Skip to Content

ئێران.. داواکاری لە دیکتاتۆرییەت یان نەهێشتنی دیکتاتۆرییەت؟.. عەبدولڕەحمان گەورکی

ئێران.. داواکاری لە دیکتاتۆرییەت یان نەهێشتنی دیکتاتۆرییەت؟.. عەبدولڕەحمان گەورکی

Closed
by ئایار 30, 2023 General



لە سەرەتای مانگی نۆیەمی راپەڕینی ئەم دواییەی خەڵکی ئێراندا، دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئێران، مانەوەی خۆی لە چڕکردنەوەی لەسێدارەدانی گەنجانی ئێراندا بینیوە! چونکە لاواز بووە و لە لاوازترین دۆخی مانەوەدایە. ئەم دەسەڵاتە بۆ مانەوە خەڵک لەسێدارە دەکات. دەزانێت خەڵکی ئێران ئەم دەسەڵاتەیان ناوێت و پێیان لەسەر رێگای رووخاندنی دەسەڵاتدایە و بڕیاریان داوە دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهی بخەنە خوارەوە!
بەرەبەیانی رۆژی هەینی ٢٩ی بانەمەڕ (گوڵان)ی ئەمساڵ، جەللادەکانی دەزگای نادادوەری بە فەرمانی عەلی خامنەیی و سەرەڕای ناڕەزایەتی بەربڵاوی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، لە کردەوەیەکی تاوانکاریدا، سێ بەندکراوی راپەڕین، ساڵح میرهاشمی (٣٦ ساڵ)، مەجید کازمی (٣٠ ساڵ) و سەعید یەعقوبی (37 ساڵ)یان، دوای چەند مانگێک ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی، بە تۆمەتی محاربە(دژایەتیکردنی خودا) لە سێدارە دا. فاشیزمی مەزهەبیی دەسەڵاتدار، هۆی لەسێدارەدانی ئەم سێ کەسەی بەوە راگەیاند کە لە کاتی راپەڕینی گەل لە شاری ئیسفەهان و لە مانگی خەزەڵوەری ساڵی رابردوودا! ژمارێک لە هێزە سەرکوتکەرەکانیان سزا داوە!
بە پێی هەواڵ و زانیارییە بڵاوکراوەکان، رێژیمی دەسەڵاتدار لە مانگی دووەمی ساڵی نوێی ئێرانیدا زیاتر لە ١١٢ کەسی لە سێدارە داوە. لە سەردەمی حوکمڕانی دیکتاتۆری ئایینی، “ئیعدامکردن” بەشێکی دانەبڕاو بووە لە بوون و مانەوەی ئەم دەسەڵاتە تا ئەمڕۆ. بە وتەی شارەزایانی کاروباری ئێران، ئەم رژیمە ئەگەر “تەنها بۆ یەک رۆژ” دەستبەرداری لەسێدارەدان و ئەشکەنجەدان و سەرکوتکردن بێت، دەستبەجێ دەڕوخێت. چونکە سەرکوتکردنی خەڵک لەلایەن حکومەتەوە و ناڕەزایەتی خەڵک بەرامبەر بە حکومەت لە لوتکەدایە. ئەم سەرکوتکردنە لە هەموو لایەنە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکاندا بوونی هەیە. نزیک بە نیوەی دانیشتوانی ئێران لە ژێر هێڵی هەژاریدان. زیاتر لە 120 هەزار کەس لە خەڵکی ئێران بە دەستی ئەم حکومەتە کوژراون و هیچ بنەماڵەیەک لە ئێراندا نابینی کە لە ستەمی ئەم دەسەڵاتە سەلامەت دەرچووبێت!
لە لایەکی ترەوە “موقاومەتێکی رەسەن” لە دژی ئەم دەسەڵاتە بوونی هەیە کە خاتوو (مریەم رەجەوی) سەرکردایەتی دەکات. نەیارانی رەسەنی دەسەڵات، خەبات دەکەن لە پێناو رووخاندنی ئەم رژێمە. هەرچەندە لە سەردەمی راپەڕینی ئەمدواییەی خەڵکی ئێراندا، بە وتنەوەی دروشمی لادەرانە و جێبەجێکردنی پڕۆژەی جۆراوجۆری کۆنەپەرستانە و کۆلۆنیالیزم، هەوڵی بێدەنگکردنی راپەڕین دراوە، بەڵام خەڵکی ئێران، لە پێوەند لەگەڵ دەزگای رێبەرایەتی راپەڕین، توانیویانە کۆنتڕۆڵی دۆخەکە بکەن و رێگاکان بەسەر پلانی کۆنەپەرستانە و کۆلۆنیالیزمدا دابخەن.
ئەم موقاومەتە کە هێزە سەرەکیەکەی. (سازمانی موجاهیدینی خەڵکی ئێران)ە و لە (ئەنجوومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران)دا دەرکەوتووە، ئێستا زیاتر لە جاران توانیویەتی مەیدانەکە لە سەرانسەری ئێران و دەرەوەی ئێراندا، (لە رووی دیپلۆماسی و نێودەوڵەتییەوە) گەورەتر بکاتەوە و تەنگ بە رژێم هەڵبچنێت و خواستی سەرەکی خەڵکی ئێران (واتە رووخاندنی دیکتاتۆرییەت لە ئێران)، لە (سەرو)وی داخوازییەکاندا بپارێزیت.
ئەنجوومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران هاوپەیمانییەکی سیاسیی هەرە دێرینە لە مێژووی ئێراندا کە لەسەر دوو بناغەی “ئازادی” و “سەربەخۆیی” دامەزراوە، ئەم ئەنجومەنە لە هاوینی ساڵی ١٣٦٠ لە تاران و لە لایەن بەڕێز (مەسعوود رەجەوی)ەوە دامەزراوە و خاوەن پێکهاتەی “دەسەڵاتی سێبەر(دوورخراوە لە ئێران)”ە کە “دابینکردنی ئازادییەکان” و “وەدیهێنانی مافە رەواکانی هەموو چین و توێژەکانی خەڵکی ئێران” لە بەرنامەیدا. ئەو بەرنامە و پلاتفۆرمە کە تا ئەمڕۆ لە مێژووی ئێراندا ناوازەیە، بناغەکانی ئەم ئەنجومەنە لەسەر بنەمای فرەیی، کۆماری، جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت و سکۆلاریسم دامەزراوە و بە درێژایی پێشهاتە سیاسییەکانی پەیوەست بە ئێران تاقیکراوەتەوە و دەوڵەتمەند کراوە و متمانەی خەڵکی ئێرانی بۆ لای خۆی راکێشاوە و رێژەیەکی بەرفراوان لە کۆمەڵگەی جیهانیش پشتیوانیەتی. هەر بۆیە ئەو ئەڵتەرناتیڤە ساختانەی کە لە چەند مانگی رابردوودا نێردرابوونە گۆڕەپانی راپەڕین، زۆر بە خێرایی کاڵبوونەوە و توانەوە!
ئێستا کە لە مانگی نۆیەمی راپەڕینداین، کۆمەڵێک راستی حاشا هەڵنەگر هەیە:
یەکەم. دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئایینیی ئێران، سەرەڕای ئەو گەمە و مانۆڤرە جۆراوجۆرانەی کە تا ئەمڕۆ نیشانی داوە، گەیشتووەتە کۆتایی هێڵی مانەوەی خۆی و خەڵکی ئێرانیش سوورن لە رووخاندنی. کۆدەنگییەکی روونی بۆچوون هەیە کە ئاماژەیە بۆ “رووخاندنی”. چاوخشاندنێک بەسەر راپەڕینی ئەمدواییەی خەڵکی ئێراندا، راستییەکی وەهای تۆمار کردووە!
دووەم. روانینێکی راستەقینە بۆ سەر مێژووی ئێران و ئەوەی لە راپەڕینی ئەمدواییەی خەڵکی ئێراندا بەدیکرا، بەتایبەتی ئەوەی لە شارەکانی ئێراندا بینرا و وەک لە دروشم و داخوازییەکانی خەڵکی ئێراندا دەرکەوت، ئاماژەیە بۆ ئەو راستییەی کە “دۆخەکە ناگەڕێتەوە بۆ رابردوو”. خەڵک نە دیکتاتۆرییەتی ئایینی دەسەڵاتداریان دەوێت و نە ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ دیکتاتۆرییەتی پێشووی شاپەڕستی. لە ژێر رۆشنایی ئەم راستیەدایە کە هەوڵی کۆنەپەرستانە و کۆلۆنیالیزم بۆ گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی پاشایەتی بۆ ئێران لە تراویلکە بەدەر نییە و ناتوانێ بکەوێتەوە سەر پێ!
سێیەم: لەسەر ئەرزی واقیع و لە گۆڕەپانی کردەی کۆمەڵایەتیدا، دیکتاتۆری لە ئێران، جگە لە “ئەنجومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران” هیچ بەدیلێکی دیکەی نییە. واتا ئەم ئەنجوومەنەی نوێنەرایەتی خواستی خەڵکی ئێران دەکات. واتا بەدیلێکی راستەقینە کە خاوەن “پێگەی کۆمەڵایەتی”، “دەزگا و پێکهاتەی بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی دواڕۆژ”، “مێژووی کردەیی و متمانەپێکراوی خەڵک”ە و خاوەن “بەرنامە و پلاتفۆرم”ێکە لەسەر بنەمای “ئازادی” و “جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت” و سەربەخۆیی” و پێکهاتەیەکی “دیموکراتیکی و کۆماری” کە لە لایەن جەماوەری خەڵكی ئێران و کۆمەڵگای جیهانییەوە ناسراوە.
لە کۆتاییدا، دوابەدوای لەسێدارەدانی سێ گەنجی خەڵکی ئیسفەهان، خانمی مریەم رەجەوی رایگەیاند: رۆژێک نییە زوحاکی مار لەسەر شان لە ئێران، بەمەبەستی پاراستنی دەسەڵاتی رەش و لەسەرەمەرگی ویلایەتی فەقیهی، و لە ترسی راپەڕینی گەل، خوێنی گەنجان نەڕێژێت. رژێمی ئاخوندی بە بێ سەرکوت و ئەشکەنجە و لەسێدارەدان توانای یەک رۆژ حوکمڕانی نییە و تاکە رێگای رزگاربوون لە رژێمی خاوەن ئەشکەنجە و لەسێدارەدان، “راپەڕین” و “خۆڕاگری”یە. خانمی رەجەوی وتیشی: بێکردەوەیی لە دژی دەسەڵاتێک، کە شەرمەزارییە بۆ مرۆڤایەتی هاوچەرخ، بە زەقی، بە پێچەوانەی بنەما ناسراو و گشتگیرەکانی مافەکانی مرۆڤە لە جیهاندا.
هەر رۆژێک کە تێدەپەڕێت، ئەم راستییە زیاتر و زیاتر دەنگ دەداتەوە کە “سەردەمی داواکردن لەم دەسەڵاتە، کۆتایی هاتووە” و ئەوەی کە دەبێ ببێت، “خەبات و تێکۆشانە بۆ رووخاندنی دیکتاتۆرییەت لە ئێران” و هیچ رێگەیەکی دیکە نەماوەتەوە!

عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish