Skip to Content

ئه‌رك و ماف له‌نێوان به‌غدا و هه‌رێمی كوردستاندا.. ڕه‌سوڵ بۆسكێنی

ئه‌رك و ماف له‌نێوان به‌غدا و هه‌رێمی كوردستاندا.. ڕه‌سوڵ بۆسكێنی

Closed
by كانونی دووه‌م 4, 2022 General


له‌گه‌ڵ دروست بوونی ده‌وڵه‌تی عیراق به‌پێی بڕیاری زلهێزه‌كان و به‌بێ ویستی گه‌لانی عیراق به‌تایبه‌ت گه‌لی كورد، به‌زۆر عیراقیان پێكه‌وه‌ لكاند و تائه‌مڕۆش خه‌ڵكه‌كه‌ی نه‌یتوانیوه‌ به‌ئاشتی و ئاسووده‌یی به‌یه‌كه‌وه‌ بژین، كورد هه‌میشه‌ هه‌وڵی مافی چاره‌ی خۆنووسین و جیابوونه‌وه‌ی داوه‌، ته‌نانه‌ت دوای ڕاپه‌ڕینی به‌هاری 1991 كورد له‌باشووری كوردستان ئیداره‌یه‌كی نیمچه‌ سه‌ربه‌خۆی پێكهێنا و ڕۆژ به‌ڕۆژ له‌گه‌شه‌ و پێشكه‌وتن دابوو، به‌ڵام دوای ڕووخانی ده‌سه‌ڵاتی به‌عس و هاتنی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانان پێداگری له‌سه‌ر یه‌كپارچه‌یی عیراق كراو بڕیاردرا هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ عیراقیه‌كان ئیداره‌یه‌كی هاوبه‌ش پێكبهێنن، ده‌سه‌ڵاتی كورد داوای ژیانێكی ئاشتی و ئاسووده‌یی له‌عیراق ده‌كرد بۆ هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان، به‌هۆی بارودۆخی ناله‌بار و په‌رشوبڵاوی هێزه‌ عیراقیه‌كان، ئه‌وان به‌زیاده‌وه‌ به‌مه‌ ڕازی بوون و دواتریش له‌ده‌ستووردا دانیان به‌زۆربه‌ی ئه‌و مافانه‌ دانا، به‌داخه‌وه‌ دواتر به‌هۆی سه‌ره‌ڕۆیی و ناله‌باری هه‌ندێك له‌سه‌ركرده‌كانی عیراق و كه‌مته‌رخه‌می كورد، بارودۆخه‌كه‌ گۆڕاو زۆربه‌ی ئه‌و مافانه‌ی كورد له‌ده‌ستوردا ئاماژه‌ی پێ دراوه،‌ كه‌مته‌رخه‌می به‌رامبه‌رده‌كرێت و سه‌ركرده‌كانی كوردیش نه‌یانتوانیوه‌ باوه‌ڕ به‌ناوه‌ند بێنن، ئه‌ركی خۆی جێبه‌جێ بكات، به‌ڵكو زیاتر هاوكاربوون بۆ له‌یه‌كتر دووركه‌وتنه‌وه‌ی ناوه‌ند و هه‌رێمی كوردستان، ئه‌وه‌ش زیانی زۆری به‌هه‌رێم گه‌یاندووه‌، به‌تایبه‌ت له‌لایه‌نی ئابووری و دابین نه‌بوونی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان، له‌كاتێكدا ده‌ستوور ئه‌مه‌ی ڕێكخستووه‌ و به‌ ئه‌ركی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێڕاقی داناوه،‌ ئاماده‌كردنی بودجه‌ی گشتی و ژمێره‌ی كۆتایی و نه‌خشه‌ی گه‌شه‌پێدان به‌شێوه‌ی هاوبه‌شه‌كی ده‌بێت.

هه‌موومان ئه‌وه‌ ده‌زانین مافه‌ ره‌واكانی كورد له‌سه‌ر حكومه‌تی فیدڕاڵ زۆربه‌یان به‌پێی ده‌ستووری عیراق دانیان پێدانراوه‌، له‌سه‌ر حكومه‌تی فیدراڵی عیراقه‌ جێبه‌جێیان بكات، به‌ڵام به‌هۆی كه‌مته‌رخه‌می و دووركه‌وتنه‌وه‌ی سه‌ركرده‌كانی كورد، هه‌رێم كه‌وته‌ ته‌نگژه‌یه‌كی سه‌خته‌وه‌، به‌تایبه‌ت له‌ڕووی مووچه‌ و داراییه‌وه‌ دۆخی هه‌رێم مه‌ترسیداره‌، خه‌ڵك چاوی له‌و هه‌موو مافه‌ ڕه‌وایانه‌ی خۆی پۆشیوه‌ و ته‌نیا داوای موچه‌ ده‌كات، كه‌ مووچه‌كه‌ی بخرێته‌وه‌ سه‌ر عیراق،‌ به‌ڕاستی ئه‌مه‌ مایه‌ی نیگه‌رانییه‌، چونكه‌ هه‌ركات حكومه‌تی هه‌رێم كێشه‌كانی له‌گه‌ڵ ناوزه‌ند یه‌كلایی بكاته‌وه‌، ئه‌و مافانه‌ جێبه‌جێ بكرێن، مووچه‌ و زۆر لایه‌نی تری كێشه‌كان‌ چاره‌سه‌رده‌بن، به‌ڵام هه‌رێم نه‌یتوانیوه‌ گوشار بكات، به‌ئاراسته‌ی‌ جێبه‌جێكردنی‌ ئه‌و ماده‌ ده‌ستووریانه‌، كه‌ مافه‌كانی‌ گه‌لی‌ كوردستان ده‌سه‌لمێنن، وه‌ك:

  • له‌ ده‌ستوری كۆماری عێراقدا ساڵی 2005 له‌ دیباجه‌ی ده‌ستوره‌كه‌دا هاتووه،‌ كورد و گرفته‌كانی له‌ساڵانی ڕابردوودا له‌ نێو نه‌ته‌وه‌كانی عێراق، قه‌ره‌بوی به‌ندی و قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی زیان لێكه‌وتوان له‌سه‌ر ده‌ستی ڕژێمی پێشوو ده‌سه‌لمێنێت.
    له‌ ده‌ستوردا ماف و ئازادیه‌كان بۆ ته‌واوی هاوڵاتیان له‌عێراقدا به‌ده‌قی ده‌ستوری ڕێك خستوه‌، له‌نێویدا كوردیش وه‌ك نه‌ته‌وه‌ و هاوڵاتی چه‌ندین مافی بۆ نوسراوه‌ته‌وه‌.
    -ئاماژه‌ بۆ ده‌سه‌ڵاته‌ هاوبه‌شه‌كانی نێوان حكومه‌تی ناوه‌ند و هه‌رێمه‌كان كراوه‌، له‌ مادده‌ی‌ 117 دا دانی ناوه‌ به‌سه‌رجه‌م ده‌سه‌ڵاته‌كانی هه‌رێمی كوردستان، وه‌ك پێكهاته‌یه‌كی سه‌ره‌كی و به‌ پێگه‌ی یاسایی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك هه‌رێمێكی فیدڕاڵی.
  • گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ كه‌ركوك ‌و چاره‌نووسی ناوچه‌ دابڕاوه‌كان بۆ سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان، به‌پێی ده‌ستووری عیراق له‌ مادده‌ی 140 دیاری كراوه‌ و به‌ پێی خشته‌یه‌ك بڕیاردراوه‌، سه‌ركردایه‌تی‌ كوردیش به‌ڵێنی‌ به‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان دابوو له‌ 31/12/2007دا ئه‌و بابه‌ته‌ چاره‌سه‌ربكات، دیاریكردنی‌ سنوری‌ جوگرافیی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ‌و چاره‌نووسی‌ ناوچه‌ جێناكۆكان و چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان، به‌پێی ده‌ستوری‌ عیراق، زۆر له‌كێشه‌ ئابووری و سیاسیه‌كانی هه‌رێمی چاره‌سه‌ر ده‌كرد، به‌ڵام ئه‌م مادده‌یه‌ تائێستا جێبه‌جێ‌ نه‌كراوه‌.
  • دیاریكردنی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كان له‌نێوان هه‌رێم ‌و حكومه‌تی‌ فیدراڵدا، رێگریی‌ له‌ هه‌ر پێشێلكارییه‌ك بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ هه‌رێم به‌و جۆره‌ی‌ ده‌ستور بڕیاری‌ له‌سه‌رداوه‌. وه‌ك له‌مادده‌ی‌ 118 به‌ده‌قی ده‌ستوری جیاكردنه‌وه‌ له‌نێوان ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی ناوه‌ند و حكومه‌تی هه‌رێم و ڕێ وشوینی هه‌رێمه‌كان ده‌كات، مادده‌ی 126 بڕگه‌ی چواره‌م ڕێگه‌ نادات‌ له‌ده‌سه‌ڵاته‌ ده‌ستوریه‌كانی هه‌رێم كه‌م بكرێته‌وه‌.
    -سه‌لماندنی‌ زمانی‌ كوردی‌ وه‌ك زمانی‌ پله‌ یه‌كی‌ فه‌رمی‌ له‌عیراقدا، وه‌ك له‌ماده‌ی‌ (4) بڕگه‌ی یه‌كه‌م هاتووه‌: زمانی كوردی به‌هاوشانی زمانی عه‌ره‌بی وه‌ك زمانێكی فه‌ڕمی ناساندوه‌.
  • دۆسییه‌ی‌ گرێبه‌سته‌ ستراتیجییه‌كانی‌ هه‌رێم، كه‌په‌یوه‌ندیدارن به‌شه‌ڕ‌و ئاشتی ‌‌و سامانی‌ نیشتمانییه‌وه‌، پارله‌مان مافی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌، له‌به‌رژه‌وه‌ندیی‌ گه‌لی‌ كوردستان بڕیاری‌ له‌سه‌ربدات.
  • له‌ ده‌ستوری‌ عیراقی‌ فیدراڵدا به‌شداری‌ سه‌رباز‌و پله‌دارانی‌ گه‌لی‌ كوردستان له‌هێزه‌ چه‌كداره‌كان و سوپای‌ فیدراڵدا بۆ راگرتنی‌ هاوسه‌نگیی‌‌‌ گه‌لی‌ كوردستان وه‌ك له‌ماده‌ی‌ (9) بڕگه‌ی یه‌ك هاتووه‌: ته‌شكیل كردنی هێزه‌ چه‌كداره‌كان و ده‌زگا ئه‌منیه‌كان له‌پێكهاته‌كانی عێراق و به‌شداریانی مسۆگه‌ركردووه‌. هه‌روه‌ها دامه‌زراندنی‌ له‌شكری‌ یه‌كگرتووی‌ پاسه‌وانی‌ هه‌رێم و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و مافه‌كانی سه‌لماندوه‌.
  • ده‌ركردنی‌ یاسا فیدراڵییه‌كان‌ و دامه‌زراندنی‌ “ئه‌نجومه‌نی‌ فیدراڵ‌” وه‌ك له‌ هه‌ردوو ماده‌ی‌ (61‌و 56) و كاراكردنی‌ دادگای‌ فیدراڵی‌ باڵا، بۆ به‌رگری كردن له‌مافه‌كانی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان، پێكهێنانی دادگای ئیتیحادی و پێكهاته‌كه‌ی.
    -خستنه‌گه‌ڕی‌ ده‌سته‌ی‌ گشتیی‌ چاودێریی‌ داهاتی‌ فیدراڵ و ده‌سته‌ی‌ راژه‌ی‌ فیدراڵ‌، بۆ به‌رگری كردن له‌خه‌ڵكی‌ كوردستان، وه‌ك له‌هه‌ردوو ماده‌ی‌ (106‌و 107)دا هاتووه‌، دامه‌زراندنی ده‌سته‌ی گشتی چاودێری ته‌رخان كردنی داهاته‌ ئیتیحادیه‌كان به‌سه‌ر ناوه‌ند و هه‌رێم و پارێزگاكان ده‌كات.
    -به‌پێی ده‌ستوور سامانی نه‌وت و غاز وه‌ك موڵكی سه‌رجه‌م عێڕاقیه‌كان داناوه‌ و سیاسه‌تی نه‌وت وه‌ك كارێكی هاوبه‌ش له‌نێوان حكومه‌تی ناوه‌ند و حكومه‌تی هه‌رێم و پارێزگاكان جێگیركردوه، وه‌ك له‌ ماده‌ی‌ (121)دا هاتووه، دامه‌زراندنی‌ نوسینگه‌كانی‌ هه‌رێم له‌باڵوێزخانه‌كانی‌ عیراقدا له‌وڵاتان به‌جۆرێك نوێنه‌رایه‌تیی‌ قه‌واره‌ی‌ نیشتمانیی‌ هه‌رێم ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ و چه‌ندین مادده‌ی تری ده‌ستوور ئه‌گه‌ر جێبه‌جێ بكرێن، بێگومان زۆر له‌كێشه‌كانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان چاره‌سه‌رده‌بن.

    له‌كاتێكدا به‌رپرسانی هه‌رێم باش ده‌زانن ئه‌گه‌ر ئه‌و مافه‌ ڕه‌وایانه‌ی هه‌رێم جێبه‌جێ بكرێن، خه‌ڵك خۆشگوزه‌ران و بابه‌تی موچه‌ و زۆر بواری تریش چاره‌سه‌ر ده‌كرێن، له‌بری‌ ئه‌وه‌ی‌ لایه‌نی‌ كوردیی‌ گوشار‌و ململانێكانی‌ ده‌رباره‌ی ئه‌و بابه‌تانه‌ بخاته‌گه‌ڕ، كه‌ په‌یوه‌ندیدارن به‌ مافی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌‌ و به‌رژه‌وه‌ندیی‌ ستراتیجی‌ گه‌لی‌ كوردستانه‌وه‌، زۆربه‌ی‌ ململانێكانی‌ لایه‌نی كوردی له‌سه‌ر گرێبه‌ستی‌ نه‌وتی‌ و بودجه‌‌ و وه‌رگرتنی‌ پۆستی‌ باڵا بووه‌. لایه‌نی‌ كوردیی‌ له‌و ململانێیه‌دا نه‌ك هه‌ر نه‌یتوانیوه‌ له‌ به‌غدا قه‌ناعه‌ت به‌لایه‌نی‌ به‌رامبه‌ر بكات، به‌ڵكو نه‌یتوانیوه‌ قه‌ناعه‌ت به‌رای‌ گشتیی‌ كوردستانیش بكات، كه‌ له‌سه‌ر مافی‌ ئه‌وان ئه‌و ململانێیه‌ ده‌كات. دواجار ئه‌مه‌ به‌زیان به‌سه‌ر هیزه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی‌ كوردستاندا ‌شكاوه‌ته‌وه‌، زیانی‌ به‌‌گه‌لی‌ كوردستان گه‌یاندووه‌، ئه‌وه‌تا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ته‌نانه‌ت ناتوانێ بابه‌تی مووچه‌ش به‌ڕێك و پێكی له‌حكومه‌تی فیدڕال وه‌ربگرێت.

    ئه‌مه‌ بابه‌تێكی مه‌ترسیداره‌، كه‌ خه‌ڵكی كوردستان هه‌موو ئه‌و مافه‌ ڕه‌وایانه‌ی خۆی له‌سه‌ر حكومه‌تی فیدڕاڵ نایه‌ته‌پێش چاو، ته‌نیا داوا ده‌كات بۆ مسۆگه‌رتربوونی مووچه‌كه‌یان بخرێته‌وه‌ سه‌ر عیراق، دیاره‌ كاتێ خه‌ڵك واز له‌مافه‌ڕه‌واكانی خۆی بێنێ و ته‌نیا مووچه‌ی به‌لاوه‌ گرنگ بێ، بێگومان كۆتاییه‌كه‌ی زۆر مه‌ترسیداره، ئه‌مه‌ش كه‌مته‌رخه‌می به‌رپرسه‌كان ده‌گه‌یه‌نێ، پێویسته‌ واز له‌م په‌رش و بڵاوی و فره‌ڕاییه‌ بێنن و یه‌ك ده‌نگ بچنه‌ به‌غدا و داوای مافه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن و وه‌ك پێویسته‌ هاوكاربن و باوه‌ڕ به‌ حكومه‌تی عیراق بێنن، مادام هه‌رێمی كوردستان تائێستا به‌ڕه‌سمی به‌شێكه‌ له‌عیراق، پێویسته‌ لایه‌نی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌ له‌به‌رچاوبگرێ، به‌جدی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ عیراقدا بكات و پێداگری له‌سه‌ر مافه‌كانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستاندا بكات، دانوستان و ئه‌رك و مافه‌كان به‌پێی ده‌ستووربه‌ڕێوه‌ببات، ئه‌گه‌ر جیاله‌وه‌ به‌هه‌ر شێوه‌یه‌كی تر مامه‌ڵه‌ بكات‌، پێویسته‌ ورد و ژیرانه‌ بیر له‌هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كان و ئه‌نجامه‌كه‌ی بكاته‌وه‌.


    ڕه‌سوڵ بۆسكێنی
Previous
Next