Skip to Content

زنجيرە وتاری نووسين بەرەو نووسين-٤.. سەردار جاف

زنجيرە وتاری نووسين بەرەو نووسين-٤.. سەردار جاف

Closed
by تشرینی یه‌كه‌م 12, 2022 General, Literature

چۆن دەست بە نووسين بکەم

ئێستا تۆ خاوەن کتێبخانەيەکی هەژارانەی وەلێ کتێبی پڕ بايەخن کە تا ئەندازەيەک لە ناو دۆست و هاوەڵ و يارانت ئيرەييت پێدەبردرێت، ئەو ئيرەیی پێبردنە لە خۆڕا سەرچاوەی نەگرتووە، ئەو دەمودووەی کە لە نێوان تۆ و ئەواندا لەو ماوەی پێکەوە بوونەدا خوڵقاوە، دەرئەنجام دروست بوونی پاشخانی مەعريفیت لای ئەوان ئاشکرا بووە، هەڵبەت بۆ دروست بوونی ئەو باکگراونە هەم هەزی خۆت و هەميش رێنمایی خەڵکی بە ئەزموون و هەميش لە رێی ئەو دونيا بەرفراوانەی ئینتەرنێت تەماست لە تەک ئەو کتێبخانە ئەلکترۆنيانەيش پەيدا کردووە، هەست دەکەيت زۆر زۆرت خوێندۆتەوە و بەهرەيەکی نووسينت هەيە، ديدگا و بۆچوونی تايبەت بە خۆ هەيە، لێت دەڕژێت و گەرەکتە دەریببڕيت، کەچی شێوازی دەربڕينەکە نازانيت چۆن بێت، تا ئەندازەيەک لە رێی خوێندنەوەی ئەو هەموو کتێب و نووسينە ئەدەبييانەوە، بەرکوڵێکت لە نووسين بەر ديد کەوتووە،(( نووسين پرۆسيييکی سەخت و دژوارە، خۆی لە خۆيدا توانا و بەهرەيەکە لە وێناکردنی بيرۆکەکان لە رێگەی پيت و وشەوە و رستەی رێکخراو و راستەوە وێنای تەواوی بە دەستەوە بدەيت، بە شێوازی جۆراوجۆری مەودا و قووڵایی و دەربڕين لە گەڵ خستنەڕووی ئەو بيرۆکانە بە روونی و چارەسەرکردنی بەدوای يەک پاشان پێداچوونەوەی بيرۆکەکان و رێکخستنيان بە جؤرێک زێتر بۆنی ديسپلينی و بيرکردنەوەی لێ بێت)) (١)
ئەوەمان بۆ ساغ دەبێتەوە کە نووسين پرۆسەيەکی زۆر زەحمەتە و بە سانایی مرۆ ناتوانێ خۆی لە قەرە بدات، هەميشە دەبێ پێنج لايەنی سەرەکی لە نووسينەکانت لە بەر چاو بگريت، کە ئەمانەن (( بۆ دەنووسم ، بۆ کێ دەنووسم ، چی دەنووسم ، چۆن دەنووسم، رێکستنی دەق )) ئەمانە ئەو خاڵانەن پێويستە ئەو کەسەی تازە دەست بە نووسين دەکات لەم خاڵانە بکۆڵێتەوە، پاشان بير و بەهرەکانی لە جۆری نووسينەکەی بخاتە روو.
هەر لەم روانگەيەوە دەخزێينە نێو پرۆسەکانی نووسين من نامەوێ کارەکەتان لێ قورس بکەم، وەلێ خاسترە لێرەوە بە تەواوی ئاشنا ببن نەک هەڕەمەکيانە و بە پێ پەتی بکەونە نێو لايەنێکی ئەدەبی لە دادێدا تووشی ئيفليج بوون دەبن، زۆرمان دی و بيست هاتن و خۆيان رانەگرت و وەک شێرە بەفرينە توانەوە، پرۆسەکان ئەمانەن؛ پلاندانان ئەمە سەرەتايە و نووسەر پێويستە بە جوانی بيری لێبکاتەوە، ئەم بيرکردنەوەيش وا دەکات کە ئەم پرۆسەيە بە قۆناغی بەر لە نووسين هەژمار بکرێت. پاشان پرۆسەی نووسين ياخود وەرگێڕان دێتە ئاراوە، نووسەر لێرەدا دەبێ تەواوی بيری خۆی لەو خاڵەدا کۆ بکاتەوە کە چۆن ئەو بيرۆکانەی بۆی هاتووە بۆ ژانرێکی دياریکراو ئەوا لە يەکەيەکی يەکانگيری ژانر بە کۆنکريتی لە قاڵبيان بدات و تۆکمە بێت، کە لەم نووسينە تەواو بوويت ئەوا پرۆسەی سێيەم دەست پێدەکات کە ئەويش پرۆسەی پێداچونەوەی ئەو دەقە نووسراوەيە، لێرەدا هەوڵ بدە هەمان کات پێيدا نەچيتەوە، چونکە هزرت تەنها لای ئەو جۆرە نووسينەيە هەوڵ بدە دوای يەک دوو رۆژ بە دەقەکەدا بچيتەوە ئەو دەم جوانتر بەدەر دەکەوێت کە ئێستاتيکايش بەشێکە لە جوانووسی، قۆناغی چوارەم پرۆسەی هەڵەچن و پاکتاو نووسينە کە پێشتر و لە پرۆسەی نووسين و وەرگێڕاندا چ رەشنووسێکت نووسيوە و لێرەدا پاکنووس و هەڵەبڕی تەواويان دەست پێدەکەی هەتاوەکو بۆ پرۆسەی پێنجەم ئامادە دەبێت ئەويش بڵاوکردنەوەيە، بڵاوکردنەوە لە قۆناغەکانی سەرەتای نووسيندا سەختترين و دژوارترين قۆناغ و پرۆسەيە، دەبێ ئەو نووسەرە خۆی بۆ ئەوە ئامادە بکات رووبەڕووی سەرزەنشت و سڕينەوە ببێتەوە، بۆيە پرۆسەکانی پێشوو ماهيەتی ئەم پرۆسەيە بە جوانی دەردەخات.
خاڵێکی زۆر زۆر گرينگ بۆ نووسين زمانە بايەخدان بە زمان چونکە هەر يەک لە ( شيعر، پەخشان، چيرۆک، رۆژنامە) زمانی جياواز بە خۆيان هەيە، بۆ ئاشنابوون بە زمانيش گەرەکە هەر لە سەرەتای خوێندنەوەت گرينگی بە فەرهەنگی زمان بدەيت، لە هەموو کايەکانی ژيان ئاشنايەتی پەيدا بکەيت، کە فەرهەنگ دەبێتە هاريکارێکی باشت، وەک ناو چۆن ناسنامەی کەسايەتيتە زمانيش نيشاندەری ئاستی ئاشنايەتيتە بە بواری ئەدەب، لێ ئەدەب بە هەموو لايەنەکانييەوە زمانێکی جوانی گەرەک، هەر کە نووسينت دەست پێکرد يەکەمين بيرکردنەوە لە هزرتدا ئەوەيە بير لەوە بکەوە کە تۆی نووسەر پەيام و چەمکێ دەگەيەنيت بە خوێنەر، ئەمە نموونەيەکە پێی دەوترێت (( نموونەی وارن )) ٢. کە لە رووی زمانەوە نەتوانی مەبەستەکەت وەک چەمک و جوواننووسين وەک سەرنج راکێشانی، بگەيەنيت، کەواتە هيچت نەکردووە و سەرکەوتوو نەبووی و نابيت لەوەی بە دەستی بهێنيت ئەويش گەيشتن بە ئاستێکی باڵای نووسەر، يەکەمين هەنگاويشە کە زووبەزوو دەپوکێيتەوە و ناتوانی خۆ بگريت، لەم حاڵەتەدا چی بکەين باشە بۆ ئەوەی زمانێکی جوانی نووسينمان هەبێت، بۆ زمانی ئەم ژانرەی کە هەڵمبژاردووە، زمانی ئەدەب پێويستی بە خوێندنەوەی چڕی شيعری تەواوی شآعيرەکان هەيە بە کلاسيک و نوێخوازەوە، هێمن موکريانی بە ترۆپک وەربگرين هەرگيز لە زمانەکەی تێر نابين، بەڕای بەندە بۆ شێوەزاری کرمانجە خواروو پەنا بۆ دەڤەری موکريان ببەين، زمانێکی پاک و رەوان، ئەمەيش بەو مانايە نايەت کە دەڤەرە جياوازەکانی ديکە پشتگوێ بخرێت، نەخێر زۆرجار وا رێکدەکەوێت تێهەڵکێشکردن لە گەڵ کرمانجی سەروو دەقەکان هەم جوان دەکا هەم خوێنەريش سەرقاڵ دەکا بۆ گەڕان بە دووی واتا و شرۆڤەکاری لە نووسينەکان، کەڵک وەرگرتن لە فەرهەنگەکان، نووسەر نابێ و ناکرێ فەرهەنگی هەمەچەشنی زاراوەی نەبێت، فەرهەنگی کوردی – کوردی سەرەتايەکی زۆر گرينگە، تۆ کە شارەزای تەواوی زمانی خۆت نەبيت، بەکام بيرکردنەوەوە لە دەقەکانتدا دەدوێی کەواتە لە گەڵ ئەوەی دەست بە نووسين دەکەی فەرهەنگی کوردی – کوردی لە پێشينەی کارە بەراييەکانت بێ، ئەگەر دەتەوێ جوان بنووسيت.

ئەو سەرچاوانەی سوودم لێوەرگرتوون؛
١ – عصر ، حسني عبدالباری ١٩٩٤ الأتجاهات الحديثة لتدريس اللغة العربية في المرحلتين الأعدادية والثانوية. الأسکندرية / المکتب العربي الحديث للطباعة والنشر .
٢ – بنی ياسين ، محمد فوزی( ٢٠٠٨ ) القراءة والکتابة بين النظرية و التطبيق ، عمان: دار المسيرة .

Previous
Next
Kurdish