Skip to Content

پیاوێكی بێچارەنووس.. هۆلۆكۆستی جوولەكە و ئەنفالكردنی كوردان.. شاخەوان برایم عەبدوڵڵا

پیاوێكی بێچارەنووس.. هۆلۆكۆستی جوولەكە و ئەنفالكردنی كوردان.. شاخەوان برایم عەبدوڵڵا

Closed

كاتێك حیزبی نازی لە ئەڵمانیای سەردەمی ئەدۆلیف هیتلەردا، لە بەرگی ڕژێمێكی فاشیزم و تۆتالیتاریزم بە بەرچاوی زلهێزەكانی دونیاوە، بەهۆی جیاوازیی ئایینی و نەژادییەوە، دەست بە پرۆسەی كۆمەڵكوژیی جوولەكەكانی ئەڵمانیا و بەشێكی ئەورووپا دەكات، ئەو ڕووداوە، ڕووداوێكی ئاسایی نییە كە تەنیا پەیوەندی بە كۆمەڵكوژی و پاكتاوكردنی جوولەكەوە لە چوارچێوەی دەوڵەتێكدا هەبێت، بەڵكوو دەبێتە خەمێكی گەورەی جیهانی، بەهۆی ئەوەی بە پرۆژە و بە بەرنامە لە ساڵی 1940 بەدواوە تاوەكوو ساتەوەختی كەوتنی ئەڵمانیای نازی، بە مەرگەساتترین و قێزەونترین شێوە درێژەی دەبێت.
ئیدی ئەو هەڵمەتە لە ناخی هەر مرۆڤێكدا دەبێتە ترسێكی قووڵ و پرۆسەیەك وێڕای كوشتن و سووتاندن و خنكاندنی ئینسانی جوولەكە، هاوكات بە بەرنامە كاری بۆ لەشكۆدانی ئینسانیش بە گشتی كرد، ئینسان لە سایەی ئەو پرۆسەیەدا لە ئۆردووگە زۆرەملێكانی نازیدا، ئەتككرا و سووتێندرا و بەزیندوویی خرایە چاڵەكانی مەرگەوە، بە گاز خنكێنرا و بە هەزاران لاشەی بەستوو، فڕێدران و لەناوبردران، قاچەكانی مرۆڤ لەنێو پێڵاوی بێگاریدا، ڕزین و بڕانەوە و نەخۆشیی گەڕی و كێم و خیزاو ئینسانی ناچار كرد شەرم لە جەستەی خۆی بكات.
هۆلۆكۆست، چیرۆكی دۆزەخی نازییەكان، هەرگیز نابێت لەبیر بكرێت، بە تایبەتی بۆ گەلێكی ستەمدیدەی وەك كورد، هۆلۆكۆست زۆر نامۆ نییە و كوردیش بەهۆی جیاوازیی نەژادییەوە بە پرۆژە و بەرنامەی دەوڵەتی عێراق و دراوسێكانی كۆمەڵكوژ و ئەنفال و كیمیاباران كرا و گازی بەسەردا ڕژێندرا، ئەگەر ئینسانی جوولەكە لە ئۆردووگە زۆرەملێكانی ئاوشڤتز و بۆشنڤەڵدی ئەڵمانیای نازیدا، بەزیندوویی خرانە سووتێنگەوە، دواتر ئەو مێژووە تاوانكارییە لە شوێنێكی تری ئەم جیهانە بەرینەدا خۆی دووبارە دەكاتەوە و لەسەر دەستی ڕژێمەكەی سەددام حوسێن لە عێراقدا ئینسانی كوردیش بە بەرچاوی كۆمەڵگەی جیهانییەوە دەخرێنە نێو زیلی عەسكەری و پاشان لە چاڵە خۆڵەكاندا بەدەم گریان و پاڕانەوە و هاوارەوە زیندەبەچاڵ دەكرێن.
لێرەدا ئازار یەك شێوە ئازارە، بەڵام لە دوو سەردەمی جیاوازدا، ئەگەر ئێستا هۆلۆكۆستی جوولەكەكانی ئەورووپا، ئازارێكە و جیهان هەستی پێدەكات و یادی دەكاتەوە، خۆ ئەنفال و هەڵەبجەی كوردانیش هەمان ئازارن، كەچی وەك پێویست جیهان هەست بەو ئازارە ناكات و یادی ناكاتەوە، بۆیە تۆ وەك كوردێك لەگەڵ هەڵدانەوەی لاپەڕە و بەشەكانی ڕۆمانی “پیاوێكی بێچارەنووس”دا هەست دەكەیت ئۆردووگە زۆرەملێكانی ئاوشڤتز و بۆشنڤەڵد لە عێراقن نەك ئەڵمانیا، هەستی دەكەیت كوردیش گیۆرگی زۆری هەن و هەزاران كەسیشی بێچارەنووسن.

هۆلۆكۆست و پیاوێكی بێچارەنووس

ڕۆمانی پیاوێكی بێچارەنووس، لە نووسینی ئیمرە كیرتێزی ڕۆماننووسی هەنگارییە، ڕووناك شوانی لە سوێدییەوە وەریگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی. نووسەر كاتێك تەمەنی نزیكەی چواردە ساڵان بووە، لە پرۆسەی بەدناوی هۆلۆكۆستدا لەلایەن نازییەكانەوە لە سەردەمی جەنگی دووەمی جیهانیدا، بەهۆی جوولەكەبوونییەوە لە هەنگاریاوە بۆ ئۆردووگە زۆرەملێكانی ئاوشڤتز و پاشان بۆ بۆشنڤەڵدی ئەڵمانیا ڕاپێچ دەكرێت و لەگەڵ هەزاران جوولەكەی تردا كە هیی وڵاتانی جیاوازی ئەورووپان لە ئۆردووگە زۆرەملێكاندا بێگاریان پێدەكرێت و بە چاوی خۆی ئەو دۆزەخەی نازییەكان دەبینێت كە مرۆڤ تێیدا بەزیندوویی دەخرێتە سووتێنگەوە.
پرۆسەی پاكتاوكردن و كۆمەڵكوژكردنی جوولەكەكانی ئەورووپا لە ساڵانی 1940 تاوەكوو 1945 كە بە هۆلۆكۆست ناسراوە، بە بڕیاری ئەدۆلیف هیتلەر سەرۆكی ئەوكاتی ئەڵمانیای نازی بەمەبەستی پاكتاوكردن و كۆتاییهێنان بە ڕەگەزی جوولەكە لە سەردەمی جەنگی دووەمی جیهانیدا دەستیپێكرد، ئەو پرۆسەیە هێندە قێزەون و مەرگەساتاوییە، تەنانەت جیهانیشی شەرمەزار كرد، پرۆسەكە بە بەرچاوی جیهانەوە بەڕێوەچوو و بە ملیۆنان ئینسانی جوولەكەی ئەورووپایی لە كەمپ و ئۆردووگە زۆرەملێكانی ئەڵمانیای نازیدا، لەو شوێنانەی كەوتنە دەست ئەڵمانیا، كوژران و سووتێندران و خرانە بەر كاری بێگارییەوە.
نووسەرانی كتێبی “هۆلۆكۆست” ستیڤان برۆشفێڵد و پاوڵ ئا. لڤین، لە پێشەكی كتێبەكەیاندا ئاماژە بە ژمارەی قوربانییانی جوولەكە لە پرۆسەی هۆلۆكۆستدا دەكەن، لەنێوان پێنج تاوەكوو شەش ملیۆن جوولەكە و زیاتر لە نیو ملیۆن قەرەج بوون، هەروەها ئاماژە بەوەش دەكەن قوربانییانی تری پرۆسەكە پێكهاتووە لە 100 هەزار كەمئەندام و كەمئەقڵ و خەڵكی بێزراو و هەزاران هۆمۆسێكسواڵ و چەندین ملیۆن پۆڵۆنیایی بێ چەك و گیراوانی جەنگی ڕووسیا. سەبارەت بە ڕوانگەی نازییەكان بۆ نەژاد، هەروەك لە كتێبەكەدا دەڵێن مێژووی ئەڵمانیای نازی جیا نییە لە جیهانیی نازییەكان، كوشتاری جوولەكەكان دەرئەنجامی هزری نەژادپەرستانە-ئایدۆلۆژیای ئەدۆلیف هیتلەر بوو، هیتلەر و حیزبی نازی ڕوانگەیان لە پێكهاتەی نەژادپەرستانەی خۆیان سەبارەت بە مرۆڤ و نەفرەتەكانیان لە كۆمەڵگەی دیموكراتیك و بەهاكانی نەشاردووەتەوە، بۆ نازییەكان نەژاد لەخۆگری هەموو شتێكە و بەهای تاك تەنیا لەوەدا كورت دەبێتەوە، ئامرازێكە لەدەست دەوڵەتی نەژادپەرستدا، ئەم ئایدۆلۆژیایە بەزوویی لەدوای بەدەسەڵاتگەیشتنی نازییەكانەوە لە 30ی كانوونی دووەمی 1933دا هاتە ئاراوە.
هەر سەبارەت بەو بابەتە لە ویکیپیدیادا هاتووە “هۆلۆکۆست لە بنچینەدا وشەیەکی یۆنانییە، بە مانای سووتاندن بە فڕن دێت، زۆرتر بۆ ئەو کوشتارەی جوولەكەکان دێت کە لە ماوەی جەنگی دووەمی جیهانیدا، لەلایەن پارتی سۆشیالیستی کرێکارانی ئەڵمانیا، ناسراو بە “نازی” بە سەرکردایەتیی ئەدۆلیف ھیتلەر دەستیپێکرا، گەرچی ڕای جیاواز ھەن ئەم پرۆسەیە تەنیا جوولەکەکان ناگرێتەوە، بەڵکوو کەسانی دیكەی پەکكەوتە و نەخۆش و زیندانیانی سیاسی کە بە دیل گیرابوون، واتە لە ھێزەکانی یەکێتیی سۆڤییەت و کۆمۆنیستەکان و قەرەج و ھاوڕەگەزخوازەکانیش دەگرێتەوە.
کوشتاری نازییەکان جگە لە شەش ملیۆن جوولەکە، ژمارەیەکی زۆر خەڵکی دیکەشی گرتەوە لەوانە: سەدان ھەزار قەرەجی ئەورووپایی و سەدان ھەزار (سێرب) کە بەشیکی زۆریان لەناوچوون، نزیک بە دوو ملیۆن مەسیحی و وێڕای سێ ملیۆن جوولەکەی ئەو وڵاتە و دیلەکانی شەڕ و خەڵکی ئاسایی ڕووس و میللەتەکانی سلاڤی ڕۆژھەڵات و ڕووسیای سپی و ڕووس و ئۆکرانی و ھۆمۆسێکسوالەکان، خەڵکی پەککەوتە و نەخۆش و کۆمۆنیستەکان و نەیارانی سیاسی و ڕووناکبیران و ئەندامانی یەکێتییەكانی کرێکاران و پیاوە ئایینییەکانی سەر بە کلێسای ئۆرتۆدۆکس و کاتۆلیک و پرۆتستانت.
لای هەندێك لێکۆڵەر، وشەی ھۆلۆکۆست ھەموو ئەو قوربانییانە دەگرێتەوە کە لە سەرەوە باسکران، بۆیە لەسەر ئامارێكی دروستی سەرجەمی قوربانییەکانی ھۆلۆکۆست کێشە و ڕای جیاواز ھەیە، ئەوەیشە هەندێك لایەن دەڵێن نۆ تاوەكوو یازدە ملیۆن كەس بووە و هەندێكجاریش باسی 26 ملیۆن قوربانی دەکرێت.
وەك لەو كورتە پێناسەیەی هۆلۆكۆستدا دەركەوت، جوولەكەكان قوربانیی باوەڕی نەژادپەرستیی حیزبی نازییەكانن، ڕێك لە ئەنفال و كیمیابارانكردنی هەڵەبجەی سەردەمی ڕژێمی بەعس و سەددام حوسێن دەچێت، ڕاستە جوولەكەكان لە هۆلۆكۆستدا بەهۆی جوولەكەبوونیانەوە كۆمەڵكوژكران، ئەوەتا بە چەند دەیەیەك دوای ئەو ڕووداوە كوردیش تەنیا بەهۆی كوردبوونییەوە لەلایەن دەسەڵاتدارێكی عەرەبەوە كۆمەڵكوژ كرا. لەبەر ئەوە ڕۆمانی پیاوێكی بێچارەنووس گرنگە، ڕێك دەڵێی ئازارەكانی كورد لە پرۆسەی بەدناوی ئەنفال و كیمیابارانكردنی هەڵەبجەدا دەگێڕێتەوە، ئەگەر ئینسانەكان لە ئۆردووگە زۆرەملێكانی نازیدا بە گازی ژەهراوی خنكێندران، لە هەڵەبجەش ئەمە ڕوویدا و هەزاران مرۆڤی كورد بە ژەهر خنكێندران، بەداخەوە كۆمەڵگەی جیهانی لە ئاست ئەو ستەمەی لە كورد كرا، بێدەنگ بوون و تەنانەت لە كاتی داواكردنی سەربەخۆییشدا، پاڵپشتی كورد نەبوون، ئیدی گرنگە كوردیش سەدان ئیمرە كیرتێزی هەبێت، ئازار و كۆمەڵكوژیی كوردان لە ڕێگەی ڕۆمان و بەرهەمی ئەدەبییەوە بە كۆمەڵگەی جیهانی بناسێنن.

چیرۆكی گیۆرگی چواردە ساڵان

گیۆرگی تەمەن چواردە ساڵان، پاڵەوانی سەرەكیی ڕۆمانی “پیاوێكی بێچارەنووس” كە لە ڕاستیدا خودی نووسەری ڕۆمانەكەیە، بەڵام لەسەر زاری گەنجێكی جوولەكە لە فۆڕمی ئەدەبیدا یادەوەرییەكانی خۆی دوای ڕزگاربوونی لە ئۆردۆگە زۆرەمیلێكانی ئەڵمانیای نازی دەگێڕێتەوە.
باوكی گیۆرگی لە هەنگاریا خاوەن كارگەیەكی گەورەی دار و تەختەیە، بە ئایین جوولەكە و سەرقاڵی كاروباری ئاسایی خۆیانن، لە سەردەمی جەنگی دووەمی جیهانیدا، ئەو خاوەنكارە بەهۆی جوولەكەبوونییەوە لەژێر گوشاری نازییەكانی ئەڵمانیادا، بۆ بێگاری بانگ دەكرێت و كارگەكە و تەنانەت سەروەت و سامانەكەیشی بە شوتۆی كرێكار و ژمێریاری كارگەكەی دەسپێرێت. شوتۆ ترسی جوولەكەبوون و بێگاری نییە. وەك لە پێشوودا ئاماژەمان بە دۆخی جوولەكەكان لەو سەردەمەدا كرد، بەهۆی جیاوازیی ئایینەوە دەستگیر دەكران و لە خەڵكانی مەسیحی جیا دەكرانەوە.
چیرۆكی گیۆرگی زۆر خەمناكە، بەوەی هێشتا سەرەدەری لە ئایین دەرناكات و خۆیشی پێویستی بە سەرپەرشتیارێكە چاوی لێی بێت، كەچی بەهۆی بانگكردنی باوكی بۆ بێگاری، ئەركی پاراستن و چاودێریكردنی باوەژن و ماڵەوەیشی دەكەوێتە ئەستۆ، دەی ئەو هێشتا نایەوێت لەو دۆخە نەخوازراوە تێبگات، بۆیە پێش ڕۆیشتنی، باوكی و خزمەكانی باوەژنەكەی، هەوڵی زۆری لەگەڵدا دەدەن و دەیانەوێت تێی بگەیەنن ئیدی ئەو پێی ناوەتە قۆناغێكی تری ژیانەوە، پێی خۆش بێت یان ناخۆش، ئێستا ئەركی پاراستن و چاودێریكردنی ماڵ و باوەژن و هەموو شتێكی دەكەوێتە ئەستۆ، وێڕای ئەوەی هێشتا توانای دەرخكردنی ئەو هەموو ئامۆژگارییەی نییە، بەڵام هەرچۆنێك بێت هەست دەكات و تێدەگات دوای ڕۆیشتنی باوکی، ژیانێکی جیاواز دەژین و دەبێت خۆی بۆ قۆناغێکی سەخت ئامادە بکات.
چیرۆكە خەمناكەكە كە پێویستە خەمی هەمووان بێت، لێرەوە دەستپێدەكات، كاتێك بە چەند مانگێك دوای ڕۆیشتنی باوكی بۆ بێگاری، گیۆرگیش بەهۆی دەركردنی چەند یاسایەكی نوێ لە دژی جوولەكەكان، لەلایەن لاوانی نەتەوەیی کە ئەو گرووپە ئەندامی ڕێکخراوێکی سەر بە نازین و گەنجانی تەمەن سێزدە ساڵان بەسەرەوە لەسەر بنەمای سەربازی و شۆڤینیەت پەروەردە دەکەن، گیۆرگی بەزۆرەملێ بۆ کارگەی شێپڵ کە کارگەیەکی پاڵاوتنی نەوتە لە هەنگاریا لەگەڵ هەژدە هەرزەکاری تردا بانگ دەكرێن و پێویستە ڕۆژانە بۆ كاری بێگاری سەردانی ئەو كارگەیەی پاڵاوتنی نەوتە بكات، وێڕای ئەوەی باوەژن و خزمەكانی و خۆیشی تاڕادەیەك خۆشحاڵ دەبن بەو كارە، ئەو سەردەمە كاری لەمجۆرە بۆ جوولەكەكان لەچاو بێگاری لە ئۆردووگە زۆرەملێكاندا زۆر باش بووە، هەرچۆنێك بێت چەند مانگێك بەو تەمەنە بچووكەیەوە، خۆی لەگەڵ بێگاری لەو كارگەیەدا ڕادەهێنێت تا ئەو بەرەبەیانییەی بە ئۆتۆبووسێك بەرەو پاڵاوگە نەوتییە سەربازییەكە دەچێت، پێش ئەوەی بگاتە شوێنكارەكەی، ئۆتۆبووسەکەی لەلایەن پۆلیسەوە ڕادەگیرێت و دەمودەست داوا لە سەرنشینانی دەكرێت هەرچی جوولەکەیە دەستیان بەرز بكەنەوە و بێنە خوارێ، ئەویش ئەو دۆخە بە ئاسایی وەردەگرێت و یەكسەر دەچێتە خوارێ، ڕاگرتنی ئۆتۆبووسی دیكە چەندبارە بووەوە، ئیدی هەر ئۆتۆبووسێک دێت، پۆلیس ڕایدەگرێت و هەرچی جوولەكەیە لە گۆڕەپانێكدا كۆدەكرێنەوە، دوای چەند کاتژمێرێک چەندان جوولەکەی دیكە ڕادەگیرێن و ئینجا بۆ بارەگەیەكی گومرگ دەیانبەن و لە ژوورێكدا دەرگەیان لەسەردا کڵۆم دەدەن، بۆ ئێوارەكەی پۆلیسەكە فەرمان لە سەرووی خۆی وەردەگرێت و سەرجەم جوولەكەكان بۆ گواستنەوەیان بەرەو ئەڵمانیا ناونووس دەكات و دوای چەند ڕۆژێك بە شەمەندەفەر لە هەنگاریاوە دەگەنە سەربازگەی ئاوشڤتز-بیرکناو لە ئەڵمانیا، کە ئۆردووگەكە بە سەربازی ئەڵمانی دەورەدراوە و پڕێتی لە جوولەكەی وڵاتانی ئەورووپا و کەسانی قەرەج و پیر و منداڵ و ژن و پیاو و گەنج، دواتر گیۆرگی لە ئۆردووگەی زۆرەملێی ئاوشڤتزەوە بۆ ئۆردووگەی بۆشنڤەڵد دەگوازرێتەوە.

ڕۆمانێكی فرە ڕەهەند

ئەو ڕۆمانە دەچێتە بازنەی ڕۆمانی فرە ڕەهەندەوە، واتە یادەوەریی و مێژوویی و واقیعی و ئایینی، ئیمرە كیرتێزی نووسەری ڕۆمانەكە خۆی یەكێك بووە لەو جوولەكانەی لە پرۆسەی پاكتاویی ئایینی و نەژادیدا (هۆلۆكۆست) لە ئۆردووگە زۆرەملێكانی نازیدا بووە، خۆی ئازاری چەشتووە و ڕووداوەكانی بەچاوی خۆی بینیوە تاوەكوو ئەو كاتەی ئەڵمانیای نازی دەڕووخێت، ئینجا ئازاد دەكرێت. ڕۆمانەكە لە ڕێگەی فۆرمێكی ئەدەبییەوە ڕووداوێكی واقیعی بەسەردەكاتەوە كە لە مێژووی مرۆڤایەتییدا ڕوویداوە و چەندین كتێب و فیلم و هەزاران وتار و بابەت و یادكردنەوەیشی لەسەر نووسراون و ئامادەكراون.
لەو خاڵەیشدا مێژووییە، مێژوویییە بەو مانایەی هۆلۆكۆست پرۆسەیەكی پاكتاویكردنی نەژادی و ئایینییە و دەستپێك و كۆتایی لە مێژوودا تۆمار كراوە، بۆیە بێدوودڵی ئەو ڕۆمانە مێژوویی و واقیعی و یادەوەریی و تەنانەت ئایینی و سیاسیشە، پرۆسەی هۆلۆكۆست لەسەر دەستی حیزبێكی خاوەن دەسەڵات كە فەرمانڕەوایی وڵاتێكی زلهێزی وەك ئەڵمانیای دەكرد، ڕوویداوە، بۆیە سیاسیشە.
جیاوازی ڕۆمان لەگەڵ هەر ژانرێكی تردا كە ڕووداوێكی مێژوویی و واقیعی تۆمار دەكەن و دەنووسنەوە، ئەوەیە، ڕۆمان جیاوازە لەو كتێبانەی دیكە كە ڕووداوی هۆلۆكۆستیان تەنیا وەك ڕووداو و ئامارێكی بێ گیان و دوور لە دۆخە سایكۆلۆژییەكە باس كردووە، كاتێك لە كتێبێكی ئاسایی دەنووسرێت لە ئۆردووگەی زۆرەملێی بۆشنڤەڵدا مرۆڤ ئازار دەدرا و دەكوژرا، ئەمە بەشێكە لە گواستنەوەی ئازارەكە و ناگاتە ئەوەی ڕۆماننووسێك خۆی لە بۆشنڤەڵد بووە و لە ڕێگەی فۆرمێكی ئەدەبییەوە ئازارەكان و ڕووداوەكان و جۆری خواردن و هەستی قێزلێبوونەوە لە جەستەی كێماوی خۆی لەو سەربازگەیە دەنووسێتەوە، ڕۆمان چونكە لایەنی دەروونی تێدا ڕەچاو دەكرێت، بۆ ئەو جۆرە ڕووداوانەی وەك ئۆردووگە زۆرەملێكانی نازی و ئەنفالی كوردان، قووڵتر دەتوانێت ڕۆبچێتە ناخ و هەستی خوێنەر بجووڵێنێ و ڕای گشتی لەبارەوە دروست بكات.
كێ هەیە كاتێك لاپەڕەكانی ئەم ڕۆمانە پڕ كێم و خوێن و دۆزەخییە هەڵدەداتەوە، لەگەڵ گیۆرگی تەمەن چواردە ساڵاندا، هەست بە ترس نەكات و لەلای خۆیەوە هەناسەیەكی قووڵ هەڵنەكێشێت و نەڵێ ئۆخەی من گیۆرگی نیم!
ئیمرە كیرتێز، بە تەنیا چیرۆكی خۆیمان بۆ ناگێڕێتەوە، ئەو گیۆرگییە لەبری هەمووان بەدەست جیاوازیی ئایین و نەژادییەوە ئازار دەچێژێت، ئەوە خۆی پەیامێكە بۆ هەمووان، ئەگەر جیاوازیی نەژادی و ئایین بوونە هۆی ئەوەی مرۆڤ بەهۆیانەوە بچەوسێندرێتەوە یان بچەوسێنێتەوە، مرۆڤایەتی لەبەردەم پرسیارێكی گەورەدایە، ڕاستە گیۆرگی باسی ئەنفال ناكات، بەڵام هەمان ئازاری كوردێكی هەیە كە بەهۆی كوردبوونییەوە لەسەر پشتی زیلێكی عەسكەری لە گەرمەسێری كوردستانەوە بۆ پارێزگەكانی خوارووی عێراق دەبردێت و لەوێدا لە جیهان دادەبڕێت و بەدەم هاوار و گریان و پاڕانەوە و دەستبەرزكردنەوە بۆ ئاسمان دەخرێتە چاڵی مەرگەوە، ئێ ئەوە چ جیاوازییەكی لەگەڵ ئەو سووتێنگەیەی گیۆرگی باسی دەكات هەیە، كاتێك لە ئۆردووگەی زۆرەملێی بۆشنڤەڵدی نازییەكاندا مرۆڤ تەنیا بەهۆی جوولەكەبوونییەوە دەسووتێندرێت و لە ژووری سیخناخ لە گاز دەخنكێندرێت! بەڵێ هیچ جیاوازییەكیان نییە، چ ئەوەی لە هۆلۆكۆست و چ ئەوەی لە ئەنفالدا ڕوو دەدەن، لە كرۆكدا یەك ڕووداون و تاوانێكی یەكجار گەورەن، تەنیا كات و شوێنیان جیاوازە.

یەكەم ماچی كونەتەیارە و یادەوەرییەكی شیرین

ئەگەرچی بابەتی سەرەكی ڕۆمانەكە بە تایبەتی تیشك دەخاتە سەر ڕەوشی جوولەكە لە سەردەمی جەنگی دووەمی جیهانی لە ئەورووپا لە پرۆسەی پاكتاوكردنی جوولەكە و چەندین گرووپی دیكەی مرۆڤ لەلایەن ئەڵمانیای نازییەوە لەنێو بردران، بەڵام لە تەك ئەوەشدا، ڕووداوێكی خۆشەویستیی نێوان گیۆرگی و كچێكی هاوتەمەنی خۆی بەناوی ئەنناماریا هەیە، ڕۆمانەكەی لەو دۆخە گشتییە ترسناكەدا، جیاواز و جوانتركردووە، بەڕای من ڕۆحی بە بەردا كردووە.
لەو دیمەنی خۆشەویستییەدا، ئەگەرچی نووسەر نەیویستووە كاری جدی لەسەر بابەتی خۆشەویستی لەنێو ڕۆمانەكەیدا بكات، وەك باوە زۆربەی ڕۆماننووسەكان بۆ ڕاكێشانی سەرنجی خوێنەر، پەنا بۆ بابەتی خۆشەویستی و سێكسی دەبەن، بەڵام ئەو دیمەنەی یەكەم ماچە لەنێو پیاوێكی بێچارەنووسدا ڕووداوێكە و لە بەرگی ئەدەبیدا خۆی خزاندووەتە نێو ڕووداوە ئاڵۆزەكانی ڕۆمانەكە، لێ جێگەی خۆی كردووەتەوە، ئەویش پێناسەكردن و سەربووردەی یەكەم ماچی نێوان گیۆرگی و ئەنناماریایە، پێش ئەوەی گیۆرگی ڕاپێچی ئۆردووگە زۆرەملێكانی نازی بكرێت، گرنگی ئەو ماچە لەوەدایە لەكاتێكدا بۆردوومانی فڕۆكەیان لەسەرە، كەچی تینی خۆشەویستی و گڕی ماچ، وای لێ كردوون باكیان بە ترس و مەرگ و زرمەی بۆمبەكان نەبێت و لەپڕ بخزێنە باوەشی یەكدییەوە و یەكەم ماچ بگۆڕنەوە، ئەو ماچە هێندە شیرینە، وەك یادەوەرییەكی خۆش لای گیۆرگی دەمێنێتەوە.
گیۆرگی گەنج بە تامەزرۆییەوە باس لەو یەكەم ماچە دەكات: “پێرێ شەو، لە كاتی بۆمببارانی فڕۆكەكاندا، لە كونەتەیارەكە، یان دروستتر بێژین لەو ڕێڕەوە نیمچەچۆڵە تاریكەی لە كونەتەیارەكە جیا دەبێتەوە، لە تەك ئەنناماریادا كەوتینە دۆخێكی تاڕادەیەك تایبەتییەوە. لە بەراییدا گەرەكم بوو نیشانی بدەم لە كوێوە خۆشترە تەماشای ڕووداوەكانی دەرەوە بكات، لێ پاش چركەیەك كاتێك زرمەی بۆمبێكمان ژنەفت، كە لە نزیكمانەوە تەقییەوە، هەموو جەستەی وەك گەڵای دار دەهەژیا، ئەمن بەڕوونی هەستم پێ كرد، چۆن لە ترساندا خۆی بە منەوە ئاوێزان كرد، باسكی لە دەور ملم ئاڵاند و دەموچاوی لە شانم گیر كرد، ئیدی هیچم بەیاددا نایەتەوە، تەنێ ئەوە نەبێت، كە لە دووی دەمی گەڕام، هەستێكی تەماوی، گەرم و نیمچەشێداری، لەگەڵ حەپەسانێكی خۆشی لە ناخمدا جێهێشت، لەبەر ئەوەی یەكەم جار بوو كچێك ماچ بكەم، جگە لەوەش بیرم لێ نەكردبووەوە، ڕۆژی دواتر لەسەر پلیكانەكان بۆم دەركەوت ئەویش بەوە حەپەسابوو، پێی وابوو، بۆمبەكە هۆكار بووە، لە ڕاستیدا ئەمەیان دروست بوو، پاشان جارێكی دیكە یەكترمان ماچ كرد، لەو كاتەوە فێربووم چلۆن بە بەكارهێنانی زارمان لەم ئەزموونە، یادەوەرییەكی شیرین و درێژخایەن دروست بكەین”.
وەك لەو دیمەنەدا دەردەكەوێت گڕی ئەوین و حەزی ماچی ڕەگەزی بەرانبەر كاتێك كڵپە دەدات، كاتوساتی بۆ نییە، هەركە ئەو گڕە هەڵدەگیرسێت، لەنێو كوورەی ئاگریشدا بێت، خۆشەویستەكان باوەش بە یەكدا دەكەن و نێو دەمی یەكدی ماچ دەكەن، ڕاستە ماچی یەكەم شەرمەیەكی لەگەڵدایە، بەڵام بۆ هەمیشە لە یادەوەریی مرۆڤدا دەمێنێتەوە، یادەوەرییەك هەتا ناو گۆڕیش لەگەڵیدا شۆڕ دەبێتەوە. گیۆرگی لەخۆیەوە ناڵێ: لەو كاتەوە فێربووم چلۆن بە بەكارهێنانی زارمان لەم ئەزموونە، یادەوەرییەكی شیرین و درێژخایەن دروست بكەین!

ئاوشڤتز و بۆشنڤەڵد..
دۆزەخەكانی نەژادپەرستی

ئاوشڤتز و بۆشنڤەڵد، دوو لەو سەدان ئۆردووگە زۆرەملێیانەی نازییەكانن كە بە هەزاران ئینسانی جوولەكە و قەرەج و هۆمۆسێكسواڵ و كەمئەندام و كەمئەقڵ و كەسانی بێزراویان تێدا ڕاگیراون، بە تایبەتی ئەو دوو ئۆردووگەیە دۆزەخن بۆ جوولەكەكان، چونكە پرۆسەی پاكتاوكردنەكە زیاتر ئامانجی جوولەكەكان بووە تا گرووپەكانی دیكە، لەبەر ئەوەشە ئێستاش جیهان دەیەوێت نازی ئیسرائیل كە دەوڵەتێكی جوولەكەیە ڕابگرێت و هەموو هەوڵی خۆیان دەدەن، ئەوەی لە هۆلۆكۆست بەسەر جوولەكەدا هات، دووبارە نەبێتەوە، تەنانەت ئەڵمانیای ئێستاش بە بەردەوامی چاوێكی لەسەر پاراستنی جوولەكەیە تاوەكوو ئەو پەڵە ڕەشەی كە هیتلەر خستە سەر ڕووخساری ئەڵمانییاوە، بە یەكجاری بسڕدرێتەوە و بە كۆمەڵگەی جیهانی بڵێن ئەوە هەموو ئەڵمانییەكان نەبوون هۆلۆكۆستیان كرد، تەنیا هیتلەر و گرووپەكەی لێی بەرپرسیارن، بۆیە ئێستا حیزبی نازی لە ئەڵمانیا كاركردنی لێ قەدەغە كراوە.
ئیمرە كیرتێز، چونكی خۆی قوربانییە و بەچاوی خۆی ئۆردووگە زۆرەملێكانی نازی دیوە، هێندە ورد و بە سەلیقە، وێنەی كەمپ و ئۆردووگە زۆرەملێكان دەگرێت، تۆی خوێنەر كاتێك ڕۆمانەكە دەخوێنیتەوە، هەر دەڵێی ئێستا لە سەردەمی جەنگی دووەمی جیهانیدا دەژیت و یەكێكیت لە بێگارەكان و دەستگیركراوانی جوولەكە و قەرەج، ئاخر كیرتێز بەو ڕۆمانەی، پەردەی لەسەر ڕووی ڕاستەقینە و ناشرینی نازییەكان هەڵدایەوە، وێنەیەكی ئەوتۆی گرتووە و بە جۆرێك ڕووداوەكانی تۆمار كردوون، هەرگیز لە زاكیرەی خوێنەردا كاڵ نابنەوە. كێ هەیە دوای خوێندنەوەی ڕۆمانەكە، سووتێنگەكان و ئازاری ئینسانەكان لەبیر بكات!
“مرۆڤ بە تێپەڕبوونی كات بە پەرجوو ڕادێت، وردە وردە توانیم لەسەر پێی خۆم بە پێخاوسی بۆ نۆرینگەكە بڕۆم، پەتووەكەم لەسەر كراسەكەدا لەخۆ پێچابوو، لەنێو هەوا ساردوسڕەكە و بۆنوبەرامە ئاشناكەدا بۆنێكی جیاوازم ناسییەوە، پاش ئەوەی بیرم لە كاتە بەسەرچووەكە كردەوە، بەو ئەنجامە گەیشتم كە دەشێت سەرەتای بەهار بێت، لە ڕێگەی گەڕانەوەمدا سەرپێیی سەرنجی دوو پیاوم دا بە جلی زیندانییەوە لە كۆخەكەی ئەوبەری تەلبەندەكەی ئێمەوە عەرەبانەیەكی تاڕادەیەك گەورە كە تایەكانی لاستیك بوون، لەو جۆرەی دەتواندرێت بە بارهەڵگرەوە پێوەست بكرێت، ڕادەكێشایە دەرێ، لەو بارەدا پەلوپۆی زەردهەڵگەڕاو و بەستوو و پارچە جەستەی وشكەوەبووم بینین”.
ئەوە دیمەنی عارەبانەیەكی گەورەیە لە ئۆردووگەی بۆشنڤەڵد كە پڕ لە جەستەی مرۆڤە، بیهێنە بەرچاوی خۆت، گیۆرگی زۆربەی كاتەكانی لەوێدا لە تەك ئەو دیمەنانەدا بەسەربردووە، دەی ئەگەر تۆ یەكێك بیت لەو گیراوانە و بەچاوی خۆت عارەبانەیەكی پڕ لە پەلوپۆی زەردهەڵگەڕاو و بەستوو و پارچە جەستەی وشكەوەبووی مرۆڤ ببینیت، ئینجا بۆی هەیە تۆش ببیتە پارچەیەك لەو جەستە وشكەوەبووانەی عارەبانەیەكی دیكە و بەندییەكی تر جەستەی تۆ ببینن! گیۆرگی هەركە ئەو دیمەنە بەچاوی خۆی دەبینێت، دەترسێت و بەپەلە پەتووەكە لەخۆیەوە دەپێچێت و بە شەلەشەل و چنگ لەسەر شان بەرەو ژوورەكەی خۆی دەگەڕێتەوە و گورج گورج خۆی دەخزێنێتە نێو لێفەكەی و ئیدی وەك جۆرێك لە خۆشاردنەوە خۆی گرمۆڵە دەكات.

برسێتی و شەرمكردنی لە جەستەی خۆی

ئەگەرچی لە بنەڕەتدا ئۆردووگە زۆرەملێكانی نازی بۆ ئینسانەكان دۆزەخن، ئەوانەی ڕاپێچی ئەو شوێنانە دەكرێن، لە بەها و شكۆی مرۆیی دادەماڵدرێن، تاوەكوو ئەندامەكانی جەستە توانای كاری زۆرەملێ و جووڵەیان هەبێت، لەلایەن سەربازەكانەوە بەكاردەهێنرێن، كاتێكیش ئەو توانایە لەدەست دەدەن، بە یەكجاری ڕەزیل و بێبەها دەمێننەوە، ئەوەی خاڵێكی گەشە، لەو دۆخەشدا پزیشك و پەرستارەكان وێڕای ئەوەی لەژێر گوشاردان، كەچی تاڕادەیەكی باش نێوانیان لەگەڵ نەخۆش و پەككەوتە و بریندارەكانی ئۆردووگەدا باشە، دەكرێت ئەمە پەیامێك بێت بۆ پزیشكان و هەموو ئەوانەی لە سێكتەری تەندروستیدا كار دەكەن، لە سەروەختی جەنگ و هەر جۆرە ململانێیەكی هێزەكاندا پێویستە ڕێز لە پیشەكەی خۆیان و مرۆڤ بگرن و لووتكەی كار و ئامانجیان ڕزگاركردنی مرۆڤ بێت لە ئازار و مردن. گیۆرگی دەیان نموونەی جوانی ئەو هەستە بەرزەی پزیشك و پەرستار و كارمەندانی ئۆردووگە زۆرەملێكە دەگێڕێتەوە كە سەرباری دۆخە ئاڵۆزەكەی تێیدان، هێشتا پەیامی مرۆیی خۆیان لە ڕێگەی مومارەسەكردنی پیشەی پزیشكییەوە لە چارەسەركردنی نەخۆش و بریندارەكاندا دەگەیەنن، ئەگەرچی ئێستا ئەو دۆخە بە قۆناغێكی تر گەیشتووە بەوەی سەرمایەداری پیشەی پزیشكیشی خستووەتە ژێر ڕكێفی خۆیەوە تا ئەو ئاستەی لەم جیهانە پێشكەوتووەدا كەسانێك هەن بەهۆی نەبوونی پارەوە بۆ دابینكردنی دەرمان و نەشتەرگەری، گیانلەدەست دەدەن. لێ لە دۆزەخەكەی نازیدا پزیشكەكان لەگەڵ گرتوواندا میهرەبانن.
“نە عینادی، نە نوێژ و نە هەڵاتن لە شتێك ڕزگاریان نەدەكردم، ئەویش برسێتی بوو، دیارە لە وڵاتیشدا برسیم ببوو، یان پێم وابوو برسی بووم، لە كارگەی خشتەكەدا، لە شەمەندەفەر، لە ئاوشڤتز، تەنانەت لە بۆشنڤەڵدیشدا برسیم بوو، لێ هەرگیز بەڕادەی ئێستا هەستم بەم برسێتییە درێژخایەنە نەكردووە، سەراپای بوونم بوو بە بۆشایی، هەموو تەقەلام كپكردن و پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە بێكۆتایییە بوو، بۆ ئەو مەبەستەش تەنێ چاوەكانم شك دەبردن كە چاوساغی هزر و هۆشم بوون، كار و ئاكاری ئاراستە دەكردم، دار و وردەبەرد و ئاسن نەخۆم لەبەر ئەوەیە كە نە دەتوانن ئەم شتانە بجووین و نە هەرس دەكرێن، سەرەڕای ئەوەیش لمم تاقیكردەوە، گەر گژوگیایشم دەستبكەوتبایە دوودڵیم لێ نەدەكرد، بە داخەوە گژوگیا نە لە كارگەكە نە لە ئۆردووگاكەیشدا سەوز نەدەبوون”.
لە دۆزەخەكەی نازیدا، برسێتی وا لە ئینسان دەكات تەنانەت بیر لە خواردنی لم و هەر جۆرە ماددەیەكی تری ڕەقیش بكاتەوە، بۆشنڤەڵد نموونەیەكە لەو نموونە واقیعییە تاڵانەی، ڕژێمی دیكتاتۆر و تۆتالیتار ئەگەر بە چەكیش نەتكوژێت، لە برسان و تامەزرۆیی بۆ لەتێك نان دەتكوژێت، ئێمە ئێستا باسی قۆناغێكی سیاسی و مێژوویی سەردەمی جەنگی دووەمی جیهانی دەكەین، وێڕای برسێتی لەو كەمپە زۆرەملێیانەدا، تەنانەت بەهۆی گەمارۆدانی شارێكی ڕووسیا لەلایەن هێزەكانی ئەڵمانیای نازییەوە، مرۆڤ گەیشتە ئەو ئاستەی گۆشتی منداڵ و ژن و كچ و دایك و باوك و هاوڕێ و هاوشارییەكانی بخوات، ئەمەیش لە ئەنجامی ئەو پەتایەی نازییەت كە بۆ ماوەی زیاتر لە 12 ساڵ فەرمانڕەوایی ئەڵمانیا و بەشێكی ئەورووپای كرد، مرۆڤایەتی پێویستە لە ئاست ئەو جۆرە ڕژێمانە هەردەم لە ترسدا بێت نەوەك جارێكی دیكە و لە بەرگێكی تردا زیندوو ببنەوە و هەمدیس ماڵوێرانی و مەرگەسات دووچاری مرۆڤایەتی بكەنەوە.
وێڕای برسێتی ئەو ڕۆمانە پێمان دەڵێت مرۆڤ لە سایەی ئەو جۆرە ڕژێمانەدا، تەنانەت شەرم لە جەستەی خۆیشی دەكاتەوە، بۆچی؟ لە ئۆردووگەكانی نازیدا، مرۆڤ هێندە پەراوێز دەخرێت و بە ژینگەیەكی پیس ئاشنا دەبێت، بە هێواشی جەستە بەهێزەكەی توانای خۆڕاگرتنی نامێنێت و دەبێتە شوێنگەی ئەسپێ و زیندەوەرانی تر و پاشان ئەو جەستە جوانەی ڕۆژگارێك بەهێز و چالاك بووە، دووچاری داڕزان و نەخۆشیی گەڕی و كێم و خیزاو و برینی قووڵ و گەورە گەورە دەبێتەوە، سەرئەنجام هەر ئەو برین و كێم و ئازارانە لە پەلوپۆی دەخەن و ئیدی بەزیندوویی یان بە مردوویی بێت، دەخرێتە نێو عارەبانەیەكەوە و فڕێ دەدرێت و پاشان دەسووتێندرێت.
“ئێستا پێستم چرچ و لەڕ بووە، وشك و زەردهەڵگەڕانەوە، هەموو جۆرە دوومەڵ، پەڵەی قاوەیی، قڵش و لیرگەلێكی لێ دەرهاتووە، كە فرە دەخوران و وەڕزیان دەكردم، بە تایبەتی نێوان قامكەكانم ئەمە “گەڕی” بوو، هەینێ بە باندی سترومم نیشان دا، ئەو بە ئاماژەیەكی لێزانانە دەستنیشانی كرد. لە خێراییی لاوازبوون و لەناوچوونی ئەو پێستەی ئێسقانەكانمی داپۆشیبوو حەپەسام! سەیرم لە ڕۆژبەڕۆژ توانەوە و بنبڕبوونی گۆشتی جەستەمدا هات، هەموو ڕۆژێ شتێكی نوێ سەرهەڵدەدات و سەرم لێی سووڕ دەمێنێ، خەوشێكی نوێ، ناحەزییەكی تر لەم شتە فرە سەیرەدا، لەم شتە زێدە نامۆیەی ڕۆژێك لە ڕۆژان نزیكترین هاوەڵم بوو، جەستەم، شتێكی بەسامە، چیتر ناتوانم بۆی بڕوانم، قێزی لێ دەكەمەوە، بۆیە ماوەیەكی زۆرە جلەكانم لەبەرم دانەكەندوون بۆ ئەوەی خۆم بشۆرم، جگە لە بێحەوسەڵەییم خۆم لە هەموو ئەو كارە سەختە بێكەڵكانە كێشایەوە، سەرما و پێڵاوەكانیشم لەولا بوەستن.

نۆستالیژیا و نامۆیی

ئینسان لەو ئۆردووگە زۆرەملێیانەی نازییەكاندا لە یەككاتدا دووچاری نۆستالیژیا و نامۆییش دەبێت، بە خەیاڵ هەموو ئەو شت و كارە بێزاراوانەی ژیانی ئاسایی خۆش دەوێن و تامەزۆیە بۆ یەكجاریش بێت، بە ژیانی ئازادی ئاشنا ببێتەوە، ئەوەتا گیۆرگی لەنێو ئەو هەزاران كەسەی نێو ئۆردووگەكەدا، بیری هەموو ئەو كار و هەڵوێستە خراپانەی خۆی دەكاتەوە و پەشیمانە لەوەی ڕۆژێك لە ڕۆژان ڕێزی لە شتەكانی خۆی نەگرتووە، مرۆڤ شتەكانی زیاتر لەلا بە نرخ دەبن، كاتێك لەدەستیان دەدات.
گیۆرگی ژیان و هەموو شتێكی لەدەستدا، ئەوەتا ئێستا ئەو هەموو شتێكی ڕابردووی خۆی خۆش دەوێت، چونكە ئۆردووگەی نازییەكان هێندە سامناكە نەبێتەوە، بە خەیاڵ بۆ ڕابردووی خۆی دەگەڕێتەوە و لەدەست ئەو ئێستایەی تێیدا هەڵدێت “خۆشترین شت بەلامەوە بۆ بەسەربردنی كات ئەوەبوو گەر بكرایە ڕۆژێكی تەواو، بەبێ بڕانەوە، لە سبحەینەوە تاوەكوو ئێوارێی ماڵی خۆمان بهێنمەوە بەرچاوم، لە هەمان سادەییدا، دەكرا بە هەمان كۆشان ڕۆژێكی ئاوەها نموونەیی بهێنمە بەرچاوم، لێ هەمیشە ڕۆژی ناخۆشم بەیاد دەهاتەوە”. نامۆیی بە دونیا پەتایەكی ترە ڕۆحی مرۆڤ لە زیندانی دەسەڵاتی تۆتالیتاریدا دەخوات، نامۆبوون بە هەموو شت، بە كۆمەڵگە، بە مرۆڤی دەوروبەر، بە خۆت و جەستە و ناخت، ئیدی لەو زیندانانەدا مرۆڤ هەر ساتەوەختەی بەدەست ئەندێشەیەكەوە گیر دەخوات، جارێك بەخۆی نامۆیە و جارێكیش بە خەیاڵ و نۆستالیژیا دەگەڕێتەوە بۆ ژیانی ڕابردووی، ڕابردوویەك زەحمەتە دووبارە ببێتەوە.

لە دیلیشدا ئەندێشە بە ئازادی دەمێنێتەوە

ئینسان لە زیندانی دیكتاتۆردا ڕزگاربوونی نزیكە لە مەحاڵەوە، ڕەنگە هەموو هەوڵێكیشی بۆ ئازادی بە شكست و ئەشكەنجەی نوێ كۆتایی بێت، لێ ئازادییەكی تر هەیە، هەرگیز دیكتاتۆرەكان ناتوانن دەستەمۆی بكەن و دەركی پێ بكەن، ئەویش ئازادیی ئەندێشە و لە ناخەوە بیركردنەوەیە لە ئازادبوون، مرۆڤ بە ڕێگەی خەیاڵ و ئەندێشەوە دەتوانێت هەمیشە ئازاد بژی، دەكرێ كەڵەپچە لە دەستت بێت و لە گرتووخانەیەكدا بیت و دەیان پاسەوان و جەللادت لە نزیكدا بن، بەڵام هەرگیز ئەو هەستەت نامرێت كە دەتەوێت ئازاد بیت، گرنگ نییە، ناتوانیت ئازاد بیت، گرنگ ئەوەیە خۆت لەگەڵ كۆتوبەندی دیلیدا ڕانەهێنیت، كۆیلە ئەو كەسەیە بە كۆیلایەتی ڕازی دەبێت و هەوڵی ئازادیی خۆی نادات، بەپێچەوانەوە ئەوانەی تەنیا وەك كۆیلەیەك ڕاگیراون و بیر لە ئازادی دەكەنەوە، ئەوە كۆیلە نین، چون ناخێك هەیە بیر لە ئازادبوون دەكاتەوە، گیۆرگیش ئەگەرچی دەزانێت ڕزگاربوونی مەحاڵە، بەڵام بە ئەندێشە بیر لە ئازادی دەكاتەوە و دەیەوێت هەموو ڕووداوەكانی ژیانی وەك شریتێك بهێنێتەوە بەرچاو، ئەمە خۆی جۆرێكە لە ئازادی و پەیامێكیشە مرۆڤ نابێت لە سەختترین ساتەوەختی زیندان و ئاستەنگەكانیشدا بیر لە خۆڕادەستكردن بكاتەوە. “بەشێك لە سرووشتی مرۆڤ هەیە تایبەت بە خۆیەتی و بە هیچ ڕەواڵێك لێی داگیر ناكرێت، ئەوە ڕاستییە، تەنانەت لە دیلیشدا ئەندێشە بە ئازادی دەمێنێتەوە”.
گیۆرگی لەو دۆخەدا ئەگەرچی تەواو پەكی كەوتووە و هەندێ جاریش هیچ ئومێدێكی نامێنێت، بەڵام ئەوەتا لە ناخیدا دەڵێ: “بەخۆم ژنەفتم باسی ڕابردوو و داهاتوو دەكرێت، لە هەمووشیان زێدەتر، گەلێك باسی ئازادی دەكرێت، بەڵێ بە بوێرییەوە دەڵێم نەمبیستووە لە هیچ شوێنێكی دیكەی جیهاندا هێندەی نێو گرتووان باسی ئازادی بكرێت، ئێوارەیەكی تاریكی مانگی نیسانە، لەكاتێكدا سەرۆكی ئۆردووگەكە جارێكی تر لە بڵندگۆكەوە دەدوا، پیەتیكایش بە ڕوومەتی سوورهەڵگەڕاو، بە جۆشوخرۆش و پڕ بە هەزاران وشەی ناڕوون گەڕایەوە، هاوكات سەرۆكی ئۆردووگاكە حارێكی تر لە بڵندگۆكەوە دەستی بە قسان كردەوە، ئەمجارەیان ڕووی دەمی لە ئەندامانی پێشووی تیمی پەتاتەپاككردنەوە كرد و داوای لێ كردن بەزووترین كات بۆ شوێنەكەی خۆیان، واتە ناندێنەكە بگەڕێنەوە، هەروەها داوای لە دانیشتووانی ئۆردووگەكە كرد، گەرچی تا نیوەشەویش بووە بە بێداری بمێننەوە، لەبەر ئەوەی دەستیان بە لێنانی شۆربابەگۆشتێكی خەستوخۆڵ كردووە، ئەوجا بە ئاسوودەیی سەرم خستە سەر بالیفەكەم و بەكاوەخۆ شتێك لە ناخمدا داسەكا، ئەو دەمەی ئەمنیش ڕەنگە بۆ یەكەمین جار بیرم لە ئازادی كردەوە”.

ئازادی و لەبیرنەكردنی ئازارەكان

دوای ئەوەی ئەڵمانەكان لە شەڕدا دووچاری شكست دەبن، ئەو جوولەكانەی لە ئۆردووگە زۆرەملێكاندا ڕاگیرابوون، ئازاد دەبن و هەر كەسەیان بەرەو وڵات و شاری خۆی دەگەڕێنەوە، ئەگەرچی ئەوانەی ئازادبوون ژمارەیان زۆر كەمە، چونكە زۆربەیان لە ماوەی پرۆسەی پاكتاوكردن لە كەمپەكاندا بە جۆرەها شێوە كوژران و سووتێندران و خنكێندران و لە برسان مردن و لە تینووێتیدا خنكان.
كاتێك گیۆرگی بە وڵاتەكەی “هەنگاریا” ئاشنا دەبێتەوە، زۆر شت وەك خۆیان نەماون، زۆربەی خەڵكەكە یان بزرن یان مردوون، باوكی كە پێشتر بۆ بێگاری لەلایەن نازییەكانەوە بردرا، لە ئۆردووگەدا گیانیلەدەستداوە و باوەژنەكەشی شووی بە توشۆ، ئەو كرێكارەی كە باوكی، كۆگەی دارەكەی پێسپارد، كردووە و شوێنەكەی جێهێشتووە، كەسوكاری باوەژنەكەیشی زۆر هەوڵی لەگەڵدا دەدەن ئەو دۆخەی بەسەری هاتووە، وەكخۆی قەبووڵ بكات و ژیانێكی نوێ دەستپێبكاتەوە، بەڵام گیۆرگی هێندە بە قووڵی ئازاری چەشتووە و لەبەرچاوی شكۆی مرۆڤ شكێندراوە، داواكەیان ڕەت دەكاتەوە، ئەگەرچی سەرجەم ڕووداوەكان بە ئاسایی دەبینێنێت، سەرەڕای ئەوەش ناتوانێت لەئاست ئەو ستەمەدا بێدەنگ بێت، دواجار بڕیار دەدات لەبارەی ئەوەی لە ئۆردووگەكاندا ڕوویداوە، قسە بۆ ڕۆژنامەكان بكات.

——————————————–

سەرچاوەكان:
ناوی كتێب: پیاوێكی بێچارەنووس
نووسەر: ئیمرە كیرتێز
وەرگێڕانی لە سویدییەوە: ڕووناك شوانی
بابەت: ڕۆمان
نۆبەتی چاپ: چاپی یەكەم 2016
لە بڵاوكراوەكانی ئەندێشە
**
ناوی كتێب: هۆلۆكۆست
نووسەران: ستیڤان برۆشفێڵد و پاوڵ ئا. لڤین
وەرگێڕانی: شۆڕش غەفووری
بڵاوكراوەی ئاراس، چاپی یەكەم 2007
**
سەرنج: ئەم بابەتە لە كتێبی (خوێن و ئیرۆتیك)ی شاخەوان برایم عەبدوڵڵا، وەرگیراوە.

Previous
Next
Kurdish