Skip to Content

هەروا بوە و هەرواش دەبێ … فەتاح حەسەن

هەروا بوە و هەرواش دەبێ … فەتاح حەسەن

Closed
by ئه‌یلول 19, 2019 General, Poems


-1-
جێنزرگەی کەسانێکە
هەردەم
بێ کێشە و خەفەتن
گڵکۆ.

-2-
هەرچەندە سیسبێ
یا بژاکێ
هەربۆنی دەبێ
گوڵەباخ.

-3-
زۆر وەستان بەرامبەری
حەقیقەتی خۆت نیشان دەدا
یا دەتبا بەرەو شێتبوون
ئاوێنە.

-4-
کە منداڵێک
چاوساغی باوکێکی نابینایە
ئەوجا بایەخی باشتر دەزانرێ
چاو.

-5-
هیچ ئاوێك،ئینجانەیەك
باخەوانێك
نایپارێزێ لە ژاکان
گوڵی کێویی.

-6-
بەئاسانیی دەستمۆ نابێ
کەویی بوونی
بە ونبوونی خۆی دەزانێ،
قەتێ.

-7-
چنگەکڕێی تینووە بەڕوی سەرابا
سوڕانی ڕۆحە بەدەوری جەستەدا
مردنێکە بەکاوەخۆ،
خۆشەویستیی تاك لایەنە،

-8-
گەر تەنها ئەرکی ترپەبێ
دەرهێنانی باشترە
دڵ.

-9-
لە تەنیایی و دابڕان
ترسناکترە،
ونبوون.

-10-
پشتتی بۆ بکە بەپرد
کەپەڕییەوە،
دەڵێت ڕەق بوو
سپڵە.

-11-
بۆ سەرکەوتن
هەموو کەسێك
دەکات بەپەیژە
خۆپەرست.

-12-
هەرکات ڕیشۆڵە
لە کۆچکردن کەوت
ئەوساش
مرۆڤ.

-13-
حەز بە تەنیایی دەکات
ببن بەدووان
دەیکەن بەشەڕ
دووپشك.

-14-
بۆ سەرکەوتن
هەموو کەسێك
دەکات بەپەیژە
خۆپەرست.


فەتاح حەسەن
دانیمارك/ڤالبی
2019

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish