Skip to Content

کارەساتی مردنی شلیر و سەرهەڵدانی بزووتنەوەی دژە دەستدرێژی.. وەرگێڕانی بۆ کوردی:کاوە عومەر

کارەساتی مردنی شلیر و سەرهەڵدانی بزووتنەوەی دژە دەستدرێژی.. وەرگێڕانی بۆ کوردی:کاوە عومەر

Closed
by ئه‌یلول 19, 2022 General, Opinion

دیمانە لەگەڵ حەمید تەقوایی
سازدانی دیمانە:خەلیل کەیوان


لەسەر بنەمای چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵە جەدید کۆکراوەتەوە
ڕوونکردنەوە: ئەم چاوپێکەوتنە پێش کوشتنی بە ئازاری مێهسا ئەمینی ئەنجام دراوە.
خەلیل کیوان: هەفتەی ڕابردوو شاری مەریوان شاهیدی کارەساتێکی مرۆیی بوو. شلیر ڕەسووڵی لە باڵەخانەیەک خۆی فڕێداوەتە خوارەوە و لە کاتی هەڵاتنی لە دەستدرێژیی یەکێک لەو چەقۆکێشانە گیانی لەدەستدا کە سنوورێکی سەلامەتیان لە ژێر پاراستنی حکومەتدا هەیە. لە وەڵامی ئەم ڕووداوەدا جەماوەرێکی زۆری خەڵکی مەریوان هاتنە سەر شەقام و پرسەی ناوبراویان کردە ڕێپێوانێکی سیاسی و ناڕەزایەتی. ڕۆژی دواتر ژماره‌یه‌ك له‌ ژن و پیاوی ئازادیخواز له‌ شاری سنه‌ کۆبوونه‌وه‌ و به‌و پلاكاردانه‌ی له‌ ده‌ستیاندا بوو و ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌ی كه‌ ده‌یانخوێندوه‌‌، په‌نجی تۆمه‌تیان بۆ یاسا دژه‌ ژنان و دژه‌ فێمینیستیەکانی حكومه‌ت ئاڕاسته‌ كرد. له‌ به‌رنامه‌ی ئه‌مڕۆدا چاو له‌ ریشه‌ی ئه‌م كاره‌ساته‌ و نه‌بوونی مافی ژنان له‌ كۆماری ئیسلامی و یاساكانی دژه‌ ژنان ده‌كه‌ین و هه‌روه‌ها چاوێك بە هه‌ڵوێستی خه‌باتکارانە و تێكۆشارانەی خه‌ڵكی مه‌ریوان ده‌خشێنین.
حەمید تەقوایی لەسەر یەکێک لە پلاکاردەکانی گردبوونەوە ناڕەزایەتییەکەی شاری سنە ڕستەیەکیان نووسیوو”بێ مافی ژنان هۆکاری دەستدرێژیکردنە سەر و کوشتنی شەرەف و خۆکوشتنە…”. چ پەیوەندییەک لە نێوان بێ مافی ژنان و تاوانە بێشومارەکاندا دەبینیت، لەوانە دەستدرێژیکردنە سەر و کوشتنی شەرەف و خۆکوشتنی ژنان؟

حەمید تەقوایی: بێ یاسایی ژنان لە ئێران ڕاستییەکی زۆر شۆککەرە، چونکە پرسەکە لە هەڵاواردنی ڕەگەزی تێدەپەڕێت. ئەوەی کە ژنان مافی جیابوونەوەیان نییە، مافی سەرپەرشتیکردنی منداڵەکانیان نییە، مافی گەشتکردنیان نییە بەبێ مۆڵەتی مێرد، کە هاوسەرگیری منداڵان لە ئێران یاساییە، و پرسی حیجابی ئیجباری و ئاپارتایدی سێکسی و هتد و هتد، هەموو ئەمانە لایەنی جیاوازی لەڕادەبەدەری نەبوونی مافی ژنانن لە ئێراندا، ئەوە کۆماری ئیسلامییە کە بە بەراورد لەگەڵ کۆمەڵگاکانی دیکە، تەنانەت وڵاتانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش ، کێشەکە زۆر قووڵتر و کارەساتبارتر دەکات.
ئەوەی کە هەموو ئەم ناعەدالەتیانە لە کۆماری ئیسلامیدا بەیەکەوە دەبەستێتەوە و کارەساتی وەک دەستدرێژی، کوشتنی شەرەف و خۆکوشتن و هتد لێدەکەوێتەوە، ئەوەیە کە لە یاساکانی ئیسلامیدا، لە ئەخلاقی ئیسلامیدا و لە فەلسەفەی ئیسلامیدا ژن بە کاڵایەکی سێکسی، کاڵایەکی وابەستە بە پیاو دادەنرێت . بەپێی ئاینی ئیسلام و یاساکانی حیکمەتی ئیسلامی، ئافرەت پێش هاوسەرگیری سەر بە باوک و برایەتی و دوای هاوسەرگیریش هی مێردەکەیەتی. هاوسەرگیریی ژن بەبێ ڕەزامەندی باوک ناتوانێت ئەنجام بدرێت، تەڵاقیش بەبێ ڕەزامەندی مێردەکەی ڕونادات، بەبێ ئیزنی مێردەکەی ناتوانێت گەشت بکات، یاسایی بوونی “هاوسەرگیری منداڵ ” کارەساتە، کە تەنانەت ڕێگە بە هاوسەرگیری لەگەڵ منداڵی خوار ٩ ساڵ دەدات ، هەموو ئەمانە ئاماژەن بۆ ئەمە. کە ژنێک لە کۆماری ئیسلامیدا و لە ڕوانگەی ئیسلام و یاسا ئیسلامیەکانەوە بە فەرمی کۆیلەیەکی سێکسییە و کاڵایەکی سێکسییە.
هەروەها پرسی دەستدرێژیش بەتەواوی لەم دەقەدا مانای خۆی دەبینێتەوە. تەنانەت فرەژنی و سیغە و ئەو ڕاستییەی کە لە ئیسلامدا ژن ناچار دەبێت ملکەچی مێردەکەی بێت، جۆرێکن لە دەستدرێژی سێکسی. سیغەوو ژنی کاتی یان هەمیشەیی پابەندە بە گوێڕایەڵی مێردەکەی بەپێی ئیسلام و یاساکانی حکومەت. لە کاتێکدا لە زۆرێک لە وڵاتاندا،لەو وڵاتانەی کە بۆن وبەرامەیەکی شارستانیەتیان لێبێت، سێکسی زۆرەملێ تەنانەت لە حاڵەتی هاوسەرگیریشدا بە دەستدرێژی سێکسی دادەنرێت. لە ئیسلامدا نەک هەر ملکەچبوون و گوێڕایەڵ بونی تەواوەتی ژنان پرەنسیپێکە، بەڵکو تەنانەت دەستدرێژیکردنە سەر کچە بچووکەکان لەژێر ناونیشانی هاوسەرگیری شەرعیدا ڕێگەپێدراوە و ئەو کچە بچووکانەش کە دەبنە قوربانی ئەم کارەساتە مافی ئەوەیان نییە سەرپێچی بکەن و… تەنانەت دوای گەیشتن بە تەمەنی باڵغبوونیش مافی بڕیاردانی جیابوونەوەیان نیە.
ئەمانە یاسای ئیسلامین. بۆیە پێویستە بگوترێ کە بێ بێ مافی ژنان لە ئێران بناغەکەی لەسەر ڕوانگەیەکی دیاریکراو دامەزراوە کە ژنان بە هاووڵاتی و یەکسان لەگەڵ پیاوان و بە مرۆڤی سەربەخۆ نازانێت، بەڵکو لە ژێر سەرپەرشتی پیاواندا دەیانزانێت و ژن وەک… موڵکی سێکسی پیاوان و ژنان وەک کاڵای سێکسی. ئەمە بنەمای کێشەکەیە لە ئێراندا، لەوانە بنەمای کێشەی دەستدرێژیسێکسی ، کە ئێستا زۆر باوە.

خەلیل کەیوان: کارەساتی وەک مردنی شلێر چەندین جار لە هەموو ئێراندا ڕوویانداوە، بەڵام بە دەگمەن ناڕەزایەتی گەورەیان لێکەوتۆتەوە. هۆکاری ئەم ڕادەیە لە ڕوونی و ئامادەیی خەڵکی مەریوان چییە؟ تایبەتمەندی ئەم ناڕەزایەتیە بە ڕای ئێوە چی بوو؟

حەمید تەقوایی: دەتوانم ئاماژە بە دوو لایەن بکەم.
یەکەم: بە مانایەک ئەمە ئاماژەیە بۆ کەش و هەوای گشتی ناڕەزایەتی لە هەموو کۆمەڵگادا. ئەمڕۆش خەبات لەدژی سزای لەسێدارەدان پێشهاتی نوێی بەخۆیەوە بینیوە و خەڵک و بنەماڵەی ئەو کەسانەی کە لەژێر سزای سێدارەدان هاتوونەتە سەر شەقامەکان و زۆر بە ئاشکرا ناڕەزایەتیان بەرامبەر خودی سزای لەسێدارەدان دەردەبڕن و نەک هەر دژی ئەم حاڵەتە یان ئەو حاڵەتە و سزای لەسێدارەدانی تایبەت. ئێمە پێشتر ئەم ئاستە لە ناڕەزایەتی مەیدانیمان لە دژی لە سێدارەدان نەبینیوە. خەباتی تری بەرفراوان لە ئارادان، وەک مانگرتن و ناڕەزایەتی کرێکارانی نەوت و پترۆکیمیایی، ناڕەزایەتی بەردەوامی خانەنشینان، مامۆستایان، خەبات دژی حیجاب و هتد، کە ڕەهەندی نوێی بە ناڕەزایەتییەکان لە بوارە جیاجیاکان بەخشیوە.
لەم دۆخە گشتیەدایە کە ئەمڕۆ ڕووداوێکی وەک مردنە ترسناکەکەی شلیر کە دەڵێی پێشتر چەندین جار ڕوویداوە، دەگۆڕێت بۆ پریشکی ئاگرێک وبێسە دەستێنێت و ئەم بزووتنەوەیە دروست دەکات.
خاڵێکی دیکە ئەوەیە کە شاری مەریوان خاوەنی مێژوویەکی تێکۆشانی بەرفراوان و کۆنە. هەموو جۆرە دامەزراوە و کۆمەڵە و ڕێکخراوێک لەم شارەدا چالاکن و خەبات بۆ ژینگە، خەبات بۆ مافی ژنان، خەبات لە پێناو مافی منداڵان، بەرەنگاربوونەوەی هەژاری، بەرەنگاربوونەوەی هەموو جۆرە بێ یاسایەک چالاکوانانی ئەم ناوچانە ڕێکخراون و بە شێوەیەکی هێرشبەرانەوو ڕادیکاڵ مامەڵە دەکەن. ئەم مێژووە لە شاری مەریوان بەقەد ژیانی کۆماری ئیسلامی کۆنە. ئەم شارە لە سەردەمی کۆچی مەریوان لە شۆڕشی ١٩٧٩ مێژوویەکی درەوشاوەی ناڕەزایەتی و تێکۆشانی هەیە. هەر لەسەر ئەم بنەمایەشە کە خەڵک بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە مردنی شلێر کۆدەکرێنەوە، جووڵە دەکەن و ناڕەزایی دەردەبڕن لە دژی بێ مافی ژنان.
بەم شێوەیە دوو فاکتەری کۆمەڵایەتی، کەشی گشتی ناڕەزایەتی لە هەموو ئێران و مێژووی هەڵمەتەکان و بە تایبەت چالاکی ڕێکخراو و ڕێکخراوە جۆراوجۆرەکانی شاری مەریوان، کۆبوونەتەوە و ئەم دۆخەیان خوڵقاندووە، کە بە بڕوای من دۆخێکی نموونەیی و مۆدێلێکە، بۆ خەباتکردن لە سەرانسەری ئێران و دژی هەموو کوێرەوەریەکانی خەڵک، لەوانەش دژی بێ مافیەکانی ژنان.

خەلیل کیوان: کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی مەریوان و سنە و ناڕەزایەتی بەربڵاوی ژنان لە سەرانسەری ئێران نیشان دەدات کە کۆمەڵگا بە پێوەندی بێ یاسایی نێوان ژنان و یاسا ئیسلامییەکان دەناسێت. کۆمەڵگا دەیەوێت لەوە تێپەڕێت. ئایا ژنان بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسا ئیسلامیانەی کە بە رۆیشتنی کۆماری ئیسلامی مومکینە، مافی یەکسانیان لەگەڵ پیاوان دەبێت؟ یەکسانی نێوان ژن و پیاو واتای چییە و چۆن بەدی دێت؟

حەمید تەقوایی: بە بڕوای من ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی و ڕزگاربوون لە یاسا ئاینییەکان هەنگاوێکی گەورە و چارەنووسسازە لە پێشکەوتنی بزووتنەوەی ژنان. بەڵام ئەمە تەواوی کێشەکە نییە، چونکە لە زۆرێک لەو وڵاتانەی کە حکومەتی ئیسلامی و یاسا ئیسلامییەکان زاڵ نین، هێشتا ژنان بە هاوڵاتی پلە دوو دادەنرێت و هەمان مافی پیاویان نییە. بەڵام وەک وتم ئەم هەڵاواردن و ناعەدالەتیانە لە ئێراندا لە ئاستێکی بەرفراوان و قێزەون و شۆککەردا باون چونکە یاساکانی حکومەت و دەوڵەت پاڵپشتی ئەم ناعەدالەتیانە دەکەن.
لە زۆرێک لە وڵاتان، تەنانەت لە وڵاتانی رۆژئاوایش، نەبوونی مافی ژنان و دەستدرێژیکردنە سەر ژنان، راستییەکە، بە شێوەیەکی سەرەکی بەهۆی کولتوری پیاوسالارییەوە، بەهۆی تێڕوانینی سێکسیستی بۆ ژنان، کە یەکێکە لە پرسەکانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی ژنانە لە زۆر وڵات، بەڵام لە ئێران، ئەمە پرسێکی حکومەتە و ئەوە یاساییە. کاتێک حکومەتێک چونە ژوورەوەی ژنان لە هۆڵە وەرزشییەکان قەدەغە دەکات، پاسکیل سواری ژنان قەدەغە دەکات، گۆرانی وتن لە ژنان قەدەغە دەکات، ژنان بە هۆکاری فەساد و وروژاندنی پیاوان دەزانێت، ئاپارتایدی سێکسی دادەمەزرێنێت و حیجاب دەکاتە ئیجباری تەنانەت بە دەنگی بەرز پێکەنین گۆرانی وتن وەك نیشانەی “بێ ئابڕویی”، دەزانێت كاتێك هەموو ئەمانە بەشێكن لە یاسا و ئەخلاق و فەلسەفەی سیاسیی حكومەت، ئەو كاتە ناكرێت بە كولتووری پیاوسالاری كێشەكە ڕوون بكرێتەوە. ئەمە پرسێکی حکومەتە، بابەتی یاساکانە، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ڕزگاربوون لە ئیسلامی دەسەڵاتدار و ڕزگاربوون لەم حکومەتە هەنگاوێکی گەورەیە لە ڕێگای ڕزگاری ژناندا.
بێگومان دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامی دەبێ زۆر ڕێوشوێنی ئەرێنی بگیرێتەبەر. یاساکان بێ مەرج دان بە یەکسانی ژن و پیاودا بنێن لە هەموو بوارەکاندا. لە ڕۆژئاوای ئێمەدا لە شەستەکاندا شۆڕشێکی سێکسی ڕوویدا، کە تا ڕادەیەکی زۆر مافی ژنانی بە یەکسانی بە پیاوان لە ڕووی پەیوەندی سێکسی و کەسی نێوان ژن و پیاو پێناسە کرد. پێویستە شۆڕشێک لەم بوارەدا لە ئێرانیشدا ڕووبدات. نەک هەر فرەژنی و سیغە و هتد بەتەواوی لە کۆمەڵگا دوور بخرێتەوە، بەڵکو ژن و پیاو مافی یەکسانیان هەبێت بۆ هەڵبژاردنی هاوسەر یان هاوبەشی ژیان. پێویستە دیاردەیەکی وەک دیاردەی هاوسەرگیری سپی بناسرێت. پێویستە سێکسی نێوان هەرزەکاران و گەورەکان پێش هاوسەرگیری بە فەرمی بناسرێت. هیچ خێزان و حکومەت و ئایین و هیچ دەسەڵاتێکی تر نابێت دەستوەردان لە پەیوەندییەکی سێکسی یەکسان و خۆبەخشانە لە نێوان ژن و پیاوێکی پێگەیشتوودا بکات. سێکس کەسی و تایبەتە. بۆ بەدیهێنانی ئەمەش پێویستە دەستوەردانی ئایین لە کاروباری شەخسی و پەیوەندییە تایبەتەکانی هاوڵاتیان قەدەغە بکرێت.
ئەمانە ئەو ڕێوشوێنە ئیجابییانەن کە دەبێ بگیرێنەبەر، بەڵام ڕوونە کە تا کۆماری ئیسلامی هەبێت، ئامانجی سەرەکی و بەربەستی سەرەکی، یەکەم سەنگەرێک کە دەبێ داگیر بکرێت، ڕووخاندنی ئەم حکوومەتە دژە ژنانەیە. ئەمە یەکەم هەنگاوە بە ئاراستەی یەکسانی تەواوەتی مافی ژن و پیاو لە کۆمەڵگادا. لە هەلومەرجی ئەمڕۆدا ئامانجی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک، حکوومەتی کۆماری ئیسلامییە، وەک لە خەباتەکانی خەڵکی مەریوان و لە هەموو شوێنێکی ئێراندا دەیبینم. پێویستە سەرەتا لە کۆماری ئیسلامی ڕزگارمان بێت تا بتوانین باس لە ئازادیی ژنان و یەکسانی ژن و پیاو بکەین.

خەلیل کەیوان: هەندێک پێیان وایە دەستدرێژیکردنە سەر ژنان کێشەیەکی جیهانییە. وە ڕەگ و هۆکاری ئەوەش ئەو پیاوسالاری و ڕوانگە سێکسیستیەیە بۆ ژنان کە لە هەموو وڵاتان دەیبینین. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ئێمە شاهیدی بزووتنەوەی “می توو”ین، کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا دروست بووە و هەروەها لە کەشوهەوای ناڕەزایی ئێراندا بەرز بووەتەوە. ئایا کێشەی دەستدرێژی لە ئێرانیش بە هۆی کولتوری پیاوسالارییەوە نییە؟ خەسڵەتەکانی بەرەنگاربوونەوەی دەستدرێژی لە کۆماری ئیسلامیدا چین؟

حەمید تەقوایی: هەروەک باستان کرد، لە وڵاتانی رۆژئاوا بزووتنەوەیەکی وەک “می توو” لە دژی دەستدرێژی دروست بووە. لە کۆتاییدا وەک لە پرسیاری پێشوودا ڕوونم کردەوە، جیاوازییەکی بنەڕەتی لە نێوان بارودۆخی ئێران و وڵاتانی دیکەدا هەیە. لێرەدا یاسا و ئەخلاق و نەریتی ئاینیی دەسەڵات و حکومەت دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر ژنان بڵاودەکەنەوە. سیغە و پرسی فرەژنی و حیجابی زۆرەملی ناچاری و ئاپارتایدی ڕەگەزی و ناساندنی ژنان وەک هۆکاری فەساد و هاندانی پیاوان لە ڕاگەیاندنە فەرمی و حکومییەکاندا هەمووی زەمینەن بۆ دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر ژنان. تەنانەت کۆماری ئیسلامی دەستدرێژیکردنە سەر منداڵانی بە یاسایی ناساندووە. هەموو ئەمانە واتای ئەوەیە کە حکومەت و یاسا لەپشت بێیاسایی ژنانەوەن. لە ئێراندا نەک هەر مامەڵەکردن لەگەڵ ژنان وەک کەلوپەلی سێکسی تاوان نییە، بەڵکو شتێکە کە حکومەت کردوویەتی بە یاسایی و ڕەوا. تەنها ئەوەندەبەسە کە لەبەرچاو بگیرێت لە هەموو وڵاتان نەک تەنها سێکس، بەڵکو هەر جۆرە دەستدرێژییەکی سێکسی بۆ سەر منداڵان بە تاوانێکی تاوانکاری گرنگ دادەنرێت. ئەمە لە کۆماری ئیسلامیدا یاساییە. ئەمەش لە ئیسلامدا ڕەوایە و یاساکانی حکومەت کە لە ئیسلامەوە سەرچاوەیان گرتووە، ئەم دەستدرێژییە سێکسییەیان بۆ سەر منداڵان بە فەرمی کردووە. لە ئیسلام و یاسا دەسەڵاتدارەکاندا کەمترین تەمەن بۆ هاوسەرگیری نییە. واتە پیاوێک لە هەر تەمەنێکدا بێت دەتوانێت لەگەڵ کچە گەنجەکان هاوسەرگیری بکات، تەنانەت کچە ساواکانیش. تەنها دەبێت ڕەزامەندی باوکی منداڵەکەی هەبێت. لە حوکمە ئیسلامییەکاندا بە وردی ڕوونیان کردووەتەوە کە چۆن “سزادانی” منداڵێکی ساوا بدرێت. ئەم جۆرە یاسایانە ئەوەندە ترسناک و قێزەونن مرۆڤ شەرم دەکات تەنانەت باسیشیان بکات. بەڵام ئەمانە یاسان لە کۆماری ئیسلامیدا.
هەموو ئەمانە ئەوە دەردەخەن کە ئەگەر لە وڵاتانی رۆژئاوا ژنان رووبەڕووی فەرهەنگی پیاوسالاری و سێکسیست ببنەوە و بەرەنگاربوونەوەی بێ یاسایی و هەڵاواردنی کردەیی دژ بە ژنان لە کۆمەڵگادا بجەنگن، لە ئێراندا کێشەکە لەوە زیاترە. لێرەدا ژنان ڕووبەڕووی هەڵاواردنێکی یاسایی و فەرمی دەبنەوە. ئەخلاقی ئیسلامی، یاسا ئیسلامیەکان، تەواوی حکوومەتی ئیسلامی و پڕوپاگەندەی حکومەت هەموو ڕۆژێک لە مینبەرەوە، نوێژی هەینی، میدیاکان و هتد، ژن وەک لاواز و شەرەفی پیاوی ، وەک سەرچاوەی فەساد، وەک هاندەری پیاوان، وەک کەسێک وێنا دەکەن کە دەبێت خۆی بە حیجاب داپۆشێت.وە تەنانەت نابێت بە دەنگی بەرز پێبکەنێت چونکە دەبێتە هۆی ئیستفزازی پیاوان و تووش بوون بە گوناه، ئەوان لەبەرچاوی دەگرن و دەیناسێنن. لە کۆماری ئیسلامیدا هەموو یاساکان بەم ئاراستەیەن. هەر بۆیە پێم وانییە بگوترێ لە ئێران وەک هەموو شوێنێکی دنیا ریشەی کێشەکە ئەخلاقی پیاوسالارییە یاخود فەرهەنگ و نەریتی سێکسی و دواکەوتوو و هتد. لە ئێراندا ئەخلاق و کەلتوری دواکەوتووی دژە ژن، یەکەم لەسەر بنەمای ئایینی دەسەڵاتدارە و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش زۆر بەربڵاوتر و قێزەونترە لە کۆمەڵگاکانی دیکە و دووهەمیش بابەتێکی ڕەوای حکوومەتە. بۆیە پێویستە پێش هەموو شتێک ئەرکی ئەم حکومەتە ڕوون بکرێتەوە. پێویستە ئەم حکومەتە بڕوخێنرێت بۆ ئەوەی بتوانین لە دژی کلتوری پیاوسالاری خەبات بکەین. ئەمەش بەشێکە لە خەبات بۆ ڕزگاری ژنان، بەڵام ئەمڕۆ مامەڵەکردن لەگەڵ فەرهەنگ و نەریتەکان لەبری ڕووبەڕووبوونەوەی حکومەت و یاسا دژە ژنانەکانی حکومەت ئامانجەکە لەدەست دەدات و ئەنجام بەدەست ناهێنێت. ئەمڕۆ پێویستە تەرکیزی شەڕەکە لەسەر یاسا ئیسلامیەکان و دژی کۆماری ئیسلامی بێت.

خەلیل کیوان: حەمید تەقوای، با کەمێک باسی تایبەتمەندییەکانی شاری مەریوان بکەین. ئەم شارە لە ڕووی خەبات و دەستپێشخەری کۆمەڵایەتییەوە نموونەییە. بۆ نموونە دەیان ناوەند و ڕێکخراو لە بوارە جیاجیاکان، لەوانە لە بواری ژینگە، لە بەرگری لە مافی منداڵان، لە بواری هونەر و خوێندنەوە، شاخەوانی، دژی ئالوودەبوون، پاسکیلسواری ژنان، بەڕێوەچوونی ڕۆژی جیهانی ژنان و ڕۆژی ئایار لە ڕۆژی کرێکاراندا، کۆمەڵە زانستی و ئەدەبی و کولتوورییەکان لە دژی هێزە کۆنەپەرستەکانی وەک سەلەفی و ئەوانی دیکە لەم شارەدا چالاکن. لەم شارەدا کۆدبوونەوەی ناڕەزایی گەورە ڕێکخراوەتەوە، ناڕەزایی یەک لە دوای یەک لەلایەن مامۆستایانەوە، گردبوونەوە بۆ ئازادکردنی مامۆستایانی زیندانیکراو، گردبوونەوەیەکی گەورە و شایستە بۆ پێشوازیکردن لە مامۆستایانی ئازادکراو لە زیندان، گردبوونەوەیەکی بەرفراوان لە چوارەمین ساڵیادی کۆچی دوایی چالاکانی ژینگە و هتد . ئەمەش لەم شارەدا ڕوویدا. ئەم شارە ئەلگۆیەکی خەباتکارانەی دژی کۆماری ئیسلامی داوەبەدەستەوە. ئایا دەکرێت لەم ئەزموونانە مۆدێلێک وەربگیرێت و بۆ پارچەکانی دیکەی ئێران گشتگیر بکرێت؟ ئەم خەباتانە و ئەم مۆدێلە لە ئێراندا بە باشی ناسراو نین. چۆن دەتوانرێت بناسرێت و بڵاوبکرێتەوە تا هەڵسوڕاوانی کوردستان و هەموو ئێران بتوانن لە ئەزموونەکانی کەڵک وەربگرن؟

حەمید تەقوایی: شاری مەریوان خاوەنی پێشینەیەکی درەوشاوەی خەباتە لە هەموو ئەو بوارانەی کە تۆ باست کرد. وەک لە سەرەوە ڕوونم کردەوە، ئەم خەباتانە لە هەمان ساڵی ١٩٧٩ لەگەڵ کۆچ مەریوان دەستیان پێکرد. ئەوەی کە ئەم شارە لە کوردستانە و کوردستان هەر لەسەرەتاوە ڕووبەڕووی کۆماری ئیسلامی بووەوە و بە خەباتێکی چەکداری دژی حکوومەت وەستایەوە، کە وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە حکوومەتی تازە دەسەڵاتدار، جگە لە کوچی مەریوان، ڕاپەڕینی سنەشمان هەبووە و لەو ڕۆژەوە تا ئێستا ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی هەبووە، لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا بەردەوام بووە، هەموو ئەمانە وایکردووە شاری مەریوان پێگەیەکی تایبەتی هەبێت. زۆر کەس ئەم مێژووە نازانن و پێویستە مێژووی خەبات و ئەزموونەکانی ئەم شارە زیاتر بە کۆمەڵگا بناسێنرێت و هەموو لایەک ئاگادار بکەنەوە.
بێگومان داخوازییەکانی مافی خەڵک و مرۆڤدۆستی تەنیا لەم شارەدا قەتیس نییە. خەبات لە پێناو مافی منداڵان، خەبات دژی لەناوبردنی ژینگە، خەبات دژی هەڵاواردن لە دژی ژنان، پرسی هەڵاواردنی وەرزشی دژ بە ژنان وەک قەدەغەکردنی پاسکیلسواری، بەشداریکردن لە وەرزش، مافی یەکسان لە پەیوەندییە خێزانییەکان و هتد و هتد ململانێکان کە لە هەموو شوێنێکی ئێران کەم تا زۆر بەردەوامن. بە تایبەتی خەبات لەدژی پرسی حیجاب و جیاکاری ڕەگەزی هەر لە سەرەتاوە دروست بوو، کە لە چەند هەفتەیەک زیاتر بەسەر دامەزراندنی کۆماری ئیسلامیدا تێنەپەڕیبوو، کە یەکەم خۆپیشاندانی جەماوەری بوو دژی سیاسەتە دژی ژنەکانی کۆماری ئیسلامی.
بەم متمانەیەوە دەبێ بڵێین خەبات بۆ ڕزگاری ژنان خەباتێکی گشتییە. ئه‌نجامی ئه‌و مۆدێله‌ی که‌ مه‌ریوان ده‌یدات بەدەستەوە، بنەماو سەرچاوەکەی له‌لایه‌ک لەسەر ڕێکخراو و خه‌باتی ڕێکخراوەی و له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌ یه‌کگرتوویی داموده‌زگاکان و هەڵسوڕاوەکان له‌ بواره‌ جیاوازه‌کان دامه‌زراوه‌.
ڕەنگە لەبەر ئەوەی مەریوان شارێکی تاڕادەیەک بچووکە، چالاکوانان بە بەراورد لەگەڵ تاران و ئەسفەهان و هتد زۆر لە یەکتر نزیکترن. ئەوان نەک تەنها لە سۆشیال میدیا بەڵکو لە کۆمەڵگاشدا یەکتر دەناسن و پەیوەندی ڕووبەڕوویان هەیە.
یەکێکی دیکە لە فاکتەرە گرنگەکان ئەوەیە کە هێز و چالاکانی چەپ دیارە بە هۆی مێژووی هێزەکانی وەک حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمۆنیزمی کارگەری و کۆمەڵە لە کوردستان و لە شاری مەریوان بنکەیەکی فراوانتریان هەیە.
ئەم فاکتەرانە دەست بە دەست کاردەکەن و مۆدێلێکی کارامە لەبەردەم کۆمەڵگادا دادەنێن. مۆدێلێک کە پێویستە پێش هەموو شتێک ببێتە جێگەی سەرنجی چالاکانی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان و بەتایبەتی بزووتنەوەی رزگاریخوازی ژنان. ئەزمونی مەریوان ئەوە دەردەخات کە پێویستە لە چالاکی مەیدانیدا پێکەوە بوەستین، لێدوان و بانگەوازی هاوبەش بدەن، پەیوەندی فراوانتر بکەن، جەخت لەسەر هاودەنگیی نێوان بزووتنەوەی رزگاریخوازی ژنان و بزووتنەوەکانی دیکە بکەنەوە و پێکەوەی ببەستنەوە.
بە بڕوای من یەکڕیزی و هاودەنگی پراکتیکی کە بە پەیوەندی و ئیرادە و خواستی چالاکوانان دەست پێدەکات، ئەو ئەڵقە سەرەکیەیە کە پێویستە بەدەستەوە بگیرێت. وە لەمەشدا ڕۆڵی ڕێکخراوەکان زۆر چارەنووسسازە. ئه‌گه‌ر ئه‌زموونی مه‌ریوان شتێک نیشان بدات، ئه‌وه‌ هێزی ڕێکخستنه‌. دەسەڵاتی چالاکی کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتیە بە پشت بەستن بە هەموو جۆرە ڕێکخراوێک. بە مانای تەنیا ڕێکخراوی سیاسی یان تەنانەت ناڕەزایەتی ڕاستەوخۆ نییە، بەڵکو دامەزراوە و ناوەندە کۆمەڵایەتییەکان کە لە ڕووی پرسە کۆمەڵایەتییەکانەوە تەحەدای کۆماری ئیسلامی دەکەن، ڕۆڵێکی گرنگ لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکاندا دەگێڕن. وەک ئەنجومەنەکان و کۆمەڵە و ناوەند و هەموو جۆرە دامەزراوەیەک، لە بەرگریکردن لە مافی ئاژەڵەوە تا وەرزش و شاخەوانی و خوێندنەوە و هتد و هتد.
ئه‌مانه‌ ده‌ستكه‌وته‌كانی خه‌ڵكی مه‌ریوانن كه‌ به‌ بڕوای من مۆدێلێكه‌ كه‌ پێویسته‌ زیاتر باسی بكرێت و زیاتر بناسێنرێت، به‌ ئامانجی ئه‌وه‌ی كه‌ چالاكوانانی شاره‌كانی دیكه‌ش هه‌مان كار بكه‌ن. لە چالاکی کۆمەڵایەتی-سیاسی-داواکاریدا، پێویستە هەموو جۆرە کۆمەڵە و ئەنجومەن و دامەزراوەیەک ڕێکبخەن و دەست بە دەست خەباتەکان بەرەو پێشەوە ببەن. هیوادارم خەباتی پڕ لە پڕجۆشی خەڵکی مەریوان لە دژی دەستدرێژی سێکسی لە راستیدا ببێتە نموونەیەک بۆ ئەوەی شارەکانی دیکەش پەیڕەوی لێ بکەن. لە ئێستادا شاری سنە بۆ پشتیوانی لە مەریوان هەستاون. هیوادارم شارەکانی دیکەش ڕوو لە شێوازەکانی ڕێکخستن و هاودەنگی بکەن کە ئەزموونی مەریوان بەدەستی هێناوە.

وەرگێڕانی بۆ کوردی:کاوە عومەر
14ی ئەیلوولی 2022

Previous
Next
Kurdish