Skip to Content

نوێخوازی لە دەلاقەی مانیفێستە ئەدەبییەکانی کورد شرۆڤەی ڕوانگە،کفری،داکار

نوێخوازی لە دەلاقەی مانیفێستە ئەدەبییەکانی کورد شرۆڤەی ڕوانگە،کفری،داکار

Closed
by كانونی دووه‌م 3, 2017 General, Literature


کاوان محەمەدپوور

پێشەکی:

مێژووی ئه‎ده‎بی هه‎ر نه‎ته‎وێک پڕە له به‎ره‎وروو بوونه‎وه و خوڵقاندن و به‎گژ داچوونی، فۆرم و بیرۆکەی جیاوازی نووسەران بۆ ده‎رباز بوون له گوتار، یا خود شێوازێکی مێژینه که له پرۆسه‎ی مێژوویی‌دا به‎سه‎ر نووسه‎ر سه‎پاوه. ئه‎و به‎ره‎نگارییە و «دژه کلاسیک» بوونی نووسه‎رانی ئه‎ده‎بییە که بە ناوی «نوێخوازی»و «نوێگه‎ری» له وێژەدا دێتەئاراوە. دیاره که دۆخی تایبه‎تی مێژوو پێکهێنه‎ری گوتاری زاڵی ئه‎ده‎بی ده‎بێتەوە و نووسه‎ری ئه‎ده‎بی ناراسته‎وخۆ_لە بڕێ جاریش ڕاستەوخۆ_ ده‎چێته ژێر هێژمۆنی ئه‎و گوتاره و ده‎بێته ئه‎مرازێک بۆ نواندنی شێوازێکی تایبەت له ئه‎ده‎بیات‎دا. ئه‎و دۆخه «نوکتێکی زه‎ریف» و حاسته‎می مێژوویه که به‎نیسبه‎ت که‎م نووسه‎ر به‎سه‎ری دا ئاگاداریان هه‎یه، واته وێستان له قۆناغێکی تایبه‎تی مێژوویی که ئەتوانین بە (حزوور له به‎زره‎خی مێژوو ئه‎ده‎بی) نێودێر بکرێ. داهێنەر خۆی لەم بەرزەخە رزگار دەکات و شێوازيکی نوێ لە وێژە دەخۆڵقێنێت. ئەم رزگارکردنە دۆخێکی مێتافیزیکییە بۆ داهێنەر، هەر بۆیە لە ئاستی ئایدیا و ئەندێشە دەقەومێ و لە دوواییدا بە کۆنێشی داهێنەر جەستەمەند دەبێتەوە. «مانیفێست» هه‎ر ئه‎م دۆخە تایبه‎ته‎یه که نووسه‎ر تێیدا ده‎وێستێت. ئه‎م دۆخە به‎رزه‎خییە،نووسەر لەیەک کاتی ناوازەدا وەک هەموو مێژوو پێناسە دەکات و لە هەمان کاتیشدا وەک هیچ شتێکی ناناسێنێت، ئەم دۆخە «لە نێواندا بوون» و «وەک کەس نەچوون», مانیفێستە(1) .

به هێنانه ئارای مانیفێست له لایه‎ن نووسه‎رەوە مێژووی ئه‎ده‎بی له حاڵه‎تی به‎رزه‎خی دێته ده‎رێ و ده‎ست پێکی نوێ بۆ ئه‎ده‎بیات ده‎ره‎خسێنێت. ئه‎م ده‎ست پێکه، ده‎ست پێکێک نییە که به‎ته‎ینا و له پانتایه‎کی تاکی و بێ زەمینەیی هاتبێته ئاراوه. بێ گومان ڕه‎وتی مێژووی ئه‎ده‎بی و گوتاره سیاسی، کۆمه‎ڵایه‎تی و ئابووریی، کۆبه‎ندێک له «دۆخی خوڵقاندن» پێک دێنن و ئیمکانێک بۆنووسه‎ر وەدەست ئەدەن که «داهێنان» له ده‎قی ئه‎و دا خۆ بنوێنێت._ شه‎ڕی یه‎که‎می جیهانی کۆبه‎ندێک له قه‎یران بۆ مرۆڤ دروست دەکات که له ناو هونەردا بە «دادائیسم» خۆ ئه‎نوێنێت، ده‎روون شیکاری فرۆیدی و له پێش ئه‎و پێش که‎وتنی زانستی مرۆڤ و دەستکەوتەکانی دادائیسم، ئەو‎ کۆبه‎نده‎ی بۆ «سوررئالیسم» پێکدێنی_.

مانیفێست هه‎وڵی ئه‎وه ده‎دات که بفامێنێت، مێژووی ئێمه له‎و دۆخە ناوازەدا هه‎ڵگری چ چه‎مک و پێناسه‎یه‎کە، که له مێژووی ڕابردوو جوداوازمان ده‎کات‎. ئه‎م ئاگامه‎ندییە ئه‎و هه‎له (بۆ داهێنەر) ده‎ره‎خسێنێت که خۆی مێژووی خۆی بنووسێته‎وه، مێژوویه‎ک که رووی له داهاتوویه. واتا کۆیه‎ک له دوو چه‎مکی (ڕابردوو) و (داهاتوو) له نووسراوێک به‎ناوی مانیفێست خۆ نیشان ئه‎دات. مانیفێست نواندن و روون کردنەوەی ئەم شتەیە کە لە ڕابردوو هەبووە بەڵام نەبینراوە، وە پيناسەکردن و نیشاندانی ئەم شتەیە کە لە داهاتوودا- _داهاتووی نزیک _دێت. هه‎ر بۆیه له ده‎قە پیرۆزەکانیش‌دا مانیفێست به مانای « به‎م زوانه بۆت ڕوون ئه‎بێته‎وه» به‎کار هاتووه. مانیفێست ڕوونکه‎ره‎وی مێژوویه‎کی ڕابردوو و مێژوویه‎کی داهاتوویه که خۆی به نڤیسار جه‎سته‎مه‎ند ده‎کات، و ئه‎نجام و ده‎رئه‎نجامی مێژوو پێکه‎وه گرێ ده‎دات. له‎و ڕوانگه‎دا مانیفێست ڕوونکه‎ره‎وی ئه‎و حه‎قیقه‎تانه‎یه که له پشت حیجاب‎گه‎لی جیاوز خۆیان حه‎شار داوه و به نووسینی مانیفێست ئاشکرا ئه‎بن.

به چاوکردنی گشتی له ده‎قی مانیفێسته‎کان بۆمان ده‎رئه‎که‎وێت که هه‎ر مانیفێسته‎ی به شێوه‎ی گشتی ده‎بێت ئه‎م چه‎ند خاڵه‎ی تێدا به‎دی بکرێن: ده‎‎قێک که له رووی ئه‎ده‎بی دیار، روون و هێچ دژوار نووسی و گۆیی تێدابه‎کار نه‎بردرابێت، ده‎رئه‎نجامی ئه‎ندیشه‎ی تاک یان جه‎ماعه‎تێک نووسه‎ره که شێواز و رێسا و بنچینی ئایدیای نوێ باس ئه‎کات کە له کۆمه‎ڵگا دا بڵاو بۆته‎وه. مه‎به‎ست له نووسینی مانیفێست ده‎ڕبرینی ئایدیا و ئه‎ندیشێکی نوێیه بۆ جیاکردنه‎وه‎ی مێژووی ڕابردوو له مێژووی داهاتوو(2). هه‎ر بۆیه ده‎قی شێعر یا چیرۆک یا هه‎ر ده‎قێکی ئه‎ده‎بی ناتوانێت وه‎کوو مانیفێست ناوی لێنێن، به‎ڵکوو ئه‎م ده‎قانه (شێعر،چیرۆک و…) ده‎رئه‎نجامی بیرۆکەی مانیفێستین، نه خودی مانیفێست. ئەم دەق‌گەلە توانستی رێسابەندی و روون کردنەوە بە مانای مانیفێستۆیان نییە. هه‎ر وه‎ک باسمان کرد مانیفێست «روون‎که‎ره‎وه‎یه»، روونکه‎روه‎ی دۆخێک که له پێشدا هه‎بووه به‎ڵام نه‎بینه‎راوه، وه به نووسینی مانیفێست لە مێژوودا ده‎رده‎که‎وێت.

یه‎که‎مین هه‎وڵ بۆ روونکردنه‎وی مێژووی ئه‎ده‎بی جیهانی به نووسینی مانیفێست، له ساڵی 1886 زاینی له‎لایه‎ن (ژان مورئاس) به بڵاوکردنه‎وه‎ی (مانیفێستی سه‎مبۆلیسم) له رۆژنامه‎ی فیگارۆ رووی دا. به‎دوای ئه‎و مانیفێست‎گه‎لی ئه‎ده‎بی وه‎کوو فۆتۆریسم، دادائیسم،سوررئالیسم و… نووسران. بێ گومان هەل و مەرجێک که رۆژئاوا تێیدا به‎سه‎ری ده‎برت له به‎دی هاتنی ئه‎و مانیفێستانه کاریگه‎ری هه‎بووه، ئه‎و دۆخه‎ مێژوویەی رۆژئاوا به ئاشکرایی له ده‎قی هه‎ر یه‎ک له‎و مانیفێستۆیانه به‎دی ده‎کرێت-_ بڕوانه مانیفێستی دادائیسم یان سوررئالیسته‎کان_.

له مێژووی ئه‎دەبیاتی کوردی هه‎ر به‎م شێوه که ده‎قێکی ئه‎ده‎بیمان نییە که ناوبانگی جیهانی (جیهانی مۆدێرن) هه‎بێت تا هێستاش مانیفێستێک نه‎نووسراوه که بتوانێ وه‎کوو مانیفێسته جیهانییە‎کان ڕه‎نگدانه‎وه‎ی له‎سه‎ر ئه‎ده‎بی جیهانی هه‎بێت. هه‎ڵبه‎ت ئه‎مه کارێکی زۆر دژواره و لە توانستی وێژەی زۆرینەی نەتەوەکاندا نییە چ بگاته ئه‎ده‎بی لاوازی کورد!. هۆی ئه‎و که‎م و کۆریانه زۆر هۆو لایه‎ن ده‎گرێته‎وه که لەم وتاره‎دا جێگای باسی نییە. به‎ڵام ئه‎گه‎ر سرنج بده‎ینه مێژووی ئه‎ده‎بی کوردی، چاومان به چه‎ند ده‎ق ده‎که‎وێت که به‎ناوی مانیفێستی ئه‎ده‎بی بڵاو بوونه‎وه و ساڵانێکیش له‎لایه‎ن نووسه‎رانیان ده‎قی بۆ نووسراوه و ساحیبی به‎رهه‎می ئه‎ده‎بی بوون. ئه‎و مانیفێستانه ته‎نیا له ناو ئه‎ده‎بی کوردی‌دا ڕه‎نگ دانه‎وه‎یان هه‎بووه و ته‎نانه‎ت ئه‎ده‎بی دراوسێیه‎کانی کوردیشیان ژێر کاریگه‎ری خۆیان نەداوە. بێ گۆمان یه‎کێک له‎م هۆیانه ده‎گه‎رێته‎وه ئه‎وه‎ی که ده‎قی مانیفێسته‎کان تەنیا باسی باردۆخی کوردستانی کردووه و بنەمایەکی فیکری لە فەلسەفە و زانستی جیهانییان پێوە دیار نەبووە،وە له لایه‎کی تره‎وه ده‎قێکی ئه‎ده‎بی له‎لایه‎ن نووسه‎ری کورد به‎رهه‎م نه‎هاتووه که بتوانێ له ئاستێکی جیهانی و جیاواز له مێژووی ئه‎ده‎بی جیهانی خۆی نیشان دات. بێ گومان هەروەک باسمان کرد، ئەم کەم و کۆریە هۆگەلی جیاوازی هەیە کە بەشێکی زۆریان شیاوی باوەرە و پاساوی دروستی هەیە.

له‎م وتاره به کورتی باسی سێ مانیفێستی ئه‎ده‎بی ده‎که‎ین که تاهێستا هه‎ر به‎و شێوازه‎ی که ئه‎ده‎بی جیهانی مانیفێستی نووسیوه نووسراو و بڵاو کراونه‎وه و جه‎ماعه‎تێک نووسه‎ری له خۆوە گرتووە. ئەم وتارە تەنیا ڕوانگێکی مێژووری و شرۆڤێکی کوورتی هەیە بەسەر ئەم سێ مانیفێستە، وە لە هەوڵی خوێندنەوەی ڕەخنەیی بنەما فیکریەکان یان کەم و کۆری شێوازی نووسینی مانیفێستەکان نییە. جێگای ئاماژەیە جگە لەم سێ مانیفێستە دەقی‌تر بە ناوی مانیفێست لە وێژەی کوردی‌دا نووسراون_ وەکوو مانیفێستی دووهەمی وێران لە فەرهاد پیرباڵ و چەن مانیفێست لە سه‌باح ره‌نجده‌ر _ کە بانگەوازی جیاوازی و نوێخوازی دەکەن. ئەوەی کە ئەم دەقانە دێنە ژێرخانەی مانیفێست یان نا؟، وە هەروەها ئایا لەسەردەمانی داڕوخان و تێکشکانی گشت کاریزما و «دەقە دەستووریەکان!!» دیسانەکە مانیفێستێ لەم چەشنە، وەکوو ساڵانی هەوەڵی سەدەی بیستەم کاریگەری هەیە؟، دەچێتە باسێکی ترەوە کە لە مەبەستی ئەم وتارە کورتە‌دا نییە. لەم وتارە لەپێشدا بە کورتی فەزا و هەل و مەرجەکانی هەرێمی کوردستان_وەکوو نووسەرانی یەکەمین مانیفێستی وێژەی کوردی_ باس ئەکەین و لە دووایی دەچینە سەر باسی گرووپی ڕوانگە و کفری. لە بەشی کۆتایی باس لە مانیفێستی داکار _وەکوو یەکەم مانیفێستی کوردستانی ئێران_ دەکەین.

نوێخوازی پاش گۆران:

قۆناغی یه‎که‎می نوێخوازی (شێخ نوری ، گۆران و…) هه‎ر وه‎کوو شێعری کلاسیک زیارت خۆی له ڕۆمانسییە‎تی شێعری ئه‎دا و له بواری ناوه‎رۆک‎دا به هه‎ستی ناسکی شێعر غه‎نایی دێته ئاژماره‎وه. ڕۆمانسییە‎تێک کە لە بازنەی سروشت، نیشتمان پەروەری، ژن و ئەندیشەدا بوو(3). پاش شه‎ڕی جیهانییە که ئه‎م ڕه‎وته شێعرییە نزیک ده‎بێته‎وه له ریالیزم. شێوه‎ی رۆمانتیستی و زیاتر ریالیستی تا ساڵه‎کانی حه‎فتای زاینی شێوازی زاڵی ئه‎ده‎بی هەرێمی کوردستان بوو و درێژه‎ی تا ئه‎و ساڵانە(٧٠-١٩٦٠) له‎لایه‎ن نووسه‎رانی ئه‎ده‎بی که زیاتر شاعیر بوون هه‎یه. به‎ڵام له ده‎یه‎ی حه‎فتای زایینی گه‎شه‎ی سیاسی هەرێم، به‎ده‎رکردنی به‎یاننامه‎ی یازده‎ی ئازار که تێیدا دان به مافه ڕه‎وا‎کانی گه‎لی کورد ئه‎دات هه‎لێکی نوێ بۆ ده‎ره‎تان له فه‎زای چه‎ق به‎ستووی سیاسی- کۆمه‎ڵایه‎تی سازده‎کات. ئه‎م فه‎زایه ده‎بێته هۆی به‎دی هاتنی چاپه‎مه‎نی و گۆڤار و رۆژنامه‎ی نوێ که تا ئه‎و سه‎رده‎مانه هه‎لی خۆ ده‎رخستنیان نه‎بوو(4) له هه‎مان کات دا یه‎کیه‎تی نووسه‎رانی کورد داده‎مه‎زرێت و چه‎ندین دامو ده‎زگایی رۆشنبیری و ئه‎ده‎بی پێک دێت. هاوکات له‎گه‎ڵ ئه‎م گۆرانکاریانه بزاڤێکی سیاسی نوێ له ئارا دابوو که سه‎رگه‎رمی پێکهێنانی رێکخستنی نوێ بۆ ئاڵته‎رناتیڤێکی سه‎رکردایه‎تی له بزووتنه‎وی نه‎ته‎وه خوازی ئەو دیوی کوردستان بوون. ئه‎م هه‎ل و مه‎رجە سیاسییە و گۆرانکاری ئه‎ده‎بی جیهانی له سه‎ده‎ی بیسته‎م به ده‎رکردنی چه‎ندین مانیفێستی ئه‎ده‎بی، دۆخێک بۆ ئه‎ده‎بی کوردی به‎دی دێنێت که له بازنه‎ی (ئه‎ده‎بی نوێخوازی گۆران) بێته‎ده‎رێ. فه‎زای سیاسی کراوه‎تر له لایه‎ن ڕژێمی به‎عس و به‎دی هاتنی کۆبه‎ندێک له گۆڤار و رۆژنامه‎ که باس له ئه‎ده‎بی نوێخوازی جیهانی ده‎که‎ن، هه‎ستی به‎رته‎نگی ئه‎ده‎بی ئه‎و سه‎رده‎مه‎ی کورده دێنێته بزوان و بانگه‎وازی نوێخوازی له قه‎ڵمی گه‎لێک نووسه‎ر دێته ئاراوە.

تازه‎گه‎ری ئه‎ده‎بی ئۆرووپا ئه‎م جاره نه له لای ئه‎ده‎بی تورک (وه‎ک سه‎رده‎می شێخ ساڵح و گۆران بە نیهزه‎تی فه‎جری ئاتی و سەرکردایەتی تۆفیق فیکرەت) (5) به‎ڵکوو له‎لایه‎ن ئه‎ده‎بیاتی عه‎ره‎ب به ئه‎ده‎بی کورد گه‎یشت. مانیفێستی 1969ی به‎غدا(شاعیرانی عه‎ره‎ب) و مانیفێستی 1968ی شاعیرانی مێسری و ده‎رچوونی کۆمه‎ڵه گۆڤاری(الکلمه،الاداب،شعر 69 و مجله الشعر) له ئه‎ده‎بی عه‎ره‎ب و ڕه‎خنه و شێعری شاعیرانی نوێخوازی وه‎کوو (یوسق الخال، بدرشاکر السیاب، ئه‎دۆنیس، ابراهیم جیرا) و ئاشنایی ئه‎ده‎بی کوردی له‎گه‎ڵ گۆرانکاری ئه‎ده‎بی جیهانی له‎م ڕێگه، هه‎ڵێکی گونجاو بۆ نوێخوازی پاش گۆران له ئه‎ده‎بیات ڕه‎خساند. ئه‎ده‎بی عه‎ره‎ب له شه‎سته‎کان به پێچه‎وانه‎ی ئه‎ده‎بی کوردی به کاریگه‎ری شێعری لوبنان به‎ره‎ورووی گه‎شێکی شیاو ببۆوه(6). ئه‎م ڕه‎وته له ئه‎ده‎بی عه‎ره‎ب و ئاشنایی شاعیرانی کورد له‎گه‎ڵ گۆرانکاری ئه‎ده‎بی سه‎ده‎ی بیسته‎م و کرانه‎وه‎ی فه‎زای سیاسی کوردستان بوو به هۆی هاتنه ئارایی دوو ده‎سته و گرووپی شێعری نوێخواز به ناوی «ڕوانگه» و «کفری». هه‎ڵبه‎ت له‎که‎نار ئه‎م گرووپانه شاعیرانی وه‎کوو ره‎فیق سابیر، په‎شێو، ئه‎نور قادر محه‎مه‎د یان له ساڵه‎کانی دوایی گرووپی ته‎لیعه‎ی هه‎ولێر( مه‎هاباد قه‎ره‎داغی، جه‎لال به‎رزنجی، محه‎مه‎د عمر عوسمان و..) هه‎بوون که کاردانه‎وه‎ی زۆریان له شێعری کوردی هه‎بوو. به‌ڵام یه‎که‎مین مانیفێسته‎کانی ئه‎ده‎بی کوردی له‎لایه‎ن ئه‎م دوو گرووپه ئاراسته‎ی مێژووی وێژەی کوردی کران. چه‎شنێک نوێخوازی و گه‎ش له ئه‎ده‎بیات دەیه‎ی حه‎فتا هاتەئارا که ئه‎ده‎بیاتی کوردیش هه‎ر به‎شێوازی ئه‎ده‎بی جیهانی ویستی نوێگه‎ری و ده‎ربرینی خۆی به مانیفێست ئه‎نواند. هه‎ر چه‎ند شێوازی تازه‎گه‎ری دوو گرووپی-ڕوانگه و کفری- هه‎ر له دۆخ و قۆناغێکی تایبه‎ت رووی دا و له به‎شێکی زۆری ئه‎ده‎بی دا وێنای یه‎ک ئه‎که‎ن به‎ڵام هیچ کات یه‎کتریان نه‎گرت. له ڕاستی‎دا ئه‎م وێک چوونه له زۆر جێ له بواری ناوه‎رۆک- هۆیه‎که‎ی ده‎گه‎رێته‎وه قۆناغه‎تایبه‎تیه‎کانی مێژوویی کوردستان.


مانیفێستۆ ئەدەبییەکانی کوردی:
ڕوانگە:

مانیفێستی ڕوانگه له ژێر ناوی بانگه‎وازی ڕوانگه به ناوی «بانگه‎وازێک له ڕوانگه‎ی ئه‎ده‎بی نوێمان»، بۆ یه‎که‎م جار له رۆژنامه‎ی هاوکاری، ژماره‎ی 15، ساڵی یه‎که‎م (25/4/1970) له (سلێمانی) بڵاو بۆوه. بانگه‎وازی ڕوانگه له ژێر دروشمی (وته‎ی نوێ، بیری نوێ، کرداری نوێ) به واژۆی شێرکۆ بێکه‎س،حسێن عارف، جه‎ماڵ شارباژێری، جه‎لال میرزا که‎ریم و مه‎م بۆتان، لێشاوێک له نووسین و لێکۆلینه‎وه و ڕه‎خنه‎ی ئه‎ده‎بی هێنایه‎ ئارا. شێرکۆ بێکه‎س ئه‎گێرێته‎وه:”له دووا بڵاوکردنه‎وه‎ی به‎یاننامه‎ی ڕوانگه له رۆژنامه‎ی هاوکاری خه‎ڵک بۆ خوێندنه‎وه‎ی ئه‎م رۆژنامه سه‎فیان ئه‎کێشا”!!(7) هاوکات له‎گه‎ڵ لایه‎نگرانی زۆرینه‎ی ئه‎م ڕه‎وته، جه‎ماعه‎تێک له نووسه‎ران که لایه‎نگری چه‎پی کلاسیک بوون، به‎رهه‎ڵستی بۆچوونه‎کانی گرووپی ڕوانگه له ئه‎ده‎بیات به تایبه‎تی و به‎گشتی چه‎مکه‎گه‎لی سیاسی_کۆمه‎ڵایه‎تی ئه‎و نووسه‎رانه بوونه‎وه. به واتایه‎ک ئه‎م ڕه‎وته ئه‎گر له‎لایه‎ن به‎شێکه‎وه په‎سندکرابوو، له‎لایه‎کیشه‎وه جه‎ماعه‎تی چەپی سیاسی به‎ره‎نگاری ده‎بوونه‎وه.

ڕوانگه که دروشمی «ئه‎ده‎بیات بۆ هه‎ڵکەو‎ته(نوخبه‎)ی» له قاو ئه‎دا که‎وته ژێر ڕه‎خنه‎ی چه‎پی کلاسیکی ئه‎و سه‎رده‎مه که ئه‎ده‎بیاتی به شێوازی ئه‎ده‎بی ئیستالینی له بازنه‎ی ریالیزمی سۆسیالیستی و شۆرشگیرانه ئه‎خوێنده‎وه و نووسه‎رانی ڕوانگه‎یان به(ورده بۆرژوا) ناو ئه‎بردو و بیری (روانگه‎چییە‎)کانییان به بیری که‎م سنووری نه‎ته‎وی ئه‎ژمارد. هه‎ڵبه‎ت ئه‎م نوخبه‎گه‎رایی له شێعری ڕوانگه‎دا سیفەتێک بوو که ڕه‎خنه‎گرانیان به شێعری ڕوانگەیان ئه‎دا، به‎کار هێنانی زمانی ئاسایی خه‎ڵک یه‎کێک له شێوازه‎کانی شێعری ڕوانگه بوو، ئه‎مه به باشی له شێعری (شه‎قامی کچان)ی شێرکۆ بێکه‎س ده‎رئه‎که‎وێت(8). به‎گشتی ئه‎توانین بڕیاره‎کانی گرووپی ڕوانگه له‎م چه‎ند بیرۆکه‎یه‎دا کۆبه‎ند که‎یه‎ن:( ئه‎ده‎بی بی‎سنووری-جیهانی، بانگه‎شه بۆ ئه‎ده‎بی کوردی هاوچه‎رخ و مۆدێرن کردنی ئه‎و، به‎رجه‎سته‎کردنی بیری نه‎ته‎وه‎یی، باوه‎ر به ئه‎ده‎بی هه‎مه‎ره‎نگ، ئه‎ده‎بی دەرەوەی مێژوو و سه‎قام گیر له‎سه‎ر بنچینی خۆی، هێنانه ئارای بابه‎تی ره‎مزی و سیمبۆلی له زمان‎دا، ده‎رچوون له ئاستی ته‎قلیدی زمانی پێشووی شێعر، هێنانه ئارای وێنای تازه بۆ ناو شێعر). ئه‎م چه‎مک و بیرۆکانه له ئاستی زماندا خۆیان ئەنواند. به وته‎ی شێرکۆ بێکه‎س:”ڕوانگه زه‎نگێکی ناو زمان بوو یان ڕاچه‎نینێک بوو له‎و جه‎سته‎یه‎دا، هاوارێک بوو بۆ نوێکردنه‎وه” (7). گرووپی ڕوانگه بڕوایان وابوو،«دواجار نابێ شاعیر به دۆزه‎ره‎وه‎ی چه‎ند کیشوه‎رێکی دوژمن و دۆست دابنرێت، به‎ڵکوو شاعیر خوڵقێنه‎ری چه‎ند دنیایه‎کی نوێیه که لەگه‎ڵ ئه‎و دنیایه‎دا سۆزداری هه‎یه و له پێناوی‎دا ده‎مرێ، ته‎نیا له‎وێدا شاعیر ده‎توانی به هێمنی و ئاشتی پاڵکه‎وێ، دوور له جیهانی پیلان‎گێران و کوشتن».

شێعری (کۆچ)(1975) له شێرکۆ بێکه‎س وه‎کوو نموونه‎‎ی به‎رچاوی ئه‎م ڕه‎وته له شێعری کوردی دێته‎ئه‎ژمار. کاریگه‎ری شاعیرانی نوێخوازی عەرەب، وه‎کوو مەحموود ده‎رویش، ئه‎دۆنیس و فازڵ عه‎زاوی له‎سه‎ر شێعری بێکه‎س ڕه‎نگدانه‎وه‎ی له دیوانی کازیوه و سروودی کێوی به‎رچاوتر ده‎بێته‎وه.

هه‎رچه‎ن زمانی شێعری ڕوانگه- _به‎ وته‎ی ڕەخنەگران وە لە بڕێ جێگا بە وتەی خۆیان-_ بۆ خه‎ڵکی ئاسایی نه‎بوو، به‎ڵام له رووی رێزمان و پاکردنه‎وه‎ی فه‎رهه‎نگی کوردی له وشه‎ی بیانی و ده‎ستبردن بۆ خه‎یاڵ و وێنه‎ی شێعری و وێنا هونه‎رییە‎کان، داهێنانی به‎رچاویان کرد. هاتنه ئارای گرووپی ڕوانگه له ده‎یه‎کانی حه‎فتا بوو به هۆی شڵقاندن و گیان پیدانی نوێ به ئه‎ده‎بی سڕ و په‎ک که‎وتووی ئەو سه‎رده‎مه، واته گیانێکی نوێی به وێژه‎ی کوردی به‎خشی. هه‎ر ئه‎م مانیفێسته ده‎رگایه‎کی نوێ بۆ ڕه‎خنه‎ی ئه‎ده‎بی که تا ئه‎و کات بوونی نه‎بوو ئاواڵه کرد و ده‎سته‎واژه و بیرۆکه‎ی نوێی ڕەخنەی ئه‎و سه‎رده‎مانی ئه‎ده‎بی جیهانی هێنایه ناو بازنه‎ی وێژه‎ی کوردی. شێعری ڕوانگه توانستی ئه‎وه‎ی هه‎بوو ترس له کۆن باوه‎کان بشکێنێت و له‎سه‎ر پرسی ژن هه‎ڵبدات و بانگه‎وازێکی بوێرانه وه‎ک « ئه‎ی قه‎ڵه‎مه نه‎ترسه‎کان یه‎کگرن» ده‎رکات.

کفری:

له‌ شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‎م گروپێكی لاوی به‌هره‌مه‌ند له‌ شاری كفریدا په‌یدابوون که زیاتر سه‎رقاڵی خوێندنه‎وه‎ی ئه‎ده‎بی و نووسین له‎م بوارەدا بوون تا بیرۆکەیەکی سیاسی، دواتر ئه‌م كۆمه‌ڵه‌ به‌ گرووپی كفری ناسرا و ڕۆڵی به‌رچاویان له‌ نوێگه‌ری خوڵقاند، و کاریگەری زۆریان لەسەر گەنجان و لایەنگرانی ئەدەبی دانا. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وان مێژووی دروستبوونیان بۆ زۆر دوورتر ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌،بەڵام مانیفێستی ئه‌م گرووپه له 14/7/1971 له کۆنگره‎ی دووهه‎می نووسه‎رانی کورد له هه‎ولێر به واژۆی (له‎تیف هه‎ڵمه‎ت و فه‎رهاد شاکه‎لی) بڵاو بۆوه. له‌تیف هه‌ڵمه‌ت ده‌ڵێت:”له‌ئاماده‌یی كفری رۆژی هه‌شتی شوباتی 1965 گرووپی كفری دامه‌زرا”. ئه‌گه‌رچی به‌یاننامه‌ی دامه‌زراندنیان واژۆی دوو كه‌سی له‌سه‌ر بوو‌، به‌ڵام ئه‌وان نكوڵی له‌وه‌ ناكه‌ن كه‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا بریتی بوونه‌ له‌پێنچ كه‌س(له‎تیف هه‎ڵمه‎ت، فه‎رهاد شاکه‎لی، له‌تیف حامد، سه‌لام داماو، ئه‌حمه‌د شاكه‌لی ).(٩)
هه‎ڵمه‎ت له‎م باره‎دا ده‎ڵیت:”من و شاكه‌لی به‌یاننامه‌یه‌كی‌ ده‌ستخه‌تمان به‌سه‌د نوسخه‌ دابه‌شكرد به‌سه‌ر ئه‌ندامانی‌ به‌شداربووه‌ دووه‌م كۆنفرانسی یه‌كێتی‌ نووسه‌رانی‌ كورد كه‌ له‌هه‌ولێرساز كرا. به‌ڵام هیچ گۆڤار و رۆژنامه‌ و بڵاوكراوه‌ و كه‌ناڵێكی‌ راگه‌یاندنی‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ ئاماده‌ نه‌بوو ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌مان بۆ بڵاوبكاته‌وه‌ی‌ چونكه‌ هه‌ردووكمان و به‌یاننامه‌كه‌شمانیان به‌ ئاژاوه‌چی و ئاژاوه‌گێڕ ده‌زانی‌)(١٠). ئه‎م مانیفێسته به‎ناوی (شێته‌كان/سه‌رنج/هه‌ڵوێست/پڕۆژه‌) له ساڵانی دووای له چه‎ن گۆڤار بڵاو بۆوه.

گرووپی کفری تۆخ گرووپێکی ئه‎ده‎بی بوون و به‎شێوه‎ی ڕوانگه سه‎رقاڵی کێشه‎گه‎لی سیاسی نه‎ده‎بوونه‎وه هه‎ر بۆیه‎ش له‎و سه‎رده‎مانه‎دا به نیسبه‎تی گرووپی ڕوانگه له په‎راوێز که‎وتن. ئه‎م له په‎راوێز که‎وتنه زیاتر بۆخاتری نه‎بوونی ده‎م و ده‎زگای ڕاگه‎یاند و گۆڤار و رۆژنامەی بەردەستی جەماعەتی کفری بوو، له‎لایه‎کی‎تره‎وه هه‎روه‎ک باسمان کرد گرووپی کفری گرووپێکی تۆخ ئه‎ده‎بی بوون و به‎نیسبه‎تی ڕوانگه هه‎ڵوێستی سیاسی_حیزبییان نه‎بوو،هه‎ر بۆیه‎ش ده‎زگا حیزبییە‎کان زۆر خۆیان تێنه‎ده‎گه‎یاندن. له‌تیف هه‌ڵمه‌ت دان به‌وه‌ ده‌نێت و دەڵێ:”هۆكاره‌كه‌ راگه‌یاندن نه‌بوو به‌ڵكو ئه‌وه‌ ئێمه‌ بووین دوور بووین له‌ئایدیۆلۆژیا ئه‌وه‌ش وایكرد فه‌رامۆش بكرێین و ئاوڕمان لێ‌ نه‌درێته‌وه”(10). ئه‌و گرووپه‌ له‌میدیای كوردیدا به‌تایبه‌ت له‌دوای به‌یاننامه‌ی یانزه‌ی ئازاری 1970 نه‌یانتوانی سوود له‌میدیای ئه‌و سه‌رده‌مه‌ وه‌ر بگرن.

له په‎اوێز که‌و‎تن و مه‎یلی به‎گۆرانکاری له وێژه‎ی کوردی دا تا ڕاده‎یه‎ک ناکۆکی نێوان دوو گرووپی ڕوانگه و کفری ساز کرد. ئه‎ویش ده‎گه‎یشته‎وه سه‎ر ئه‎و کێشه‎یه‎ی که کام گرووپ زووتر ده‎ستی به‎نوێخوازی له ئه‎ده‎بیات کردوە؟!. به‌ڵام كاتێ‌ قسه‌ له‌كۆنترین مێژووی تازه‌گه‌ری ئه‌و قۆناغه‌ ده‌كرێت له‌تیف هه‌ڵمه‌ت به‌ڵگه‌یه‌ك دێنێته‌وه‌ كه‌ گرووپی كفری به‌ر له‌ڕوانگه‌ ده‌ركه‌وتوون بۆ ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت:” دیوانی (خوا و شاره‌ بچكۆله‌كه‌مان) پێش ڕوانگه‌ بڵاوبۆته‌وه‌” ) (٩). قسه‌كردنی هه‌ڵمه‌ت له‌باره‌ی مێژووی ئه‌م گرووپه‌ په‌یوه‌سته‌ به ‌به‌رهه‌مه‌كانی خۆیه‌وه‌، كه‌ دیوانی (خوا و شاره‌ بچكۆله‌كه‌مان)ی به‌ر له‌ڕاگه‌یاندنی ڕوانگه‌ بڵاوكردۆته‌وه‌. ئەم کتێبەی هەڵمەت بە ئاشکرایی تازەگەری تێدایە کە حەتا جەماعەتی ڕوانگە دانی پێدادەنێن.

شاعیرانی ئه‌و گرووپه‌ بڕوای ته‌وایان به‌وه‌ هه‌بوو كه‌ پێویسته‌ رۆحێکی نوێ له جه‎سته‎ی ئه‎ده‎بیاتی کوردی بکرێت. ئه‎م مه‎به‎سته‎ له مانیفێسته‎‎که‎یان ئاوا باس ده‎کرێت: «هه‌ڵبه‌ستی كوردی هێشتا دیلی ئه‌و قاوغه‌یه‌ كه‌ هه‌ر به‌ منداڵی كراوه‌ته‌ پۆیلانه‌ی، كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ كه‌ شۆڕشێك به‌رپابكه‌ین به‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و ده‌ستوور و یاسا و ڕژێمانه‌دا كه‌ تاكوو ئێستا هه‌ڵبه‌ستی كوردی شه‌ته‌كداوه‌، گۆڕانیش بێ شۆڕش نابێت». بیرۆکه و بۆچوونه‎ی کفری به‎ره‎ورووی ڕه‎خنه و سه‎رنجێکی زۆر له‎لایه‎ن شاعیران و ڕه‎خنه‎گران بۆوه. ڕه‎خنه‎گرانی کفری به‎تایبه‎تی ئاماژه‎ی به‎و خاڵه سه‎ره‎کییە له مانیفێستی کفری دا ده‎رکرت که تێیدا ڕه‎تکردنه‎وه‎ی به‎رهه‎مه‎کانی پێش خۆیان له قاو ئه‎دا،« ده‌سا با به‌بێ ترس، دان به‌وه‌دا بنێین كه‌ هه‌رچیمان هه‌یه‌ ته‌نها تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی سه‌رنه‌كه‌وتووه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ش كه‌له‌پووری هۆنراوه‌ییمان به‌شێوه‌یه‌كی گشتی به‌دواوه‌ ئه‌ده‌ین و لێی یاخی ئه‌بین و سزای پشتگوێخستن و به‌ره‌ڵاكردنی به‌سه‌ردائه‌ده‌ین ». هه‌ڵمه‌ت له‌مباره‌وه ئاماژه ده‌کات:”ئێمه‌ بڕوامان وابوو كه‌ كورد هیچی نییە‌و ده‌بێت ئه‌ده‌بی كوردی له‌ئێمه‌وه‌ ده‌ست پێبكات” (١٠).

داکار:

شێعری کوردستانی ئێران له دووا کۆچی سواره ئیلخانی زاده، که‎سێکی وه‎ها لێهاتوو و به توانستی،لە فه‎زای شێعری ئه‎زموون نه‎کرد. هه‎ر بۆیه که‎وته ژێر کاریگه‎ری شێعری ئه‎و دیوی کوردستان به‎تایبه‎ت گرووپی ڕوانگه_ هه‎ڵبه‎ت کاریگه‎ر شاعیرانی وه‎کوو ره‎فیق سابیر و په‎شێویش له‎و سه‎رده‎مه زۆر بوو_. کاریگه‎ری شێعری باشوور تا ئه‎و ڕاده‎یه بوو که زۆربه‎ی شاعیرانی کوردستانی ئێران قه‎یران و کاره‎ساته‎کانی کوردستانی عێراقیان به شێعر ئه‎نووسییە‎وه(بۆ نموونه ده‎یان شێعر له‎سه‎ر کیمیابارانی هه‎ڵه‎بجه ده‎هۆنراوه،به‎ڵام باسی کیمیا بارانی سه‎رده‎شت و نۆدشە نه‎ده‎کرا!!). ئه‎م کاریگه‎ریه ‎ته‎نیا له‎به‎رهه‎مبه‎ر بابه‎تی شێعریدا نەبوو، به‎ڵکوو له فۆرم و تەنانەت به‎کار هێنانی وێنای شێعری و وشه‎ی شاعیرانیشدا خۆی ئه‎نواند. سوژه‎ی شێعری کوردستانی ئێران هه‎مان سوژه‎ی ئه‎نفالکراوی شاعیرانی باشوور بوو. ئه‎م ڕه‎وته تا ساڵانی ده‎یه‎ی حه‎فتای هه‎تاوی(ده‎یه‎ی نه‎وه‎دی زایینی) به‎رده‎وام بوو. ئاشنایی کۆمه‎ڵێک شاعیری گه‎نجی ئه‎و ده‎م له‎گه‎ڵ قوتابخانه و چەمکەگەلی فیکری رۆژئاوا _ پاش پێکهاته‎خوازی، هیرمێنۆتیک، بنه‎ماشکێنی و…_، بوو به هۆی هه‎ست کردن به‎م که‎موکۆریه له شێعری کوردستانی ئێران، وه له هه‎وڵی ده‎ره‎تانێک له‎و فه‎زا ته‎قلیدییە به‎رهاتن. ئه‎م جه‎ماعه‎ته که له مه‎‎ریوان هه‎ڵکه‎وتن، له ماوه‎ی نزیک به دوو ساڵ ده‎ستیان به‎داهێنانی نوێ کرد و به نووسینی مانیفێست له هه‎وڵ و ته‎قه‎لای خۆنواندن و ئاڵوگۆری له‎و فه‎زایه هاتن. مانیفێستی ئه‎م جه‎ماعه‎ته به ناوی مانیفێستی شێعری جیاواز «داکار»، له ساڵی 1998 له حه‎‎وته‎نامه‎ی سیروان به واژۆی 9 که‎س بڵاو بۆوه. ئیبراهیم ئه‎حمه‎دی نیا وه‎کوو یه‎کێک له نووسه‎رانی ئه‎م مانیفێسته له‎ وتاری (خوێندنەوەیەک بۆ بەیاننامەی شیعری پێشڕەوی کوردی (داکار) ) ده‎ڵێت:”لە ۱۷/۱۱/۱۹۹۷ دا بەیاننامەی سەرەتایی داکارمان نووسی وچوار کەسی واژۆمانکرد( ئازاد رۆستەمی، ئیبراهیم ئەحمەدی نیا، بێهزاد کوردستانی، پەرویز ئەحمەد- کە دوای چەند مانگێک گەڕایەوە بۆ سلێمانی)، شەش مانگ دوای ئەوە بەیاننامەی داکار نووسرا (11)”ئه‎حمه‎دی نیا له‎م وتاره‎دا درێژه‎ی ئه‎م باسه ناگرێت که هۆی چییە مانیفێسته‎که واژۆی 9 که‎سی پێوه‎ دیارە له حاڵێک دا هه‎ر ئه‎م چوار که‎سه (ئازاد رۆستەمی، ئیبراهیم ئەحمەدی نیا، بێهزاد کوردستانی، پەرویز ئەحمەد) نووسه‎ران و پێشره‎وانی ئه‎م داهێنانه بوون و له‎ دووا بڵاوبوونه‎وه‎ی مانیفێسته‎که‎ش شاعێرێکی وه‎هامان نه‎دی که به‎م شێوازه‎ی داکار شێعر بهۆنێته‎وه.

داکار له‎م مانیفێستۆیه‎دا بنه‎ما فیکریه‎کانی له سێ بابه‎تی بنه‎ره‎تی کۆبه‎ندی ده‎کات:«گۆڕانکاری له پێکهاته‌ی فیکریی شاعیر و ماهییە‌ت و چییە‌تی شیعر، کارکردی زمان به‌ شێوه‌یه‌کی جیا له‌ زمانی سواوی ئاخافتن و ئه‌ده‌بی سه‌رده‌م، گۆڕانکاری له‌ فۆرم و کێشی شیعردا». له مانیفێسته‎که‎ی داکار هه‎وڵ بۆ خۆده‎رباز کردن له هێژمۆنی شێعری کوردستانی ئه‎و دیویی بە روونی پێوه دیاره. داکار وه‎کوو یه‎که‎مین مانیفێستی ئه‎ده‎بی کوردستانی ئێران تا ماوه‎یه‎کی که‎م جه‎ماعه‎تێک له شاعیرانی سه‎رقاڵی خۆیه‎وه کرد که له‎وانه هه‎ر واژۆ که‎رانی به‎یاننامه‎که به‎رچاو بوون. ئه‎م مانیفێسته که وه‎کوو هه‎ر مانیفێستێک بانگه‎وازی پێشره‎وی و جیاوازی له ئه‎ده‎بی پێش و سه‎رده‎می خۆی له قاو ئه‎دا، تێکه‎ڵاوێک بوو له قوتابخانه فیکریه‎کانی رۆژئاوا-_ له پێکهاته‎خوازی ڕا بگره تا ده‎گاته فه‎لسه‎فه‎ی زمانی یاکوبسێنی و ده‎روون شیکاری فرۆیدی_-. هه‎ر بۆیه به‎شێکی زۆر له مانیفێسته‎که نایه‎ته خانه‎ی یه‎ک لایه‎نی قوتابخانێکی تایبه‎ت و شرۆڤەی فه‎لسه‎فێکی تایبەتی پێوه دیار نییە. به‎کار هێنانی ئه‎م گشت چه‎مک و بنه‎ما فیکریانه که هه‎ریه‎ک له قوتابخانه‎یه‎کی فیکری تایبه‎ت دەدوێن، به‎په‎له‎یی و ناکامڵی زانستی نووسه‎رانی داکار له هه‎ڵسووکه‎وتی فیکری ئۆ‎رووپا نیشان ئه‎دا. زانست به‎سه‎ر جیاوا‎زیه‎کانی مێتۆدۆلۆژی، ئێپیستێمۆلۆژی، و ئانتالۆژی پارادایم‎گه‎لی رۆژئاوا ئه‎م کێشەی تا ڕادێکی زۆر چاره‎سه‎ر ده‎کرد. هه‎ر به‎م شێوه که ئه‎حمه‎دی نیا ده‎ڵیت:”نووسین و بڵاوکردنه‎وه‎ی داکار کارێکی به‎په‎له بوو” (11). بێ گومان یه‎کێک له هۆیه‎کانی ئه‎م که‎موکۆریه خێرایی و به‎په‎له نووسینی مانیفێستی داکاره. له باس و خواستی هۆی سه‎رنه‎کەو‎تنی داکار- به‎م شێوازه که ڕوانگه و کفری سه‎رکەو‎تن- ئەکرێت به لایه‎نی جیاواز ئاماژه‎که‎ین که له‎وانه ئەتوانین فه‎زایی مێژووی ئه‎ده‎بی کوردستانی ئێران و کوردستانی ئێراق بێت.

یه‎کێک له کێشه‎کانی داکار بڵاوبوونه‎وه‎ی مانیفێست پێش بڵاو کردنه‎وه‎ی ده‎قێکی شیاوی شێعری که هه‎ڵگری گشت ئه‎و به‎ڵگانه بێت که داکار باسی لێوه ئه‎کات، له واقیع دا خوێنه‎ر پاش خوێندنه‎وه‎ی مانیفێسته‎که هیچ ده‎قێکی ئه‎وتۆی بیرنه‎ده‎کەوتەوە که به‎م شێوه دارژترابێت. له‎لایه‎کی‌ترەوه ئیدعا و ئاره‎زووی نووسه‎ر به‎مانای توانسی ئه‎و نییە!. واتە نووسەر ئەتووانێت بڕیار دەرکات بەڵام چەندە توانایی بەجێ گەیاندنی ئەو بڕیارانەی هەیە خۆی باسێکی گرینگە!. هه‎ر دوو گرووپی ڕوانگه و کفری-_ به‎تایبه‎تی کفری_- پێش بڵاوکردنه‎وه‎ی مانیفێست، کتێب و ده‎ق گه‎لێکی ئه‎ده‎بییان بڵاوکردبۆوه که ڕه‎نگ و بۆی نوێخوازی پاش گۆرانی لێوه دەهات، بەڵام داکار جیا لە چەن شێعر، کتێب یان دەقێکی شیاویان ئارستەی فەزای ئەدەبی نەکردبوو . ئه‎م شێوازه واته بڵاوکردنه‎وه‎ی ده‎ق_وه‎کوو کۆنێشێک_ پێش دەرکردنی مانیفێست، ڕه‎وتێکی هه‎میشه‎یی مانیفێست نووسی بووه،-بۆ نموونه دادائیسته‎کان له ساڵی 1916 تا 1921 حه‎وت مانیفێست و یه‎ک پاشکۆی مانیفێستیان بڵاو کردوه که به‎رده‎وام له‎و ساڵانه‎دا خه‎رێکی به‎رهه‎م هێنان نوێ بوون و به مانیفێست ئه‎م ڕه‎وته‎ی خۆیان پیناسه ده‎کرد-.

هه‎رچه‎ند داکار نه‎یتوانی وه‎ک کفری و ڕوانگه ڕەو‎تێکی سه‎قام گیر له ئه‎ده‎بیات بێنێتە ئاراوە، به‎ڵام یه‎که‎مین هەنگاوەکانی نوێخوازی پاش سوارەیان هەڵێنایەوە. جەماعەتی داکار یەکم کەسانێک بوون کە دەستیان دا بە حەول و تەقلایەک بۆ دۆزینەوەی دەرەتانێک و دەربازێک لە هێژمۆنییای شێعری باشوور. ئه‎م هه‎نگاوه‎ی داکار تا ڕاده‎یه‎ک مێشکی خوێنه‎رانی به وێنا و زمانی نوێ له شێعر ئاشناکرد_به‎تایبه‎ت له پێکهێنانی چڕکانه‎کانی شێعری‎دا_-. پێشره‎وی داکار له ساڵانی دووای بوو به هانده‎ری شاعیرانی رۆژهه‎‎ڵاتی که هێستا، و له‎و سه‎رده‎مه جیاوازی خۆیان له قاو ئه‎ده‎ن و وڕه‎ی ئه‎م پێشره‎ویه‎یان وه‎به‎ر دڵ که‎وتوو. هه‎ڵبه‎ت تا چ ڕاده‎یه‎ک هەنووکە، شێعری شاعیرانی کوردستانی ئێران ئه‎م جیاوازیه‎ی تێدا به‎دی ده‎کرێت؟ و ئایا شێعر وه‎کوو شێعریه‎تی خۆی تا چه‎نده له ده‎قی ئه‎م شاعیرانه هه‎بوونی هه‎یه؟ و تا چ ڕاده‎یه‎ک ده‎قی ڕه‎خنه‎ی سه‎ر نووسراوه‎کانی ئەوان هه‎ڵگری چه‎مکێکی فیکری و بنه‎مایه‎کی فه‎لسه‎فی له ڕه‎خنه‎ی ئه‎ده‎بییە، خۆی باس و خواستێکی دیکه‎یه.

——————————————


سەرچاوە و پەراوێزەکان:

١).شرط مانیفیست. مرتضی پور حاجی. فصلنامە قال و مقال/ شمار یک
٢)مانیفیست و تلقی از آن گفتمان شعر مدرن و پسامدرن فارسی (علیرضا رعیت حسن آبادی). فصلنامه تخصصی نقد ادبی.سال ٨. شمارە٣١،١٣٩٤،.صص ٦٥-٩٠
٣.وێنەی شیعری لە ڕێبازی رۆمانسی کوردی دا، عبدولقادر محەمەد ئەمین،. سلێمانی ٢٠٠٢،چاپ و پەخشی سەردەم
٤)ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ك له‌مێژووی ئه‌ده‌بی كوردی ، حسێن به‌فرین‌، رۆژنامەی کوردستانی نوێ.. 16/3/2011‌
٥) تۆفیق فیکرەت و شاعیرە نێخوازەکانی کورد،.ئەحمەد تاقانە، هەولێر٢٠٠١، چاپ و پەخشی ئاراس
٦)” روانگه‌ ” و مێژوویه‌ک له‌ ململانێی ئه‌ده‌بی و سیاسیی نه‌وه‌یه‌ک ئه‌دیب و نووسه‌ری کورد
٧)ڕوانگه‌…هه‌نگاوێك له‌سه‌ر رێگه‌ی‌ نوێخوازی‌ ‌،شێركۆ بێكه‌س، رۆژنامەی کوردستانی نوێ، 9/12/2012
٨)دەروازەیەک بۆ ڕەخنەی ئەدەبیی کوردی، دکتۆر هیمداد حوسێن..هەولێر.٢٠٠٧. چاپ و پەخشی موکریان
٩(گرووپی كفری وه‌ك یه‌كه‌م مانیفێستی تازه‌گه‌ری ئه‌ده‌بی ‌، نیهاد جامی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر‌، رۆژنامەی کوردستانی نوێ
18/7/2012
١٠) به‌یاننامه‌: كات وشوێن و شه‌قام ‌، لەتیف هه‌لمه‌ت
(11خوێندنەوەیەک بۆ بەیاننامەی شیعری پێشڕەوی کوردی (داکار)، ئیبراهیم ئەحمەدی‌نیا، مەڵپەری ئاماژە.(amazhe.com)

Previous
Next
Kurdish