ئەم شەڕابە چیتر مەستمان ناکات
نامانگەڕێنێتەوە نێو
بنار هەوارگە سەوداسەریەکانی سەوزایی
یان / کۆڵانەکانی ئاگر
شەقامەکانی بروسکە
پێدەشتەکانی رەشەبا
من ئارەزووی شەڕابێکی تر دەکەم
بۆنی ڕەیحانەی لێ بێت و
شین شین / وەک گۆنا خرپنەکانی خودا
زەرد زەرد / وەک سیما فریشتەییەکانی مانگ
شەرابێک لە رەنگی خۆرەتا و
سوور سوور / وەک مەمکەکانی هەنار
شەڕابێک لە نێو ڕووبەری ونبوون
دڵفرازم بکا
تۆز و غوباری غەریبیم لێ دا تەکێنێ و
دڵ پڕ لەڕازم بکا
شەڕابێک
سەوز سەوز / وەک پەیکەرە ڕەنگینەکەی گیا
شەڕابێک بە نێو
بەهەشت و ئۆقیانوسەکان و
کەلاوەکانی شەونم و
مەملەکەتی ئەستێران دا بمگێڕێ
شەڕابێک
پشکۆی ئارەزووەکانم گەش بکاتەوە و
ئاشتم بکاتەوە لەگەڵ کچە دراوسێکانم
من چیتر
ئەم شەڕابە ناخۆمەوە
ئارەزووی شەڕابێکی تر دەکەم
شەڕابێک
ماڵە تاریکەکانی تەنیاییم
پڕ بکات لە نوور و
باڵندە و
مرۆڤە نامورادەکانیش بە سەما بهێنێ …!
شەڕابێک
شیرین شیرین
وەک لیکی نێو دەمی
حۆری و
فریشتە و
شاژنە باڵا زڕاڤەکانی بەهەشت
شەڕابێک هێندە مەستم بکات
مەست مەست مەست
هێندە مەست
دەمارەکانی عاتیفە و
بوخچەی ئارەزووە ئیرۆسییەکانم
بخاتە سەر پشکۆکانی ئاگر
هێندە مەست
پڕمکا لە شیلەی شادومانی
بۆ جێژووانی
دڵبەرە بریندارەکەی غوربەتم
کەپرێک لە وشە ڕۆمانسییە چاو بە فرمێسکەکان
دروست بکەم و
ئۆقیانووسێک لە شیعریش
بڕژێنمە نێو کێڵکە تێنووەکانی ژیان …!
                                                          ئایاری ٢٠١٤

کورتەیەک لەبارەی ژیان و بەرهەمەکانی ( ناڵە حەسەن )
-	ناڵە حەسەن لە ساڵی ١٩٦٥ لە شاری هەولێر لە 
گەڕەکی تەیراوە لە دایک بووە . 
- خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی هەر لە هەولێر تەواو کردووە .
- دەرچووی پەیمانگای پزیشکییە لە شاری موسل ١٩٨٦ 
- ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری ( نینا ) بووە . 
- یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی ( کۆمەڵەی هونەری شەبەنگ ) 
- ئەندامی لیژنەی باڵای ( دەستەی ڕۆژنامەنووسانی ئازاد ) بووە .
- لە منداڵییەوە حەز بەخوێندنەوەی شیعر دەکات و لە پۆلی پێنجەمی سەرەتایی داڕشتنێک لەبارەی ( نەورۆز ) بە شیعر بۆ مامۆستاکەی دەنووسێت .. لە قۆناغی ( ناوەندی ) و ( ئامادەیی ) شیعر دەنووسێت و لەبەر هەستی نەتەوایەتی ناتوانێ لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی ئەوکات بڵاویان بکاتەوە .
- یەکەمین شیعری خۆی بەناوی ( من کاروانی بەشمەینەتان جێناهێڵم ) لە گۆڤاری ( ڕابەر ) لە ساڵی ١٩٩١ بڵاودەکاتەوە .
- لە ساڵی ١٩٩٣ یەکەمین نامیلکەی شیعری بە ناوی ( مۆمێکی نوێی تەمەنم ) بڵاودەکاتەوە .
- لە ساڵی ١٩٩٨ کوردستان جێدەهێڵیت .
- لە ساڵی ١٩٩٩ لە کەنەدا دەگیرسێتەوە ، لەوساوە تا ئێستا لە کەنەدا دەژیت .
- بە بەردەوامی لە زۆربەی ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکانی دەرەوە شیعر و لێکۆڵینەوە و بابەتەکانی خۆی بڵاوکردۆتەوە .
- لە ساڵی ١٩٩٣ لەگەڵ ( خولیا حسێن ) ی شاعیر ژیانی هاوسەرگیرییان پێکهێناوە ، دوو منداڵیان هەیە بە ناوەکانی ( ڕەها و ڕەهەند ) .
- لە سایتی ئەلیکترۆنی ( ئەمڕۆ و دەنگەکان و کوردیپێدیا ) لینکی تایبەت بەخۆی هەیە ، زۆرێک لە کتێب و بەرهەمە ئەدەبی و شیعری و وەرگێڕانەکانی لەوێدا دەست دەکەون .
 
( ناڵە حەسەن ) تا ئێستا ئەم بەرهەمانەی بە چاپ گەیاندوون 
١/ ( مۆمێکی نوێی تەمەنم )     ١٩٩٣ شیعر 
٢/ ( ڕەشبەڵەکی ڕۆح )     ١٩٩٦ شیعر 
٣/ ( عەشق و بەرائەتی ئاو )     ١٩٩٩
٤/ ( ڕەنگە ئیرۆسییەکانی ئاگر )     ٢٠٠٣ شیعر 
٥/ ( نیگایەک بەسە بۆ مردن )    ٢٠٠٧ شیعر 
٦/ ( نەرسیسیزم )    ٢٠٠٦ وەرگێڕان 
٧/ ( هونەر و فیگەرە جوانەکانی خەون )    ٢٠١١ لێکۆڵینەوە
٨/ ( چەمکە دەروونییەکان و دەقی ئەدەبی )    ٢٠١٢ لێکۆڵینەوە 
٩/ ( لەسەر جەستەی ڕووتت لە خاچمدە )    ٢٠١٤ شیعر 
١٠/ ( شیعر و چەمکەکانی ، ئیرۆس و ساناتۆس و ئەبەدییەت ) ... ٢٠١٧ لێکۆڵینەوە 
چاپی ئەنتەرنێت .
١١/ ( ڕووبەڕوو لەگەڵ شیعر )    ٢٠١٨ لێکۆڵینەوە و دیمانە .
١٢/ ( سارا تیسدەیل ، ژنە شاعیری ئەمریکی ) ... ٢٠١٨ نووسین و وەرگێڕان .
١٣/ ( عەشق جوانترە لە مردن )   ٢٠١٩ شیعر ( سەباح ڕەنجدەر - ناڵە حەسەن )
چاپی ئەنتەرنێت .
١٤/ کتێبی یەکەمی ( دەقی تەمەن )  شیعر ٢٠١٩
١٥/ ( لە دەرەوەی ژیان دەژیم )   ٢٠٢٠ شیعر ( چاپی ئەنتەرنێت ) .
١٦/ ( گەیشتن بە ڕووبەری شیعر )   ٢٠٢٠ لێکۆڵینەوە  .
١٧/ ( ئەدەب و ئایدیۆلۆژیا )   ٢٠٢٠ لێکۆڵینەوە .
١٨/ ( کۆڵانە زەردەکە )   ٢٠٢١  شیعر .
١٩/ ( سوور ڕەشێکی نوێیە )   ٢٠٢١  شیعر .
٢٠/ ( من ژیانم بۆ شیعر دەوێت )   ٢٠٢١  وردە شیعر .
٢١/ ( دیوانی ناڵە حەسەن ) بەرگی یەکەم   ٢٠٢١  شیعر .
٢٢/ ( دیوانی ناڵە حەسەن ) بەرگی دووەم  ٢٠٢١ شیعر ،
ئەم کتابانەی ئامادەن بۆ چاپ .
١/ ( داهێنان و پەنجەرەیەک بۆ ڕوانین )  .. لێکۆڵینەوە .
٢/ ( خەونی من )  ..  شیعر 
٣/ کتێبی دووەمی ( دەقی تەمەن )  .. شیعر .