گفتوگۆیه‌كی كراوه له‌گه‌ڵ نوسه‌ر و روناكبیر سمكۆ محه‌مه‌د له‌سه‌ر چه‌مكی ئیستاتیكا-6- ئاماده‌كردنی: عه‌باس جه‌میل جێماو
- سمكۆ محه‌مه‌د: ئیستاتیكا به‌رهه‌می هونه‌ری له‌ده‌ستی رواڵه‌ته ئه‌خلاقییه‌كان ده‌پارێزێ و نایكات به موڵكی تایبه‌ت.
- دۆزینه‌وه‌ی ئیستاتیكا له‌هه‌ر شتێك‌دا، گرێدراوه به‌عه‌قڵه‌وه
ئاماده‌كردنی: عه‌باس جه‌میل جێماو
به‌شی شه‌شه‌م
سمكۆ محه‌مه‌د نووسه‌ر و روناكبیر له‌م چاوپێكه‌وتنه‌یدا ده‌رباره‌ی ئیستاتیكا وه‌كو چه‌مكێكی فیكری و فره مانا، تیشك ده‌خاته سه‌ر ئه‌و نهێنیانه‌ی كه به چاوی ئاسایی نابینرێن و هه‌روه‌ها له‌كوێدا ئیشی پێ ده‌كرێت.
پێی وایه ئیستاتیكا ئه‌و بینینه‌یه كه له‌رێگه‌یه‌كی زانستییه‌وه ته‌ماشای شته‌كان و بوونه‌وه‌ره‌كان ده‌كات و وێنایان ده‌كاته‌وه به‌ستایلێكی هونه‌ری كه وه‌رگر سه‌ره‌تاكه‌ی ناناسێته‌وه، چونكه له واقیعدا ئه‌و ماتریاڵه یان ئه‌و دیارده‌یه شتێكی دیكه بووه، ئه‌م بینینه له‌ژێر كاریگه‌ری ئه‌و وته و توانایه به‌رهه‌مدێت، كه وه‌كو مه‌عریفه له‌به‌رده‌ستدایه، بابه‌تی جوانیش بۆ ئینسان ته‌نها ئه‌وه نییه كه ده‌توانێ له‌نێوان هێزه‌كاندا باڵانس بكات كه هه‌ردووكیان ده‌ركه‌وته‌ی جه‌سته‌ن، چونكه هه‌موو شتێك پێویستی به باڵانس بێت، ئیستاتیكا پێویستی نییه، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی راهێنانی به‌رده‌وامی جه‌سته‌یه له‌ژێر كاریگه‌ری خه‌یاڵ بۆ شته‌كان و ده‌وروپشت و پێدراوه‌كانی ژیان، به‌تایبه‌تی ئه‌و جیاوازییه‌ی له‌نێوان نێر و مێ دا هه‌یه، چه‌ند خۆرسكه ئه‌وه‌نده جوانه.
ده‌قی گفتوگۆكه
پرسیار: به‌و پێیه‌ی ئیستاتیكا چه‌مكێكی زانستی فره مانایه و به‌ر له‌وه‌ی زاراوه‌یه‌ك بێت، فه‌لسه‌فه‌یه‌كه بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و نهێنییانه‌ی كه به‌چاوی ئاسایی و به‌بێ هوشیاری نابینرێن له سرووشتدا، چونكه هه‌موو ماناكانی جوانی پێكهوهنین و هه‌ر یه‌ك له‌وانه له سیاقی خۆیدا جێگه‌ی ده‌بێته‌وه، له‌مڕوانگه‌یه‌وه ئێوه چۆن ده‌ڕواننه ئه‌م چه‌مكه و له‌كوێدا پراكتیك ده‌كرێ؟
سمكۆ محه‌مه‌د: لهپێناسهكهوه ده‌ستپێده‌كه‌ین كه به‌مانای جوانی دێت یان جوانیناسی، مێژووه‌كه‌شی ئه‌م چه‌مكه له سه‌رده‌می هاتنه كایه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی یۆنانییه‌وه سه‌ریهه‌ڵداوه كه ئه‌فڵاتون له‌نێو عه‌قڵدا به‌دوای فكری جوانی و له‌نێو بوونیشدا بۆ بزواندنی هه‌سته‌كان ده‌گه‌ڕا، ئه‌رستۆ ئه‌م بیركردنه‌وه‌یه‌ی له ئهپستراكتهوه گواسته‌وه بۆ هونه‌ره جوانه‌كان، وه‌كو جۆرێك جوانی كه له‌سرووشتدا هه‌یه و یه‌كسان نابن به‌یه‌ك، هه‌روه‌ها لۆژیكی خه‌یاڵی هونه‌ری له‌به‌رامبه‌ر ئیدراكی هه‌سته‌كی راگرت كه له‌رێگه‌ی ئه‌زموونه‌وه هاتووه، هه‌ر ئه‌م ده‌ستاوده‌ست كردنه جوانی گواسته‌وه بۆ زانست و ئه‌ده‌ب و گوتار كه ناوی نرا ئیستاتیكا، زۆر بیرمه‌ند له‌سه‌ر ئه‌م تێرمه قسه‌یان كردووه، هیگڵ پێیوایه كه جوانی له‌هه‌موو شوێنێك هه‌یه‌و به‌رده‌وام رووبه‌ڕوویان ده‌بینه‌وه، به‌و پێیه بێت هونه‌ر ئه‌وكاته ده‌ستپێده‌كات كه لاسایی كردنه‌وه كۆتایی پێدێت، هونه‌ری فۆتۆگرافی یان ته‌لارسازی كه شوێنێكی نیشته‌جێبوون باوی نامێنێت، ئه‌گه‌ر جێده‌ستی ئینسانی لێ وه‌ربگرینه‌وه، به‌ڵام من تێڕوانینه‌كه‌ی (هێربرد رێد) م له‌لا په‌سه‌نده كه له‌كتێبی (المعنی الفن)، جوانی وه‌كو یه‌كه‌یه‌كی په‌یوه‌ندییه‌كان ده‌بینێ له‌نێوان شته‌كان، ئه‌وانه‌ش كه دركیان پێده‌كه‌ین له‌رووی ههستهوهریهوهیه، ئه‌وه‌ش كه په‌یوه‌ندیی بهسرووشتهوه هه‌یه، خۆی مانایه‌كی ئیستاتیكییه، به‌ڵام ئینسان پایه‌یه‌كی هونه‌ری پێده‌به‌خشێت، بۆ ئه‌وه‌یه له‌گه‌ڵ خۆڕسكی خۆیدا دایبڕێنێت، له‌كوێدا و له‌چه‌ند بواردا پراكتیك ده‌كرێ، ئه‌مه‌یان فهلسهفهكهیه هونه‌رمه‌ند یان ئه‌دیب چۆن كار له‌سه‌ر ئه‌و لایه‌نه‌ی كرده‌كه ده‌كات، من پێموایه هیچ كرده‌یه‌كی ئه‌ده‌بی و هونه‌ری و جه‌سته‌یی و ته‌نانه‌ت مێژووییش نییه به‌بێ ئیستاتیكای كه‌لێنی تیانهكهوێت، بۆیه ناتوانین به‌بێ ئیستاتیكا مانا بۆ هیچ تێكست یان هیچ كرده‌یه‌كی هونه‌ری دابنێین.
پرسیار: ئێستا بواری قسه‌كردنمان ده‌گوازینه‌وه بۆ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی، كه له‌نێوان چۆنایه‌تی و چه‌ندایه‌تی هه‌یه، ئه‌م چه‌مكه له‌عه‌قڵه‌وه بۆ عه‌فه‌ویه‌تی ماناكه ده‌گوازێته‌وه، هه‌روه‌ها له‌سرووشت و خۆڕسكه‌وه بۆ هونه‌ر و كرده هونه‌رییه‌كان، ئایا به‌بێ كه‌ره‌سته‌كانی به‌رده‌ست، ئێمه چۆن ده‌توانین قسه له‌سه‌ر ئه‌و جیاوازییه بكه‌ین؟.
سمكۆ محه‌مه‌د: یه‌كێك له ماناكانی جوانی بۆچوون نییه له باره‌ی ماتریاڵێك، یان كه‌ره‌سته‌كانی نێو سرووشت به‌پێی چه‌ندایه‌تی، به‌ڵكو ئیستاتیكا خۆی مانای چۆنایه‌تی شته‌كانه، ئه‌م تێرمه سه‌ر به ئهپستمێكی فه‌لسه‌فییه كه له‌به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی و هونه‌ری و سرووشتیدا زیاتر ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌وه‌ی كه مرۆڤ چێژی لێوه‌رده‌گرێت، پێی ده‌ڵێن چێژوه‌رگرتن، هه‌ر وه‌كو ریمۆن باییر له‌كتێبی (تجلی الجمیل) هانز جیۆرج گادامیر پێیوایه ئیستاتیكا سه‌ر به‌زانستی چۆنایه‌تی یه، واته ئه‌پستمییه، ئه‌گه‌ر له زانست‌دا چه‌ندایه‌تی هه‌بێت، ئه‌وا بۆ ئیستاتیكا چۆنایه‌تییه و تایپێكی خودێتیشی پێوه ده‌رده‌كه‌وێت كه ره‌نگدانه‌وه‌ی به‌سه‌ر خوددا ده‌بێت، هاوكێشه‌كه كه‌مێك قورسه بۆیه پێویستی به سه‌لماندنه، ئێمه له‌نێوان عه‌قڵ و سرووستی پشت عه‌قڵ قسه ده‌كه‌ین، لێره‌وه باسه‌كه بۆ میتافیزیكا ئاراسته وه‌رده‌گرێت، به‌ومانایه‌ی له‌پشت سرووشته‌وه قسه له‌سه‌ر ئه‌و شتانه ده‌كه‌ین كه جوانن، یان جوانیان تێدا ده‌دۆزینه‌وه، به‌ڵام به‌عه‌قڵ نه‌ك به‌خۆڕسك، مه‌به‌سته‌كه‌ش ئه‌وه‌یه كه چه‌ندایه‌تی گواستنه‌وه‌ی ماتریاله له‌جه‌سته‌یه‌كی بێ روحهوه بۆ روحێكی زیندوو.
بۆ نموونه ئێمه له‌بینینی هه‌ر شتێك‌دا فۆڕمێك ده‌بینین كه بۆمان ناكرێت به ماتریاڵ، به‌ڵام لێره‌دا زه‌مه‌ن حوكم ده‌كات بۆ ره‌سه‌نایه‌تی، نه‌ك گواستنه‌وه و ده‌ستكاری كردن و نوێكردنه‌وه‌ی ماتریالهكه، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی له بازاڕی ئه‌نتیك هه‌یه و به‌ماتریاڵی جوان ناسراوه و گه‌شتیاره‌كان وێنه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌گرن، ئێمه ده‌بێت له‌نێوان كرده سرووشتییه‌كان و پارچه كلاسیكییه‌كان جیاوازی بكه‌ین، شاخێك كه وێنه‌ی پیاوێكی پیری كوڕی زه‌مانه‌ی وه‌رگرتووه، دارێك له چه‌شنی ژنێكی سه‌ماكه‌ر خۆی ئاڵاندووه به دارێكی دیكه‌وه، به‌ردێك كه له‌شێوه‌ی ماسی یان ئاژه‌ڵێك دێته به‌رچاو، ته‌داره‌كی ژنان له كل و كلدان و جوانكاریی جل و به‌رگ و هتد له كه‌له‌پورێكی دیاریكراودا هه‌یه، جیاوازه له‌و پارچه‌یه‌ی كه له‌رێگه‌ی كنه و پشكینینهوه ده‌دۆزرێته‌وه و له پێشانگا، یان مۆزه‌یه‌ك نمایشی ده‌كه‌ین، هه‌موو ئه‌مانه پێمان ده‌ڵێن ئیستاتیكای ده‌ستكاری كرا‌و كه له‌رێگه‌ی عه‌قڵه‌وه گواستراوه‌ته‌وه بۆ جه‌سته‌یه‌كی ماتریاڵی، ئه‌مه چه‌ندایه‌تییه بۆ چۆنایه‌تی.
پرسیار: باشه قسه‌یه‌ك هه‌یه كه ئیستاتیكا ته‌نها له‌سرووشت و له‌هونه‌ردا نییه، به‌ڵكو له‌ده‌قی ئه‌ده‌بیشدا هه‌یه، چونكه نووسین خه‌یاڵێكی هونه‌رییه و په‌یوه‌ندییه‌كی هاڕمۆنی هه‌یه له‌گه‌ڵ جه‌سته‌ی هونه‌ریدا، كه به‌شێكیشه له‌ئه‌ركی زمان، ئایا زمان ئه‌و فاكته‌ره‌یه بتوانێ ئیستاتیكا بخوڵقێنێ؟.
سمكۆ محه‌مه‌د: له‌گه‌ڵ بیستن و خوێندنه‌وه‌ی هه‌ر تێكستی جوان و جوانییه‌ك له تێكستدا كه خوێنه‌ری جددی هه‌ستی پێده‌كات، په‌یوه‌ندیی ره‌سه‌نایه‌تی و موڵكییه‌ت ده‌بینین له‌زمانێكی بێ روحهوه بۆ زمانێكی زیندوو، چونكه ئه‌ده‌ب یه‌كێكه له هۆكاره‌كانی به‌ده‌ستهێنان و دۆزینه‌وه‌ی جوانیی له‌نێو زماندا، ئه‌و كاته‌ی كه شیعره‌كانی سۆفۆكلیس و مه‌زمووره‌كانی داوود پێغه‌مبه‌ر و تێكسته‌كانی شكسپیر ده‌خوێنینه‌وه ئه‌و كاته‌ی رۆمانه‌كانی دایستۆفسكی و دانتی و هتد. ئه‌وكاته‌ی كه (ئاڕنۆڵد توینبی) وه‌كو ئه‌فسانه ناسێك ده‌خوێنینه‌وه، ده‌بینین چۆن ده‌ڕوانێته لاماسۆ و بۆڕاق و كه‌ویاری زه‌رده‌شتی و كائینه ئه‌فسانه‌ییه‌كانی ژاپۆن و هیندستان و هتد، له‌وێوه تێده‌گه‌ین كه ئیستاتیكا ته‌نها له فۆڕمێكی بێ زمان دا نییه، به‌ڵكو له شته ووردو بچووكهكاندایه وه‌كو گاستۆن باشلا‌ر باسی ده‌كات، ئه‌و ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر پرسیارم ئاراسته بكه‌ن بۆ ده‌ستنیشانكردنی سووده سه‌ره‌كییه‌كانی خان‌و یان ماڵ، (بێگومان له‌لای من ماڵ پارێزه‌رێكه بۆ زیندهخهونهكانم، ماڵ كه‌سانی خه‌یاڵ پڵاو ده‌پارێزن، بوار بۆ مرۆڤ ده‌كاته‌وه به هێمنی و به‌بێ ترس بخه‌وێت، رووداوێكی بچووك له كاتی منداڵی و له‌جیهانی هه‌ر منداڵێكدا، رووداوی جیهانیی منداڵه‌كه‌یه) بۆ نموونه وه‌كو ماڵۆچكه‌ی منداڵان كاتێك گه‌مه‌ی تێداكه‌ن و خۆیانی تێدا حه‌شارده‌ده‌ن و دواتر خۆیانی تێدا ده‌دۆزنه‌وه و موڵكییه‌تی بۆ درووست ده‌كه‌ن، ئه‌و تۆپ و جل و به‌رگه وه‌رزشییه‌ی كه منداڵی هه‌ژار له‌زه‌مه‌نی خۆیدا ناتوانن به‌ده‌ستی بهێنین و گه‌مه‌ی پێبكه‌ین و خه‌ونه‌كانیان پێتهدی، ئه‌و مه‌له‌وانگانه‌ی كه به‌خه‌یاڵ وێنا ده‌كرێت و له‌بری ئه‌وه پاشماوه‌ی ئاوی زستان به‌كارهاتووه، هه‌موو ئه‌مانه یاده‌وه‌ریه‌كی جوانن و له‌زماندا وێنا ده‌كرێته‌وه، من بۆ خۆم نموونه‌ی منداڵانی كه‌ركوك و به‌كارهێنانی رووباری ئاوی خاسه‌ی كه‌ركوكم هه‌یه، كه به‌نیسبه‌ت منداڵانی هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو به‌بیر خۆمی ده‌هێنمه‌وه بۆ نووسن یان بۆ نۆستالیژیا و یاده‌وه‌رییه‌كی مه‌زنی منداڵی، دوای ئه‌وه‌ش راوی ریشۆڵه و مه‌له‌وانی كاتی پشووی قوتابخانه و شه‌ڕی گه‌ڕه‌ك و هتد، یان ئه‌و گۆشه نادیارانه‌ی ژیانی ماڵی بچووك و به‌رته‌سك به‌تایبه‌تی ماڵی كوردی كه هیچ ئازادییه‌كی تاكی تێدا نه‌بووه به‌درێژایی ژیانیان، هه‌موو ئه‌مانه تێكستن به‌ڵام نووسینه‌وه‌یان ده‌وێت، رۆلان بارت له كتێبی چێژی ده‌ق، باسی ئه‌و ستایله نووسینه ده‌كات، هه‌مان ئه‌و فه‌زایه‌یه به‌ڵام وه‌ڵامێكی ئه‌پستیمی ده‌داته‌وه، چونكه هیچ ده‌قێكی جوان نییه به‌بێ ئه‌وه‌ی مه‌عریفه‌ی له‌پشته‌وه بێت.
ئیستاتیكا ئه‌و بینینه‌یه كه له‌رێگه‌یه‌كی زانستییه‌وه ته‌ماشای شته‌كان و بوونه‌وه‌ره‌كان ده‌كات و وێنایان ده‌كاته‌وه به‌ستایلێكی هونه‌ری كه وه‌رگر سه‌ره‌تاكه‌ی ناناسێته‌وه، چونكه له واقیعدا ئه‌و ماتریاڵه یان ئه‌و دیارده‌یه شتێكی دیكه‌بووه، ئه‌م بینیینه له‌ژێر كاریگه‌ری ئه‌و وته و توانایه به‌رهه‌مدێت كه له‌به‌رده‌ستدایه، بابه‌تی جوانیش بۆ ئینسان ته‌نها ئه‌وه نییه كه ده‌توانێ له‌نێوان هێزه‌كاندا باڵانس بكات كه هه‌ردووكیان ده‌ركه‌وته‌ی جه‌سته‌ن، به‌ڵكو راهێنانی به‌رده‌وامی جه‌سته‌یه له‌ژێر كاریگه‌ری خه‌یاڵ بۆ شته‌كان و ده‌وروپشت و پێدراوه‌كانی ژیان، به‌تایبه‌تی ئه‌و جیاوازییه‌ی له‌نێوان نێر و مێ دا هه‌یه، كه دواجار له‌رێگه‌ی خه‌یاڵه‌وه بۆ ئه‌و بابه‌تانه ده‌بێته هۆكار بۆ هه‌ڵچوونی ده‌روونی، له كاتێكدا خه‌یاڵ خۆی به‌شێكه له ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌ڵچوونی ده‌روونی، به‌تایبه‌تی ئه‌وه‌ی كه له‌ژێر كاریگه‌ری بیركردنه‌وه‌دایه، ئه‌و فكره‌یه‌ی كه به‌رهه‌می موماره‌سه‌ی واقیعی ژیانی ئینسانه، سابا ئه‌و فكره فانتازی بێت، یان بریتی بێت له سرووشتی ئینسان، وه‌كو به‌شێك له ئه‌خلاق و ئه‌زموون كه له‌رابردوودا ئینسان كردوویه‌تی به نه‌ریت و به‌رده‌وامیشه له‌و نه‌ریته و له‌رێگه‌یه‌وه هه‌م جوانی كردووه به به‌هانه و ئه‌رگومێنت،
پرسیار: بۆچوونێكی سه‌لمێنراو هه‌یه كه تێگه‌یشتنی (مارسیل برۆسته) و هه‌ستاوه به په‌یوه‌ندیی نێوان ئه‌ده‌ب و هونه‌ری وێنه‌گرتن له لایه‌ك و ئه‌ده‌ب و مۆزیكیش له‌لایه‌كی تر، ئه‌و پێیوایه كه تێڕوانینی هونه‌ری تێڕوانینی شۆڕشگێڕانه‌یه و ته‌نها له‌لای به‌شێكی كه‌م له داهێنه‌رانی سه‌ده‌ی بیست دۆزراوه‌ته‌وه، ئه‌مه وه‌كو نمونه‌یه‌ك، هه‌ر له‌مڕوانگه‌یه‌وه مه‌به‌ستمه بپرسم ئایا تێڕوانینه‌كان بۆ دۆخه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه چۆن ده‌بینی، ئایا ئیستاتیكا كاریگه‌ری به‌بارته‌قای شۆڕش هه‌بووه؟
سمكۆ محه‌مه‌د: راسته چه‌ند تیۆریه‌كی جیاواز هه‌یه له‌سه‌ر ئیستاتیكا، له‌وانه‌ش تیۆری هیگڵ و كانت و كرۆچه و باشلا‌ر و هتد، به‌ڵام ئه‌وه‌ی مارسیل پرۆست ئیستاتیكای وه‌كو شۆڕش ته‌ماشا كردووه، ئه‌و پێیوایه شۆڕشی جوان و ناشیرن وه‌كو نیگه‌تیڤ و پۆزه‌تیڤ وایه، یه‌كێك له‌و تێڕوانینانهكانی ئه‌وه‌یه كه بڕوای به نموونه‌ی په‌یوه‌ندیی جوانی و هونه‌ری جوانیبینییه، هه‌روه‌ها ئاسانكاری بۆ ئه‌و پێشكه‌وتنه كردووه له نێوان هونه‌ر و ئه‌ده‌ب و فۆتۆگراف هه‌یه له‌لایه‌ك، له‌نێوان ئه‌ده‌ب و مۆزیك له‌لایه‌كی تره‌وه، ئه‌م تێڕوانینه شۆڕشگێڕانه‌یه، جگه له داهێنه‌رانی سه‌ده‌ی بیست به‌ولاوه، پێشتر هه‌ستی پێنه‌كرابوو، بۆیه لێره‌دا سه‌ربه‌خۆیی هونه‌ر ده‌بینین و ئه‌و یه‌كێتیه ده‌بینین كه له‌نێوان هونه‌ری شێوه‌كاری و گوتار و نووسیندا هه‌یه، ئه‌و شتانه‌ش كه جوانیان تیدایه و هێشتا ئاشكرا نه‌كراوه، ورده‌كاری و تێگه‌ی تێڕامانه فكرییهكانه كه له‌سرووشته‌وه بووه به سه‌نعه‌ت هه‌ر وه‌ك ئه‌وه‌ی له خه‌یاڵی شیعریدا هه‌یه كه زۆر جار وه‌زیفه‌ی شۆڕش ده‌بینێ.
هه‌ر له‌م سۆنگه‌یه‌وه كه باسی شۆڕشگێڕیم كرد، من پێموایه كاریگه‌ری ئیدیۆلۆژیا هه‌یه به‌سه‌ر ئیستاتیكاوه كه كه‌متر له مه‌سه‌له‌ی هونه‌ردا باسكراوه، هه‌ڵویستی هونه‌ر كه هونه‌رێكی چینایه‌تییه یان هوڵوێستێكه له ململانێی بازنه‌یی له‌م چه‌رخه‌دا، كه له‌نێوان چینی حاكم له هێزی به‌رهه‌مهێنان و چینه ناڕازییه‌كان له‌لایه‌ك هه‌یه، هه‌روه‌ها دیارده‌ی كۆمه‌ڵگه له نێوه‌خنی كۆمه‌ڵگا كه ره‌نگدانه‌وه‌ی خودی كاری هونه‌رییه. له راستیدا ئه‌مه به‌شێكی مه‌سه‌له‌ی ئه‌خلاقی هونه‌رییه جا له رووی شۆڕشی پرۆلیتاریاوه بێت، یان ئه‌و مێژووه بێت كه به‌های ره‌خنه له حوكمڕانی، گوتارێكی ئیستاتیكییه.
ئه‌م تێگه‌یشتنه‌ی پرۆست له‌وێوه سه‌رچاوه‌ی گرتووه كه هونه‌رمه‌ند و بیرمه‌ند و داهێنه‌رانی رابردوو به چاوێكی ته‌واو شۆڕشه‌وه ته‌ماشای نوێخوازی و رووبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ئیشكالیاته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیشیان ده‌كرد، نموونه‌ی ره‌وتی سوریالی و دادائیزم و بزووتنه‌وه‌ی رێنسانس تاده‌گاته تێزه‌كه‌ی هێربرت ماركیۆز و شۆڕشی 1968 خوێندكاران و شۆڕشی رۆشنبیری سه‌ر شه‌قامی سارته‌ر بۆ پاڵپشتیكردنی شۆڕشی كرێكاران كه لهتێزهكهی ماركسه‌وه هاتووه، به‌شێك له‌و داهێنانه‌ی كه له سه‌ده‌كانی پێشوو بینیمان، هه‌موو ئه‌وانه شۆڕش بوون به‌سه‌ر تێڕوانینی كلاسیكی و سه‌پاندنی شێوازی ژیان به‌بێ جوانی، بۆیه له زۆر شوێنیش‌دا ئه‌م بابه‌ته داهێنه‌ری له‌سه‌ر تیرۆر كراوه كه نموونه‌ی گالیلۆ و كۆپه‌رنیكۆس بوون، چونكه كاری بلیمه‌تی و داهێنه‌ر، كاری تێپه‌ڕاندنی گرێ و گۆڵ و كێشه‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو بووه، له‌كاتێكدا بینه‌ر و چاودێكهری هونه‌ر له‌كاتی خۆیدا بڕوای به شێوه‌ی داهێنانی نوێ نه‌بوو، ته‌نها ئه‌و كاته نه‌بێت كه سه‌رده‌مێك و زه‌مه‌نێك به‌سه‌ر كاره‌كه‌دا تێده‌په‌ڕی و نوستالیژیایهك بۆ ئازادی كاركردن له‌به‌رچاو گیرا، به‌شێك له چه‌مكی داهێنانیش شێوه‌یه‌كه له نۆستالیژیای كار كه له‌نێو شۆڕشی كۆمه‌ڵایه‌تیدا هه‌ستی پێده‌كرێت، له‌كاتێكدا هه‌ر ئه‌و نوستالیژیایه بۆ ئازادی كار دواجار ده‌بێته مایه‌ی مه‌ترسی بۆ سه‌ر ژیانی داهێنه‌ر و جوانناس، چێژی كاریش هه‌روه‌ك ئه‌وه‌یه كه له فۆڕمه مێژووییه‌كه‌یدا دیاره، له‌كاتێكدا له‌نێو جه‌وهه‌ری كاردا كه له‌ڕووی مێژووییه‌وه سه‌پاندنی زۆره‌ملێ یی بوو له‌لایه‌ن ستهمكارهكانهوه، گه‌ڕان به‌دوای ئازادی‌دا چێژی كار پێچه‌وانه‌وه‌ی ئازادی كاره، ماركس له‌مباره‌یه‌وه چێژی كاری له ناوه‌ڕۆكی ئیستاتیكی دوورخستۆته‌وه، لێره‌دا پشت به هه‌لومه‌رجی خودی و بابه‌تی ده‌به‌سترێت، چونكه كرێكار لێره‌دا بۆ خۆشی خۆی و بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئیستاتیكا له به‌رهه‌مهێناندا كار ناكات، به‌ڵكو جگه‌له‌وه‌ی كارێك بۆ نه‌مری خۆی ده‌كات، كارێكی ناحه‌زیشی به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنرێت و له‌نێو كاڵادا ده‌بێته كاڵای بازاڕی سیاسه‌تی سه‌رمایه‌داری، خۆ زۆربه‌ی په‌یكه‌ر و دیواربه‌ند و دیزاینی ته‌لاری ئیمبراتۆر و ده‌سه‌ڵاتداره سته‌مكاره‌كان، به‌شێك بوون له‌و كاره ئیستاتیكییانهی سه‌پێنرابوون به‌سه‌ر هونه‌رمه‌نددا. به‌شێك له‌و فۆتۆیانه‌ی كه له‌سه‌ده‌ی رابردوو له‌گۆڤار و رۆژنامه‌كان بڵاوده‌بوونه‌وه، فۆتۆشۆ بوون به‌ستایلی كلاسیكی، دواتر ده‌ركه‌وت كه وێنه ره‌سه‌نه‌كه ئه‌وه نییه، بۆ نموونه من ئه‌لبومێكی گه‌وره‌ی وێنه‌كانی ستالینم بینی كه وێنه ره‌سه‌نه‌كه ترۆتسكی تیابووه، یان ده‌ستكه‌وته‌كه هی ئه‌و بووه، به‌ڵام له‌میدیاكاندا ده‌ستكاری كرابوو بۆ ستالین، ئه‌مه كاری هونه‌ری سه‌پێنراوه كه كاریگه‌ری نیگه‌تیڤی هه‌یه له‌سه‌ر دۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی و ره‌نگه شۆڕش دوابخات بۆ كاتێكی نادیار.
بابه‌تی ئه‌وه‌ش كه مۆزیك به‌شێكی گرینگی ئیستاتیكایه، ده‌بینین سیمفۆنیای سێهه‌می (ئۆریكا) ی بتهۆڤن كه ماڕشێكی جهنائیزی یه، ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه كه بتهۆڤن خۆی جه‌نازه‌ی ئه‌و پاڵه‌وانانه هه‌ڵده‌گرێته‌وه كه له‌جه‌نگدا گیانیان له‌ده‌ستداوه و له‌به‌رده‌م جه‌ماوه‌ردا دایانده‌نێت، بۆیه جیاوازی له‌نێوان مۆزیك و هونه‌ره‌كانی دیكه لێره‌وه ده‌رده‌كه‌وێت، به‌وپێیه‌ی كه مۆزیك هه‌ندێكجار چاره‌سه‌ری كێشه‌ی هونه‌ری گه‌وره‌ی كردووه، یان چاره‌سه‌ری حاڵه‌تی سایكۆلۆژیشی كردووه، هه‌روه‌ك چۆن له هونه‌ری شێوه‌كاریشدا په‌یكه‌ر یان تابلۆیه‌ك مانایه‌كی تایبه‌تمان پێده‌دات، بۆ نموونه تابلۆی جۆرنیكای پیكاسۆ، یان كاتژمێره تواوه‌كه‌ی سلڤادۆر دالی، یان گوڵهبهرۆژهكهی ڤان كوخ و هتد، له نێو كورده‌واریدا هونه‌ری ته‌پڵ و ده‌هۆڵ و زوڕنا وه‌كو هۆكارێك بۆ به‌خته‌وه‌ركردنی چه‌ند چركه‌ساتێكی كۆمه‌ڵگه له نه‌هامه‌تییه‌كانی رابردوو، یان زه‌ماوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی به ته‌پڵ و گۆرانی ئاسایی، به‌تایبه‌تی له بووك گواستنه‌وه و شێوه‌كانی تری خۆشبه‌ختی سووننه‌تی كولتووره كلاسیكییه‌كان، وه‌كو ئه‌و هه‌سته هونه‌رییه وایه كه ئافریقیهكان وه‌ختێك مۆزیكی جاز به‌كاردێنن به هه‌موو تواناكانیانه‌وه چێژی لێده‌بینین، ئه‌م هونه‌ره له‌لای ئه‌وان مانای تایبه‌تی خۆی هه‌یه، كه شێوه‌یه‌كه له به‌رانگاری كردن له دژی ئه‌وانی تر كه دژی هه‌سته هونه‌رییه‌كانی ئه‌وانن، ره‌نگه له‌لای كوردیش هه‌مان مانای هه‌بێت، هه‌روه‌ك چۆن له‌لای لوڕ و كرمانشانی و ماچۆ و شێوه‌زاره كوردییه‌كان كه هه‌میشه ژێر ده‌سته‌ی نه‌ته‌وه و مه‌زهه‌به ده‌سه‌ڵاتداره‌كان بووه، وه‌ختێك مردوویان لێ ده‌مرێت، ئه‌وان له‌به‌رمبه‌ردا به شایی و به هه‌ڵهه‌ڵه و پێكه‌نین و گۆڕانی تایبه‌ت، له‌بری تازیه و ناخوشی ئاهه‌نگ ده‌گێڕن.
جوانی و كرده‌ی جوان، بریتییه له‌و ئه‌زموونه‌ی كه له‌ڕێگه‌ی خه‌یاڵ و ره‌هه‌نده‌كانی دیكه‌ی ناكۆكییه ههستیارییهكانهوه خۆی ده‌نوێنێ، ره‌هه‌ندێك كه به‌رهه‌ست و دیالیكتیكی و ده‌ره‌نجامی لێكسووییه واته (لێكخشاندن) ی دوو جه‌سته‌ی جودایه له‌یه‌كتر، ئه‌مه ره‌هه‌ندێكی دیكه‌ی بینیینه و ئه‌وانی دیكه‌ش موفره‌ده پێویستییه‌كانی سێكس و كرده‌وه ئهخلاقییهكانه له‌كایه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیدا، ئه‌م بابه‌ته خه‌یاڵمان ده‌بات بۆ مایه‌ی فراوانی بینیین بۆ نۆستالیژیا كه به‌شه‌رییه‌ت خدووی پێوه‌گرتووه و به‌و خودووهش ده‌ژی، زۆر كارێكته‌ری ناودار له‌دونیادا ته‌واوی شته‌كان به‌و كایهیهوه ده‌به‌ستنه‌وه كه خۆیان كاریگه‌ر و شاره‌زان، بۆ نموونه فیساگۆرس ئه‌گه‌رچی هه‌موو شتێكی له تێگه‌یشتنی بۆ دونیا له ئه‌ندازه‌ییه‌وه ده‌بینی، به‌ڵام بۆ ئیستاتیكا پێوه‌رێكی فۆتۆیی داناوه، هه‌روه‌ك ئه‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی بۆ كه‌ره‌سته‌ی ماڵ و چێشتخانه دانراوه، به‌ڵام خه‌یاڵ له كونجێكی ماڵدا كه‌متر مه‌ودای هه‌یه به‌قه‌د ئه‌وه‌ی له زانست هه‌یه‌تی.
پرسیار: ئه‌زموونكردنی كار له‌ره‌وتی په‌ره‌سه‌ندندا، یه‌كێكه له هۆكاره‌كانی پێشكه‌وتن و ره‌نگدانه‌وه‌ی به‌سه‌ر عه‌قڵ و گۆڕینی هه‌سته‌كانی مرۆڤ بۆ چێژی ژیان، ئه‌م ئه‌زمونی كاركردنه تا چه‌ند فاكته‌ری نزیكبوونه‌وه‌یه له هونه‌ری كار، به‌و پێیه‌ی مێژوو سه‌لماندویه‌تی به‌رهه‌می كار دیالیكتیكی سروشت و خه‌سڵه‌ت و تێگه‌یشتنی مرۆڤه بۆ شته‌كانی ده‌ورووبه‌ر؟
سمكۆ محه‌مه‌د: ئاره‌زووكردن بۆ ژیانێكی باشتر و له‌بارتر و خۆشتر، ئاره‌زووكردنه له به‌رده‌وامیدان به كار و خۆ ئه‌زموونكردن له‌نێو كه‌ره‌سته خاوه‌كانی سرووشت، بۆ نموونه دۆزینه‌وه و موتوربه‌كردنی میوه و ره‌گه‌زی ماڵات كه سه‌رنجی مرۆڤ به‌لای ژیانی شایسته‌دا ده‌گۆڕێت، ئه‌و چێژه‌یه كه زه‌مینه بۆ گۆڕینی ململانێ له‌نێوان ئینسان و ئینسان به بیانووی ره‌گه‌ز و نه‌ته‌وه و ره‌نگی پێست، ده‌گۆڕێت بۆ ململانێ له‌نێوان مرۆڤ و سرووشت كه عه‌قڵ رێنوێنی كردووه، ئه‌ویش له رێگه‌ی كاری ئازاد و ئازادی كاره‌وه‌یه.
به‌بڕوای تۆماس هۆبز خه‌یاڵ گرێدراوی كۆنتڕۆڵی حوكمێكی عه‌قڵییه، بینینیش قودرهتێكه هاوكاری نووسین ده‌كات كه بیركردنه‌وه ئیعتیباری نوێ و قه‌ناعه‌ت پێكه‌ر به‌رهه‌مدێنێ، به‌ڵام ئه‌مه خۆی له خۆیدا قودره‌تی عه‌قڵی نییه به‌مانا گشتاندنه‌كه‌ی، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی شیعر وه‌كو ده‌قێكی سه‌ربه‌خۆ، ستایلی نووسینه‌وه‌ی ئیدیۆمه به‌زمانێكی ناڕاسته‌وخۆتر له زمانی قسه‌كردنی رۆژانه، چونكه خه‌یاڵ به یاده‌وه‌رییه‌وه گرێدراوه، ئه‌مه‌ش هه‌ده‌فی ئه‌ده‌بیاته له‌نووسینه‌وه‌ی خود به‌مه‌به‌ستی به ئیستاتیكا كردنی قسه.
دیسان دێمه‌وه سه‌ر سرووشت، ئه‌وه‌ی كه له‌په‌یوه‌ند به سرووشته‌وه هه‌یه به‌رامبه‌ر به جوانی و هونه‌ر، وه‌كو دۆزینه‌وه‌ی حاڵه‌تی دووهه‌می جوانی له سرووشتدا، جۆرێكی تری شۆڕشی دیاره به‌سه‌ر نادیاردا، له‌مباره‌یه‌وه (بندیتۆ كرۆچه) كه خاوه‌نی تیۆری مۆدێرنی ئیستاتیكی یه و له‌ژێر كاریگه‌ری هیگڵ بووه، جگه له‌مه‌ش به زه‌عیمی سیاسی لیبرالی ناسراوه، به‌ڵام له‌رووی مه‌عریفییه‌وه بۆ ئیستاتیكا، ئه‌و ره‌خنه‌ی له‌وه‌ش گرتووه كه مه‌عریفه وه‌كو حدس تاك له وێنه‌یه‌كی ههستهكیدایه، به‌ده‌لیلی عه‌قلانی دووری ده‌خاته‌وه، له‌بری ئه‌وه‌ش تاك ده‌خاته ژێر كاریگه‌ری كۆمه‌ڵگه‌وه، له‌رووی ئه‌خلاقیشه‌وه بڕوای به‌وه هه‌بوو كه مه‌سه‌له كۆمه‌ڵایه‌تییه سرووشتیه چینایه‌تییه‌كان بشارێته‌وه، چونكه له پشت میتافیزیكاوه ئایدیایه‌ك هه‌یه كه ره‌نگه ئیستاتیكا بزربكات و فۆڕمێكی لێڵ و نادیاری پێبدات، به‌ڵام هونه‌ر خۆی ئامانجێكی ئیتساتیكی پێشكه‌ش ده‌كات، ئه‌و له‌وێدا هونه‌ر و جوانی وه‌كو سامانی خه‌یاڵ ده‌بینێ، له‌شوێنێكی دیكه‌دا بڕوای وایه كه ئینسان ته‌نها به‌ده‌ستی جوانی وێنا ناكاته‌وه كه مه‌به‌ست له كرده‌یه، به‌ڵكو به‌خه‌یاڵ وێنای ده‌كاته‌وه، له‌حاڵێكدا كه ئینسان به‌ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ شته‌كانی ده‌وروبه‌ری خۆیدا ناژی، به‌ڵكو به‌ناڕاسته‌وخۆ مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ سیمبوله‌كاندا ده‌كات، بۆ نموونه ئه‌فسانه و ئایین و زمان وه‌كو تۆڕێك له‌ده‌وری ئینسان ده‌ئاڵێن و به‌ناچار ده‌بێت به كارپێكه‌ری ئه‌و شتانه‌ی ویسته‌كان و غه‌ریزه‌كان دیاری ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌مه‌ش هه‌ر ئه‌وه شته‌كان و كائینه ترسناك و شه‌ڕانگێزه‌كان و دڕه‌نده‌كان نیین ده‌بنه مایه‌ی ترس بۆ ئینسان، به‌ڵكو ئه‌و فكر و بۆچوونانه‌ی ئینسانن له‌باره‌ی شته‌كانه‌وه ترس به‌رهه‌مدێنن، بۆیه ئینسان توانای به‌سه‌ر سیمبوله‌كاندا شكاوه و خۆی كردووه به سه‌نته‌ری عه‌قڵ، چونكه عه‌قڵی به‌كارهێناوه و خۆی جیاكردۆته‌وه له سرووشت، بیرمه‌ندێكی ئامریكی هه‌یه به‌ناوی (ستیفان كۆبرن) پێیوایه ئیستاتیكا گه‌ڕانه به‌دوای یاساكانی چێژوه‌رگرتن له جوانی، ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه په‌یوه‌ستن به شته‌كانه‌وه جوانن، ئه‌وانی دیكه ئیستاتیكی نیین ته‌نها خۆشمان ده‌وێن وه‌كو هۆكارێك بۆ دۆزینه‌وه‌ی جوانی له شته‌كانی تردا كه ره‌نگه خۆشویستنهكه كاتی بێت و له‌شوێنێكدا بووه‌ستێت، وه‌كو خۆشویستن بۆ په‌یكه‌ری خوداكانی سه‌ر زه‌وی، سیمبولی نێو ئه‌فسانه‌كان كه ئینسان له‌سه‌ر شێوه‌ی خۆی به‌رهه‌میهێناون، ئه‌وان دیكه‌ش كه چێژی تایبه‌ت ده‌به‌خشن.
پرسیار: وه‌ك ده‌بینین زۆر له ده‌قه ئه‌ده‌بیه‌كان جۆرێك له جوانی به‌رجه‌سته ده‌بێت، نموونه‌ی به‌رگریكردن له چینێك یان سه‌رخستنی كارێكته‌رێك له كێڵگه‌وه بۆ مه‌زنایه‌تی، له‌به‌رامبه‌ردا جوانییه‌ك له ده‌ره‌وه‌ی ئیراده‌ی ئینسان، روئیای ئێوه بۆ ئه‌و دوو ره‌هه‌نده چیه، ئایا جوانیناسی ناچێته قاڵبی كێشه فكرییه‌كانه‌وه؟ چونكه چاره‌سه‌ری ئه‌م بابه‌ته ته‌نها له چاودا كۆناكرێته‌وه و یه‌كلایی نابێته‌وه؟.
سمكۆ محه‌مه‌د: ده‌بێ ئێمه ئه‌و جوانییه بدۆزێنه‌وه كه چۆن بارگاوی بووه به عه‌قڵه‌وه كه له‌پرسیاری پێشتووتر وڵامم پێدایه‌وه، نه‌ك جوانییه‌ك له‌فۆڕمدا له‌ده‌ره‌وه‌ی عه‌قڵ، ئه‌مانوئێل كانت له‌چه‌ند ههڵقهیهكدا و به‌چه‌ند شێوه‌یه‌ك چاره‌سه‌ری كێشه‌ی جوانی كردووه كه له‌چوارچێوه‌ی عه‌قڵی ئینسانی‌دا بووه، به‌تایبه‌تی له كتێبی (ره‌خنه له‌عه‌قڵی په‌تی)، ره‌خنه‌ی میتۆدی به‌كارهێناوه و دواتریش ره‌خنه له عه‌قلی پراكتیكی ده‌گرێت، ئه‌و وه‌كو فه‌یله‌سوفێكی مۆدێرن كه بڕوای به ئه‌زموونگه‌ری خود هه‌بووه، له كتێبه به‌ناوبانگه‌كه‌یدا له‌ژێر عێنوانی (نقد ملكه الحكم) ئه‌وه‌نده‌ی باسی حوكمی ده‌ركراوی جوانی له خودی سرووشتیدا یان له‌سه‌ر كاری هونه‌ری كردووه و به‌ئه‌خلاقه‌وه گرێیداوه كه له‌لای ئه‌و وشه‌ی ئه‌خلاقی جوانی یه kalon، ئه‌وه‌نده باسی هه‌قیقه‌تی نه‌كردووه كه به‌شێكه له‌فه‌لسه‌فه، (كانت) حوكمی به‌سه‌ر دوو به‌شدا كردووه و له‌رێگه‌ی پێناسهكردنییهوه دابه‌شیكردووه، له‌وێشه‌وه باس له لێكۆڵینه‌وه‌ی گشتی و حوكمی تێڕامانی كردووه، ئه‌وه‌نده باسی هه‌ر ئه‌و حوكمهشه بۆ جوانی هه‌یه‌تی كه گرێدراوی خود و بابه‌ته، چونكه هیچ بابه‌تێك نییه په‌یوه‌ندیی به خوده‌وه نه‌بێت مه‌گه‌ر خودێك هه‌ڵگری ئه‌و ئه‌خلاق و خه‌یاڵ و چێژه‌وه نه‌بێت كه بابه‌ت خوڵقاندوویه‌تی، ره‌نگه چێژوه‌رگرتن له جوانی به‌شێك بێت له نامۆبوون كه تا ئیسَتا ئێمه له ژێر كاریگه‌ری فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌خلاقی جوانیداین.
ماركس له كتێبی سه‌رمایه‌دا و له‌به‌شی یه‌كه‌م باس له‌وه ده‌كات كه كاری جوانترین ته‌لارساز له كاری كارامه‌ترین بوونه‌وه‌ر كه هه‌نگه‌كان كه‌نوو دروستده‌كه‌ن بۆ خۆ به‌رهه‌مهێنانه‌وه، كاری تهلارسازهكه له ته‌ونی جانجاڵۆكه جواتره، چونكه ته‌لارسازێك به‌ر له‌وه‌ی ده‌ست به‌كاره‌كه بكات، بیر له‌وه ده‌كاته چۆن فۆڕمێك به ته‌لاره‌كه بدات، به‌ڵام ئه‌مه دواجار به‌رهه‌می ده‌ستی كرێكاره به‌ر له‌وه‌ی به‌رهه‌می تهلارسازهكه بێت، ئه‌م تێگه‌یشتنه له‌نێوان هه‌نگ و جانجاڵۆكه وه‌كو كائیناتی به‌شه‌ری سرووشتی و كاری ته‌لارساز وه‌كو دیزاین كاری شار و ده‌وڵه‌ت و رازاندنه‌وه‌ی سیستم، لهجوانیناسییهوه سه‌رچاوه‌ی گرتووه كه دواجار خه‌یاڵ به‌رهه‌می ده‌هێنێت، كێشه‌ی هه‌ره گه‌وره‌ی فه‌لسه‌فه‌ی ئیستاتیكا ئایدیای نه‌گۆڕه كه مه‌به‌ست له ئایینه.
ده‌بێ له‌وێوه ده‌ستپێبكه‌ین كه جوانی ئاكتێكی سروشتییه، ئه‌و ئاكتهی ئه‌گه‌ر چاوێكی هۆشیاری له پشته‌وه نه‌بێت ناتوانرێت ببینرێت، واته جوانی ناپێورێت، چونكه ئه‌زموونێك له رێگه‌ی چه‌مكه‌وه ده‌ركی پێناكرێت و پێناسه ناكرێت، بۆیه خۆپاراستن له له چهمكسازی واته ئه‌خلاقێك كه عه‌قڵ مه‌به‌ستێتی هانده‌ری بینین بێت بۆ چاو، ئه‌مه به‌شێكه له تێڕوانینی چاوی هۆشیار بۆ سرووشت و كه‌ره‌سته‌كانی داهێنان.
لێره‌دا مه‌ودایه‌كی كاتی هه‌یه كه پێی ده‌گوترێت (بدیعی) واته كاری داهێنه‌رانه، ئه‌م تێگه‌یه له‌لای هه‌ندێك به تێڕوانینی شه‌یتانی ناوده‌برێت، چونكه خزانی شتی بچووك واته دونیای شته بچووكه‌كان بۆ نێو ده‌قێكی گه‌وره و باڵا، واته (الادب الرفیع) وه‌كو عه‌لی ئه‌لوه‌ردی كۆمه‌ڵناسی عێڕاقی ده‌ڵێ (هه‌موو ده‌قێكی باڵا زیاتر له تێڕامانێكی گه‌ره‌كه وه‌كو ئه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی یۆنانی و جاهیلی و ئه‌فسانه‌ی كۆمه‌ڵگه‌كانی وه‌كو هیند وچین و ئیتاڵیا و میسر و ئێران و هه‌موو ده‌وڵه‌ته ره‌سه‌نه‌كان، ره‌نگه هه‌ر ئه‌مه‌ش بێت كه زیاتر له ئه‌فسانه‌یه‌ك له دونیای ئه‌و كۆمه‌ڵگه ره‌سه‌نانه هه‌یه).
گه‌مه‌ی زمان به‌ته‌واوه‌تی به‌شێكی گه‌وره له‌پانتایی ئیستاتیكا داگیرده‌كات، كه‌چی سه‌یر له‌وه‌دایه كه به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بۆچوونانه‌ی سه‌ره‌وه، (فینگشتاین) فه‌یله‌سوفێكی ناسراوی ئه‌م بواره‌یه، پێیوایه زمان پێناسه‌یه‌كی گشتی نییه و لێكیش جیانه‌كراوه‌ته‌وه، ئه‌و ده‌ڵێ (گه‌مه‌ی زمان وه‌كو گه‌مه‌ی كه‌ره‌سته پێویسته‌كانی ژیان وایه، خودی گه‌مه لێره‌دا نموونه‌یه‌كی باشه بۆ به‌كارهێنانی جیاجیاكانی وشه‌یه‌ك، بۆ نموونه باسه‌كه‌ش وه‌كو شه‌تڕه‌نج و زار‌و مار گه‌مه‌یه، به‌ڵام ئێمه ده‌توانین قسه له‌باره‌ی گه‌مه‌یه‌كی سۆسیۆلۆژیا، یان پڕۆژه‌یه‌كی كۆمه‌ڵناسی بكه‌ین، یان بڵێین خه‌ڵك ده‌توانن فریوم بده‌ن، یان به‌پێچه‌وانه‌وه).
ئامانجی جوانیناسی هه‌مان ئه‌و ته‌باییه‌ی هه‌یه به‌ڵام هارمۆنیای تێكسته‌كه ئه‌گه‌ر سرووشت بێت یان كارێكی هونه‌ری، مه‌به‌سته جیاوازه‌كه دیاری ده‌كات، سڕینه‌وه‌ی ناكۆكی نێوان ئه‌و دوو پانتاییه‌ی كه ژیانی تاك و جهانبینی تاك ده‌گۆڕێت، له‌لایه‌ك ئه‌و ئازادییه ده‌پارێزێت كه دوور كه‌وتنه‌وه‌یه له تێڕوانینی گشت، له‌لایه‌كی دیكه‌وه به‌رهه‌می هونه‌ری له‌ده‌ستی كۆمه‌ڵگه و رواڵه‌ته ئه‌خلاقییه‌كان ده‌پارێزێ و نایكات به موڵكی تایبه‌تی، ئه‌م هه‌قیقه‌ته بۆ پاراستنی جوانی هاوئاهه‌نگی یه‌كێتییه‌كی ماناداری هه‌یه بۆ هه‌ردوو ئایدیاكه كه دژی چه‌واشه‌كردنی جوانی راسته‌قینه‌ن له تێكستی ده‌ستكرد و سرووشتگه‌رایی له‌لای هونه‌ر. بۆیه ئه‌و گه‌شه‌یه‌ی كه سه‌رمایه‌داری له‌رووی ئابورییه‌وه به خۆیه‌وه بینیویه‌تی و هه‌موو فۆڕمه جوانه‌كانی له جه‌وهه‌رێكی بۆشدا كۆكردۆته‌وه و دایپۆشیوه، ئه‌مه پانتاییه‌كی خه‌یاڵییه له پێناو كوشتنی ئه‌و واقیعه‌ی كه جوانی به‌رهه‌مدێنێ له نێو دیارده ناشیرینهكاندا، لێره‌دا سه‌ربه‌خۆیی له ئایدیادا بۆ تێڕوانینی واقیعیانه‌ی جوانی هه‌ستی پێده‌كرێت و ده‌زانین جوانی چییه و مانای چییه، له‌حاڵێكدا ره‌نگه ئه‌م چه‌مكه زیاتر له مانایه‌كی هه‌بێت.
پرسیار: كاتێ هونه‌ر ده‌بێته شێوه‌یه‌ك له‌هه‌ڵچوونی بێداری و راگرتنی باڵانسی نێوان فۆڕم و جه‌وهه‌ر و یه‌كخستنیان له كارێكی دانسقه‌دا، لێره‌دا رۆڵی زانستی جوانی به چ ئاڕاسته‌یه‌ك شرۆڤه‌ی ئه‌و كاره هونه‌رییه ده‌كات به‌پێی پێوانه‌یی سه‌رده‌م، دیاره بۆ هه‌ر سه‌رده‌مێكیش پێوانه‌ی تایبه‌ت هه‌یه، له‌كاتێكدا جوانی رێژه‌گه‌راییه و ره‌ها نییه؟
سمكۆ محه‌مه‌د: هه‌موو شتێك راگرتنی باڵانسی گه‌ره‌ك بێت، ئیستاتیكا به‌هه‌موو جیاوازییه‌كانیه‌وه كه فره‌ییه له پێناسه ئه‌مه‌ی ناوێ، بۆ نموونه ئاو پێویستییه‌كی ژیانه و موفره‌ده و زاده‌ی جوانی سرووشته، كه‌چی له‌ده‌ریادا ده‌یان هه‌زار ئینسانی خنكاندووه، كه‌وتنه خواره‌وه‌ی ئاو له ئاسمانه‌وه یان له پانتاییه‌كی دیاره‌وه، واته كارێكی ناوازه‌ی ده‌ره‌وه‌ی ئیراده‌ی ئینسانه، ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست له كاری سرووشتی بێت، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه پیسكردن و ده‌ستكاریكردنی سرووشت كه كرده‌ی ئینسانه، وه‌كو ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی ده‌قی (فاوست) ی گۆته‌ی ئاڵمانی لێدێت كه ده‌بێته كاری شه‌یتان و شته‌كان و موفرهدهكان پیس ده‌كه‌ن، لێره‌دا شه‌یتان به‌مانای بۆچوونی ئیسلامگه‌رایی نییه، به‌ڵكو ئه‌و شه‌یتانه‌ی كه مانای دژه فه‌زیله‌ته بۆ كرده‌وه‌ی ئینسانه كه زۆر جار له‌نێو شته بچووكه‌كاندا زیاتر ده‌رده‌كه‌وێت، واته له‌نێو هه‌موو شته جوانه‌كان شتێكی خراپ و ناشیرین زه‌ق ده‌بێته‌وه، بۆیه به‌و پێیه‌ی كه فۆڕم وتهزایهكه كلیلی سه‌ره‌كی جوانیناسییه و له‌وێوه دوالیزمه‌كه‌ی خێر و شه‌ڕ جودا ده‌كاته‌وه له‌رووی ماناوه، هونه‌رناسی لێره‌دا ده‌رده‌كه‌وێ كه ئایا وه‌كو یاسا وه‌زعی یه؟ یان سرووشتی؟، ده‌ستكردی خودایه یان ئینسان كه پێی ده‌گوترێت داهێنان، یه‌كێكیان له‌ده‌ره‌وه‌ی ویست كرده‌ی ئینسانه و ئه‌ویتر ویستی غه‌ریزی ئینسانه كه ئه‌مه موناقه‌شه‌یه‌كی تره، بۆیه فیگه‌رێكی داهێنه‌رانه‌یه و به‌كاری سرووشتی وه‌كو ماتریالیستی و به كاری خودایی وه‌كو میتافیزیكی ناوده‌برێت، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی كه مایكڵ ئه‌نجیلۆ و بیكاسۆ و داڤینشی و رامبرانت و تێكستی ئه‌فسانه‌ی یۆنانی و رۆمانی و سۆمه‌ری و میسری و هیندی و چینی و تا ده‌گاته رۆژهه‌ڵات كه بریتیین له هه‌ردوو هونه‌ری ته‌لارسازی سامهڕرا و بابل و هتد. له حاڵێكدا ئه‌مه جوانییه‌كی هه‌مه‌گیره كه خودێكی تایبه‌تیان له پشته‌وه‌یه. هه‌روه‌ك چۆن له پشت دوا شێو خواردنی عیسا كه لیوناردۆ داڤینشی كردوویه‌تی و ده‌یه‌ها تێڕامانی بۆ كراوه و فرۆید سایكۆلۆژیایانه قسه‌ی له‌سه‌ر كردووه، كه‌سێكی حه‌تمییه‌تی مێژوویی و تێكست و چیها قسه‌ی هونه‌ری له پشته‌وه‌یه كه تائێستاش موناقه‌شه‌ی له‌باره‌وه ده‌كرێت كه پێده‌گوترێت جوانیناسی ره‌نج. واته كه‌سێك ره‌نجی داوه بۆیه جوانی دۆزیوه‌ته‌وه له‌ده‌ره‌وه‌ی سرووشت، ئه‌مه‌یه جیاوازی نێوان ره‌ها و رێژه‌گه‌رایی جوانی.
ئه‌و هاوكێشه‌یه‌ی كه له‌نێوان موزیك و ده‌نگی سرووشتدا هه‌یه له خوڕڕه‌ی ئاو و ده‌نگی باڵنده‌كان و هتد، له شوێنێكدا عه‌فه‌وییه‌تی پێوه‌دیاره، به‌ڵام كه ئه‌كادیمیا و نۆته و به‌رهه‌می زانستی موزیكی تێكه‌ڵ ده‌بێت، جوانییه‌كه‌ی به بارته‌قای پێشووتری نامێنێت، چونكه به ناڕاسته‌وخۆ سانسۆڕی تێده‌كه‌وێت، من له‌دژی ئه‌و سانسۆڕه قسه‌م هه‌یه، چونكه هونه‌ر وه‌كو ره‌نگدانه‌وه‌ی كرده‌ی سرووشت وایه، وه‌ختێك سانسۆر كرا، ئیدی له به‌های داهێنانه نادیاره‌كه‌ی كه‌مده‌بێته‌وه، هه‌روه‌ها بۆ بیسه‌ر و بینه‌ریش چێژی نامێنێت، گه‌ڕانه‌وه بۆ نۆستالیژیای زه‌مه‌نی هونه‌ری ده‌ستكرد و خۆڕسك بۆ به‌رده‌وامی ژیان به‌تایه‌بتی له ژیانی كورده‌واریدا، بۆ نموونه لاوانه‌وه‌ی ژنێك و داكێك بۆ منداڵ و مێرده‌كه‌ی یان ئازیزه‌كه‌ی كه له‌ده‌ستی داوه، یان گه‌ڕانه‌وه بۆ ژیان خاكێتی له گوندنشین‌دا هه‌مان مه‌به‌ستی پێشووترمه له باره‌ی لاسایكردنه‌وه‌ی زه‌مه‌نی به‌سه‌رچوو له‌باره‌ی هونه‌ری خۆڕسكه‌وه، یان دروستكردنی قالی و به‌ڕه و جاجم بۆ خه‌وتن و خۆ گه‌رمكردنه‌وه كه كاری ده‌ستی بووه به‌تایبه‌تی له‌لای ژنان، نوستالیژیای هونه‌ری كوردییه.
هه‌روه‌ها ده‌بێ ئه‌وه‌ش بگوترێت كه رێژهگهراییی بۆ هه‌موو دیارده‌یه‌ك كه په‌یوه‌ندیی به هیومانیزمی عه‌قلییه‌وه هه‌یه راسته، چونكه ده‌ركه‌وتووه ره‌هاگه‌رایی ده‌ره‌نجامی بیری ره‌هایه كه سنوور بۆ عه‌قڵ و ژیان به‌گشتی داده‌نێت، ئێمه ئه‌مڕۆ له‌به‌رده‌م ژیانێكی نۆێین ئه‌ویش ستایلێكی دیكه‌ی تاكگه‌راییه، ئه‌و پارادۆكسه‌ی كه ئینساگهلێك خۆی دوور خستۆته‌وه له‌سرووشت ئه‌وانه‌ش كه خۆیان به به‌رهه‌می سرووشت ده‌زانن و پراگماتیكی له جوانی تێده‌گه‌ن، واته سوودگهراكان خاوه‌ن ئه‌م تێگه‌یشتنه‌ن، ئه‌وه‌ی كه ئه‌فسانه بۆمانی ده‌گێڕێته‌وه و ئینسان بریتییه له كائینێكی دیكه‌ی دوور له‌م نموونه‌یه‌ی ئێستا هه‌یه، هه‌روه‌ها ئه‌و چێژوه‌رگرتنه‌ی ئینسانی ئێستا له‌گه‌ل رابردوو له مه‌رجی ئه‌وه‌دایه كه چۆن بتوانین ئه‌و دوو جۆره ئینسانه له‌یه‌كتر جودا بكه‌ینه‌وه، ئینسانی ئێستا كه رۆبۆتێكی به‌كاربه‌ره و ئه‌وه‌ی دوێنی ئینسانی راسته‌قینه‌ی تێكه‌ڵ به‌سرووشت بووه. كه‌وابوو رێژهگهراییهكهش جێگه‌ی گومانه ئه‌گه‌ر به‌راوردی بكه‌ین به تێگه‌یشتنی هۆشیارانه بو جوانی كه له‌پشتیه‌وه عه‌قڵ هه‌یه.
پرسیار: چۆن بتوانین خوێندنه‌وه‌یه‌كی مه‌عریفی بۆ جیاكاری نێوان جوانی و ناشرینیه‌كان بكه‌ین، وه‌ك دوالیزمێك له‌یه‌ك كاتدا، وه‌كو دوو حاڵه‌ت، ئایا ئه‌م جیاكارییه قورس نییه له‌رووی مه‌عریفییه‌وه؟
سمكۆ محه‌مه‌د: به‌ڵێ زۆریش قورسه، چونكه ده‌ركه‌وت هه‌موو شتێك رێژه‌ییه و ره‌ها نییه، با له‌وێوه ده‌ستپێبكه‌م كه بۆچی ژیان بریتییه له دوالیزم، هه‌روه‌ك له پرسیاری پێشووتردا باسمان لێوه‌كردووه، چونكه سه‌ره‌تا و بونیادنانی ژیان ئایین و ئه‌فسانه‌ی نێو ئایین و ده‌سه‌ڵاته ئاینییه ئایدیالییه‌كان دایانمه‌زراندووه، ئه‌مه وای كردووه كه ژیان بۆ هه‌موو شتێك دابه‌ش بكرێت و له‌به‌رامبه‌ر هه‌موو كرده‌یه‌كی خێر، كرده‌ی شه‌ڕ هه‌بێت كه دژه‌كه‌یه‌تی، ئه‌گه‌ر دوالیزم وه‌كو ئایدیالیستێك ته‌ماشا بكه‌ین، ئه‌وا ده‌بێ ناوی خێر و شه‌ڕی لێبنێین، به‌ڵام من بڕوام به دیالیكتیك هه‌یه بۆ سیستمی دژه‌كان، مادام ئیستاتیكا رێژه‌گه‌راییه، كه‌واته جوانی هه‌یه و ناشیرینیش هه‌یه كه ئه‌مه ویستێكی سایكۆلۆژییه زیاتر، بۆیه له‌به‌رامبه‌ر خۆشی‌دا، ناخۆشی و له به‌رامبه‌ر جوانیشدا و ناشیرینی هه‌یه، ئه‌مه‌ش زیاتر له جیاوازی نێوان شه‌وو رۆژدا په‌یدا بوو. بۆیه ده‌ڵێم تێڕوانینه‌كه ئاینیی و تێگه‌یشتنێكی كۆنكریتی نه‌گۆڕه، بۆ نموونه میسرییه‌كان كاتی خۆی له شوێنێكی زۆر هێمن و دوور له كێشه ده‌ژیان و هه‌موو شتێك ده‌سته‌به‌ر بوو، به‌ڵام به هۆی نزیكییان له روباری نیله‌وه، ئیدی ساڵانه دوچاری لافاوو و كێشه سرووشتییه‌كان ده‌بوونه‌وه، ئه‌مه بووه هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌فسانه كه‌ڵكی لێوه‌ربگرێت بۆ ده‌سه‌ڵات و قه‌ناعه‌ت پێكردنی خه‌ڵك به‌وه‌ی روباری نیل دوو وێنه‌ی جوانی و ناشیرینی هه‌یه، كاتێك جوانه كه ئارامی به خۆیه‌وه ده‌بینێ و كاتێكیش ناشیرین كه توڕه ده‌بێت زریان به‌رهه‌مدێنێت و لافاو هه‌ڵده‌ستێت و ده‌بێته مایه‌ی له‌ناوبردنی هه‌موو كائینهكان، هه‌روه‌ها ئههرامهكانیش هه‌مان ئه‌فسانه‌ی تراژیدی به‌شه‌رییان له پشته‌وه‌یه كه ئێستا بۆته جوانییه‌ك گه‌شتیار سه‌ردانی ده‌كه‌ن.
با بێمه سه‌ر نموونه‌یه‌كی تری دوالیزم بۆ ده‌ربڕین له‌سه‌ر جوانی و ماناكانی دیكه‌ی كه یاده‌وه‌رییه، بۆ نموونه ماڵ ئه‌و جێگه‌یه‌ی كه شوێنی حه‌وانه‌وه و پاراستنمانه له گه‌رمای هاوین و سه‌رمای زستان، ئه‌مه تێگه‌یشتنی كۆمه‌ڵایه‌تییه بۆ شوێن، به‌ڵام بچینهیهكی دانه‌ریشه له نووسین و ئه‌ده‌ب و هونه‌ردا، بۆیه نوسه‌ری جددی له‌ماڵه‌وه ده‌ستپێده‌كات چونكه ماڵی كۆن ماڵی منداڵییه و سه‌نته‌ری راهاتنمانه له شته‌كان و دیارده‌كان، بۆیه هه‌ركاتێك ده‌كه‌وینه‌وه ماڵه‌وه له‌دیارده‌كان ده‌ڕوانین كه له‌ژیانی ماددی دوور ده‌كه‌وینه‌وه، واته ده‌بینه كه‌سێكی روحی، چونكه دیارده هه‌ستكردنه به ئه‌مانه‌ت و به‌رگریكردن ی مرۆڤ له دووتوێی ماڵدا، ئه‌مه ماڵ له دوالیزمی تێگه‌یشتنی جوانیناسی و كۆمه‌ڵناسیدا به دوو مانای جیاواز خۆی ده‌نوێنێ، ئه‌م تێڕوانینه به گشتی بۆ ده‌ربڕین له‌به‌رامبه‌ر شێوه‌ی جوانی كه هونه‌ر مانای چالاكیه‌كی جوانه و له ماڵدا زیاتر بوونی ده‌سه‌لمێنرێت.
دیوێكی دیكه‌ی ئه‌م دوالیزمیه‌ی ئیستاتیكا كه هه‌ندێكجار هه‌ستی پێناكرێت، نموونه‌ی سووربوونه له‌سه‌ر پێداگیری ئاست نزمی و به‌رزی، ئه‌م بانگه‌شه‌یه بۆ دیارده‌یه‌كه كه گوایه عه‌قڵمه‌ند و ئه‌پستراكته، ئه‌مه ئه‌و ده‌قه‌یه كه پڕۆژه‌ی فۆڕمی ره‌خنه‌یی جددی و رادیكاڵی له سه‌رمایه‌داری گۆڕیوه بۆ بۆچوونی جیاواز و قبوڵكردنی ئه‌ویتر كه وه‌همه، ئه‌و ستایشه‌ی كه ناڕاسته‌وخۆی به‌شێكی زۆر له بیرمه‌ندانی رۆژئاوا ده‌یكه‌ن به‌رامبه‌ر ئه‌م سیستمه نوێیه كه گوایه لایه‌نه‌كانی گه‌شه‌سه‌ندنی ته‌كنۆلۆژیا و عه‌قلانییه‌ت و گه‌شه‌ی مرۆیی له بونیاده ئابورییه‌كه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، فۆرمێكی وه‌زیفه‌یی هێنده ناشیرینه كه به ئیستاتیكای رۆژ ناسراوه و له‌كه‌مترین كاتدا و له ریكلامێكی چه‌ند رۆژه‌ی هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌ر بۆ فرۆشی كاڵا به‌ولاوه هیچی تر نییه، ئه‌م وه‌زیفه‌یه تابلۆ یان شانۆییه‌ك یان جه‌وهه‌ری شتێكی دیار نییه، به‌ڵام له دیوی ناوه‌وه‌یدا و له كولتوورێكی رۆژانه‌دا كه به‌سه‌ر ئینساندا سه‌پێنراوه، پێویستی به شاهید نییه، سه‌رمایه‌داری دواهه‌مین سه‌پێنراوی به‌سه‌ر ئینساندا ئه‌و تێكه‌ڵكردنه كولتوورییه یه كه هه‌م كه‌ڵكی له ئیشكالیاته‌كانی بینیووه و هه‌م ئه‌و فۆڕمه‌ش كه خودی ئینسانی پێ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندووه و گه‌ره‌نتی ژیانێكی نوێی پێداوه، مه‌به‌ستم له‌و كۆنتڕۆڵهیه كه هه‌موو كایه‌كانی جیهانی گرتۆته‌وه و ئینسانی ناچار كردووه به فۆڕمی ئیستاتیكی ته‌ماشای بكات و له‌شوێنێكی دیكه‌شدا به‌ناوی فره كولتوور و مڵتی كه‌ڵچه‌ره‌وه زه‌مینه‌ی بۆ كێبه‌ركێی نه‌ته‌وه و كولتووره‌كان خۆش كردووه و خۆشی وه‌كو ته‌ماشاكه‌ری ئۆپێرا نیشانداوه به‌ناوی ئازادی یه‌وه.
به‌هه‌رحاڵ دێمه‌وه سه‌ر باسه‌كه به‌تایبه‌تی، قسه‌یه‌كی فه‌لسه‌فی ئیدیالیستی هه‌یه كه ده‌ڵێ (هیچ ئینسانێك و شتێكی ناشیرین نییه مه‌گه‌ر خۆی ناشیرین بكات)، هه‌موو ئه‌و شت و كه‌ره‌ستانه هه‌ن، به‌رهه‌می سرووشتن و سرووشتیش هه‌م له‌رووی ئیدیالیستی و هه‌م له‌رووی ماتریالیستی یه‌ك ما‌نایان وه‌رگرتووه كه خاڵقهكهی دیار نییه، له‌وێ خودایه كه هه‌ڵه ناكات، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه بوونێكه له‌ده‌ره‌وه‌ی ئیراده‌ی ئینسان كه هێزێكی دیكه‌ی سرووشته و هه‌ڵه ناكات، كه‌واته شتێك نییه به‌ناوی ناشیرین مه‌گه‌ر لهرووئیای ئینسانی تاك ره‌هه‌نده‌وه بێت، چونكه له‌لای ئه‌وان هه‌ندێك شت به رێكه‌وتنێك به جوان ناسراوه و ئه‌وانی دیكه به ناشیرین، بۆ نموونه سه‌گ له‌لای كریستانی وه‌كو ئایین و كولتوور جوانه و له‌گه‌ڵ ئینسان پێكه‌وه ده‌ژین كه ئه‌مه له یارانی ئه‌شكه‌وتدا وه‌رگیراوه و قورئانیش باسی ده‌كات، كه‌چی له‌لای رۆژهه‌ڵات و ئاینی رۆژهه‌ڵاتی و ئیسلام، به‌بێ هیچ بیانوویه‌كی لۆژیكی سه‌گ كائینێكی ناشیرین و به‌ده و له‌هه‌ندێ كاتیش‌دا جنێودان و قسه‌ی نه‌شیاوه، له‌حاڵێكدا ئه‌م كائینه له‌گه‌ڵ ئینسان ده‌ژی كه‌چی ئینسان بۆ خزمه‌تی خۆی به‌كاری ده‌هێنێت ئه‌گه‌رنا به كائینێكی ناشیرین و قیزه‌ون ته‌ماشای ده‌كات، ئه‌مه جیاوازییه‌كه‌یه له‌نێوان هۆشاری و ناهۆشیاری و دوو گوتاری ئایینی جیاواز بۆ ئه‌و كائینانهی له‌گه‌ڵ ئینسان ده‌ژین.