Skip to Content

کتێبی تایبەت هەر بەڕاست تایبەتە.. یووسف ئیسماعیل

کتێبی تایبەت هەر بەڕاست تایبەتە.. یووسف ئیسماعیل

Closed
by ئایار 8, 2023 General, Literature


زۆرن ئەو کتێبانەی کە کۆمەڵێک وتە و دەقی زێڕین وەردەگێڕن و لەکتێبێکدا کۆی دەکەنەوە، بەڵام هەندێک جار وەرگێڕ تووشی کۆمەڵێک گرفت دەبێت کە لێی بێ ئاگایە. کاتێک خوێنەر لەگەڵ دەقەکان بەرەو ڕوو دەبێت تووشی کێشەی تێنەگەیشتن یاخوت هەست بەوە دەکات دەقێکی کامل و واتادار نییە، بەم شێوەیە نووسەر دوای چاپ دەکەوێتە گوومانەوە.
کتێبی تایبەت کە لە دیزاینێکی جوانی تایبەت نەخشێنراوە و بە دوو سەت و پەنجا لاپەڕە کەوتۆتە دەستی خوێنەران و خۆشەویستانی ئەدەب. لێرەدا نووسەر زانا خەلیل کە وەرگێڕانیکی تێل و تەسلی بۆ کردووە و هیچ دەقێکی لە وەرگێڕانی تەواو بێ بەش نەکردووە، و دیزاینی ناوەوەی کتێبەکەی پڕ بە پیستی دەقە زێڕینەکان داندراوە، کە پێکهاتووە لە بیست (٢٠) بەشی دەقی ئاڵتوونی کەسە ڕۆشنبیر و هونەرمەندو فەیلەسوف و نووسەری بەناوبانگی جیهانی، نموونە: ئەڵمانی ، فەڕەنسی ، یۆنانی ، ئەمەریکی ، ئێرلەندی ،سکۆتلەندی … هتد.. هەرە بەش تایبەتمەندی و بواری جیا جیا لە خۆ دەگرێت.
وەڕگێر تەواو کتێبەکەی ئامادەی دەستی خوێنەران کردووە. لە هەر بەشێکدا ناو و وێنەی کەسی و ڕێکەوتی لەدایکبوون و مردنی فەیلەسوف و بیرمەندەکەی تێدا باسکردووە، ورد بوونەوەی لەم کتێبە دەتوانن زۆر شت بەدی بکەن چونکە هەر دەقێک کە لەم ژیانە پێویسە بیزانین و سەرنجی بخەینە سەر کە زۆر وشەی مانادار پێکدەهێنێت.
لە کتێبی تایبەتدا وەرگێر لە پێشەکیەکەی دا بەرچاو ڕوونی دەدات بۆ خوێنەرانی و پاڵیان دەتێتە نێو دونیایەکی جیاواز کە لەبەردەم وتە بەنرخەکان بگەن و لە ژیانی ئێستادا بەرجەستەی بکەن.

هەندێک لە دەقەکانی کتێبی تایبەتدا….

• خەم لە کەسێک مەخۆ کە لە ناکاو
لەگەڵت دەگۆڕێ
لەوانەیە وازی لە نواندن هێنابێ و
گەڕابێتەوە سەر کەسایەتی حەقیقی خۆی.

• بەدەنگێکی نزم چاکە بکە
بەیانی کارەکەت بە دەنگی بەرز قسە دەکات.

• خۆشەویستی وەک قاوە وایە؛
ئەگەر زیادەڕۆیی بکەی لە خواردنەوەی ناهێڵێ بخەوی…..

• زەردەخەنە وشەیەکە
سەرەتاکەی باوکە و کۆتاییەکەشی دایک..

• هاوکاریم مەکە،
بەڵام ئازاریشم مەدە.
ڕقت لێم بێتەوە،
بەڵام وا هەڵسوکەوت مەکە
کە خۆشتدەوێم.
خۆشحاڵم مەکە،
بەڵام خۆشحاڵیشم لێـتێکـمەدە.

لەکتێبی تایبەت دا هەزارەها وتەی جوان و داڕێژراوی تێدایە کە هەموو ژانەرێک لە خۆیدا دەگرێت، تایبەت، تایبتە بە وتەی جوان و سەرسامکەر کە هەمیشە ئارەزووی ئەوەمان کردووە چۆن دەقە گرینگەکانی ئەم فەیلەسووف و زانایانە بەدەست بهێنن، لێرەدا هەمووی کۆکراوەتەوە و لەبەردەستی خوێنەردا ئامادەیە. کتێبی تایبەت لە وەشانی دەزگای کولتوورە و چاپی یەکەمی لە ساڵی ٢٠٢٢ دەرچووە لە چاپخانەی تاران.

• سەرچاوە لە کتێبی تایبەتەوە.

Previous
Next
Kurdish