Skip to Content

هەژانێکی تر.. د. هەژار مەعروف عوسمان

هەژانێکی تر.. د. هەژار مەعروف عوسمان

Closed
by شوبات 13, 2025 General, Opinion


کاتێک ژانە جۆروجۆرەکان بەردەوامن و ژانێک نین چاوەڕێی لەدایکبونێکی جوانتر و باڵاتر و گەشەکردوتری لێبکەین، بەڵکو ژانگەلێکن سەرچاوەکەیان ترس و بەردەوامیی ئەوەی ژیانی یەک بە یەکمان بە چەقین و مانەوە لە جێی خۆیشی نەوەستێ و هەنگاو بە هەنگاو بگەڕێینەوە بۆ دواوە، ئیتر هەژان و بزوتن و موچڕکە و گریان و هەڵچون و توڕەبون، بگرە بێزاری لە ژیان بە ناو دڵ و لولە خوێنەکانی تاکەکانی ئەم کۆمەڵەدا وەک لەرز و تای نەخۆشی بڵاودەبێتەوە. ئەو ژن و پیاوانەی بەم چلەی زستانە لە بناری شاخی گۆیژە ڕەشماڵی مانگرتنیان هەڵدا و دەستیان دایە مانگرتنی تەواو لە خۆراک ، ڕاستە سیازدە ژن و پیاو بون، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەوان نوێنەر و زمانحاڵی سەدان هەزار هاوڵاتیی ئەم هەرێمە بون و هەن، هەر بۆیە بینیمان و بیستمان و تێیدا ژیاین چۆن لە تەواوی چین و توێژەکانی ئەم کۆمەڵە بە هانای مانگران چون و پشتگیریی تەواوی خۆیان بۆ ڕەوایی مانگرتنەکەیان دەربڕی و لە هەمان کات دا نیگەرانیی خۆیان دەربڕی لە سەر ژیانیان چونکە بینیمان ئەو سیازدە ئینسانە ڕۆشنبیرە بە بڕوای تەواو بە ڕەوایی و ڕاستبونی چالاکییەکەیان نیازیان وابو هەتا لە هۆش خۆچون و گەیشتن بە کەناری مەرگ یا هەر بە مەرگی ڕاستەقینە خۆی بەردەوام بن لە سەرمانگرتنەکەیان. هەواڵی مانگرتنەکە تخوبەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕست و عەنتەریاتی ترامپ و نەتانیاهو و کاولستانی غەزەشی تێپەڕاند و بینیمان چۆن کرایە هەواڵ و باسێکی گرنگ لە ڕۆژنامەی (شرق الاوسط) ی لەندەنی و میدیا عێراقیەکان.
لە هەنگاوێکی ڕچەشکێنی بوێرانەدا چەند سەد چالاکوانێکی ئازا و ڕۆشنبیر و گیان لە سەر دەست لە گەڵ چەند پەرلەمانتارێکی نەوەی نوێ بە نیازی ئەوەی دەنگی ناڕازیی خەڵکی کوردستان و مانگرتوانی سلێمانی بگەیەننە بەردەم چەقی دەسەڵاتی کوردی لە هەولێری پایتەخت ، هێزە چەکدارەکانی پارتی لە گوندی دێگەڵە ڕێگریان لە خۆپیشاندەران کرد وکاتێک ئەمان توانیان سنورە بەد ناوەکەی بە خوێنی براکوژی سوری دێگەڵە بشکێنن و تێیپەڕێنن ، ئیتر نۆرە هاتە سەر گازی ژەهراوی و زۆر بێبەزەییانە دژی خۆپیشاندەران بەکارهێنرا و بوبە هۆی برینداربونی چەند کەسێکیان. من دڵنیام خۆپیشاندەران بگەیشتنایە هەولێر زۆر ئاشتیخوازانە و مەدەنیانە ڕەخنەی سیاسیی خۆیان لە دەسەڵاتی کوردی دەگرت و بە تایبەتی تەکەزیان دەکردە سەر شکستی ئابوریی ئەو دەسەڵاتە کە چۆن بوەتە هۆی دواخستنی موچە و سستیی بازاڕ و بێکاری و کۆچی بە کۆمەڵی گەنجان و کەڵەکەبونی ناڕەوای سەرمایەی بێشومار لە دەستی کەمینەیەکی کەمی سەربە دەسەڵات و نەداری و کەمداهاتیی زۆرینەی خەڵک. لوتکەکانی دەسەڵاتی پارتی بە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران هەڵەیەکی گەورەیان کرد و چانسێکی ناوازەیان لە کیس خۆیاندا، ئەوان ترس و باوەڕی پارانۆیای لەدەستدانی دەسەڵات توشی هستیریای کردن. بە بۆچونی من هەم مانگرتنەکە و هەم خوپیشاندانەکەی دێگەڵە دو چالاکیی مەدەنیی سەرکەوتو بون و دەچنە ناو گەنجینەی پڕبەهای ئەو سەدان خۆپیشاندن و چالاکیە مەدەنیە ئاشتیخوازانەی لە شوباتی ٢٠١١ وە درێژەیان هەیە و نانیشنەوە تا گۆڕینی بنەڕەتی لە سیستمی حوکم لە هەرێمی کوردستاندا.
چەند هەڵوێستێکی بوێرانە ودیموکراتیانە و بڕوابەخۆبوانە دەبو ئەگەر بەلای کەمەوە یەکێ لە سێ لوتکەکەی دەسەڵاتی ناو پارتی لە بازگەی دێگەڵە بە چەپکە گوڵی ڕەنگاوڕەنگەوە پێشوازیی لە خۆپیشاندەران بکردایە و پێکەوە بڕۆشتنایە بۆ ناوجەرگەی هەولێر، ئەوسا دێگەڵە لە پەڵە خوێنەکانی شەڕی براکوژی پاک دەبۆوە و بە جۆرێکی مێژویی ڕون و پاک و ئومێدبەخش دەگەڕایەوە ناو مێژوی گەلەکەمان! بەڵام من هەر واز لە گەشبینی ناهێنم و ئەو ڕۆژە هەر دەبینین!

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress