Skip to Content

لە یادی (کۆمۆنەی پاریس)دا.. موئەیەد ئەحمەد

لە یادی (کۆمۆنەی پاریس)دا.. موئەیەد ئەحمەد

Closed
by نیسان 2, 2021 General, Opinion


ئەمڕۆ (١٨-٣-٢٠٢١)، سەد وپەنجا ساڵ بەسەر بەرپاکردنی کۆمۆنەی پاریسدا تێئەپەرێ. پێشوازی فراوان و جێهانی ئەمساڵ لە یادکردنەوەی کۆمۆنەی پاریس بەشێکە لە پێشوازی جیهانی ڕوولەسەری گەڕان بەدوای ڕێگەدەرچوونی شۆڕشگێرانە لە نەهامەتیەکانی بارودۆخی ئێستا و تێگەیشتن لە ئەزموونەکانی شۆڕشە پرۆلیتاریەکان.
پێشینەی کۆمۆنەی پاریس ئەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (١٨٤٨) و بە تایبەت مانگی حوزەیرانی ئەو ساڵە کە کرێکارانی پاریس وەک هێزێکی سیاسی چینایەتی سەربەخۆ ڕاپەرینیان کرد، و ڕیزەکانی خۆیانیان جیاکردەوە لە بۆرژوا-دیموکراتەکان و دروشمی “کۆماری کۆمەڵایەتی”یان بەرزکردەوە، بەهەر ناڕۆشنیەکەوە کە هەیان بووبێت دەربارەی ئەم دروشمە.
هەر دوو پەرتوکی مارکس، “خەباتی چینایتی لە فەڕەنسا”، و “١٨ برۆمیر لویس بۆناپارت”، بە شیوەیەکی داهێنەرانە ڕەوەندی خەباتی چینایەتی و ڕووداوە سیاسیەکانی فەڕەنسای لە شۆرشی (١٨٤٨)دا وە ئاکامەکانی نیشان داوە، وە لە پەرتووکی “جەنگی ناوخۆی فەرنسا”دا بەرپابوونی (کۆمۆنەی پاریس)ی وەک یەکەم “دەوڵەتی پرۆلیتاری” و چارەنوسی باسکردووە. لە یادی (٢٠) ساڵەی کۆمۆنەی پاریس دا (فیردریک ئینگلس) کۆمۆنەی پاریس وەک “دکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا” پێناسە ئەکات.
وانە و ئەزمونەکانی کۆمۆنە زۆر و هەمەلایەنەن، بەڵام لە باری سیاسیەوە کۆمۆنەی پاریس گەورترین ئەزمونی پێشکەش کرد بە چێنی چەوساوەی جێهان، وە بۆ یەکەم جار بەکردەوە، بە هەر خاڵیکی لاوازیشیەوە، دەوڵەتی پرۆلیتاری هێنایە سەر شانوی مێژووی جێهانی، و وەک مارکس ئەلێ “ئەو فۆڕمە سیاسیە بوو کە لە کۆتاییدا دۆزرایەوە، کە ئەتوانرێ ڕزگاری ئابووری کار لە سایەیدا بە ئەنجام بگات” (لینین دەوڵەت و شۆرش).
هەموو ئەزمونەکانی کۆمۆنەی پاریس پەیوەندی ڕاستەوخۆیان هەیە بە خەباتی چیانیەتی پرۆلیتاریای ئەمڕۆوە. کەمپی بۆرژوازی و دۆژمنانی چینایەتی کرێکاران و زەحمەتکێشان لە سەرتاسەری جیهاندا هەردەم ئامادەن جەنگی نیوان خۆیان بوەستێنن و لولەی چەک و تۆپەکانیان وەرگێڕن بۆ سەر سنگی پرۆلیتاریای سەردەم، هەر وەک چۆن بورژوازی ئەڵمانی و فەرنسی کردیان بۆ سەرکوتی کۆمۆنەی پاریس و گەورەترین تاوانیان ئەنجامدا. تاوانێک کە نزیکەی سی (٣٠) هەزار کۆمۆناردیان خەڵتانی خۆین کرد، وە چەندین هەزاری تریش گیراو و بێسەروشۆین وە ئاوارە بوون.
بورژوازی قەومی و ئیسلامی دەسەڵاتداریش لە عێراقدا لە نیوان خۆیاندا لە شەڕدان، بەڵام لە بەرامبەر پرۆلیتاریا و ڕاپەریندا، هێزیکی چیانیەتی یەکگرتوو و سەرکوتگەرن، و بیباکن لە بەرامبەر تاوانی کوشتنی زیاتر لە هەزار خەباتگیری ڕاپەرینی ئۆکتوبەر و دەیان لە خۆپیشانداەران لە کوردستاندا.

لە سەردەمی سەرمایەداری ئیمپریالیستی ئەمڕۆ و زاڵبوونی کۆنەپەرستی هەمەگیری سیاسی بورژوازی جیهانی و کارەساتەکانی جەنگ و میلیتاریزم و کێشمەکێشی جیۆستراتیژی، هەر تەنها كۆمۆنەیەکی سۆشیالیست و ئینتیرناسیۆنالیستیە کە ئەتوانی وەڵامدەرەوە بێت بە ڕزگاری پڕۆلیتاریای سەردەم.
لە دریژەی وانە و ئەزمونەکانی کۆمۆنەی پاریسدا پێویستە ئاماژەیک بە سیاسەتی ئابوریشی بدەین. لە وتارێکی (مایکڵ ڕۆبێرتس)، ئابوریناسی مارکسیستی لە بەریتانیا، کە لە وێبسایتی خۆی بڵاوی کردۆتەوە، لە یادی (کۆمۆنەی پاریس)دا، و لە چوارچێوەی ڕوونکردنەوەی سیاسەتی ئابووری کۆمونەدا، ئاماژە بە مەسەلەیەکی زۆر گرنگ ئەدا کە بۆچی کۆمۆنە دەستی بەسەر بانکی فەرەنسادا نەگرت، لە کاتێکدا کە ئەیتوانی ئەو کارە بکات.
نوسەر ڕوونی ئەکاتەوە کە کۆمۆنە بۆچی ئەو کارەی نەکرد، کە یەکێکە لە خاڵە لاوازەکانی کۆمونە. ئەمەش دەگەڕێنێتەوە بۆ چەند هۆکارێک، لەوانە تێڕوانینی برۆدۆنی بۆ ڕۆڵی بانک کە بەسەر فیکری هەندێک لە سەرکردەکانی کۆمونەدا زاڵ بوو، وە دەڵێت:
“بۆچی سەرکردەکانی کۆمۆنە دەستیان بەسەر بانکدا نەگرت؟ باشە، زۆرینەی نوێنەرەکانی کۆمونە سۆشیالیست نەبوون، بەڵکو دیموکرات-کۆماری بوون. باڵی سۆشیالیستی کەمینە بوو، وە لەناو ئەو کەمینە سۆشیالیستیەدا، مارکسیستەکان کەمینەیەکی بچووکتر بوون. زۆربەی سۆشیالیستەکان شوێنکەوتوانی برۆدۆن بوون. ئەوان سۆشیالیزمیان وائەبینی کە لە کۆنترۆڵی دراوییەوە بەدیدێت، یانی لە ڕێگەی بەکارهێنانی موتمانەوە “الإتمان”. ئەو پیاوەی کە لێپرسراوی دارایی کۆمونە بوو، (چارلز بێسلی)، هاوڕێی برۆدۆن بوو، باوەڕی کوێرانەی بە بانک و فاینانس بە گشتی هەبوو . لە ساڵی (١٨٦٦)ەوە ئەندامی ئینتەرناسیۆنالی یەکەم بوو، وە کاریگەری زۆری لەسەر کۆمونە هەبوو. (چارلز بێسلی) باکگراوەندی هەبوو وەک سەرمایەدارێک، چونکە خاوەنی وۆرک شۆپێکی (٢٠٠) کرێکاری بوو”.

سوود وەرگرتن لەم ئەزموونە و بەدەستهێنانی ڕۆشنبینی لە لایەن سۆشیالیستەکانەوە، سەبارەت بە سیاسەتی ئابووری بزووتنەوە شۆڕشگێڕیەکان و راپەڕینە هاوچەرخەکان، گرنگیەکی تایبەتی هەیە. بێگومان لە سەردەمی ئێستای ئێمەدا، و (١٥٠) ساڵ دوای کۆمۆنەی پاریس و پەرەسەندنی سەرمایەداری جیهانی، سیاسەتی ئابووری هەر بزووتنەوەیەکی بەڕاستی شۆڕشگێڕانە، سۆشیالیزمە. بەڵام بەنەزەر وەرگرتنی مەسەلەی دەستبەسەراگرتنی بانکە سەرەکییەکان، وەک یەکێک لە پێکهاتەکانی ئەم سیاسەتە ئابوورییە شۆرشگێرانەیە، لە دۆخەکانی پەرەسەندنی پرۆسەی شۆڕشگێڕیدا، مەسەلەیەکی زۆر بایەخدارە.

مارکس و ئێنگلس ئاماژەیان بە یەکێک لە لاوازیەکانی کۆمونەی پاریس کردووە بەوەی کە دەستیدانەگرت بەسەر بانکی سەرەکی فەرەنسادا، واتە “بانکی فەرەنسی” لە پاریس، هەرچەندە ئەیتوانی ئەو کارە بکات. مایکڵ ڕۆبیرتس دەڵێت کە دە (١٠) ساڵ دوای تێکشکاندنی کۆمونە، مارکس لەم باریەوە ووتویەتی کە لەوانەیە کۆمونە ڕزگاری ببووایە ئەگەر دەستیدابگرتایە بەسەر “بانکی فەرەنسی”دا، وە ئاماژە بۆ ئەوە ئەکات کە مارکس لەم بارەیەوە وتویەتی:
“جگە لەوەی تەنها ڕاپەڕینی شارێکە لەژێر بارودۆخێکی نائاساییدا، زۆرینەی کۆمون بەهەر حال، سۆشیالیست نەبوون و نەدەکرا وابن، لەگەڵ ئەوەشدا بە کەمێک هەستی سالمەوە دەیتوانی چارەسەریکی میانەگەری دەستکەویت لە فیرسای کە گونجاو بێت بۆ هەموو خەڵک – تاکە ئامانجێک کە لەو کاتەدا ئەتوانرا بەدی بێت”.
هەر وەها (مایکڵ ڕۆبیرتس) ئاماژە بەوە دەکات کە دوای (٤٥) ساڵ، و دوای شۆڕشێکی تر، کە بە هۆی شەڕ و شکستی چینی دەسەڵاتدارەوە سەریهەڵدا، لینین ئەم وانەیە وەبیردە‌هێنیەتەوە لە شکستەکەی کۆمۆنەی پاریس:
“بانکەکان وەک دەزانین، ناوەندی ژیانی ئابووری هاوچەرخن، سەرەکیترین ناوەندی دەماری عەسەبی تەواوی سیستەمی ئابووری سەرمایەدارین . قسەکردن لە “ڕێکخستنی ژیانی ئابوری” و خۆ دزینەوە لە مەسەلەی خۆماڵیکردنی (تأميمي بانکەکان)، یا دەبەنگیەکە لە جەهالەت زیاتر، یان هەڵخەڵەتاندنی “عاممەی خەڵک”ە بەوشەی گوڵدار و بەڵێنی قەبە بەنیازی ئەنقەست بۆ شکاندنی ئەو بەڵێنانە”.

١٨ مارس ٢٠٢١

Previous
Next
Kurdish