
بەچەندچالاكییەك یادی 48ساڵەی دامەزراندنی تیپی مۆسیقای پاشای گەورە كرایەوە.. ئا- كامەران حاجی ئەلیاس
كاتێ باس لە ئاواز و گۆرانی كوردی دەكرێت یەكێك لەو تیپانەی كە رۆڵی هەبووە لە پێشڤپەچوونی كاروانی مۆسیقای كوردی تیپی موزیكی پاشای گەورەییە ئەمرۆ سێشەممە 1ی7ی2025 (48) ساڵ بەسەر ئەوتیپە تێپەر دەبێت بەم بۆنەیەوە لە شاری راواندز چەند چالاكییەك بەرێوە چووكە،هاوكاتە لەگەڵ لەدایك بوونی دامەزرێنەری تیپ مۆسیقای پاشای گەورە رابەری هونەری مامۆستا (زرارمحمەد مستەفا) .
لە هەوارگەی شنگلبانە لە شاری ڕواندز،بەئامادەبوونی هونەرمەندان و هونەردۆستان و جەماوەرێكی زۆر لەلایەن كۆمەڵەی هونەر و وێژەی كوردی لقی ڕواندز، لە ساڵیادی لەدایكبوونی ڕابەری هونەر (زرار محەمەد مستەفا) و دامەزراندنی تیپی مۆسیقای پاشای گەورە، پانێڵێكی هونەری و ڕۆشنبیری بەرێوە چوو.
سەرەتای یادەكە ،سێ پانێل پێشكەش كران یەكەمیان بە ناوی (تایبەتمەندیە هونەرییەكانی تیپی پاشای گەورە لە ڕوانگەی رابەری هونەر “زرار محمەد مستەفا) لەلایەن د. ئامانج غازی پێشكەش كرا،پانێلی دووەم بە ناوی ((ڕۆڵی تیپی مۆسیقای پاشای گەورە لە ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتیی باشووری كوردستان) لەلایەن د. بژار عوسمان پێشكەش كرا، وە پانێلی سێیەم لەژێر ناوی (ئاوڕێك لە بزاوتی ئەدەبی كۆمەڵەی هونەرو وێژەی كوردی لقی رواندز) لەلایەن یاسین برایم پێشكەش كراپانێلەكەش لەلایەن زینل خێری بەرێوە چوو.
لە میانی پانێلەكە بەشێك لەئامادەبووان بە چەند تێبینی و پرسیار بەشداری بوون.
هەر لەم چالاكییە دوو كتێب ناساندنی بۆ كرا، لەوانە توێژینەوەیێك بە ناوی (ڕۆڵی تیپی مۆسیقای پاشای گەورە لە ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتیی باشووری كوردستاندا ١٩٧٧-١٩٩٦) لە لایەن (هێلین یاسین) و (زەینەب حاجی عەوڵا) كە دوو دەرچووی بەشی مێژووی ئاداب – زانكۆی سۆران نووسراوە. كتێبی دووەم (شامارێ پەریا. ئەفسانەكی كوردییە بە شێوەئاخاوتنی ڕواندزێ) لە لایەن (یاسین برایم) قوتابی ماستەر لە كۆلێژی ئادابی زانكۆی سۆران، پێشكێشی مامۆستاكەی كردووە، وەك وەفاداری و ڕێزێك بۆ ماندوبوون و دڵسۆزی و ئەو خزمەتە زۆرەی پێشكەشی بە هونەری كوردی كردووە.
سەرجەم چالاكییەكان لە هۆڵی حوزنی موكریانی لە هەوارگەی شنگلبانە بەسپۆنسەری (حازم كوردە) خاوەنی شنگلبانە بەرێوەچوو .
شایانی باسە لە ١٩٧٧/٧/١، لە سەر دەستی مامۆستای پایەبەرز ھونەرمەند (زرار محەمەد مستەفا) تیپی مۆسیقای پاشای گەورە ھاتە دامەزراندن و رۆڵی بەرچاوی ھەبوو لە خزمەتكردنی ھونەری ڕەسەنی مۆسیقا لە شاری رواندز و تەواوی كوردستان.
ئەم ھونەرمەندە لەسەر توانستی خۆی بێ ئەوەی كەسێك یان لایەنێك ھاوكاری بكات توانی پۆلێ لە ھونەرمەندانی میوزیك پێیگەێنێت، كە ئێستا رۆڵی بەرچاویان ھەیە لە گۆڕەپانی ھونەری موزیكی كوردستان.
بەڵێ ٤8 ساڵ بەر لە ئەمڕۆ ئەم تیپە هاتە دامەزارا ندن ،توانی لە ماوەیەدا چەندین شاكاری هونەری پێشكەش بكەن و چەندین ھونەرمەندی وەك (سەید ئەحمەد ڕواندزی، سیروان سیرینی، شێرزاد حەیدەری، چەتۆ نەورۆز، ئامانج غازی، فاروق باپیر، زینل خیری، ئەحمەد شێخە..) چەندانی تر لەسەر دەستی ھونەرمەندی پایەبەرز( زرار محمد مستەفا ) پێگەیشتن.
ھەروەھا ئەم تیپە لەماوەی تەمەنی خۆیدا توانی چەندین كاری ھونەری ئەكادیمی و پێشكەش بكات و چەندین موزیكی جیهانی وەكو ئۆكێسترا پێشكەش بە ھەوادارانی میوزیك بكەن و چەندین گۆرانی بێژیش لەم تیپە بەرهەمەكانیان بڵاوبكەنەوە وەكو هونەرمەندان (وەلی دۆسكی، ئەحمەد مەندانە، ھاوتا ئەسعد، كاڵێ،ئەبوو بكری لزگی، ناسڕی رەزازی،سامان عومەر و سەلام، خدر بێجانی …) چەندانی دیكە.
سڵاو لە ئەندامانی تیپی مۆسیقای پاشای گەورە رۆحی مامۆستای كۆچ كردووی دڵسۆزی ھونەر ھونەرمەند” زرار محەمەد مستەفا” شاد بێت.
