Skip to Content

مردن لە پێناوی هونەردا.. جواد خەلیل

مردن لە پێناوی هونەردا.. جواد خەلیل

Closed
by كانونی دووه‌م 4, 2022 General

ڕەحمەتوڵا شەڵتاغ سوڵتان ئاغا خەلیل، ناسراو بە (مەلا شەڵتاغ) کە بە دامەزرێنەر و ڕابەری ڕاستەقینەی مەقاماتی عێراقی دادەنرێت، لە ساڵی ( 1793) لە کفری لەدایک بووە. خوێندکاری (مەلا وەلی) بووە و هەر لەسەردەستی ئەویش فێری مەقامات بووە، دوای ئەوەی دووان لە مامەکانی دەبنە قائیمقام، یەکیان قائیمقامی کازمییە لە بەغدا و ئەوی تریان قائیمقامی بەعقوبە، باری دارایی ئەمانیش باشتر دەبێت و وەک هاوکارێکی مامەی، لەگەڵ باوکی دەچنە بەغدا و لەوێ نیشتەجێدەبن. لێرەوە هەلی ئەوەی بۆ دەڕەخسێ لەیەکێک لە قاوەخانەکانی بەغدا دەست بکات بە مەقامبێژی، هەڵبەتە ئەمەش بە هاوکاری گروپێکی مۆسیقی ئەو سەردەمە، کە میوزیکژەنی ناسراوی جوولەکە ( حەسقیل شمولی عەزرە) ڕابەرایەتی دەکرد و پێکەوە چەندین کاری گرنگیان ئەنجامدا.
بەڵام لەبەرئەوەی هیچ ئامێرێکی تۆمارکردن نەبوو، هەموو ئەو بەرهەمە گرنکانەیان لەناوچوون. مەلا شەڵتاغ وەک کوردێک لە بەغدای دوو سەدە لەمەوپێشەوە، تەواوی خەڵکی بەغدای عاشقی دەنگی خۆی کرد، مێژوونوسان و شارەزایانی مەقامی عێراقی هاوڕان لەوەدا کە لە سەردەمی مەلا شەڵتاغ، هیچ مەقامبێژێکی تر نەبووە هێندەی ئەو بەناوبانگ و خۆشەویست بێ لە لای خەڵکی عێراق. ئەو باشترین و ناسراوترین مەقامبێژی عێراق بووە. لە گرنگترین ئەو مەقامبێژانەی کاریگەربوون بە شێوازەکەی، لە کوردستان (عەلی مەردان و حوسێن عەلی و مشکۆ) و لە عێراقیش( ئەحمەد زێدان و محەمەد قوبانجی و نازم غەزالی).
بە پێی چەند سەرچاوەیەکی مێژوویی، مەلا شەڵتاغ لە کۆتاییەکانی تەمەنیدا نەخۆش دەکەوێت و پزیشکەکان پێی ڕادەگەیەنن کە نابێت چیدی مەقام بڵێت و ئەگەر جارێکی تر بچێتەوە لای گۆرانیگوتن، ئەوا بێ هیچ گومانێک دەمرێت. بەڵام ئەو گوێی نەداوەتە ئامۆژگاری پزیشکەکان، بۆیە دەچێتەوە بۆ قاوەخانەی ( الشط) و مەقامی تەفلیس دەڵێتەوە و دەنگی زۆر بەرز دەکاتەوە، بەمەش تەندروستی بە تەواوی تێکدەچێت و بەو هۆیەوە گیان لەدەست دەدات.

مەلا شەڵتاغ وەک چۆن ژیان و بوونی خۆی بەتەواوی بۆ هونەر تەرخانکردبوو، ئاوهایش ئامادەبوو لە پێناوی هونەرەکەیدا بمرێت، ئەو نەیتوانی بە بێ هونەر بژی، بەمەش بوو بە یەکەمین هونەرمەند لە مێژووی عێراق و کوردستاندا، کە ئامادەبێت گیانی خۆی بکاتە قوربانی بۆ هونەرەکەی. مەلا شەڵتاغ لە ساڵی 1871 لە بەغدا کۆچی دوایی دەکات و لە گۆڕستانی شێخ عومەر دەنێژرێت.
ئەوەی جێی سەرنجە، دوای ماوەیەکی کەم لە مردنی، ئامێری دەنگ تۆمارکردن لە لایەن ئەدیسۆنەوە داهێنرا و زۆرێک لە قوتابیەکانی مەقامەکانی خۆیان تۆمارکرد، بەڵام دەنگی مامۆستاکەیان بۆ ئەبەد بە نەبیستراوی مایەوە!

لە گرنگترین داهێنانەکانی لە بواری هونەری مەقامبێژیدا:

  1. داهێنانی مەقامی تەفلیس، کە یەکێکە لە بەناوبانگترین شێوازەکانی مەقام و بۆ یەکەم جار مەلا شەڵتاغ دایهێناوە و شیعرەکەشی کە بە زمانی تورکییە، هەر هی خۆیەتی.
  2. یەکەمین کەسە پارچەی (سیەڕەنگ)ی لە مەقامی (ڕەست)داناوە و وتویەتییەوە.
  3. یەکەمین کەسە مەقامی ( ئیبراهیمی) لە ( دووگا) وتۆتەوە، کە بە یەکێک لە قورسترین جۆرەکانی مەقامات دادەنرێت.
  4. زۆربەی وشە تایبەتییەکانی نێو( سێگا و دووگا و ڕەست و ئیبراهیمی) لە لایەن ئەوەوە دانراون و بوون بە یاسایەک بۆ زۆرینەی مەقامبێژان.

دوای زیاتر لە سەدە و نیوێک لە مەرگی ئەم هونەرمەندە مەزنە، نەک هەر هەوڵ نەدراوە دیراسەی قووڵ و ئەکادیمی باشێ لەبارەوە ئەنجام بدرێت و داهێنانەکانی بخرێتە بەرباس، بەڵکو خانووەکەی مەلا شەڵتاغ لە کفری و هەموو ئەو شتانەی پەیوەستن پێیەوە، لە ئێستادا هەموویان بوون بە کەلاوە و بەرەو لەناوچوون دەچن. ئەمە لە هەر شوێنێکی دیکەی دونیادا بووایە، دڵنیام دەکرا بە مۆزەخانەیەکی هونەری و مێژوویی گرنگ و بە باشی دەپارێزرا، بەڵام دیارە لە ناو قەومی بەسیتا، قەدری سینعەتکار، وەکو عەکسی قەمەر وایە لە ناو حەوزێکی لیخندا.

جواد خەلیل

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish