خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانی عەشقی ناکام.. نووسینی: شێنێ مشیر
ڕۆمانی (عەشقی ناکام) لەنووسینی (ئارام ڕەزایی)ە، لەلایەن (زریان محمود)ەوە لەزمانی فارسییەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی، کە بەزمانێکی سادە و وردو و بێ گرێ کاری وەرگێڕانی بۆ کردووە و لە دوو توێی (408) لاپەڕەدا و ساڵی (2020)، لەلایەن چاپخانەی (چوارچرا)ەوە چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
جۆری ڕۆمان: ڕۆمانسی، تراژیدییە و شوێنی ڕووداوەکان وڵاتی (ئێران)ە.
زمان: زمانی ڕۆمانەکە سادەیە و لەکاتی خوێندنەوە خوێنەر لێی بێزار نابێت، و بەو وەرگێڕانە تایبەتەی بۆی کراوە چێژی خوێندنەوەی زیاترکردووە.
دیالۆگ: ئەم ڕۆمانە سەرەڕای بوونی چەندین دیالۆگ لەنێوان کارەکتەرەکانی ڕۆمانەکە، بەڵام بەهێزترین دیالۆگەکان لەنێوان کارەکتەرە سەرەکییەکانی ڕۆمانەکەدایە، ئەوانیش (سوگەند، مهران، بابەک)ن.
عەشق هاوشێوەی بلیتی بەخت وایە، ئەگەر بەخت یاوەرمان بێت ژمارەی سەر بلیتەکەمان هەمان ژمارەی ئەو هەفتەیە بێت و ببینە براوە ئەوا تەواوی ژیانمان دەگۆڕێت، بەڵام ئەگەر بەپێچەوانەوە بێت ژیانمان چی لێ دێت؟
کاتێک عاشق دەبین ئەو کەسەی خۆشمان دەوێت هەمان ئەو هەستەمان پێ دەبەخشێتەوە کە تامەزرۆین؟
لێرەوە خوێندنەوەی ڕۆمانی (عەشقی ناکام)، وەڵامی پرسیارەکانمان دەداتەوە. لەگەڵ خوێندنەوەی ڕۆمانەکە هاوشێوەی کارەکتەری سەرەکی ڕۆمانەکە کە کچێکی (فزولە)، هەمان هەست بە ئێمەش دەبەخشێت کە دەمانەوێت زوو لەڕووداوەکان تێبگەین. بەتامەزرۆییەوە لاپەڕەکان هەڵدەدەینەوە تا بزانین چارەنووس بەرەو کوێمان دەبات.
(سوگەند)، کچە خوێندکاری قۆناغی سێیەمی زانکۆیە، لەخێزانێکدا دەژی کە بەردەوام گلەی لێیان هەیە. هەست دەکات بوونی لەم خێزانەدا گرنگ نییە و ئاواتەخوازە بەتەنیا ژیان بگوزەرێنێت، بەداخەوە سوگەند بێ ئاگایە لەوەی ئەو دەنگە دەنگ و کۆبوونەوانەی خێزان لەسەر یەک سفرەی نانخواردن ئاواتی زۆر کەسە کە بەهەر هۆکارێک بێت خێزانەکانیان لەدەستداوە.
هاتنی نامەیەک بەهەڵە لەدرەنگانی شەودا تەواوی دنیای سوگەند دەگۆڕێت، ئایا ئەم گۆڕانکارییە خۆشبەختی بۆ دەهێنێت یان خەم و ئازارەکانی زیاتر دەکات؟.
بەهۆی ئارەزووی زۆری بۆ زانینی شتەکان وای لێدەکات وەڵامی کورتە نامەکە بداتەوە و سەرەتا وادەزانێت هاوڕێکانی خۆیەتی و دەیانەوێت بێزاری بکەن، چونکە خۆشی کاری وای کردووە لەگەڵ هاوڕێکانیدا. بەردەوام وەڵامدانەوەی نامەکان وای لێدەکات زیاتر حەزبکات ئەم کەسە نەناسراوەی ژیانی بناسێت.
کاتێک بەئاگا دێتەوە عاشقی ئەم کەسە نەناسراوە بووە بەبێ ئەوەی ڕوخساریشی بینیبێت، ناتوانێت بۆ ساتێک بەبێ ئەم کەسە بژی.
لێرەوە ڕۆڵی گرنگی خێزانمان بۆ دەردەکەوێت لەژیانی منداڵەکاندا، زۆرجار سەرقاڵی ژیان وا لەدایک و باوکان دەکات کە کاتیان نەبێت بۆ ئەوەی کەمێک سۆز و خۆشەویستی ببەخشنە منداڵەکانیان، زۆربەی دایک و باوکان دەڵێن منداڵەکانمان لەهیچیان کەم نییە، بەڵام بێئاگان لەوەی ئەو بۆشاییەی لەدەروونی ئەواندا دروستبووە بەهۆی بێ نازی، پاڵیان پێوە دەنێت کە بکەونە هەڵەوە و ئەو خۆشەویستییە لەڕەگەزی بەرامبەریان وەربگرن. هەڵسوکەوتی توندی باوک وا لە منداڵ دەکات کە هەست بکات لەناو خێزاندا پەراوێزخراوە.
سوگەند دەڵێت: (لەماڵی ئێمەدا قسە هەر قسەی باوکمە، بڵێ بخەوە دەبێ بخەوین و بڵێ دانیشە دەبێ دانیشین و بڵێ بمرە دەبێ بمرین، بەکورتی نابێ کەس قسە لەقسەیدا بکات. ئەگەر کەسێک قسەبکات دەبێتە گەردەلوول، باوکم توڕە دەبێت و هەموو ماڵەکە دەدات بەیەکداو کەس لەم گەردەلوولە پارێزراو نابێت. کاتێک بریسکی ئاگر هەموومانی سوتاند ئەوکاتە باوکم بەخۆیدا دێتەوەو تێدەگات کە لەوانەیە قسەی ئەو کەسەش ڕاست بووبێ. بەکورتی هەریەکێک لەئێمە کاتێک بەتەنهایە خاوەنی قسە و کەسایەتی خۆیەتی بەڵام کاتێک کە پێکەوە کۆدەبینەوە هەموومان لاڵ دەبین و ناتوانین قسەبکەین).
ئەمانە هەموو هۆکارن کە سوگەند عاشقی مهران دەبێت، و ئیتر ڕازی دڵی خۆی لای عەشقەکەی دەکات، بەبێ ئەوەی بزانێ کە ڕووخساری چۆنە. سوگەند خۆی کچێکی نائومێدە لەژیان، بەڵام دەیەوێت ژیان لای مهران جوان بکات هانی دەدات کەواز لەخەمۆکی بهێنێت و بیر لەو شتە جوانانە بکاتەوە کە دەکرێت لەداهاتوودا ڕووبدەن. کاتێک گوێبیستی چیرۆکی خەماوی مهران دەبێت کە خێزانەکەی لەدەستداوە و هەموو خەونێکی ئەوەیە بمرێت و لەو دنیا بگاتەوە بەخێزانەکەی، سوگەند تێدەگات کە خێزانەکەشی ئەوەندە خراپنین کە ئەم لێیان دەڕوانێت، بۆی ڕوون دەبێتەوە ڕازی نەبوونی دایک و باوکی بەهەندێک لەداواکارییەکانی بەسوودی خۆیەتی و باوەشی گەرمی خێزانە لەکاتی ڕووداوە سەختەکاندا ئارامت دەکەنەوە و پشتت لێناکەن.
