Skip to Content

فلاشباک..22.. لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە.. ستیڤان شەمزینی

فلاشباک..22.. لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە.. ستیڤان شەمزینی

Closed
by تشرینی یه‌كه‌م 28, 2021 General


بەشی بیست و دوو

سێ رۆژە لە ماڵەوە دەرنەچووم، کاتەکانم بەم جۆرە دابەشکردووە: کاتژمێر شەش بۆ شەش و نیو لە خەو هەستان و نان خواردن. شەش و نیو بۆ دوانزە و نیو خوێندنەوە. دوانزە و نیو بۆ دوو پشوودان و خۆشتن و خواردنی گوێز و میوە. دوو تاکو شەشی ئێوارە دووبارە خوێندنەوە. شەش بۆ هەشتی شەو پشوودان و نان خواردن. هەشت بۆ دەی شەو نووسینی تێبینی لەسەر ئەو کتێبانەی ئەیانخوێنمەوە. دە تاکو شەشی بەیانییەکی تر دیسانەوە خەوتن. لەماوەی ئەم سێ رۆژە تەنها لەسەر سوریالیزم و دادایزم خوێندمەتەوە، کە دوو رێبازی ئەدەبی و هونەریی سەروەختی جەنگی جیهانی یەکەم و دوو ساڵی یەکەمی دوای تەواوبوونی جەنگن. خاڵی لێکچوو زۆرە لە نێوان ئەو دوو قوتابخانەیە گرنگترینیان فەرامۆشکردنی لۆجیکە بەمەبەستی دروستکردنی واتای نوێ و تەرزێک لە هونەر و ئەدەب کە لەنێو فەوزا و پاشاگەردانیی کارکردندا مانا و رەهەندی تازە بەرجەستە بکا، لە نێو هەردوو رەوتەکەدا کەسێتی “تریستیان تزارا” لە رەوتی دادایزم و “سلڤادۆر دالی” لە رێبازی سوریالیزم زیاتر سەرنجیان بەلای خۆیاندا راکێشام.
وەک هەمیشە لە پەنا دەنگی مۆسیقا ئەخوێنمەوە، هەفتەی پێشووش تەسجیلێکی نوێی جۆری “جۆسۆنیک”ی دەبڵ کاسێتم کڕی لەگەڵ چەند کاسێتێکی مۆسیقای کلاسیک کە کەس بایەخی پێنادا. زۆرجاریش کە گوێ لە مۆسیقا ئەگرم، رامدەکێشێ بەرەو جیهانی “نیتشە” ئێستا ئەو وتەزایەی ئەو فەیلەسووفە لە مێشکما ئەزرنگێتەوە “رۆحە گچکەکانم خۆشناوێت، خۆشم ناوێن لەبەرئەوەی هیچ شتێکی باشیان تێدا دەستناکەوێ، دەشێ بڵێین هیچ شتێکی خراپیشیان تێدا بەدی ناکرێ”. واتە تێدەگەم کێشەی سترۆکتۆری نیتشە لەگەڵ ناخی مرۆڤە، ئەو ناخەی “ولیەم رایش” بە درێژایی کتێبی “گوێبگرە ئەی پیاوی بچووک” سەرقاڵی دواندیەتی.
هەندێ جار، کەسوکار ئەڵێن بخوێنەرەوە، دنیای خۆت تێکمەدە بۆ خەونی هەرزەکارانەی شۆڕشی کۆمەڵایەتی!، زۆرجار منیش ئەڵێم ئەو هەموو کتێب و تیۆرییە تەنیا بۆ چێژی خوێندنەوە نەنوسراون، بەڵکو بۆ گۆڕینی جیهان نوسراون، ئەشێ رۆژێ ئینسان بێ کتێب بژی، بەڵام مومکین نییە بێ ئازادیی بژی، من ئەو ژیانەی لە ناو چوارچێوەکاندا بەند کراوە بە دیوێکی تری مردن تێدەگەم. ئەڵێن تۆ دانیشە، خەڵکی تر با بیکات.! بەدەست خۆم نییە لەم کاتانەدا دێڕێک لە گۆرانی “فریشتە”ی “کاروان عوسمان”م دێتەوە یاد کە ئەڵێت “من نەبم، تۆ نەبی، کێ گورگەکان راو بکات؟.”. ئەگەرچی شۆڕش بۆ ژیان ئەکەین، بەڵام چڕنوکی تیژی گورگەکان ژیانمان ئەبڕێ، من لە پێناوی ژیاندا پێم خۆشە، ئەشکەنجە ببینم، نەک جەستەیەکی بێ زام تەسلیم بە مردن بکەم.
دێڕێک لە شانۆیەکی “ژان ژینێ” ئەم لەحزەیە دێتە مێشکمەوە، ئەگەر هەڵە نەبم، بەمجۆرەیە “رەنگە لە رۆژێکی پڕ جوانیدا، دامێنی چاکەتەکەم بە فرمێسک بڕازێتەوە، بێگوومان تەنیا بە ئەسرینێکی زۆر گرانبەها”. ئێستا من لە نامەیەکدا بۆ یار ئەنووسم “لێم خۆشبە، ئەگەر سەرم دانا، لێم ببوورە ئەگەر لە ژوانێک دواکەوتم و چوومە پێشەوەی خۆپیشاندان یان خرۆشانێک و لەوێدا کوژرام. بمبورە ئەگەر رۆژێ پەیمانی گوڵێکی سوورم پێدای، بەڵام دیار نەبم و بۆ سبەینێ تۆ گوڵێکی رەش بخەیتە سەر تابووتەکەم”. مەبەستم ئازاردانی نییە، بەڵام ئەمە خراپترین لەوانەیە، ئەمەوێ رایبهێنم کە هەڵکردن لەگەڵ کەسێک کە خەونی گۆڕینی جیهان مێشکی داگیر کردووە، هەروا ئاسان نییە، رێگەکەمان سەختە و بڕواش ئەکەم قوربانی زیاتری بۆ بدەین. بیری “بەکر عەلی” ئەکەم، ئێستاش وتارەکەی ئەخوێنمەوە کە لە کتێبی “نمایشێکی چینایەتی مەزن” ئەرشیف کراوە. ئەو وتارە و چالاکییە سیاسییەکانی کردیانە خۆراکی گورگەکان. ئیدی بۆچی ئەم ئەگەرە بۆ خۆشمان لەبەر چاو نەگرین؟.

ستیڤان شەمزینی

15-11-1999

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 76-79 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی 2017 چاپ بووە

Previous
Next
Kurdish