
بۆ ئەوانەی هەڵە تێگەیشتوون، یان بە هەڵە تێدەگەیەندراون.. هوشیار برایم
درۆ، یان نەفامیەکی زەقە کە دەڵێن ئەردۆغان لە تورکیا و باکوری کوردستان لە نێو کوردان دەنگی لە هەدەپە زیاترە، (وانییە).
هەدەپە و پەکەکە کە تەمەن و هێزیان بە بەراورد لەگەڵ دەوڵەتێکی 700 ساڵی و سوپایەکی 600 ساڵی ناهاوسەنگە، بە خۆڕاگریەکی گەورە و قوربانیەکی زۆرەوە، ئینجا توانیویانە ئەوەندە کوردەی لایەنگریانن بێننەوە بارێک کە بەرگری لە هەبوونی خۆیان بکەن، ئەوەی تا ئێستا کردوویانە و بەو ئاستەیان گەیاندووە، وەک ئەوەیە بە دەرزی بیر-یان کۆڵیبێت، بۆیە ئەگەر ئەو ڕاستیانە لەبەرچاو نەگیرێن، بێگومان دەکەوینە هەڵسەنگاندنێکی سەقەت و بێ واتا!.
هەر بۆ زانیین:
– ژمارەیەک لەو 27 شارە کوردستانیەی باکوور، ئێستا زۆرینەی دانیشتوانەکەی کورد نەماون، لە هەندێکیان نیوەن، یان ئەو بە ڕەچەلەک کوردانەن، لە ئەنجامی سیاسەتی 100 ساڵەی نکۆڵی و قڕکردن، دروشمی(چەند بەختەوەرم کە تورکم)یان قبوڵکردوە.“
– دەنگدەرانی شارە کورستانیەکان تەنیا خەڵکی شارەکە نیین، بەڵکو سەرباز و پۆلیس”کە سوپایەکن” و فەرمانبەرانی دەرەوەش کە لەوێن، لای ئەوان دەنگ دەدەن و لەسەر شارەکە حساب دەکرێن.
– بەشێک لەو کوردانەش کە ناوکیان لە جاشێتی بڕاوە، وەک پیشەی کۆنی خۆیان، دەنگ بە حزبی دەسەڵات-سیستەم دەدەن، پێش ئەردۆغانیش دەنگیان بە ئەجەوید و تانسۆ و دیمیرەیل دەدا، هەمیشە خۆیان فرۆشتووە.
– شەڕ و ڕوداوە وێرانیەکانی 30 ساڵی ڕابردوو، هەروەها نەداریی و هەژاری، ناچاریکردوون بۆ دۆزینەوەی کار، کۆچی گەورەشارەکانی تورکیا بکەن.
– سەیری ئیستەنبۆل بکەن، هەدەپە تەنیا لەوێ 11 پەرلەمانتاری بردۆتەوە، بۆ ناڵێن هەدەپە چۆن توانیویەتی 10%ی کۆی ژمارەی دەنگدەرانی ئەو شارە تورکیە بباتەوە !
– رەوشی جوگرافیی باکووری کوردستان بە هەرێمی کوردستان مەچوێنن، هەڵەیەکی گەورەیە، ئاخر لەخۆڕانییە کە هەدەپە بەرنامەکەی بۆ تەواوی تورکیایە و هاوپەیمانییش لەگەڵ چەپ و دیموکراتە غەیرە کورد دەکات.
لێرە لە هەرێم، هەندێ بە ناو شرۆڤەکار، ڕاگەیاندنەکانی دەربار و ئیسلامی سیاسیش، هەرچی ڕاستدەبێتەوە، شەلم کوێرم حوکمی ناڕاست و بێوێژدانانە دەدات، بە نەزانی بێت یان بە ئەنقەست، دەکەونە خزمەتی نەیار و دەزگا دڕندە و چەواشەکارەکانی دەوڵەتی تورک و شەڕە تایبەتەکەی و بەشداردەبن لە هەوڵی سڕینەوەی رۆحی ئازادی و لاوازکردنی متمانە بەخۆبوون.
جا ئەگەر بەراوردێکیش بکرێت، فەرموون ئەوە هەرێمێکی فیدرالی، بە دەستوور چەسپاو و دانپێدانراو ناتوانن بپارێزن، دە خۆتان بخەنە شوێنی هەدەپە و ئینجا دەزانن بەرخودان و فیداکاری چییە و قسە و حوکمی بندیوار و بێ مەسرەف چییە!