‌مان ڕێچكه‌ی جاران ڕۆیشت و بگره ڕه‌شتر و خوێناویتر و ماڵوێرانیتر ده‌رچوو. له‌م شیعره گله‌یی ده‌كرێ و ڕه‌خنه ده‌گرێ له (به‌گ)ێكی نه‌خوێنده‌وار، ده‌بێته ئه‌ندامی په‌ڕله‌مانی عێراق، ڕه‌نگه ئه‌م به‌گه ههركوردی خۆمان و ده‌ڤه‌ری خاوه‌ن شیعره‌كه بێ. له دوای دروستبوونی ده‌وڵه‌تی عێراق، به‌شی زۆری كه‌سانی ده‌ستڕۆیشتوو و ئاغا و به‌گ و شێخ و سه‌رۆك خێل و عه‌شیره‌ت، ده‌كرانه ئه‌ندامی په‌ڕله‌مان. ئه‌م دیارده و كولتووره ناشیرین و نه‌خوازراوه، له‌سه‌رده‌می ئێسته‌ش بره‌وه‌ی هه‌یه. له‌م شیعره سێ كه‌سی ده‌سه‌ڵاتدار ناویان هاتووه. كهسیێك وه‌ك مه‌لیك، مه‌به‌ستی مه‌لیك فه‌یسه‌ڵی دووه‌مه3. پاشایه‌كی بچكۆڵ و نه‌زان و ساویلكه و بێده‌سه‌ڵات. (وه‌سی4)، خاڵی پاشا و (نووری سه‌عید5)ی سه‌رۆكوه‌زیرانی ئه‌وكاته‌ی ڕژێمی عێراق. ڕه‌خنه‌ی تووندیان لێ ده‌گرێت و له‌كاتێكدا ئه‌و سێ كه‌سه له ژیان نه‌ماوون. شیعرێكی ساده‌یه و هی گه‌نجێكی كوردپه‌روه‌ره، بوێرانه ده‌ئاخڤێ و حه‌قگۆ و ڕاست و جوان و پڕ هه‌ڵوێست. دواتر ده‌چێته به‌ره‌ی گه‌له چه‌وساوه‌كه‌ی و به (قه‌ڵه‌م و تفه‌نگ) و سه‌نگه‌ر له دژی زوڵم و داگیركاری و ناحه‌زانی كورد ده‌گرێت، تا ده‌مرێت ئه‌م سه‌نگه‌ره جوان و پیرۆزه چۆڵ ناكات و بگره پیرۆزتر و پته‌وتریش ده‌كات، تا چۆك به دوژمنان داده‌نێت. ڕاستییه‌كه‌ی. هه‌ڵوێستی جوانی ئه‌م شیعره له كار و كرده‌وه‌ی ئه‌و مرۆڤه ڕه‌نگیداوه‌ته‌وه. تا ژینئاوایی، له‌به‌ره‌ی گه‌له چه‌وساوه‌كه‌ی ده‌بێت. ئه‌و نه‌بوو به شاعیر و خاوه‌نی دیوان. نه‌بوو به شاعیری ڕژێم و ده‌سه‌ڵاتداران و ده‌ربار و دیوانی ئه‌وان گه‌رم بكات. ئه‌و ڕاستگۆ بووه له گه‌ڵ خودی خۆی، كه نه‌یتوانیوه ئه‌سپی خۆی له مه‌یدانی شیعر تاوبدات، وازی هێناوه. چیدیكه‌ی نه‌نوسیووه و چ ڕسته و وشه و دێڕه شیعڕیكی ئه‌و، ناچێته نێو چ گۆڤار و ڕۆژنامهیێك. له چ كۆڕێك شیعر ناخوێنێته‌وه و كه‌س به شاعیر نایناسێت و هه‌ر ئه‌م شیعره‌ی له گۆڤاری هه‌تاو به‌رچاو ده‌كه‌وێت، به‌هره و ئیلهام و هه‌تاوی شیعری ئه‌ویش بۆ هه‌میشه ئاوا ده‌بێت.
” من له نێزیكه‌وه ئاگاداری ژیان و كار و چالاكییه‌كانی ئه‌وم، به‌س ئه‌و شیعرهیهی نووسیوه و چ شیعرێكی دیكه‌ی نییه، ئه‌وكات من له پۆلی یه‌كه‌می ناوه‌ندی بووم له ڕواندز له ساڵه‌كانی 1959 و 1961، پێشتر ئه‌ویش له ڕواندز بوو و شیعره‌كه‌شم خوێندووته‌وه و منیش ئه‌وكات شیعرم ده‌نووسی و ئیستاش هه‌مه، به‌س له‌گه‌ڵ هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی ئهیلوول، مامۆستا بووه پێشمه‌رگه و چ شیعر و نووسین و شتی دیكه‌ی نییه و دابڕا و چووه شاخ، به‌س كه‌سێكی ڕۆشنبیر و شاره‌زا و فه‌رمانده‌یێكی لێهاتوو و ئازا بوو ئه‌وه لای خه‌ڵك ئاشكرایه.6″
ئه‌و مامۆستا كوێستانییهی نه‌بوو به شاعیر، وه‌لێ بووه نموونه‌یێكی جوان، شۆڕشگێڕێكی بوێر و ناسراو و پڕ سه‌روه‌ریی و به‌رخودانی مه‌زن. بۆ به‌ده‌ستهینانی ماف و ئازادی و داد و یه‌كسانی، به‌رگری له خاكه ژیردهستهو میلله‌ته چه‌وساوه‌كه‌ی ده‌كات. ژیانێكی ساده و خاكیی و به‌هادار هه‌ڵده‌بژێرێت. له شۆڕشدا، وه‌كوو شۆڕشگێڕێك و پهروهردهكاریكی پر هه‌ڵوێست و دڵسۆز و نه‌وه‌یێكی چاونه‌ترس و سه‌ربڵند وه‌ك هه‌ڵگورد په‌روه‌رده ده‌كات. فهرماندهیێك ده‌بێته ڕێچكهشكێن بۆ خه‌بات و قوربانیی و به‌ده‌سهێنانی ئازادی و ڕزگاری و مافه ڕه‌واكانی گه‌لی كورد.
شیعره‌كه، بۆ جوانی یار و خۆشه‌ویستی و ژوان نییه. بۆ نیشتیمانیكه، ئه‌و وه‌ك ئاشقێكی وه‌فادار، له پێناوی قوربانیی ده‌دات. ئه‌و ده‌بێته هۆگری شاخ و لووتكه و به‌رد و كانیاو و ئه‌شكه‌وت و گرد و نهالهكان، ده‌یكاته ژوانی هه‌میشه‌یی. ئه‌شق له پێناو نیشتمان و ئازادی. وه‌ك هێمن هاوارده‌كا:
ئاشقی چاوی كه‌ژاڵ و گه‌رده‌نی پڕ خاڵ نیم
ئاشقی كێ‌و و ته‌لان و به‌نده‌ن و به‌ردم ئه‌من7
ئاشقی نانه ڕه‌قه و شۆڕشێكی ماندوو و هه‌وای ئازادی و هه‌ڵۆی لووتكه‌كان ده‌بێت و باوه‌شی گه‌رمی نیشتمان به‌رنادات. ئه‌و نه‌بوو به شاعیر، بوو به شۆڕشگێرێك له چه‌شنی گیڤارا.
میرم با به‌س بێ كـــــــــــــــــاری زۆرداری
كرده‌وه‌ی پیس و ئیـــــــــــــــــشی به‌دكاری
به‌سه واز بێنه له پیــــــــــــــــــــــاوی هه‌ژار
ڕه‌ش و ڕووت مه‌به بۆ سوخره‌و بێگار
نه‌ماوه ده‌وری كوشــــــــــــــــــــتن و برین
ڕێگری و چه‌ته یاخۆ مـــــــــــــــــــاڵ دزین
به‌سه واز بێنه تۆ له خــــــــــــــــوێن مژی
پیاوت مه‌نێره، گا جــــــــــــــووت بكوژی
گه‌ر تۆ ئیــــــسلامی به‌خۆت ده‌ڵێی میر
چۆن هێرش ئه‌به‌ی بۆمــــــــــــاڵی فه‌قیر
گه‌ر پیاوی چاكــــــــــــــی خاوه‌نی ئایین
چۆن حه‌ق وه‌رئه‌گرێ تۆ له مێش هه‌نگوین
به‌گم له پیشه‌ت بهســـــــــــه وه‌ره خوار
تۆش ڕووخای ئه‌مجا له‌گه‌ڵ ئیستعمار
ئه‌و ڕۆژه شكا، پـــــــشتی ئێوه‌ی به‌گ
نوری و وهسیان ڕ‌اكێشا وه‌ك سه‌گ
جارێكی دیكه تۆ به چــــــــــــــــــــــاوانت
نابینیته‌وه جێگه‌ی جــــــــــــــــــــــــــــارانت
هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سهرمـــــــــــــایهداری
دوژمنی كورد و چـــــــــــــینی هه‌ژاری
یا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ســــــــه‌ر ســـنوری
جاســــــوسی بكه‌یت له‌بۆ مام نوری
كه‌ی ئه‌بێ نائب، نهخــــــــوێندهوار بێ
هه‌ر ئاغا و به‌گ و پیاوی زۆردار بێ
خاوه‌ن دێهات و چــــه‌ك و دینار بێ
له‌بۆ حكومه‌تی، وه‌ك خـــــزمهتكاربێ
ئا به‌م شێوه‌یه، مه‌لیك بۆی نووسی
بیكه‌ره نائب، ئه‌ی خـــــــــــــــاڵه وه‌سی
قوڕت بهســـــــــــــــــــهری نامه گیراوه
بۆ كوێ ده‌ر ئه‌چی له‌م به‌ند و باوه
هه‌موو ده‌زانن، دهســـــتهی جمهوری
نائیبهتی تۆ‌و پیلانی نـــــــــــــــــــــــــوری
یاسین برایم _ ڕواندز
——————————-
په‌راوێز و سه‌رچاوه‌كان.
- گۆڤاری هه‌تاو، ژماره (144). 30/11/1958، ساڵی پێنجه‌م.
- حه‌مید حوسێن حه‌مه‌د (حه‌میده‌فه‌ندی) (1934_2023), ده‌رچووی په‌یمانگه‌ی مامۆستایانی هه‌ولێر، له گوندی دێلزیان ده‌بێته مامۆستا و دواتر ده‌بێته به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌ی سیده‌كان؛ له‌گه‌ڵ هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی ئهیلوول ده‌بێته پێشمه‌رگه و چه‌ندان پله‌ی جۆراوجۆر ده‌برێت و تا ده‌بێته وه‌زیری پێشمه‌رگه. زمانی ئینگلیزی و عه‌ره‌بی و فارسی باش زانییوه. فه‌رمانده‌یه‌كی دیار و كه‌سێكی كوردپه‌روه‌ر بووه.
- مه‌لیك فه‌یسه‌ڵی دووه‌م (1935_1958)، ته‌مه‌ن 23 ساڵ. كه‌مئه‌زموون و بێده‌سه‌ڵات.
- عه‌بدولئیلاهی وه‌سی (1909_1958) خاڵی مه‌لێك فه‌یسه‌ڵی دووه‌م بوو، زۆر خراپ و زوڵمكار بوو، دواتر گرتیان و له گۆڕهپانیكی شاری به‌غدا هه‌ڵیانواسی و دواتر پارچه‌پارچه‌یان كرد.
- نووری سه‌عید (1888_1958) له (1030_1958) سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق بوو بۆ ماوه‌ی 28 ساڵ حوكمی كرد و 14 جار بووه سه‌رۆكوه‌زیران و له كوده‌تایه‌كه‌ی 14ی تهمووز به جلی ژنان گیرا و كوشتیان.
- فه‌رزنده ئه‌فه‌ندی حوسین، 1945، سیده‌كان، خانه‌نشین به پله‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی، هه‌ولێر، 7/3/2023.
- ديوانی هێمن موكریانی، شیعری كوردم ئه‌من، به‌هاری 2708، ل89.
- له ڕۆژنامه‌ی خه‌بات، ژماره(6490)، 27/3/2023 بلاوكراوه‌ته‌وه.