Skip to Content

رژێمی ئێران و خۆدزینەوەی لە دادپەروەری!.. نووسینی: عەبدوڕەحمان گەورکی

رژێمی ئێران و خۆدزینەوەی لە دادپەروەری!.. نووسینی: عەبدوڕەحمان گەورکی

Closed
by November 15, 2021 General


ڕژێمی ویلایەتی فەقیهی و موقاومەتی ئێران لەسەر هێڵی دادپەروەری و دادگاکاندا!


یەکێک لە بوارەکانی ڕووبەڕووبوونەوە لەنێوان موقاومەتی ئێران و ڕژێمی دەسەڵاتداری ئێران” دادگا و دادپەروەری”یە. شوێنێک یان ئۆرگانێک کە یەکێک پێشوازی لێدەکات و ئەوی تریان لێی رادەکات. چونکە لە گۆڕەپانی “داد” یەکێک هەمیشە “دۆڕاو” و ئەوی تریان “براوە”یە!

لە ئێران دادپەروەری نییە!
لە هەر وڵاتێکدا کە دێموکراسی و شارستانیەت زاڵ بێت، دەسەڵاتی دادوەری کە یەکێکە لە سێ هێزی دەسەڵاتداری وڵات، بە شێوەیەکی سەربەخۆ کاردەکات بۆ ئەوەی لایەنەکانی هەر پرسێ، سوود لە “دادپەروەری” وەربگرن و کێشە و گرفتەکانی کۆمەڵگا پرۆسەیەکی تەندروستی هەبێت.
لە ئێرانی ئێستادا نەک هەر دەسەڵاتی دادوەریی «سەربەخۆ» نییە، بەڵکو سەرۆکەکەی لەلایەن وەلی فەقیهەوە دەستنیشان دەکرێت. هەر بۆیە دەوترێت هیچ دادپەروەرییەک لە ئێرانی ئێستادا بوونی نییە! هیچ ئازادی و دێموکراسی و ڕێزگرتنێک لە مافەکانی مرۆڤ بوونی نییە و ئەوەی هەیە سەرکوت و گرتن و ئەشکەنجە و لەسێدارەدان و تیرۆر و تاڵان و دزینە و .. هتد.
ئەم ڕاستییە لە ماوەی 43 ساڵی ڕابردوودا لە ئێران بەردەوامە و هەر بۆیەش دادگاکان و دەسەڵاتی دادوەریی لە ژێر دەسەڵاتی وەلی فەقیهدا، هەروەک دوو هێزەکەیتر، واتە مەجلیس و دەوڵەت، نەک هەر شەرعییەت و بڕوادارییان نییە، بەڵکو بە بەربڵاوی جێگەی ڕق و کینی جەماوەرە.
“بوونی” موقاومەت و “نەبوونی” دەسەڵاتدار!
لەبەرامبەر ڕژێمێکی ئاوادا موقاومەتێکی جەماوەری و گشتگیر هەیە کە رەگ و ریشەی لە ناو قوڵایی کۆمەڵگادایە. بە هاتنە سەرکاری ڕژێمی ولایەتی فەقیهی و کەوتنە سەرپێی ئینتەرنێت و سەردەمی پەیوەندیەکان، ئەمە بۆتە ڕوویەکی گشتگیرتر لە هەموو کاتێکی تر.
گومان لەوەدا نییە کە ڕژێمی دەسەڵاتداری ئێران، لە ناوەوە و دەرەوەی ئێران، هەمیشە هەوڵی لەناوبردنی ئۆپۆزیسیۆنەکەی داوە. لە ناو ئێران هیسترییانە و دڕندانە لایەنگرانی ئۆپۆزیسیۆن دەستگیر دەکات و ئەشکەنجە دەدات ئینجا لەسێدارەدان و کوشتار و قەتڵوعامکردن! لە دەرەوەی ئێرانیش، تیرۆر و تەقینەوە و پیلانەکان و لەسەریشی، پارەیەکی زۆر خەرج دەکات بۆ بەکارهێنانی دەست و پێوەندەکانی و هەروەها بەکرێگیراوەکانی، دژ بە ئۆپۆزسیۆنی رژێم کە نموونەکانی هەر زۆر زۆرن و بەسەریدا تێپەڕیوم. چون شتێک کە روون و ئاشکرا بێت پێویست بە گوزارشت ناکات.

موقاومەتی ئێران پێشوازی لە دادپەروەری دەکات!
لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران، ئەوەی لە دادگا و داد رادەکات “رژێمی ئیران”ە. چون ئەو پێشتر حوکم و دادوەری دادگا دەزانێت بۆیە لێی دەترسێت و هەوڵدەدات خۆی لە شوێنی “دادپەروەری” دوور بخاتەوە!
زۆر سروشتییە لە هەر شوێنێک دڵۆپێکی “دادپەروەری” هەبێت، موقاومەتی ئێران بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لێ دەکات. چونکە لە ژێر درووشمی “ئەوەی حسابەکەی پاکە لە لێپرسینەوەی ترسی نیە”، هەموو کۆسپەکانی لاداوە و پیلانەکانی ڕژێمی ئێران (بە لۆبی و سازشکار و کرێگرتەکانییەوە) لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێرانی، یەک لە دوای یەک تووشی شکست کردووە و ئەوەی لە جیهاندا تۆمار کرد: “سەرکەوتنی دادپەروەری بەسەر سازان و پیلانگێڕاندا، واتە سەرکەوتنی موقاومەت و موجاهیدینی خەڵقی ئێران، سەرکەوتنی گەلی ئێران و هێزە رەسەنەکانی گۆڕەپانی بەرەنگاربوونەوە بەرامبەر بە رژێمی دیکتاتۆریی لە ئێران”
موجاهیدینی خەلق (PMOI/MEK) و موقاومەتی ئێران تا ئێستا لە دەیان دادگای ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، سویسرا، لۆکزامبورگ (دادگای دادی ئەوروپا)، ئیتالیا و ئەڵمانیا، بە خستنە رووی دەیان هەزار بەڵگە، هەموو تۆمەت و هەڵبەستراوەکانی رژێمی ئیرانیان پووچەڵ کردوەتەوە و وڵامی هەموو پرسیار و تۆمەت و درۆ بێ بنەماکانی رژێم و لایەنگرانی رژێمیان داوەتەوە و لە دادگاکاندا (سەرکەوتوو) بوون!

چەند نموونەیەکی دادگاکانی پێوەندیدار بە موقاومەتی ئێرانەوە!
جگە لە چەندین رەوتی دادگای ئەوروپی و ئەمریکی، کە هەر هەموویان بە هۆی هەڵمەتی 14 ساڵەی موقاومەتی ئێران بە سەرۆکایەتیی خاتوو مەریەم ڕەجەوی، بە سەرکەوتنی موقاوەمت و هەڵوەشاندنەوەی (ناتۆرەی تیرۆر) لەسەر موجاهیدین و موقاومەت کۆتایی هات، هێنانەوەی چەند نموونەیەکی ئەم ڕووبەڕووبونەوەی موقاومەت بەرامبەر بە رژیمی ئێران بە پێویست دەزانم:
لە مانگی ئەیلولی 1990دا، ڕژێمی ئێران و سەرکۆماری ئەوکاتی رژێم. واتا ڕەفسەنجانی، سکاڵایان لە دەسەڵاتی دادوەری سویسرا دژی خاتوو (میریام گەزۆ)، ڕۆژنامەنووسی ڕۆژنامەی (لاسویس) تۆمار کرد. رۆژی 7ی گەلاوێژی ساڵی1991 دادگایەکی سویسری بڕیاری دەرکرد لەسەر بێتاوانبوونی ئەم ڕۆژنامەنووسە و بڕیاری سێ جار شەرمەزارکردنی ڕژێمی خومەینیشی دەرکرد. پێویست بوترێت کە خاتوو گەزۆ لە ڕاپۆرتێکدا، بەشێک لە بروسکەیەکی ڕێبەری موقاومەتی ئێران بۆ سەرکۆماری سویسرای هێنابۆوە سەبارەت بە ڕۆڵی ڕژێمی ئێڕان لە تیرۆرکردنی د.کازم ڕەجەوی. موقاومەتی ئێران لە هەڵمەتێکی بەرفراوانی نێودەوڵەتیدا ئەم دادگایەی کردە دیمەنی دادگاییکردنی ڕژێمی خومەینی و سەرکەوت.
لە مانگی تەمووزی ساڵی 2018دا دادگایەکی وڵاتی بێلژیک، سزای 20 ساڵ زیندانیکردنی بۆ دیپلۆماتکاری تیرۆریستی ڕژێمی ئێران، (ئەسەدوڵا ئەسەدی) و تیمە تیرۆریستەکەی دەرکرد، کە بەر لە بۆمبانانەوەیان لە شوێنی گردبونەوەی موقاومەتی ئێران لە پاریس دەستگیر کرابوون.
لە مانگی ئازاری 2019دا دادگایەکی ویلایەتی هامبورگ فەرمانی بە رۆژنامەی (ئێشپیگێڵ) و لە مانگی حوزەیرانی 2020دا فەرمانی بە رۆژنامەی (فرانکفورتەر ئەلگمینی) کرد، سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی تۆمەت و پروپاگەندای بێ بنەمای ڕژێمی ئێران دژ بە موقاومەتی ئێران کە پرۆپاگەندا و ئیدیعاکانی رژێمی ئێران دژ بە موجاهیدینی خەلق لە راپۆرتەکانیان بسڕنەوە.
ڕۆژی 23ی ئەیلولی 2021 دادگای فیدراڵی سویسرا داوای کرد لێکۆلینەوە لە تیرۆری پرۆفیسۆر کازم رەجەوی، نەیاری سیاسی ئێرانی، بکرێت وەک تاوانێکی (ژینۆساید) و (تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی) و بەو رێگەوە، داواکاری گشتیی ناچار کرد دووبارە دۆسێیەکە بکاتەوە بۆ لێکۆڵینەوە. پرۆفیسۆر کازم ڕەجەوی لە رۆژی 24ی ئاپریلی 1990 لە بۆسەیەکدا لە گەڕەکی (کوپە)ی نزیک شاری (ژنێڤ) لە لایەن تیرۆریستانی رژێمی ئێرانەوە تیرۆر کرا.
ئێستاکەیش یەکێک لە تاوانبارانی ڕژێم بە ناو (حەمید نوری) لە دادگایەکی سوید بە تۆمەتی ژینۆساید و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لە ژێر داداگاییکردندایە و پێش بینی دەکرێت (سزای قورسی) بۆ دەرچێت.

پیلانی تەواوکەر لە دژی موقاوەمەت!
ڕۆژی 18ی پووشپەری 2017، ئاخوند (عەلی فەلاحیان)، وەزیری پێشووی ئیتڵاعاتی ئێران کە لە لایەن دەسەڵاتی دادوەریی ئاڵمانیا و سویسراوە داواکراوە بە هۆی (تیرۆریزم)ەوە گوتی: “وەزارەتی ئیتلاعات بۆ کۆکردنەوەی زانیاری پێویستی بە پۆشش هەیە لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتدا. ئێمە ئەفسەرێکی هەواڵگری نانێرین بۆ ئەڵمانیا یان ئەمریکا کە بڵێت من سەر بە وەزارەتی ئیتڵاعاتم، پێویستە لە ژێر ناو و پۆششی کاری بازرگانی یان ڕۆژنامەگەری ئەمکارانە بکات”.
هەر بۆیە ڕژێمی ئێران لەژێر پەردەی کاری بازرگانی و بە تایبەتی کاری ڕۆژنامەوانیدا، هەوڵی تەواوکردنی پیلانگێڕییە تیرۆریستییەکانی دەدا دژ بە موقاومەتی ئێران. وەک نموونە، ڕژێم بە ناردنی کرێگرتەکانی خۆی بۆ دەرەوەی وڵات لە ژێر ناوی “لێکۆڵەر و چالاکوانی سیاسی و زیندانی سیاسی پێشوو” و .. هتد (خەڵکانی وەک ئیرەج میسداقی) بە نیازە بزووتنەوەی دادخوازیی خوێنی شەهیدانی قەتڵوعامکراوی ساڵی 1988 لە ناوەرۆک بخات و بەو سۆنگەیەوە (بزووتنەوەی دادخوازی)ی موقاومەتی ئێران لە پێ بخات و رژێمەکەی لەسەر پێ رابگرێت.
خاڵی هەستیاری ئەم بەرەنگاربوونەوە یاساییە لەوەدایە کە ڕژێمی ئێران دەیەوێت لە ناو ئەندامانی ئۆپۆزسیۆندا بۆشایی و لێکترازان دروست بکات و لە قسەکانیاندا بیانوو بدۆزێتەوە و دژ بە خۆیان بەکاری بهێنێت، یاخود پەنا بباتە بەر پەڵپ گرتن و پاساوهێنانەوە بۆ ئەوەی بتوانێت خۆی لە لێپرسینەوە دەرباز بکات. کەوایە پێویستە لە وەرزی لێپرسینەوە لە رژێمی ئێران، ئەندامانی موقاومەت و سەرجەم لایەنگرانی رزگارکردنی ئێران بە (وریایی) و (وردی) کار بکەن کە دوو لایەنی دانەبڕاون بۆ بەرەوپێشبردنی ئەم پرۆسەیە.
ئامانج لە پیلانگێڕانی دژ بە موقاومەتی ئێران!
ئەو قەیرانە سەرەکییەی لە بەر دەم رژێمی ئێراندایە، قەیرانی لەناوچوونیەتی. هەر بۆیە دوای تێپەڕبوونی چل و چەند ساڵ بەسەر هاتنە سەرکاری، ئێستایشی لەگەڵدا بێت نەیتوانیوە سەقامگیری بە خۆیەوە ببینێت. وەلی فەقیهی دەسەڵاتدار و سەرکردەکانی ڕژێم باش ئاگادارن کە هۆکاری سەرەکی ئەم قەیرانە، هەبوون و خۆڕاگریی و ئایندەداریی ئەو موقاومەتەیە کە هیچ کات نەوەستاوە و سازشی کردووە. موقاومەتێکی سەرسەخت و پێداگر کە ڕەگی لە کۆمەڵگەدا گرتووە و ئێستایش لە ئاستی نێونەتەوەییدا پشتیوانییەکی بەربڵاوی لێدەکریت. هەر بۆیە لۆبیکارانی ڕژێم و دەوڵەتانی سازشکاری ڕۆژئاوا، سەرەڕای هەوڵێکی زۆر، بەڵام شکستیان هێنا لە دروستکردنی بەدیل بۆ ڕژێم. چونکە تاکە ئەلتەرناتیڤی ڕاستەقینە و دێموکرات، واتا(ئەنجومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران) هەمیشە بوونی هەبووە و هەیە!
کەواتە بە کورتی، ئەوەی ئەم ڕژێمە لە ماوەی 40 ساڵی ڕابردوودا بۆ تێکشکاندنی ئەو موقاومەتە کردوویەتی، لە رووی داماوی و لاوازبوونیەوە بووە بەرامبەر بە قەیرانی لەناوچوونیدا، کە ئەگەر یارمەتیدەرانی غەیبی(!) ئەم ڕژێمە (واتا دەوڵەتانی غەربی!) نەبوایە، ئێستا کۆمەڵگای مرۆڤایەتی هاوچەرخ لە مێژ بوو لە چنگ ئەم رژیمە نەجاتی ببوو!
ڕووبەڕووبوونەوەی موقاومەتی ئێران بەرامبەر بە ڕژێمێکی ئاوا و پشتیوانانی ئەم رژیمە، خۆی نیشانەی بەهێزبوون و خۆڕاگریی ئەو موقاومەتەیە، کە ئێستا ڕژێمی ئێرانی بەرەو هەڵدێر بردووە. ئەڵتەرناتیڤێکی دێموکرات، بە لەشکرێک لە (شانەکانی شۆڕش) لە ناوخۆی ئێرانی داگیرکراو و پشتگیرییەکەی نێونەتەوەیی، کە گۆڕەپانەکەی زیاتر لەهەمیشە لەسەر رژێمی دیکتاتۆریی ئیران بەرتەسککردۆتەوە.
موقاومەتێک کە نەک هەر لە بواری یاسایی و دادپەروەری، لیستە تیرۆریستییەکان و پیلانگێڕییەکانی تێکدا، بەڵکو بە ئاشکراکردنی پڕۆژە ناوەکی و تیرۆریستییەکانی ڕژێمی ئێران و خستنەڕووی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران، بووەتە تەوەرێکی کۆدەنگیی نێودەوڵەتی دژ بە رژێمی ئێران.
لەو بارەیەوە خاتوو مریەم ڕەجەوی، چەندین جار ڕایگەیاندووە”بابەتە سەرکییەکە، لەناوبردنی تاکە ئاڵترناتیڤی دیموکراتییە لە پێناو مانەوەی ڕژێمی ئیران. بەڵام موقاومەتی ئێران بە هەموو توانایەوە پیلانی زنجیرەیی دوا سەردەمی رژێمی ئێرانی تێکداوە”(17ی حوزەیرانی 2018).

تایبەتمەندیی بڕیاری دادگای سویسڕا!
بڕیار و دۆسێیەکەی تایبەت بە تیرۆرکردنی (د.کازم ڕەجەوی) لە سویسڕا، کوشتاری زیندانیانی سیاسی ساڵی 1988ی بەستەوە بە تیرۆری دژبەرانی ڕژێمی ئێران لە دەرەوەی وڵات و ئەمەیش سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ بزووتنەوەی دادخوازی. خەسڵەتە دیارەکانی بڕیاری دادگای فیدراڵی ئاماژە بەوە دەکەن کە تیرۆری د.کازم ڕەجەوی “لەچوارچێوە و بەردەوامبوونی قەتڵوعامکردنی نزیکەی 30 هەزار زیندانی سیاسی لەساڵی 1988 و ئیعدامە سیستماتیکە زیادەڕەوییەکانی نەیارانی سیاسی ئەنجام دراوە. ئەم سیاسەتە لە لایەن باڵاترین رێبەرانی رژێمی ئێرانەوە پەیڕەوی کراوە و بە تایبەتی فەتوا راگەیاندراوەکەی خومەینی جێبەجێی کراوە” دادوەرانی سویسڕاش ژینۆسایدکردنیان بە سیاسەت و ستراتیژی ڕژێم ناساندووە.


جیهان هەڵدەستێت بۆ پشتگیریکردنی خەڵکی ئێران!
دوای ئەوەی خاتوو مریەم ڕەجەوی، بزووتنەوەی دادخوازیی زیندانیانی قەتلوعامکراوی ڕاگەیاند لە ساڵی 2016، ئێستا کەمپەینی یاسایی موقاومەتی ئێران بووەتە هەڵمەتێکی نێودەوڵەتی. چونکە ئەم هەڵمەتە، داواکارییەکی نەتەوەیی و جەماوەریی خەڵکی ئێران و ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە پشتە. ڕژێمی دەسەڵاتداری ئێران ڕژێمێکی ناشەرعی و سەدەی ناوەڕاستی و تیرۆریستی و سەرکوتکەرە. دوژمن بە ئازادی و دێموکراسی و مافی مرۆڤە و لەگەڵ کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا ناکۆکە. ئەم ڕژێمە پەڵەیە بەسەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دەبێت بنبڕ بکرێت.
ئێستا وەرزی لێپرسینەوەیە لە سەرانی ڕژێمی ئێران. لەم قۆناغە رچەشکێنەدا، کەمپینی یاسایی موقاومەتی ئێران خاڵێکی وەرچەرخانە بەرەو نەهێشتنی ڕژێمی ئێران و کۆتایی هێنان بە ئازارەکانی خەڵکی ئێران.
ئەمڕۆ لە جیهاندا، کۆدەنگییەکی نێودەوڵەتی بەنرخ، داوا لە کۆمیسیاری باڵا و ئەنجومەنی مافی مرۆڤی سەر بە UN دەکات شاندێکی نێودەوڵەتی پێکبهێنن بۆ لێکۆڵینەوە لە کۆمەڵکوژییەکەی ساڵی 1988. لە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ، ریپۆرتەری تایبەتی ڕێکخراوی UN لە بواری مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، داوای لێکۆلینەوەیەکی سەربەخۆ کرد لەسەر کۆمەڵکوژکردنی زیندانیانی سیاسی و ڕۆڵی تاوانبار(ئیبراهیم ڕەئیسی) لەو تاوانە گەورەیەدا. لەو بارەیەوە ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و زیاتر لە 150 داکۆکیکارانی دیاری مافەکانی مرۆڤ، جەختیان لەسەر پێویستی پێکهێنانی شاندەکە کردەوە.


داواکانی موقاومەتی ئێران لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی!
خاتوو مریەم ڕەجەوی، بەناوی موقاومەتی خەڵکی ئێرانەوە، چەندین جار ڕایگەیاندووە کە،”پێویستە ڕێبەرانی رژێمی ئێران بە هۆی (ژینۆساید) و (تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی) بخرێنە بەردەم دادگا” هەروەها وتیشیان: “داوا لە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمیسیاری باڵا و ئەنجومەنی مافی مرۆڤ و ریپۆرتەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ دەکەین کە زیندانەکانی ڕژێمی ئێران بەسەر بکەنەوە و چاویان بکەوێت بە زیندانیانی سیاسی و دۆسیەی پێشێلکارییە ترسناکەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران، بەتایبەتی دۆسیەی مامەڵەی هەڵسوکەوتی کاربەدەستانی ڕژێم لە ناو زیندانەکان و بەتایبەتیش ئازار و ئەشکەنجەی زیندانیانی ژن، بەرز بکرێتەوە بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە یوئێن”.


دواوتە!
موقاومەتی ئێران پێی وایە لە هەر شوێنێک (دڵوپێک یاسا) و کەمێک (دادپەروەری) و (مرۆڤایەتی) هەبێت و لە هەر دادگایەکدا، بڕێک داد و یاسا سەروەر بێت، بێ گومان موجاهیدین و موقاومەتی ئێران سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە. ئێستا بەهۆی خۆڕاگری و وریایی موقاومەتی ئێران، وەرزێکی لێپرسینەوە لە رژێمی ئێران دەستی پیکردووە و دۆسێیەی تاوان و تاڵانکارییەکانی ئەم رژێمە یەک لە دوای یەک بەرەو کرانەوە دەچن. هیچ کام لەم سەرکەوتنە یاساییانە بە هەڵکەوت بەدەست نەهاتوون. هەریەکەیان بە دەریایەک خوێنی شەهیدان و ئازار و ئەشکەنجەی زیندانیان و تێکۆشانی بێوچانی دادخوازانی خەڵکی ئێران بەدەست هاتووە.

نووسینی عەبدوڕەحمان گەورکی، نووسەر و لێکۆڵەری سیاسی

Previous
Next