
ڕانانێكی خێرای ڕۆمانی تواوه‌ی عه‌باسی مه‌عروفی … سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی
هه‌ركاتێك ڕۆمانێك ده‌خوێنمه‌وه كه‌باسی زیندان و فه‌زای زیندان و دۆخی سایكۆلۆژی مرۆڤ له زیندان بكات، یه‌ك ڕاست قسه‌یه‌كی(محمد ماغوت)ی شاعیری سووریم بیردێته‌وه كه له دیمانه‌یه‌كیكدا ده‌ڵێ:( له زیندان هه‌ست كرد شتێك له‌ناخم شكا) ئیدی دوا ئه‌وه‌و تا ده‌شمرم هه‌ست بهوشكانه ده‌كه‌م، گه‌رچی ناشزانم چی‌بوو شكا. ئه‌مه وه‌ك ده‌ربڕێنێك بۆ كه‌شی زیندان، كه مرۆڤ زۆرجار له بوونه‌وه‌رێكی میهره‌بان، به‌تواناو ئیراده و خۆشه‌ویست و كۆمه‌ڵایه‌تی، ده‌یكاته بوونه‌وه‌رێكی دیكه، كه‌ته‌نها هه‌ناسه ده‌دات و به جه‌سته زیندووه. ده‌نا به ڕوح ده‌مێكه تێكشكاوه. ئه‌گه‌ر له دنیای پێشكه‌وتوودا زیندان نێوه‌ندێك بێت بۆ سه‌ر له‌نوێ ڕاهێنانه‌وه‌ی مرۆڤه تاوانباره‌كان بۆ نێو كۆمه‌ڵگه و ئاشتكردنه‌وه‌یان له گه‌ڵ ژیان و ده‌وروبه‌ر، ئه‌وا له‌وڵاته دواكه‌وتووه‌كاندا، زیندان شوێنێكه بۆ تێكشكاندنی مرۆڤه‌كان و ههلابهههلاكردنیان تاڕاده‌ی كوشتن و هه‌موو جۆره ئازارێكی هۆڤیانه.زۆردوور ناڕۆین و به‌عسمان له به‌رچاوه. له‌و سۆنگه‌یه‌شه‌وه‌یه ده‌بینین، كه به‌شێك له ڕۆماننووسه عێڕاقی و عه‌ره‌بییه‌كان، ئه‌و ئازارانه‌ی خۆیان له زیندانداكردته ده‌قی ئه‌ده‌بی و به‌زمانی نووسین له‌و ئازارانه دواون. وه‌ك: ڕۆمانی(شه‌ماعیه)ی ڕۆماننووسی عێڕاقی(عه‌بدولستار ناسڕ)وڕۆمانی(قه‌پێلك) ڕۆماننووسی سووری(مسته‌فا خه‌لیفه).
كه هه‌ردووكییان باس له زیندان ده‌كه‌ن. گه‌رچی بڕواشم وایه نووسین چه‌ند قوڵ و كاریگه‌ریش بێت، هێشتا ئه‌سته‌مه جێگه‌ی گوزارشتێكی ڕاسته‌قینه‌ی ئازاری زیندانیكردنی زیندانیكراوێك، بگرێته‌وه. كه‌له‌كاتی لێَكۆڵینهوهو ئه‌شكه‌نجه‌دان و شكاندنی شكۆی كۆمه‌ڵایه‌تی و مرۆییانه‌ی،ڕووبه‌ڕووی ده‌بێته‌وه.كاتێ ڕۆمانی (تواوه)ی عه‌باسی مه‌عروفیش ده‌خوێنینه‌وه، جارێكی تر به‌رهه‌مان چیڕۆكه دڵته‌زێنه‌كانی زیندان و فه‌زای زیندان ده‌كه‌وین. ئه‌و كورته ڕۆمانه، سه‌رگوزشته‌ی مرۆڤێكمان بۆ باس ده‌كات كه ناوی(ناسری ئه‌سفاری)یه‌و له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێرانه‌وه، بۆ ماوه‌ی سێ ساڵ، بێ ساغبوونه‌وه‌ی هیچ تۆمه‌تێك له سه‌ری، زیندانیده‌كرێت. له‌و ماوه‌یه‌دا، ئه‌سفاری هه‌رچی ئازار‌و تێهه‌ڵدانی زیندان هه‌یه له ئه‌شكه‌نجه‌دانی روحی و جه‌سته‌یی و هه‌موو شێوه‌كانی ئازاردان ده‌بینێت. تۆمه‌ته‌كان بۆ زیندانیكردنی ئه‌سفاری، بێ شومارن، وه‌لێ به‌ڵگه و ساغبوونهوهكان بوونیان نییه. ده‌مێك به تۆمه‌تی ئه‌ندام له شانه‌یه‌كی نهێنی، ده‌مێك به نووسه‌ری كتێبه یاساغه‌كان، ده‌مێك به تلیاك و بازرگانیكردن به‌و كاره تۆمه‌تباری ده‌كه‌ن. وه‌لێ هه‌موو كات ئه‌و بێ تاوانی خۆی له‌و كارانه ده‌رده‌بڕێت.
بۆماوه‌ی سێ ساڵ له‌نێو ئه‌و ئازارانه و ئازاری هاوزیندانییه‌كانی ده‌مێنێته‌وه. ئه‌و، ئه‌و ژیانه‌ی خۆی و كه‌سانی دیكه‌ی نێوان زیندان، به ئیبراهیمی نێو ئاگر ده‌چوێنێت. وه‌ك هێمایه‌ك بۆ ئازار‌و ئه‌شكه‌نجه‌كان.دواجار لێكۆلهرداوای لێده‌كات له باره‌ی كه‌سێكه‌وه كه‌هاوڕێی ئه‌و بووه‌و ناوی ئازاده قسه‌ی بۆ بكات. یان ڕوونتر بڵێین ئیعترافی له سه‌ر بكات.
ئه‌و كه‌سه ده‌كه‌ن بیانوویه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو ڕۆژلێكۆڵهرو مه‌ئموره‌كان و جه‌لاده‌كانی زیندان ئازاری بده‌ن. تا ئه‌وڕاده‌یه‌ی هه‌موو جارێك به‌هۆی ئه‌و ئازارانه‌وه ده‌گاته ئاستی مردن. ئه‌سفاری بۆ ئه‌وه‌ی كۆتایی به‌و ئازارانه‌ی بێنێت، ڕۆژێك به گاڵته‌وه به مه‌ئمور ده‌ڵێت: كه ئه‌و ئازاد ده‌ناسێت و ئه‌ندامی گرووپێكی نهێنییه و تهقینهوهیهكیشی ئه‌نجام داوه. ڵێكۆڵه‌ر به ئه‌سفاری ده‌ڵێت: ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌مان ده‌ویست تۆبۆچی خۆت ئازار ده‌ده‌ی؟ به‌ڵام دواجار ئه‌سفاری پێیان ده‌ڵێت: كه ئه‌و ئهوحیكایهتهی بۆیه هه‌ڵبه‌ستووه تاكو كۆتایی به ژیانی بێنن. ده‌نا چ كاری به‌و كه‌سه‌وه نییه.به‌ڵام له بڕی ئه‌وه‌ی هه‌موو ڕۆژێك له زیندان بمرێت، ئه‌وا بابه یه‌كجاری كۆتایی به ژیانی بێنن.
به‌ڵام ئه‌وان به‌رده‌وام ده‌بن له ئازاردانی. دوای ئه‌وه‌ی بێ‌ئومێد ده‌بن لێی،له‌وه‌ی كه‌هیچ شتێك بدركێنێت، به‌م جۆره دوای سێ ساڵ پێی ده‌ڵێن: به‌هه‌ڵه تۆمان گرتووه‌و ئه‌وجۆره هه‌ڵانه هه‌رده‌بن. به‌هیچ شێوه‌یه‌كیش نابێت دوای ئازادكردنت له زیندان، ئه‌و ڕووداوه بۆ هیچ كه‌سێك باس بكه‌یت. بژه وه‌ك ئه‌وه‌ی هیچ ڕووینه‌دابێت. ئه‌سفاری له زیندان ئازاد ده‌بێت، به‌ڵام كام ئه‌سفاری؟ ئهوئهسفارییهی هه‌رگیز وه‌ك پێش زیندانیكردنه‌كه‌ی نییه‌و خێزانه‌كه‌ی پێی ده‌ڵێت: جاران یه‌ك ئه‌سفاری هه‌بوو، ئێستا بووه به‌دوان. ئه‌مه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك كه زیندان چۆن ئه‌و مرۆڤه‌ی گۆڕی و ژیانی وێران‌كرد. ئه‌سفاری دوای ئه‌وه‌ی له زیندان ده‌رده‌چێت، ژیانی خۆی له‌وپه‌ڕی بێ به‌هایی و بێ مانایی ده‌بینێت. ئه‌وهه‌رگیز جارێكی ترنابێتهوه بهمرۆڤهكهی پێش زیندانیكردنی. بۆیه ده‌ڵێت: (ژیان لای من وه‌ك بینایه‌كی كۆن وایه،كه‌سه‌یری هه‌ر شوێنێكی ده‌كه‌ی خه‌ریكی داڕمانه). یاخود له‌شوێنێكی دیكه‌دا ده‌ڵێت: (هه‌ست ده‌كه‌م عه‌لاگه‌یه‌كی پڕلهخۆڵم و هیچ كه‌ناسێك هه‌ڵمناگرێت).زیندان ئه‌و مرۆڤه ده‌گۆڕێت به بوونه‌وه‌رێك، كه ئیدی ژیان و بوونی له به‌رچاو ده‌كه‌وێت.
هاوشێوه‌ی پاڵه‌وانی رۆمانی قه‌پێلك. ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی له زیندان ئازاد ده‌كرێت، هه‌ست ده‌كات ژیان بۆ ئه‌و هیچ مانا‌و به‌هایه‌كی نه‌ماوه. بۆیه جارێكی تر حه‌زده‌كات بچێته‌وه زیندان. كاتێكیش ده‌زانێت ئه‌مه نابێت، ئیدی به‌ته‌نها له خانووێك ده‌ژیت و خۆی داده‌بڕێت له هه‌مووشتێك. له ڕۆمانی تواوه‌شدا، خوێنه‌ر هه‌ست به ماهییه‌تی ڕاسته‌قینه‌ی زیندان له‌وڵاته دواكه‌وتووه‌كان ده‌كات. له‌م جۆره وڵاتانه، زیندان جه‌هه‌نه‌مێكی دیكه‌یه. فابریكایهكه بۆ تاقیكردنه‌وه‌و ڕاهێنانی مرۆڤ له سه‌ر هه‌مووجۆره‌كانی ئه‌شكه‌نجه‌دان. تا ئه‌وئاسته مرۆڤ بێ به‌ها ده‌كه‌ن، كه ئیدی هه‌رگیز نابنه‌وه به مرۆڤه ئاساكانی پێش زیندان. كاتێ له خوێنه‌وه‌ی ئه‌و كورته ڕۆمانه بوومه‌وه،هه‌م ئازارم چه‌شت، هه‌میش چێژ. ئه‌و ڕۆمانه له كاتی خوێنه‌وه‌ی به‌هۆی به‌ركه‌وتنی به‌وهه‌موو دیمهنهتراژیدیانهی نێو زیندان و ژیانی ئه‌سفاری، ئازار ده‌چێژێت. هاوكات چێژیش لهخوێنهوهی وه‌رده‌گرێت. چونكه ڕۆمانێكی پوخت و كورته‌و به‌زمانێكی كوردییانه‌ی ساده‌و جوان، وه‌رگێڕدراوه‌ته سه‌ر زمانی كوردی…
*په‌راوێز_ تواوه/ ڕۆمان نووسینی( عه‌باسی مه‌عرووفی)/ وه‌رگێڕانی(ڤیداقادری)/بڵاوكراوه‌ی ده‌زگای سه‌رده‌م 2017…