Skip to Content

پێشەکییەک دەربارەی سەروین نانەکەلی و شیعرێکی.. نەوزاد بەندی

پێشەکییەک دەربارەی سەروین نانەکەلی و شیعرێکی.. نەوزاد بەندی

Closed
by ئاب 13, 2021 General, Literature


( ئەو تەنانەت بواری بەردەوامبوونی خوێندنی بۆ نەڕەخسا ..ئەو هەموو ژیانی کرد بە سپۆنسەری خێزانێکی هەڵڕژراوی بێ بەرنامە ..ئەو جوتیاریی ئەکرد ..مناڵی بەخێو ئەکرد ..شیعری ئەنووسی ..
پێم ووت : تۆ فروخی فروخزادی کوردیت ، کورد بوونەکەت لە فروخ زۆر خەمبارتری کردوویت ..
ئەیووت کە کەسێک دێتە داوام ، باوکم هەڵمەتی بۆ دێنێ ، لێی بدات ..
ئەو خێمەی خێزانێکی بێ بەرنامە بوو ..
ماندووبوونەکەی خۆی لە خۆیدا شیعرێکی قورسی وەک ئەلیادە و ئۆدێسە بوو …)

شیعرێکی سەروین نانەکەلی ، ئەو کچەی ماڵداری و جوتیاری و ماندوێتیی ، هەزارەها جار قەڵەمەکەیان شکاند ..دەفتەری شیعرەکانیان دڕی ..پێش کۆرۆنا بە عەیامێ دەرگای قوتابخانەکانیان بە ڕوودا داخست ..
ئەو کە زۆرترین پێکهاتەکانی ڕۆح و لاشەی فرمێسک بوو ..
ئەو کە سەردەمێکی دوورە ، وونە و ..تەنها سەدای شیعرەکانی ، وەک ئەستێرە کوژاوەکانی ناو گەردوون ، لە فەزایەکی دوورەوە ئەگاتە بەر گوێمان و ..وامان لێ ئەکا خێسە لەسەر زەمێنێ بکەین کە گەوهەر قوڕاوی ئەکا و ..تاجی شاهانە ئەکاتە سەری خۆڵ وشاک .. :

( …………)
ئایەتەکانی تەنهایی من ،
بەهاتنێک لەکەدار مەکە
کە لەپایدا ئەچیتەوە کۆڵانەکانی ئەو و
ئاوڕ بۆ شارەکەی من نادەیتەوە .
دەستی بێ کەسیم مەگوشە ،
من لەم زەمهەریرەدا
هەستەکانم بونەتە تەرم و
گەرمایی ئەم پەنجە ئاگرینانەی تۆ
ڕایان ناچڵەکێنێ.
مەیەرە نیشتیمانەکەی من
موقەدەسی ئەم خەڵوەتی خلودەم
لێ مەتۆرێنە ،
ئێستا سەربازێکی هێند شکاوم
لە مەیدانی ئەم جەنگە پڕ خیانەتە
ڕاوی ئەوینم بۆ ناکرێ .
سەد جار بسوتێی
ئاگرت کارم تێناکات ،
هەزار جار بمریت بۆم
مەرگت نام هەژێنێ .
کائینێکی دڵ ڕەق نەبووم ،
ڕەشەبا ووشکی کردمەوە
پەڕێکی ناسکی گوڵ بووم
خەزان لەعیشقی کردم
باوەشی پڕ لەمیهری منیان
بە مێخەک لەتەننافی دڵڕەقیان داکوتا
تازە .. من بۆنی یاسەمین مەستم ناکات ،
لانکی ئەوین ڕامناژەنێت.
کە من ،
هەموو ووجوم بوە خۆراکی ئەبەدیەتی عیشق ،
تۆ بەم نیگا سارد و سڕە
ئەم ئەوینە تەمەن کورتەم پێ مەفرۆشە.

سەروین نانەکەلی

Previous
Next
Kurdish