حیكایه‌تی عه‌شقێكی ناكام … شاخه‌وان سدیق
له گێڕانه‌وه‌كانی ڕۆمانی (زۆر نیگه‌رانین، ئێوه له‌یلاتان نه‌دیوه)
” زیاد له ڕێگایه‌ك هه‌یه بۆ فریودانی مرۆڤ، هه‌میشه خۆشه‌ویستی ئاسانترینیانه”
(عه‌تا محه‌مه‌د) ………
یه‌كێك له‌و بابه‌ت و تێما سه‌ره‌كیانه‌ی كه مرۆڤ به‌درێژای مێژوی نوسین قسه‌ی ده‌رباره كردوه، له چه‌ندین گۆشه نیگای جیاوازه‌وه، بابه‌تی خۆشه‌ویستی و عه‌شق،ه ئه‌م بابه‌ته، ئه‌گه‌رچی مه‌سه‌له‌یه‌كی ژیانیی و هه‌میشه زیندوه، به‌ڵام قسه‌كردنیش ده‌رباره‌ی هه‌میشه پێویستی به شێواز‌و فۆڕمی نوێیه، بۆ ئه‌وه‌ی گۆشه نیگا جیاوازه‌كانی ببینی، و دوربیت له خۆ دوباره‌كردنه‌وه، چونكه عه‌شق زیاتر له هه‌موو شتێك وه‌ك بابه‌تێكی ڕوحی و زاتی په‌یوه‌سته به خودی مرۆڤ خۆیه‌وه، بۆیه وێناكردنی په‌یوه‌ندیه‌كانی وێناكردنی بنه‌مای خه‌ونه تایبه‌ت و گشتیه‌كانی مرۆڤ خۆیه‌تی، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی (هایدگه‌ر) پێی وایه” مرۆڤ ناتوانێت له هه‌بوونی خۆی تێبگات، ته‌نها له ڕێگه‌ی تێگه‌یشتن له خودی خۆیه‌وه نه‌بێت، له ڕێگه‌ی ئه‌و خوده‌ی كه هه‌یه د‌رك به‌و وجوده‌ی خۆی ده‌كات كه هه‌یه” ڕه‌نگه په‌یوه‌ست بونی عیشق به حاڵه‌ته وجودیه‌كانی مرۆڤه‌وه، له سه‌ر چه‌ندین ئاست بۆ ده‌ربازبونی خودی مرۆڤه بێت له چه‌ندین حاڵه‌تی زاتی، كه ڕه‌نگه ساده‌ترینیان ده‌ربازبوون بێت له ته‌نیایی، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی (به‌ختیار عه‌لیش)ده‌ڵێت” مرۆڤ بۆیه عاشق ده‌بێت، هه‌تا ته‌نها نه‌بێت” ئه‌وه‌ش كه كۆمه‌كی مرۆڤ وه‌ك ده‌رۆزه كه‌رێكی ئه‌م چه‌مكه ده‌كات بۆ به‌زیندوی هێشتنه‌وه‌ی، هه‌میشه هونه‌ری گێڕانه‌وه بووه، (عه‌تا محه‌مه‌د) پێی وایه” ئه‌وه‌ی مرۆڤی دروستكرد، گێڕانهوهبوو” (ڕوداوه‌كان، چیرۆكه‌كان، په‌یوه‌ندی ئاڵوگۆڕی هه‌سته‌كان)، له گێڕانه‌وه‌یانه‌وه واتا و مانای نوێ وه‌رده‌گرن، هه‌ر ئه‌مه‌شه وایكردوه هه‌میشه مرۆڤ و خۆشه‌ویستی وه‌ك دوانه‌یه‌ك بۆ به‌رده‌وامی، زیندوێتیان به ژیان به‌خشیوه. ئه‌گه‌رچیش زۆرجار و له سه‌ر زۆر ئاست عیشق و خۆشه‌ویستی یان بۆ هه‌میشه یان به‌شێكی گه‌وره‌ی ژیانی مرۆڤیان له ناكامی و تاریكی‌دا هێشتۆته‌وه. كه به‌رهه‌می ئه‌مه‌ش، سه‌ره‌نجام جگه له دڵشكان شتێكی تر نه‌بووه. (مه‌ریوان وریا قانع) له مه‌سه‌له‌ی باسكردن له دڵشكاندا له دیدارێكدا ده‌ڵێت” دڵشكان به‌شێكه له بوون، پارچه‌یه‌ك یان چه‌ند پارچه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ژیانه. ڕه‌نگه دڵشكان سهركیترین هه‌ستێك بێت مرۆڤ له ئاژه‌ڵه‌كانی تر جیابكاته‌وه. ده‌شێت ئه‌وه‌ی مرۆڤ له زیندوهرهكانی تر جیاده‌كاته‌وه بوونی زمان و عه‌قڵ و خه‌یاڵ نه‌بێت، یاده‌وه‌ریی كورت و درێژ نه‌بێت، توانای نووسین و حیسابكردن و دروستكردنی ئامێرنهبێت، به‌ڵكو دڵشكان بێت. وه‌ك چۆن باوه‌ڕناكه‌م ئاژه‌ڵه‌كان دڵیانبشكێت، ئاواش باوه‌ڕناكه‌م به‌درێژایی هه‌موو مێژوو یه‌ك مرۆڤ هه‌بێت چه‌نده‌ها جار دڵی نه‌شكابێت. من ئه‌م كورته باسه‌ی سه‌ره‌وه دهقۆزمهوهو له‌م نوسینه‌دا ده‌مه‌وێت له‌سه‌ر چه‌ند ئاستێك، كه‌مێك بۆچونی خۆم ده‌رباره‌ی ڕۆمانی (زۆر نیگه‌رانین، ئێوه له‌یلاتان نه‌دیوه)ی نوسه‌ری ئێرانی(ڕه‌سوڵ یۆنان) ده‌رببڕم، كه ئه‌م ڕۆمانه باسكردنه له گێڕانه‌وه‌ی حیكایه‌ته‌كانی عه‌شقێكی ناكام، عشقێك كه خۆشه‌ویستیه‌كی پاك و ساده‌و جوان ده‌ستپێده‌كات و به كۆتایه‌كی هه‌ژێنه‌ر ته‌واو ده‌بێت، كه یه‌كێك له گونده‌كانی وڵاتی ئێران به‌ناوی گوندی مه‌رجان سه‌نته‌ری ڕودانی چیرۆكه‌كه‌یه.
نوسه‌ر له چه‌ند دێڕێكدا:
نووسه‌ر و شاعیر و وه‌رگێڕی ئێرانیی، (ره‌سوڵ یۆنان) ساڵی(١٩٦٩) له گوندێكی رۆخی ده‌ریاچه‌ی ورمێ له دایكبووه،.. جگه له ڕۆمانی (زۆر نیگه‌رانین ئێوه له‌یلاتان نه‌دیوه) تا ئێستا (4) كۆمه‌ڵه شیعری چاپكردوهو خاوه‌نی چه‌ندین به‌رهه‌می وه‌رگێڕدراوه بۆ سه‌ر زمانی فارسی و چه‌ند كتێبێكی شانۆنامه‌شی چاپ و بڵاوكردۆته‌وه، ئه‌مه جگه له كتێبی (فرشته‌كان)، كه به‌شێوه‌ی (مینی‌ماڵ ) نوسراوه. ئه‌م نوسه‌ره، ئێستا له شاری تاران نیشته‌جێیه.
چیرۆكی ڕۆمانه‌كه:
چیرۆكی ئه‌م ڕۆمانه به‌شێوه‌یه‌كی ساده باسكردن و گێڕانه‌وه‌ی ژیانی خێزانێكی چواركهسیه، له گوندێكدا، به‌ناوی ئاوایی(مه‌رجان) كه له (دایك و باوك و كچێك و دایه‌گه‌وره)یان، پێكهاتوه، باوكه كه ناوی (ڕه‌جه‌به‌و دایكه‌كه ناوی جه‌میله و كچكهش ناوی له‌یلایه) ئه‌م خێزانه وه‌ك هه‌موو خێزانه‌كانی تری گونده‌كه له ژیانێكی ساده‌و ئاسایدا به‌دڵخۆشیه‌وه ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن، تا ئه‌و كاته‌ی كه (له‌یلا) ڕۆژێك له كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی له ئاوهێنان له كانی گونده‌كه‌یان، به ڕێكه‌وت چاوی به پیاوێكی غه‌ریبی شۆفێری ترێله‌یه‌ك ده‌كه‌وێت، به‌ناوی (ئیبراهیم) پاش ئه‌وه‌ی كابرا داوای ئاو له(له‌یلا) ده‌كات، هه‌ندێك گفتوگۆ ده‌كه‌ن و هه‌ر له‌و ساته به‌دواوه، هه‌ردوكیان عاشقی یه‌كترده‌بن، له دواترداو پاش چه‌ندینجار له یه‌كتر بینینه‌وه، ئه‌و عه‌شقه گه‌وره‌ترو قوڵتر ده‌بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی له لاپه‌ڕه (43)ی ڕۆمانه‌كه‌دا به‌م جۆره باسی ده‌كات” له‌یلا دڵی كه‌وته په‌له په‌ل، هیوای ده‌خواست هه‌میشه ئیبراهیم ببینێت، به‌ڵام ئیبراهیم دوربوو، زۆر دور، له نێوان ئه‌و ئیبراهیمدا چه‌ندین شاخ و ده‌ریاو بیابانی بێ‌ژمار هه‌بوو، ئاره‌زووی ده‌كرد كه دونیا بچوك بوایه، تا ئه‌وان بیانتوانیبا هه‌موو ڕۆژێك یه‌كتر ببینن، به‌ڵام دونیا گه‌وره‌بوو، گه‌وره‌تر له‌وه‌ی كه ئه‌و بیری لێده‌كرده‌وه” دوای به‌رده‌وام بونی ڕوداوه‌كان، به‌هۆی جوانی و سه‌رنجراكێشانی گه‌نجانی گوند، له‌یلا ڕۆژانه دڵخوازو داواكاری تا دێت زۆرترده‌بێت و چه‌ندین گه‌نج عه‌شقی خۆیانی بۆ به‌یان ده‌كه‌ن، له‌وانه (بولودی كوڕی سوغرا، یه‌شاری كوڕی محه‌مه‌دی ڕاوچی، بایرامی كوڕی ئه‌لبای دارتاش) به‌ڵام (له‌یلا) داوای هه‌مویان ڕه‌تده‌كاته‌وه‌و به‌هیچیان ڕازی نابێت، پاش به‌رده‌وام بونی یهكتربینینهكانی (ئیبراهیم و له‌یلا) هه‌فتانه به نهێنی، و بینینیان له لایان (بولودی) كهڕوڵاڵهوهو پاش بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵه‌كه له ئاوایدا، ئیتر باوكی له‌یلا زۆر نیگهراندهبێت و له‌یلا ناچار ده‌بێت، له‌گه‌ڵ (ئیبراهیم)ی خۆشه‌ویستیدا هه‌ڵبێت، پاش ئه‌وه‌ی ده‌چنه شارێكی سه‌ر سنوری، له‌وێ هاوسه‌ر گیری ده‌كه‌ن و ماڵێك پێكه‌وه بنیات ده‌نێن، له یه‌كێك له ڕۆژه‌كاندا، ئیبراهیم له به‌رامبه‌ر گواستنه‌وه‌ی بارێكدا به پاره‌یه‌كی زۆر ناچاره سه‌فه‌رێكی هه‌فته‌یی بكات، هه‌رچه‌نده له سه‌ره‌تادا له‌یلا ڕازی نابێت، به‌ڵام له دواجاردا(ئیبراهیم) ڕازی ده‌كات، به‌ڵام له‌یلا بێ‌ئاگا له‌وه‌ی كه هاوسه‌ره‌كه‌ی ئه‌وه دواجار ده‌بێت ده‌ڕوات وئیتر هه‌رگیز ناگه‌رێته‌وه، ئه‌م هه‌واڵه‌ش له زاری (موراد)ی هاوڕێی (ئیبراهیم)ه‌وه، ده‌گات به له‌یلا، كه دواتر ئه‌م (موراده) چاوی ته‌ماع له (له‌یلا) ده‌بڕێت و ناپاكی له هاوڕێكه‌ی ده‌كات، (له‌یلا) له درێژه‌ی ئه‌م چیرۆكه‌دا توشی زۆر ڕوداوی ناخۆش ده‌بێت، به‌هۆی ئه‌وه‌ش كه ناتوانێت بگه‌ڕێته‌وه گونده‌كه‌یان ناچاره كاربكات، دواتر موراد ده‌یباته كافتریا‌و یانه‌یه‌كی شه‌وانه‌و دیكاته گۆرانبێژ، دوای بڵاو بونه‌وه‌ی وێنه‌كانی له سه‌ر دیواری یانه‌كان و بڵاوبونه‌وه‌ی ناوناوبانگی، كوڕانی گوند به‌هۆی زراندنی ناوی گونده‌كه‌یانه‌وه بڕیارده‌ده‌ن بچنه شاربۆ سۆراغی، ئه‌وسا به‌دیتنه‌وه‌ی یان بیكوژن یان بیبه‌نه‌وه، پاش گه‌یشتنیان به‌شارو مانه‌وه‌یان له ئوتێلێك، شه‌و ده‌چنه یه‌كێك له یانه‌كان و له‌وێ (یه‌شاری كوڕی محه‌مه‌دی ڕاوچی) كه یه‌كێك له ئاشقه‌كانی (له‌یلا) په‌لاماری كچه گۆرانی بێژی ناو یانه‌كه ده‌دات، كه پێی واه خۆشه‌ویسته‌كه‌یه‌تی، به‌ڵام پاسه‌وانه‌كانی یانه‌كه زۆر به خراپی لێی ده‌ده‌ن و فڕێی ده‌ده‌نه ده‌ره‌وه، كاتێك ده‌گه‌ڕێنه‌وه، بۆ ئوتێله‌كه یه‌كێك له ژنه خزمه‌تكاره‌كان كه ده‌وچاو ڕوخساری سوتاوه، چاره‌سه‌ری (یه‌شار)ده‌كات، و پێی ده‌ڵێت، من ده‌زانم به‌دوای كێدا ده‌گه‌ڕێن، ئه‌و ژنه‌ی به‌دوایدا ده‌گه‌ڕێن، هاوڕێی من بوو، ئه‌و دوای بیستنی هه‌واڵی مردنی باوكی، گڕی له كافتریاكه به‌رداو خۆی سوتاندو ئێمه‌شی ماڵوێرانكرد، بۆیه بڕۆنه‌وه‌و چیتر به‌دوادا مه‌گه‌ڕێن، كوڕه‌كان، به‌بیستنی ئه‌و هه‌واڵه به دڵشكاوی و ناكامانه ده‌گه‌ڕێنه‌وه به‌ره‌و گونده‌كه‌یان كه (ئاوای مه‌رجانه)، ئه‌و خزمه‌تكاره ڕوخسار سوتاوهش، كه به‌هۆی سوتانی ڕوخساری و چونهناوتهمهنیهوه كوڕه‌كان نه‌یان ناسیه‌وه، جگه له خودی (له‌یلا) خۆی هیچ كه‌سێكی تر نه‌بوو. ئه‌و (له‌یلا)یه‌ی كه ڕۆژانێك جوانترین كیژۆڵه‌ی گونده‌كه‌یان بوو، به‌ڵام عه‌شق چارهرهنوسی به‌ته‌واوه‌تی گۆڕی.
ناونیشان و ده‌سپێك وه‌ك دوانه‌ی به‌هێزی ڕۆمانه‌كه:
یه‌كێك له كلیل و سه‌ره‌تای چونه ژوره‌وه‌ی هه‌ر تێكستێك، بێگومان (ناونیشان)و ده‌ستپێكی چیرۆكه‌كه‌یه، چونكه هه‌ڵبژاردنی ئه‌م دوانه به‌شێوه‌ی سه‌رنجراكێش، واده‌كات، نوسه‌ر سیحری خۆی له خوێنهربكات بۆ ڕاكێشانی و به‌رده‌ومیدان به خوێندنه‌وه‌ی تێكسته‌كه‌ی، هه‌ڵبژاردنی ناوی (زۆر نیگه‌رانین، ئێوه له‌یلاتان نه‌دیوه) بۆ ئه‌م ڕۆمانه یه‌كێكه له‌و ناونیشانه سه‌رنج ڕاكێشانه‌ی كه‌وای كردوه له بهرگهكهیهوه هزری خوێنه‌ر بۆلای خۆی ڕابكێشێت. ده‌رباره‌ی ده‌ستپێكیش، نوسه‌رو ڕه‌خنه‌گری ئێرانی (محه‌مه‌د ڕه‌زا سه‌رشار) پێی وایه” ده‌ستپێك پانتایی و پێگه‌ی زه‌مه‌ن و شوێنی چیرۆك شیده‌كاته‌وه و به شێوه‌یه‌كی باویش كه‌سایه‌تی سه‌ره‌كی ده‌هێنێته ناو چیرۆكه‌كه و زانیارییه‌كی گشتی و سه‌ره‌تای له چیرۆكه‌كه به‌خوێنه‌ر ده‌دات” له‌م ڕۆمانه‌شدا نوسه‌ر عاقڵانه به ده‌ستپێكێكی سه‌رنج ڕاكێش ده‌ستپێده‌كات و خوێنه‌ر ناچار به شوێنكه‌وتن و خوێنه‌وه‌ی دێڕبهدێڕو ته‌واوی ڕسته‌كانی چیرۆكه‌كه‌ی ده‌كات به‌م جۆره” له‌یلا له ته‌نیشت په‌نجه‌ره‌كه‌وه نوستبوو، بزه‌یه‌ك كه به‌سه‌ر لێوه‌كانیه‌وه بوو، پیشانی ده‌دا خه‌ریكه خه‌ونێكی خۆش ده‌بینێت، بێئه‌وه‌ی بزانێت ڕۆژێك چیرۆكی ژیانی، خه‌و له چاوی زۆرێك ده‌تارێنێت”
زمان و شیعر له نوسین و گێڕانه‌وه‌دا.
بێگومان یه‌كێك له خاڵه به‌هێزو پته‌وه‌كانی سه‌ركه‌وتنی هه‌ر تێكستێك به‌سراوه به چۆنێتی زمانی نوسینه‌كه‌یه‌وه، هه‌روه‌ك (كاروان كاكه سور)یش پێی وایه” زمان مه‌رجی یه‌كه‌می داهێنانه بۆ هه‌ر نوسه‌رێك) له‌م ڕۆمانه‌شدا و بۆ چۆنێتی به‌باشی گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكه‌كه، نوسه‌ر پشتی به شێوازێكی ساده له ده‌ربرین و قوڵ له گه‌یاندندا به‌ستوه كه شیعریه‌ت ته‌واوی زمانی ده‌ربڕینه‌كانی داپۆشیوه، ئه‌مه‌ش چه‌ند په‌یوه‌ندی به سوزداربونی ڕوداوه‌كانه‌وه هه‌یه، ئه‌وه‌نده‌ش په‌یوه‌ندی به خێراتر گه‌یاندنی بیرۆكه‌و تێمای تێكسته‌كه‌یه به وه‌رگر. وه‌ك ئه‌وه‌ی له لاپه‌ڕه (6)ی ڕۆمانه‌كه‌دا ده‌ڵێت” له‌یلا خه‌ونی بینیبوو گوڵێكی سووری گه‌وره له ناوه‌ڕاستی ده‌ریاچه‌ی گونده‌كه‌دا ڕواوه‌و ئه‌و له ژێریدا، له قوڵایی ده‌ریاچه‌كه‌دا، له‌گه‌ڵ په‌رییه‌كاندا ده‌ژی” یان له شوێنێكی تری ڕۆمانه‌كه‌دا ده‌ڵێت” شاپه‌ری له سه‌ر تاشه به‌ردێك دانیشتوه‌و ده‌فی مانگی ده‌ژه‌ند. پهریهكان به چوار ده‌وریدا له سه‌رخۆ سه‌مایان ده‌كرد، ده‌فی مانگ به جووڵه‌ی ده‌سته‌كانی شاپه‌ری، به‌رزو نزم ده‌بۆوه و ڕووناكییه‌كه‌ی، سه‌مای په‌رییه‌كانی جوانتر ده‌كرد.
ته‌كنیك وه‌ك كه‌ره‌سته‌یه‌كی به‌هێزی گێڕانه‌وه:
گێڕانه‌وه و هه‌ڵبژاردنی تێمای سه‌ره‌كی ئه‌م چیرۆكه به بڕوای من یه‌كێكه له ته‌كنیكه سه‌رنج ڕاكێشه‌كان كه له ڕێگه‌یه‌وه مرۆڤ ئاره‌زووی به‌رده‌وامبون له خوێندنه‌وه‌ی چیرۆكه‌كه ده‌كات، به‌ڵام چه‌ند چیرۆكه‌كه گرنگه، ئه‌وه‌نده‌ش شێوازی گێڕانه‌وه‌كه‌ی گرنگه به ته‌كنیكی به‌هێز، نوسه‌ر له‌م ڕۆمانه‌دا تا كۆتایی به‌شێوه‌یه‌كی ساده له ڕێگه‌ی ڕاویه‌كی هه‌مووشت زانه‌وه، كه ئاگاداری ته‌واوی چیرۆكه‌كه‌یه سه‌رجه‌م ڕوداوه‌كان له‌سه‌ر زمانی كاره‌كته‌ره‌كانه‌وه ده‌گێڕێته‌وه، به‌ڵام له كۆتا به‌شی ڕۆمانه‌كه‌دا به ته‌كنیكێكی به‌رز خوێنه‌ر توشی دڵڕاوكێی و شڵه‌ژان ده‌كات، به‌وه‌ی كه هه‌ر كارهكتهرو كه‌سایه‌تیه‌ك باس له خۆی و چۆنێتی ڕودانی چیرۆكه‌كه ده‌كات، كه هه‌ندێك پێیان وایه، چیرۆكه‌كه له ئه‌ساسدا بونی نه‌بوه‌و ته‌نها ئه‌فسانه‌یه و ئه‌سڵه‌ن (له‌یلا) هه‌ر بوونی نه‌بووه، (ڕه‌جه‌ب) كه له ڕۆمانه‌كه‌دا باوكی له‌یلایه، ده‌ڵێت” ئه‌و هه‌ر كچی نه‌بووه به‌ناوی له‌یلا،” ئه‌و پێی وایه ئه‌و چیرۆكه دایكی، كه ده‌كاته دایه گه‌وره‌ی له‌یلا له ڕۆمانه‌كه‌دا خۆی دروستی كردوه‌و هه‌ڵی به‌ستوه، ئه‌ویش به‌مه‌به‌ستی ده‌ركردنی بێتاقه‌تی ژنه‌كه‌ی واته (جه‌میله) كه له ڕۆمانه‌كه‌دا، دایكی (له‌یلا)یه. له‌كاتێكدا یه‌كێك له ئاشقه‌كانی له‌یلا كه ناوی (بلود)ی كوری سوغرایه، ده‌ڵێت” چیرۆكه‌كه ڕاسته‌و ئه‌و به ڕاستی عاشقی له‌یلا بووه‌و له‌یلا ڕاسته‌قینه‌یه، كه دواجاریش هه‌ر له پێناو ئه‌ودا خۆی فڕێداوه‌ته ده‌ریاوه” به‌م جۆره‌ش نوسه‌ر گه‌مه‌ی خۆی له‌گه‌ڵ خوێنه‌ردا ده‌كات و له‌كۆتا به‌شی یاداشته‌كانیدا، كۆتایه‌كی كراوه بۆ خوێنه‌ر جێده‌هێڵت و به خوێنه‌ر ده‌ڵێت” ئه‌م چیرۆكه خه‌یاڵییه‌و هه‌ر جۆره وێكچوونێك له نێوان كه سێتیهكانی چیرۆكه‌كه‌و كه‌سێتی ڕاسته‌قینه‌دا ڕێكه‌وته، هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌یش بڵێم هه‌ندێك كات، هه‌ست ده‌كه‌م ئه‌م چیرۆكه ڕووی داوه. ئه‌ی بۆچوونی ئێوه چییه؟؟؟
دوا سه‌رنج له‌سه‌ر ڕۆمانه‌كه:
ئه‌گه‌رچی چیرۆكی ئه‌م ڕۆمانه به‌بڕوای من چیرۆكێكی سۆزداری ساده‌یه و هاوشێوه‌ی نوسین و گێڕانه‌وه‌ی له‌م جۆره له زۆرێك له ئهدهبیاتهكاندا بونی هه‌یه، به‌تایبه‌ت هه‌ر له ئه‌ده‌بیاتی (ئێرانی)خۆیدا كه به چه‌ندین شێوه له‌لایان نوسه‌رانی دیكه‌وه چیرۆك گه‌لی وا دارێژراون و له ئه‌ده‌بیات و حیكایه‌تی كوردیشدا هاوشێوه‌ی هه‌یه و شتێكی زۆر نوێ نییه، وه‌ك بابه‌ت، به‌ڵام گێڕانه‌وه‌و شێوازی داڕشتنی ڕوداوه‌كان به‌و گرێچنیه ورده و به‌و زمانه ساده‌و پاراوه، به‌ڕاستی له زۆرێك له تێكسته‌كانی دیكه‌ی جودا ده‌كاته‌وه، هه‌ر ئه‌مه‌شه واده‌كات خوێنه‌ر چێژ له خوێندنه‌وه‌ی ببات و ئاره‌زووی ته‌واونه‌كردنی تێكسته‌كه بكات. ئه‌م ڕۆمانه به‌قه‌باره‌ی نیو(A4) و له دوتوێی (204) لاپه‌ڕه‌دا، له‌لایان ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌مه‌وه چاپ و بڵاوكراوه‌ته‌وه‌و له به‌رهه‌مه‌كانی ساڵی (2013)یه و هاوڕێی وه‌رگێریش (جه‌بار سابیر) به‌زمانێكی جوان و شیرینی پاراوی كوردیانه، وه‌رگێڕاوه، كه به ڕاستی جێگای سوپاس و ده‌ستخۆشیه. من له خوێندنه‌وه‌ی دووجاری ئه‌م ڕۆمانه چێژی زۆرم بینی بۆیه ته‌مه‌نا ده‌كه‌م ئێوه‌ش بیخوێنه‌وه‌و له‌و چێژه بێبه‌شنه‌بن. چونكه وه‌ك (میلان كۆندێرا) ده‌ڵێت” عه‌قڵی ڕۆمان عه‌قلی ئاڵۆزییه، هه‌موو ڕۆمانێك به خوێنه‌ری خۆی ده‌ڵێت: شته‌كان له‌وه ئاڵۆزترن كه بیریان لێده‌كه‌یته‌وه”
————————————
بۆ ئه‌م نوسینه سودم له‌م كتێبانه وه‌رگرتوه.
هونه‌ری ڕۆمان_ میلان كۆندێرا_ لێكۆڵینه‌وه.
ده‌ستپێك له چیرۆكی كوردیدا_ ئارام سدیق_ لێكۆلینه‌وه.
ڕێبه‌ری كتێبسازه كوژراوه‌كان_ عه‌تا محه‌مه‌د_ ڕۆمان.
Shaxi83@yahoo.com