Skip to Content

شانۆگەرییەكانی شكسپیر لە سینەمادا … حه‌یده‌ر عه‌بدولره‌حمان

شانۆگەرییەكانی شكسپیر لە سینەمادا … حه‌یده‌ر عه‌بدولره‌حمان

Closed
by ئایار 14, 2017 General, Literature

هەمیشە پرسیارێك لە نێو هەوادارانی سینەما و شانۆدا سەرهەڵدەدا ئەویش ئەوەیە ئاخۆ لە ئاكامدا سینەما یان شانۆ كامییان لە بەرامبەر ئەوی تریاندا چۆك دەدەن ؟ دوای شیكردنەوەو تێڕامانێكی كەم دەگەنە ئەنجام و دەڵێن (هەردوكییان بەیەكەوە هەن و بە یەكەوە چێژ بە ژیان دەبەخشن ، هیچیان ناتوانن چۆك بەوی تریاندا بدەن،چونكە هەردوكیان بوونەتە پارچەیەك لە ژیانی سەرجەم مرۆڤایەتی و ناتوانین بە هیچ كڵۆجێ‌ دەست بەردارییان بین.
بەڵام پرسیاری هەرە دیاربەرچاو لەو نێوەندەدا ئەوەیە كە هونەرمەندە داهێنەرەكان چۆن دەتوانن ئەو دوو هونەرە ئاوێزانی یەكتر بكەن ، بە هەردوو رووی داهێنانەوە سوود لە یەكتر ببینن .

ئەمڕۆ نیە سینەما سوودی لە شانۆ وەرگرتووە،دێر زەمانێكە گەورە سینەماكارەكان شانۆگەرییە بە پێزە جیهانیییەكانیان خستۆتە توێ‌ ی سینەما،لەو نێوەندەشدا پشكی شێر بەر شكسپیر و شانۆگەرییەكانی كەوتووە،سینەماكارەكان تا ئێستا سوودێكی زۆریان لێ‌ وەرگرتووە،لەوانەش شانۆگەرییە ناودارەكانی وەك بازرگانی ڤینیسیا،هوتییللۆ،هاملێت،لیر پاشا،ئۆتیللۆ كە گەورەترین و دیارترین هونەرمەندە سینەماكارەكانی جیهان رۆڵییان تێدا بینییووە، ئەوەتا (ئال باتشینۆ) كاتێ‌ كەسایەتی شایلۆكی لە فیلمی بازرگانی ڤینیسیا بەرجەستە كردووە،رەخنە گرەكان گوتییان تا ئێستا شایلۆك بەم ئاستە بەرزە لە شانۆشدا بەرجەستە نەكراوە، دەرهێنەر(مایكل رادفۆرد) سیناریۆی سینەمایی بۆ دەقەكە نوسییووە،كە تێیدا رەچاوی سیماو خەسڵەتەكانی زێتر لە چوار سەدەی رابووردووی تێدا تۆمار كردووە،وێڕای ئەوەی چارەسەرێكی گونجاوی بۆ دیالۆگ داناوە،بە شێوەیەك كە وێنە لە هەندێ‌ شوێندا جێگەی دیالۆگ بگرێتەوە،لە هەمان كاتیشدا فەزایێكی باشی بۆ فانتازیای ستاتیكا بە جێ‌ هێشتبوو كە سنووری تەسكی شانۆی تێدا تیپەراِندبێ‌ ..

لە هەشتاكاندا دەرهێنەری شیلی (رۆول رویز) فیلمی ریتشاردی سێیەم- ی شكسپیری نمایش كرد،لە هەمان كاتیشدا(لال بشیلۆش) هەمان شانۆگەری كردە فیلم،بەڵام هەر یەكەو بە تێڕوانینی خۆی،هەردوو فیلم بوونە جێگەی رەزامەندی هەوادارانی سینەما، هەر یەكەو لەو دوو دەرهێنەرە بە شێوەیەژك هەڵسوو كەوتییان لە گەڵ مۆنۆلۆژەكان و دیالۆگەكاندا كردووە، بەڵام زۆربەی راكان وابوون كە (رویز) بە فۆرمێكی ئەزموونگەر لە ئەدا و دیكۆمێنت و ستاتیكا بونیاتێكی وروژێنەری بۆ فیلمەكەدا داڕشتووە.
گەورە ئەكتەری شكسپیری (لۆرانس ئۆلیفیە ) كە رەخنەگران بە سیحری شانۆ لە سینەما ناوی دەبەن،لە چەندین لەو فیلمانە بەشداری كردووە كە لە شانۆگەریەكانی شكسپیر وەرگیراون ، لەوانە:بە تایبەتیش دوای سەركەوتنی لە رۆڵی (رۆمیۆ) ی لە رۆمیۆ جولێت،هاملێت و ئۆتیللۆی و هنری پێنجەمی لە كارە سینەماییە كلاسیكییەكاندا بەرجەستە كردوووە،لۆرانس لە دیارترین ئەو ئەكتەرە مەزنانەیە كە زۆرترین كەسایەتییە شكسپیرییەكانی لە شانۆوە گواستۆتەوە بۆ سینەما، هەمیشە هەوڵی ئەوەی داوە كە زۆر لە شانۆ دوور نە كەوێتەوە،چونكە ئارەزووی ئەوەی نەدەكرد،ئەو زمانە شانۆییە جوانەی شسپیر بكاتە قوربانی سیناریۆو زمانە سینەماییەكە،ئەو شانۆی وەك شانۆ وێنە دەگرت،بە مانا ئەو نەی دەویست كەشو هەوای شانۆیی بگۆڕێت بۆ كەشو هەوایێكی سینەمایی ،هەمیشە داوای ئەوەی لە كامێرامانەكان دەكرد،ئەوە تۆمار بكەن بۆ سینەما كە لە سەر شانۆدا دەیبینن،ناویان لەوفۆرمە تایبەتیە نابوو شانۆ بە سینەما .

هەروەها ئەكتەری ناسراو( مارولك براندۆ) كە رۆلی مارك ئەنتۆنی دیوە ،ریكس هاریسۆن،كەسایەتی قەیسەر لە یۆلیۆس قەیسەردا دەبینێ‌،بە دەیان ئەكتەری جیهانی تر كە چوونەتە نێو كەسایەتیە شانۆییەكانی شكسپیر بەڵام بە سینەما نەك بە شانۆ ..بەڵام مێژووی سینەما زۆر ستایشی ئەكتەرو دەرهێنەری ئینگلیزی (كینس برانا) دەكات لە فیلمی هاملێت،كە ماوەكەی چوار كاتژمێرە،لەو فیلمە نوێیانەش كە بە ستایلێكی حەداسەوی بەرهەم هێنراون فیلمی ماكبێسە،كە (ئەلیزابیس تایلۆر) رۆڵی سەرەكی تێدا بینییووە .
رووسەكان لەو وڵاتانەن كە بایەخێكی زۆریان بە كارەكانی شكسپیر داوە لە سینەمادا ، بەم بۆنەیەشەوە هەفتەی سینەمای شكسپیرییان كردۆتەوە،چەندین فیستیڤاڵی تایبەتییان بۆ ئەنجام داوە ،لەوانە دەرهێنەری رووسی (گریگۆری) مەلیك لیرو هاملێتی پێشكەش كردووە(كیریل سربر) لە فیستیڤاڵی رۆمای سینەمایی بە فیلمی هاملێت خەڵاتی باشترین فیلمی بە دەست هێنا،فیلمەكە چارەسەرێكی سەردەمییانەی بۆ تێكستە شكسپیرییەكەدا كردبوو . رەخنە گری سینەمایی (سەمیر فرید) لە كتێبەكەی دا ( شانۆگەرییەكانی شكسپیر ) پرژاوەتە سەر 27 شانۆگەری شكسپیر كە كراونەتە فیلمی سینەمایی،بە تێرو تەسەلی باسی لەو فیلمانە كردووە كە لە شانۆگەرییەكانی شكسپیر وەرگیراون،كە هاملێت لە پێشەوەیە،ئینجا ماكبێس،رۆمیۆ جولێت،ئۆتیللو،یۆلیۆس قەیسەر،خەونی نیوە شەو، لیر پاشا،ریتشاردی سێیەم، بازرگانی فینیسیا،گەردەلوول،و چەندینی تر .. چ لە رووی فیلمی بێدەنگ چ فیلمی بە دەنگ .

لە هەمان كاتدا سینەما هەر تەنها سوودی لە شكسپیر وەرنەگرتووە بەڵكۆ زۆرێك لە ژیان و بە سەرهاتەكانی شكسپیریشی كردووە بە سینەما ئەوەتا دەرهێنەری ناودار جۆنمادین ساڵی 1998 فیلمی شكسپیری ئاشقی بەرهەم هێنا،كە هەشت خەڵاتی ئۆسكاری بە دەست هێنا،رووداوەكانی فیلمەكە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی شانزەهەم و سەربوردەی ژیانی شكسپیر دەگێڕێتەوە لە سەردەمی لاویدا
فیلمەكە وێڕای دروێنە كردنی خەڵاتەكانی ئۆسكار و دەرچوونی بە باشترین فیلمی ساڵی 1998 لە هەمان كاتیشدا دەسكەوتێكی گەورەی پەنجەرەكانی سینەمای بەدەست هێنا كە بریتی بوو لە 250 ملیۆن دۆلار .
ئەم فیلمە سەر لە نوێ‌ رۆحی شكسپیری زیندوو كردەوە و هەوادارێكی زۆرتری بۆ بەرهەمەكانی شكسپیر هێنا ئاراوە .

Previous
Next
Kurdish