Skip to Content

ڕوونکردنەوەیەک لە “خوا”وە.. پشکۆ ناکام

ڕوونکردنەوەیەک لە “خوا”وە.. پشکۆ ناکام

Closed
by كانونی دووه‌م 12, 2023 General

موسڵمانانی بەشەرەف :
پەیڕەوانی بەنی قوڕەیش :
سڵاوی گەرمی منی گەورەتان لێ بێ ……………………………………………………………….
ئەمەوێ ئەگادارتان بکەمەوە کە ماوەیەکی زۆرە کەسانێکی بڵح و تێنەگەیشتوو زۆر بە خراپ هەم ناوی من و هەم ناوی ئاینەکەم بەکار ئەهێنن کە من لێ ی بێ بەریم و بە زەرەری ناو و ناوبانگم ئەگەڕێتەوە و بۆ مەسڵەحەتی خۆیان ناوی منیان کردوە بە بنێشتە خۆرەی ژێر زمانیان
كە ویستیان هەر چییەک بکەن ئەڵێن “خوا وای فەرمووە” ، هەر کەسێک بە قسەی نەکردن
ئەڵێن ئەوە “دژی خوایە ” دژایەتی کردنی منیش عاقیبەتەکەی باش نابێ……………………..

@ بۆ نموونە وەک کارەبا من بە خەڵک ئەترسێنن و ئەڵێن “خوا بتگرێ”!! یان منێکی بێم زەڕەت لە ژیانما بۆکسێکم نەوەشانوە بە یەکتر ئەڵێن ” دەک خوا لەناو دەمت با”!! ، یان وەک ئەمر کردن بەسەرما بۆ ئەوەی یەکێ بمرێنم ئەڵێن ” دەک خوا بتباتەوە بۆ خۆی”وەک ئەوەی من لەم سەرەوە ئوتێلم دانا بێ… من بە پێشنیازی کەس لەخۆەمەوە کەس لەناو نابەم تا قەناعەتم بەو لەناو بردنە نەبێ ، لەناو بردن ئیشی خۆمە و بەس هیچ پەیوەندی بە عەبدەوە نیە ، گومان کردنیش لە یەکتر بەرامبەر بە من بۆتە شتێکی باو ، یەکێک چل ساڵە نوێژ ئەکا و ئەوەنە چەماوەتەوە لەتاو ئازاری پشت و ئەژنۆی خەوی لێ ناکەوێ بە گومانەوە پێ ی ئەڵێن : ئیمانداربی..خوا ئیمانت باتێ !! ئەی ناپرسن خۆ ئەو هەموو ئیتاعەت و نوێژکردنە لەبەر دەمی ” کامێرای شاراوە”وە نەکردوە ، بەرامبەر من کردویەتی و هەر لە خەوا نەبووبم هەموویم دیوە ،، یاخود کەسێکتان سەفەر ئەکا پێ ی ئەڵێن ” خوا حافیزت بێ ” یەعنی بیپارێزم ، باشە لەو کاتەیا من مەشغوڵ بم و ئاگام لەو نەبێ ، ئەگەر لە سەفەرەکەیا تووشی حادیسە ببێ من مەسئولم ؟ تۆزێ ویژدانتان هەبێ…

@ ئێوەی موسڵمان کە خۆتان بەربونەتە یەکتر و یەکتر ئەخۆن ، ناوی من مەکەن بە مۆری سەر بڕیار و پەلامارەکانتان بۆ سەر یەکتری ،کاتێ “داعش”ێک کە نزیک ترین کەسی منە و کەس وەک ئەو تەمسیلی ئیسلامەتی ناکا و پەیامەکانم بە نوقتە و فاریزە و سەری دێڕەوە جێ بەجێ ئەکا ، کاتێ خۆی ئەتەقێنێتەوە هاوار ئەکا “اللە اکبر” ..ئێ برادەر بۆ حەیای من ئەبەی بڕۆ جیهادی خۆت بکە با کەس نەزانێ ئیزنت لەمن وەرگرتوە و با ناحەزان نان و پیازی پێوە نەخۆن ..فەرموون موخابەراتی ووڵاتە کافرەکان ئەو هەموو تاوانە ئەکەن نە کەس ئەکەن بە شایەت و نە کەسیان بەناوی منەوە خۆیان ئەتەقێننەوە ، با هیچ نەبێ لەو کافرانە فێری پاراستنی نهێنی و تاکتیکی جیهاد بین…

@ لە سەر زۆر مەسەلە کە من دوورم لێ ی تووشی گلەیی و گازندە و هەنێ جار تاوانبار کردنیش بووم ، ڕاستە من کاتی خۆی “حەمە گیان”م ڕاسپارد کە ئیسلام وەک دەستورێک بۆ حوکم و تەشریعاتەکانم بڵاو بکاتەوە ، بەڵام چونکە خۆم ژنم نیە و لە گیر و گرفەکانیان هیچ نازانم ، هەر لە خۆیەوە ئەڵێ گوایا من ووتومە ژن نیوەی پیاوە..! واللە وە بیلا وەتیلا کە هەر سێکی ناوی خۆمە من شتی وام نەووتوە ، خۆ ئەگەر وابوایە لە جیاتی یەک ” حەوا” ئەبوایە دووانم دروست بکردایە ، هەرچەنە ئەو ئادەمە بێ وەفایە شایانی ئەو یەک دانەیەش نەبوو ..بەهەر حاڵ ئەوە مەوزوعێکی تری خۆم و خۆیەتی با نەچینە سەر سیاسەت ، خۆزگە ئەو کاتە ڤایبەر و وەتس ئاپ هەبوایە تا بە پەلە ڕوونکرنەوەیەکم بڵاو بکردایەوە کە شتی وام نەووتوە ، ئەوە حەمە گیان ڕەئی خۆیەتی ، من چوزانم ئەو پیاوە خۆی عوقدەی ژن و ناوگەڵی هەیە و هەرچییەکی ویستوە بە ناوی بەندەوە ووتویەتی و کردوویەتی…

@ کاتی خۆی من بۆیە قورئانم بە عەرەبی نووسی و ناردمە خوارەوە “خۆزگە هەر نەمناردایە !!”، بۆ ئەوەی کە ئەهلی قوڕەيش و عەرەب بە گشتی ئاقڵ بن و مێشکیان بکرێتەوە و ئاقڵانە ئیسلام بڵاو بکەنەوە ، بەڵام نەک ئەم هەزار و چوار سەد ساڵەی ڕۆشتوە سێ هەزار و سێ چوار سەد ساڵی تریش لە دونیا تێناگەن و هیچ لە پەیامەکانم تێنەگەیشتوون و پێ ئەچێ
خەتای خۆم بێ کە مێشکیانم بە باشی دروست نە کردبێ ” چونکە دوای دروست کردنیان سنوقێکی پڕ لە وایەر و پلاک بە جێ مابوو” ، قسەی خۆمان بێ منیش تاقەتم نەبوو مێشکیان
هەڵوەشێنمەوە، ئەگینا ئەوان داوای ووڵاتی ئیسلامی و کۆمەڵگای مولتەزیم بە ئیسلامەوە ئەکەن و منیش هاوکاریم کردن بۆ هاتنە دی خواستەکەیان ، ئەی باشە بۆ ووڵاتەکانی خۆیان هی خۆیان بە جێ ئەهێڵن و پەنا بۆ ووڵاتە کافر و نەیارەکانم ئەبەن..!؟ لە ووڵاتی خۆیان مزگەوت وەک عەمودی کارەبا زۆرە ، مێزەر بەسەر و مەلا و شەڕواڵ سێ روبعی بە فەردە لەسەر جادەکانن ، مانگی ڕەمەزانیان هەیە ، جگە لەوە یەکێتی زیناکاران ، ببورن یەکێتی زانایانی ئیسلامیان هەیە کە جار و بار بەناوی منەوە بۆ خۆیان “فتوا” ئەیەن و شتێکیش لە وەزارەتی ئەوقاف وەرئەگرن ، ئێ سەرەڕای ئەمانە ڕووئەکەنە ئەوروپایەکی پڕ لە کافری بەراز خۆری سیخن بوو لە “هۆمۆ”!!هەر کە گەیشتنە ئەوێ یەکسەر حەمد و سوپاسی من ئەکەن کە لەو جەهەنەمە ، یانی ووڵاتە ئیسلامییەکە بە سەلامەتی نەجاتیان بوە ، نازانن من ئەوە بە “دوو ڕوویی” حساب ئەکەم و وا بزانم کاتی خۆی لە مەسج ێکا بۆ حەمە گیانم ناردبوو کە موسڵمان نابێ دوو ڕوو بێ ، جا نازانم لە بیریان ماوە یان وەک فایلەکانی دوای ڕاپەڕین سووتێنران..!!…..

@ پێش ئەوەی حەمە گیان ڕاسپێرم بۆ دروست کردنی شانە نهێنییەکانی ئیسلام ، لە جەزیرەی عەرەبی بەهۆی بیابان و ڕەشەبای لم و خۆڵەوە ، ئافرەتەکانی قوڕەیش ” سنوقێکی بەرید” یان ئەکردە سەر تا بەر دەم و چاویان نەکەوێ ، گەرچی ئێستا ئەوانەی بەناوی خۆم و حەمە گیان و ئیسلامەوە قسە ئەکەن کردویانە بە “فەرز” و ناویان ناوە حیجابی ئیسلامی ! من بمزانیایە وای لێ ئەکەن هەر زوو لای خۆمەوە چەن کاروانێک خودەی لە بابەتی ئەوانەی
لە یاری “ئایس هۆکی” لەسەری ئەکەن ئەمنارد بۆیان بۆ ئەوەی بە ناوی منەوە نەیکەن بەبار بەسەر کەسەوە ، هەرچەنە ئەوەنە بێ ئەقڵن ڕەنگە ئەو کاتە بیانووتایە “خودەی ئیسلامی”
لە جیاتی حیجابی ئیسلامی..!!

@ ڕەنگە ئێوە بپرسن بۆچی من زۆر تەداخولی ئیش و کاری سەر ئەرز ناکەم و جم و جۆڵم کەمترە ، خۆ من ئەتوانم بە یەک” فوو ” گەموو ئەو مولحید و کافرانەی ناو ئێوە لەناوبەرم ، خۆتان ئەزانن یا خۆم توڕە نەبم ، بەڵام فوو ی من ئەوەنە بەهێزە ئەترسم ئێوەشی لەگەڵا ڕا بماڵێ و مەحف ببنەوە و هەموو ڕیسەکەم لێ ببێتەوە بە خوری و ئەبێ دانیشم سەر لەنوێ
قوڕ بێنم و دروستان کەمەوە ، بەڕاستی منیش تاقەتی جارانم نەماوە و ئەو ئیشە زۆری ئەوێ و خۆشم وەک جاران کارا نیم و تاڕادەیەک وازم لەو شتانە هێناوە و سەرقاڵی شتی گرنگترم وەک شەڕی ئۆکرانیا و ڕووسیا ، ئەوەنە نەبێ کە شکم نیە لەوەی کافرەکان ئەوەنە ئاقڵ بن هەر لێتان ئەبەنەوە جا نەک یەک “من”ی تاک و تەنهاتان هەبێ ، دە کۆپی وەک من فریاتان ناکەوێ…

تکاتان لێ ئەکەم چیتر بە ناوی منەوە ئەو پاشماوە کەمەی ئیسلام کە ماوە تێک مەیەن ، هەر چەنە من دەستم لێ شتوون ، بە خۆم قەسەم بە هەزار و ئەوەنە سەد ساڵ نەبوون بە بەشەر بڕوا ناکەم تازە ببن ، لە جیاتی ناوگەڵ کەمێک مێشکتان بەکار بێنن ، گەر چی لە وەی مێشکتان پووتە خەتای منیشی تیایە وەک ئەوەی بۆم باس کردن… تکایە چیتر ئیزعاجم مەکەن ، هەر قۆڕیاتێکتان کرد مەڵێن : یا اللە ..یا رب بە پشتیوانی تۆ ، منیش و کارم زۆرە و نامپەرژێتە سەر ئەوەی کێ دژی من و کێ پیاوی چاک و ساڵحە …ئەزانم هەموو مەرایی و هەوڵێکیشتان بۆ چوونە بەهەشتە ، بەڵام بەهۆی بەرزی دۆلارەوە حۆری و شەراب کەم بۆتەوە جگە لەوەی ئێستا بەهەشت تەقریبەن فولە..جێ ی بەتاڵ زۆر کەم ماوە ………………………………
و السلام علیکم و ڕەحمەت و بەرەکاتی خۆم
….خۆمی گەورە و تەعالا….

Previous
Next
Kurdish