“ڕیفراندۆم هەر دەکرێت و ئەنجامەکەشی سەردەگرێت، بەڵام ئەوانەی لەگەڵیدا نین، خەجاڵەتیان بۆ دەمێنێتیەوە”
جیهاد محمەد …….
ئەم قسە پڕوپووچانە چییە، ئەم هەڕەشەو گوڕەشانە چییە! لێمان دەکەن. خاوەنی ئەم قسە پروپوچ و هەڕەشانە، پێش هەموو شت لە مانای ئازادی ناگەن، دەیانەوێت خۆیان و ئاغاکانیان چۆن بیرییان کردەوە، خەڵکیش بە هەمان شێوە بیربکاتەوە! ئەم قسە پڕوپوچانە وەک ئەوە وایە بوترێت، کە ئاغا قسەی فەرموو، هەرکەس نەیەژێ قوربان قسەی جەنابەتە، کافرە.
لە لایەکی تریش خاوەنی ئەم قسە پڕوپووچانە، جگە لەوەی لە ئازادی تێنەگەیشتوون، لە بیرکردنەوەی جیاوازیش تێنەگەیشتوون، دەیانەوێت کەس بیر نەکاتەوە، هەموو کەس مێشکی خۆی دابخات، لەبەرئەوەی جەنابی دیکتاتۆر بیریان بۆ دەکاتەوە.
خاوەنی ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە جگە لەوەی بیرکردنەوەیەکی فاشیانەیە، گوێی خۆشیان کەڕ و کاس کردووە، نایانەوێت لە جیاوازییە فکرییەکان تێبگەن، نایانەوێت لە حەقیقەتی یارییە گڵاوەکانی پشتی بانگهێشتکردن بۆ ڕیفراندۆم تێبگەن.
ڕیفراندۆم سەریش بکەوێت، دەوڵەتی کوردیش دروستبێت وەک خۆیان دەلێن (دەوڵەتی کوردی)، هیچ جیاوازیەکی نابێت لە دەوڵەتە فاشیی و دڕندەکانی نموونەی جارانی دەوڵەتە فاشییەکەی سەددام و دەوڵەتی کەمالیستەکان بە جارانی و ئێستاشیەوە، کە هەرچی نەشێت بە گەل و نەتەوەی کوردیان کرد، چونکە لەسەر دوو بنەما دروستدەبێت، یەکەم لەسەر بنەمای ڕەگەزپەرستی و نەژادپەرستی، دووەم، لەسەر بنەمای خێڵ و بنەماڵە، کە هەتا هەتایە دەبێت بنەماڵیەک دەستبەسەر سەروەت و سامانی وڵات و کولتوور و عەقڵی هەموو خەڵکی وڵاتەکەدا بگرێت.
ئێستا، ئەم منەورو عەقبقەریانەی دەوڵەتی کوردی، دەیانەوێت لەسەر بنەمای هەمان دەوڵەتی کەمالیستی و فاشییەکانی جارانی سەددام ڕێفراندۆم ئەنجامبدەن بۆ دەوڵەتی کوردی.
کە باشتر وابوو، ـ ئەگەر کاتی ئەم ڕیفراندۆم و بانگەشیە بوایە بۆ دەوڵەت ـ بۆ گەلێکی ستەمدیدە و زوڵم لێ کراو و دابەشکراو بەسەر چوار دەوڵەتی فاشیدا، کە سەد ساڵە لەسەر دەستی دەوڵەتە ڕەگەزپەرستو نەژادپەرستەکاندا دەچەوسێنرێتەوە، هەوڵبدرایە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی نیشتیمانی لەسەر بنەمای پاراستنی مافی هەموو ئەو تاکانەی کە لە چوارچێوەی وڵات و دەوڵەتی کوردستنادا دەژین، هیچ جیاکارییەک نەکرێت لە نێوانی تاکەکاندا بە هۆکاری جیاوازی زمان و ڕەنگی پێست و کولتوور و نەتەوەی جیاواز، بەڵکو هاوڵاتییبوون بنەمایەکی یاسایی بوایە بۆ هوموو تاکەکان و هەموو تاکێک کە لە چاوارچێوەی کوردستاندا بژی خاوەنی شکۆمەندی و ڕێز و ئازادی خۆی بێت، هیچ کولتوورێک بۆی نەبێت کولتوورە جیاوازەکان بتوێنێتەوە لە خۆیدا، بەڵکو فرەکولتوورخوازی دروستبێت لە نێوانیاندا.
کەی ئەوە لۆژیک و عەقڵە لە ئێستاوە کە دەوڵەتت نیە بیر لەوە بکەیەتەوە کە دەوڵەتێکی نەژادپەرستی دروستبکەیت.
جگە لەمانەش، ٢٦ساڵە گەلی کوردی کوردستانی عێراق، سەرەڕای زوڵم و جیاکارییەکانی حوکمڕانە شیعەگەراییەکەی ئێستای عێراق بەرامبەر بە کوردی عێراق، دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی لەوان خراپتر و زۆر زیاتر خەڵکی کوردستان دەچەوسێننەوە و دەڕوتێننەوە.
هەرچ تاک و کۆمەڵگە و گەلێک گوێی خۆی کەڕکرد لە ئاستی ئەزموونەکانی، سا ئەو ئەزموونە چاک یان خراپ بووبێت لە ژیانیدا، تاک و کۆمەڵگەیەک دەردەچێت کە ناتوانێت خۆی بپارێزێت و ژیانی بەختەوەر بۆ خۆی دروستبکات.
٢٦ ساڵە گەلی کوردی عێراق، لە لایەن ئەو حیزب و بنەماڵانەی ئێستا بانگهێشت دەکەن بۆ ڕێفراندۆم و سەربەخۆیی، ژیانیان لێ زەوتکراوە، دڵەڕاوکێیانە، دەترسن لە هەرچ پێشهاتێک کە بۆیان بێتە پێشەوە. هەر ئێستا لە ساییەی ڕیفراندۆمخوازە دەسەڵاتدارەکانی کوردستانەوە هەڕەشەی چەندین ملیار دۆرلا لە خەڵکی کوردستان دەکرێت کە دەبێت بیبژێرێتەوە بۆ کۆمپانیای دانا گاز. ئەم چ عەقڵ و لۆژیکێکە دەسەڵاتێک ٢٦ساڵە بەروبووم و داهاتی خەڵکی کوردستان دەدزێت و خۆی دەوڵەمەند دەکات لەسەر حسابی کوێرەوەری خەڵکی ڕەشوڕووت و لەگەڵ ئەوەشدا ئەم خەڵکە ڕەشوڕووتە بکەیت بە ژێر قەرزی دەیان ملیار دۆلارەوە و ئنجا بێیت تەپڵی ڕێفراندۆم و سەربەخۆیی لێ بدەیت.
جیهاد محمەد/ کوردستان