Skip to Content

شەڕی دەنگ لێوەنەهاتووی ئەنقەرا لە دژی کوردانی سوریا.. وەرگێڕانی لە فەڕەنسییەوە : دیار عەزیز شەریف

شەڕی دەنگ لێوەنەهاتووی ئەنقەرا لە دژی کوردانی سوریا.. وەرگێڕانی لە فەڕەنسییەوە : دیار عەزیز شەریف

Closed
by تشرینی یه‌كه‌م 12, 2022 General, Opinion


ریپۆرتاژی تایبەت: هێلین سالۆن

لە لوتکەی پێگەیەکی سەربازیی لە قەراخ تەل تەمر، فەرماندە نەبیل وەردە بەوردی چاو لە دەشتەکە دەگێڕێت کە رووەو باکوور درێژدەبێتەوە.ئەو هێمنییەی کە باڵی بەسەرئەم بەیانییەی سێپتێمبەردا کێشاوە، هەڵخەڵەتێنەرە. لەناو ئەم گۆشە بچووکە پڕ لە کێشە و ئاڵۆزییەی باکوور-رۆژهەڵاتی سوریا، هێزەکانی تورکیا و هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە، زۆرینەی کورد) بەرە رووی یەکتری وەستاونەتەوە، بە چەند سەت مەترێک لەیەکتری دوورخراونەتەوە. لەنێوانیاندا سەربازانی رژێمی سوری و روسی جێگیرکراون. فەرماندەکە، لە سەرۆکایەتی پاسەوانانی خابور، هێزێکی سەربازیی ئاشووری کە لەژێر فەرماندەیی هێزەکانی سوریای دیموکراتە، یەک لە گوندە چۆڵکراوەکان پیشان دەدات. “ماڵەکەم دوێنێ تۆپباران کرا، بە دوو رۆکێت. من دوایین کەس بووم کە گرێ جومعەم بەجێهێشت” ئەو وای وت.
دانیشتووانی ئەم شارۆچکەیە کە ژمارەیان ٥٠٠٠ کەس دەبێت – ژمارەیەک ئاشووری و ئەو خێزانە عەرەبانەی کە خەڵکی گرێ سپی و سەریکانین و بەهۆی هێرشەکەی ٢٠١٩ تورکیا ئاوارەی ئەم شارۆچکەیە بوون – ئەم هاوینە چۆڵکرا. هەرێمی تەل تەمر دەکەوێتە ناوچەی دابڕاوی ٣٢ کیلۆمەتری کە رەجەب تەیب ئەردۆگانی سەرۆکی تورکیا هەوڵدەدات کۆتایی بە ئەویش بهێنێت، لە باکووری سوریا، بە وەدەرنانی شەڕڤانە کوردەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل، پێکهاتە سەرەکییەکەی هەسەدە کە ئەنقەرا وەک گروپێکی “تیرۆریست” لێیاندەڕوانێت، بەوەی گرێدراوی پارتی کرێکارانی کوردستانن. هەڕەشەی هێرشکردن، کە لە مانگی مەی وروژێنراوە، لەسەر هەڵکردنی گڵۆپی سەوزی ئەمریکی و رووسی بەهەڵواسراوەیی ماوەتەوە.
“ئێمە قسە لەسەر چ جۆرە گلۆپێکی سەوز دەکەین؟” هیچ جۆرە جیاوازییەک لەنێوان داگیرکردنی هەرێمێک و هێرشکردنە سەری نییە، وێرانکردنی سەرجەم ژێرخانەکەیەتی: کڵێساکان، مزگەوتەکان، سەرچاوەکانی ئاو و کارەبا… ئەمە فۆرمێکی نوێی تیرۆریزمە دوای تیرۆریزمەکەی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)، هەمان هەڕەشەیە لەژێر ناوێکی تر”، ئارام حەننا، وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک، نیگەران و داخ لە دڵە. ئەم شەڕڤانە ئاشوورییە کە لە تەل تەمر گەورە بووە بەسەرسوڕمانەوە دەڵێت ” لەبەرچی ئەمریکییەکان بۆ تورکەکان بەجێدەهێڵن؟ ئێمە (داعش)مان بۆ ئەوە تێکنەشکاند تاوەکو لێگەڕێین تورکەکان خاکمان داگیربکەن”
” چەکی قورس و بەکرێگیراوەکان “
بۆردومانەکان هەرگیز نەوەستاون لەو کاتەی ئاگربەست لە ٢٠١٩ جێگیرکراوە هەتا ئێستا، ئەو ئاگربەستەی دوابەدوای هێرش و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی تورکیا هات. ” تورکەکان بنکەکانیان لەسەر سنوور دروستکردووە، چەکی قورس و بەکرێگیراوەکانیان لەوێدا کۆکردووەتەوە. ئێمە ناتوانین کشتوکاڵ لەسەر خاکەکەمان بکەین لەبەر ئەم بۆردومانانە”، فەرماندە وەردە ئاماژە بەوە دەدات. لەسەرەتای هاوینەوە بۆردومانەکان چڕتر بوونەتەوە، هەروەکو فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان. ” ئەوان هێرشدەکەنە سەر پێگەکانمان، تەنانەت خەڵکی سڤیلی گوندەکانیش بە ئامانج دەگرن. ئێمە نزیک بە بیست کەسی سڤیلمان لێ بریندار بووە و کەسێکیش لەنێو هێزەکانمان گیانی لەدەست داوە، ئارام حەننا وا دەڵێت. تیرۆریستانی سوپای سوری ئازاد، فرۆشراو بە تورکەکان، کاری پێسپێردراوی دزەکردنە نێو خاکمان ئەنجامدەدەن”
رەوانەکردن و بڵاووەپێکردنی سەربازانی رژێم لەسەر سنوور، لەسەر بنەمای رێککەوتنەکەی ٢٠١٩، رێگرییان لێ ناکات. ” سوپای سوری ئاڵا بەرزدەکەنەوە و تەواو. ئەوان چەکی قورسیان نییە، ناتوانن هیچ شتێک بکەن. ئەو سەربازانە تەنها خەڵکانێکی مەدەنین و ناچارکراون بچنە ریزی سوپاوە ” ، وتەبێژەکەی هەسەدە بە نیگەرانییەوە وا دەڵێت. ئەو باسی ئەوە دەکات چەندین جار، سەربازانی سوپای سوری مۆڵگەکانی خۆیان چۆڵکردووە لەبەرامبەر هێرشێک، بەمەش شەڕڤانانی کورد ناچاربوونە رووە بەرەی پێشەوە بچن تاوەکو بیپارێزن. ” ئێمە هەرگیز دەسپێشخەر نەبووینە لە شەڕ و پەلاماردان، تەنها بەرسڤ دەدەینەوە ” ، ئەو دووپاتی کردەوە. وا بڕیارە یەکینەکانی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک لەلای باشووری رێگای M4 سەرەکی بمێننەوە. ناوەرۆکی رێککەوتنەکە باس لەوە دەکات کە تەنها هێزەکانی ئاشووری و سریانی هێڵەکانی بەرگرییان لەبەردەست دایە.
” ئێمە خاوەنی هیچ جۆرە چەکێکی قورس نین لە بەرامبەر تورکیا و چەکە پێشکەوتوو و ئاڵۆزەکانی کە هی ناتۆن NATO” ، فەرماندە وەردە بەنیگەرانییەوە وا دەڵێت، کە ژمارەیەک شەڕڤانی لەنێو ١٤٥ شەڕڤانە ئاشووری و عەرەبەکانی لە دەست داوە. ئەو بەتوندی سەرزەنشتی هەڵوێستی هەلپەرستانەی رووسەکان دەکات، کە لایەنی زامنکردنی ئاگربەستن، بەوەی کە چاوەڕوانی رووداوەکان دەکەن ئینجا هەڵوێستی خۆیان بەدەردەخەن. ” رووسەکان وەک بینەرێک لەوێ دان. هەموو ئەو کارەی ئەوان دەیکەن یاوەریکردنی ئەو کرێکارانەیە کە ژێرخانە وێرانکراوەکان چاکدەکەنەوە – ئەمە لە ٤٨ جار روویداوە لە ٢٠١٩ بەدواوە – لەگەڵ دەورییە سەبازییەکانیان لەسەر رێگای M4 ” ئارام حەننا پشتڕاستی دەکاتەوە.
بەدرێژایی رووباری خابوور ٣٣ گوندی ئاشووریی لێیە، تەنها چوار گوندییان لە ئێستادا ئاوەدانی تێدا ماوە. ” لە ڕێککەوتنەکەدا گوندەکانی ئاشوورییەکان خرانە دەرەوەی ناوچەی شەڕ. کەچی پێچەوانەکەی هاتەدی : دانیشتووانەکانیان دەربەدەر و ئاوارەبوون و نیوەی ژمارەی گوندەکانیان خاپوورکران ” فەرماندە وەردە سەرزەنشتی ئەمە دەکات. ژمارەیەکی بەرچاو لەلایەن تورکیا لە ٢٠١٩ بەدواوە داگیرکراوە. چوار گوندیان، کە لەناوچەی هێزەکانی سوریای دیموکراتە، ئەم هاوینە چۆڵکران. ” تورکیا بەردەوامە لە ئەنجامدانی ئەوەی کە داعش دەستیپێکرد : لە رەگ و ریشە هەڵکێشانی ئاشوورییەکان لەسەر خاکەکەیان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ” نەبیل وەردە تورکیا بەوە تۆمەتبار دەکات، ئەو وایدەبینێت کە ئەمە دووبارەکردنەوەی کۆمەڵکوژیی ئاشوورییە کە لەسەردەستی عوسمانییەکان لە (١٩١٥- ١٩١٨) ئەنجامدرا. ئەمڕۆ لە سوریا تەنها ١٢٠٠کەسی لە ئیتنیکی ئاشووری تێدا ماوە، لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠١١، بەر لە سەرەتای دەسپێکردنی شەڕی ناوەخۆی سوری، ٢٠٠٠٠ هاووڵاتی ئاشووری تێدا دەژیا.
زۆربەیان بەرەو تاراوگە رۆیشتن دوای هێرشکردنە سەر گوندەکانیان لەلایەن داعش لە ٢٠١٥. جۆرج لازار تاکە کەسە لە تەل نەسرین مابێتەوە، گوندێک کە دەکەوێتە باشووری رێگای M4 . ” کاتێکی زۆری ویست تا خانووەکەم دروست کرد، من نامەوێ دەستبەرداری بم و بچمە دەرەوەی وڵات دەستپانبکەمەوە. ئێرە، خاکی ئاشوورییە و هەر هی ئەویش دەمێنێتەوە ” ، پیاوە تەمەن ٦٠ ساڵانەکە ، کە پێشتر مامۆستا بووە و لەگەڵ دایکی لەسەر زەوییەکی بەپیت بۆ چاندنی گەنم و لۆکە دەژی، قسەکانی ئاوا بەهێز و بەتوندی دەردەبڕێت. پیاوەکە دەبێ مامەڵە لەگەڵ دراوسێیە تازەکانی بکات، ئاوارەکانی سەریکانی کە هاتوونەتە ناو خانووە بەجێهێڵدراوەکان. ” ئەوان گوندەکە وێران دەکەن. ئەوان مۆبیلیاتەکانی ناو خانووە چۆڵەکانیان برد، تەنانەت کێبڵی کارەبایی کەنیسەکەش ” ئەو زۆر بە پەستی و توڕەیییەوە ئەوە دەردەبڕێت.
پەناگەی سەرەتایی
لە نیوەڕۆدا، زەنگی ئاگادارکردنەوەکە لێدەدرێت. دڕۆنێکی تورکی بەسەر ئاسمانی تەل تەمر دەسووڕێتەوە. ” ئەوان زانیاری هەواڵگریی کۆدەکەنەوە. هەر کاتێک جوڵەیەک هەبێت، سڤیل بێت یان سەربازیی، ئەوان لێیدەدەن، بەشێوەیەکی هەڕەمەکیانە ” ، نەبیل وەردە وا دەڵێت. سیخوڕەکان یارمەتیان دەدەن لە دیاریکردنی شوێنی شەڕڤانانی هێزەکانی سوریای دیموکراتی و بنکە و بارەگاکانیان. ” ئێمە خۆمان بە دوور دەگرین لەوەی بە گروپ لە شوێنێک بچینە شوێنێکی تر. جل و بەرگ و ئوتومبێلەکانمان دەگۆڕین. بە ماتۆڕسکیل دەچینە سەنگەرەکان، فەرماندە ئاشوورییەکە لە درێژەی قسەکانی ئاوا دەڵێت. لە دەردارا هەڤاڵان دەبوو شەهیدێک بەدرێژایی رێکردنی ٣ کیلۆمەتر لەسەر ماتۆڕسکیل هەڵبگرن بەرلەوەی بتوانن لەسەری بهێننە خوارەوە. “
” ئێمە شتی وەها دەکەین بە گرتنەبەری رێگای ئەستەم تاوەکو رۆژانە خواردن بگەیەنینە سەنگەری پێشەوە. ئێمە شێوازی خۆمان هەیە بۆ دەست پێڕاگەیشتن بە ئەوێ ” ، ئارام حەننا ئەوەیشی وت. هەبوونی تونێلەکان نهێنییەکی ئاشکرایە بەبێ ئەوەی یەکتریی لێ ئاگادار بکرێتەوە. لەنێو قوتابخانەیەکی تەل تەمر کە ئاوارەکانی لەخۆگرتووە، پیاوەکان کاری هەڵکەندن دەکەن، کارێک کە وادەکات بکرێنە ئامانج. ” ئێمە لەسەرووی سەرمانەوە گوێمان لە دەنگی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانە. لە تەل جومعە، کەسێکی سڤیل و کەسێکی سەربازیی کە لەگەڵ ئێمە لە هەڵکەندنی تونێلەکان کاریان دەکرد لەلایەن دڕۆنێکەوە کوژران ” ، ئەحمەد حەمدوح وای وت، ئاوارەیەکی خەڵکی سەریکانی. ئەو کاتێک پەناگەیەکی سەرەتایی دەدۆزێتەوە، لە دووری ٣ کیلۆمەتر لە بەرەی پێشەوە، دەنگی شەڕ و پێکدادانەکان بەردەوام بەدوای کەوتووە.
” ئەمە تۆقێنەرە، بۆردومانەکان بۆ سەر گوندەکانی دەوروبەر بەردەوامن، بەتایبەتی لە شەودا. خانوو و بەرەکان دەهەژێنێت ” ، پیاوە ٤١ ساڵیەکە وای وت. ئەو چاوەڕێی شوێنێک دەکات لە کەمپێک دوور لە بەرەی شەڕ دەستی بکەوێت. لە کۆتایی مانگی ئاب، ٨٠ خێزانی عەرەبی خەڵکی سەریکانی کە بۆ گوندەکانی ئاشوورییەکان ئاوارەبووبوون ئەوا رەوانەی کەمپی سەریکانی لە حەسەکە کران کە ٤٥ کم لە شارەکە بەئاراستەی باشووری دوورە. بە ئومێدی گەڕانەوە دەژین. ” عوسمانییەکان دڵیان ڕەشە، عەبدولعەزیز محەمەد عیسا بە بۆڵە بۆڵەوە وا دەڵێت، جوتیارێکی تەمەن ٧٢ ساڵان. تورکەکان بەرە بەرە بەشێک لە خاکی سوریا بە هی خۆیان دەلکێنن. ئێمە رێگەیان پێ نادەین ئەوە بکەن : رۆژێک دێت ئێمە بەدیداری خاکەکەمان شاد دەبینەوە”.


سەرچاوە : https://www.lemonde.fr/international/article/2022/09/25/la-guerre-a-bas-bruit-de-la-turquie-contre-le-kurdistan-syrien_6143105_3210.html

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next