مه‌رگی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی … د.فوئاد ره‌شید
گوتاری ڕۆشنبیری و فیكریی ئه‌وروپی، كۆمه‌ڵێ چه‌مكی مه‌رگ ئامێزی به‌رهه‌م هێناوه، به‌و مانایه‌ی به‌زمان و زاراوه‌كانی (مه‌رگ) یان (كۆتایی) قسه‌ی له‌سه‌ر نه‌مان یا كاڵبوونه‌وه‌ی ڕۆڵی چه‌ندین دیارده و به‌هاو ڕه‌گه‌زی پێكهێنه‌ری ژیانی مرۆڤ كردووه. هه‌ر بۆ نموونه فه‌یله‌سوفی ئه‌ڵمانی فه‌ردریك نیچه (1844 ـ 1900) جاڕی (مه‌رگی خوا)ی داوه و ڕه‌خنه‌گری فه‌ڕه‌نسیش ڕۆلان بارت (1915 ـ 1980) قسه‌ی له (مه‌رگی نووسه‌ر) كردووه و له‌ساڵانی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌میشدا ده‌نگ و باسی (مه‌رگی ئه‌ده‌ب) له‌نێوه‌نده ڕۆشنبیرییه‌كاندا تاوتوێ كراوه(1).
له‌ڕاپه‌ڕین و خۆنیشاندانه‌كانی قوتابیان له‌ساڵی 1968 كه به‌گشتی زۆربه‌ی زانكۆكانی ئه‌وروپای ـ به‌تایبه‌تیش فه‌ڕه‌نسای ـ گرتبۆوه، قوتابیان چه‌ندین دروشمی وه‌ك (مه‌رگی مامۆستا) (مه‌رگی قوتابی) یان ڕاگه‌یاندووه.
له‌سه‌روبه‌ندی هه‌ره‌سهێنانی سیستمی سیاسی وڵاتانی سۆشیالیستیدا، چه‌مكی (مه‌رگی ئایدیۆلۆژیا)ش پتر بانگه‌شه‌ی بۆ كراوه.
ئاشكرایه مه‌به‌ست له وشه‌ی مه‌رگ له پاڵا ئه‌م چه‌مك و زاراوانه‌دا، مه‌رگێكی جه‌سته‌یی و فیزیكی نه‌بووه، چونكه به‌ر له‌هه‌ر شتێك خودی هه‌ندێ له چه‌مكه‌كان بوونێكی ماددییان نییه. كه‌وابێت مه‌رگی هه‌ر چه‌مكێك له‌م چه‌مكانه مانا‌و مه‌به‌ستی خۆی هه‌یه‌و له‌م كورته نووسینه‌دا به‌نیازنین له‌ماهییه‌تی ئه‌م چه‌مك و دروشمه مه‌رگ ئامێزانه بكۆڵینه‌وه، یاخود هه‌لومه‌رجی ئه‌و ژین و ژینگه جڤاكی و مه‌عریفییه دیاری بكه‌ین كه ئه‌م ته‌رزه چه‌مكانه‌ی هێناوه‌ته ئاراوه، به‌ڵكو ده‌مانه‌وێت نزیك له‌م بابه‌ته‌وه، سه‌رنجێكی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی بده‌ین و بڵێین له‌ژێر كاریگه‌ری و شوێنه‌واری ڕه‌وتی جاڕدانی مه‌رگی چه‌مكه‌كان و هاوشێوه‌ی ئه‌م هه‌موو چه‌مكه مه‌رگ ئامێزه، ساڵانێكه به‌زمانێكی مه‌رگاوی باس له‌بارودۆخ و چۆنێتی و چه‌ندایه‌تی ڕۆڵی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی ده‌كرێت و له‌هه‌ندێ له‌سه‌رچاوه ڕۆشنبیری و فیكرییه‌كانیشدا به‌گشتی باس له‌چه‌مكی (مه‌رگی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی) كراوه.
* مه‌رگی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی، چۆن و بۆچی؟
ئه‌گه‌ر چاوێك به‌و سه‌رچاوه جیاوازانه‌دا بخشێنین كه چه‌مكی مه‌رگی ڕه‌خنه‌یان له‌خۆ گرتووه، تێبینی ده‌كه‌ین، چه‌مكه‌كه به‌یه‌ك مانا‌و مه‌به‌ست به‌كار نه‌هێنراوه، بۆ تێگه‌یشتن له مانا جیاوازه‌كانی چه‌مكی (مه‌رگی ڕه‌خنه) پێدڤییه له‌به‌كارهێنانه جیاوازه‌كانی وردبینه‌وه.
به‌ر له‌هه‌ر بیروبۆچوونێك ده‌رباره‌ی چه‌مكی (مه‌رگی ڕه‌خنه) ده‌كرێ ئاماژه به‌و خاڵه بكه‌ین كه له‌گه‌ڵا سه‌رهه‌ڵدانی چه‌مكی (مه‌رگی ئه‌ده‌ب)، قسه‌كردن له‌سه‌ر مردنی ڕه‌خنه بابه‌تێكی چاوه‌ڕوانكراو بووه، چونكه به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی كاری ڕه‌خنه له‌سه‌ر تێكستی ئه‌ده‌بییه، كه ئه‌ده‌ب بوون و ڕۆڵی نه‌مێنێت، ڕه‌خنه به‌شێوه‌یه‌كی خۆبه‌خۆیی بوونی نامێنێت.
قسه‌كردنیش له‌سه‌ر مه‌رگی ئه‌ده‌ب له‌سه‌رده‌می نوێ‌دا پێوه‌ندبووه به په‌ره‌سه‌ندنی به‌رهه‌می ته‌كنۆلۆژی و داهێنانی جۆره‌ها ئامێر‌و كه‌ره‌سته‌ی پێشكه‌وتوو له‌بواره‌كانی گه‌یاندن و ڕاگه‌یاندن و په‌خشكردندا، لێره‌وه قسه له‌سه‌ر ئه‌وه كراوه كه ته‌له‌فزیۆن و سینه‌ماو سه‌ته‌لایت و (DVD) و (VCD) بوونه‌ته جێگره‌وه‌ی ئه‌ده‌ب و جه‌ماوه‌ری دوێنێی ئه‌ده‌بیان بۆ خۆیان ڕاكێشاوه و پرۆسه‌ی خوێندنه‌وه‌ی ده‌قی ئه‌ده‌بییان به‌شێوه‌یه‌ك كز‌و لاواز كردووه، قسه له‌سه‌ر كۆتایهاتن و ماڵئاواییكردنی ئه‌ده‌ب كراوه. پرۆفیسۆر (ئالڤین كرنان) له‌كتێبه‌كه‌ی خۆیدا (مه‌رگی ئه‌ده‌ب The Death of a literature) له‌به‌شی شه‌شه‌میدا كه به‌ناونیشانی (ته‌كنۆلۆژیا و ئه‌ده‌ب)ه لایه‌نێكی كاریگه‌ریی كه‌ره‌سته‌و ئامرازه ته‌كنۆلۆژییه‌كانی خستۆته ڕوو، كه چۆن ته‌نگیان به‌بوونی (كتێب) و كرده‌ی (خوێندنه‌وه) هه‌ڵچنیوه(*).
به‌مه‌به‌ستی دیكه‌ش به‌كارهێنراوه، وه‌ك:
یه‌كه‌م: هه‌ندێ له نووسه‌ران و ڕه‌خنه‌گران چه‌مكی مه‌رگی ڕه‌خنه‌یان به‌و مانایه به‌كارهێناوه، كه ته‌رزه كارێكی ڕه‌خنه‌یی دی وه‌كو ئه‌ڵته‌رناتیڤێك سه‌ر هه‌ڵداوه و شوێنی ڕه‌خنه‌ی گرتۆته‌وه و (ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی) پێگه و جێگه‌ی جارانی خۆی له‌نێوه‌نده ڕۆشنبیرییه‌كاندا نه‌ماوه. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ده‌كرێ ئاماژه به‌دوو جۆر كاری ڕه‌خنه‌یی ده‌كرێت:
أـ ڕه‌خنه‌ی ڕۆشنبیری (Cultural Criticism):
له‌نیوه‌ی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌مدا له‌ژێر كاریگه‌ریی بیروبۆچوون و كاره‌كانی بزاڤی (فۆرمالیسته‌كانی ڕووس 1915 ـ 1930) و میتۆده‌كانی شێوازگه‌ری (Stylistics) و (بونیادگه‌ری زمانه‌وانی) (Structuralismc Linguistigue) و تیۆری شیعرییه‌ت (Poetics) لای ڕۆمان یاكۆسبن (1896 ـ 1982) و تۆدۆرۆف (1939 ـ )، گوتاری ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی پتر كاری له‌سه‌ر بنیاتی زمانی ده‌ق ده‌كرد، ئه‌مه‌ش له‌و سۆنگه‌یه‌وه كه ده‌ق بونیادێكی زمانیی سه‌ربه‌خۆی داخراو و دابڕاوه له چه‌مك و هۆكاره‌كانی ده‌ره‌وه‌ی خۆی، واته (نووسه‌ر و مێژوو و جڤاك)(2). كه‌واته ئه‌م ڕه‌خنه ده‌قبه‌ندییه بنیاتی زمانی ده‌قی له ئاستی ڕسته‌دا ده‌پشكنی به‌مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه و دیاریكردنی ڕواڵه‌ته‌كانی شیعرییه‌ت و ئیستاتیكای ده‌ق.
ئه‌گه‌رچی ئه‌م جۆره تێڕوانین و مامه‌ڵه‌كردنه له‌گه‌ڵا ده‌قی ئه‌ده‌بی، له‌مێژووی میتۆده‌كانی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بییدا به‌وه‌رچه‌رخانێكی دیار‌و گرنگ هه‌ژمار ده‌كرا، به‌و پێیه‌ی به‌كارهێنانی میكانیزمێكی نوێ بوو به پشت به‌ستن به‌زمانناسی نوێ و له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه، خودی ده‌قی كردبووه ته‌وه‌ر و سه‌روه‌ری گوتاری ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی، به‌ڵام له قۆناغی (پۆست مۆدێرنیزم‌دا) په‌ره‌سه‌ندن و گۆڕانكاری به‌رده‌وامی كایه مه‌عریفییه‌كانی نێوه‌ندی ڕۆشنبیری و بواره زانستییه‌كانی سیمۆلۆژی و ئه‌نسرۆپۆلۆجی و سۆسیۆلۆجی و فره ڕه‌هه‌ندیی دیارده‌كانی نێو ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن و فشار‌و گوشاری كه‌ناڵه جیاجیاكانی میدیا به‌سه‌ر ژیانی تاك و كۆی كۆمه‌ڵگه‌وه هه‌موو ئه‌مانه، كاری ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی وه‌ك به‌رهه‌مێكی تاكره‌هه‌ندو دابڕاو له سێنته‌ری ژیانی مه‌عریفی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و سیاسی ده‌خسته به‌رچاو. له‌م سه‌روبه‌نده‌دا توێژینه‌وه جیاجیاكانی قوتابخانه‌ی زمانناسیی ده‌ق (Text Linguistics) مانایه‌كی نوێ و به‌رفراوانیان به‌چه‌مكی (ده‌ق) به‌خشی و تێزه‌كانی میشێل فۆكۆ (1926 ـ 1984) كاریان له‌سه‌ر پێكهاته‌و ڕۆڵی و كاریگه‌ری چه‌مكی (گوتار Discours) ده‌كرد نه‌ك ده‌ق، هه‌روه‌ها لێكۆڵینه‌وه له‌و سیستمانه‌ی كه له پشته‌وه‌ی هه‌ر گوتارێكدان. ئه‌مانه له‌لایه‌ك و له‌لایه‌كی تریشه‌وه په‌ره‌سه‌ندنی توێژینه‌وه ڕۆشنبیرییه‌كان (Cultural Studies) هه‌موو ئه‌مانه و هه‌ریه‌ك به‌شێوه‌یه‌ك و به‌سوود بینین له‌بواری مه‌عریفی جیاواز زه‌مینه‌سازییان بۆ سه‌رهه‌ڵدانی ڕه‌خنه‌ی ڕۆشنبیری كرد. ئه‌م ڕه‌خنه‌یه‌ش ستراتیژییه‌تی كاری ڕه‌خنه‌یی له گه‌ڕان به‌دوای شیعرییه‌ت و ئه‌ده‌بییه‌ته‌وه گۆڕی بۆ گه‌ڕان به‌دوای سیستم شاراوه و نادیاره‌كانی هه‌ناوی ده‌ق كه پێچه‌وانه‌ی ڕواڵه‌تی ده‌قه‌كه‌یه.
له‌م كرده‌یه‌شدا ده‌ق وه‌كو (سیستمێكی ئه‌ده‌بی ته‌ماشا ده‌كرێت كه به‌نده به چوارچێوه‌یه‌كی (سیاق) دیاریكراوه‌وه، ئه‌مه‌ش له‌و ڕوانگه‌یه‌وه كه (ڕه‌خنه‌ی ڕۆشنبیری) پێیوایه ده‌قی ئه‌ده‌بی به‌شێكه له‌چوارچێوه‌یه‌كی مێژوویی و له‌گه‌ڵا ڕه‌گه‌زه پێكهێنه‌ره ڕۆشنبیرییه‌كانی دیكه‌دا له‌كارلێكردندا ده‌بێت(3).
بواری كاری ڕه‌خنه‌ی ڕۆشنبیری زۆر فراوانه‌و ده‌كرێ هه‌ر دیارده‌و ڕواڵه‌ت و ڕه‌فتارو نه‌ریت و هێماو مۆدیلێكی جل و به‌رگیش ببێته كه‌ره‌سته‌ی كاركردنی و ئیشی خۆی له‌سه‌ر بكات. ته‌نانه‌ت هه‌ر به‌رهه‌مێك له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ده‌ب و ئیستاتیكاشه‌وه بێت. ئه‌م بۆچوونه‌یش زیاتر (فنسنت لیش) تیۆریزه‌كاری بۆ كردووه.
به‌لای هه‌ندێ له‌ڕه‌خنه‌گرانه‌وه، سه‌رهه‌ڵدان و گه‌شه‌كردنی (ڕه‌خنه‌ی ڕۆشنبیری) بۆ خۆی له‌خۆیدا، مردنی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بییه، به‌و مانایه‌ی كه ڕه‌خنه‌ی ڕۆشنبیریی پتر توانای خوێندنه‌وه‌ی كۆدو سیستم و گه‌مه زمانی و فیكرییه‌كانی گوتاره جیاوازه‌كانی نێو كۆمه‌ڵگه‌ی هه‌یه، ئه‌مه له‌كاتێكدا ئه‌مه له‌توانای ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بییدا نییه، چونكه ته‌نها سه‌رقاڵی ڕه‌هه‌ندی ئیستاتیكی ده‌قی ئه‌ده‌بییه. بۆ نموونه ئه‌م جۆره تێگه‌یشتنه له‌گوتاری ڕۆشنبیریی عه‌ره‌بیدا به‌زه‌قی ئاماده‌یی هه‌یه، به‌تایبه‌تیش لای نووسه‌رو ڕه‌خنه‌گری سعودی (عه‌بدوڵڵا غوزامی) كه جێده‌ستی له‌م بواره‌ده دیاره.
(غوزامی) زۆر ڕاشكاوانه قسه‌ی له‌سه‌ر مه‌رگی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی كردووه، به‌و مانایه‌ی ڕه‌خنه‌ی ڕۆشنبیریی جێگه‌ی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی گرتۆته‌وه و میكانیزمێكی گونجاویشه له‌م سه‌رده‌مه‌دا بۆ شیكردنه‌وه و دواندن له‌سه‌ر دیارده‌و به‌هاو ڕواڵه‌ته جیاوازه‌كانی نێو ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و هونه‌ری و سیاسی و ته‌نانه‌ت ئه‌ده‌بییش، له‌م ڕووه‌وه ناوبراو نووسینێكی به‌ناونیشانی (ڕاگه‌یاندنی مه‌رگی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی، ڕه‌خنه‌ی ڕۆشنبیریش ئه‌ڵته‌رناتیڤێكی میتۆدییه) نووسیوه، پوخته‌ی بۆچوونه‌كانی له‌م باره‌یه‌وه خستووه‌ته‌ڕوو، به‌ر له‌م كاره‌یش كتێبێكی سه‌ربه‌خۆی به‌ناوی (النقد الپقافی) له‌ساڵی 2000 بڵاوكردۆته‌وه(**).
ئه‌گه‌رچی به‌لای هه‌ندێ له توێژه‌رانی ڕۆژئاواوه وه‌ك (فنسنت لیتش) هه‌ردوو جۆری (ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی) و (ڕه‌خنه‌ی ڕۆشنبیری) دوو بواری جیاواز و له‌هه‌مان كاتیش‌دا هاوبه‌شیشن، به‌ڵام وه‌ك دوو بواری هاودژی یه‌كدی ته‌ماشای نه‌كردوون كه یه‌كێكیان مانای مه‌رگ و سڕینه‌وه‌ی ئه‌وی دیكه‌یان بێت.
ب ـ هه‌ژموونی ڕه‌خنه‌ی ڕۆژنامه‌وانی:
بیروبۆچوونێكی دی له‌و گۆشه نیگایه‌وه قسه له‌سه‌ر مه‌رگی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی ده‌كات، كه له‌م سه‌رده‌مه‌دا ڕه‌خنه‌ی ڕۆژنامه‌گه‌ری به كه‌ناڵا و ستایله جیاوازه‌كه‌یه‌و، ڕووبه‌رێكی زۆری له‌گوتاری ڕۆشنبیریی گرتووه‌ته‌وه و ڕه‌خنه‌گری ڕاسته‌قینه‌و لێهاتوویش ئاماده‌بوونێكی ئه‌وتۆی نییه، له‌م میانه‌دا نووسه‌ری عه‌ره‌ب (فازڵا سوڵتانی) باس له‌كتێبێكی ڕۆماننووسی به‌ریتانی (مارتن ئامس) ده‌كات كه چۆن ئه‌م ڕۆماننووسه، مردنی ڕه‌خنه‌ی له ئه‌مه‌ریكاو ئه‌وروپا ڕاگه‌یاندووه و (ئامس) ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كردووه كه ئه‌م سه‌رده‌مه، نه سه‌رده‌می تیۆره ڕه‌خنه‌ییه‌كانه‌و نه‌سه‌رده‌می ڕه‌خنه‌ی پراكتیكییه، به‌ڵكو ئه‌مڕۆ (ڕه‌خنه‌ی ڕۆژنامه‌گه‌ری) شوێنه‌ی ئه‌مانه‌ی گرتۆته‌وه. ئه‌م جۆره ڕه‌خنه‌یه‌ش پتر پێداچوونه‌وه‌ی خێرا‌و خستنه‌ڕووی كتێبه له‌دوو توێی چه‌ند سه‌رنجێكی ساده‌و سه‌رپێیدا. هه‌ڵبه‌ته نووسینی ڕه‌خنه‌یی له‌م شێوه‌یه‌ش پتر خزمه‌تی خوێنه‌رو ڕۆژنامه‌و گۆڤاره‌كان ده‌كات، نه‌ك بزاڤی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی(3).
كورت و كرمانجی ئه‌م جۆره‌بۆچوونه ده‌یه‌وێت بڵێیت، ئه‌مڕۆ له‌م شۆڕشی ته‌كنۆلۆژیای ڕاگه‌یاندندا، له‌به‌رده‌م لافاوی چاپ و په‌خشی هه‌مه چه‌شنه‌دا، ده‌لیڤه‌یه‌ك بۆ تیۆریزه‌كاری و توێژینه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌یی قه‌به‌و فره لاپه‌ڕه‌یی نه‌ماوه‌ته‌وه، به‌ڵكو ئێستا كورته نووسینی ساده‌و سه‌رنجی خودیی بره‌وی هه‌یه.
دووه‌م: گۆشه‌گیریی ڕه‌خنه له‌نێو دیواره‌كانی زانكۆدا.
نزیك له‌بۆچوونی یه‌كه‌م، هه‌ندێك له نووسه‌ران پێیان وایه قه‌تیس بوونی ڕه‌خنه له‌نێو هۆڵه‌كانی زانكۆدا، یاخود له‌نێو ئه‌و گۆڤاره ئه‌كادیمیانه‌ی كه ته‌نها هه‌ندێك له‌مامۆستایانی زانكۆ ده‌یبنن، به‌جۆرێك له‌جه‌ماوه‌رو گوتاری ڕۆشنبیری دابڕاوه، وه‌ك بڵێی (ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی) كۆچی دوایی كردووه. بیروبۆچوونی ڕه‌خنه‌گرو ئه‌كادیمیكاری به‌ریتانی (رۆنان ماكدۆناڵد) نموونه‌یه‌كی دیاری ئه‌م جۆره تێڕوانینه‌یه. (ماكدۆناڵد) له‌كتێبێكیدا كه له‌م ساڵانه‌ی دواییه‌دا به‌ناونیشانی (مه‌رگی ڕه‌خنه‌گر) بڵاویكردۆته‌وه قسه‌ی له‌سه‌ر مه‌رگی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی كردووه.
نووسه‌رو ڕه‌خنه‌گری عه‌ره‌ب (فه‌خری ساڵح)(4) له‌خستنه‌ڕووی كتێبی (مه‌رگی ڕه‌خنه‌گر)دا ده‌ڵێیت، (رۆنان ماكدۆناڵد) له‌م كتێبه‌یدا قسه‌ی له‌بزاڤی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی به‌ریتانی كردووه و ئاماژه‌ی به‌وه كردووه كه ئه‌م بزاڤه ڕۆڵا و كاریگه‌رییه‌كه‌ی له‌نێو خوێنه‌راندا زۆر كزولاواز بووه و ته‌نها له‌سنووری هۆڵی موحازه‌راتی زانكۆدا ماوه‌ته‌وه.
كه‌سانی ڕه‌خنه‌گری ئه‌كادیمیش به‌ناوی پسپۆڕییه‌وه ته‌نها سه‌رقاڵی لایه‌نێكی دیاریكراوی توێژینه‌وه ئه‌ده‌بییه‌كانه‌و هیچ به‌شداری و چالاكییه‌كی له‌گۆڤار و ڕۆژنامه‌كاندا نییه‌و له‌دنیای خوێنه‌ران و بینه‌ران دابڕاوه.
(ماكدۆناڵد) لاوازیی ڕۆڵی ڕه‌خنه‌گری به‌ریتانی بۆ ئه‌وه گه‌ڕاندۆته‌وه كه ئه‌مڕۆ نووسینی سه‌رنجی ڕه‌خنه‌یی سه‌رپێی و ساده و ساكار زۆر به‌ربڵاوه و زۆریی و كراوه‌یی سایته‌كانی ئینته‌رنێتیش ـ بێ سانسۆر ـ زه‌مینه‌یان بۆ ئه‌م جۆره نووسینانه خۆشكردووه.
سێیه‌م: نه‌بوونی به‌رهه‌می ڕه‌خنه‌یی ڕه‌سه‌ن:
هه‌ندێ جار نه‌بوونی كاری ڕه‌خنه‌یی بابه‌تی و زانستیانه‌ی تۆكمه كه دیدو ڕوانینێكی ڕه‌خنه‌یی نوێ و كاریگه‌ر له‌خۆ گرتبێت، وای له هه‌ندێك كردووه، قسه له نه‌مان و مردنی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی بكه‌ن.
ڕۆماننووسی عێراقی (ئه‌حمه‌د سه‌عداوی) له نووسینێكیدا به‌ناونیشانی (هل وصل النقد فی العراق الی نهایته الگبیعیه؟) به‌شێوه‌یه‌ك قسه له‌سه‌ر نه‌بوونی توێژینه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌یی ده‌كات، له‌دوا دێڕی وتاره‌كه‌یدا ده‌ڵێت ((پێویسته دان به‌وه‌دا بنێین كه ڕه‌خنه له‌ڕۆشنبیریی عێراقیدا قڕی تێكه‌وتووه)).
(سه‌عداوی) له‌م نووسینه‌یدا ئاماژه‌ی به‌چه‌ند هۆكارێك كردووه كه بوونه‌ته هۆی كۆتایهاتنی یاخود قڕبوونی ڕه‌خنه. وه‌ك (نه‌بوونی گۆڤار‌و گرووپی تایبه‌ت به ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی، له‌سایه‌ی نه‌بوونی كاری ڕخنه‌یی جیددی و بابه‌تییانه‌دا نووسینی ستایشكارانه زۆربووه، مامۆستایانی زانكۆ دوور له داهێنان و نوێكاری ته‌نها بۆ (ته‌رقیه) ده‌نووسن، یاخود ته‌نها به‌هه‌ندێ لایه‌نی تیۆرییه‌وه سه‌رقاڵن،…) هۆكاره‌كان هه‌رچییه‌ك بن، ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه ئه‌وه‌یه كه لێره‌دا چه‌مكی (مه‌رگی ڕه‌خنه) به‌مه‌به‌ستی نه‌بوونی یاخود كه‌میی كاری ڕه‌خنه‌یی ڕه‌سه‌ن به‌كارهێنراوه.
* (مه‌رگی ڕه‌خنه) و ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی كوردی:
به‌ر له‌هه‌ر شتێك ده‌مه‌وێ ئاماژه به‌و خاڵه بكه‌م، كه به‌پێی ئاگاداریم، نه‌مبینیوه نووسه‌رێكی كورد له باسی بوون و نه‌بوونی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی كوردیدا چه‌مكی (مه‌رگی ڕه‌خنه)ی به‌كارهێنابێت، چونكه زۆرێك له‌وانه له گۆڤار‌و ڕۆژنامه كوردییه‌كاندا كه باس له ڕه‌خنه‌ی كوردی ده‌كه‌ن، ده‌ڵێن (ڕه‌خنه‌مان نییه!!) جا به‌بۆچوونی خۆیان چۆن باسی مه‌رگی شتێك بكه‌ن كه بوونی نییه؟!!
جێگای سه‌رنج و پرسیاریشه له‌نێو ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردیدا، بۆچوونی وا هه‌یه له‌ساڵی (1968) قسه له نه‌بوونی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی كوردی ده‌كات(6) و كه‌سانی تریش هه‌ن له‌ساڵی (2008) هه‌مان بیروبۆچوون دووباره ده‌كه‌نه‌وه و ده‌ڵێن كورد ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی هه‌ر نییه(7)!!
هه‌ڵبه‌ته بۆ ساڵی (1968) گه‌ر قسه له‌سه‌ر نه‌بوونی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی كوردی بكرێت، ڕه‌نگه تا ڕاده‌یه‌ك به‌ڵگه‌و به‌هانه‌ی خۆی هه‌بێت، به‌ڵام له‌ساڵی (2008) دوای بوونی ده‌یان كتێبی ڕه‌خنه‌یی، دوای پتر له سه‌د ساڵی ته‌مه‌نی ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردی، دوای بوونی پتر له سه‌د نامه‌ی ماسته‌رو دكتۆرا له‌ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی كوردیدا، تۆ هه‌ر بێیت و بڵێیت ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی كوردی له ئاستی نه‌بووندایه!!
به‌ڕاستی ئه‌م جۆره بڕیارانه، له‌لایه‌ك غه‌درێكه له‌مێژووی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی كوردی و له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه نیشانه‌ی بێئاگایی خاوه‌نی ئه‌م جۆره بڕیارانه‌یه له‌به‌رهه‌مه ڕه‌خنه‌ییه‌كانی تایبه‌ت به‌ئه‌ده‌بی كوردی.
* ئه‌ده‌ب و ڕه‌خنه له‌نێوان مه‌رگ و ژیاندا:
ئه‌گه‌رچی له‌مێژه باس له مه‌رگی ئه‌ده‌ب و شیعر‌و ڕۆمان كراوه و ده پازده ساڵێكیشه مه‌رگی ڕه‌خنه‌ش چووه‌ته پاڵا چه‌مكه مه‌رگ ئامێزه‌كانی دی، به‌ڵام تێبینی ئه‌وه ده‌كرێت له‌گه‌ڵا ئه‌م هه‌موو ده‌نگ و باسه مه‌رگاوییانه‌دا، هێشتا ده‌قی ئه‌ده‌بی له‌نێوه‌نده ڕۆشنبیریی و جه‌ماوه‌رییه‌كانیشدا ئاماده‌یی خۆی هه‌یه، له‌م ڕووه‌وه شاعیری ئه‌مریكی (دۆناڵد هۆل) گوتوویه‌تی (گه‌رچی نزیكه‌ی دوو سه‌د ساڵه باس له مه‌رگی شیعر ده‌كرێت، به‌ڵام له‌هه‌موو ڕۆژێكدا شاعیرێكی نوێ له‌دایك ده‌بێت و جۆره ده‌قێكیش پێشكه‌ش ده‌كات، ره‌زامه‌ندی نه‌وه‌كانی داهاتوو به‌ده‌ست ده‌هێنێت)(8).
تا ژیان به‌رده‌وام بێت، ده‌ربڕین له‌ژیان (ده‌ق)یش به‌رده‌وام ده‌بێت، كه ده‌قیش هه‌بوو، ڕه‌خنه‌یش قسه‌و كاریگه‌ری خۆی ده‌بێت، هه‌روه‌ك چۆن له تیۆری ئه‌ده‌بدا ده‌گووترێت (هه‌ر قۆناغێك له‌قۆناغه‌كانی گۆڕانی جڤاك، پێوه‌ندی ئیستاتیكی خۆی به‌جیهانه‌وه له‌ڕێگای چه‌ند ژانرو فۆرمێكی ئه‌ده‌بیی دیاریكراوه‌وه ده‌رده‌بڕێت)(9) ئاوه‌هایش ده‌كرێ بڵێین، ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بییش له‌هه‌ر قۆناغێكدا ئامراز‌و ڕێبازی خۆی ده‌بێت و هاوكات له‌گه‌ڵا گۆڕانه زانستی و مه‌عریفییه‌كاندا، ئه‌میش زمان و زاراوه‌ی خۆی ده‌بێت و له‌كاره‌كانیدا ستراتیژییه‌تی نوێ بۆ خۆی دیاری ده‌كات.
كه‌واته ئه‌وه‌ی له ئاسته جیهانییه‌كه‌یدا تێبینی ده‌كرێت مردن و نه‌مانی یه‌كجاره‌كی ئه‌ده‌ب و ڕه‌خنه نه‌بووه، به‌ڵكو چێوه و شێوه‌ی داڕشتن و به‌رهه‌م هێنانی ده‌ق گۆڕاوه، ڕه‌خنه‌یش زمان و كه‌ره‌سته‌ی خۆی گۆڕیوه و میكانیزمای كاركردنی گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه، ڕاسته له قۆناغێك بۆ قۆناغێكی دی هه‌ندێ جار ئاماده‌یی هونه‌رێك، ژانرێك ستایلێك، ته‌رزێكی كاری ڕه‌خنه‌یی یا كاڵبووه‌ته‌وه یاخود له‌چاو ڕه‌گه‌زێكی دی زیاتر ئاماده‌یی هه‌بووه، ئه‌مانه ڕواڵه‌تێكی سروشتی گۆڕانكاری و نوێكارییه‌كانی ژیانی مرۆڤن.
* ڕه‌خنه‌گری كورد:
پێم وایه له‌سه‌روبه‌ندی ده‌نگ و باسی ژیان و مردنی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بییدا، پێویسته ڕه‌خنه‌گری كورد تایبه‌تمه‌ندێتی ژین و ژینگه‌ی ده‌قی ئه‌ده‌بی كوردی و باری ڕۆشنبیری و مه‌عریفی گوتاری ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی كوردی ڕه‌چاو بكات و به‌پشت به‌ستن به ئه‌زموونی ڕه‌خنه‌یی میلله‌تانی دی و سوود ببینین له نوێترین تیۆره زانستی و ڕه‌خنه‌ییه‌كان، له هه‌وڵی داڕشتنی گوتاری ڕه‌خنه‌یی بێت كه توانای شیكردنه‌وه‌ی ده‌ق و سه‌رجه‌م كۆدو سیستمه‌كانی نێو گوتاره جیاوازه‌كانی ژیان و كۆمه‌ڵگای هه‌بێت. هه‌ر لێره‌شه‌وه به‌شیكردنه‌وه‌ی بنیاتی بابه‌تی و ئیستاتیكی تێكسته‌كانی ئه‌ده‌بی كوردی، سیماكانی تایبه‌تمه‌ندێتی ده‌قی كوردی بخرێته‌ڕوو، له‌گه‌ل ئه‌مه‌شدا له‌م زه‌مه‌نی كاڵبوونه‌وه‌ی به‌ها مرۆییه‌كان و قه‌یرانه ڕۆحییه‌كاندا، ڕه‌خنه‌ی كوردی به ئاراسته‌یه‌ك كاری بۆ بكرێت كه ده‌قی كوردی جه‌خت له‌جوانتركردنی ژیان و ڕه‌واندنه‌وه‌ی ته‌می خه‌می تاك و كۆ بكاته‌وه. ئه‌مه ستراتیژییه‌تی كارمان بێت، ئینجا له‌شیكردنه‌وه‌ی (ڕیكلامێكدا) یاخود له شرۆڤه‌كردنی شیعرێكی میللی‌دا یان هه‌ڵسه‌نگاندنی كلیپێكدا بێت، ئه‌مه‌یان كێشه نییه‌و گرنگ دیارخستنی ئه‌و كۆدو سیستمانه‌یه كه له پشته‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كاندا حه‌شاردراون، تا بزانرێت چ جۆره ڕوانینێك له پشته‌وه‌یه‌تی و بزانرێت له‌چی ئاستێكه‌وه هه‌وڵیداوه كاریگه‌ری و خۆی به‌سه‌ر خوێنه‌رو بینه‌رو بیسه‌ردا به‌جێبهێڵێت، بۆ ئه‌وه‌ی له‌خزمه‌تی مرۆڤایه‌تی مرۆڤدا بیمه‌زرێنین.
—————————–
په‌راوێزه‌كان:
1ـ الڤین كرنان، موت اڵادب، ت بدرالدیب، المجلس الاعلی اللپقافه، 2000، ص 13.
* ـ بڕوانه: هه‌مان سه‌رچاوه.
هه‌ڵبه‌ته له‌م هه‌زاره‌ی سێیه‌مه‌دا پتر باس له كاریگه‌ری كۆمپیوته‌رو سایته‌كانی تۆڕی ئه‌نته‌رنێت ده‌كرێت كه جۆره مه‌ترسییه‌كی نه‌ك هه‌ر بۆ (ئه‌ده‌ب) به‌ڵكو بۆ خودی (كتێب) له‌شێوه كاغه‌زه‌ییه‌كه‌یدا دروستكردووه. له‌م میانه‌دا (ڕێجیس دۆبریێ) ئاماژه به‌وه ده‌كات كه ئه‌مڕۆ سه‌رده‌می (شاشه)یه‌و بینین و به‌رهه‌می بینراو باڵا ده‌سته‌و له‌نێو ئه‌م شۆڕشه ئه‌لیكترۆنی و وێنه‌ییه‌دا ئیدی (كتێب) و كاغه‌ز) نه‌ك هه‌ر بایه‌خی نامێنێت، به‌ڵكو بوونیشی نامێنێت. ماڵپه‌ڕی alghad.jo، بابه‌تی (عصر البلاغه اڵالكترونیه) تركی علی الربیحو.
2ـ صلاح فچل، النڤریه البنائیه فی النقد اڵادبی، ص 33، 333.
3ـ مجموعه كتاب، تحولات الخگاب النقدی العربی المعاصر، 2008، ص 1343.
**ـ له‌م باره‌وه بڕوانه: + عبدالله الغژامی، النقد الپقافی، المركز الپقافی العربی، بیروت.
+ د. عبدالله الغژامی، د. عبدالنبی اخگیف، نقد پقافی أم نقد أدبی؟، دار الفكر، دمشق، 2004، ص 11، ص 64.
4ـ فاچل السلگانی، موت النقد، جریده الشرق اڵاوسگ (8526) 2/4/2008.
5ـ فخری صالح، موت النقد، سایتی Dar Alhayat.
6ـ أحمد سعداوی، هل وصل النقد فی العراق الی نهایته الگبیعه؟ جریده (المدی) (802) 1/11/2006 له سایتی AL-MAD Nespaper.
7ـ بڕوانه: حسین محمد سعید، أزمه النقد اڵادبی الكردی، جریده التێ‌خی (328) 2/8/1968.
8ـ بڕوانه: گۆڤاری هه‌رێمی كوردستان ژماره (464) 3/6/2008، ل 23.
9ـ بڕوانه: گۆڤاری (الفیصل) ع (241) 1996، ص 28.
10ـ عبدالمنعم تلیمه، مقدمه فی نڤریه اڵادب، ص 123.
* له‌م نووسینه‌دا به‌گشتی سوود له كتێبی (النقد الپقافی) عبدالله الغژامی بینراوه.
.