رۆح تەنھا زاراوەیەکی ناو فەرھەنگی زمانەوانییە.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی
مۆنۆلۆگی شەشەم لە کنێبی (خۆشەویستی لە سەردەمی شێرپەنجە)دا
من: لەگەڵ “ئالان بادیۆ” ھاوڕام لەوەی پێویستە خۆشەویستی سەرکێشانە بێت، پڕ بێت لە ریسک، لەوەشدا ھاوڕام پێچەوانەی بەشێکی بەرفرەی فێمینستەکان بیر دەکاتەوە کە فەلسەفەی کاریان بریتییە لە دوورخستنەوەی ھەر دوو رەگەز!. ئەی کەواتە لە چیدا ناتەبام؟. لەوێدا ناتەبام خۆشەویستی لە کردە و چێژی سێکسیی جیا دەکاتەوە و پێیوایە خۆشەویستی لە ژێر “ھەڕەشەی” ھیدۆنیزم و لیبرالیزمدایە، ئەو ھەڕەشەیەی ئەو دەیبینێت سەد لە سەد راستە، بەڵام ئەو روانگەیەی پێیوایە دوانەی خۆشەویستی و سێکس ناتەبان لەگەڵ یەکتر تەنھا وەھمە.
خۆم: ئەوەی ھەمیشە جێگەی تێبینیمە دوانەی “خۆشەویستی و سێکس” لە لای تۆ پێکەوە بەستراون، یان ھەوڵ بۆ ئەوە دەدەیت، ئارگۆمێنت بھێنێتەوە تاکو بیسەلمێنیت ھیچکامیان بێ ئەویتر بوونی نییە!. ئەوەی لە بیرت کردووە، رەھەندە رۆحییەکەی خۆشەویستییە.
من: رۆح لەلای من تەنھا زاراوەیەکی ناو فەرھەنگی زمانەوانییە و لە ھەر کوێدا باسی بکەم جیاواز نییە لە جەستە. پێچەوانەی ئەو دیدە ئەفلاتۆنییەم مرۆڤ بە کائینێکی دوالیزمی پێناسە دەکات و دابەشی دەکات بەسەر جەستە و رۆحدا، رۆحیش تەوزیف دەکات بەسەر بیر و ویست و حەزدا.
خۆم: جەستە تەنھا قەباغێکە کە رۆح ھەڵیدەسوڕێنێت، رۆح نەمرە، کەچی جەستە بۆ ماوەیەکی کورت دەژی!!. نادیدە گرتنی رۆح ئەو بە شتبوونەوەی مرۆڤی لێدەکەوێتەوە سیستمی سەرمایەداریی ھەڕمێنی پێداوە.
من: ھیچ کات نامەوێت داکۆکی لە سەرمایەداریی بکەم، بەڵام بابەتی رۆح و جەستە، کێشەی فەلسەفەوە بووە لە ھەر سێ قۆناغەکەی مێژووی فەلسەفەدا “فەلسەفەی کۆن، فەلسەفەی سەدەکانی ناوەڕاست، فەلسەفی نوێ”. مارکس پێیوایە مرۆڤی پریمتیڤ کە توانای ئەنالیزەی خەونەکانی خۆی نەبووە، گەیشتۆتە ئەو باوەڕەی ژێدەری ئەندێشە و ھەستی، خودی جەستەی نییە، بەڵکو بەستوویەتی بەو رۆحەی لە ناو لەشیدا جێگیر بووە و پاش مردن بەجێی دەھێڵێت!. وەک خۆی دەڵێت: بەم جۆرە بیردۆزی نەمریی رۆح سەری دەرھێناوە.
خۆم: مەبەستم ئەو جۆرە ئایدیالیزمە ئەفلاتۆنییە نییە، رۆح و جەستە، وەک دوو شتی جیاواز پێناسە دەکات، بەڵکو مەبەستم ئەو ھەستەیە کە دەتوانێت خۆشەویستی لە خۆ بگرێت، بەبێ بەریەککەوتنی جەستەکان.
من: ئەو ھەستە ھەر لەناو خودی جەستەدایە، لای ئەریستۆ مردنە فیزیکییەکە مردنی رۆحیشە، کە بۆدییەکەی مرۆڤ لەناو چوو، شتێک نامێنێت بە ناوی رۆح یان دەروون، چوونکە ھەموو گرێدراوی جەستەن، بەڵام بیرۆکەی نەمریی رۆح پرسێکی ئاینییە بەتایبەت تێمای فەلسەفەی لاھوتیی سەدەکانی ناوەڕاست بووە، کە لەسەر سترۆکتۆری کریستیانیزم دامەزراوە، بۆ نموونە “تۆماس ئەکوینی” جەختی لەسەر نەمریی رۆح دەکردەوە، ھەڵبەتە ئەمە ھەمان ئەو قسەیە بوو “کتێبی پیرۆز” پێشتر پێداگریی لەسەر کردبوو.
خۆم: ئارەزوویەکی سەیرت تێدا دەبینمەوە بۆ تۆمەتبارکردنی ھەر چەمکێک لەگەڵ ئایدیای خۆتدا نەیەتەوە.
من: من کاتیگۆرییەکان نیشان دەدەم، راستی شتەکان ئەنالیزە دەکەم بێ ھیچ تۆمەت و بڕیارێکی پێشوەخت.
خۆم: ھەندێک پارادۆکس لە بیرکردنەوەتدا بە روونی و زەقیی دیارە، ھاوسەرگیریی رەد دەکەیتەوە، بانگەشەش بۆ خۆشەویستی دەکەیت!!، خۆشەویستی دەبەستیتەوە بە سێکس و چێژ، کەچی ژیان بە شتێکی پووچ لێکدەدەیتەوە!!.
من: راستە لە ژیانی کۆلێکتیڤ دەسڵەمێمەوە، ھەمیشە جەنگێکی نێوخۆیی لە مێشکمدا بوونی ھەیە، جەنگێک بێ دووکەڵ و بارووت کە ھیچ کەسێک نایبینێت جگە لە خودی خۆم، پڕم لە راڕایی و پەشیمانبوونەوەی فیکریی، من بە پێی کۆنتێکستێکی مێژوویی دیاریکراو بڕیارم لەسەر نادرێت. بۆ بڕیاردان لەسەرم، دەبێت لە ھەموو ئەو جەنگانە تێبگەیت لە سەرەتاوە تاوەکو ئێستا دژی خۆم کردوومن. ھێندەش سەیرە ئەوەی لەسەری راڕا نیم و بێ گومان و پرسیارکردن خۆم داوە بەدەستییەوە خۆشەویستییە، بێ ئەوەی بزانم ئەم کەشتییە وێڵە دەمگەیەنێتە چ کەنارێک، من ئامانج و خەونم کەنار نییە، گرنگ ئەوەیە تاکە سەرنشینی کەشتی خۆشەویستی ژنێک بم. خەونەکە زۆر گەورەیە، وا نییە؟.
خۆم: زۆربەی جار، بێ ئومێدیی و رەشبینیت لە پلەیەکدایە، ناتوانم بڕوا بەخۆم بکەم خەونێک یان ئامانجێکت ھەبێت. تۆ خۆشەویستی بەکاردەھێنیت بۆ ئەوەی بە ئاسوودەگی بمریت. شتێک بە شەفافی بیبینم ئەوەیە لەپێناوی خۆدزینەوە لە مردن خۆت داوە بە دەم شەپۆلی خۆشەویستییەوە. رەنگە ئەم رێسایەکی نەگۆڕی خۆشەویستیش بێت.
من: زۆربەی منداڵانی ماڵە دەوڵەمەندەکان لە خەونبینین و ئامانجدا ھەژارن، ئەمە تێزێک بوو منی نەگرتەوە!، ئێستاش کە ھەژاریی وەک قرشێک لاشەم دەخوات، خەونەکانم بە گەورەیی ماونەتەوە. لەوەتی ھەم خەونی گەورە گەورە دەبینم، بەڵام بە ھەنگاوی بچووک بەرەو ھێنانە دی ئەو خەونانە دەچم. ئەگەر پێم بڵێیت کامە خەونت لە ھەموویان گەورەترە؟ بێ دوو دڵی دەڵێم خۆشەویستی. زاناکانیش دەڵێن مێشک دەزگایەکە بۆ دەستنیشانکردنی ئامانج، لە مێشکی مندا پێشنۆرەترین ئامانج تەنھا خۆشەویستییە.
خۆم: ئەو خەون و ئامانجانە بەڵا گەورەکەی مرۆڤن، ئێستا تێدەگەم ھەموو مرۆڤێکی رەشبین، خەونێکی تێکشکاوی ھەیە، لە پشتی ھەر مرۆڤێکی نائومێدەوە چیرۆکێکی حەزین ھەیە.
من: رەنگە پیر بووبین بە دیار خەونەکانمانەوە، بۆیە ھەمیشە بە نوستالیژیاکانمان دەژین. قسە باوەکە دەڵێت “پیر لەسەر رابردووی دەژی و گەنجیش بە چاو بڕینە داھاتوو”. وەک خۆم لە سەرەتاوە بە گڕ و تینەوە کارم بۆ ئایندە دەکرد، ئایندەیەک دنیایەکی جوان و پڕ خۆشەویستی لە رەحمیدا ھەڵگرتبێت و لە دایک بێت. ئێستاکە لەو ئایندەیەدا دەژین و دەبینین دنیا ھەر ھەمان دنیا ناشرینەکەی پێشووە کە ئەو ھەموو رەنجەمان دا لەپێناوی گۆڕینی. وەلێ لەبری گۆڕانی دنیا، رووخساری خۆمان گۆڕاوە، چرچی تەمەن لەسەر پێستمان دەرکەوتووە.
خۆم: گەیشتوومەتە ئەو بڕوایەی ئەم ژیانە زۆر پووچە، چوونکە گەمژەکان بڕیاری لەسەر دەدەن و جەلادەکان ھەڵیدەسوڕێنن.
من: زۆر جار دەگەمە ئەو حەزەی “راینمارک” کە وای دەبینی جیھان پێویستی بە شەڕێکی گەورەیە لە نێوان خواکان و ئەھریمەکاندا کە تیایدا خوداوەندەکان بگلێن و جیھان تاریک دابێت لە پێناوی لە دایکبوونەوەی جیھانێکی نوێدا. ئەمە بیرۆکەیە ھێندە سامناک بوو، نازیزم وەک میتۆلۆژییەکی نوێی ژێرمەنی بۆی دەگەڕایەوە، بەڵام خەریکە دەبێتە ئارەزووی منیش.
خۆم: بیرۆکەکەت ترسناکە، سەیرە مرۆڤ ھەمیشە بە داھێنانی نوێ ژیان تاڵتر دەکات!، رەنگە مرۆڤ تەنیا توانای مەشقکردنی لەسەر وێرانکاریی ھەبێت نەک دامەزراندنی ژیان و ھەوڵدان بۆ تێگەیشتن لە مەرگ.
من: کێشەکە ئەوەیە ھێشتا مرۆڤ پێناسەی بۆ ژیان نییە و دەیەوێت لە مردن تێبگات!!. راستە تێنەگەیشتن لە مەرگ تۆقێنەرە، ھەروەک “پاسکاڵ” دەیووت “ئەوەی لە ھەموو شت زیاتر بێ ئاگام لێی و نەشارەزاترم لەسەری ئەو مەرگەیە لە چنگی رزگارم نابێت”. ئێستاکە دەمەوێت ژیان بەو ھەنگاوە پێناسە بکەم لاقم بەرەو خۆشەویستی دەینێ، ئیدی کاتم نییە بۆ بیرکردنەوە لە مەرگ، مادام ھێشتا لە نێو دڵی ژنێکدا بوونم ھەیە.
خۆم: ھەروەک زەوی ھێزی کێشکردنت ھەیە، ئەوەی بە سوپایەک نەدەکرا تۆ کردت، کلیلی ئەو قوفڵەت دۆزییەوە، چەندان ساڵ بوو ژەنگی دڵی مردووم گرتبووی!!.
من: ھێزێکی سەیر لە خۆمدا بەدی دەکەم، دەتوانم کاریگەریی لەسەر بەرامبەرەکەم دابنێم، وەک تسۆنامییەک وام ھیچ ھێزێک ناتوانێ رامبگرێت، ھەرچی ناخۆشی سەر رێگای ژیانمە لەگەڵ خۆمدا رایدەماڵم، کەچی ژنێک لەھەستی خۆیدا رایوەستاندم!! بەھێزی خۆشەویستی رایگرتم، ئێستا وەک پەیکەرێک لە بەردەمیدا ئیستم گرتووە و چەقیوم. سەیرە!!.
١٤-١١-٢٠١٨
کاتژمێر: چواردە و دە خولەک
نەخۆشخانەی گلیاد ئاینس