خەیاڵی ئەدەبی و مرۆڤی بێ خەیاڵ … نیهاد جامی
تێکستی ئەدەبی نووسینەوەی مێژوو نیە، وەک چۆن وێنەگرتنەوەیەک نیە بۆ دنیای واقیع، بەڵکو بەرهەمهێنانەوەیەکی نوێیە، وا دەکات هەر یەکە لە مێژوو واقیع لەناو تێکستەوە بخوێنرێنەوە، نەوەک تێکست لەنیگای واقیعەوە سەیر بکەینەوە، ئەو تێگەیشتنە ئەدەبیەی دەیەوێت تێکستی ئەدەبی ئاوێنەیەک بێت بۆ وێنەی واقیع و مێژوو، لەبنەڕەتدا بێبەهاکردنی تێکستی ئەدەبی و کوشتنی ڕۆحی داهێنانە، چونکە تێکستی ئەدەبی دەیەوێت ژیان لەناو ژانری تێکستەکەوە ببینرێت، نەوەک تێکست دادگایی بکرێت لەناو دیکۆمێنتی مێژوویدا.
ئەدەب نووسینەوەی مێژوو نیە، ئەدەب خوڵقاندنەوەی دنیابینیەکی نوێیە، ئەوانەی دەیانەوێت ئەدەب تێکستی مێژوویی بنوسێتەوە، باشتر وایە بگەڕێنەوە ناو کتێبە مێژوویەکان، ئەدەب خوڵقاندنەوەی چیرۆک و نووسینەوەی ساتەوەختێکی کەشف نەکراوە، ئەوە لادانە لە مێژوو.. وەک چۆن لێدانیشە لەتۆماری ڕوداوەکان.. چونکە ئەدەب مێژوو ناگێڕێتەوە، ھێندەی مێژوو دەکاتە بیانوویەک بۆ چوونە ناو تێکست.
ئەو دیدگا ڕەخنەییەی تێکست دادگای دەکات لەڕوانگەی مێژوودا، دیدێکی دەروونیە نەوەک میتۆدی، کێشەی لەگەڵ تێکست نیە، بەڵکو کێشەکە لەدەرەوەی بونیادی نووسینەوەیە، کێشەیە لەتەک شوناسی نووسەردایە، کوردیی بوون بۆتە گرفتی ئەو دیدگا ڕەخنەییە، دێت بەپێی لۆژیکی مێژوویی و دنیای واقیع سەیری تێکستی نووسەری کورد دەکات، بەڵام لەسەیرکردنی بۆ تێکستی جیهانی ئەو لۆژیکە فەرامۆش دەکات، لەسەر بەرواری ڕووداوێکی مێژوویی نێو ڕۆمانێک باس لەوە دەکات کەوا مێژوو شێوێندراوە، بەڵام هەرگیز بوێری ئەوەی نیە بەهەمان لۆژیک قسە لەڕۆمانێکی جیهانی بکات، ئەویان وەک بەرهەمی خەیاڵی نووسەر دەیبینێت، بەڵام بۆ تێکستی کوردی وەک شێواندنی مێژوویی سەیری دەکات.
بۆیە ئەو ڕوانینە ڕەخنەییە لەدەرەوەی خوێندنەوەی تێکستەوە هاتۆتە بوون، هێندەی بڕوا نەهێنانە بەتوانای نووسەری تێکست، نەک خودی تێکستەکە، ئەوەش چەندە پەیوەندی بە دۆخی دەرونی ئەو بانگەشەکارە ڕەخنەییەوە هەیە، هێندەش وابەستەی کورتبینی دیدی ئەدەبیە، توانای جیاکاری نێوان تێکستی ئەدەبی و تێکستی مێژوویی نیە، ئەدەب ڕووبەرێکی زمانەوانی سەربەخۆیە، پەیوەندیە دەلالی و سەستمە زمانەوانیەکەی وێنای سەر لەنوێی پەیوەندیەکان دەکات، لێرەوە مرۆڤەکان بەرهەمی دۆخی کۆمەلایەتی و سیاسی و مێژوویی نین، هێندەی وابەستەی دنیای ناو تێکستن، رووداوێک نیە ڕوویدابێت، ئەوە دنیایەکە لەناو تێکست دێتە بوون، دنیایەک هەڵگری گوتارێکی جوانیناسیە، دەرخستنی قێزەونی دنیایەکە، وەک کاردانەوەیەکی ئەخلاقی ناو تێکست، ئەوەش بۆ خۆی گومانکردنە لە مەعریفەی زانراوی مێژوو، گومان دەگۆڕێت بە پرسیار لەبارەی نووسین و جوانی.
لەو کاتەدا نووسین به‌ته‌نیا پێویستی به‌عه‌قلێكی بیركه‌ره‌وه هه‌یه، عه‌قلێك په‌یوه‌ست بێت به‌دیدی جوانیناسیانه، بۆیه ئه‌و جۆره نوسینانه، ڕه‌نگه نه‌گه‌ڕێن به‌دوای سواڵكردنی خوێنه‌ر، هێنده‌ی ڕووبه‌رێك ده‌دۆزێته‌وه كه خۆی خوێنه‌ر هه‌ڵبژێرێت، لێره‌وه په‌یوه‌ندیی نووسه‌رو خوێنه‌ر په‌یوه‌ندیی نێوان تاك نیه به كۆمه‌ڵگاوه، به‌ڵكو په‌یوه‌ندیی دوو مرۆڤ ده‌بێت كه هه‌ردووكیان به‌دوای جوانی ده‌گه‌ڕێن، لێره‌وه پرۆسه‌ی خوێندنه‌وه وه‌ك كرده‌ی نووسین دێته بوون، چونكه خوێندنه‌وه ده‌بێته‌وه له‌دایكبوونه‌وه، بۆیه گه‌ر ئه‌و نمونه‌یه‌ی ئه‌فلاتون كه مرۆڤ له‌فڕێدانی بۆ سه‌ر زه‌وی له‌یه‌كتر جیابۆوه، له‌سه‌ر زه‌ویش به‌دوای ئه‌ویتری له‌ده‌ست دراو ده‌گه‌ڕێت، لێره‌دا نووسین دابه‌ش ده‌بێت بۆ سه‌ر نووسه‌رو خوێنه‌ر، ئه‌گه‌ر پۆلینێكی ده‌روونشیكاری بۆ بكه‌ین ده‌بێت بڵێین له‌و كاته‌دا نوسه‌روخوێنه‌ر مرۆڤێك بنیات ده‌نێن، به‌وه‌ی نوسه‌ر ده‌بێت به (عه‌قڵی مرۆڤه‌كه) و خوێنه‌ریش به (نه‌ستی مرۆڤه‌كه) بۆیه ئه‌و پڕۆسه‌یه ده‌بنه خوڵقاندنه‌وه‌ی مانا له‌ناو تێكستدا.
پرسیاركردن له‌باره‌ی جوانی، داڕشتنه‌وه‌ی ماناكانی بوونی مرۆییه، به‌وه‌ی ده‌بێت به‌و پرسیاره‌دا بچینه‌وه: جوانی چیه؟ ڕاستر وایه پرسیارەکەمان فراوانتری بكه‌ین به‌وه‌ی چی جوانیه؟ چۆن سه‌یری جوانی بكه‌ین؟ لێره‌وه وه‌ستان له‌سه‌ر ئه‌و پرسیاره ڕه‌نگه توانای ئه‌وه‌ی هه‌بێت، بۆشاییه‌كی تر بخوڵقێنێت، تاوه‌كو گومانه‌كانمان بۆ جوانی بنوسینه‌وه، گومان له‌وه‌ی هه‌یه ناوی بنێین جوانی له‌ڕاستیدا گومانه له‌مه‌عریفه‌ی جوانی، چونكه ئه‌وه‌ی هه‌یه وه‌همی جوانیه، جوانیه ڕاسته‌قینه‌كه له‌ناو ئه‌و زه‌مه‌نه موزه‌یه‌فه شاردراوه‌ته‌وه.
لێره‌دا كاتێ ده‌مانه‌وی بزانین جوانی چیه؟ ده‌بێ ئه‌وه بزانین ئه‌وه‌ی هه‌مانبووه جوانی نه‌بووه، چونكه جوانی ئه‌و بابه‌ته نووستوه‌ی ناو ناخی مرۆڤه، كه هه‌موومان به‌هۆی وه‌همه‌كانه‌وه جوانیمان خنكاندووه، بۆیه به‌ده‌گمه‌ن كه‌سانێك هه‌ن كه بتوانن ئه‌و جوانیه‌ی ناو خۆیان نه‌خنكێنن، خه‌ڵكانێك به ماتریاله‌كانه‌وه خۆیان فریو ده‌ده‌ن به بیانووی ئه‌وه‌ی جوانی ئه‌وه‌یه، بۆیه ئه‌و ده‌مانه‌ی باس له‌جوانیه‌كی شاراوه ده‌كه‌یت، ڕه‌نگه وه‌ك شێت سه‌یرمان بكه‌ن، به‌بێ ئه‌وه‌ی له‌وه تێبگه‌ن، ئه‌وه‌ی ئه‌وان هیچ نیه جگه له‌خۆفریوودان ودرۆكردن به‌ناوی جوانی.
كه‌واته چی جوانیه؟ جوانی بریتیه له‌كۆی ئه‌و چالاكیه رۆحیانه‌ی مرۆڤ كه په‌یوه‌سته به خه‌ونه‌وه، خه‌ون زینده‌گی سرووشتیانه‌ی مرۆڤه، كه‌واته سه‌یركردنمان بۆ جوانی ده‌بێت به‌ڕوانینی شاعیریانه، زینده‌گی شاعیریانه هه‌وڵدان نیه بۆ شاعیربوون، به‌ڵكو هه‌وڵدانه له‌وه‌ی چۆن شاعیریانه بژین وعاشقانه خه‌ونی ژیانمان هه‌بێت.
خەونی ژیان وێناکردنەوەی بوونە لەناو تێکستدا، زیندەگی شاعیریانە تێپەڕینە بەناو زمان، کێشەی ئەو جۆرە مرۆڤە ئەوەیە ناتوانن بوناو زمان تێپەڕن، بۆیە تۆمەتی مێژوویی و زمانەوانی دەبەخشنەوە، ئەوان کە لەبونیادی کەڕنەڤاڵی تێکست و فرە ئاستی زمان تێنەگەیشتن.. خێرا لیستی تۆمەت بەخشینەوەیان هەیە، ئەوە کێشەیەک نیە لەگەڵ تێکست، کێشەی فراوانی زمانی نووسەرە کە تێکستێکی بەرهەم هێناوە سنوری عەقڵی ئەو جۆرە مرۆڤەی تێپەڕاندووە، بۆیە دێت دەکەوێتە سەنگەری دادگایی کردنی نووسەر لەناو تێکستدا، پڕۆسەی دادگایی کردنەکە هەوڵێکە بۆ کوشتنی خەیاڵ و گەڕانەوەی تێکست بۆ ناو بونیادی مێژوویی و واقعی، لەو ساتەشدا ئەوەی دەکوژرێت خەیاڵی ئەدەبیە، کە نایەڵن زیندەگی خۆی بژیێت.
لێرەدا ڕووبەری ئەو پرسیارە دەبینەوە، مرۆڤی بێ خەیاڵ بۆچی دەیەوێت، ئەزموونی بێ خەیاڵی خۆی بگوازێتەوە ناو زیندەگی تێکست؟ ئاخۆ ژیانی دەرەوەی خەیاڵ و نووسینەوە لەناو ڕووداوەکان وەک ئەوەی ڕوویداوە، نەک وەک ئەوەی تێکست پێیدا تێدەپەڕیت، چی بە مەعریفەی ئێمە دەبەخشێت و چێژی گێڕانەوەو خولقاندنەوەی نووسین لەکوێدایە؟ ئەوە پرسیارێک نیە لەهیچ خوێنەرێکی بەئاگا بکرێت، بەڵکو پرسیارێکە بۆ گێڕەرەوەکانی نێو مێژوو کە خوازیارن تێکستی ئەدەبی تێکستی مێژوویی بێت، لێرەدا پێویستە ئەو پرسیارە لەخۆیان بکەن؛ ئێستابوونی تێکستێکی ئەدەبی لەکوێدایە کە سەر لەنوێ مێژوو بنووسێتەوە؟ با نەچینە سەر ئەدەبی نوێ، هەر چاوێک بە ئەدەبی کلاسیک بگێڕین، چەندین نووسەر هاتوون کاریان لەتەک ڕووداوێکی مێژوویی کردووە و سەردەمی نوێی خۆیان پێ خوێندۆتەوە ئاخۆ ئەو کەسانە بوێری ئەوەیان هەیە بلێن بۆچی مێژوویان شێواندووە؟ بەدلنیاییەوە جگە لەبێدەنگی هیچی تریان لێ نابیستین، بۆیە گرفتەکە لە بێ بەهرەیی مرۆڤە بێ خەیاڵەکانە کە خوازیاری کوشتنی خەیاڵی ناو تێکست و بونیادە زمانەوانیەکانن.