ئه‌و پیاوه‌ی له كه‌س نه‌ده‌چوو! … هێمن خورشید
بۆ مه‌رگی نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌مین
19ی ئایاری 2017، ڕێك بیستوپێنج ساڵ دوای یه‌كه‌مین هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، مرۆڤێك ئێره‌ی جێهێشت و به‌ره‌و جیهانی نادیاری بێكۆتایی بنه و بارگه‌ی پێچایه‌وه.
ئه‌و پیاوه له كه‌س نه‌ده‌چوو، خۆی خۆی بوو و ته‌واو. ئه‌و نه‌یاره‌كانیشی هاوشێوه‌ی یاره‌كانی پێی سه‌رسام بوون، ئه‌گه‌رچی ده‌یانشارده‌وه. ئه‌و هه‌م كه‌م قسه‌ی ده‌كرد و هه‌م كاتێ كه قسه‌ی ده‌كرد جیاواز ده‌دوا. له كاتێكدا سیاسییه‌كانی دیكه قسه‌ی كڵێشه‌یی ده‌كه‌ن و قسه‌ی هه‌موویشیان كۆپیی یه‌كتره و به‌ر له‌وه‌ی زار بكه‌نه‌وه، خه‌ڵكی ده‌زانن چی ده‌ڵێن و ده‌توانن ته‌واویان بكه‌ن، ئه‌و قسه‌كانی هی خۆی بوون و كه‌س نه‌یده‌توانی ته‌واویان بكات!
ئه‌و زیاتر وه‌ك نووسه‌رێك ده‌په‌یڤی، ڕسته‌كانی كورت و پڕ بوون، وشه‌یه‌كت لێ دهركردبان ماناكه‌یان تێكده‌چوو، چون حیسابی بۆ ژماره‌ی وشه و ڕسته‌كانی ده‌كرد. كه قسه‌ی ده‌كرد وات هه‌ستده‌كرد قسه له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌كات، چاوی له كامێرا نه‌بوو، بۆیه بێمنه‌ت ده‌رده‌كه‌وت، ڕه‌نگه تاقه كوردێك بووبێت له دنیادا، وه‌ختێ له به‌رنامه‌یه‌كدا به‌شدار ده‌بوو و بێژه‌ره‌كه لێی ده‌پرسی: دوا وته‌ت چییه؟ وتبێتی: “هیچم نه‌ماوه”. ئاخر تاكی ئێمه قه‌ت تێر له قسه ناخوات و تا ڕێی بده‌یت قسه ده‌كات!
ئه‌گه‌رچی وه‌ك هه‌ر تاكێكی ئه‌م وڵاته، ئه‌ویش خاڵی نه‌بوو له خه‌م و كهسهرگهلێك كه باری شانیان خه‌م كردبوو و هه‌ندێ جار به لاڕێیاندا ده‌برد، لێ هه‌رچۆنێك بێت جیاواز بوو.
قه‌ده‌ر منی سێ جار له‌گه‌ڵ ئه‌و پیاوه‌دا كۆكرده‌وه، نێوان هه‌ر دوو جارێكیان چه‌ند ساڵێك بوو، جارێكیان نه ئه‌و هیچ قسه‌یه‌كی له زار ده‌رچوو و نه من ڕێگه‌ی ئه‌وه‌م هه‌بوو هیچ قسه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ بكه‌م. جاری دووه‌میان چه‌ند كه‌سێك له‌گه‌ڵیدا كۆبووینه‌وه و هه‌م ئه‌و قسه‌ی كرد و هه‌م من ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌م بۆ ڕه‌خسا قسه بكه‌م، وه‌لێ دانیشتنه‌كه هه‌م گشتی بوو و هه‌م كورتخایه‌ن. لێ جاری سێیه‌م كه نزیكه‌ی نیو سه‌عاتێكی خایاند، قسه‌ی زۆری تێدا كران، هه‌رگیز داخی ئه‌وه‌م ناچێت كه نه ئه‌و كات هیچم له‌باره‌ی دانیشتهكهوه نووسی، نه قسه‌كانم تۆماركردن و نه ته‌نانه‌ت سهرهخاڵهكانیشم له لای خۆم یادداشت كردن، بۆیه جگه له چه‌ند خاڵێكی گشتی، ورده‌كاریم بیرنه‌ماون. لێ له‌و دانیشتنه‌دا یه‌ك دوو قسه‌یه‌ك كران، بۆ مێژوو ده‌مێننه‌وه و مافی شاردنه‌وه‌یان به خۆم ناده‌م.
یه‌كه‌م جار ئه‌وم بینی، ئه‌وه‌نده‌ی بیرم مابێت مانگی شوبات یان ئاداری 2001 بوو، له به‌شی ناوخۆیی ئیسكانی شاری سلێمانی بووم، له‌پڕ ده‌نگۆی ئه‌وه بڵاوبوویه‌وه كه (مام جه‌لال) له زانكۆی سلێمانییه و به‌ره‌و به‌شی ناوخۆیی دێت! هه‌واڵه‌كه كه‌مێك سه‌یر بوو و سه‌ره‌تا باوه‌ڕم نه‌كرد، كه‌چی ئه‌وه‌نده‌ی پێنه‌چوو چه‌ند ماشێنێك وه‌ستان و ژماره‌یه‌كی زۆر چه‌كدار به هه‌موو لایه‌كدا بڵاوبوونه‌وه، تاقی به‌یانی بوو، به‌شی ناوخۆیی خوێندكاری زۆری لێ نه‌بوون، لهیڕ تاڵه‌بانی ده‌ركه‌وت، ڕه‌وانشاد د.كه‌مال خۆشناو كه ئه‌و وه‌خت سه‌رۆكی زانكۆی سلێمانی بوو به شانییه‌وه بوو و زۆربه‌ی سه‌ركرده دیاره‌كانی ئه‌و وه‌ختی یه‌كێتیی نیشتمانیشی له‌گه‌ڵدا بوون. ئه‌وه‌ی هه‌ر له یه‌كه‌م نیگاوه سه‌رنجی ڕاكێشام پیاوێكی باڵابه‌رزی كه‌مێك لاوازی جلوبه‌رگ ساده‌ی دووره‌په‌رێز بوو. ورده‌ورده خوێندكاره‌كان دوو دوو و سێ سێ ده‌گه‌ڕانه‌وه و خه‌ڵكی ئه‌و دهوروبهرهیش ڕوویان له به‌شی ناوخۆیی ده‌كرد.
زۆری پێ نه‌چوو ئاپۆرایه‌ك دروست بوو –لێره‌دا بواری باسكردنی ته‌واوی ڕووداوه‌كه‌ی ئه‌و ڕۆژه نییه- تاڵه‌بانی بۆ هه‌ركوێ هه‌نگاوی ده‌نا، ئاپۆراكه له‌گه‌ڵی ده‌كشا، هه‌موو ئه‌و به‌رپرسانه‌یشی له‌گه‌ڵ تاڵه‌بانیدا بوون، له‌ته‌ك ئاپۆراكهدا ده‌كشان، ته‌نیا كه‌سێك كه له دووره‌وه به تاقی ته‌نیا وه‌ستابوو و كه‌سی به ده‌وره‌وه نه‌بوو ئه‌و پیاوه باڵابه‌رزه بوو. له هه‌ركوێی ئاپۆراكهوه سه‌رنجت بدایه سه‌ری ئه‌وت ده‌بینی، وا ده‌رده‌كه‌وت سه‌ری له باڵای هه‌مووان بڵندتر بێت! دوای بیست خوله‌كێك مانه‌وه، تاڵه‌بانی بریاری ڕۆیشتنی دا، بوو به جموجوڵ و ڕاكه‌ڕاك… چه‌كدار و پاسه‌وانه‌كان هه‌موو جووڵان، مه‌سوول هه‌ریه‌كه‌ی دوو سێ چه‌كداریان به ده‌وره‌وه بوون و كه‌وتنه ڕێ، ماشێنه‌كان كردیان به هۆڕنلێدان و خوێندكاره‌كان و ئه‌ودوای خه‌ڵكه‌كه‌یش به‌ره‌و لای ده‌رگای ده‌ره‌وه‌ی به‌شی ناوخۆیی هوروژمیان برد، كه‌چی ئه‌و پیاوه باڵابه‌رزه هه‌ر له جێی خۆیدا وه‌ستابوو و نه‌ده‌جوڵا.
زۆری نه‌برد ماشێنه‌كان دایانكێشا و خه‌ڵكه‌كه بڵاوه‌یان لێی كرد، منیش هه‌ر سه‌رنجی ئه‌و پیاوه‌م ده‌دا و نه‌مده‌زانی بۆ ناجووڵێت؟ بۆ كه‌س لێی نزیك نابێته‌وه؟ بۆ هه‌موو ڕۆیشتن و به‌جێیانهێشت؟ له‌م لێكدانه‌وانه‌دا بووم، ماشێنێكی مۆدێل كۆن له دیوی ئه‌وبه‌ری جاده‌كه‌ی به‌رده‌م به‌شی ناوخۆییه‌وه ده‌ركه‌وت، هه‌ڵه نه‌بم به‌رازیلییه‌كی سوور بوو، ته‌نیا یه‌ك چه‌كدار به ته‌نیشتییه‌وه وه‌ستابوو، چه‌كداره‌كه چاوی هه‌ڵبڕی و ته‌ماشایه‌كی ئه‌می كرد، ئه‌میش به دوو سێ هه‌نگاوی درێژی خێرا له ده‌رگاكه چووه ده‌ره‌وه و له چاوترووكاندنێكدا خۆی گه‌یانده ماشێنه‌كه و ئه‌وه‌نده‌ی بڵێی بیسمیللا هه‌ردووكیان سه‌ركه‌وتن و به ئاراسته‌ی پێچه‌وانه‌ی ماشێنه‌كانی تاڵه‌بانی و هاوه‌ڵه‌كانیدا به‌ڕێكه‌وتن!
پێشتر ناوی ویم بیستبوو، لێ ئه‌وه یه‌كه‌م جارم بوو بیبینم. سام و هه‌یبه‌تێكی هه‌بوو، به‌تایبه‌ت بۆ ته‌مه‌نی ئه‌و وه‌ختی من، سامهكهی له دوو شت‌دا بوو: بێده‌نگییه‌كه‌ی و تیلهنیگا خهیاڵهوییهكهی كه ده‌یگرته خاڵێكی دوور.
چه‌ند خوله‌كێك له‌نیوان داكێشانی ماشێنی مهسوولهكان و ڕۆیشتنی ئه‌مدا هه‌بوو، له‌و چه‌ند خوله‌كه‌دا ئه‌وه‌نده‌ی بیرم بێته‌وه، من و ئه‌و كه‌سمان له‌نێواندا نه‌بوو، هه‌مووان دوای ئاپۆراكه كه‌وتن و دواییش بڵاوه‌یان لێی كرد، كه‌چی نه‌متوانی لێی نزیك ببمه‌وه و لێی بپرسم: تۆ بۆچی ئه‌وه‌نده ته‌نیای؟ بۆ جله‌كه‌ت وه‌ك ئه‌وانی دیكه نییه؟ بۆ خه‌م ڕووخساری پۆشیوی؟!
جاری دووه‌می یه‌كتربینینمان هاوینی 2007 بوو، وه‌ختێ تازه كۆمپانیای وشه دامه‌زرابوو، هێشتا خوێندنی زانكۆم ته‌واو نه‌كردبوو، له‌گه‌ڵ پێنج شه‌ش هاوڕێیه‌كدا سه‌ردانێكی گردی زه‌رگه‌ته‌مان كرد و نزیكه‌ی سه‌عاتێك له‌گه‌ڵ ئه‌و پیاوه دانیشتین. له‌و دانیشتنهیشدا هه‌ڵسوكه‌وتی له قسه‌كانی زیاتر سه‌رنجیان كێش كردم. هاوڕێیه‌كمان ده‌یگوت دیمه‌نی جگه‌ره‌كێشانی ئه‌و ڕۆژه‌ی وی، بناغه‌ی جگه‌ره‌كێشانی من بوو!
عاده‌تێكی هه‌بوو، پرسیارێكی هه‌ڵده‌دایه ساحه‌ی به‌رانبه‌ره‌وه و ئینجا به‌وردی گوێی له وهڵامهدانهوهكهی ده‌گرت. ئه‌و ڕۆژه‌یش ڕووی له ئێمه كرد و پرسی: ئێوه خوێندكاری زانكۆن، ڕاسته ده‌ڵێن زۆرێك له خوێندكارانی زانكۆ، جگه له زمانی كوردی هیچ زمانیكی تر نازانن؟ منیش به پێكه‌نینه‌وه وتم ئه‌وه‌یان شتێكی بێگومانه، تۆ بپرسه ڕاسته مامۆستای زانكۆ هه‌یه جگه له زمانی كوردی هیچ زمانێكی تر نازانێت؟! ئه‌وه‌ی كه نایزانێت قه‌ینا، به‌س نایشزانێت كه نه‌زانینی كێماسییه و پێویستی به چاره‌سه‌ره!
به‌و قسه‌یه‌ی من زۆر پێكه‌نی و وتی ئاوها؟! ئاماده‌بووان یه‌كڕا پشتیوانی‌یان له قسه‌كه‌م كرد.
قسه‌یه‌كی تری كه له هه‌مان دانیشتن‌دا كردی و بیرم ناچێته‌وه، چونكه ئاماژه بوو بۆ وردیی و دووربینیی وی، ئه‌وه بوو له پسپۆڕییمانی پرسی و كه زانی یه‌ك دووانێكمان له كۆلێژی شه‌ریعه ده‌خوێنین، وتی: ئێوه ئێستا هه‌لی باشتان له به‌رده‌مدایه، بیرتان كردووه‌ته‌وه له‌وه‌ی دواتر فیقهی موقارن بخوێنن؟ زۆر پێویستمان به‌و فیقهه‌یه بۆ بابه‌تی یاسا و ده‌ستوور!
كاتیك براده‌ران نیازی خۆیانیان بۆی ئاشكرا كرد –هه‌ڵبه‌ت ئه‌و پێشتریش زانیبووی بۆ چ مه‌به‌ستێك چووینه‌ته لای- پرسی: ئێوه ده‌تانه‌وێت گۆڤاری ئیسرائیلناسی ده‌ربكه‌ن؟ باشه كه‌ستان زمانی عیبری ده‌زانن؟ ئه‌وه مه‌رجێكی بنه‌ڕه‌تییه. دیار بوو باوه‌ڕی به بیرۆكه‌كه‌مان نه‌بوو.
سێیه‌م یه‌كتربینینمان له مانگی ته‌مموزی 2013دا بوو، دوو هه‌فته‌یه‌ك به‌ر له واده‌ی هه‌ڵبژاردن، له‌سه‌ر داوای هاوڕێیه‌ك، له‌گه‌ڵ (د.فه‌همی عه‌لی)ی‌دا سه‌ردانێكی گرده‌كه‌ی زه‌رگه‌ته‌مان كرد و زۆربه‌ی ژوور و جێگه گرنگه‌كان گه‌ڕاین، خۆشترین وێستگه‌ی سه‌ردانه‌كه‌مان ئه‌و دانیشتنه پێنج قۆڵییه بوو كه له ژووره‌كه‌ی وی‌دا سازبوو.
كاتێ گه‌یشتینه به‌رده‌م ژووره‌كه‌ی، یه‌كێك له كوڕه‌كانی و چه‌ند دۆستێكی تر پێشوازییان لێ كردین. پێیان وتین میوانی هه‌یه، ده‌بێت كه‌مێك چاوه‌ڕێ بین. زۆری نه‌خایاند میوانه‌كانی ڕۆیشتن، به بێ وه‌ستان به ئێمه‌یان وت فه‌رموون! كه چووینه ژووره‌وه، ته‌نیا كاك ڕێبین هه‌ردی له لا بوو. ئێمه‌یش من و د.فه‌همی و كاك هوشیار عومه‌ر بووین، ئه‌مه‌ی دوایی ڕێكخه‌ری سه‌ردان و دانیشتنه‌كه بوو.
مامۆستا هوشیار ئێمه‌ی پێی ناساند. ئه‌و كه گوێی له ناوی پزیشكیی ده‌روونی بوو، یه‌كڕاست به پێكه‌نینه‌وه وتی: كاكه ئه‌وه چل ساڵه (پارتی) ده‌ڵێت نه‌وشیروان مسته‌فا نه‌خۆشیی ده‌روونیی هه‌یه، ئه‌وه من و ئه‌وه ئێوه، فه‌رموون بزانن ڕاسته نه‌خۆشم؟! هه‌موومان پێكه‌وه پێكه‌نین. دوای كه‌مێك بێده‌نگی، ئه‌م جاره‌یان به شێوه‌یه‌كی جیددی‌تر كه‌وته‌وه دوان و وتی: له گاڵته ده‌ربچێت، ئێوه سه‌ركرده سیاسییه‌كانی كورد به ته‌واو ده‌زانن؟! پرسیاره‌كه‌ی هه‌ڵیدایه ساحه‌ی ئێمه‌وه، تۆپێكی ئاگرین بوو و ده‌بوایه خۆمانمان لێی بپاراستایه. من یه‌كسه‌ر تۆپهمهكهم لێی وه‌رگرت و هه‌ڵمدایه‌وه ساحه‌ی خۆیه‌وه، بزهپێكهنینێكم كرد و پێیم وت: تۆ خۆت چۆنی ده‌بینیت؟ زۆر به‌جیددی وه‌ڵامی دایه‌وه، وتی: وه‌ڵا به ڕای من له سه‌دا هه‌شتامان، به خۆیشمه‌وه، ته‌واو نین! من وتم به‌رپرسه‌كانی وڵاتی خۆمان زۆریان ته‌نیا ته‌ماشای ئاوێنه‌یه‌ك ده‌كه‌ن كه ڕوخساری خۆیانیان جوان پیشان ده‌دات، ته‌نیا گوێ له كه‌سانێك ده‌گرن كه مه‌دح و سه‌نایان ده‌كه‌ن، بۆیه زه‌حمه‌ته هه‌رگیز ڕاستییه‌كانیان وه‌ك هه‌یه، ئاوها پێ بگات.
له درێژه‌ی قسان‌دا وتم: ئه‌وه‌ی ئێستا به‌ڕێزت ده‌ینوێنیت، له‌وه‌ی هه‌ر كه‌سێك بیه‌وێت، ده‌توانێت به‌بێ پرسگه و نۆره‌گرتن بێت بتبینێت، شتێكی زۆر گه‌وره نییه، لێ چونكه سیاسییه‌كانی دیكه كه‌س به‌ئاسانی ده‌ستی پێیان ناگات، ئه‌مه‌ی به‌ڕێزت ده‌یكه‌یت، بۆت بووه‌ته ئیمتیاز!
نه ئه‌و و نه كه‌سی دیكه هیچیان نه‌وت. به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی ده‌رچووین، به خۆمم گوت ئه‌گه‌رچی له ده‌ربڕینی ئه‌و بۆچوونهتدا نیازت خراپ نه‌بوو و ئه‌وه‌ی وتت ڕاستییه‌كی بێگومانه، لێ ده‌ربڕینه‌كه‌ت زه‌ق و ڕه‌ق بوو، دوور نییه دڵی ئه‌و پیاوه‌ت به‌و قسه‌یه‌ت ڕه‌نجاندبێت.
گه‌لێ باس تاووتوێ كران، به‌داخه‌وه زۆرێكیانم بیرنه‌ماون، ئومێده‌وارم ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی تر بیریان مابن. باسی زمان كرا، چه‌ند وشه‌یه‌كی هێنایه ناوه‌وه، ده‌بینم زۆر به‌چێژه‌وه له ڕه‌گوڕیشه‌یان ورد ده‌بێته‌وه. ئیمه‌یش بۆیمان ده‌سه‌نده‌وه.
شتێكی تر كه له‌و دانیشتنه بیرم مابێت، پرسیارێكی بوو ده‌رباره‌ی نه‌خۆشیی ده‌روونیی درێژخایه‌ن، پرسی: ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی خێزانیان نییه و بێلانه‌ن، له لای ئێوه جێیان ده‌بێته‌وه؟ ئێمه‌یش به‌وردی باسی دۆخی نه‌خۆشخانه و شێوازی وه‌رگرتنی نه‌خۆش و كه‌میی جێگه‌مان بۆ كرد. وتی: ئه‌ی چۆن تا ئێستا بیر له‌وه نه‌كراوه‌ته‌وه به‌شێكی گه‌وره دروست بكرێت و هه‌موو نه‌خۆشه‌كان بگرێته خۆی؟ ئێمه‌یش وتمان: ئێمه‌یش ده‌پرسین بۆ نه‌كراوه؟ ئه‌و پرسیاره ده‌بێت حكوومه‌ت وه‌ڵامی بداته‌وه. ئینجا ڕووی له كاك ڕێبین كرد و پێی وت: “ئه‌مان ده‌زانن، نه‌خۆشانی شیزۆفیرینیا، ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ریان بدرێتێ، چاك ده‌بنه‌وه” له ڕووم نه‌هات پێی بڵێم له ڕووی زانستییه‌وه وا نییه!
باسی زانكۆ و نووسین و ئه‌و شتانه‌یش كرا، په‌یمانم پێ دان دوو كتێبی خۆمیان بۆ بنێرم، دواتر په‌یمانه‌كه‌م له‌گه‌ڵ وی به‌سه‌ر برد و هه‌ردوو كتێبی (نه‌خوێنده‌واری له زانكۆدا) و (فووكردن له خۆڵه‌مێش)م بۆ نارد، كه‌چی تا ئێستایش قه‌رزرداری كاك ڕێبینم و بۆ ئه‌وم نه‌ناردوون!
ئه‌و ڕۆژه وا دیار بوو جه‌وی خۆش بوو، تاقه‌تی قسه‌كردنی هه‌بوو، زوو زوو سوعبه‌تی ده‌كرد و پێده‌كه‌نی. نیو سه‌عاتێك یان زیاتر بوو دانیشتبووین، له‌پڕ بێده‌نگ بوو، ته‌ماشایه‌كی بنمیچی ژووره‌كه‌ی كرد، سه‌ری به لای دهستهڕاستیدا سووڕاند و بێده‌نگی قه‌یرێك ژووره‌كه‌ی داپۆشی، تاقه شتێك بێده‌نگییه‌كه‌ی ده‌شكاند ده‌نگی كۆخه‌ی وی بوو. زانیم ئه‌گه‌ر له‌وه زیاتر دابنیشین، میوانێكی ڕه‌زاقورس ده‌بین. ڕووم له د.فهمی كرد و به‌ئه‌سپایی لێیم پرسی: نه‌ڕۆین؟ ئه‌ویش سه‌ری ئه‌رێی له‌قاند. ڕوخسه‌تمان خواست و هه‌ڵستاین، خۆی و ڕێبین هه‌ردی له‌گه‌ڵمان هه‌ڵستان و خواحافیزییان لێ كردین.
له‌و سێ جار بینینهیهوه و له خوێندنه‌وه‌ی هه‌ندێ كتێبییه‌وه، بۆم ده‌ركه‌وت ئه‌و كه‌سێكی بێمنه‌ته له قسه و ڕای ده‌وروبه‌ر، زیاتر له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌ژی، خهڵكناسه، حه‌زی له ساده‌ییه، قسه‌یه‌ك به ڕاستی بزانێت ده‌یكات، ئه‌گه‌رچی ڕه‌ق و ئازارده‌ریش بێت، لێ مه‌رج نییه مه‌به‌ستی ئازاردانی به‌رانبه‌ر بێت. هه‌ر سروشتی وایه. هه‌روه‌ها بۆم ده‌ركه‌وت ئه‌و پیاوه زۆر زیاتر له‌وه‌ی ده‌ریده‌بڕێت بیر ده‌كاته‌وه و خه‌میش زۆر هه‌ڵده‌گرێت، ڕه‌نگه زۆر نهێنیی له ژیاندا هه‌بووبێت، هه‌تا له دنیایش ده‌رچوو كه‌سێكی شكنهبردبێت له لای دركاندبێتنی!
ساده‌ییه‌كه‌ی دروستكراو و زۆرلهخۆكردوو نه‌بوو، ئه‌و زیاتر بیركه‌ره‌وه بوو، زیاتر نووسه‌ر بوو له‌وه‌ی سیاسی بێت. ڕاسته هۆشی به‌سه‌ر زۆر شت‌دا ده‌شكا، لێ له ڕووی ده‌روونییه‌وه نه‌یده‌توانی هه‌موو شتێك تێپه‌ڕێنێت. نه‌یده‌توانی به نهێنی جنێو به كه‌سێك بدات و ڕووبهڕوویش ماچی بۆ هه‌ڵدات.
باسی ڕابردووی ده‌كرێت و ده‌ڵێن گوایه خه‌ڵكێكی زۆری كوشتووه. من نازانم ئه‌وه‌یان تا چه‌نێك ڕاسته، لێ ده‌زانم ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌یشی كردبێت، كه‌سێتیی ئێستای درێژكراوه‌ی ئه‌ویانه، هه‌ركه‌سێكی كوشتبێت لای خۆی پاساوی هه‌بووه، چۆن سڵی له‌وه نه‌كردووه‌ته‌وه قسه‌ی ڕه‌ق به هه‌ركه‌سێك بكات كه به شیاوی زانیوه، هه‌ر ئاوهایش گوللـه‌ی به كه‌سێكه‌وه ناوه كه به شیاوی زانیوه. ئه‌مه پاساوی كوشتن نییه، ده‌مه‌وێت بڵێم ئه‌و پیاوه نه‌گۆڕاوه، وه‌ك بڵێێ جاران كه‌سێك بووبێت و دواتر بووبێت به كه‌سێكی تر.
ئه‌وه‌ی خوێندته‌وه نه په‌سنه و نه شكاندن. هه‌رچییه‌ك دیومه و پێی گه‌یشتووم هه‌ر ئه‌وه‌م خستووه‌ته ڕوو. ئومێد ده‌كه‌م له داهاتوودا ده‌رفه‌تم بۆ بڕه‌خسێت زیتر و وردتر له‌سه‌ر ئه‌م كه‌سێتییه جیاوازه‌ی نێو كایه‌ی سیاسی و ڕۆشنبیریی كوردی قه‌ڵه‌م بگێڕم.