Skip to Content

ئێوارانە ٩.. سەردار جاف

ئێوارانە ٩.. سەردار جاف

Closed
by كانونی دووه‌م 12, 2023 General, Poems

کاتژمێرەکەم چارەکی دەوێ بۆ خۆرئاوابوون
نيشتيمانی ئێوارە لێمئاڵاوە
هزرم بەرەو پانتایی بارانێک دەبا…
هەموو دەمەدەمی ئێوارانێ لە بن ساباتيشەوە تەڕتەڕم دەکا
ژوانی تابلۆکان رەنگاوڕەنگن بە خەندەيەکی فرمێسکاوييەوە لە غەفڵەتی ياخی بوونم دەنێ،
ئیدی وڕوگێژم شەونمی شەهلایی کەڕم دەکا
لە نيوە جەستەی خۆرا بەر لە ئاوابوون، رۆحم دەبێتە مەلێک و بە سەر چاوە قاوەييەکانيا ژوانی ئيشق دادەبەستێ
نازانم باڵ دەگرم يا باڵەکانم دەقرتێنن وا بۆ نيگايەکی يار تابووری قەتاربەستنی کڕنووش بردن کەوتۆتە بەر مەقەستێ
لە نيوە جەستەی خۆرا بەر لە ئاوابوون، کەس وەک من ئاشقی سپێتی ئاسمان نابێ، کە مەيلم وڕکی بۆ دەگرێ و شيوەنی ئێوارانم لێ هەڵدەستێ
نوێژەکانی ئيشق وەبير دێنمەوە بۆ خوماری رووخساری ئەو دڵ سەراسيمای سارايە دەچمەوە خەڵوەتی مەستێ
لە نيوە جەستەی خۆرا بەر لە ئاوابوون، ئێوە نوێژی تاعەتی شيوەن دەکەن، من ماچی لێوەکانی دەمگەزێ
گريانێک هەيە و دەبێتە ژانر و ناوی تۆ لە خۆ دەنێ و ديوارێکی بلۆکين بۆ هەستم هەڵدەبەستێ
لە نيوە جەستەی خۆرا بەر لە ئاوابوون، بۆ زەردەپەڕی ئاوابوون دەگريم، نابا رۆژێ دابێ و ئەو وەک خۆر هەڵپەڕکێی ئاوابوون دابەستێ
سێبەرەکەم غەريبی سەفەرێ دەکا و لە تەک تێکەڵبوونی نيگاکان، بە حەسرەتەوە هەنسک دەدا بۆ ئاوێزانێ گەرم وخەستێ ….
تۆ لە کوێی…؟ وا لێم ياخيت و تارماييت نابێتە خێوێک و ناچێتە جەستەم و لەنگەر بگرێ رابوەستێ
ئێرە مەملەکەتی من و تۆيە خۆشەويسترين کەسم هەی کەسەکەم

ئەڵمانيا
١٢/ ١ / ٢٠٢٣

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish