مانا سایكۆبوونناسیه‌كه‌ی ” سه‌ربه‌خۆبوون” …. محه‌مه‌د ته‌ها حوسێن
ئه‌م چه‌مكه هه‌رچی له‌باره‌وه گوترابێ و هه‌رچۆن به‌كارهاتبێ و هه‌رچی پاڵنه‌رێك له پشت به‌كارهێنانیه‌وه بووبێ و هه‌ركێش دایهێنابێ و پاشان به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك وه‌ربگێڕدرێته سه‌ر زمانه‌كانی سیاسه‌ت و ئابووری و كولتووری و كۆمه‌ڵایه‌تی، جگه له ویستێكی دیار یا شاراوه بۆ “خۆبوون” یا بوون به “خۆ” چیتر ناگه‌یه‌نێ.
“خۆبوون” ململانێیه‌كی وجودی درێژخایه‌نه له نێو كه‌سه‌كان خۆیاندا بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێكی زۆری كار و كردار و ئه‌رك و جولانه‌وه و قسه و گوفتار و په‌یوه‌ندیه‌كانیان به بڕیارێك له “خۆ”یانه‌وه ده‌رچێ و كه‌مترین كاریگه‌ری و گوشاری ئه‌و هێزانه‌ی له‌سه‌ر بێ له ده‌ره‌وه‌ی خودی تاكه‌كان چالاكن و ده‌یانه‌وێ به هێزی كێشكردنیان هه‌رچی “خۆ” یه‌كانی ده‌وروبه‌ریان هه‌ن له‌وانه‌وه هێز وه‌رگرن به هه‌موو شێوه و گه‌وهه‌ره‌كانی هێزه‌وه.
“خۆبوون” بابه‌تێكی وجودیه ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌سته به “ئیراده” وه، ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێ “خۆ” ی بێ، هوشیاره به‌وه‌ی له بنچینه‌دا خۆی نیه و له‌وه‌ته‌ی هۆشیشی به‌و خوده‌ی خۆی هه‌یه زانیویه‌تی به‌رده‌وام خودی ئه‌و له ژێر سته‌مێكی ده‌ره‌كیدایه و داپڵۆساوه و كه‌وتۆته ژێر بارێكی بهرزهفتهوه له ده‌ره‌وه‌ی ویست و خواسته‌كانی خۆیه‌تی و مه‌به‌ست تیایدا ته‌نها پاراستنی جۆرێكی تره له هاوسه‌نگی كه له بنه‌ڕه‌ته‌وه له‌سه‌ر ناهاوسه‌نگی خودی تاكه‌كان تین و تاقه‌ت وه‌رده‌گرێ.
“ئیراده” ی هه‌ر كه‌سێك له ئه‌نجامی بڕاندنه‌وه‌ی ململانێیه‌كی تاقه‌ت پڕوكێنی ناوه‌كیه‌وه له نێوان {“ده‌بێ” و “نابێ”}یه‌كانه‌وه چه‌كه‌ره ده‌كات و تادێ به خۆدواندن و له‌خۆگه‌یشتن و خۆناسین و خۆده‌ربڕین و خۆئاشكراكردن و خۆڕێكخستن و خۆبه‌ڕێوه‌بردن و خۆههڵسهنگاندنهوه ئه‌و ئیراده‌یه به‌هێزتر ده‌بێ و دواتر هێواش هێواش ده‌بێته كردار و له ڕه‌فتار و كه‌سێتی تاكه‌كانه‌وه ڕه‌نگده‌داته‌وه.
ئیراده هه‌روه‌ك نیتشێ ده‌ڵێ (هۆكارێكه هه‌رده‌م ئه‌و هۆكاره له مه‌به‌ستێكه‌وه سه‌رهه‌ڵده‌دا)، به‌و مانایه‌ی ئه‌وه مه‌به‌ستێكه ده‌بێته هۆی ڕوودانی هه‌ر ڕووداوێك یا ڕه‌فتارێك، ئه‌و مه‌به‌سته له بنچینه‌دا له تێگه‌یشتنی كه‌سه‌كه‌وه داڕێژراوه و له ده‌ربڕینی جۆراوجۆردا له “ئیراده” دا خۆیان مانیفستۆ ده‌كه‌نه‌وه. ئیراده ده‌بێ سه‌ره‌نجام به‌رهه‌می هه‌ستكردن و ئاگاییی و په‌یبردن و هۆشیاری بێ و هه‌موو ئه‌مانه به‌یه‌كه‌وه بوونێكی ئینسانی وه‌ك “خۆ”یمان بۆ ده‌رده‌خه‌ن، و وه‌ك شوبنهاوه‌ر ئاماژه‌ی پێده‌كا ئیراده عه‌قڵ پێشخۆی ده‌دات و وه‌ك توخمێكی په‌یبه‌ر له مه‌عریفه‌ی ڕاسته‌وخۆدا ڕۆڵی خۆی ده‌بینێ. ئه‌و مه‌به‌سته‌ش كه له پێشدا كه‌س یا كۆمه‌ڵه‌یه‌ك هه‌یانه یا دیاریده‌كه‌ن ده‌بێته بیانهوهكانی ئیراده و وا له تاك ده‌كه‌ن تا ئاستێكی باشی لێ نه‌هێننه دی كۆڵ نه‌ده‌ن، جا یا ده‌یگه‌نێ یا ئه‌وه‌تا كۆسپه‌كانی ناوه‌وه‌ی خۆیان و دواتر ئه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه به‌ر له‌و ئیراده‌یه ده‌گرن و له ڕاستیشدا ژیان هه‌ر له‌و جۆره ململانێیانه‌وه مانا وه‌رده‌گرێ.
ئیراده هه‌رده‌م وریاكه‌ره‌وه‌ی عه‌قڵه، عه‌قڵ مرۆڤ زۆر ماندوو ده‌كات، هه‌ربۆیه به درێژایی مێژوو ته‌نها داهێنه‌ر و خاوه‌ن ئیراده‌كان توانیویانه له‌و ته‌مبه‌ڵیه وجودیه ڕزگاریان بێت، ئیراده هه‌میشه ده‌بێ له پێشدا عه‌قڵی له‌گه‌ڵدا بێ ئینجا وزه و پاڵنه‌ری ده‌روونی بۆ ئه‌وه‌ی بگاته ئه‌و ئامانجانه‌ی سه‌ره‌تا دیاریكردوون. مه‌گه‌ر نا چۆن ئیراده بۆ كار و جوڵه و داهێنان هه‌یه ئاوه‌هاش ئیراده‌ی ته‌مبه‌ڵی و سستی و خاوبوونه‌وه مرۆڤ داده‌هێزرێنێ و له ڕاستیشدا ئه‌و جۆره ئیراده‌یه تاكه‌كان له كه‌سێتی ده‌خات و له خۆیان دایانده‌ماڵێ و ده‌یانكا به موڵكی ئه‌وانی تر.
“خۆبوون” له (عه‌قڵ) دا مانای ڕاسته‌قینه‌ی خۆی وه‌رده‌گرێت و له (ئیراده) شدا هێز و تین و تاقه‌ت، ئه‌گه‌ر عه‌قڵ بریتی بێ له ڕێكخستن و به سیستمكردن هه‌روه‌ك شوبنهاوه‌ر له كتێبی (حیكمه‌تی ژیان) دا باسی ده‌كا، ئه‌وا ئیراده بۆ هێنانه ئارای هه‌ر ویستێكی عه‌قلانی به‌هێز ده‌رده‌كه‌وێ، به پێچه‌وانه‌شه‌وه لانه‌كردنه‌وه له به سیستمكردن و خۆڕێكخستنه‌وه ناچێته چوارچێوه‌ی عه‌قڵ و ئه‌وسا ئیراده‌ش بۆ به‌ره‌و پێشبردنی هه‌ر تێز و بڕیارێك لاواز ده‌بێ و به‌ره‌و ئامانجه‌كانی ناجولێ، یا كۆسپ و ته‌گه‌ره‌ی گه‌وره‌ی دێنه پێش و زیاتر كه‌س یا هه‌ر ناوه‌ندێك له ده‌ره‌وه‌ی تاك به كێشه‌كانی به‌رده‌م ئیراده‌وه سه‌رقاڵ ده‌كه‌ن، نه‌وه‌ك توانا خه‌رجكردن بۆ گه‌یشتن به ئامانج.
ئیراده‌ی “خۆبوون” لای هه‌ر كه‌سێك یا هه‌ر كۆمه‌ڵه و گرووپێك بێت، هه‌وڵێكی نه‌پساوه‌یه بۆ “خۆ” ڕزگاركردن له خودێكی ساخته، بۆ ڕزگاربوون له‌و بوونه‌ی له نێو شت و هه‌بووه‌كانی تردا ونبووه، جا چ ته‌مبه‌ڵیه وجودیهكه پاڵی پێوه ناوه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌میشه له سه‌رئێشه‌ی “ئازادی” دوریخاته‌وه و به‌رده‌وام له حهسانهوهیهكدا بێ ته‌نها بوونه بیۆلۆژیكیهكهی بۆی به‌س بێ، یا ئه‌وه‌تا ئه‌و هێزانه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و كارابوون نه‌یانهێشتووه خواسته‌كانی ئه‌و بگه‌نه مه‌به‌سته‌كانیان تاوه‌كو ئه‌و ناوه‌ندانه وه‌ك تیشكدهرهوه و سه‌رچاوه‌كانی تین و تاقه‌ت بۆیان تا ئه‌به‌د بمێننه‌وه و به به‌رده‌وام بچوككردنه‌وه‌ی تاكه‌كان بایی ئه‌وه‌نده‌یان بده‌نێ ته‌نها پێی بژین و به‌س.
مرۆڤ به سرووشتی خۆی به‌ره‌و چێژ ده‌چێ و له ئازار خۆی دوور ده‌خاته‌وه، ئه‌م بۆچوونه زانستی و فه‌لسه‌فیه به‌ڵگه نه‌ویسته و نه‌ك هه‌ر به ته‌نها ده‌روونشیكاری فڕۆید ئیشی له‌سه‌ر كردووه، به‌ڵكو نه‌یاره‌كانیشیان له ڕهفتاریزم به تایبه‌تی بۆرهۆف فریدریك سكینه‌ر له كتێبی” ته‌كنۆلۆژیای ڕه‌فتاری مرۆڤ” به هه‌مان مانا به‌ڵام به داڕشتنه‌وه‌یه‌كی تر پێمان ده‌ڵێ كه: هه‌موو بوونه‌وه‌ره زیندووهكان له ژیاندا بۆ ئه‌وه ده‌كۆشن خۆیان له په‌یوه‌ندیه ئازاراویهكان ڕزگار بكه‌ن، ئه‌و هه‌ڵاتنه‌ش له سه‌رچاوه‌كانی كێشه و سه‌رئێشه‌كان ڕۆڵێكی گرنگ ده‌بینێ له تێكۆشان بۆ ئازادی له كاتێكدا كه هه‌لومه‌رجی قه‌ڵس و بێزاركه‌ر له لایه‌ن كه‌سانی تره‌وه به مه‌به‌ست بۆیان درووست كرابن.
سكینه‌ر پێیوایه جۆره‌كانی خۆڕزگاركردن له‌و وروژێنه‌ره قهڵسكهرانه زۆرن هه‌ر له ڕاكردن و كۆچكردنهوه بیگره تاوه‌كو خۆ بێبه‌ریكردن و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆوه، به‌ڵام هه‌رچۆنێك بێ نابێ بچێته قالبی شڵه‌ژانی زیاتری هه‌لومه‌رجه ژینگه‌ییه‌كان، چون ڕهفتاریزمی سكینه‌ر پێیوایه بۆ ئه‌وه‌ی ره‌فتاری نوێ و هه‌لومه‌رجی تازه ساز بكرێ پێویسته تا ئاستێكی زۆر وروژێنه‌ر و موعتهیاته پێویسته‌كانیان له ژینگه‌دا فه‌راهه‌م بكرێن و دۆخه‌كه وه‌ك ئه‌زموونێكی ورد بخرێته به‌ر مه‌ددی نه‌زه‌ر.
بۆ ئه‌وه‌ی ڕه‌فتاری نوێ بێنه ئارا ده‌بێ زه‌مینه‌ی هاتنه ئارای ئه‌و جۆره ڕه‌فتارانه تا ئاستی ماقوڵ ساز بكرێن و دۆخه‌كه بۆ ئه‌وه بسازێ كه‌سه‌كان وه‌ڵامی پۆزێتیڤیان بۆ وروژێنه‌ری پۆزێتیڤ هه‌بێ، خۆ ئه‌گه‌ر زه‌مینه پڕاوپڕ بێ له وروژێنه‌ری قه‌ڵس و تاقه‌ت پڕوكێن ده‌بێ ئاساییانه چاوه‌ڕێی ئه‌وه بین وه‌ڵامه جۆراوجۆره‌كانی كه‌سه‌كان بۆ ئه‌و دۆخه ناله‌بار و شڵه‌ژاوه نێگه‌تیڤ بێ.
نه‌بووه تۆ زه‌مینه پڕكه‌یت له ورژێنه‌رstimulate ی قه‌ڵس و ئیزعاج تا ئه‌و ئاسته‌ی كه‌سه‌كان خۆیان ته‌نها بۆ سكیان ته‌رخان كه‌ن و بیكه‌ن به ئامانجی سه‌ره‌كیان، له‌ولاشه‌وه چاوه‌ڕوانی وه‌ڵامی پۆزێتیڤ بی بۆ ئه‌و وروژێنه‌ره ئیزعاجانه، ئه‌م چاوه‌ڕوانیه ئه‌وه‌نده ناعه‌قلانیه له هیچ چوارچێوه‌یه‌كی هزری و عه‌قلی و مه‌عریفی و ڕه‌فتاریش جێگه‌ی شیاو بۆ خۆی نادۆزێته‌وه. هاوسه‌نگی و دینامیكیه‌تی په‌یوه‌ندی له نێوان وروژێنه‌ر و وه‌ڵام وه‌ك وێنه‌یه‌ك ده‌بێ له ژیانی كۆمه‌ڵگه‌دا گه‌وره‌تر بكرێته‌وه و جوڵه‌ی ژیانویستی له‌و ژینگه‌یه‌دا هه‌میشه له هاوسه‌نگی نێوان سه‌نته‌ره‌كانی پرسیار و وه‌ڵامدا بێن و بچن.
مرۆڤ بوونه‌وه‌رێكی پرسیاركه‌ره و هه‌میشه له ژیانیدا به دوای وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی خۆی له خۆیان ده‌كا یا بۆی درووست ده‌بن وێڵه، هه‌ندێك وه‌ڵام بین و بڕی ده‌شكێنن و ده‌یبه‌نه دۆخێكی ڕه‌حه‌ته‌وه، هه‌ندێكیشیان له دوودڵیه‌كی ئه‌به‌دیدا ده‌یهێڵنه‌وه و له ڕاستیشدا ژیان هه‌رگیز هه‌روه‌ك ڕۆلۆ مای له كتێبی” مانای دڵه‌ڕاوكێ The Meaning of Anxiety” دا ده‌ڵێ له‌م دڵه‌ڕاوكێیه كه به وجودیی ناوی ده‌با ڕزگاری نابێَ و بگره بۆ ژیان به پێویستیشی ده‌زانێ.
ئه‌م بینینه سایكۆوجودیه لای ڕهفتاریزمی سكینهریش هه‌یه و له‌وێدا ژیان پڕۆسێسێكی به‌رده‌وامی پرسیار و وهڵامسازیه كه خۆی له په‌یوه‌ندی و به‌ره‌نجامی نێوان وروژێنه‌ر و وه‌ڵامه‌كان دا ده‌بینێته‌وه. بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ڵامی چاك و پڕ به پێستی پرسیاره‌كه‌ی خۆت ده‌سكه‌وێ ده‌بێ وروژێنهرهكهت تا ئه‌و ئاسته كه‌سانی وه‌ڵامده‌ره‌وه بوروژێنێ ئه‌و وه‌ڵامه‌ی ده‌یده‌نه‌وه وه‌ك وروژێنه‌ره‌كه وابێ ، خۆ ئه‌گه‌ر وروژێنه‌ر نه‌شیاو بوو وه‌ك هه‌موو ئه‌و وروژێنه‌رانه‌ی له‌سه‌ر زه‌مینی ئێمه هه‌ن ئه‌وا وهڵامهكانیش به‌قه‌د وروژێنه‌ره‌كان نه‌شیاو و قه‌ڵس ده‌بن، ئه‌وه ئه‌گه‌ر نه‌شیاو و توندتر نه‌بن.
ئه‌م خوێندنه‌وه‌یه ته‌واو سایكۆفهلسهفیه و بگره تا ئاستێكی زۆر ئیمبیریكی و ئه‌زموونیشه، په‌یوه‌ست نابن به خاتر خاترێنێ و دانوستان و دیبلۆماسیه‌ته‌وه، له زانست‌دا ئه‌م میكانیزمانه نایخۆن و جێیان نابێته‌وه، كۆمه‌ڵگه له كۆمه‌ڵێك تاك پێكهاتووه و هه‌موو ئه‌و تاكانه به‌رهه‌مهێنی هێزن چ بۆ خۆیان وه‌ك خاوه‌ندارێتیان بۆ كه‌سی خۆیان، چ وه‌ك كۆ وه‌ك ئه‌ندامبوونیان له كۆمه‌ڵگه‌دا، هه‌ر بۆیه به‌رهه‌مهێنی هێز هه‌میشه پێویستی به كه‌ره‌سته و شمه‌كه خاوه‌كانی ئه‌م به‌رهه‌مه هه‌یه، هیچ سه‌رچاوه‌یه‌كی هێز به قه‌زاو قه‌ده‌ر و درووشم و ڕازاندنه‌وه‌ی گوتار و ده‌م و له‌بی شیرین ناچێته ڕێوه.
ئێمه له كوردهواری ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌ی خۆماندا هۆشمان به تێكچوونی باڵانسی كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتووری و ئابووری و دواتر سیاسی خۆمان ده‌شكێ و له ڕاستیشدا ئه‌م باره ناله‌باره وه‌ك (ئه‌نجام) له هه‌نووكه‌دا پێویستی به په‌یبردنی هوشیارانه‌ی ئه‌م ناهاوسه‌نگیه هه‌یه، هه‌ربۆیه له هه‌نگاوی په‌له‌ی تردا پێویستی به بژاردهكاریهكی خێرای هه‌ندێ له‌و وروژێنه‌ره قه‌ڵس و ئیزعاجانه هه‌یه كه له مه‌یدانه‌كه‌دا به پاسیڤییان چالاكن و به‌رده‌وام وه‌ڵامی تاكه‌كانی ئه‌م سه‌رزه‌مینه كرێتتر و توندتر ده‌كه‌ن. ئینجا هاتنه‌وه هۆش خۆی سه‌نته‌ره‌كانی بڕیاری پێده‌وێ تاوه‌كو قه‌واره‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌م بار لاربوونه پهیبهرن بۆ ئه‌وه‌ی تاكی وه‌ڵامده‌ره‌وه ورده ورده ئه‌وه‌ی بۆ ده‌ركه‌وێ كه تادێ وروژێنه‌ری ماقولتر ده‌رده‌كه‌ون و ئه‌مه‌ش له ڕووی سایكۆلۆژیه‌وه هه‌لومه‌رجه ئیزعاجهكه(له‌سه‌ر قسه‌ی سكینه‌ر و سۆرندایك) هێواش هێواش ده‌شارێته‌وه.
لای من ” خۆبوون” یا سه‌ر به “خۆ” بوون بابه‌تێكه ته‌واو سایكۆبوونناسیه و ده‌بێ وه‌ك دیارده له‌سه‌ر زه‌مین و ژینگه‌دا ئادگارهكانیان ببینرێن، ده‌ركه‌وتنی دیارده و ده‌ركه‌وته‌كانی هه‌ر بابه‌تێك یه‌كه‌یه‌كی یه‌كگرتووی یهكڕوخسار و ناوهرۆكمان بۆ ده‌رده‌خا تاوه‌كو وه‌ك ڕووداو بێته به‌رچاومان، مه‌گه‌ر نا با هه‌ر به ناوهێنان و قسه‌كردن باس له ڕووداو و دیارده بكه‌ین ئه‌گه‌ر به‌به‌رچاوانه‌وه نه‌یه‌ت و نه‌چێ قه‌ناعه‌ت لای كه‌سانی وه‌ڵامده‌ره‌وه دروست ناكات، هه‌ر بۆیه‌ش هه‌ر بابه‌تێك له هه‌لومه‌رجی واقیعیبوونیدا به قه‌واره‌ی هه‌ڵچوون و سۆز ناپێورێ به‌ڵكو به ئاستی هاڕمۆنیه‌تی وهڵامسازیه عه‌قلانیه‌كان دێته پێوان.
سه‌ربه‌خۆبوون جگه له مانا بوونناسیهكهی به قالبی هیچ فۆڕمێكی دیكه‌وه ناچێ، چون چه‌مك و داهێنراوێكی مۆدێرنه و به‌ر له مۆدێرنیزم ته‌نها سهرهتاكانیمان هه‌ر له ئه‌ده‌بیاتی فه‌لسه‌فی و سۆفیزمدا بینیوه، لهسهربهخۆبووندا ده‌بێ كه‌سه‌كان یا سه‌نته‌ره‌كانی ده‌سه‌ڵات هه‌م له گشته‌وه بۆ تاك شۆڕبنه‌وه و هه‌میش له تاكه‌وه بۆ گشت، هه‌ردوو میكانیزم له هه‌نووكه‌دا داینامیكیانه ئیشی خۆیان نه‌كه‌ن و په‌یمانێكی كۆمه‌ڵایه‌تی پڕمتمانهیان لێ نه‌یه‌ته ئارا و ئه‌م په‌یمانه بۆ ئێمه‌ی هه‌میشه پاسیڤ له مێژوودا نه‌بێته په‌یمانی متمانه و كه‌رامه‌ت نه‌ك (شه‌ره‌ف) به مانا كلاسیكیه‌كه‌ی، ئه‌وا بابه‌ته‌كه تا هه‌ین هه‌ر له قالبی فۆلكلۆری سیاسی و نه‌ته‌وه‌ییدا ده‌مێنێته‌وه.
ڕاسته جگه له خۆمان هۆكاری دیكه‌ی ئه‌م دۆخه‌مان زۆرن، به‌ڵام بۆ ئێمه له نێو ئه‌م هه‌راوهوریای ناعهقلانیهتهی خۆمان و ده‌وروبه‌رو دنیادا عه‌قلانیه‌ت له خۆڕێكخستندا به ئاراسته‌ی ده‌ركه‌وتن وه‌ك”خۆ”یه‌كی كوردی ئازاد له هه‌موو شت پێویست‌تر و ته‌نانه‌ت پیرۆزتره. ئه‌وه‌ی ئێستا له‌م سه‌رزه‌مینه هه‌یه و ده‌گوزه‌رێ له هیچ لایه‌كه‌وه له‌گه‌ڵ عه‌قلانیه‌ت و ئیراده‌ی وجودی “خۆبوون” نایه‌ته‌وه، ئه‌گه‌ر دۆخه‌كه‌ش هه‌ر به‌م ناهاڕمۆنیهته به‌رده‌وام بێ پێموایه و ئه‌مه‌ش له ڕاستیدا ئه‌نجامێكی سه‌لمێنراوه ده‌بێته ئه‌ڵقه‌یه‌كی دیكه له شكسته‌كانی مێژووی نه‌ته‌وه‌ییمان.