Skip to Content

ئەکتەرەکان.. شيعر: نزار قبانی.. وەرگێڕانی: پشکۆ ناکام

ئەکتەرەکان.. شيعر: نزار قبانی.. وەرگێڕانی: پشکۆ ناکام

Closed
by ئازار 9, 2023 General, Poems



(1)
كاتێ لە شارێکا
“فکر” ، وەک “سم”ی ئەسپ تەخت ئەکرێ
و
وەک”سم”ی ئەسپ خڕ ئەکرێ
و
هەر گەمژەیەک بتوانێ
چەک هەڵگرێ و ئینسان بکوژێ
كاتێ ووڵاتێ سەرتاپا
ببێ بە تەڵەی مشک و خەڵکی بەرکەوێ
و
ڕۆژنامەکان ببن بە “پرس نامە”
دیوارەکان داپۆشێ
….هەموو شتێ ئەمرێ
…. هەموو شتێ ئەمرێ
ئاو…سەوزەوات…دەنگ…ڕەنگەکان
درەخت لە ڕەگەوە کۆچ ئەکا
جێ بەجێ هەڵدێ
و
ئینسان کۆتایی دێ

 (2)

كاتێ “ووشە” لە شارێکا
وەک “حەشیشە” قەدەغە ئەکرێ
و
بیر کردنەوە، وەک :
سێکس کڕین ، دوو دەگێتی ، تلیاک
ئەبێ بە “تاوان” و یاسا ..!! ئەیگاتێ
كاتێ لە شارێکا
خەڵک ئەبێ بە بۆقێکی نابینا
نە سکاڵا ئەکەن ..نە ڕائەپەڕن
و
نە گۆرانی ئەڵێن…نە ئەگرین
و
نە ئەژین..نە ئەمرن
دارستان و مناڵ و گوڵ ئەسووتێن
بەر و بومەکان ئەسووتێن
و
ئینسان لە ووڵاتی خۆیا
لە” کوللە” زەلیل تری لێ دەرئەچێ

 (3)

كاتێ عەدالەت لە شارێکا
ئەبێ بە پاپۆڕێک و “چەتە” سواری بێ
و
ئینسان لە جێ خەوی خۆیا
ترس و خەفەت دایئەگرێ
كاتێ فرمێسک لە شارێکا
گەورەتر بێ لە پێڵۆکان
…هەموو شتێ دائەڕوخێ
خۆر..ئەستێرە..شاخ..دۆڵەکان
ڕۆژ..شەو..دەریا..کەنارەکان
خودا…و…ئینسان

 (4)

كاتێ “خودە” یەک:
وەک خودای ئاسمانی لێ دێ
چی بوێ بە” عەبدەکان” ئەکا
پانیان ئەکاتەوە..ئەیانهاڕێ
ئەیانکوژێ…ئەیانژێنێتەوە
كاتێ لە شارێکا
بیر کردنەوە جۆرێک ئەبێ لە “بێ ئەقڵی”
و
لە شارێکا ، مێژوو ئەبێ بە فڵچە
و
” فکر” بە پێڵاو
كاتێ شنەی هەوا
بە مەرسومێکی سولطان دەرئەچێ
و
ئەو نانەی ئەیخۆین
بە مەرسومێکی سولطان بۆمان دێ
و
ئەو ئاوەی ئەیخۆینەوە
بە مەرسومێکی سولطان ئەگاتە جێ
كاتێ میللەتێ سەرتاپا
ببێ بە ” مێگەل”
و
لە ئاخوڕی سولطان بلەوەڕێ
کۆرپەکان لە ڕەحمی دایکیانا ئەخنکێن
و
ژنە سک پڕەکان لەبار ئەبرێن
و
خۆر وەک سێدارەیەکی ڕەش
….یەتە خوارێ

(5)
كەی بار ئەکەن..؟
شانۆکە بەسەرتانا کەوتە خوارێ
كەی بار ئەکەن..؟
خەڵکی هۆڵەکە جوێن ئەیەن…تف هەڵئەیەن
كەی بار ئەکەن..؟
نیشتمان بۆ ئێوە :
مریشکێ بوو ، لە هێلکە بە نرخەکەی ئەخۆن
نیشتمان بۆ ئێوە :
“کراسەکەی عوسمان” بوو بۆ بازرگانی کردن
لەسەر دەستی ئێوە :
سنوورەکانمان وەک “کاغەز”ی لێ هات
بە ئاسانی ئەدڕێ
هەزاران سوپاس
لەسەر دەستی ئێوە :
ووڵات بوە بە قەحبەیەک
هەزاران سوپاس

(6)

…شەڕی یەکتر کوشتن تەواو
وەک ئەوەی هیچ ڕووی نەیابێ
ڕووخسار و چاوەکان وەک خۆیانن
دادگای هەڵکوتانە سەر
و
دادوەرەکان !! وەک خۆیانن
قەرەقۆز و سیخوڕەکان
سەر قاڵی کاری خۆیانن
و
خەڵک لە بێ توانایی گریانا
….پێئەکەنن
و
ئێمەش ڕازین
بە شەڕ ڕازین.. بە ئاشتی ڕازین
بە گەرما ڕازین..بە سەرما ڕازین
بە وەجاغ کوێری ڕازین..بە مناڵ بوون ڕازین
بە هەموو ئەوانەی لە ناوچەوانمانا نووسراوە
….ڕازین
قایلین بە ڕازی بوون
تەنها ئەتوانین بڵێین :
انا للە و انا الیە راجعون

 (7)

شانۆکە سووتا و داڕما
ئەکتەرەکان :
هێشتا وان لە ژیانا
………………….
“”””””””””””””
(تێبینی : دەقە عەرەبییەکەی ئەم شیعرە درێژ ترە لەوەی کراوە بە کوردی ، بە چاکم زانی تەنها ئەو کۆپلانە وەرگێڕم کە ڕاستەوخۆ مەبەست ئەپێکێ…)
“””

Previous
Next
Kurdish