Skip to Content

هاوار- ئەزموون: خوێندنەوەیەكی دەروونی بۆ ئەحلام مەنسوور …* خەلیل سەلیم

هاوار- ئەزموون: خوێندنەوەیەكی دەروونی بۆ ئەحلام مەنسوور …* خەلیل سەلیم

Closed
by ئاب 7, 2017 Literature, Slider

پوختە:

ئەم بابەتە، خوێندنەوەیەكی دەروونییە لەبارەی پەڕتووكی ”هاوار”ی ئەحلام مەنسوور، كە خۆی لە چوارچێوەی سێ تێگەی دەروونییەوە دەبینێتەوە، كه‌ بریتیین لە: شێوازی ژیان، دەمامك و ئازادی ئەرێنی. لەم خوێندنەوەیدا سەرەتا هەوڵدراوە؛ تێگە دەروونییەكان بە شێوەیەكی تیۆریی باس بكرێن و لە دواتریشدا لە چوارچێوەی ئەم تێگانەوە، لەبارەی ئەم پەڕتووكەوە قسە بكرێت.

پێشەكی:

پەڕتووكی ”هاوار”، كە لە نووسینی چیرۆكنووس و ڕۆماننووسی كورد، ئەحلام مەنسوورە، لە ساڵی ٢٠٠٩، لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كتێبخانە گشتییەكان لە هەولێر، لە چاپ دراوە. ئەم پەڕتووكە بریتییە لە ٨٦ لاپەڕە، كە سەرتاپای بریتییە لە باسكردنی ئەزموونی خۆی. شایەنی ئاماژەبۆكردنە، باسكردنی نووسەر لە ئەزموونی خۆی، یاخود بڵاوكردنەوەی پەڕتوكێك لە چوارچێوەی ئەزموون، یەكەم كاری نووسەر نەبووە، به‌ڵكو پێشووتریش پەڕتووكی تری، لەمەڕ ئەزموونی خۆی لە چاپداوە، بەنێوی “گرەوی چاوەكانی ئەم -ئەزموو”، بەڵام ڕەنگە ئەم پەڕتووكە ٨٦ لاپەڕەیەی نووسەر، كە چوار ساڵ بەر لە مردنی نووسیویەتی، زیاتر جێگەی سەرەنجبێت، چونكە لە خوێندنەوەی ئەم پەڕتووكە ئەوە دەردەكەوێت، كە چۆن نووسەر هەوڵەكانی خۆی چڕكردووه‌تەوە سەر چەند بابەتێك لەمانەش: خۆشەویستیی، ئازادیی، تابۆكان و ژێردەستەیی و … تاد.
خوێندنەوە بۆ ئەم پەڕتووكه،‌ لە چوارچێوەی هەندێ ڕەهەندی دەروونیی خۆی دەبینێتەوە، كە نووسەر لەم پەڕتووكە ئەزموونەیەوە ئاماژەی بۆ دەكات. بۆیە لەم خوێندنەوەیەدا هەوڵ دەدرێت، لە چوارچێوەی چەند تێگەیەكی دەروونشیكارییەوە، كە هەریەك لەم تێگەیانە لە داهێنانی كەسایەتییەكی دیاری نێو بواری دەروونزانین؛ شرۆڤەیێك بۆ ئەم پەڕتووكە بكرێت. تێگەكانیش بریتیین لە: ”شێوازی ژیان، پێرسۆنا و ئازادی پۆزەتیڤ.”

١- شێوازی ژیان (Life Style):

ئەم تێگەیە، لە داهێنانی بیرمەندی بواری دەروونزانی ئەلفرێد ئادلەرە (١٨٧٠-١٩٤٧). دەتوانین بڵێین، كە ئەم تێگەیە لەناو كارەكانی ئادلەردا، شوێنێكی سەنتەریی گرتووە، چونكە ئادلەر گرینگییەكی زۆری بەم تێگەیە داوە و هەوڵی داوە، كە زۆرێك لە هزرە شیكارییەكانی خۆی لەبارەی كەسایەتی مرۆڤ لە ڕێگەیەوە بخاتە ڕوو.(1)
لە ڕوانگەی ئادلەرەوە، شێوازی ژیان بریتییە لەو شێوازە تایبەتەی، كە هەرتاكێك لە ئێمە دەیگرێتە بەر، بۆ ئەوەی گوزارشت لەخۆی بكات. سەرباری ئەوەش ئەو پێی وایە شێوازی ژیانی هەر تاكێك جیاوزە لەگەڵ یەكێكی تر، چونكە هەر تاكێك، هەڵگری شیوازێكی تایبەتە لە سیفات و تێگەیشتن لە كولتوور و دابونەریت. هەروەك چۆن فرۆید دروستبوونی كەسایەتی مرۆڤ، بە پێنج ساڵی یەكەمی تەمەنی منداڵییەوە گرێدەدات، ئادلەریش بەهەمان شێوە قۆناغی سەرەتایی لە ژیانی تاك، بە دروستكاری تەواوی شێوازی ژیانی كەسایەتییەكان دەستنیشان دەكات. بۆیەش پێی وایه،‌ كە شێوازی ژیان، وەك دەرەنجامی مامەڵەكردنی دایك/ باوك لە تەمەنی چوار تا پێنج ساڵی لە تەمەنی منداڵ فۆڕموولە دەبێت. لەگەڵ ئەمانەشدا، پێی وایە دوای جێگیربوونی (Fixing) شێوازی ژیان لەم قۆناغەدا – واتە قۆناغی منداڵی ٤-٥ ساڵی- ئیتر دەستكاریكردن و گۆڕینی شێوازی ژیان ئەگەر بە جێگیریش نەمێنێتەوە، ئەوا گۆڕینی زۆر سەخت دەبێت.(2)
ئادلەر پێی وایە، كە مرۆڤ لەكاتی مامەڵەكردنی لەگەڵ كەسانی تردا، ڕووبەڕووی چەند كێشەیەك لە ژیاندا دەبێتەوە، بۆیەش وەك دەرەنجامێك بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، تاك چوار شێوازی بنەڕەتی دەگرێتە بەر، ئەمانیش:
١- ویستی كۆنتڕۆڵكردن و خۆسەپاندن.
٢- ویستی پشتبەستن بەكەسانی تر.
٣- دوورەپەرێزیی.
٤- خواستراو لە ڕووی كۆمەڵایەتییەوە.(3)
ئەوەی مەبەست بێت لەم خوێندنەوەیەدا، خاڵی چوارەمە، كە نووسەر لەم پەڕتووكەدا، وەك شێوازێكی ژیانی خۆی گرتوویەتییە بەر، چونكە كەسایەتی خواستراو لە ڕووی كۆمەڵایەتییەوە جۆرێكە لە كەسایەتی، كە ویستی یارمەتیدانی كەسانی تری هەیە بەگوێرەی ئەوەی، كە كەسەكە دەیەوێت. شایەنی باسە شێوازی ژیانی هەر كەسێك تایبەتە بە خۆی. واتە ناكرێت بەراوردی بكەین بەكەسێكی تر.
بە خوێندنەوەی ئەم پەڕتووكە، شێوازی ژیانی نووسەر، وەك تابلۆیەكی نەخشێندراو خۆی پێشان دەدات، چونكە نووسینەكە‌ی ئەوەمان بۆ دەردەخات، كە نووسەر نە ویستی خۆسەپێنیی، نە خولیای دوورەپەرێزیی و پشتبەستنیشی بەكەسانی تر هەیە، به‌ڵكو دەیەوێت لە ڕێگەی نووسینەكانی نەهامەتییەكانی ژیانی كەسانی كۆمەڵگەكەی باس بكات و لە پەڕتووكێكدا هەوڵ و تێكۆشانەكانی بەرگریكردن لە ماف و ئازادی ئەواندا بخاتە ڕوو.
ئەم پەڕتووكە- هاوار- هەروەك چۆن ناوی هاوارە، هاوارێكیشە بۆ ئەو كەسانەی، كە بەهۆی یاسای كۆمەڵایەتی و دابونەریتەوە، ماكی گوناهیان گرتووە، تاوه‌ك ئەوان داڵدە بدات و پێنووسەكەی بكات بە قەڵغانی پاراستنیان. ”وا خەریكە دەبمە ژەنەڕالی ژان و گوناه و هەنگاوەكانیشم سەربەست، مەقەسی سەرەنجەكانم باڵای دوژمنەكانمە، تازە من و مەسیح بڕیاری خۆمان داوە، وەرن یەكە یەكە بەهەموو خراپی ڕووڕەشییەكەوە لەنێو دەریای بیبیلەی چاوەكانما مەلە بكەن، پاك ببنەوە، دەریای بیبیلەكانم وا خەریكن وەك ئەلوەن لافاو دەكەن… تاد”(4)
نووسەر لە چەند شوێنێك ئاماژە بەوە دەدات، كە پێنووس دەبێت لەخزمەت كۆمەڵ بێت و نابێت نووسەر ببێتە داردەستی كەسانی تر و بۆ بەرژەوەندی ماددی پێنووسەكەی بەكاربهێنێت.
”- نووسین بۆ گەل سوودی هەیە.
– نووسەر سامانی نەتەوایەتییە.
– هەڵوێست و شارستانییە.
– نووسەر گەواهی سەردەمی خۆیەتی.”(5)
سەرباری ئەمەش لە چوارچێوەی ئەم پەڕتووكەدا دەبینین، كە شێوازی ژیانی نووسەر هەمیشە كێشمەكێش بووە، لەگەڵ كەسانی چواردەوری، بەتایبەت دایكی؛ داوای ئەوەی لێدەكەن، كە پێویستە وەك ئەوە بێت، كە دابونەریت بۆی دیاریكردووە، بەڵام لەبەر ئەوەی، كە نووسەر شێوازی ژیانی تایبەت بەخۆی هەیە، هەرگیز ناچێتە ژێرباری ئەم یاسایانە و بە شێوەیەكی دژبەرەكانە، دەیەوێت بەردەوامی بدات بە ژیانی، تاوەك هەرچی یاسایەكی كۆمەڵایەتیی نەرێنی هەیە، بۆی نەبێتە تابۆ و هەمیشە هەوڵی شكاندنیان بدات. ئەگەر چی لە هەندێك شوێندا، تووشی نائومێدی دەبێت، بەڵام هەرگیز كۆڵنادات و بەردەوامی دەدات بە شێوازی خۆی. ”ئەی ئەوە نییە هەمیشە دایكم پێم دەڵێ وەك خەڵكی ڕەفتار بكەم، ناچاریشم دەكات ختۆكی بدەم.. دەڵێم:
– مەتەڵ لە باند نووسینم ناو دچدە ناو تاریخ.
بەقەد دوو هەزار كیلۆ مەتر جڕتێكم بۆ دەكێشێ و دەڵێ:
– باوك لە قنگ خۆد تاریخد بخۆد، خۆ شرین و فەرهاد نینوسید؟ …تاد”(6)
لەوە بۆمان دەردەكەوێت، كە شێوازی خواستراو، لە ڕووی كۆمەڵایەتییەوە، لە شێوازی ژیانی نووسەردا ڕەنگدەداتەوە، چونكە هەرچەندێك، كە دژ بە دابونەریتی كۆمەڵگە دەوەستێتەوە، بەڵام ئاواتی ئەوەیە، كە كۆمەڵگە لە ژیانێكی نەریتیی نەرێنییەوە بگۆڕێت بۆ ژیانێكی نەریتیی ئەرێنی.

٢- نائامادەیی پێرسۆنا (Persona):

پێرسۆنا، وشەیەكی لاتینییە و واتای دەمامك دەگەیەنێت. لەسەردەمی یۆنانییەكان، شانۆكارە یۆنانییەكان بۆ شاردنەوەی ڕووخساری خۆیان لەسەر شانۆ، بەكاریان دەهێنا، بەڵام لە دواتردا كارل گۆستاڤ یۆنگ ١٨٧٥ -١٩٦١ (Carl Gustav Jung)، ئەم تێگەیەی بۆ كارە دەروونشیكارییەكانی خۆی، بەكار هێنا.(7) یۆنگ بە سوودوەرگرتن لەم تێگەیە، هەوڵی ئەوە دەدات، شیكاریی بۆ ئەو كەسانە بكات، كە ڕووە ڕاستەقینەكەی خۆیانیان پێدەشارنەوە و بۆ ڕەفتاركردن لە كۆمەڵگەدا لەگەڵ كەسانی تر، خۆیان بە شێوەیەكی دی، دەربخەن. بە واتایەكی تر، ئەم تێگەیە واتای شاردنەوەی ڕاستییەتی خود و داپۆشینی بە هەندێ ڕەفتار و جووڵە، كە جێگەی ڕەزامەندی ئەو كەسانەبێت، كە ڕەفتاری لەگەڵدا دەكەن. ڕەفتارنواندنی دەمامك ئاسا، لە كاتی قۆناغی كامڵیدا دەبێتە بەشێكی گرینگ لە كەسایەتی دەروونی مرۆڤدا و لەگەڵیدا دەمێنێتەوە.(8) ئەوەی جێگەی سەرەنج بێت ئەوەیە، كە دەبینین نووسەر لەم پەڕتووكەدا، زۆر بە ڕاشكاوانە گوزارشت لە ڕەفتارەكانی خۆی دەكات و گوێ بەو ویستانە نادات، كە كۆمەڵگە و دابونەریت داوای لێدەكەن، بۆیەش لەم پەڕتووكەدا، نووسەر بە بێگوێدان بە دەمامك، ڕەفتاری خۆی پێشان دەدات.
لە كۆمەڵگەیەكدا، كە تەژی بێت لە نەریت و تابۆ؛ ئەستەمە مرۆڤ بتوانێت بە ئازادییەكی ڕەها ژیان بگوزەرێنێت. جا بۆ ئەوەی مرۆڤ بتوانێت گونجان لەگەڵ كۆمەڵگەدا دروست بكات، ناچارە بەوەی، كە دەمامكێك بپۆشێ تا ڕاستییەتی خۆی بشارێتەوە و بە شێوازێك ڕەنگداری بكات، كە كۆمەڵگە پێی ڕەوابێت. لێ سەرباری ئەوانەش نووسەر هەمیشە دەمامكی ڕەتكردووه‌تەوە. ”هەست و نەست و ئاگایی نائاگاییم تووشی نەزیفێكی سەیر هاتوون، بەهەر حاڵ فلیمێك بوو منیش ڕۆڵی ئەكتەرێكی سەیرم تێدا دەبینی، قەد دەمامكم لەڕووم نەكرد، بەڵام تۆی دەرهێنەر زۆر پۆدرە و سپیاوت بەكار دەهێنا، ماكیاجچییەكی سەیر بووی …تاد”(9)
لەگەڵ ئەمانەشدا، لەم پەڕتووكەدا دەبینین، كە نووسەر هەمیشە باس لە ڕاستییەتی خود دەكات و بەبێ پۆشینی دەمامكی خواستراوی كۆمەڵگە. بە سەرەنجدانی ئەم پەڕتووكە، ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە، كە دەمامكپۆشیی لە ژیانی نووسەردا، جێگەیەكی نەماوەتەوە. هەركات شتێك بەڕەوا بزانێت، بە ڕەواییش گۆی كردووە. هیچكات كۆمەڵگە نەیتووانیوە ناچاری بكات، كە ژیانی لە چوارچێوەی خواستی خۆیدا بۆی دیاری بكات، به‌ڵكو ئەو هەمیشە بۆ باسكردن و ڕەفتاركردن، خۆی بەبێ دەمامك دەرخستووە. ”لەم ژوورە زیندانەدا سەربەستم، بەندیخانەیەكی تاقە كەسییە و وێنەی ئەلبێر كامۆش لەسەر دیوارەكەیەتی، ئەلبێر كامۆش سەرەنج دەدا چۆن دەرپێكەم دادەكەنم لە لێوانییەوە ئەو ڕستەیە دەبارێ:
– تۆ بە بێهوودەیی دەرپێ دادەكەنیت، دەرپێكەی تۆ لە بەردەكەی سیزیف دەچێ، …تاد.”(10)
زیادەڕۆیی نییە، كە بڵێین: ئەم پەڕتووكە دەرخەری ژیانی كەسێكە، كە هیچ كات كۆمەڵگە بەسەریدا سەركەوتوو نەبووە، به‌ڵكو ئەو هەمیشە ئازادانە بەسەر خواستی كۆمەڵگەدا سەركەوتووە.

٣- تێكۆشان بۆ بەدەستهێنانی ئازادییەكی پۆزەتیڤ:

ئێریك فرۆم ١٩٠٠-١٩٨٠ (Eric From)، لە باسكردن بۆ بەدەستهێنانی ئازادیی لەلای مرۆڤدا، گریمانەی دوو جۆر لە ئازادیی دەكات، كە ئەمانیش بەدەستهێنانی ئازادیی نەرێنی و ئازادیی ئەرێنییە. فرۆم پێی وایە؛ مرۆڤەكان هەمیشە لە گەڕان بەدوای ئازادییدا، دوو ڕێگە دەگرنە بەر، كە یەكەمیان ئەوەیە؛ تاك لە پێناوی ئەوەی ئاسایش وەدەست بخات، خۆی ناچار بەوەدەكات، كە بوونی بسپێرێ بە كاری بەرهەمهێنان و یەكێتی خۆی لە گەڵ سروشت لەدەست بدات. ئەم جۆرە هەوڵدانەی تاك، بۆ بەدەستهێنانی ئاسایش، لە ڕوانگەی فرۆمەوە، بە ئازادییێكی نێگەتیڤ دادەنرێت، چونكە لەم دۆخەدا مرۆڤ بە شێوەیەكی ماسۆشییانە، لەپێناو وەدەستخستنی ئازادییدا، ژیان دەگوزەرێنێت.(11)
لەگەڵ ئەوەشدا فرۆم پێی وایە كاتێك، كە مرۆڤ توانی سەرلەنوێ پێوەندی لەگەڵ سروشتدا دروست بكاتەوە، بەبێ ئەوەی دەستبەرداری كەڕامەت و ئازادیی تاكەكەسی خۆی بێت، ئەوا ڕێگەیەكی گونجاوە بەرەو بەدەستهێنانی ئازادییەكی پۆزەتیڤ، چونكە تاك لەم جۆرەی ئازادییەدا، لە ڕێگەی كاركردن و خۆشەویستییەوە، دەتوانێت لەگەڵ كەسانی چواردەوریدا یەكبگرێتەوە و كەڕامەتی خۆی و ناسنامەی مرۆڤبوونی، لەدەست نەدات.(12)
وەك لە پێشووتردا ئاماژەمان بەوەدا، كە مرۆڤ بۆ بەدەستهێنانی ئازادیی، ناچارە دوو ڕێگە بگرێتە بەر، بەڵام ڕێگەیەكیان ئازادییەكە، كە تەنیا لە چوارچێوەی بەدەستهێنانی ئاسایشدا خۆی دەبینێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ دەستخستنی ئازادی ئەرێنی، لەدەسەتنەدانی ناسنامەی گەرەكە. لەوما ئەوەی جێگەی سەرەنج بێت لەم پەڕتووكە ئەوەیە؛ كە نووسەر ئەدای ئازادییەك دەكات، كە بە هیچ شێوەیەك كەڕامەت و مرۆڤبوونی خۆی لەدەست نادات، به‌ڵكو هەمیشە بۆ بەدەستهێنانی ئازادیی و ناسنامەی خۆی، پشتی كردووه‌تە سەرمایە و ماددە.
ئەم -ئەحلام- دەیەوێت ژیانێك بژیت، كە لە ڕێگەی كاركردن و ماندووبوونی خۆی بێت، نەوەك كەسێكی نامۆبێت و لەترسی لەدەستدانی ئاسایشی خۆی، ناچار بكرێت بە جۆرێك لە ژیان، كە مرۆڤبوونی خۆی پێلەدەست بدات. ”من هەمیشە فێرم ڕووبەڕووی مەینەتییەكان دەبمەوە، خۆمم نەدۆڕاند و … تاد”(13)
سەرباری ئەمەش، نووسەر بەوەش نەوەستاوە، به‌ڵكو بەشێوەیەكی زۆر ڕاشكاوانە، ڕەخنە لەو كەسانە دەگرێت، كە بۆ بەدەستهێنانی ماددە و ناوبانگ، ئازادیی خۆیان دەخەنە ژێر باری پرسیارەوە.
”ماركس دەڵێ:
– مرۆڤ بەرزترین سەرمایەیە.
فۆكۆش دەڵێ:
– مرۆڤ مرد.
منیش دەڵێم:
– ئەگەر خوێن نەوت بوایە، هەموو رۆژێ خۆی لە بازاڕی ڕەشدا دەفرۆشت.”(14)
لە سەرەتای پەڕتووكەكه‌وە تا كۆتایی، نووسەر هەمیشە ویستوویەتی ئازادییەك بژێت، كە نە خۆی بفرۆشێت و نە ببێت بە پاشكۆی كەس. تەنانەت كاتێك لەو پەڕتووكەدا، كۆتایی بە نووسینەكانی دەهێنێت، وەك ئەوەی وەبیرمان بێنێتەوە دەڵێت: ”من ئەحلام مەنسوورم، دیوارێكی ئەستوور لە نێوانماندا هەیە، ئەوە كوێرن، نامبینن؟ من هەمووتان دەبینم، خۆم نافرۆشم نا …”(15)

ئەنجام:

لە كۆتایی ئەم خوێندنەوەیەدا، دەگەین بە چەند ئەنجامێك، ئەمیش ئەوەیە؛ كە ئەم پەڕتووكە هەڵگری چەندڕەهەندێكی دەروونییە، كە لە كەسایەتی نووسەردا خۆی دەردەخات. هەروەها نووسەر شێوازێك لەژیانی هەڵبژاردووە، كە تایبەتە بە خودی خۆی و هەمیشە ئەو شێوازەی ژیانیشی، هەڵگری پەیامێكی هاوكاریی و مرۆڤدۆستییە. سەرباری ئەمەش، نووسەر هەمیشە ویستوویەتی بە ڕاشكاوانە بپەیڤێ و لە كۆمەڵگەدا؛ بە ڕاستگۆیی و بەبێ بەكارهێنانی هیچ دەمامكێك، كە ڕاستییەتی ئەو بشارێتەوە ڕەفتار بكات، به‌ڵكو هەمیشە خودی ڕاستەقینەی خۆی، پێشانی كۆمەڵگە داوە. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، نووسەر هەمیشە لە پێناو وەدەستخستنی ئازادیی، ڕێگه‌یەكی ڕاستی گرتووه‌تە بەر. ئەم – ئەحلام- نەیویستووە بۆ بەدەستهێنانی ئاسایش، ئازادی خۆی لەدەست بدات، به‌ڵكو لە ڕێگەی گەڕان بەدوای ئازادییدا، هەمیشە یەكێتیی و مرۆڤبوونی خۆی پاراستووە.

خەلیل سەلیم
زانستگه‌ی سۆران

———————————-
سەرچاوە و پەراوێزەكان

*ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ له‌ ژماره‌ (1)ی گۆڤاری “كه‌لێن” به‌هاری 2017، بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.

1- شاملۆ، سەعید، قوتابخانە و تیۆرەكانی دەروونزانی كەسایەتی، و. محمد، فرمێسك ڕزگار و عەلی، سیدۆ داود ، چ1، سلێمانی: گەنج، ٢٠١٠، ل. ١٣٨.
2- سنچولی، احمد و كیچی، زهرا، تحلیل شخصیتدمنه با تكیه بر نڤریۀ روانشناسی فردی ێ‌لفرد ێ‌دلر، ٢٠١٤، ژ: ٢٢٩، زبان و ادب فارسی (نشریۀ سابق دانشكدە ادبیات دانشگاه تبریز).
3- نباشری، محبوبە، نقد روان كاویە شخصیت در داستان پادشاه جهود و وزیر مپنوی معنوی بر اساس نڤریە الفرد ادلر، ماڵپەڕی ئەنجوومەنی فارسی، ٢٠١٧. www.anjomanfarsi.ir/pdf/pa8/1123.pdf (26/1/2017)
4- مەنسوور، ئەحلام، هاوار، هەولێر: ئاراس ، ٢٠٠٩، ل. ٥٤.
5- س. پ، ل. ٤٩-٥٠.
6- س. پ، ل. ٣٨.
7- گۆستاڤ یۆنگ، كارل، مرۆڤ و هێماكانی، و. ئاوات ئەحمەد، سلێمانی: سەردەم، ٢٠٠٥، چ1، ل. ١٧.
8- احمد عزیز، عزالدین، بنەماكانی دەروونزانی گشتی، هەولێر: چاپخانەی ڕۆژهەڵات، ٢٠١٠، چ1، ل. ١٩٣.
9- مەنسوور، ئەحلام، هاوار، ل. ٤٥.
10- س. پ، ل. ٦٠.
11- نوابخش، میهرداد و كەرەمی، ئەمین، مەعریفە و فرانكفۆرد، و. سۆران كەسنەزانی، هەڵەبجە: هەژار موكریانی، ٢٠١٢، ل. ١٣١.
12- فرۆم، ئێریك، هەڵهاتن لە ئازادی، و. هەژار جوانڕۆیی، سلێمانی: چاپخانەی گەنج، ٢٠٠٦، ل. ٢١١.
13- مەنسوور، ئەحلام، هاوار، ل. ٨١.
14- س. پ، ل. ٦٠.
15- س. پ، ل. ٨٦.

Previous
Next
Kurdish