Skip to Content

لە دیدەنی عەزیز گەردیدا… حەیدەر عەبدوڵڵا

لە دیدەنی عەزیز گەردیدا… حەیدەر عەبدوڵڵا

Closed
by حوزه‌یران 7, 2022 General, Opinion

“ده‌مه‌وێت وشه‌ به‌ ته‌رازوو دابنێم!”

عەزیز گەردی بۆ كتێب ژیا و لەگەڵ كتێبیش سەری نایەوە. بۆ كۆكردنەوەی وشەی كوردی و بەكارهێنانیان لە وەرگێڕان و نووسیندا تەنیا بە فەرهەنگ و كوردیزانانی پێش خۆی دڵی دانەكەوتووە، بەڵكە گوند بە گوند گەڕاوە و گوێی بۆ پیرەژن و پیرمێردان گرتووە و هەرچی لە دەمیان بەربووەتەوە، لە كەشكۆڵەكەی بەردەستی تۆماری كردوون.
بەڵێ ئەكادیمی بوو، بەڵام خۆی لەنێو چوارچێوەیەكی بەرتەسكی سەرچاوەڕێژكراو قەتیس نەكرد، ڕقی لەوە بوو پیتی (دال) لەپێش ناوی خۆی بنووسرێت، هەر بۆیە لە هەموو كتێبەكانی هەر (عەزیز گەردی)یە.
ئەو، بەر لەوەی نووسەر بێت، خوێنەر بوو. بەر لەوەی زمانە بیانییەكان بزانێت، لە زمانی كوردی و شێوەزارەكانی قاڵبووەوە.
لە ساڵی 2015 سەردانم كرد، هەر ئەو دەم شتێكم لەسەر نووسی، بە كەمێك دەستكارییەوە لێردا دای دەنێمەوە:
له‌وه‌ته‌ی سه‌روكارم له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌دا په‌یدا كردووه‌، عه‌زیز گه‌ردی له‌ ڕێگه‌ی به‌رهه‌مه‌كانیه‌وه‌ ده‌ناسم. تاكه‌ وه‌رگێڕێك كه‌ ئێسته‌ هه‌موومان شانازیی پێوه‌ ده‌كه‌ین، به‌ وه‌رگێڕێكی مه‌زن و هه‌ڵكشاوی زمانی كوردی نێوزه‌دی ده‌كه‌ین، ڕۆژانه‌ به‌ شانوشه‌پێلكیدا هه‌ڵده‌ده‌ین، عه‌زیز گه‌ردییه‌.
ده‌مێكه‌ حه‌ز ده‌كه‌م بچمه‌ دیده‌نی، له‌ ده‌ریای ئه‌زموونه‌كانی سوود وه‌ربگرم و به‌ قسه‌ خۆشكه‌ڵه‌كانی خۆشباربم.
له‌م ڕۆژانه‌دا ئاره‌زووی دیداری ئه‌م زانا زمانزان و وەرگێڕە مەزنە، كه‌للـه‌ی گه‌رم كردمه‌وه‌، پێوه‌ندیم به‌ چه‌ند كه‌سێكه‌وه‌ كرد، كه‌ ئه‌م دیداره‌م بۆ ڕێك بخه‌ن، هه‌موو وتیان باشتر وایه‌‌ نه‌چیت، چونكێ ئه‌و نه‌خۆشه‌ و له‌وانه‌یه‌ ده‌رگه‌شتان لێ نه‌كاته‌وه! تەنانەت بەشێك لە هاوڕێیان دەترسان ژمارەشم بدەنێ، چونكە ئەو لە زۆربەی دۆستانی خۆی زیز بووە!
به‌م بڕوبیانوانه‌ دڵم ئاوی نه‌خوارده‌وه‌، هه‌ر سووربووم له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌بێ هه‌ر بیبینم. نیوه‌ڕۆیەك پێوه‌ندیم به‌ هێمن خوڕشیده‌وه‌ كرد و گوتم: بابڕۆین.
-بۆ كوێ؟
+ماڵی عه‌زیز گه‌ردی.

  • به‌ بێئیزن و هیچ پێشه‌كیيەك، شتی وا چۆن ده‌بێت؟
    +برا ئه‌گه‌ر دێیت، ده‌نا من به‌ ته‌نیا ده‌ڕۆم…عەزیز گەردی پێشەكی و مێشەكی ناوێ…
    -ده‌ی منیش دێم…
    رۆیشتین، له‌ ڕێگه‌ هه‌ر باسی كتێبه‌كانی (داغستانی من، لاوه‌چ ، قۆڵبڕ ، سه‌روا، درەختی چل داستان، زارا عەشقی شوان، ژیان و جەنگ و هیچی تر)مان ده‌كرد.
    دوای سۆراخ و پرسێكی زۆر، گه‌نجێگ ماڵه‌كه‌ی نیشانداین و هه‌ر خۆیشی له‌ ده‌رگه‌یدا… پیاوێكی پیر هاته ده‌ر‌، بۆی چووم و هه‌ر خێرا ئه‌ولا و ئه‌ملام ماچ كرد، ئاخر ناهه‌قم نه‌بوو، وامزانی عه‌زیز گه‌ردییه‌. گوتی: ببووره!‌ من برای ئه‌وم … ته‌زوویەكی سارد به‌ جه‌سته‌مدا هات. هێمن خوڕشیدیش له‌م لاوه‌ دەستی بە دەمەوە گرتبوو و بەپێكەنین لاربووبووەوە.
    به‌ هه‌مه‌حاڵ، گوتم: هاتووین بۆ لای مامۆستا عه‌زیز گه‌ردی.
    گوتی: به‌داخه‌وه‌! تازە ده‌رچوو … قەیرێك قسه‌مان له‌گه‌ڵ برایه‌كه‌ی كرد و
    به‌ دڵساردی گه‌ڕاینه‌وه‌.
    ڕۆژی 19/ 1/ 2015، دیسان به‌ هومێدی دیده‌نی، كه‌وتینه‌وه‌ ڕێ، خوا هه‌ڵناگرێت برایه‌كه‌ی كارئاسانیی زۆری بۆ كردین، ڕێك له‌به‌رده‌م ده‌رگا وه‌ستیان و مامۆستا عه‌زیز گه‌ردی ده‌رگای لێ كردینه‌وه‌، زۆر به‌ خه‌مباری پێشوازیی لێ كردین، گوتم: ببووره‌ مامۆستا كاتت ده‌گرین.
    گوتی: “كات هیچ به‌های نییه‌!”
    گوتم: ئاخر لای تۆ جوانترین به‌های وه‌رگرتووه.‌
    گوتی: ” له‌كنه‌ من له‌ هه‌مووشتێك پیستره‌!” یه‌كسه‌ر هاته‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ غه‌دری لێكراوه‌، ئه‌زیه‌تدراوه‌، خولاسه‌ به‌شێك له‌ ده‌رده‌دڵی خۆی بۆ هه‌ڵڕشتین.
    كتێبێكی به‌ ده‌سته‌وه‌ بوو، ته‌ماشام كرد كتێبی (ڕێبه‌ری كتێبسازه‌ كوژراوه‌كان) بوو.
    دۆشه‌كێكی له‌ ده‌ره‌وه‌ ڕاخستبوو، گوتی: “فه‌رموون دانیشن!” بینیم كتێبێكی دیكه‌شی له‌به‌ر ده‌ست بوو، لاپره‌یه‌كی سپی له‌نێو دانابوو، ئه‌ویش ڕۆمانی (ماڵی نانی) بوو.
    گوتم: چما تۆ كتێبی نوێبابه‌تیش ده‌خوێنیته‌وه‌؟
    گوتی: “حه‌ز ده‌كه‌م هه‌رچییه‌ك كه‌ ده‌رده‌چێت، بیخوێنمه‌وه‌، به‌س كوا پێ ڕاده‌گه‌م؟”
    بۆیه‌ ئه‌و پرسیاره‌م لێی كرد، چونكه‌ به‌شێك له‌ نووسه‌ره‌ كۆنه‌كان، كه‌ باسی به‌رهه‌می ئێسته‌ی نووسه‌رانیان بۆ ده‌كه‌یت، گرژ ده‌بن، دیاره‌ ئه‌وانیش ناهه‌ق نین، له‌ جیهانی نووسینی ئەمڕۆدا پاشاگه‌ردانییه‌كی زۆر هەیە، كه‌س به‌كه‌س نییه‌.
    مه‌جلیس گه‌رم بوو، به‌ره‌به‌ره‌ ڕه‌نگ و ڕوخساری ده‌گه‌شایه‌وه‌، ده‌ستی به‌ نوكته‌ و قسه‌ی خۆش كرد. زۆر به‌ڕێزه‌وه‌ ده‌دوا.
    گوتم: مامۆستا تۆ له‌نووسینه‌كانت وشه‌ی هاوواتا (مرادف) زۆر به‌ دوای یه‌كه‌وه‌ دەكاردێنی…
    گوتی: “ڕاستییه‌كه‌ی من ده‌مه‌وێت وشه‌ به‌ ته‌رازوو دابنێم، به‌ڵام ده‌شكرێ وام كرد بێت، به‌ڵام شێوازی ده‌قه‌ ئه‌سڵیه‌كه‌ زۆرجار شێوازی وه‌رگێڕانت پێ ده‌گۆڕێت.”
    هێمن خوڕشید گوتی: مامۆستا من ئه‌و تامه‌ی له‌ كتێبی (داغستانی من) كردم، نه‌متوانی ئه‌و چێژه‌ له‌ كتێبه‌كانی دیكه‌یت بكه‌م.
    گوتی: “یه‌ك خاڵی زۆر گرنگ هه‌یه‌، ڕاسته‌ من له‌و كتێبه‌دا زۆر خۆم ماندوو كردوو و وشه‌ی جوانم تێدا به‌كارهێنا‌، به‌ڵام من پێم وایه‌ بابه‌ت ده‌ور ده‌بینێ. تۆ ده‌بێ بۆ هه‌ر بابه‌تێك، زمانێك به‌كار بێنێ. له‌وانه‌یه‌ زمانی داغستان وای لێ كردبم به‌م شێوه‌ ناسكه‌ی تۆ ده‌یڵێیت وه‌ریبگێڕم.”
    له‌باره‌ی نووسینه‌وه‌ گوتی: “من پێش نه‌خۆشییه‌كه‌م، له‌ به‌یانییه‌وه‌ تاكوو ده‌مژمێر یه‌كی شه‌و ده‌منووسی، به‌ڵام ئێسته‌ بڕستم لێ بڕاوه‌.”
    گوتم: ڕاستییه‌كه‌ی تۆ شایا‌نی خه‌ڵاتێكی زۆر گه‌وره‌ی، ئه‌و خزمه‌ته‌ی تۆ كردووته‌ كه‌م نییه‌…
    به‌مه‌ نه‌ختێك ده‌موچاوی تێكناو و فه‌رمووی: ” بۆچی كاك حەیدەر! تۆ خه‌ڵاتت پێ هێنده‌ شتێكی گه‌وره‌یه‌؟ ئه‌وه‌ی هیچ نه‌بێ له‌ كوردستان خه‌ڵاته‌!
    كێن ئه‌وانه‌ی خه‌ڵات ده‌ده‌ن؟ بۆچی ده‌یده‌ن؟ ڕاستییەكەی خه‌ڵات ڕه‌تكردنه‌وه‌، زۆر له‌ خه‌ڵات وه‌رگرتن باشتره‌.”
    وێجا لایەكی لێ كردمه‌وه‌ و گوتی: “نابرا! تۆ به‌ هه‌ڵه‌ له‌ خه‌ڵات گه‌یشتوویت، به‌ ده‌یان جار ناوم بۆ خه‌ڵات زل هاتووەتەوە، ڕه‌تم كردووه‌ته‌وه‌…”
    بزەیەكی كرد و گوتی: ” تەنها یه‌كجار خه‌ڵاتێكی زۆر گه‌وره‌م وه‌رگت… با بۆت بگێرمه‌وه‌ چۆن بوو، له‌ چایه‌خانه‌ی مه‌چكۆ كابرایه‌ك گوتی:” ئیللا وبیللا ده‌بێ بچینه‌وه‌ ماڵه‌وه‌، دۆڵمه‌مان هه‌یه‌ ده‌بێت له‌گه‌ڵمان بخۆیت. منیش دڵم نه‌شكاند و له‌گه‌ڵی چووم… وه‌ختێك له‌ ماڵیان دانیشتم، كابرا بانگی كوڕه‌كه‌ی كرد و گوتی: كۆڕم وه‌ره‌ ئه‌وه‌ عه‌زیز گه‌ردییه‌!
    كوڕه‌كه‌ سه‌رێكی به‌ ژووردا گرت و گوتی: تخوا بابه‌ ئه‌وه‌ عه‌زیز گه‌ردییه‌! دواتر منداڵه‌كه‌ هات له‌گه‌ڵمان دانیشت، ناوه‌ناوه‌ سه‌ری خۆی خوارده‌كرده‌وه‌ و ده‌یگوت: تخوا بابه‌ ئه‌وه‌ عه‌زیز گه‌ردییه‌؟ تومه‌ز چیرۆكه‌كانی منی خوێندبوونه‌وه‌، یان بۆی خوێندرابوونه‌وه‌… ئه‌وه‌ باشترین خه‌ڵاته‌ كه‌ من لە دونیا وه‌رمگرتبێت.
    له‌سه‌ر زۆر بابه‌تی ئه‌ده‌بی قسه‌مان كرد… ئه‌و پێی وابوو كه‌سێك گه‌ر بیه‌وێت بنووسێت، ده‌بێ بازنه‌ی خوێندنه‌وه‌ی فراوان بكات، خۆی به‌ زلتر نه‌زانێت، ده‌نا باشتر وایه‌ واز له‌ نووسین بێنێت. ده‌یگوت ئاخر چۆن ده‌كرێ بنووسی و ئاگات له‌ نووسینه‌كانی هه‌ژار و هێمن و عه‌لائه‌دین و مه‌سعوود محه‌مه‌د و، مه‌لاشوكر …نه‌بێت.
    گه‌ردی كه‌سێكی خاكی بوو، به‌ شه‌ڕواڵه‌ تۆزاوییه‌كه‌ی هێنده‌ی تر خۆی له‌ دڵی ئێمه‌دا شیرین كرد. ژیانی ئه‌و جگه‌ له‌ كتێب هیچی تر نییه‌… ڕه‌نگی ڕووخساری زۆر له‌ ڕووپه‌لی كتێب ده‌چوو.
    گوتم كاتێك دیوانی حاجی قادری كۆیم بە شەرحی مسعوود محەمەد خوێندەوە، هەستم كرد لێكدانەوەی مەسعوود محەمەد لە شیعرەكانی حاجی بەنرخترن.
    گوتی: “منیش هەمان بۆچوونم هەیە و پێم وایە مەسعوود محەمەد زۆر بە ئاستێكی بەرز نووسیویەتی.”
    گه‌ردی زمانی عاره‌بی ، ئینگلیزی، فارسی ، فه‌ڕه‌نسی و ئیتاڵی ده‌زانی و پێیان وه‌رده‌گێڕێت… وێڕای ئه‌مانه‌ش، زمانی كوردی به‌ زۆربه‌ی شێوه‌زاره‌كانیه‌وه‌ ده‌زانێت.
    كاتی خۆی بۆ فێربوونی وشه‌ و زاراوه‌ی زیاتر، سه‌ردانی چه‌ندان گوندی كوردستانی كردووه‌، لەنێویاندا گوندی (شێخوەسانان) بووە، چونكە كه‌ گوتم خه‌ڵكی گوندی (شێخوه‌سانان)م، پێكه‌نی و گوتی: “كاتی خۆی چوومه‌ته‌ شێخوه‌سانان و له‌ وێ لای (حاجی لاس) زۆر دانیشتووم، زۆر شتی كۆنم لێ پرسیوه‌…” دواتر هێمین عومەر خۆشناویش ئەمەی پشتڕاست كردەوە و گوتی بە یەكەوە لە گوندان زۆر گەڕاوین.
    له‌ كۆتایییه‌كه‌ی ویستمان هه‌ستین، گوتی هێشتا دانیشن، دیاربوو مه‌جلیسه‌كه‌ی ئێمه‌ی زۆر پێ خۆش بوو… گوتی: به‌ دڵ خۆشم ویستن.
    ڕاستییه‌كه‌ی له‌زه‌تێكی خۆشم له‌ دیداری وه‌رگرت، ئه‌وه‌ی ویستم لێم پرسی. ده‌بێ كورد شانازیی به‌خۆیه‌وه‌ بكات، كه‌ كه‌سێكی هێنده‌ به‌ توانا و زانای وه‌ك عه‌زیز گه‌ردی هه‌یه‌.
    ڕۆژی 3/ 6/ 2022 لەگەڵ زیرەك كەمال لە نەخۆشخانە سەردانمان كرد و بۆ دووەم جار بە دیداری گەیشتمەوە، پەیتاپەیتا نووسەر و خوێنەران سەردانیان دەكرد، بەڵام وا دیاربوو دوا دیدار بوو، لە ڕۆژی 6/ 6/ 2022 بە یەكجاری بەجێی هێشتین.
    حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish