
چه‌ند شیعرێك له شاعیری عێراقی ( قاسم سعوودی)ـه‌وه.. و: نه‌ژاد عزیز سورمێ
• شووشه‌ی براكه‌م
براكه‌م مناڵێكه له شووشه
دایكم زۆری له خه‌م دایه
به عاده‌ت
یاری به‌سه‌ر پشتی باوكمه‌وه ناكا ..
كه له‌گه‌ڵ مناڵانی هاوسێدا به‌شه‌ڕ دێین
له په‌نا خۆمانی ده‌نێین
كه ڕاده‌كا چاوه‌دێری ده‌كه‌ین
وه‌ختێ ده‌شنوێ
ترسی ئه‌وه‌مان هه‌یه خۆی وه‌رگێڕێ و
دایكم خه‌می پێوه بخوا ..
له پێكه‌نینی ئێمه به‌ده‌ر
هیچ ناخوا
له كاتێكا چێشتی نه‌كوڵاو
له مووبه‌ق ده‌دزین
به درێژایی ڕۆژێ ده‌دره‌وشێته‌وه
بۆیه یه‌كسه‌ر كچانی هاوسێ عاشقی ده‌بن ..
نه‌چووه‌ته قوتابخانه
نه‌بادا منداڵان به‌ردی تێ بگرن
زۆر حه‌زی له جل و به‌رگ نییه
به ڕووتی ده‌چێته سه‌ر شه‌قام
براكه‌م كه له شووشه‌یه
ئه‌مڕۆ جه‌نازه‌ی شه‌هیدێكی بینی و شكا .
• كتێبی باڵداران
جارێ له كتێبی باڵداراندا خوێندمه‌وه
چۆله‌كه‌ی مێینه
پاش نیو سه‌عات له مردار بوونی چۆله‌كه‌ی نێرینه
شوو ده‌كاته‌وه ..
به‌ڵام ئه‌و چه‌ند چۆله‌كه‌ی ماڵهاوسێمان
ئه‌وه‌یان نه‌كرد
ده‌یانگوت
شه‌رم له‌و ژنه ڕه‌شپۆشه ده‌كه‌ین
كه له هه‌موو شه‌ڕان هاوسه‌ری ده‌مرێ و
پارچه‌یه‌كی گه‌وره‌ی گه‌رم
له ڕۆحی ده‌با .
• پارچه زێڕێكی بچووك
ڕۆژێ له ڕۆژان
دایكم پارچه زێڕێكی بچووكی هه‌بوو
بچووك زۆر بچووك
سه‌رباز له وه‌ختی شه‌ڕدا لێیان ستاند
بابم ساڵێكی ته‌واو له كێڵگه‌ی گه‌نما
ماندوو بوو
تا ئه‌و پارچه زێڕه بچووكه‌ی بۆ بێنێته‌وه
كه بوو بوو به گولله‌یه‌كی گه‌رم و
سه‌ربازێكی هۆ له وێدا كوشت
دایكم ئێستا ئه‌و پارچه‌یه‌ی به بیر نایه‌ته‌وه
به‌ڵام زۆر جار له خه‌ون دا
ته‌رمی ئه‌و سه‌ربازه ترساوه ده‌بینێ .
• كۆتر
له‌سه‌ر ده‌رگاكه‌یاندا نووسراوه شه‌هید
ژنه‌كه‌ی له ماڵه‌وه
بایه‌خێك به‌وه نادا
چوون ئه‌و پیاوه‌ی خۆشی‌ویست
زۆر له‌و مانایه فراوانتر بوو
وه‌ك بنمیچێك چۆله‌كه‌ی له بندا ده‌نوون
بێ ئه‌وه‌ی هه‌ڵبله‌رزن
ئه‌و ئێستا
له ڕیزوه‌ستانی خانه‌نشینیدا
وێنه‌ی كۆترێكی سه‌رگه‌ردان به ته‌نێیه
ئه‌و پۆلیسه گه‌مژه‌یه چاوچاوانێی له‌گه‌ڵ ده‌كا ..
شوفێری تا‌كسیی چاوله‌ده‌ریش
ته‌نانه‌ت كۆنه‌فرۆشی جل و به‌رگ و
تۆلازه‌كانی شار ،
هه‌مووان چاوبازی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن ..
ئه‌و به ته‌نێ چاودێری هه‌موو ئه‌وانه ده‌كا و
سه‌ری خۆی
به كێلی گۆڕه‌كه‌یدا ده‌كێشێ ..
• ئێسقانی ڕه‌ش
براده‌ره‌كه‌م
كه زۆر دڵخۆش بوو به بووكه‌كه‌ی
كچی سه‌وزه‌فرۆشه‌كه
دوای سێ هه‌فته
له شێوه‌ی چه‌ند پارچه ئێسكێكی ڕه‌شداگه‌ڕاو
بۆ بووكێ گه‌ڕایه‌وه
ژنی بچكۆله وه‌ك ده‌ستێكی بڕاو
له جێی خۆیدا هه‌ڵده‌به‌زی و داده‌به‌زی
دایكی له‌سه‌ر داره‌مه‌یته‌كه خه‌وی لێ كه‌وت
باوكی وه‌سه‌ری خۆی ڕاهاتبوو
دوای ساڵێك
پێی بچكۆلانه
له ژووری ژنه‌كه‌دا وه‌ده‌ر كه‌وتن
هاواریان ده‌كرد : بابه بابه
برا بچووك به قسه‌ی بابی كرد و
بوو به باوكی منداڵه‌كه
دایكی بچكۆله
به هاوسه‌ری نوێی دڵخۆش بوو
زۆر دڵخۆش بوو ..
دوای ده ساڵ
شه‌ڕ بۆ تاوێ خه‌وت
براده‌ره‌كه‌م به زیندوویی گه‌ڕایه‌وه
له ده‌رگای دا
دایكی نه‌دیته‌وه
ژنه‌كه وه‌ك ده‌ستی بڕاو ڕاده‌په‌ڕی
باوكی له‌سه‌ری خۆی ده‌دا
برای بچووكی وه‌ك فرمێسكی من
كه ئه‌و ده‌قه ده‌نووسم
به‌سه‌ر چاودا كه‌وت .
• ده‌ته‌وێ به‌هه‌شت ببینی ؟
ده‌ته‌وێ به‌هه‌شت ببینی
بچۆره بازاڕێكی میللی
مۆز و ئه‌ناناس و سێوفرۆش واز لێ بێنه
لای ئه‌و پێره‌مێرده بوه‌سته
له‌سه‌ر ئه‌رز ڕاكشاوه
سندووقێك ته‌ماته‌ی له ته‌كه
سێ ڕۆژه ماوه‌ته‌وه ..
ئه‌وه به‌هه‌شته .
——————————
قاسم سعودی ….. شاعیرێكی عیراقیه ساڵی 1969 له به‌غدا له‌دایك بووه .
تا ئێستا زیاتر له 5 كۆشیعری بڵاو كردووه‌ته‌وه ، له‌وانه : (چرایه‌كی داخراو) و
(كورسی ژه‌نیار) و (سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر پشتی باوكم دا) كه ئه‌م شیعرانه له‌و
كۆشیعره‌وه كراون به كوردی .
بڕوانه : قاسم سعودى ( الصعود على ظهر ابي ) چاپی یه‌كه‌م 2016
بڵاو كردنه‌وه‌ی ده‌زگای ( مسعی) بۆ چاپ و بڵاوكردنه‌وه له كه‌نه‌دا
به هاوكاری ده‌زگای (العنوان)ی (الشارقة) .