مافی دید/ ڕا دەربڕین، بۆ کێ؟.. ئاراس سەعید
پێشکەشە بە هاوڕێ و مامۆستایی فرە قەدرگرانم (پ.د.هێمن مەجید)
وشەی (دید) لە هاومانا باوەکەیدا وشەی (ڕا)یە، زۆرینەی جار لە میدیا و تەلەفیزیۆنە کوردییەکانەوە گوێبیستی ئەو پرسیارە دەبین کە بەبێ جوداوازی کردن لە نێوان جۆری کەسایەتی و پسپۆڕیی دەپرسن ( ڕای تۆ لەسەر فڵانە بابەت چییە؟) ئەمە خۆی لە خۆیدا هەڵەیەکی (ئایدۆلۆژی/وشکە هزرە)ی بە ئەنقەستە کە دەیەوێت چەمکی دید/ڕا لە مانا قووڵەکەیدا کوورت بکاتەوە بۆ پرسێکی سادەی ژۆرنالیستیانە، بۆ سادەکردنەوەی کێشە و دۆزەکان، لێرەدا مەبەستم لە (سادەکردنەوە) دوانێک نییە بۆ سادەکردنەوەی دۆز و مەسەله ئاڵوزەکان بۆ ئاستی تێگەیشتنی گشت یان ئاستی تێگەیشتنی عەوام، بەڵکوو پرسەکە ئەوەیە لە بنەمادا هیچ کێشەیەکی سادە بوونی نییە و هەرکەسێک سادە بدوێت لەسەر کێشەکان کەرەستەکانی بیرکردنەوەی سادەیە و تەنیا ڕووکەشانە دەتوانێت لە دۆزەکان تێبگات و چارەسەریی ڕووکەشانە و سادەی بۆ بخاتەڕوو.
بۆ تێگەشتن لەم پرسە پێویستە چەمکی دید/ڕا شرۆڤەبکەین. دید له بنەمادا گوزارەیەکی فەلسەفی و ناسەنی/ مەعریفییە. بەرهەمێکە لە بەرهەمەکانی ئاوەزی ئینسان و بیرکردنەوەکەی، لێرەوە (دەربڕینی دید) دەبێتە کردەیەکی (ناسەنی)یانە و لە پانتاییەکی تایبەتدا پێگەی خۆی دیاری دەکات. واتا (ئاوەز و ناسەنی و بیرکردنەوە) دەبێتە پێکهاتەی دید دەربڕێنەکەی. بەدەربڕینێکی دیکە، شێوازێکی بیرکردنەوەیە، پشت بە دەرەنجامکردن و بەکارهێنانی شێوازە لۆژیکییەکان دەبەستێت و دەیکات بە سەرچاوەی هەموو ئەو زانیارییانەی دەریدەبڕێت.
لێرەوە ئەوەی بۆی هەیە دید/ڕا لەسەر دۆز و مەسەلە و بابەتەکان بدات، کەسانێکن خاوەنی تایبەتمەندی و پسپۆڕی و ناسەنین لەو بوارەی کەدیدەکەی لەسەر دەدەن، نەک کەسانی ناپسپۆڕ و بێ مەعریفە و ناقاڵبوو. پێشینیانی کورد جوانیان گوتووە:( نەزان بەردێک فڕێ بداتە ئاوێکەوە، بە هەزار زانا دەرنایات.) چونکە نەزان بەبێ تێگەیشتن و دەرەنجامکردن و بەکارهێنانی شێوازە لۆژیکییەکان لەسەر دۆزەکان قسە فڕێدەدات و تەنیا غەریزە دەرونییەکانی دەبنە پاڵنەر و پێکهاتەی دەربڕینەکەی وەک(سۆز و ڕق و کینە و..هتد)
بۆ نموونە: لە تەلەفیزیۆنی کوردییەوە دەیان و سەدان کەسی ناقاڵبوو و نا پسپۆڕ کە خۆیان وەکوو چالاکوان و ڕۆژنامەنووس و پسپۆڕی فڵانە بابەت جاڕداوە. لەسەر هەموو دۆز و مەسەلەیەک قسە فڕێی دەدەن و لە میدیاکانیشدا دەبێتە پرسێک بۆ شاردنەوەی حەقیقەتێک و چەواشەکردنی وەرگر. زۆرجاریش مایکەوانی میدیایی کوردی ڕای هاوڵاتی سادە لەسەر پرسی سیاسەتی نێودەوڵەتی و چۆنییەتی ڕزگاربوون لەقەیران و سەدان پرسی دیکە وەردەگرێت بەبێ ئەوەی ئەو هاوڵاتییە سەرە واوی زانستی سیاسی لە مێشکدا بێت، یان ئەلف و بێی ئابووری خوێندبێت.
ڕا لە بنەمادا پرسێکی نوخبەوییە و هاووڵاتی سادە و تەنانەت کەسانی ناپسپۆڕ و نا قاڵبوو ئەگەر بڕوانامەیەکیشیان لە گیرفاندابێت جگە لە موعاناتە ڕۆژانەییەکانیان بۆیان نییە لەسەر هیچی دیکە ڕایان هەبێت.
یۆنانییەکان (25) سەدە لەمەوبەر پەیان بە کوشندەیی ڕای عەوام بردووە و ئەو ڕەخنەیەیان گرتووە کە کەسی ناقاڵبوو و ناپسپۆڕ و ناشارەزا نابێت ڕای هەبێت. (پلاتۆن) لە بەشی شەشەمی کتێبی کۆماردا، دیالۆگی (سۆکرات) لەگەڵ (ئادێمینۆتۆس) دەگێڕێتەوە. سۆکرات لەو دیالۆگەدا دەپرسێت ئەگەر تۆ لەناو کەشتێکدا بیت لە گەشتێکی دەریایدا پێت باشە کێ بڕیاڕ بدات لە دیاریکردنی کاپتنی کەشتیەکە؟ هەرکەسێک بێت، یان پێت باشە کەسێک شارەزایی ڕێساکانی کەشتیوانی و شارەزای دەریابێت؟ ئادێمینۆتۆس وەڵام دەداتەوە بەدڵنیاییەوە دووەم، کەسێک شارەزایی ڕێساکانی کەشتیوانی و شارەزایی دەریابێت. سۆکرات دەڵێت؛ کەواتە بۆچی ئێمە بڕوامان وایە کێ بەتەمەن بوو ئیدی بۆ ئەوە شیاوە بڕیار بدات؟
سۆکرات پێی وایە، چۆن ناکرێت سەرپەرشتیاری کەشتییەک بدرێتە دەستی کەسێکی نەشارەزاوە، ئا بەو جۆرەش ناکرێت کەسێکی نەشارەزا ڕای لەسەر دۆز و مەسەلەکان هەبێت.