شه‌ش وێستگه‌ی ژیانم دوایین وتاری: جۆرج ته‌ڕابشی … و: ئاكۆ قادر حه‌مه
من كه له گه‌شتی كۆتایی ژیانمدام، و دوایی شه‌ش ده‌یه له هاوه‌ڵی پێنوس كه به باشترین هاوه‌ڵم دانابوو، له دوایی هاوسه‌رو منداڵه‌كانم، وا ده گه‌ڕێمه‌وه سه‌ر شه‌ش وێستگه له ژیانمدا كه ڕۆڵێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یان بینیوه له هه‌موو ئه‌و شتانه‌دا كه نوسیومه‌و له ئه‌و ئاراسته‌یه‌شدا كه پێم نوسیوه‌و هه‌تا له‌و بوارانه‌شدا كه وه‌رگێڕانم تێدا كردوه.
وێستگه‌ی یه‌كه‌م:
له خێزانێكی مه‌سیحیدا له دایك بووم، له سه‌ره‌تایی هه‌رزه‌كاریمدا زۆر به توندی ئایندار بووم، ئه‌ركه ئایینهیهكانم ئه‌وه‌نده به هه‌ستیاریه‌وه ئه‌نجامده‌دا هه‌تا برا چكۆلهكهشم گاڵته‌ی پێم ده‌كرد.
ڕۆژێكیان له قوتابخانه، له پۆلی دووه‌می ناوه‌ندی ئه‌وكاته بووبومه 14 ساڵ، له ناو وانه‌كاندا وانه‌یه‌كی ئایینی هه‌بوو كه كاهینێك ده‌یوته‌وه كه ناسرابوو به سروشت توندی، تا ئه‌و قۆناغه بیرۆكه‌یه‌كی ڕوونمان وه‌رگرتبوو ده‌رباره‌ی نه‌خشه‌ی گه‌ردوون و بازنه‌یی زه‌وی و خولگه‌كه‌ی و قه‌باره‌كه‌ی، له یه‌كێك له وانه‌كانی ئاییندا مامۆستای كاهین پێ ی وتین:” منداڵه‌كانم ئێستا ده‌زانن زه‌وی چی یه، هه‌روه‌ها ده‌زانن قه‌باره‌كه‌ی چه‌نده، ده‌مه‌وێت ئێستا ئه‌وه بێننه پێش چاوتان كه زه‌وییه‌ك هه‌یه ملیۆنێك جار له‌م زه‌ویه گه‌وره‌تره، وه ئه‌و زه‌وییه گه‌وره‌تره به ملیۆن جار له‌م زه‌ویه له ئاو‌و خاك پێك نه‌هاتوه به‌ڵكو له ئاسنی له پۆڵا توندتر پێكهاتوه، ئه‌و زه‌ویه ملیۆن جار گه‌وره‌تره له زه‌وی و له ئاسن توندتر پێكهاتوه، هه‌ر ملیۆن ساڵ جارێك باڵنده‌یه‌ك دێته سه‌ری باڵه‌كانی پێدا ده‌خشێنێت، به چه‌ند و به چه‌ند -ئه‌م وشه‌یه هه‌تا ئه‌مڕۆش له گوێم‌دا ده‌زرنگێته‌وه- چه‌ند ملیۆن ملیۆن ساڵی پێویسته ئه‌م باڵنده‌یه بتوانێت به باڵه‌كانی كه ملیۆن ساڵ جارێك به‌و زه‌ویه ملیۆن جار گه‌وره‌تره له زه‌ویدا دهیخشێنێت ده‌توانێت ئه‌و زه‌ویه بسڕێته‌وه(نهیهێلێت)؟ ئه‌و زه‌ویه نامێنێت به‌ڵام سزای ئێوه له دۆزه‌خدا ده‌مێنێت ئه‌گه‌ر به گوناهه‌وه بمرن.
ئه‌م ئاگاداركردنه‌وه ژمێریاریه توشی له‌رزی كردم. –هه‌موو ڕه‌هه‌نده‌كانی تێگه‌شتم ئه‌وكاته منداڵێكی زیره‌ك بووم- له قوتابخانه‌كه هاتمه‌ده‌ره‌وه و له ڕێگادا سه‌رم باده‌دا. قوتابخانه‌كه له گه‌ڕه‌كێكی كۆن و خه‌مناك بوو، بۆنی شوێنه داخراوه‌كانی لێ ده‌هات، له دووری 200 مه‌تر له ده‌روازه‌یه‌كی ته‌نگه‌به‌ردا كه له شه‌ودا به ده‌رگایه‌كی ئاسنین كڵۆم ده‌درا، له‌و ده‌روازه‌یه‌وه ده‌چویته سه‌ر گه‌ڕه‌كێكی پان و كراوه كه لێیه‌وه یه‌كه‌م شت ده‌تبینی باڵه‌خانه‌یه‌كی تا ئاستێك تازه‌بوو كه له نهۆمی دووهههمیدا خێزانێكی ئیتاڵی ده‌ژیان، كه سێ كچی گه‌لێك جوانیان هه‌بوو، زۆرجار ده‌ماندیتن له “باڵكۆنهكهیاندا” داده‌نیشتن به‌شێوه‌یه‌ك كه له هه‌موو لایه‌كی شه‌قامه‌كه‌وه بۆ بینین واڵا بوو. ئه‌و ئێواره‌یه هه‌ر كه ته‌ماشام كردن به په‌له نیگام له سه‌ریان لابرد‌و چاوم داخست، بۆ؟ لێره‌دا ده‌بێت بگه‌ڕێمه‌وه بۆ ئه‌و مه‌سیحیه‌ته‌ی كه له ناویدا له دایك بووم و بنهماڵهكهشم له سه‌ر ئه‌وه په‌روه‌رده‌یان كردبوم.
له مه‌سیحیه‌تدا ده‌وترێت كه گوناه سێ كوچكهییه: گوناه له كرده‌وه‌دا، گوناه له گوتندا، گوناه له بیركردنه‌وه‌دا، هه‌تا ئه‌م گوناهه‌ی سێ یه‌م ده‌كرێت گوناهێكی كوشنده بێت، و سزاكه‌شی به پێ ی لاهوتی مه‌سیحی چونه دۆزه‌خ بێت بۆ هه‌تا هه‌تایه، ئه‌گه‌ر له باره‌ی سێكسه‌وه بێت به پێ ی ئه‌و وه‌سیه‌ته‌ی كه ده‌ڵێت: “ئیشتیهای ئافره‌تی كه‌س مه‌كه”. به‌و پێ یه‌ی هه‌موو ئافره‌تێك ئه‌گه‌ر هاوسه‌ری شه‌رعیت نه‌بوو ئافره‌تی ئه‌وی تره، كه‌واته، ئاره‌زوی سێكسی خۆی ده‌بێته هۆی گوناهێكی كوشنده كه خودا له مرۆڤی نابورێت وه له سزای دۆزه‌خی ڕزگار ناكات ئه‌گه‌ر له به‌رده‌م كاهینێكدا دانی پێدا نه‌نێت. ئه‌م كاهینهش له‌م وانه ئاینیه‌دا جه‌ختی له سه‌ر گوناهی بیركردنه‌وه بوو، چونكه ده‌یزانی كه بواری بیركردنه‌وه‌ی هه‌رزه‌كاران له قۆناغی هه‌رزه‌كاریدا هه‌ر له سه‌ر سێكسه. به‌مشێوه‌یه كه له ده‌روازه ته‌نگه‌به‌ره‌كه‌ی قوتابخانه‌كه‌وه ده‌رچووم به‌ره‌وه ئه‌و شه‌قامه فراوانه‌ی كه كراوه‌بوو به سه‌ر باڵكۆنی سێ كچه هه‌رزه‌كاره ئیتاڵیهكهدا، من دابه‌شبووم به‌سه‌ر ئاره‌زووی ته‌ماشاكردنیان و ترس له سزای هه‌تا هه‌تایی ئاگری دۆزه‌خ به‌و شێوه ترسناكه‌ی كه مامۆستا كاهینهكهمان بۆی وێنا كردبویین له ڕێگای نمونه‌ی باڵندهكهو زه‌وییه ئاسنینه ملیۆن جار گه‌وره‌تره‌كه له زه‌وی. به‌مشێوه‌یه ته‌نها به‌وه‌وه نه‌وه‌ستام كه چاوم داخه‌م، به‌ڵكو به‌و ڕێگایه‌دا به‌ره‌و ماڵه‌وه ده‌ڕۆشتم، هه‌وڵم ده‌دا وێنه‌ی سێ ئیتاڵیه‌كه له خه‌یاڵم ده‌ركه‌م و هه‌موو ترسم له‌وه بوو به رێكه‌وت له‌و باڵكۆنانهوه ئینجانه‌یه‌ك له‌و ئینجانه گوڵانه‌ی كه نه‌ریتێكی خه‌ڵكی شاره‌كه‌م “حه‌له‌ب” بوو كه باڵكۆنهكانیان پێ ده‌ڕازانده‌وه بكه‌وێت به‌سه‌رمداو بمرم و من له باری گوناهێكی كوشندهدابم. گه‌شتمه ماڵه‌وه و له بارێكی تائاستێك شێواودا بووم و وڕێنه‌م ده‌كرد و تایه‌كی ڕاسته‌قینه لێ ی دام و دوو ڕۆژ له جێگادا خستمی، كاتێك به‌ئاگا هاتمه‌وه یه‌كه‌م په‌رچه‌كردارم ئه‌وه بوو كه به خۆمم ووت: نا، ئه‌و خودایه‌ی كه ئه‌و كاهینه بۆی باسكردم ناكرێت هه‌بێت و ناكرێت تا ئه‌و ئاسته سته‌مكار بێت، له‌و ڕۆژه‌وه له‌وه كه‌وتم مه‌سیحی بم.
وێستگه‌ی دووه‌م :
كه ئاراسته‌ی كۆتایی ژیانی دیاریكردم، جگه له چیرۆكی وازهێنانم له مه‌سیحیه‌ت، ئه‌و كاته‌بوو كه له قۆناغی ئامادهییمدا ده‌چوومه قوتابخانه‌یه‌كی فه‌رمی سه‌ر به ده‌وڵه‌ت، ئه‌وه‌ی له یادم بێت ساڵی 1955 بوو. ئه‌ویش دوایی ڕوخانی ژه‌نه‌راڵی سه‌ربازی ئه‌دیب ئهلشیشكلی ده‌سه‌ڵاتداری دیكتاتۆری سوریا بوو، كه هاوپه‌یمانی نێوان حزبی به‌عس و حزبی شیوعی و ئیخوان موسلمین ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی ڕوخاند، كاتێك گفتوگۆیان له نێوان خۆیاندا كردوه، له ئیخوان موسلمینیان پرسیوه: چیتان ده‌وێت؟ چ وزارهتێك؟ ووتیان: ئێمه وزارهتمان ناوێت، ئێمه یه‌ك داواكاریمان هه‌یه ئه‌ویش دانانی وانه‌ی فێركردنی ئایینیه له قوتابخانه ئاماده‌ییه‌كاندا. فێركردنی ئایینی له قۆناغی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندیدا ڕێگاپێدراو بوو به‌ڵكو سه‌پێنرا بوو. به‌ڵام له قۆناغی ئاماده‌ییدا وانه‌كانی زانستی ئه‌خلاق و په‌روه‌رده‌ی نیشتیمانی ده‌خوێنرا و وانه‌ی فێركردنی ئایینی تێدا نه‌بوو. به‌مشێوه‌یه بڕیاردرا به زیادكردنی وانه‌ی ئایینی بۆ قۆناغی ئاماده‌یش، منیش له‌و ساڵه‌دا چومه ئاماده‌یی.
ئه‌و ڕۆژانه‌ی كه پێم وترا وانه‌ی ئایینی هه‌یه، به هاوڕێكانم ووت، ئه‌و كات خه‌ریك بوو به‌ره‌و ئه‌وه ده‌چوو ببم كادرێكی سۆشیالیستی ناو “حزبی به‌عس”، وتم: ده‌مه‌وێت بچمه وانه‌ی ئایینیه‌وه تا زیاتر فێربم، چونكه پێشتر له قوتابخانه‌دا ته‌نها وانه‌ی په‌روه‌ره‌ی مه‌سیحیم وه‌رگرتبوو، به‌ڵام ئێستا ده‌مه‌وێت زیاتر ده‌رباره‌ی ئیسلام بزانم كه ئایینی زۆرینه‌ی سوریهكانه، چوومه وانه‌كه‌وه، مامۆستاكه شێخێكی باڵا به‌رز بوو، تا ئێستاش ڕه‌نگی دیزداشه خۆلهمێشیه ڕازاوهكهییم له یاده، پێشتر به ته‌باشیر له سه‌ر سهبورهكه نوسیبووی: “هه‌ركه‌س موسڵمان نه‌بێت دوژمنی ئیسلامه”، ئه‌مه بابه‌تی وانه‌كه بوو. ئه‌مه‌ی شیدهكردهوهو شیده‌كرده‌وه و هاوپۆلهكانیشم له‌منیان ده‌ڕوانی، هه‌مویان به وریاییه‌وه تێ‌یان ده‌ڕوانیم تا په‌رچه‌كرداری من ببینن، نیوه‌ی كاتی وانه‌كه ته‌واو بوو منیش هه‌ر گوێم له وانه‌كه ده‌گرت، پاشان شێخ گووتی: ئێستا ده‌رگای گفتوگۆ ده‌كه‌یینه‌وه. منیش یه‌كسه‌ر ده‌ستم به‌رزكرده‌وه، وتی: فه‌رموو، ناوت چییه؟ به جه‌ختكردن له ناوه‌كه‌م وتم: ناوم: “جۆرج ته‌ڕابشی” یه، وه‌ك ئاشكرایه جۆرج ناوێكه جگه له مه‌سیحیه‌كان كه‌س به‌كاری ناهێنێت، په‌شۆكاوو دڵۆپه‌ی ئاره‌ق له نێوچه‌وانیه‌وه ده‌رچوو، درێژه‌م دایه و گوتم: مامۆستا من موسڵمان نیم، من به بنه‌چه مه‌سیحیم، ئایا من دوژمنی تۆم؟
وتی: په‌نا به‌خوا، كێ ئه‌مه‌ی ووتوه؟ چۆن وا ده‌ڵێیت؟
پێم وت: مامۆستا وا 30 خوله‌كه تۆ ده‌ڵێیت ئه‌وه‌ی موسڵمان نه‌بێت دوژمنی ئیسلامه، ئایا من دوژمنی تۆم؟ ئیدی مامۆستاكه هه‌ڵه‌كه‌ی خۆی بۆ ده‌ركه‌وت، و وتی: نا نا مه‌سیحیه‌كان ئه‌هلی كتابن، ئه‌و پرسیاره‌ی له لای من دروست بوو ئه‌وه بوو كه بۆچی نه‌یزانی و هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ئه‌و هه‌ڵاوێرده‌ی بۆ ئه‌هلی كتاب نه‌كرد؟ به‌ڵام هه‌تا ئه‌گه‌ر پرسیاریشم لێ نه‌كردایه ئایا هه‌ر كه‌سێك موسڵمان نه‌بێت ده‌بێت به دوژمنی ئیسلام؟ ده‌بوو ئه‌و كات ئه‌و پرسیاره‌شم لێ بكردایه: هه‌تا ئه‌گه‌ر له ئه‌هلی كتابیش نه‌بم ئایا من دوژمنی تۆم؟ به‌ڵام خۆم گرت.
له‌و ساته‌وه تێ گه‌شتم كه ئه‌ركێكی گه‌وره له كۆمه‌ڵگاكانماندا چاوه‌ڕێمانه و پرسه‌كه ته‌نها نه گۆڕینی سیاسه‌ته و نه گۆڕینی وزاره‌ت، به‌ڵكو یه‌كه‌م ئه‌رك و پێ ده‌چێت دوا ئه‌ركیش هه‌ر پرسی گۆڕین بێت له بواری بیركردنه‌وه‌دا، به‌ڕێكه‌وت له دواییدا وا هه‌ڵكه‌وت كاتێك بووم به مامۆستا، ڕۆژی كردنه‌وه‌ی وه‌رزی تازه‌ی خوێندن، چاومكهوت به هه‌مان مامۆستا له هۆڵی مامۆستایان ئه‌و هه‌ر مامۆستای په‌روه‌رده‌ی ئایین بوو له‌و قوتابخانه‌یه‌دا كه من به مامۆستای زمانی عه‌ره‌بی تێیدا دامه‌زرام، به په‌له له كۆرسیهكهی هه‌ستا و به‌ره‌و ڕووم هات له ئامێزی گرتم و وتی: ببوره مامۆستا، هه‌ڵه‌یه‌ك بوو له ژیانمدا كردم هه‌رگیز دووباره‌ی ناكه‌مه‌وه.
وێستگه‌ی سێ یه‌م:
له ژیانمدا ڕووبه‌ڕووی ڕوداوێكی هاوشێوه بوومه‌وه، به‌ڵام ئه‌مجاره له گه‌ڵ هاوڕێ حزبیه مهسیحیهكانمدا. ئه‌و ڕووداوه گۆڕانێكی قولێ له ناخمدا و له هۆشیاریمدا دروست كرد و بوو به هۆیه‌كی سه‌ره‌كی له‌وه‌ی بووم به نوسه‌ر له به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ستم كرد نوسین تاكه ڕێگایه كه بتوانم بیگرمه به‌ر بۆ گۆڕینی هزری له كۆمه‌ڵگادا. ڕووداوه‌كه‌ش به‌مشێوه بوو: وه‌ك نه‌یارێكی ده‌سه‌ڵاتی حزبی به‌عس خرامه زیندانه‌وه. پێشتر ئینتیمام بۆ حزبی به‌عس هه‌بوو پێش ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات بگرێته ده‌ست، پاش ساڵێك له هاتنه سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی حزبی به‌عس وازم له‌و حزبه هێنا به‌هۆی ناكۆكی سیاسی و ئایدۆلۆجیم له گه‌ڵیاندا كه لێره‌دا ده‌رفه‌تی چونه ناو وردهكاریهكانیمان نیه. پاش ئه‌وه‌ی وازم له‌و حزبه هێناو بووم به ئۆپۆزیسیۆن خرامه زیندانه‌وه. له زیندان ژماره‌یه‌ك به‌عسی زیندانیكراو هه‌بوون كه سه‌ر به ئاراسته‌ی ڕاست ڕه‌و بوون كه پێچه‌وانه‌ی ئاراسته‌ی ده‌سه‌ڵات و پێچه‌وانه‌ی ئاراسته‌ی چه‌پیش بوو كه من ئینتیمام هه‌بوو بۆی دوای ئه‌وه‌ی حزب به‌سه‌ر باڵی جیاوازدا دابه‌شبوو، زۆرینه‌ی ئه‌وانه خه‌ڵكی جه‌به‌ل حۆران بوون له سوریا كه زۆرینه‌ی دانیشتوانی ئه‌و ناوچه‌یه هه‌ر له سه‌رده‌می غهساسنهكان و دوای ئه‌وانیشه‌وه هه‌ر مه‌سیحی بوون. له زیندان پێنج یان شه‌ش له‌و به‌عسیه مه‌سیحیانه له ژوورێكی بهكۆمهلدا پێكه‌وه بووین كه ده‌یه‌ها زیندانیكراوی له خۆده‌گرت. ئه‌وكات ژیانی هاوسه‌ریم له گه‌ڵ خانمی نوسه‌ر “هنرییت عه‌بودی” پێكهێنابوو، یه‌كه‌م منداڵم لێ ی هه‌بوو كه ته‌مه‌نی ساڵێك یان دوان ده‌بوو، بیرم نه‌ماوه. له زینداندا بووم و ته‌نها بیرم له ژنه‌كه‌م و له‌و منداڵه ده‌كرده‌وه كه لای ئه‌و جێم هێشتبوو، نازانم چۆن باس هاته سه‌ر باسی شه‌ره‌فی سێكسی كه پێویسته ئه‌و ئافره‌ته بكوژرێت كه په‌یوه‌ندییه‌كی سێكسی ناشه‌رعی ده‌به‌ستێت ئه‌گه‌ر موسڵمان بێت یان مه‌سیحی، وه وا باشتریشه كه له لایه‌ن براكه‌یه‌وه سه‌رببردرێت له پێناوی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی شه‌ره‌فی لهكهداربودا. قسه دوای قسه گفتوگۆكه گه‌یاندنی به‌مه‌ی، پێم وتن: من له بنه‌مای تاوانی شه‌ره‌ف له بناغه‌وه ڕه‌ت ده‌كه‌مه‌وه، وه ئه‌م هه‌ڵوێسته ناتوانم قبول بكه‌م له مرۆڤێكه‌وه خۆی وا پیشان ده‌دات پێشكه‌وتوخواز یان سۆشیالیستی یان به‌عسی بێت. له‌و كاته‌دا یه‌كێكیان به توڕه‌ییه‌وه هه‌ڵیدایه‌و وتی: تۆ ژنت هێناوه؟ وتم: به‌ڵێ، وتی: چیت هه‌یه؟ وتم: كچێكم هه‌یه. گوتی به‌دڵنیاییه‌وه منداڵه؟ وتم: به‌ڵێ. وتی: وا دانێ كچه‌كه‌ت گه‌وره بووه و له گه‌ڵ گه‌نجێكدا هه‌ڵه‌ی كرد ئایا سه‌ری نابڕییت؟؟ پێم وت: من مایای كچم (كچه‌كه‌م ناوی مایایه) سه‌ربڕم له به‌ر ئه‌وه‌ی بینیومه كوڕێكی په‌سه‌ندكردوه! وتی: چۆن؟ سه‌ری نابڕیت؟ پێم وت: هاوڕێ شێت بوویت!! مایا سه‌ر بڕم؟ ئه‌و وتی: تۆ شه‌ره‌فت نیه! تۆ عه‌ره‌ب نیت و شایسته‌ی ئه‌وه‌ش نیت نه عه‌ره‌ب بیت و نه به‌عسیش بیت! ئه‌و هاوڕێ زیندانیكراوانهم بڕیاری دابڕان و قسه له گه‌ڵ نه‌كردنیان له گه‌ڵ دام له به‌ر ئه‌وه‌ی شایسته‌ی شه‌ره‌فمه‌ندی ئه‌وه نه‌بووم كه نه عه‌ره‌ب بم و نه بهعیش بم گه‌رچی وه‌ك ئه‌وان ئۆپۆزیسیۆنی ڕه‌وتی ده‌سه‌ڵاتداریش بووم. له ئه‌نجامی ئه‌م پشت تێ ههڵكردنهیان له من و ئه‌و كاره دوژمناكارانهی دواتر له به‌رامبه‌رم نواندیان داواكارییه‌كم بۆ ئیداره‌ی زیندان به‌رزكرده‌وه تێیدا داوامكردبو بمگوازنه‌وه بۆ ژوورێكی تاكه‌كه‌سی، له بری ئه‌وه‌ی له ناو هاوهڵانێكدابم كه پشتم لێ كه‌ن و ڕقیان لێم بێته‌وه.
له‌و ڕۆژه‌شه‌وه وانه‌یه‌كی تازه فێربووم ئه‌ویش ئه‌وه بوو كه پرسه‌كه ته‌نها پرسی موسڵمان و نا موسڵمان، ومه‌سیحی و نامه‌سیحی نیه، له ڕووی هۆشیاری كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه… گه‌رچی سه‌ر به یه‌ك ئایدۆلۆجیاش بن. پرسه‌كه زۆر له‌وه قوڵتره. پرسه‌كه به پله‌ی یه‌كه‌م پرسی بونیادی هزرییه. له ناو مۆخی مرۆیی‌دا دوو چین هه‌یه: چینێكی سه‌ره‌وه‌ی ڕووكه‌ش كه ده‌كرێت سیاسی بیت، پێشكه‌وتوخواز بیت، سۆشیالیستی، وهحدوی بیت، له گه‌ڵ چینێكی بونیادی له خواره‌وه كه له ناو ئه‌م مۆخهیاندا ده‌كرێت تا سه‌ر مۆخ تا سه‌ر ئێسقان كۆنه‌په‌رست بیت، ئه‌گه‌رچی هه‌ڵگره‌كه‌ی مه‌سیحی بێت یان موسڵمان. له‌و ڕۆژه‌وه بڕوایه‌ك له لام به‌هێز بوو كه هه‌ڵوێست به‌رامبه‌ر ژن له كۆمه‌ڵگاكانماندا هه‌ڵوێستمان به‌رامبه‌ر سه‌رتاپای جیهان دیاریده‌كات. له‌و ڕۆژه‌شه‌وه بڕوایه‌ك له لام له هه‌ر كاتێكی تر زیاتر بناغه‌ی داكوتی ئه‌ویش ئه‌وه‌بوو كه پێویسته خه‌بات بكه‌یین له ڕێگای وشه‌وه له پێناوی گۆڕینی شێوه‌ی بیركردنه‌وه، گۆڕینی بونیادی ناوه‌كی عه‌قڵ، نه‌ك ته‌نها بونیادی ڕووكه‌شی سیاسی یان ئایدۆلۆجی.
له وێستگه‌ی چواره‌می:
ژیانمدا، له دوای قۆناغی نه‌ته‌وه‌په‌رستی عه‌ره‌بی و به‌عسی بوون و چه‌پبوون و ماركسی بوندا، نۆبه‌ی فرۆید هات.
چیرۆكی من له گه‌ڵ فرۆیددا به ڕوداوێكی سه‌رنجڕاكێش ده‌ستی پێ كرد، دوای ئه‌وه‌ی ژنم هێنا و دوو كچم هه‌بوو، هه‌ر كه له سه‌ر سفره داده‌نیشتم بۆ نانخواردن، نانه‌كه‌م بهدهستهوهدهگرت -له سوریا نانێكی عه‌ره‌بیمان هه‌یه- له زۆر له وڵاته عه‌ره‌بیه‌كانی تردا باو نی یه، ناخودئاگایانه له لێوارهكانیهوه پاره‌پاره‌م ده‌كرد و هاوسه‌ره‌كه‌م و كچه‌كانیشم له به‌رامبه‌رم دانیشتون نان ده‌خۆن، نه‌مده‌توانی به‌ر به‌خۆم بگرم كه نانه‌كه وا پارچه پارچه نه‌كه‌م هه‌تا ئه‌گه‌ر له سه‌ر سفرهكهش میوانیشمان هه‌بوبێت.
هاوسه‌ره‌كه‌م به دیالێكته حهلهبیهكهی پَی ده‌وتم: جۆرج عه‌یبه، خه‌ڵك ده‌تبینن، و كچۆڵهكانیشت ئه‌م نهریتهت فێر ده‌بن، هه‌تا كه میوانێكیشمان ده‌بێت ده‌تبینن چۆن به‌رامبه‌ریان نان به‌وشێوه‌یه پارچه پارچه دهكهییت! منیش پێم ده‌گوت: ڕاست دهكهییت. به‌ڵام هه‌موو جارێك خۆم له بیر ده‌كرد و به بێ مه‌به‌ست ده‌گه‌ڕامه‌وه سه‌ر لێك هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی نان به بێ ئه‌وه‌ی ئاگام لێ ی بێت. وه به‌مشێوه‌یه هه‌تا ڕۆژێكیان به ڕێكه‌وت وتارێكم خوێنده‌وه- له‌و بڕوایه‌دا نیم هی فرۆید بێت به‌ڵكو هی یه‌كێك له قوتابیه‌كانی بوو- ده‌رباره‌ی ئه‌م دیارده ده‌رونیه ده‌دوا و وای داده‌نا كه نیشانه‌یه‌كی عه‌سابی (ده‌ماری) بێت به‌و پێ یه‌ی كرده‌یه‌كی لێكهه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی خۆنه‌ویستانه و ناخودئاگایانهی باوكه. كاتێك ئه‌و وتاره‌م خوێنده‌وه ته‌زوو به گیانمدا هات: كه‌واته من باوكم پاره پاره ده‌كه‌م! له ڕاستیدا له هه‌رزه‌كاریمدا نێوانم له گه‌ڵ باوكم باش نه‌بوو. له‌و ڕۆژه‌وه‌ی ئه‌و وتاره‌م خۆێنده‌وه كراوهمهوه به‌ڕووی شیكردنه‌وه‌ی ده‌رونیدا، ده‌ستمكرد خوێندنه‌وه‌ی فرۆید پاشان ده‌ستم كرد به وه‌رگێڕانی، دواجار له گه‌ڵ باوكم ئاشت بومه‌وه- ئه‌وكاته ساڵانێك به‌سه‌ر مردنیدا تێ په‌ڕیبوو- له به‌رامبه‌ر باوكمدا به‌خۆمدا چووه‌مه‌وه و ئاستێكی باش له ئارامی ده‌رونیم بۆ گه‌ڕایه‌وه و وای لێ كردم تا ڕاده‌یه‌ك به‌شێوه‌یه‌كی نوێ ته‌ماشای ژیان بكه‌م. نزیكه‌ی 30 كتێبی فرۆیدم وه‌رگێڕا، به‌ڵام دیاره كه له زمانی ڕه‌سه‌نی خۆیه‌وه كه ئه‌ڵمانیه وه‌رم نه‌گێڕا، به‌ڵكو له زمانی فه‌ڕه‌نسیه‌وه وه‌رمگێڕا. ئێوه ئه‌و په‌نده ئیتاڵیه ده‌زانن كه ده‌ڵێت: وه‌رگێر خائنه Traduttore, traditore. منیش ئه‌گه‌ر له وهرگێڕاوێكهوه وه‌رگێڕان بكه‌م ئه‌وا خیانه‌تێكی دوانه‌ییه، به‌ڵام ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌م ناچاری بوو چونكه له ناو ڕۆشنبیری عه‌ره‌بیدا، كه به‌هۆی كۆڵۆنیالیستی پێشوه‌وه دوو زمانی ئینگلیزی و فه‌ڕه‌نسی باڵاده‌ست بوون تێیدا، ئه‌وانه‌ی وهڕگێڕانیان له ئه‌ڵمانیه‌وه ده‌زانی كه‌مینه‌یه‌كی بچوك بوون. ئه‌گه‌ر من فرۆیدم وه‌رنه‌گێڕایه و كه‌سی تریش له ئینگلیزی و فه‌ڕه‌نسیه‌وه وه‌ریان نه‌گێڕایه ئه‌وا ڕۆشنبیری عه‌ره‌بی به بێ فرۆید و شیكردنه‌وه‌ی ده‌رونی ده‌مایه‌وه، ئه‌مه‌ش شتێكی په‌سه‌ند كرا‌و نیه. به‌دڵنیاییه‌وه من خیانه‌تێكی دوانهییم ئه‌نجامدا لهوهرگێڕانم له بۆوهرگێردراوهوه، به‌ڵام له‌و بڕوایه‌دام خزمه‌تێكی پێویستم به ڕۆشنبیری عه‌ره‌بی كردوه. من ئێستا سه‌رقاڵم، نزیكه‌ی ساڵێكه، به چاو پیاخشاندنه‌وه به وه‌رگێڕانه فرۆیدیهكانمدا به سود وه‌رگرتن له بڵاوبونه‌وه‌ی وه‌رگێڕانی تازه‌ی فرۆید بۆ سه‌ر زمانی فه‌ڕه‌نسی- دوو وه‌رگێڕان یان سیان بۆ یه‌ك كتێب- بۆ ئاماده‌كردنی نوسخه‌یه‌كی پاكژكراو و زیاتر هاوشێوه به ده‌قه ڕه‌سه‌نه‌كه، به ئاواتی ئه‌وه‌ی ڕۆژێك بێت وه‌رگێڕمان هه‌بێت ڕاسته‌وخۆ له زمانی ئه‌ڵمانیه‌وه وه‌رگێڕان بكه‌ن.
له وێستگه‌ی پێنجه‌می:
ژیانمدا له سه‌ر په‌یوه‌ندیم له گه‌ڵ محه‌مه‌د عابد ئه‌لجابری ده‌وه‌ستم كه چاره‌كه سهدهیهكم له ژیانمدا بۆ ته‌رخانكرد.
له ساڵی 1972 گواستمه‌وه بۆ لوبنان بۆ گرتنه ده‌ستی سه‌رنوسه‌ری له گۆڤاری “دراسات عربیه” ی مانگانه كه له لوبنان ده‌رده‌چوو له خانه‌ی الگلیعه. جابری له سه‌رتای هه‌شتاكانه‌وه هه‌ندێك وتاری بۆ ده‌نارم بۆ بڵاوكردنه‌وه له گۆڤاره‌كه‌دا. پاشان كتێبێكی نارد بۆ خانه‌ی الگلیعه به ناونیشانی “پێكهاته‌ی عه‌قڵی عه‌ره‌بی”، كه به‌شی یه‌كه‌می پرۆژه‌ی “ڕه‌خنه‌ی عه‌قڵی عه‌ره‌بی” بوو. خاوه‌نی خانه‌كه به‌شیر ئهلداعوقی كۆچكردوو ده‌ستنوسه‌كه‌ی پێدام و گوتی: ته‌ماشایه‌كی ئه‌م كتێبه بكه تۆ باشتر له من له كه‌له‌پور تێ ده‌گه‌یت. كتێبه‌كه‌م خوێنده‌وه و پێم وت: ئه‌مه كتێبێكی نایابه، یه‌كسه‌ر بڵاوی بكه‌ره‌وه. به‌دڵنیاییه‌وه بڵاوی كرده‌وه. به‌ڵام هه‌ر له‌و كاتانه‌دا بوو بڕیاری خۆم دابوو- له شه‌ڕی ناوخۆی لوبنانیش بێزار بووبوم- به كۆچكردن له به‌یروته‌وه بۆ پاریس بۆ كاركردن له گۆڤاری “الوحده”.
له كاتێكدا من ماڵئاواییم له وار و له هاوڕێیان و له به‌شیر ئهلداعوق ده‌كرد كتێبی “پێكهاته‌ی عه‌قڵی عه‌ره‌بی” بڵاوبوبوه‌وه، ئه‌م كتێبه‌ش تاكه كتێب بوو له گه‌ڵ خۆم هه‌ڵمگرتبوو له به‌یروته‌وه بۆ پاریس له گه‌ڵ فه‌رهه‌نگی “المنهل”ی سوهێل ئیدریس، له كتێبخانه‌كه‌م كه پێنج هه‌زار كتێبی تێدابوو ته‌نها ئه‌و دوو كتێبه‌م له گه‌ڵ خۆم برد.
گه‌شتمه پاریس و له ماڵه تا ڕاده‌یه‌ك چۆڵهكهمدا دووباره ئه‌م كتێبه‌م خوێنده‌وه، به ته‌واوه‌تی به كاریگه‌ری كتێبه‌كه كاریگه‌ر بووم. یه‌كه‌م وتار كه له گۆڤاری “الوحده” بڵاوم كرده‌وه ده‌رباره‌ی ئه‌م كتێبه بوو. به ڕوونی وتبووم- زۆر له‌و كه‌سانه‌ی ژیاننامه‌ی منیان خوێندۆته‌وه ئه‌م چیرۆكه ده‌زانن- “ئه‌م كتێبه ته‌نها هۆشیارت ناكاته‌وه به‌ڵكو ده‌تگۆڕێت، هه‌ر كه‌س ئه‌م كتێبه بیخوێنێته‌وه دوای ئه‌وه‌ی ده‌یخوێنێته‌وه ناگه‌ڕێته‌وه سه‌ر ئه‌و شێوه‌یه‌ی كه بووه پێش ئه‌وه‌ی بیخوێنێته‌وه”. به‌م حه‌ماسه‌ته‌وه خوێندنه‌وه‌یه‌كم له سه‌ر كتێبه‌كه له گۆڤاری “الوحده” بڵاوكرده‌وه. به‌ڵام خاڵێكی ته‌فسیلی بچوك له كتێبه‌كه‌دا هه‌بوو هه‌ندێك گومانی لا دهوروژاندم ئه‌ویش په‌یوه‌ندی به هه‌ڵوێستی جابریهوه هه‌بوو له باره‌ی “ئیخوان ئه‌لسه‌فا”. له خوێندنی زانكۆییمهوه له به‌شی زمانی عه‌ره‌بی له زانكۆی دیمه‌شق بیرۆكه‌یه‌كی گشتیم له باره‌ی ئینتیمای ئیخوان ئهلسهفام بۆ عه‌قڵانیه‌تی فه‌لسه‌فه‌ی ئیسلامی لادروست بووبوو. جابریش هه‌ندێك قسه‌ی زۆر نێگه‌تیڤی ده‌رباره‌ی ئیخوان ئه‌لسه‌فا كردبوو ئه‌وانی به “عه‌قڵی دابڕاو (جیابوه‌وه) له ئیسلام” دانابوو، به جهتكردنهوه له‌وه‌ی كه ئه‌وان دژ به عه‌قڵ، و دژ به فه‌لسه‌فه، ولۆژیك، و و دژی خاوه‌نی لۆژیكیش كه ئه‌رستۆیه وه‌ستاونه‌ته‌وه. به‌مشێوه‌یه گومانێك له باره‌ی ئه‌م خاڵه‌وه به تایبه‌ت له لام دروست بوو، له تواناشمدا نه‌بوو یه‌كلایی بكه‌مه‌وه له به‌ر ئه‌وه‌ی نامه‌كانی ئیخوان ئه‌لسه‌فا به‌رده‌ست نه‌بوو له‌م تاراوگه پاریسیهمدا.
بارودۆخ وای هێنا كه گه‌شت بكه‌م بۆ یه‌كێك له وڵاتانی كه‌نداو كه بانگێشكرابووم بۆ كۆنگره‌یه‌ك، له‌و ولاته‌ی كه‌نداودا به‌خۆمم وت من ئه‌و نامانه‌ی ئیخوان ئه‌لسه‌فا به‌رده‌ست ده‌خه‌م بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ئه‌م پرسه. ڕۆشتم بۆ كتێبخانه‌یه‌كی گه‌وره له‌وێ له فرۆشیاره‌كه‌م پرسی: كتێبی “نامه‌كانی ئیخوان ئه‌لسه‌فا”ت هه‌یه؟ به تۆنێكی سه‌رسوڕماوه وتی: نه‌خێر مامۆستا. پێم وت: له كوێ ده‌توانم ده‌ستم بكه‌وێت؟ وتی: مامۆستا، تۆ ئه‌زانی ئه‌م كتێبه ده‌رباره‌ی فه‌لسه‌فه‌یه؟ پێم وت: به‌ڵێ. وتی: كتێبی فه‌لسه‌فی لێره قه‌ده‌غه‌یه. ئه‌مه‌ش یه‌كه‌مجارم بوو ببیستم كتێبی فه‌لسه‌فی قه‌ده‌غه بێت، دواتر بۆم ده‌ركه‌وت نه‌ك ته‌نها له‌م وڵاته‌ی كه‌نداودا كتێبی فه‌لسه‌فی قه‌ده‌غه‌یه به‌ڵكو له زۆربه‌ی ده‌وڵه‌تانی كه‌نداودا قه‌ده‌غه بوو. به فرۆشیاره‌كه‌م گوت: ببوره، به‌خودا من نهمزانیو. له قسهیهكهوه بۆ قسه‌یه‌كی تر ده‌ستمكرد به گفتوگۆیه‌كی دۆستانه له گه‌ڵیدا و پێم وت: من كتێبه‌كه‌م پێویسته، چی بكه‌م؟ وتی: له‌وێدا كتێبخانه‌یه‌كی تر هه‌یه. ناو و ناونیشانه‌كه‌ی پێدام و وتی: به‌ڵكو لای بێت.
چووم بۆ كتێبخانه‌ی دووه‌م و له باره‌ی كتێبه‌كه‌وه له فرۆشیارهكهیم پرسی. بێگومان هه‌مان وه‌ڵامی دامه‌وه، پێم وت: ڕێگه‌م بده خۆمت پێ بناسێنم: من نوسه‌رو وه‌رگێڕم ناوم “جۆرج تهڕابشیه”. هه‌ر به بیستنی ئه‌وه‌ی وتم جۆرج ته‌ڕابشی، وتی: به‌خێر بێیت و ده‌ستی كرد به پیشاندانی ئه‌و كتێب و وه‌رگێڕانانه‌ی من كه لای ئه‌و ده‌ست ده‌كه‌وت، پاشان درێژه‌ی دایه: ڕوخسه‌تم به. چووه ژووره‌وه و خاون كاره‌كه‌ی كه خاوه‌نی كتێبخانه‌كه بوو بانگ‌كرد ئه‌ویش هات وتی: به‌خێر هاتی ئوستاز جۆرج، و میوانداری كردم، پێویستیه‌كه‌ی خۆمم به كتێبه‌كه بۆ گێڕایه‌وه له به‌ر ئه‌وه‌ی له پاریس ده‌ستم ناكه‌وێت و ناشتوانم له لوبنانه‌وه بیهێنم به هۆی شه‌ڕی ناوخۆی لوبنانه‌وه، وهتد، وتی: به‌خودا ئوستاز تۆ نازانی ئه‌م كتێبانه قه‌ده‌غه‌ن؟ پێم وت: ده‌زانم به‌ڵام به‌ڵكو یارمه‌تیم بده‌ییت. وتی: له‌گه‌ڵم وه‌ره. پێكه‌وه ڕۆشتینه ژێر زه‌مینێكه‌وه دیتم كۆمه‌ڵێك سندوق و كتێبی تری تێدا بوو، چوار به‌رگی گه‌وره‌ی ئیخوان ئه‌لسه‌فای ده‌رهێنا، وتی: فه‌رموو ئوستاز. نه‌یده‌ویست پاركه‌ی وه‌ربگرێت به‌ڵام من مكوڕبوم نرخهكهیم به گشت سوپاسێكهوه دا.
من له ڕێگای گه‌ڕانه‌وه‌مدا له فڕۆكه‌كه‌دا و له ماڵه‌وه‌ش هه‌موو خه‌یاڵم لای ئه‌وه بوو ئه‌و ده‌قه بدۆزمه‌وه كه جابری له باره‌ی ئیخوان ئهلسهفاوه ده‌یڵێت گوایه ئه‌وان دژ به لۆژیك و دژ به ئه‌رستۆ و دژ به فه‌لسه‌فه بوون.
به‌شی چواره‌مم له نامه‌كان كرده‌وه به‌دوای ئه‌و ده‌قه‌دا ده‌گه‌ڕام كه له په‌راوێزی كتێبی “ڕه‌خنه‌ی عه‌قڵی عه‌ره‌بی” ئاماژه‌ی بۆ كرابوو به‌ڵام نه‌مدۆزیه‌وه، گه‌ڕام و گه‌ڕام و پاشان به خۆمم وت: پێ ده‌چێت هه‌ڵه‌یه‌كی چاپ بوبێت بۆیه پێویسته دوباره هه‌ر په‌نجاو یه‌ك نامه‌كه بخوێنمه‌وه. به‌مشێوه‌یه ده‌ستم كرد به خوێندنه‌وه‌ی كتێبی نامه‌كانی ئیخوان ئه‌لسه‌فا به هه‌ر چوار به‌شه‌كه‌یه‌وه تا گه‌شتم به نامه‌كانی 10-11-12-13-14، زۆر به توندی حه‌په‌سام. له‌م پێنج نامه‌یه‌دا، دوای ئه‌وه‌ی خویان ناساند، به ڕوونی شتێكی وا ده‌ڵێن: ئه‌ی براكه‌م، خودا به ڕۆحی خۆی پشتیوانی تۆ و ئێمه‌ش بێت، بزانه، هیچ ده‌روازه‌یه‌كت نیه به ڕووی ئێمه‌دا له ڕێگای لۆژیكه‌وه نه‌بێت له به‌ر ئه‌وه‌ی ته‌نها لۆژیكه ده‌توانێت گوتار له نێوانماندا شیاو بكات، وه‌ره با لۆژیك و كتێبهكانیت بۆ ڕاڤه بكه‌ین، پاشان نامه‌كانی 10 بۆ 14 ته‌رخان ده‌كه‌ن بۆ ڕاڤه كردنی كتێبی لۆژیكی ئه‌رستۆ وه‌ك گوزاره و گوتراو و پێوه‌ر و به‌ڵگه، زاراوكانیش به شێوازه یۆنانیه‌كه‌ی به‌كارده‌هێنن وه‌ك ئهنالۆتیكا و كاتیگۆریاس و هتد.
كاتێك من ئه‌م پێنج نامه‌یه‌م ده‌خوێنده‌وه كه ڕاڤه‌یه‌كی تێروپڕی لۆژیكی ئه‌رستۆ بوو له خۆمم ده‌پرسی: چۆن جابری ده‌ڵێت ئیخوان ئه‌لسه‌فا ئه‌رستۆیان ڕه‌تكردۆته‌وه؟ لۆژیكیان ڕه‌تكردۆته‌وه؟ چۆن وتویانه مرۆڤ پێویستی به لۆژیك و به فه‌لسه‌فه نیه؟ دوباره گه‌ڕامه‌وه سه‌ر خوێندنه‌وه‌ی نامه‌كان تا گه‌شتمه نامه‌ی حه‌ڤده‌یه‌م كه به‌ناونیشانی: هۆی جیاوازی زمانه‌كان، جابری ئه‌و ده‌قه وه‌ك به‌ڵگه‌یه‌ك به‌كاریده‌هێنێت بۆ ئه‌وه‌ی كه ئیخوانه ئهڵسهفا گوایه وتبێتیان كه مرۆڤ پێویستی به لۆژیك نیه. به هه‌ر حاڵ ده‌قه‌كه چی ده‌ڵێت؟ ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی به‌مشێوه‌یه: له سه‌ره‌تای نامهكانماندا باسمان له گرنگی لۆژیك كرد له تێگه‌شتن و تێگه‌شتنی نامهكانماندا. به‌ڵام براكه‌مان بزانه كه دوو لۆژیك هه‌یه. لۆژیكێكی فه‌لسه‌فی هه‌یه بۆمان باس كردویت، هه‌روه‌ها لۆژیكێكی زاره‌كی هه‌یه واته گوتن، له به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر گوتن نه‌بێت ئه‌وا لێكتێگه‌شتن له نێوان مرۆڤدا نه‌ده‌بوو. دوای ئه‌وه‌ی باس له ڕۆڵی زمان ده‌كه‌ن وه‌ك بنچینه و ئامرازی لێكتێگشتن له نێوان مرۆڤه‌كاندا هه‌روه‌ها ده‌ڵێن: بزانه دهرونانێكی بێ گه‌رد هه‌ن پێویستیان نه به وتن و نه به لۆژیك نیه له تێگه‌یاندنی یه‌كتریدا، واته دهرونانێكی ڕوحانی له ڕێگای چاو، له ڕێگای به‌ركه‌وتن، له ڕێگای ڕۆح، و ویژدان، وختورهوه یه‌كتر تێ ده‌گه‌یه‌نن وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ده‌یڵێین، بێ ئه‌وه‌ی پێویستی به لۆژیكی زاره‌كی و گوتن ببێت. به‌مشێوه‌یه جابری ئه‌م دێڕه‌ی ئه‌وانی به‌هه‌لزانیوه “پێویست به لۆژیك ناكات” و وشه‌ی زاره‌كی فه‌رامۆش كردوه بۆ ئه‌وه‌ی بڵێت ئه‌مانه دژی لۆژیك بوون به مانا فه‌لسه‌فیه‌كه‌ی. پاشان چاوم كه‌وت به به‌ڵگه‌یه‌كی تر ئه‌ویش هه‌ڵوێستی ئیخوان ئه‌لسه‌فا بوو له باره‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی كه هه‌یه له نێوان ئایین و فه‌لسه‌فه كه دۆگماییهكان له سه‌رده‌می خۆیاندا (سه‌دی چواره‌می كۆچی) ده‌یانویست ئه‌و په‌یوه‌ندیه ببچڕێنن و داوای حه‌رامكردنی فه‌لسه‌فه‌یان ده‌كرد به ناوی ئایینه‌وه. به‌ڵگه‌كه به ڕوونی ده‌ڵێت: بزانه برای چاك، خودا پشتیوانت بێت به نوری خۆی، ئه‌وه‌ی ئه‌حكامه‌كانی ئایین بزانێت ئه‌وا ته‌ماشاكردنی زانستی فه‌لسه‌فه زیانی پێ ناگه‌یه‌نێت به‌ڵكو زانستی ئایینی پێ زیاد ده‌كات و زیاتر په‌ی به ماناكانی ده‌بات”. پاشان زیاتر ڕوونی ده‌كاته‌وه: “لۆژیك ته‌رازووی فه‌لسه‌فه‌و ئامرازی فه‌یله‌سوفه. ئه‌گه‌ر فه‌لسه‌فه چاكترین هونه‌ره‌كان بێت بۆ مرۆڤ دوای پێغه‌مبه‌رایه‌تی ئه‌وا ده‌بێت ته‌رازوی فه‌لسه‌فه ببێته ڕاسترین تهرازوكان و ئامرازی فه‌یله‌سوفیش چاكترین ئامرازه‌كان بێت و هونه‌ری (پیشه- صناعه) لۆژیك به نیسبه‌ت عه‌قڵ و مه‌عقولات وه‌ك هونه‌ری نه‌حوو وایه بۆ زمان و ده‌ربڕین”.
من كاتێك ئه‌م نامه‌و به‌ڵگانه‌م ده‌خوێنده‌وه توشی شۆكێكی مه‌زن و برینداربونی كبریائم بووم وه‌ك ڕۆشنبیر، له به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌م له باره‌ی كتێبه‌كه‌ی جابریهوه نوسیبوو كه نوسیم: “ئه‌م كتێبه هه‌ر كه‌س بیخوێنێته‌وه دوای ئه‌وه‌ی ده‌یخوێنێته‌وه ناگه‌ڕێته‌وه سه‌ر ئه‌و شێوه‌یه‌ی جارانی كه له سه‌ری بووه پێش ئه‌وه‌ی كتێبه‌كه بخوێنێته‌وه”.
له‌و ڕۆژه‌وه گلهیهكهم ئیدی ئاراسته‌ی جابری نه‌كرد، به‌ڵكو ئاراسته‌ی خۆم كرد، له به‌ر ئه‌وه‌ی بڕیارێكم له باره‌ی كتێبێكه‌وه داوه له بابه‌تێكدا بێ ئه‌وه‌ی هه‌موو كلیله مهعریفیهكانیم پێ بێت. وه سوێندێكم له گه‌ڵ خۆمدادا كه له‌و كاته به‌دواوه هیچ شتێك نه‌ڵێم و هیچ بڕیارێك نه‌ده‌م بێ ئه‌وه‌ی ته‌واو دڵنیا نه‌بم له باره‌ی هه‌موو زانیارییه‌كانم له باره‌یه‌وه. به‌مشێوه‌یه بڕیاری دوباره په‌روه‌رده‌كردنه‌وه‌ی خۆم دا، دوباره ڕۆشنبیركردنهوهی خۆم. به‌مشێوه‌یه من سهرمكرده سه‌ر، من كه زمانی عه‌ره‌بی و كه‌له‌پوری عه‌ره‌بیم به شێوه‌یه‌كی به‌شه‌كی له زانكۆ خوێندبوو، به‌شێوه‌یه‌كی ترسناك سهرمكرده سه‌ر خوێندنه‌وه‌ی كتێبه‌كانی كه‌له‌پور و ده‌یه‌ها و ده‌یه‌ها له‌و سه‌رچاوانه‌م به‌سه‌ركرده‌وه كه جابری ئاماژه‌ی بۆ كردبوون و هه‌موو به‌ڵگه‌كانم یه‌ك به یه‌ك وردبینی ده‌كرد و له ڕاستی هه‌موو بوارهكانیم ده‌كۆڵیه‌وه. به ڕاشكاوی پێتان ده‌ڵێم به‌ڵگه‌ی ئیخوان ئه‌لسه‌فا ته‌نها به‌ڵگه نه‌بوو، به‌ڵكو چاوم كه‌وت به ده‌یه‌ها و ده‌یه‌ها به‌ڵگه‌ی وه‌ك ئه‌و بهههڵهدابردنانهی كه جابری به‌رامبه‌ر خوێنه‌ره‌كانی كتێبه‌كه‌ی خۆی كردبووی كه منیش یه‌كێكیان بووم له‌وانه، ئیدی ئه‌مه‌ی به مه‌به‌ست كردبێت یان بێ مه‌به‌ست –نازانم-.
ئه‌مڕۆ من به ڕاشكاوی ده‌ڵێم: من دانپێدانانێك بۆ جابری ده‌كه‌م، كه چاره‌كه سه‌ده‌یه‌كی ته‌واوم له گه‌ڵ به‌سه‌ر برد و ئه‌و هه‌موو ساڵه ئه‌وم خوێنده‌وه و سه‌رچاوه‌كانی و سه‌ده‌ها له‌و سه‌رچاوانه‌ی كه‌له‌پوری ئیسلامی و پێش ئه‌ویش مه‌سیحی و له پێش ئه‌وانیشه‌وه كه‌له‌پوری یۆنانی و هه‌ر شتێك پێویست بێت بۆ گفتوگۆكردن له گه‌ل پرۆژه‌كه‌ی ئه‌ودا خوێندمه‌وه، من دانی پێدا ده‌نێم، له به‌رده‌م ئێوه‌دا، كه سودێكی زۆر گه‌وره‌ی پێ گه‌یاندوم، ئه‌و ناچاری كردم دوباره ڕۆشنبیریه كلهپوریهكهم بونیاد بنێمه‌وه. من زۆر قه‌رزاری ئه‌وم سه‌ره‌ڕایی هه‌موو ئه‌و ڕه‌خنانه‌ی ئاراسته‌م كردوه.
وێستگه‌ی شه‌شه‌م:
ئه‌و پێنج وێستگه‌یه‌ی كه پێشتر باسكراوه هه‌مووی وه‌ك وێستگه‌ی ده‌رچوون وابوون، له‌وێوه هه‌موو ئه‌وانه‌م نوسی كه له ماوه‌ی ژیانمدا نوسیم له لێكۆڵینه‌وه و وتار كه ژماره‌كه‌ی نزیك بووه‌ته‌وه له پێنج سه‌د، وه كتێب كه نزیك بۆته‌وه له سی دانه، وه زیاتر له سه‌د وه‌رگێڕان. به‌ڵام به پێچوانه‌وه وێستگه‌ی شه‌شه‌م وه‌ك وێستگه‌ی وه‌ستان و بێ ده‌نگی و ئیفلیجی ته‌واوه‌تی بوو له نوسین: وێستگه‌ی ئازاری به‌رده‌وامی سوریا له چوار ساڵ له‌مه‌وبه‌ره‌و بێ ئه‌وه‌ی له ئاسۆوه هیچ موژده‌یه‌كی كۆتایی هاتنی ده‌ركه‌وێت.
به درێژای ئه‌و چوار ساڵه پێنوس هیچ یارمه‌تی ده‌رم نه‌بوو ته‌نها له نوسینی دوو وتاردا نه‌بێت: كه یه‌كه‌میان له 21/3/2011 هاوكات له گه‌ڵ سه‌ره‌تاكانی شۆڕشه‌كانی به‌هاری عه‌ره‌بی له تونس و میسر و لیبیا، دوه‌میشیان له 28/5/2011 له گه‌ڵ تێكه‌ڵ بوونی سوریاش به هه‌راوهوریای ئه‌و به‌هاره.
وتاری یه‌كه‌م ئه‌م ناونیشانه‌ی له خۆ گرتبوو: مێژویه‌كی بچوك له په‌راوێژی مێژویه‌كی گه‌وره‌دا. مه‌به‌ستم له مێژوی گه‌وره شۆڕشه‌كانی به‌هاری عه‌ره‌بی بوو كه ئه‌و كات وا ده‌رده‌كه‌وت وه‌ك ئه‌وه‌ی جیهانی عه‌ره‌بی بخاته ناو قۆناغی شۆڕشه مێژویه گه‌وره‌كانی وه‌ك ئه‌وه‌ی فه‌ڕه‌نسا له ساڵی 1789 به‌خۆیه‌وه بینی یان ئه‌وروپای ڕۆژئاوا له ساڵی 1848 یان ده‌وڵه‌تانی بلۆكی ناسراو به سۆشیالیستی له كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی بیستدا. به‌ڵام مێژووی بچوك مه‌به‌ستم لێ ی ئه‌و مێژووه كه‌سیه‌ی خۆم بوو كه هاوپه‌یوه‌سته به نائومێدییه‌كی گه‌وره. من، وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌رباره‌ی خۆم له كۆتایی ئه‌و وتاره‌دا ده‌رباری شۆڕشه‌كانی به‌هاری عه‌ره‌بی ئاماژه‌ی بۆ كرد، كوڕی نائومێدیم به شۆڕشی ئاوابووی ئێران زیاتر له‌وه‌ی كوڕی ئومێد بم به شۆڕشه‌كانی به‌هاری عه‌ره‌بی هه‌ڵهاتوو، كه له كۆتایی وتاره‌كه‌مدا وتم كه ئه‌گه‌ر من ئومێدێكم به شتێك هه‌بێت ئه‌وه‌یه كه به‌ڵكو ئه‌م ترس و بهدگومانیهم له شوێنی خۆیدا نه‌بێت، به‌ڵكو ئه‌نجامه‌كانی ئه‌م شۆڕشه عه‌ره‌بیانه هه‌مان ئه‌نجامی شۆڕشی ئێرانی نه‌بن كه هێزه چالاكه‌كانی له ژێر ناوی ئایدۆلۆجیای ئایینی دا ده‌ستیان به‌سه‌رداگرت، به‌ڵكو خۆشبه‌ختیم به‌و به‌هاره هاوه‌ڵی هه‌میشه‌ییم بێت له‌و ته‌مه‌نه‌ی كه ماومه.
به‌ڵام، وه‌ك به‌ره‌و پێشڤهچونهكانی دواتری ڕوداوه‌كان سه‌لماندییان، به‌ڵگه بوو له سه‌ر ئه‌وه‌ی كه ترسه‌كه‌م له جێگای خۆیدا بوو: به‌هاری عه‌ره‌بی ده‌رگایه‌كی نه‌كرده‌وه جگه له ده‌رگای دۆزه‌خ و گه‌ڕانه‌وه بۆ پێش تازه‌گه‌ری چاوه‌ڕوانكراو و سه‌ر له نوێ نغرۆبوون له ناو زه‌لكاوی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستی خاچپه‌رستی- هیلالی.
به‌ڵام وتاری دووه‌مم كه له كۆتاییه‌كانی مانگی ئایاری 2011 نوسیم ناونیشانه‌كه‌ی ئه‌مه‌بوو: سوریا: ده‌سه‌ڵاتێك له چاكسازیه‌وه بۆ خۆهه‌ڵوه‌شاندنه‌وه. كه ناواخنه‌كه‌ی ئه‌وه بوو كه سوریای، فره ئایین و فره تایه‌فه‌و ئیتنیك، به نۆبه‌ی خۆی له به‌رده‌م ده‌رگای دۆزه‌خی شه‌ڕی ناوخۆدا وه‌ستاوه ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات ده‌ستپێشخه‌ری نه‌كات به چاكسازی كردن له خۆییدا به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی خۆی له لایه‌ن خۆیه‌وه. به بێ ئه‌م ههڵوشانهوهیه هیچ ڕێگایه‌كی تر نیه بۆ چاكسازییه‌كی ئاشتیخوازانه كه وڵات له وێران بوون بپارێزێت. به‌ڵام له بری ئه‌وه ڕژێم هه‌تا خۆی له‌و به‌ڵێنانه‌ش دزیوه كه بۆ چاكسازی دابوی. به‌ڵام با دان بنێم به‌وه‌شدا كه بڕوابونم له‌و كاته‌دا به بڕێك له ئومێد، به‌وه‌ی داوا له ڕژێم بكه‌م كه له پێناوی دوورخستنه‌وه‌ی شه‌ڕی ناوخۆی تایه‌فی وێرانكه‌ر خۆی هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه، له جێگای خۆیدا نه‌بوو چونكه ئه‌وكات، واته له هه‌فته‌كانی سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی ڕاپه‌ڕینی سوریادا، ڕۆڵی ده‌ركی له ڕووی ڕاگه‌یاندن و پاره‌پێدان و چهكداركردنهوهم د‌رك پێ نه‌كردبوو، ئه‌و ڕۆڵه‌ی كه ئه‌مڕۆ گه‌لی سوریا به هه‌موو لایه‌كه‌وه نرخه‌كه‌ی به خوێن و به‌گیان و به وێرانكردنێك ده‌ده‌ن كه له هۆلاكۆوه وێنه‌ی نه‌بووه، ئه‌مه‌ش له بارودۆخێكی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تدا كه ڕووبه‌ڕووی ململانێیه‌كی گه‌رموگوڕی تایفی سونی/ شیعی ده‌بێته‌وه كه زه‌نگی دووباره بوونه‌وه‌ی ئه‌و ململانێ زۆر دڕندانه‌ی كاسۆلیكی/ پرۆستانتی لێ ده‌دات كه ئه‌وروپا له سه‌ده‌ی شازده‌و حه‌ڤده‌دا به‌خۆیه‌وه بینی.
ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه له كۆتاییدا بیڵێم ئه‌وه‌یه كه ئیفلیج بوونم له نوسین، منێك كه هیچ شتێكم له ژیاندا نه‌كردوه جگه نوسین، وه‌ك مردن وایه. به‌ڵام به‌هه‌رحاڵ وه‌ك مردنێكی بچوك دمێنێته‌وه له په‌راوێزی ئه‌و مردنه گه‌وره‌یه‌دا كه مردنی نیشتیمانه.
تێبینی: ئه‌م وتاره دواهه‌مین وتاری بیرمه‌ندی سوری “جۆرج ته‌ڕابشی”یه، پێش كۆچی دوایی نوسه‌ر له 16/3/2016 .
————————————–
سه‌رچاوه: