Skip to Content

فرمێسكێ له‌ گوزه‌رگای مێژوودا … فره‌یدونی موشیری  و : نه‌ژاد عزیز سورمێ

فرمێسكێ له‌ گوزه‌رگای مێژوودا … فره‌یدونی موشیری و : نه‌ژاد عزیز سورمێ

Closed
by ئازار 1, 2019 General, Poems

له‌و ڕۆژه‌ی
ده‌ستی حه‌زره‌تی ( قابیل )
له‌ خوێنی حه‌زره‌تی ( هابیل )دا سوور بوو..
له‌و ڕۆژه‌وه‌ ، مناڵه‌كانی( ئاده‌م )
كاكڵی په‌یامی پڕ ئیمانی خوا
ژاری تاڵی دژمنایه‌تی له‌ خوێن جۆشاندن ،
گه‌رچی ( ئاده‌م )یش زیندوو بوو
ئاده‌مییه‌ت مرد .

له‌و ڕۆژه‌یدا ( یوسف )
به‌ ده‌ستی براكانییه‌وه‌ خرایه‌ بیر
له‌و ڕۆژه‌وه‌ی به‌ شه‌ق و خوێن
شوره‌ی (چین)یان دروست كرد
ئینسانیه‌ت مردبوو .
له‌ دوایشدا دونیا پڕ بوو له‌ مرۆڤ و
ئه‌و ئاشه‌ش هه‌ر گه‌ڕا و هه‌ر گه‌ڕا ..
چه‌ندان سه‌ده‌ به‌سه‌ر مه‌رگی(ئاده‌م) تێپه‌ڕی
به‌داخه‌وه‌
ئاده‌مییه‌ت نه‌گه‌ڕایه‌وه‌ ..

ئه‌م چاخه‌ی ئێمه‌
ڕۆژگاری مه‌رگی ئینسانیه‌ته‌
سنگی دونیا
له‌ چاكه‌كاری خاڵییه‌
باسكردنی :
ئازادی ، پاكی ، مروه‌ت شێتییه‌ !
باسكردنی
موسا ، عیسا ، محه‌مه‌د نابه‌جێیه‌
ئا ئه‌م چه‌رخه‌ی ئێمه‌
چاخی تیخێكی ئه‌ستوره‌ .

من له‌ سیس بوونی چڵێ گوڵ
له‌ نیگای كپی مناڵێ بیمار
له‌ هاواری مه‌لێكی ناو قه‌فه‌س
له‌ خه‌می مرۆڤێكی
له‌ زنجیردا سندم كراو
تا وه‌ختێ جه‌للاده‌كه‌ی لێی ده‌گه‌ڕێ
فرمێسك له‌ چاو و كینه‌م له‌ گه‌رودا ماوه‌
به‌ درێژایی ڕۆژگار ،
ژارم ده‌پیاڵه‌ دایه‌ و ژاری ماریش له‌ گۆزه‌
چۆن بڕوا به‌ مه‌رگی ئه‌و بكه‌م ؟

قسه‌ له‌سه‌ر سیس بوونی گه‌ڵایێ نییه‌
وای ئه‌وه‌ دارستانان ده‌كه‌نه‌ بیابان
ده‌ستی خوێنمژان
له‌به‌ر چاوی خه‌ڵكی ده‌شارنه‌وه‌
هیچ گیاندارێ به‌ گیاندارێكی دی ڕه‌وا نابینێ
ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌و نامه‌ردانه‌ ،
به‌ گیانی مرۆڤی ده‌كه‌ن ..

قسه‌ له‌سه‌ر سیس بوونی گه‌ڵایێ نییه‌
وای دابنێ
مه‌رگی مه‌لێكی ناو قه‌فه‌س
مه‌رگ نییه‌
وای دابنێ چڵه‌ گوڵێ له‌م جیهانه‌دا شین نه‌بووه‌
وای دابنێ له‌ ئه‌زه‌له‌وه‌
دارستانه‌كان بیابانی
وشك و برنگ بوون
له‌ ناو ئه‌و مرۆیانه‌ی ،
به‌رگه‌ی هه‌موو كاره‌ساتێكیان گرتووه‌
قسه‌ له‌سه‌ر مه‌رگی خۆشه‌ویستییه‌
مه‌رگی عه‌شق
گفتوگۆ له‌سه‌ر مه‌رگی ئینسانیه‌ته‌ .

  • فره‌یدونی موشیری یه‌كێكه‌ له‌ ئاڵاهه‌ڵگرانی شیعری نوێی فارسی .
    له‌‌ كتێبی( راهیان شعر امروز – داریوش شاهین – لاپه‌ڕه‌ 324 )
    چاپی تاران .
Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress