ڕانانێکی کورت لەسەر ڕۆمانی شاپەری و خەونە بەدی نەهاتووەکانی.. نووسینی: شێنی مشیر
ڕۆمانی (کەژاوەی بووکێنی شاپەری) ڕۆمانێکی ئێرانییە، لە نووسینی (رویا سیناپوور) و لە لایەن (کامیل محەمەد)ەوە، وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی، کە بەزمانێکی سادە و وردو و بێ گرێ کاری وەرگێڕانی بۆ کردووە و لە دوو توێی (٢٨٥) لاپەڕەدا و ساڵی(٢٠١٦) لەلایەن چاپخانەی چوارچرا چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
بێکەسی دەردێکی بێدەرمانە بەتایبەت ئەگەر کچ بیت و کەوتبیتە سەر شەقام و کەسێک نەبێت دەستی هاوکاریت بۆ درێژ بکات، مانەوەت بەسەلامەتی و ڕزگاربوونت لەدەست گورگە برسییەکانی کۆمەڵگە کارێکی نەکردەیە، کە یەخەی ئەو کچانە دەگرێن کە بەهۆی ناهەمواری سیاسی و کۆمەڵایەتی ڕووبەڕی بە شێک لە کچان دەبێتەوە.
لەم ڕۆمانەدا گرنگی خێزان و سایە و سێبەری دایک و باوک دەردەکەوێت، هاوکات هەبوونی سەقفێک کە لە ژێریدا بژیت و ژەمێکی کەم هەبێت کە سکت تێربکات ئاواتی زۆر کەسە کە شەو لەسەر شەقامەکان ڕۆژدەکەنەوە.
شاپەری ئەو کچە گوندییە جوانەی کە دایکی نییە و باوکی بەدەست نەخۆشییەوە دەناڵێنێت، کچێکی جوان، بەڵام بەهۆی سەختی ڕۆژگارەوە جوانترین ساتەکانی ژیانی لەدەست دەچێت.
بێکەسی و بێ دەرەتانی دوو دەردی گەورەی ژیانی شاپەرییەکەمانە. لەگەڵ ئەوەی لە جوانییا بێ هاوتایە بەڵام بەختی وەک شێوەی جوان نییە. شاپەری بەهۆی نەبوونییەوە ناتوانێت خەرجی نەخۆشییەکەی باوکی دابین بکات، بەڵام لەگەڵ بردنی باوکی بۆ نەخۆشخانە دکتۆرەکە عاشقی دەبێت.
شەهرام دەبێتە فریشتەی ڕزگارکەری و لە نەهامەتی و نەبوونی ڕزگاری دەکات.
بەڵام بەخت هەروا بۆ شاپەری پێناکەنێت و ئەو ڕۆژەی کە کەژاوەی بوکێنییەکەی بەڕێدەکرێت هاوسەرەکەی توشی ڕووداوی هاتووچۆ دەبێت، بەمەش سەرلەبەری خەونەکانی شاپەری کۆتاییان دێت، و بە ماوەیەکی کەم باوکیشی کۆچی دوایی دەکات.
کچە پاڵەوانەکەی ئێمە کاتێک بەهۆش خۆیی دێتەوە خۆی لە گۆشەی زینداندا دەبینێتەوە. بەدبەختی و نەهامەتییەکانی لە زینداندا و نەبوونی کەسێک کە هاوخەمت بێ و سەردانت بکات هێندەی تر ژیانی شاپەری سەختکردووە.
ڕۆمانەکە پڕە لەڕووداوی چاوەڕوان نەکراو، بەڵام ڕۆژگار هەروا نابێ و کچە پاڵەوانەکەی ئێمەش گرێی بەختی دەکرێتەوە.
لێرەدا ئەوەی گرنگە کە شەڕی چارەنووس ناکرێت، شتێک کە بەشی تۆ نەبێت هەرچەند بۆی بجەنگی خۆشبەختیت بۆ ناهێنێت. چەندین جار دەرگای بەختی شاپەری دەکرێتەوە، بەڵام بەهۆی ساویلکەیی و هەڵبژاردنی نادروستی دەکەوێتەوە ناو گێژاوی هەڵە و گیرو گرفتەکانی.
نووسینی: شێنی مشیر
