ره‌هه‌نده‌کانی ره‌خنه‌ی بونیاتگه‌ریی له گه‌شه‌سه‌ندنه‌وه به‌ره‌و لاوازبوون …. سۆران محه‌مه‌د
تیۆری ڕه‌خنه‌یی:
ره‌هه‌نده‌کانی ره‌خنه‌ی بونیاتگه‌ریی
Structuralism
له گه‌شه‌سه‌ندنه‌وه به‌ره‌و لاوازبوون..
سۆران محه‌مه‌د
بونیاتگه‌ریی ئه‌و بزووتنه‌وه فه‌لسه‌فی و زانستی و ئه‌ده‌بییه ره‌خنه‌ییه بوو له شه‌سته‌کانی سه‌ده‌ی رابردوودا له فه‌ره‌نسا دروست بوو، ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه درێژ ده‌بێته‌وه بۆ ناو زانستی مرۆڤ (ئه‌نترۆپۆلۆژی)و ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی و شیكاریی ده‌روونی و بیردۆزه مه‌عریفی و تیۆری مارکسیی و بونیاته زمانه‌وانییه‌کان …
له پێشڕه‌وانی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه: رۆلان بارت، جیرار جینیت، جۆن کۆهین، تۆدۆرۆف…
ره‌وتی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی بونیاتگه‌ریی ته‌ماشای هه‌ر کارێکی وێژه‌یی ده‌کات وه‌ك کۆمه‌ڵێك ره‌گه‌ز و یه‌که، و ده‌ستنیشانی به‌هاکه‌ی له ڕێگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانه‌وه ده‌بێت که هه‌ر ئاستێك له‌کاره‌که به ئاسته‌کانی تره‌وه ده‌به‌ستێته‌وه.
بونیاتگه‌ریی ته‌ماشای ده‌قه ئه‌ده‌بییه‌کان ده‌کات وه‌کو یه‌که‌یه‌کی زمانه‌وانی سه‌ربه‌خۆ، به جۆرێك هه‌ڵده‌ستێت به لێکدانه‌وه‌ی ده‌قه‌کان له ڕێی زاراوه‌و رسته‌و پێکهاته‌و خوازه‌و وێنه شیعریه‌کانه‌وه، له‌م ره‌خنه‌یه‌دا لایه‌نه مێژوویی و کۆمه‌ڵگاو ئایدۆلۆژیا‌و دانه‌رو…. به هێند ناگیرێت، له لایه‌کی تره‌وه هه‌ڵناستێت به بڕیاردان به‌سه‌ر کاری ئه‌ده‌بیدا به باشه‌و به خراپه، به‌ڵکو شیکاری بونیاتی ده‌ق ده‌کات له ڕێی خستنه‌رووی ره‌گه‌زه‌کان که ده‌ق پێکدێنن، به‌و مانایه‌ی ته‌ماشاکردنی زمانه‌که‌ی و چۆنییه‌تی بونیاتنانی رسته‌و ڕێکخستن و بیرۆکه‌کان، بۆیه ئه‌م ره‌خنه‌یه گ‌رنگی به کرۆکی کاری داهێنه‌رانه‌ی ئه‌ده‌بی ده‌دات.
واتا ته‌ماشکردن و بگره رۆچوون به نه‌خشه‌ی ناوه‌کی کاره ئه‌ده‌بییه‌کاندا، واتا به‌دواداچوونی ئه‌و ره‌گه‌زه سه‌ره‌کییانه‌ی هه‌ر ده‌قێك له خۆی ده‌گرێت، وه‌کو سیمبوڵ و ئاماژه‌کان، به جۆرێک هه‌ر ره‌گه‌زێك شوین ره‌گه‌زێکی تر ده‌که‌وێت.
رۆلان بارت که یه‌کێکه له دامه‌زرێنه‌رانی ئه‌م ره‌وته سه‌باره‌ت مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ده‌قی ئه‌ده‌بیدا ده‌ڵێت (ئه‌وه زمانه که ده‌ئاخفێت نه‌ك نووسه‌ر) بۆیه گرنگییه‌کی زیاد ده‌ده‌ن به زمان به‌وه‌ی بناغه‌ی کاری ئه‌ده‌بییه. ئاوهاش بونیاتگه‌ریی له‌سه‌ر دوو کۆڵه‌که‌ی سه‌ره‌کی بونیاتنرا. که ئه‌وانیش یه‌که‌م: ئه‌ده‌ب ده‌قێکی مادی پاڵفته‌یه‌و به‌سه‌ر خۆیدا داخراوه، دووه‌م: زمان ده‌ئاخفێت نه‌ك نووسه‌ر.
قوتابخانه‌ی فۆرمالیستی رووسه‌کان (1915-1930) کاریگه‌رییه‌کی زۆریان هه‌بوو به‌سه‌ر دامه‌زراندن و په‌ره‌دان به ره‌خنه‌ی بونیاتگه‌ریی، فۆرمالیسته‌کان هه‌وڵی گ‌رنگی خو‌ێندنه‌وه‌ی ده‌قه‌کانیان ده‌دا له ناوه‌وه، چونکه وێژه لای ئه‌وان داده‌نرێت به سیسته‌می زمان، که ئاماژه‌کان(سیمۆلۆژیا) له خۆ ده‌گرێت بۆ {ره‌نگردنی واقیع، نه‌ك وه‌ك ره‌نگدانه‌وه‌ی راقیع بێت}، بۆیه په‌یوه‌ندی ئه‌ده‌بیان پچڕی به ئایدۆلۆژیا و فه‌لسه‌فه‌و کۆمه‌ڵگاو مێژووه‌وه.
جاکوبسن که یه‌کێکه له کۆڵه‌که‌کانی فۆرمالیسته‌کان پێی وایه که : شیعر ده‌بێت رزگار بکرێت له هه‌موو ئاراسته ده‌ره‌کییه‌کانی وه‌ك فه‌لسه‌فی و هزریی وئاکاریی و… ته‌نانه‌ت وای ده‌بینێت کاری ئه‌ده‌بی : ناخی دانه‌ره‌که‌شی جێده‌هێڵێت و سه‌ربه‌خۆیی ته‌واو له خودی خۆیدا وه‌ده‌ستدێنیت.
ره‌خنه‌ی بونیاتگه‌ریی له‌وه‌دا کارێکی وه‌سفییه بۆ به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌کان؛ پشت به دوو هه‌نگاوی گرنگ ده‌به‌ستێت، یه‌که‌م: هه‌ڵوه‌شاندن و دووه‌میش بونیاتنانه‌وه، وه‌ك چۆن راسته‌وخۆ بایه‌خ به ناوه‌ڕۆك ناده‌ن ، به‌ڵکو گ‌رنگی و بایه‌خیان بۆ شێوه‌ی ناوه‌ڕۆکه‌کانه‌و هه‌روه‌ها بونیات و ره‌گه‌زه‌کانییه‌تی که ده‌بێته هۆی پێکهێنانی شێوازی ده‌ق، به له‌خۆگرتنی رووه‌کانی جیاوازی و وێکجوونه‌کانییه‌وه.
به‌مجۆره بونیاتگه‌ریی ئامانجی ئه‌وه‌یه سیسته‌می ده‌ق که‌شف بکات، به‌و مانایه‌ی بونیاتی سه‌ره‌کی ده‌ق ، بۆیه ره‌فزی ئه‌وه ده‌که‌ن ئه‌رکه‌که‌یان له‌وه‌دا چڕ بکه‌نه‌وه که ئه‌رکی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌ق باس بکه‌ن و له‌و خولگه‌یه‌دا بسوڕێنه‌وه. ئه‌مه‌ش وایان لێده‌کات بگه‌نه ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی که کرۆکی کاری وێژه‌یی شیکارییه نه‌ك ڕاستکردنه‌وه‌و گوتنی باشه‌و خراپه و بڕیاردان به‌سه‌ریدا، به‌ڵکو زیاتر کاریان له‌و خاڵه‌دا چڕ ده‌بێته‌وه که له چۆنیه‌تی پێکهاته‌ی کاری ئه‌ده‌بی بدوێن.
ئه‌و ئاستانه‌ش که ره‌خنه‌ی بونیاتگه‌ریی به مه‌یدانی کاری خۆی ده‌زانێت له هه‌ر ده‌قێکدا ئا له‌م خاڵانه پێکدێت:
1-ئاسته‌کانی ده‌نگ: لێکۆڵینه‌وه‌ی پیت و وشه‌کان و ره‌مزو پێکهاته مۆسیقیه‌کانه، له رووی سه‌رواو ده‌نگ و ئاوازه‌وه.
2-ئاسته‌کانی سینتاکس و گۆڕینی یه‌که ڕێزمانییه کان و کاریان له رووی پێکهاته‌ی زمانی و ئه‌ده‌بییه‌وه (زانستی صرف)
3-ئاسته‌کانی فه‌رهه‌نگی: لیکۆڵینه‌وه له‌سه‌ر وشه‌کان ده‌کات بۆ زانینی تایبه‌تمه‌ندییه هه‌سته‌کی و داماڵراو (ئه‌بستراکت) و زینده‌گیی و ئاستی شێوه‌کانیان، به‌و مانایه‌ی لێکۆڵینه‌وه له ده‌لاله‌تی وشه‌کانی ناو زمان.
4-ئاستی ڕێزمان (نه‌حو): دیراسه‌ی دانان و رێکسخستنی رسته‌کان و چۆنیه‌تی پێکهاتنیان ده‌کات و هه‌روا تایبه‌تمه‌ندییه ده‌لالی و ئیستاتیکییه‌کان، به‌و مانایه‌ی کار له‌سه‌ر به‌دواداچوونی دروستکردنی رسته‌کان ده‌کات، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئایا رسته‌ی ناوه، یان رسته‌ی فه‌رمانی ، یان کۆلکه ڕسته….هتد
5-ئاسته‌کانی گوتار: شیکاریی پێکهاته درێژه‌کانی رسته؛ بۆ زانینی تایبه‌تمه‌ندییه سه‌ره‌کی و لاوه‌کییه‌کان.
6-ئاسته‌کانی ئاماژه‌کان: سه‌رقاڵی شیکاریی مانا راسته‌وخۆو ناراسته‌وخۆکان و وێنه‌شیعرییه‌کان، که په‌یوه‌ندن به ڕێساکانی ده‌ره‌وه‌ی سنووری زمان، وه‌ك ئه‌وانه‌ی په‌یوه‌ندن به زانسته‌کانی ده‌روون و کۆمه‌ڵایه‌تی و کاریگه‌رییان له‌سه‌ر ئاسته‌کانی ئه‌ده‌ب و شیعر.
7-ئاسته‌کانی هێما(سیمبوڵ): له‌م ئاسته‌دا هه‌موو ئاسته‌کانی پێشوو کاری دالێکی نوێ ده‌بینن و که ده‌بێته هۆی به‌رهه‌مهێنانی مه‌دلولێکی ئه‌ده‌بی نوێ، ئه‌مه‌ش سه‌رده‌کێشێت بۆ مانایه‌کی نوێ یان مانای دووه‌م، ئه‌مه‌شه ناونراوه به (زمان له ما‌و زماندا).
هایدگه‌ر ده‌ڵێت: (وشه‌کان هیچ نین جگه له ره‌مز، نوێنه‌رایه‌تی دۆخی ده‌ره‌کی ده‌که‌ن، بۆیه نابێت له شیکاریی زمانی شیعردا به دوای هه‌ڵبژاردنی وشه‌و وێنه‌و و ئیقاعه‌کاندا بگه‌ڕێین، به‌ڵکو ده‌بێت له چۆنیه‌تییان بکۆڵینه‌وه به‌وه‌ی چۆن رۆڵ ده‌بینن و شته‌کان ده‌خه‌نه روو). لێره‌وه‌یه ئه‌و تێگه‌شتنه‌مان بۆ دروست ده‌بێت که شیکاریی بونیاتی ده‌ق دوو رووی هه‌یه؛ (شێوه‌ی ده‌نگ و شێوه‌ی ئاماژه‌کان)، شێوه‌ی ئاماژه‌کان بریتین له شێوه‌ی ماناکان و ده‌لاله‌ته‌کان، که ئه‌وانیش بونیاتی خۆیان هه‌یه. هه‌ندێکیش ئه‌و رایه‌یان هه‌یه که بونیاتی مانای شیعر له ناو کرۆکی وێنه‌کانه‌وه له دایك ده‌بن.
هه‌روه‌ها دوالیزمه‌کان چه‌قێکی بنه‌ڕه‌تی شیكاریی ره‌خنه‌ی بونیاتگه‌رین بۆ ده‌قه‌کان، به مه‌به‌ستی گه‌شتنه بونیاتێکی پته‌وی ده‌ق، چونکه ناتوانین بگه‌ینه حه‌قیقه‌تی ناسینی شته‌کان له ڕێی ناسینی تایبه‌تمه‌ندی سه‌ره‌کی شته‌کانه‌وه، به‌ڵکو ئه‌مه له ناسینه‌وه‌ی دژه‌کاندا دێته دی، به‌وه‌ی وشه ته‌نیا له خودی خۆیدا هه‌ڵگری مانا نییه، به ڵکو ماناکه‌ی له بوونی دژه‌که‌یدا ته‌واو دێته دی.
ئه‌مه‌ش بوو وای له سۆسێر کرد ته‌مشای زمان بکات وه‌ك ئه‌وه‌ی سیسته‌می جیاوازیه‌کانه، هه‌ر له‌م تێڕوانینه‌وه‌ش بونیاتگه‌ریی ده‌ستبه‌کار بوو، ئاوهاش ته‌ماشای گێتی ده‌که‌ن وه‌ك ( کۆمه‌ڵێك دوالیزم و تێهه‌ڵکێش و به‌رابه‌ر، که تۆڕی په‌یوه‌ندییه‌کان که‌شف ده‌کات، و پاشتریش پۆلێنیان ده‌کات بۆ دوالیزمه‌کان ).
لیڤی شتراوس له‌م رونگه‌یه‌وه بوو ته‌ماشای ئه‌فسانه‌کانی ده‌کرد وه‌ك دووانه‌ی دژ و ته‌واوکار له هه‌مان کاتدا، له‌م دیده‌وه‌یه بونیاتگه‌راکان شیكاری بونیاتی کاری ئه‌ده‌بی ده‌که‌ن به دابه‌ش کردنی بۆ یه‌که‌ی دوالیزمه‌کان، پاشتر بۆ دووانه هاودژ و هاویه‌که‌کان جیاده‌کرێنه‌وه له پێناوی هێنانه‌دی خوێندنه‌وه‌یه‌کی تازه‌دا.
بۆ روونکردنه‌وه‌ی زیاتر ده‌توانین نموونه‌ی دوالیزمه‌کان بهێنینه‌وه وه‌ك : داخراو و کراوه، وه‌ستاو و جوڵه‌دار، خود‌و بابه‌ت، ئه‌رێن و نه‌رێ، ژیان و مردن، واقیع و خه‌یاڵ…..هتد
ئه‌گه‌ر باس له کز بوونی ره‌وتی بونیاتگه‌ریی بکه‌ین ئه‌وا ده‌توانین بڵێین که بونیاتگه‌ریی له سه‌ره‌تای خۆپیشاندانه رادیکاله‌کانی قوتابیانی فه‌رنساوه ساڵی 1968 ورده ورده به‌ره‌و داکشان چوو، به هۆی ئه‌و ره‌خنانه‌ی رووبه‌رووی ده‌بووه‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی ناتوانین ته‌واو ده‌ق داببڕین له هه‌موو فاکته‌ره ده‌ره‌کییه‌کان و خودی نووسه‌ریش.
و لێره‌وه‌ش بونیاتگه‌راکان ده‌ستیان کرد به پێداجوونه‌وه‌ی بۆچوونه‌کانیان و له‌م ئاکامه‌شدا چه‌ند ره‌وتێکی تر به‌رپابوون وه‌ك: شێوه‌یی، سیمائی، هه‌ڵوه‌شانگه‌رایی، زمانییه‌کان که ئه‌مه‌ی داوایی داده‌نرێت به کۆڵه‌که‌ی سه‌ره‌کی هه‌ر یه‌ك له‌م جوڵانه‌وه ره‌خنه‌ییه ئه‌ده‌بیانه‌ی دوایی.
له‌سه‌ره‌تای حه‌فتاکانی سه‌ده‌ی رابردووه‌وه بونیتگه‌ریی به‌ره‌و داڕمان چوو، ئیتر ره‌وتی (دوای بونیاتگه‌ریی) له فه‌ره‌نسا جێی گرتوه، که هه‌ر رۆلان بارت و ژاك دریدا له پێشڕه‌وانی ئه‌م بزوونتنه‌وه‌یه‌ش بوون، ئیتر بارتیش له بۆچوونی وتوێژکردن له گ‌رنگی دانه‌ر له دانانی ده‌قه‌وه بازیهه‌ڵدا بۆ گ‌رنگی خوێنه‌ر له هێنانه‌دی مانای نوێ و بێ کۆتا، بارت له کتێبی (چێژی ده‌ق) 1975 وای داده‌نێت له غیابی نووسه‌ری ده‌قدا هه‌ڵه‌شه‌ییه‌کی بێ کۆتا دێته ئاراوه به‌ڵام چێژ به‌خش، ئه‌م چێژه‌ش له توانادارێتی ده‌قه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت بۆ یاریکردن به ماناکان و هێنانه دی مانای جیاوازتر، به‌ڵام ئه‌مه‌ش لێکدانه‌وه‌یه‌کی بێ سه‌ره‌وبه‌ره‌ی بێ کۆت و سنوور ناگه‌یه‌نێت، به‌ڵکو هه‌ڵوه‌شاندن و روخاندنه به‌مه‌به‌ستی دامه‌زراندنه‌وه‌یه‌کی نوێ و خوێندنه‌وه‌یه‌کی تر، لێره‌وه‌ش خوێنه‌ر هه‌ڵده‌ستێت به رۆڵی نووسینه‌وه‌ی ده‌ق، ده‌بێته به‌رهه‌مهێن نه‌ك به‌کاربه‌ری ده‌ق، ئه‌مه‌شه بنه‌ڕه‌تی ڕێبازی هه‌ڵوه‌شانگه‌رایی، که دریدا په‌ره‌ی پێدا.
به‌مجۆره له بیروڕای : مردنی دانه‌رو سیحری دال و دابڕانی ده‌ق له کارلێکه‌کان پاشگه‌زبوونه‌وه‌و جارێکی تر رۆڵیان پێدایه‌وه‌و به‌ڵکو لێکدانه‌وه‌و شیکاریه ده‌روونییه‌کانیشیان بۆ ئه‌ده‌ب زیاد کرد، له‌گه‌ڵ پێشچاوگرتنی بیردۆزه‌کانی وه‌رگر و خوێندنه‌وه‌و لێکدانه‌وه‌کاندا (هێرمۆنتیکا).
ئه‌مه له کاتێکدایه که له ڕاستیدا بونیاتگه‌ریی یه‌که‌م ڕێبازی ره‌خنه‌یی ئه‌ده‌بی نه‌بوو که له‌سه‌ر بنه‌مای بونیاتی زمان دامه‌زرابێت، له‌کاتێکدا قوتابخانه‌ی (هونه‌ر بۆ هونه‌ر) به پێشه‌وایه‌تی ئۆسکار وایڵدو کرۆتشه زۆر زووتر ئه‌مه‌یان راگه‌یاند به چڕکردنه‌وه‌ی بۆچوونه‌کانیان له گرنگیدان به ره‌هه‌نده‌کانی هونه‌ر له پێناوی هونه‌رێکی شایسته‌و بڵنددا.