Skip to Content

نه‌ژاد و كۆلاژ … كرێكارعبدالله خۆشناو

نه‌ژاد و كۆلاژ … كرێكارعبدالله خۆشناو

Closed
by نیسان 28, 2017 General

ئه‌وه‌ ڕۆژگاری تاڵه‌، داهێنه‌ر دروست ده‌كات، بۆیه‌ لام سه‌یرنیه‌ كه‌ ئینگلیز ده‌ڵێت : Adversity reveals genius, prosperity conceals it داهێنه‌ر ئه‌و كه‌سه‌یه‌ له‌ (هیچه‌وه‌) شت دروست ده‌كات ! .
كاك نه‌ژاد له‌ هیچه‌وه‌ داهێنانی كردووه‌ له‌وه‌دا داهێنانی كردووه‌ …..

ئه‌ڵبه‌ته‌ تاك تاكی پێكهاته‌ی تابلۆكانی ڕه‌نگه‌ مانا به‌خش نه‌بن ! ، به‌ڵام زیهنیه‌تی (ئه‌و) وای كردوه‌ ئه‌م (تاكانه‌) له‌ چوارچێوه‌ی تابلۆیه‌كدا پڕمانا بن … ئه‌وه‌شیان ئه‌وه‌نده‌ كارێكی ئاسان نیه‌ و كه‌سانی ئاسایی ناتوانن چوارچێوه‌ بۆ پێكهاته‌ بێ ماناكان دابنێن و پڕ بایه‌خی بكه‌ن و تێزێكی هزری به‌ بینه‌ر ببه‌خشن ! مه‌گه‌ر له‌ كه‌سێكی قاڵ بووه‌وه‌ی دید و ڕوانگه‌ و ڕۆشنفكرێكی وه‌ك نه‌ژاد نه‌بێت، هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌م كاره‌ش ڕێك ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی كاره‌ ئاسان نه‌پێكراوه‌كان هه‌مدیسان ئه‌وه‌شیان له‌ خۆڕا نه‌بووه‌ چونكه‌ : (فاقد الشی‌و لا یعگی) بۆیه‌ گه‌ر زهنیه‌تی نه‌ژاد لێوان لێو نه‌بووایه‌ له‌ ئه‌ده‌ب و چیرۆك و نووسین و وه‌رگێڕان و ته‌نانه‌ت زمانزانی، ئێستا نه‌ده‌پڕژایه‌ سه‌ر داهێنان له‌ بواری كۆلاژدا ..

له‌ هونه‌ری كۆلاژه‌دا هه‌ر پێكهاته‌یه‌ك له‌ چوارچێوه‌ی یه‌ك تابلۆدا گوژمه‌یه‌ك له‌ هێز، له‌ واتا، ده‌به‌خشیته‌ پێكهاته‌كانی تری ناو تابلۆكه‌ بۆیه‌ وابه‌سته‌كردنی پێكهاته‌كان به‌یه‌كه‌وه‌ پێویستی به‌ ئه‌ندێشه‌یه‌كی هونه‌ری و زیهنی زۆر هه‌یه‌ .
ئه‌وه‌ی له‌ پیشانگاكه‌ی نه‌ژاد خۆی زه‌ق ده‌كاته‌وه‌ چه‌ند واتایه‌كی مانا به‌خشن وه‌ك : چاو، پێ، پاژنی پێ، گوێ، رووی ئافره‌ت، جه‌سته‌، هه‌روه‌ها ده‌یان نووسینی مسماری كه‌ شاراوه‌یی گه‌مه‌ له‌سه‌ر ده‌ربڕینی هه‌ست و نه‌ستی مرۆڤی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ ده‌رده‌بڕێت .
له‌ تابلۆیه‌كیان بینیم پاژنی پێ به‌ قه‌د یه‌ك گه‌ڵا شوێنی جێ هێشتووه‌ … هه‌ر ئه‌مه‌ به‌ ته‌نها مێژوویه‌كه‌ سه‌ربرده‌ی داستانێكی هه‌ره‌ مه‌زنی مرۆڤایه‌تیمان بیر ده‌خاته‌وه‌ كه‌ خۆی له‌ داستانی گلگامێش ده‌دۆزێته‌وه‌ و پێمان ده‌ڵێت، ژیان ئه‌به‌دی نیه‌ بۆ هیچ كه‌سێك، ژیان ئه‌گه‌ر چی پڕ له‌ ئه‌زموون و هێز و هزریش بێت ته‌ژی له‌ ته‌واوكاری نانوێنێت، به‌ڵكو زهینه‌شیش له‌ مرۆڤدا سنوورداره‌ و مرۆڤ به‌ده‌رنیه‌ له‌ هه‌ڵه‌ …

بوونه‌وه‌ر له‌ ڕێگه‌ی هه‌ستی بینینه‌وه‌ ده‌توانێت گوزارشت له‌ ده‌ربڕینه‌كان بكات له‌ ڕێگای كارلێكی تیشك و كارداناوه‌ و پرۆسیی شه‌ن و كه‌و و لێكدانه‌وی بابه‌ته‌كان و ڕووداوه‌كان تا مرۆڤ دیدگایه‌كی ڕوونتری لا دروست بێت بۆیه‌ نه‌ژاد لێكدانه‌وه‌كانی بۆ ژیان له‌ دیدگای بینینه‌وه‌ به‌رجه‌سته‌ ده‌كات، واته‌ بینیین وه‌ك ده‌ربڕی ڕاستی گوزه‌ركردنی ڕووداوه‌كان وه‌ك خۆی نه‌وه‌ك ته‌نها له‌ رێگه‌ی بیستن كه‌ تێی ده‌چێت زۆرجار ده‌ربڕینه‌كان و لێكدانه‌وه‌كان وه‌ك خۆی كه‌ هه‌یه‌ گوزارشت نه‌كات . بۆیه‌ تابلۆكان پێمان ده‌ڵێت گوێچكه‌ به‌ ته‌نها به‌س نیه‌ بۆ سه‌رنج كردن و لێكدانه‌وه‌، به‌ڵكو بیناگه‌رایی له‌ فه‌زای ژیان و ڕووداوه‌ مێژووییه‌كان كارێكی پێویسته‌ له‌ پێناو دروستكردنی بڕیاری گونجاو و دروست بۆ داهاتوێكی باشتر پڕتر له‌ داهێنان و كه‌متر له‌ هه‌ڵه‌ و زۆرتر له‌ هزری بیناسازی له‌ سه‌رخان و زه‌مینسازی بۆ داهێنان و بره‌ودان به‌ كه‌لتوری واقع بینانه‌ و دوور له‌ ژیانی خه‌یاڵاوی و ژانی ئه‌به‌دی ! بۆیه‌ چاو وه‌ك دیارده‌ و ده‌ربڕی تابلۆكانی نه‌ژاد به‌رجه‌سته‌ كراوه‌ .

كاك نه‌ژاد به‌ ته‌نها له‌ چوارچێوه‌ی یه‌ك تابلۆدا پێمان ده‌ڵێت، مه‌رج نیه‌ بابه‌ته‌كانی بێ رۆح وه‌ك كه‌ل و په‌لی بێ نرخ ته‌ماشا بكرێن به‌ڵكو ته‌نانه‌ت بابه‌تی مردوش گه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی خۆی دابێت هه‌میشه‌ زیندوو و مانا به‌خش ده‌بن، له‌م چوارچێوه‌یه‌ش مانای ژیان ده‌به‌خشێته‌ خۆی و هاوبه‌شه‌كانیی له‌ چوراچێوه‌ی یه‌ك تابلۆدا .
بۆیه‌ به‌ پێویستی ده‌زانم ده‌روونناسان، كۆمه‌ڵناسان، زیاتر دیراسه‌ له‌سه‌ر ئه‌م هونه‌ره‌ و داهێنانه‌كانی كاك نه‌ژاد بكه‌ن تا بتوانن میلله‌ته‌كه‌مان به‌م جۆره‌ هونه‌ره‌ ئاشنا بكه‌ن و جوانیه‌كی تر ببه‌خشنه‌ دونیای هونه‌ری كوردی .

كرێكار عبدالله خۆشناو
16/4/2017

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress