Skip to Content

مرۆزن.. سەردار ڕەزا جاف

مرۆزن.. سەردار ڕەزا جاف

Closed
by تەممووز 2, 2025 General


بوخچە مەرکانەکانی حەرفی پڕ ناڵە و هاواری ژنانە، ئەو دەمەی پياوێک بە رێکەوت گوزەر بەم مەملەکەتە دەکات، شەرم تەواوی ئاودامانی دەتەنێ، ئيدی من نەمزانی ئەو شۆڕەسوارە بێباک و” غەفڵەتگيرە لە کام سووچی ژينەوە فريودراوە و ئەو پەيڤ گەلانە نەيتوانيوە بەربەستە کۆنکرێتييەکانی دڵڕەقی و کەللەڕەقيان شەق و هورد و خاش و شەقارشەقار بکا، لێرەوە ئيرەييم بەو پياوە دەهات ئەو هەموو هەستە بێ غەوش و پاک و بێگەردانە لە زنە و کانياوی ژنێکی جوان و ميهرەبانەوە هەستەکانی لە قاڵبدانی ختوکەوە ترازاوە و ئەوينداری گەرم گەرمی پڕ هاڵاوی لێ بەرز دەبێتەوە و ژوان بۆ ژوان بانگ دەکا، لە وشەکانيدا هەست دەکرێ هێشتان لە سەر کوڵمە ناسکەکانی بۆنی فرمێسکی لێدێت و، تەواوی لەچکەکەی بە ئەسرينەکانی تەڕتەڕە بۆ پياوێکی بێ دەربەست، ئەوە چ مرۆڤێکە لەو ژانە بە سوێيە خۆی کردۆتە کەڕەی شەربەت و مزمەعيل، هێشتان خەوتوويەکی زەمەنی رابردووە و لەم مەملەکەتی بێ غەوش و پڕ بەرائەتە ناحاڵی و نائاگايە، ئيرەييم دێ ژنێ بە هەموو ئەو جوانييەيەوە وا بە کوڵ و بە سەليقەييەوە بۆ ئەوينێکی هەڵتۆقيوو دەنووسێ کپبوونەوەی مەحاڵە و دانامرکێتەوە، سەرباری ئەوەيش بە هێزێکی لە بن نەهاتووەوە دەدوێ و شانازی بە بێوەژنييەوە دەکا.
من هەڵە بووم، مينائاسای گۆرانييەکەی فوئاد ئەحمەد نا، هەڵە بووم لەوەی وامزانی هەموو پياوێک شێوەئاسای من پڕ لە هەستی ناسکييە و بە ديار دراما و فيلمێکی تراژيدياوە هۆنهۆن فرمێسکەکانی هەڵدەڕێژێ، نەمزانی دڵڕەقی وا هەن ئەو هەموو هەستەی لە دلێکی پڕژانی خانمێکەوە هەڵدەقوڵێ بێ باکانە ديقەتی دەدا، هەندێجار دڵڕەقی لە ئەزموونەوە چەکەرە دەکا و جێی لێ خۆش بوون نييە، وەلێ ئەم خانمەی بەرائەتی لێ دەچۆڕی ئەو سەرەڕۆيە نييە، وەلێ وەک ئەوەی توولە نەمامێکی باخچەی پڕ لە گوڵزاری رەنگاڵە لە ڕەگەوە هەڵتەکێنێ و بێمروەتی لە خەسڵەتە خۆرسکييەکەی بگاتە ئەندازەی ئەو جەللادە بێ بەزەیی و ڕەزا قورس و بەدفەساڵ و سمێڵ بابڕ و سيما تەڵخ و بڵحانەی رۆژانە قۆڵی گەنجێکی هەرزەی نەتەوە و نيشتيمان پەروەر پەلکێشی سەر داری پەتی قەنارەی مەرگ دەکا…
ڕەنگە لێرە و لەوێ بگوترێ ئەوە تەنها پياو نين هێندە دڵڕەق و بێ بەزەیین لەوبەری ئاوایی نێرينەيش، دڵڕەقەکان زۆرن، لێ بە پانتایی لەپم وەپشتی گەردنما دەکێشم و دبێژم ئەرێ لەو جۆرە لەوێش هەن، چەم بێ چەقەڵ نابێت، وەلێ ئەوەی من باسی لێوە دەکەم، قەڵەمی هەست ناسکی خانمێکە ئێش و ئازارەکەی سەنگی کێشانەی هێندە سووک بووگە تەرازووی هەلنيشتۆتە بڵندایی، گوێ شلکەرێکی لێ گوم بووە، سۆراغەکانی لە چامەکەی نالی دەچی بۆ سالمی ناردووە …..

٢ / ٧ / ٢٠٢٥
سەردار ڕەزا جاف
نووسەر، ئەڵمانيا

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress