Skip to Content

فلاشباک/28/ ستیڤان شەمزینی

فلاشباک/28/ ستیڤان شەمزینی

Closed
by كانونی دووه‌م 4, 2022 General


لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە


بەشی بیست و هەشت

دەمێکە سەیرکردنی “تی ڤی”م بیر چۆتەوە، سەیری خاک تی ڤی دەکەم، دڵخۆشم بەوەی گوێ بۆ پارچە موزیکێکی کوردیی دەگرم، موزیکێک بە ئامێری پان فلووت. کاک “دیاری” ژەنیاری پان فلووت زۆر بە چێژەوە ئەو پارچە موزیکە پێشکەش دەکات. ئەم موزیکە بردمییەوە بۆ دنیای “نیتشە” و ئەو وتەزایەی دەڵێ “تاکە شتێک وامان لێدەکات بەهۆی هەقیقەتەوە نەمرین، هونەرە” لەم رۆژانە هەمان ئەو وتەیەم بۆ “کامەران لەتیف” نووسی کە پێشانگایەکی “میتافۆر”ی لە هۆڵی میدیا کردبووەوە بە بۆنەی یەکی ئایارەوە. ئەمڕۆ بە بەراوورد بە رۆژانی دی، ئاستی رەشبینییەکەم کەمتر‌ و لاوازترە، رەنگە ئەمەش پەیوەندیی بەوەوە بێت دوێنێ لەناو حەماسی یەکی ئایاردا بووم. لە هەوڵی ئەوەدام شاکارێکی ناوازەی وەک “فاوست”ی “گۆتێ” دەست بخەم و بیخوێنمەوە، زۆرم لە بارەی “فاوست”ەوە بیستووە و خوێندۆتەوە، هەست بە شەرم دەکەم هێشتا ئەو دەقەم نەخوێندۆتەوە. جیاواز لەمانە هۆگری دنیای “جاک لەندەن” و “فلوبێر” بووم، ماڵی مارکسییەت ئاوا بێ منێکی گوایە خوێندەوار تازە بە تازە بە “ئارسەر رامبۆ” ئاشنا دەبم.

ئێمە هەر لە دنیای چیخۆڤ و گۆرکی و مارکیز و برێخت و کێ و کێی تردا چەقیون، پێویستە شتی نوێ فێر بین و سەیری دونیا بە چاویلکەیەکی تازەوە بکەین. خەمی قووڵم ئەوەیە هەزارەها مارکسی دۆگما لەم وڵاتەدا بەرگریی کوێرانە لە ئایدۆلۆجیاکەیان دەکەن کەچی ناتوانن دیراسەی “لوی ئاڵتوسێر” بکەن، ئاخر خۆ کەس نییە هێندەی ئەو داکۆکیی لە مارکس بکات بە فاکتی زانستی و تێزی ئەکادیمی نوێ کە فەلسەفەی هاوچەرخی ناچار کردووە دانی پێدا بنێن!!!. ئێستا ئەم زۆربێژییە بەس دەکەم و نامەیەکی عاشقانە بۆ دلبەر دەنووسم، هیوادارم ئەویش ئەو قوفڵە گەورەیەی مێشکی بشکێنێت و دەرگای بیرکردنەوەی بکاتەوە.
نەفەسێکم لە جگەرەکەم داوە، هێندە تاڵە تامی ژیانمان ئەدا، خواردنەوە ئەلکهولییەکان نەبێ، هیچ خودایەک ناگاتە فریامان. شانۆگەریی “دەرگاکان”ی “یوسف سائیغ” ئەخوێنمەوە لەو پەرەگرافەدا چەقیوم، کە هۆڵی دادگایە و عاشقەکە لە قەفەزی تاواندا راگیراوە،! دادوەر پرسیاری لێ ئەکات بۆچی ئەو تاوانەت ئەنجامدا؟؟ عاشقەکە بە نەرمی و دەنگێکی نەوی وتی “جەنابی دادوەر، عەشق حاڵەتی سەراسیمەیی و سەوداسەرییەکی بەو چەشنەیە، کە نەدەزانی چی ئەکەی و نە بیرت دێتەوە چیت کردووە!”. هەستێکی سەیرم هەیە لەو کاتەوەی هەستم بەدڵی خۆم کردووە، ئاگری عەشق ئەیسووتێنێ، کەچی لە وڵاتێکدا بیر لە عەشق ئەکەمەوە، پڕیەتی لە گۆڕی بە کۆمەڵی کۆترە عاشقەکان، پڕیەتی لە چۆلەکەی کوژراو!!.
هەستم ئەڵێی بایەقووشە، ئەیەوێ شتێکی ناخۆشم پێبڵێ، رمڵ لێنادەم، جادووگەریش نیم، نە خڵەفاویشم، ناتوانم بڵێم بڕێ لە شێتیم تیا نییە، بەڵام بۆنی خوێن ئەکەم، پێموایە ئەم کێشمەکێشەی نێوان حزب و یەکێتی ئەگاتە رووداوی دڵتەزێن. بە دەست من بێ لوولەی چەکەکان فڕێ ئەدەمە زێرابەوە، خوێنی مرۆڤێک لە هەرچی ئایدۆلۆجیا و پۆلەتیکە پیرۆزترە. ئێستا لە ناو حزبدا ئەمە تەرح بکەم، نەک بە ئاژیتاتۆرێکی بۆرجوازی تاوانبار ئەکرێم، بەڵکو گومانی تابوری پێنجەم و سیخوریشم لێ ئەکرێ!!!. ئاخ چەند بێ چارەم. هەست بە دڵتەنگی زۆر ئەکەم، هەروەک ئەو رۆژە کە بە هاوڕێیەکم وت “ئاخ لەو قووڵپی گریانەی لە دەریای غەمگینی دڵمدا شەپۆل ئەدات”. یان لە نامەیەکدا بۆ یار نووسیبووم “زۆر سەیرە هەمیشە بەرەو پێشەوە هەنگاو دەنێم کەچی هەر لە دوای دواوەم”. با دوا نەکەوم لە نووسینی نامەکە بۆ یار، بۆیە لێرەدا بەم دێڕە کۆتایی بەم نووسینە دەهێنم: “ئەم گەردوونە زۆر لەوە بچووکترە رەشبینی و خەمەکانی منی تێدا جێگە بێتەوە”.


2-5-2000

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 95-98 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی 2017 چاپ بووە

Previous
Next
Kurdish