Skip to Content

سۆناتای نوستالژیا.. ستیڤان شەمزینی

سۆناتای نوستالژیا.. ستیڤان شەمزینی

Closed
by نیسان 16, 2024 General, Poems

دەیان جار سوپاسی ئەو “با”یە دەکەم
بۆنی تۆم لەگەڵ خۆیدا بۆ دەھێنێ
دەیان جار ئەو حەیرانە دەڵێمەوە
لە بەر ئاگردانی ستایشدا دەیچڕیت
ئەم دێڕەت لەناو ئەشکەوتی دڵما
دەنگ دەداتەوە:
تۆ بە شیعرەوە جوانیت
بە عەشقەوە جوانتر
دەیان جار بیر لە رابردوو دەکەمەوە
دەمێک لە نێوان دیجلە و فوراتدا
تینووی دڵۆپێک ئازادیی بووم
دەمێکی تر لە نێوان ئەزمەڕ و بەراناندا
تەرمی ھیوام بەسەر شانەوە بوو
ھەنووکەش لە شارێکدا دەژیم
ھەتاو سەری پێدا ناکات
گڕی سووری تۆ دامدەگیرسێنێت
دەیان جار خۆمم بیر دەکەوێتەوە
چۆن دەستمکرد
بە نووسینی چیرۆکی ئەم خۆشەویستییە
بێ ئەوەی ھیچ کۆتاییەکی بۆ دابنێم


سەرم لە رابردوودا گیر بووە
نامەوێت بگەڕێمەوە
بۆ ئەم ئێستا تاریکە
من جەنگاوەری رووناکیم
شمشێری دەستم پەلکەزێڕینەیە
مارشم شیعرەکانی بابا تاھیر و
چاوەکانم دوو گۆمی فرمێسک
کتێبی خەیاڵم ھەمیشە سەرخۆش
ئەندێشەم ماڵی پەپولەی عەشق
پەنجەکانم
بۆنی پرچی شیعریان لێدێ
قورگیشم پڕە لە تۆنی گریان
زمانم مۆسیقای سەردەمێکی کۆنە
رۆحیشم پشکۆی داگیرساوی ئەوین
لێمبگەڕێ
با ھەر لە رابردوودا بم
من لە زمانی
شەمشەمەکوێرەی ئەم چەرخە تێناگەم
ناتوانم لە کەوتنی چراکاندا
تەماشاڤان بم
با ھەر نەوەی ئەو زەمەنە بم
ژیان لە بری خوێن
گوڵاوی لێ دەچۆڕا


لەوانەیە پێتوابێت
رەشەبایەکی ناوەختم
رەنگە تۆ لەسەر ھەق بیت
لە وەرزی وەرینی رووناکیدا
کێ مۆمی عەشق
لە جەنگەڵی دڵدا ھەڵدەکا؟
لە زەمەنی دوگمە و رۆبۆتدا
کاروانی خۆشەویستی
بە ھەستی کێدا رەت دەبێ؟
لەوانەیە پێتوابێت
شاعیرێکی شێتم
رەنگە تۆ لەسەر ھەق بیت
لەم غروبەدا
کێ ھێلانە
بۆ باڵندەی ئەوین چێ دەکا؟
کێ لەسەر پێستی ئەم سەدەیە
وێنەی عاتیفە دەکێشێ؟
بەڵێ، ئەوە بە تەنھا خۆمم
لە کێڵگەی دیوانەکاندا
ناسکترین وشە
بۆ پەسنی ژن ئەڕوێنم
بە ژێر بارانە مەستەکانی خۆشەویستیدا
بە بێ چەتر و بێ پاڵتۆ رێ دەکەم
بەڵێ ئەوە بە تەنھا خۆمم
لە پەڕاوێزی ژیان و
باوەشی تەنھاییەوە
تاکو قیامەت
بەسەر جەنازەی گوڵدانێکدا
سینگ دەکوتم


Previous
Next
Kurdish